بەیاننامە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالەوە

ڕۆژی ٣ی ئۆکتوبری ٢٠١٧ (١١ی ڕەزبەری ١٣٩٦)، مام جەلال، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست، کۆچی دوایی کرد.
ئەم هەواڵە، ئێمەشی وەک هەموو ئەو کەس و لایەنانەی لە نزیکەوە ئاگاداری شه‌ش دەیە خەباتی بێوچانی مام جەلال بۆ مافەکانی نەتەوەکەی و ڕۆڵی مێژوویی ئەو سەرکردەیە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان و ئاڵوگۆڕەکانی عێراق دان، بردە نێو خەم و ماتەمەوە. ڕاستە مام جەلال، لە هەناوی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە باشووری کوردستاندا پشکووت و دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەڵام بە هۆی پانتایی سیاسەتکردن و ڕوانین و بیرکردنەوەکانی و، لە بەرەکەتی ڕەهەندە جیاوازەکانی توانا و کاریگەریەکانی ‌و، بایەخدانی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، هەروەها گرنگیدانی بە پشتیوانیی بزووتنەوەی دیموکراسیخوازی و دادپەروەرانە لە عێراق و ناوچەکە، لە مێژ ساڵ بوو لە ئاستی نەتەوەیی و ناوچەییدا، ببووە یەکێک لە سەرکردە و کەسایەتییە شوێندانەرەکان. کاتێکیش پۆستی سەرکۆماریی عێراقی گرتە دەست، بەستێن و مەیدانێکی گونجاوتری بۆ کاری دیپلۆماسی و نیشاندانی لێهاتووییەکانی خۆی لە ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراقی نوێ و پێکەوە حاواندنەوەی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی بۆ ڕەخسا. ئەوە کە بە دوای نەخۆشکەوتنی بەڕێزیاندا، هاوسەنگی و پێکەوە حاوانەوەی پێکهاتە سەرەکییەکانی وڵاتی عێراق زۆرترین زیانیان پێ کەوت و ئەو وڵاتە تووشی گەورەترین قەیرانەکان بوو، بە باشی دەیسەلمێنن کە ئەو سەرۆکە چەندە بەتوانا و شوێندانەر بوو.
حیزبی دیموکراتی کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای قەدرزانی و پێزانینیان بۆ خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال لە بوار و بەستێنە جیاوازەکان دا، لە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە خۆشەویستی و ئەمەگناسییان بۆ ئەو کەسایەتییە گەورەیە هەیە. لە ڕوانگەی پێوەندیی دۆستانە و پشتگیرانەی مام جەلال و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێرانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە سەرەتاکانی دەیەی هەشتای زایینییەوە. لە گۆشەنیگای ئەو پێوەندییە گەرمەی لە نێوان ئەو دوو هیزە و بە تایبەتی سەرکردەی شەهید د.قاسملوو و مام جەلال‌دا هەبوو کە جۆشدانی زیاتری پێوەندی و هاوکاریی بزووتنەوەی کورد لە دوو بەشی کوردستانیدا لێکەوتەوە و لە سەر ئاستی نیودەولەتییش، بووە سەرەتایەکی باش بۆ ڕاکێشانی دۆستایەتی و پشتیوانیی هێز و کەسایەتییە ڕۆژاواییەکان بۆلای بزووتنەوەی کورد بە گشتی و هاوپێوەندییان لەگەڵ گەلی کورد لە عێراق بە تایبەتی کە بەرەوڕووی کارەسات و کۆمەڵکوژی ببۆوە.
دوای ڕاپەڕین و پێکهاتنی بارودۆخێکی نوێ لە باشووری کوردستان و گوشاری ڕێژیمی ئێران بۆ هێزە سەرەکییەکان لە هەرێمی کوردستان، حیزبی دیموکرات و بە گشتی تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لەو بەشەی کوردستان کەوتنە بارودۆخێکی نەخوازراو و تایبەتەوە کە لە ئاوڕدانەوەی ڕابردوو و وەبیرهێنانەوەی بەرپرسایەتیی هێزە سەرەکییەکانی باشوور، ئەم دەورەیە جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە. لەگەڵ ئەمەشدا حاشا هەڵنەگرە کە مام جەلال لە گرنگیدان بە بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە و بە تایبەتی ڕاگرتنی پێوەندیی دۆستانە و پشتیوانی و هاوکاریی هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای بەرپرسیارەتی و ئەرکە قورسەکانی، هیچ کات غافڵ نەبوو.
بێگومان، ژیان و تێکۆشان و ئەزموونی دەوڵەمەندی مام جەلال لە ڕێبەری و سەرکردایەتیی حیزب و بزووتنەوە و وڵاتدا، زۆر شتی جێگای لێ فێربوونیان تێدایە. بوێریی مام جەلال لە ڕووبەرووبوونەوەی گرێکوێرەکان ونەرمی نواندن و هەنگاونان بۆ دیالۆگ و دەسپێشخەری لە پێناوی ئاشتی و تەبایی نەتەوەییدا یەک لەو شتانەیە. ڕاستییەک کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسعوود بارزانی لە پەیامی سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال‌دا، بە جوانی ئاماژەی پێ دا و وەبیری هێنایەوە کە زۆر لە دەسکەوتەکانی ئەمرۆی گەلەکەمان لەو بەشەی کوردستان، بەرهەمی تەبایی و هاوپشتیی نێوان ئەو دوو سەرکردەیەیە.
لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی مام جەلال، ڕاگرتنی بالانسی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و پێکەوەحاواندنەوەیان بە ڕیگای دیالۆگ و ڕێزگرتن لە خواست و مافەکانیانە. ئەزموونی سەرکەوتوانەی سەرۆکایەتیی مام جەلال دەتوانێ بۆ ڕێبەرانی هەر ولاتێکی فرە پێکهاتە کە لە نیوخۆیاندا لە گەڵ شەڕ و توند وتیژی و قەیران و کێشەی ئاڵۆز بەرەوڕوون، ببێتە وانەیەکی شیاوی لێ فێربوون.
مام جەلال هەر لەو کاتەدا کە لە سەرانسەری جیهاندا بە دوای دۆست و پشتیوان بۆ نەتەوەکەی و بۆ ئامانجی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەریدا دەگەڕا، ئەو خەڵکەشی هیچ کات لە بیرنەکرد کە لە قۆناغە سەخت و ئەستەمەکانی خەباتی پێشمەرگانە و شەڕی چەکداریدا، پشت و پەنای خۆی و تێکۆشەرانی نیو بزووتنەوەی کوردایەتی بوون. ئەو هەتا ئەو کاتەی نەخۆشی، ڕەواڵی ئاسایی کار و بەرنامەی ژیانی ڕۆژانەی لێ نەشیواند، لە وەفا نواندن و بەسەرکردنەوەی خەڵکی دلسۆز و تێکۆشەرانێک کە حەقیان بە سەر بزووتنەوەی کوردایەتی و سەرکەوتن و دەسکەوتەکانییەوە هەیە، کەمتەرخەم نەبوو. مام جەلال، شکست و ناهومیدیی نەدەناسی. ئەگەر بزووتنەوەی کوردایەتی و نەتەوەکەی تووشی شکستێکیش بوایەن، ناهومێد نەدەبوو و بە ورە و باوەڕێکی پتەوه‌وه‌ دەهاتەوە مەیدان و لەو پەڕی بێ ئاسۆیی و ناهومێدیدا، هومیدی دەخوڵقاند. کەسایەتییەکی ئازادبیر، بە فەرهەنگ و هەموولابین بوو. بە خەبات و لێزانی و ژیری و توانا تایبەتییەکانی خۆی توانی سەرچاوەی زۆر ئالوگۆڕ و دەسکەوت لە مێژووی نەتەوەکەی و خەباتی ئازادیخوازی لە ناوچەکەدا بێ و ببێتە کەسایەتییەکی بەڕێز و خۆشەویست نەک هەر له‌نێو نەتەوەکەی بەڵکوو لە ئاستی ناوچە و جیهاندا. هەر بۆیە بێگومان لە دەستدانی خەسارێکی گەورەی نەتەوەییە.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالەوە، هاودەردیی قووڵ و سەرەخۆشیی گەرمی خۆی، بە بنەماڵە تێکۆشەرەکەی، بە مەکتەبی سیاسی و تێکڕای ڕیزەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و بە گەلی کورد لە باشوور و هەموو بەشەکانی کوردستان، ڕادەگەیەنێ. لەو باوەڕەش داین کە دەسکەوتە سیاسییەکان و میراتی مەعنەویی مام جەلال، بە پێداگری لە سەر تەبایی و یەکڕیزیی نەتەوەیی بە تایبەتی لەو بەشەی کوردستان، بە وەلانانی بەرژەوەندە ڕێکخراوەیی و گرووپییەکان لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەییدا، بە هاوکاری و پێوەندیی دۆستانە و برایانەی نێوان گەلی کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان، هەر وەها بە بەردەوامبوون لە سەر خەبات و تێکۆشان هەتا وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی لەمێژینەی مام جەلال، “مافی چارەی خۆنووسین” کە لە ئێستادا لە شێوەی چەسپاندن و جێگیرکردنی ئاکامەکانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆییدا خۆی دەبینێتەوە، دەپارێزرێ. هیوای ئێمە ئەوەیە هەر وەک ژیان و خەباتی سەرۆک مام جەلال بۆ نەتەوەکەی سەرچاوە بەرهەم و دەسکەوت بوو، کۆچی دوایی و ماڵاوایی یەکجارییشی، دەرفەتێکی دیکە بێ بۆ یەکدڵی و لێکنزیکبوونەوەی ڕیزەکانی نەتەوەی کورد و خۆنواندنی پشتیوانی و هاوپێوەندیی دۆستانی پرسی ڕەوای کورد بە تایبەتی لە هەلومەرجی ئێستا دا کە کورد لە باشووری کوردستان بە بۆنەی دەنگدان بە سەر بەخۆیی و پیداگری لە سەر ئەم مافە ڕەوایە، بووە بە ئامانجی گەلەکۆمەگی، گەمارۆ و پیلانگێڕیی هێندێک لە وڵاتانی ناوچە.
یادی مام جەلال بەرز و بەڕێز و بەرقەراری بۆ ئامانجەکانی کە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکەی و وەدیهاتنی ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکە، دیارترینیان بوون.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٥/١٠/٢٠١٧
١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦