مێژوونووس و نووسەری بەناوبانگ ، مامۆستا کەریم زەند کۆچی دوایی کرد
یەکەم مامۆستای وانەی کوردی لە سەردەمی کۆماری کوردستان و نووسەر و مێژوونووسی ناودار و کەسیاتی خۆشناوی کوردستان، مامۆستا کەریم زەند لە تەمەنی ٩٣ ساڵی دا لە شاری سولێمانی کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ ـ ١٠ ـ ٢٠١٧ مامۆستا کەریم زەند ، خەباتکار و تێکۆشەری ناوداری کورد و یەکێک لە قەڵەم بەدەست و خامە ڕەنگینەکانی دێرینی کوردستان دوای ساڵانێک خزمەتی جۆراوجۆری ئەدەبی و سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی کۆچی دوایی کرد. مامۆستا کەریم زەند یەکێک لەو لێکۆلەرە بە ناوبانگانەی گەلەکەمان بوو کە خزمەتێکی دیار و بەرچاوی لە بواری مێژوونووسی و زانیاری جوغرافیاییەوە کردووە و بە شەونەخوونی و بە هیممەتی خۆی لە چەند بواردا کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کردووە.
مامۆستا کەریم زەند لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد وەک یەکەم مامۆستای سەردەمی کۆمار بووە کە بە گووتنەوەی وانەی کوردی لە قوتابخانەی گەلاوێژ لە مەهاباد خزمەتی بە زمانی کوردی و بە ئیدارەی پەروەردەی کۆماری کوردستان کردووە و لەو پەیوەندییەدا زەحمەتی زۆری کێشاوە.
مامۆستا کەریم زەند وەک کەسێکی شارەزا، بە هەڵسوورانی و گەریدەیی خۆی هەموو کوردستانی گەورە گەڕاوە و لەو زۆربەی پارچەکانی کوردستان هەوڵی خۆی بۆ ناسینی باری مێژوویی، جوغرافیایی، فەرهەنگی و کولتوری، هۆز و زارەوەی ناوچەکان و شێوەی جلوبەرگ لەبەر کردنی خەڵکەکەی داوە و بەشی بەرچاوی ئەو سەفەرانەی خۆی بە وردی لە مێژووی کوردستانی گەورەدا تۆمار و کۆ کردۆتەوە و خاوەنی چەندین کتێب و نووسراوەی پڕ نێوەرکە و لە کتێبی تۆماری تەمەن دا کە پێنج بەرگە ئاوڕی لە جوگرافیای هەموو ناوچەکان داوتەوە و هاوکات کتێبی ئینجیلی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی.
بە بۆنەی کۆچی گەورە مامۆستای کورد، نەمر کاک کەریم زەند، سەرەخۆشی لە هەموو خزم و کەس و کاری لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی وڵات و بە تایبەت ئەندامانی بنەماڵەکەی و ئامینەخان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو کەڵە پیاوەی گەلەکەمان دەزانم کە ژیانی خۆی تەرخانی ئەدەب و وێژەی کوردی و مێژوو و جوغرافیای کوردستان کرد. هەزار سڵاو لە ڕووحی پاک و خزمەتەکانی مامۆستا کەریم زەند.
گیارەنگ
حەمەرەسووڵ کەریمی