پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کورستان بەبۆنەی جێژنی خاوەنکار

هاونیشتمانییە خۆشەویستەکانی پەیڕەوی ئایینی یاری!
بەبۆنەی هاتنەوی جێژنی خاونکار، جێژنی ئایینی خۆشک و برایانی کوردی یارسانم لە کوردستان و

بە نوێنەرایەتی لەلایەن هەموو هاوڕێیان و هاوسەنگەرانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، پیرۆزباییتان پێ دەڵێم.
کوردەکانی یارسان وەک بەشێک لە نەتەوەی کورد لە وڵاتی ئێران بەهۆی دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەوە چەند قات زوڵمیان لێدەکرێ، هۆکارەکەشی یەکەم لە سۆنگەی کوردبوونیانە و، دواتریش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یارییەکان خاوەن ئایینزا ‌و باوەرێکن کە لەگەڵ بنەما ئایدیولۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی نایەتەوە، بۆیە نە دانیان پێدا دەنێن و نە هیچ کام لە مافەکانیان بە ڕەوا زاندراوە.
سیاسەتی حاشاکردن لە خەڵکی یارسان بووەتە هۆی پەراوێزخرانی زیاتریان لەهەر چەشنە هاوبەشییەکی سیاسی و ئیداری و تەنانەت ڕۆژ نییە کە هەواڵی سووکایەتی و بێڕێزیی کاربەدستانی کۆماری ئیسلامی بە هاونیشتمانە یارییەکانمان نەبیستین. ڕووداوی بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووی کرماشان و پشتگوێخرانی خەڵکی یارسانی زیاندیتوو لەم کارەساتە؛ نموونەیەکی نیزیک و زیندوویە لە سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی کە لەلایەک حاشا لە بوون و مافەکانی خەڵکی یاری دەکا و لەلایەکی دیکەش هەوڵ بۆ تواندنەوەی شوناسی نەتەوەیی و کوردبوونیان دەدا. بەڵام بەخۆشییەوە خەڵکی یارسان نەک تەسلیمی ئەم سیاسەتەی ڕێژیم نەبوون و دەستیان بەرنەداوەتەوە، بەڵکوو بە بەرەنگاری و تێکۆشانیان و سووربوون لەسەر مافە ڕەواکانیان سەلماندوویانە ئیرادەی ئەوان زۆر بەهێزترە لە پلان و پیلانە نگریسەکانی ئەم ڕێژیمە.
لێرەدا بە خوشک و برا بەڕێزەکانی ئایینی یارسان ڕادەگەیەنم کە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک هەمیشە پشتیوانی ماف و داخوازە ڕەواکانی ئەوان دەمێنتەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە پێڕەوانی ئایینی یاری و هەموو خەڵکی کوردستان دەبێ پێکەوە و دەست لەنێو دەستی یەکتر و پشت بە پشتی یەک خەباتی لێبڕاوانەی خۆمان بە دژی کۆماری ئیسلامی درێژە پێ بدەین و مافەکانمان وەدی بێنین.
جارێکی دیکەش پیرۆزبایی هاتنەوەی جێژنی خاوەنکار دەکەم لە هەموو هاونیشتمانییە یارییەکانم و هیوای ژیانێکی پڕ سەرفەرازی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
براتان مستەفا مەولوودی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت