وتووێژ لەگەڵ وەرگێر و تێکۆشەری سیاسی کورد کەماڵ حەسەن‌پوور کەسایەتی دیاری نێو ریزەکانی حدک

پرسیارەکان:

١- هەڵسەنگاندنێک لەسەر هەوڵومەرجی هەنوکەیی نێونەوەیی و رۆژهەڵاتی نێوەراست؟

١- لە بواری ناونەتەوەییەوە جیهان ئێستا بە دۆخێکی تایبەتیی‌دا تێپەڕ دەبێ کە چەندین قەیران ئاشتیی جیهانیی دەخەنە مەترسییەوە. یەکێک لەو قەیرانانە تێرۆریزمی بن‌ئاژۆخوازیی ئیسلامییە کە بە هێرشە نامرۆڤانەییەکانیان لە ناو خەڵکی مەدەنیی دا ترس و دڵەڕاوکێیان خستۆتە ناو دڵی خەڵکی ئاسایی. جگە لەوە قەیرانی کوریای باکور ئەگەر چارەسەرییەکی بنەڕەتیی بۆ نەدۆزرێتەوە لەوانەیە کارەساتی زۆر گەورەی لێ بکەوێتەوە. پێشبڕکێی دەسەڵات لە نێوان چین و ڕوسیا لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە لایەکی تر جیهانی تووشی مەترسی شەڕی ساردێکی تر کردووە. لە لایەکی ترەوە موشکیلەی گازی بەناو گوڵخانەیی بۆتە هۆی زیانی زۆر بە ژینگە و ڕۆژ نیە کە لە گۆشەیەکی ئەو جیهانە کارەساتێک نەقەومێ. لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەک شتێکی نەریتیی ئاشتی و ئارامیی هەر وا شتێکی نامۆیە. بەرزەفڕیی کاربەدەستانی کۆماری سێدارە بۆ دروست کردنی ئیمپراتۆریی شیعە بۆتە نانەوەی ئاگر و ئاژاوە لە بەشیکی بەرچاوی خۆرهەڵاتی ناوین. بە داخەوە ئێستا خۆرهەڵاتی ناوین کانگای بن‌ئاژۆخوازیی ئایینییە. تێرۆریزم بە ناوی ئایین بۆتە شتێکی ئاسایی و هەردوو لاباڵی شیعە و سوننی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا بە قەڵاچۆ کردنی ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوان وێنەیەکی گەلێک قیزەونیان لە ئیسلام بە دونیا نیشان داوە. ئێستا کە وا خەریکە داعش توانایی سەربازیی و مرۆیی لەکیس دەدا، کێبەرکێییەکی نیوە ئاشکرا بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە دەستی پێکردووە کە هێشتا نازانین ئاکامەکەی چی دەبێ.

* هەڵومەرجی ئێستای کوردستان چوون هەڵدەسەنگینی؟

باکووری کوردستان

٢- کوردستان بە هەلومەرجێکی زۆر ناسک دا تێپەڕ دەبێ. لە باکوور دوای ڕاوەستانی دانووستانەکان لەگەڵ دەوڵەت و هێرشی دەوڵەت بۆ سەر کوردستان و بە تایبەت پاش شکستی بە ناو “کودەتا” کۆمەڵگای تورکیا سێ کەرت بووە. ئەگەر پێشدا دوو کەرتی کورد و تورک هەبوو ئێستا بۆتە سێ کەرتی کورد، تورکی هاوڕا لەگەڵ ئەردۆغان و تورکی دژی ئیسلامیزە کردن. ئەگەر سەردەمێک تورکیا وەک نمونەی دڵخۆشکەری وڵاتێکی ئیسلامیی کە خەریکە دێموکراسیی تێیدا پەرە دەستێنی باسی لێوە دەکرا ئێستا هیچ شتێکی دڵخۆشکەر لەوێ نابینی. ئەردۆغان چۆتەوە سەر ڕێچکەی سواوی چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگای سەربازیی کە وەک دەزانین لە وەتا کۆماری تورکیا دامەزراوە ئەو ڕێچکەیە تاقی کراوەتەوە بێ ئەوەی کە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە وەدەست بهێنێ. درەنگ یا زوو ئەرۆغان و حیزبەکەی تێدەگەن کە ئەو ڕێچکەیەی ئەوان گرتوویانەتە بەر ناتوانێ چارەسەری پرسی کورد بێ و گەلی باکووری کوردستان نیشانیان داوە کە هیچ هێزێک ناتوانێ بەچۆکیان دابێنێ.

خۆرئاوای کوردستان

لە خۆرئاوای کوردستان دۆخەکە گەلێک ناسکە. پاش سەرهەڵدانی خەڵکی سورییە سەرکردایەتی ‌هێزە کاریگەرەکانی خۆرئاوای کوردستان زۆر ژیرانە بوونە خاوەنی دەسکەوتێکی زۆر بە تێچوونێکی ڕێژەیی کەم بەڵام پاش سەرهەڵدانی داعش و هیرش بۆ سەر کۆبانی خوێنێکی زۆر بۆ بەرگریی لە خۆرئاوای کوردستان و تێکشکاندنی داعش ڕژا و بە تایبەت لە کۆبانی وێرانییەکی زۆر هاتە ئاراوە. لە سایەی ئەو خۆڕاگرییە نە تەنیا کوردەکانی خۆرئاوا بەڵکو کورد بە گشتی وەک پاڵەوانی تێکشکێنەری توندئاژۆیی لە سەرانسەری جیهان ناسران. بە بڕوای من دۆخی سیاسیی خۆرئاوای کوردستان هەرگیز ناگەڕێتەوە دەورانی پێش بەهاری عەڕەبیی کە رێژیمی بەعسیی ئەسەد حاشای لە بوونی کورد و مەسەلەی نەتەوەیی کورد لە سورییە دەکرد. ئێستا کوردی خۆرئاوای کوردستان بەشێکی سەرەکیی لە هاوپەیمانیی دژی داعش کە پشتیوانیی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواییان لە پشتە پێک دەهێنێ. ئەوەی کە جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە هیچ پەیماننامەیەکی فەرمیی لە نێوان کوردەکانی خۆرئاوای کوردستان و ئامریکا بوونی نییە و لەوانەیە دوای گرتنەوەی ڕەققە و شکستی داعش، ئامریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی کۆتایی بە پشتیوانییان لە یەپەگە و پەیەدە بهێنن.

باشووری کوردستان

٣- باشووری کوردستانیش وەک خۆرئاوای کوردستان لە هەلومەرجێکی ناسک دایە. بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڕانی قووتی خەڵك لەلایەن حوکومەتی عێراق لە لایەک و هێرشی داعش بۆ سەر هەندێک لە ناوچەکانی ئەو بەشە لە نیشتمانمان، ئابووری حوکومەتی هەرێم لە قەیرانێکی قووڵ دایە کە ئاسەوارەکانی لە سەر ژیانی دانیشتوانی ئەو بەشە لە کوردستان دیارە. نابی ئەوەش لەبیر بکەین کە بوونی پتر لە میلیۆن و نیوێک پەنابەر کە بەهۆی داعش و هەروەها نەبوونی ئاشتی لە هەندێک لە بەشەکانی تری عێراق پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، فاکتەرێکی تر بۆ زەختی ئابووریی بۆ سەر باشووری کوردستانن. هەموو ئەو قەیرانانە لە لایەک، قەیرانی ناتەبایی نێوان حیزبەکانی باشوور و داخرانی پارلمان ئەگەر چارەسەر نەکرێ دەتوانێ ببێتە مەترسییەکی زۆر گەورە بۆ وەدیهاتنی خەونی کوردان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی. ئێستا کە بەرواری ٢٥ی سێپتامبر وەک رۆژی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی ڕاگەیەندراوە، ئەوەی کە لە هەموو شتێک پێویستترە رێک خستنی ناوماڵی کورد و پڕ کردنەوەی کەلێنی نێوان حیزبەکانی باشووری کوردستانە. هەڵبەت لەو دواییانە دا هەندێک هەوڵ دراون کە تا نووسینی ئەو دێڕانەش ئەو هەوڵانە نەگەیشتوونە ئاکامی دڵخواز.

ئێمە بە ئاشکرا دەبینین کە داگیرکەرانی کوردستان لە هەوڵی وەلانانی ناکۆکییەکانیان بۆ پیلانگێڕیی و پێشگرتن بە سەرکەوتنی پرۆسەی گشتپرسی و وەدیهاتنی خەونی لەمێژینەمانن. گومان لەوە دانییە کە ئەوان هەرچی لە دەستیان بێ بۆ شکست پێهێنانی پرۆسەی گشتپرسی و وەدیهاتنی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان ئەنجامی دەدەن کەوابوو ئێمەی کوردیش دەبێ ناکۆکییەکانی خۆمان وەلا نێین و کێبەرکێ بۆ دەسەڵات بهێڵینەوە بۆ کاتی دوای سەربەخۆیی. چونکە ئەگەر کورد ئەو هەلە لەکیس بدا، وێدەچێ هەلێکی لەبار وەک ئەوڕۆ تا سەدەیەکی تر نەیەتە پێش. وەک خۆم ئاواتەخوازم نەک تەنیا سەربەخۆیی باشووری کوردستان بەڵکو سەربەخۆیی گشت کوردستان و دروست بوونی حوکومەتی یەکگرتووی کوردستانی گەورەش بە چاوی خۆم ببینم.

* وەک کەسایەتی سیاسی و دێرینی رۆژهەڵاتی کوردستان دید و بۆچوون و هەڵسەنگاندن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە چێیە:

شۆڕشی گەلانی ئێران

١- دوای ٣٨ ساڵ تێپەڕ بوون بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێران زۆر کتێب و بابەت لەسەر ئەو ڕووداوە نووسراون. هەندێک پێیان وایە دوای کۆبوونەوەی گوادێلۆپ بڕیاری جێگۆڕکێی خومەینی و شا درا و هەندێکیش بوونی دەستی دەرەکیی لە سەرکەوتنی شۆڕشێ گەلانی ئێران ڕەت دەکەنەوە. هەرچۆنێک بێ من خۆم ئەوکات لاوێکی ١٧ ساڵانە بووم و زۆر بە گوڕوتینەوە لە خۆپیشاندانەکان و چالاکییەکانی دژی ڕێژیمی پاشایەتی دا بەشداریم دەکرد. هەرچەند کە ئێستا رێژیمی سێدارە هەوڵ دەدا وا بنوێنێ کە شۆڕشی گەلانی ئێران شۆڕشێکی ئیسلامیی بووە بەڵام من لەسەر ئەو باوەڕەم کە خەڵکی ئێران بۆ ئازادی و دێموکراسی شۆڕشیان لە دژی ڕێژیمی پاشایەتیی کرد و ئەوە مەلاکان بوون کە بە فێڵ و تەڵەکە ئەو شۆڕشەیان دزی. بە دڵنیایی تەواوەوە دەڵێم کە لە کوردستان نەک مەلاکان جڵەوی خۆپیشاندانەکانیان بەدەستەوە نەبوو بەڵکو تەنانەت لەسەرەتای خۆپیشاندانەکان هەر بەشداریشیان لە خۆپیشاندان و مانگرتنەکان دا نەدەکرد. خەڵکی کوردستان بە گشتی لەبەر زوڵم و زۆری حوکومەتی پاشایەتیی هاتنە سەر شەقامەکان و ئاواتیان ئازادی، دێموکراسی و نەمانی هەڵاواردن بوو.

نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران و کورد

٢- ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، هەرچەند کە لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ڕەزاشا ڕوانگەیەکی فاشیستی لە بنکەی دەسەڵات واتە تاران بۆ تواندنەوە و بە فارس کردنی نەتەوە غەیرەفارسەکان دروست بوو کە ئێستاش هەر درێژەی هەیە بەڵام ئەو هەوڵانە نەیانتوانیوە بەقەد وڵاتی جیران واتە تورکیا سەرکەوتوو بێ. هیچ حاشا لەوە ناکرێ کە لەهەندێک بوار دا حوکومەتی ناوەندی (چ لە سەردەمی پاشایەتیی دا و چ ئێستا) سیاسەتی ئاپارتاید لە بەرامبەر بەشێک لە نەتەوە بندەستەکان پەیڕەو دەکا. ئەگەرچی ئازەرییەکان لە بواری زمان، واتە بە فەرمی نەناسینی زمانیان و نەڕەخساندنی هەلی خوێندن بە زمانی ئازەری لە ناوچەکانیان تووشی سیاسەتی هەڵاواردن بوون،بەڵام لەبواری ئابووری و بەشداریی لە دەسەڵاتدا شەریکی نەتەوەی فارس بوون و ئێستاش بەشێکی باشیان پێ بڕاوە. عەڕەبەکان بەهۆی ئەوەی کە لە پاریزگای خوزستان دەژین کە یەدەگی سەرەکیی نەوتی ئێران لەوێ هەڵکەوتووە تووشی سیاسەتی تواندنەوە بوون. بەڵام کاتێک کە نۆرە دەگاتە کورد، بەلوچ و تورکەمەن، ئەوانە بەهۆی ئەوەی کە زۆربەی هەرە زۆریان سوننی مەزهەبن، تووشی هەڵاواردنی سیاسی و ئایینی بوون و لە ئابووریی و دەسەڵاتی ئێران شتێکی ئەوتۆیان پێ نەبڕاوە. هەڵاواردنی بە سیستەم کراوی سەردەمی کۆماری ئیسلامیی وای کردووە کە ئیتر زۆربەی هاونیشتمانانی نەتەوە غەیرە فارسەکان هیوایان بە درێژەدانی ژیان لە یەک وڵات دا نەماوە و ئەگەر حوکومەتی ناوەندی دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا نەمێنێ، زۆر ئاستەمە بتوانێ پێش بە هەڵوەشانی ئێران وەک یەک وڵات بگرێ.

وه‌زعی ئێستای ئێران به‌ گشتی داهاتووی كۆماری ئیسلامی ئێران؟

٣- کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا لە دۆخێکی پڕ لە قەیران دایە. قەیرانی ئابووریی، قەیرانی ڕەوایی لەناو خەڵک دا، قەیرانی تەریک کەوتنەوە لە ئاستی ناونەتەوەیی، قەیرانی کۆمەڵایەتی کە ئاکامی ٣٨ ساڵ سەرکوت و دەستوەردان لە هەموو بوارەکانی ژیانی هاووڵاتیانە، قەیرانی ژینگە کە کەمیی ئاو یەکێک لە ئاسەوارەکانییەتی وەک قەیرانە سەرەکییەکان دەکرێ ناویان ببەین. دزی و گەندەڵی بەربڵاو لە سیستەمی ئیداریی. یەکدەست نەبوونی ناوەندی بڕیار و تێوەگلانی سوپای پاسداران لە زۆربەی بوارەکانی ئابووریی شانسی ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکیی لە دوای رێککەوتننامەی ناوەکیی بە ناوی ١+٥ کە بۆ باشتر بوونی ئابووریی وڵات گەلێک پێویستە زۆر کەم کردووە.

لە بارەی داهاتووی کۆماری ئیسلامیی ئەوەی دەتوانم بڵێم کە ئەو قەیرانانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردن لەگەڵ ناڕوونی جێگرەوەی ئایەتوڵڵا خامەنەیی هەڕەشەی جیددین لەسەر درێژە کێشانی تەمەنی ئەو نیزامە. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو دا چەندین بابەتم لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ئامریکادا خوێندۆتەوە کە ئاماژە بە وێکچوونی دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی یەکیەتیی سۆڤیەت دەکەن. کاتێک کە چاو لە دۆخی ناوخۆیی و ناونەتەوەیی دەکەم، دێمە سەر ئەو بڕوایە کە کۆماری ئیسلامیی گەیشتۆتە ئاخیری خەت و ئەگەر ئۆپوزیسیۆنێکی یەکگرتوو و خاوەن بەرنامەی تۆکمە بوونی هەبوایە دەیتوانی ئەو پرۆسەیە خێراتر بکا بەڵام لەنەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی یەکگرتوو و بە بەرنامە مەترسی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، هەرچەند بۆ ماوەیەکی کاتییش بێ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە نابێ بە کەم بگرین.

٤- ئیداره‌ی سیاسیی ئێرانی لە داهاتوو؟
٤- بەداخەوە لە دوورەدیمەنی درێژخایەنیش دا بەرنامەی نەتەوەی باڵادەست بە دەسەڵاتداری ئێستا و بەناو
ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، دەرگا هەر لەسەر پاشنەی کۆن دەگەڕێ. واتە ئەوان مۆتەکەی لێک هەڵوەشانی ئێران وای بەرۆک گرتوون کە جگە لە سیستەمی ناوەندگەرای حوکومەت کە لەوێدا دەسەڵات هەر لە ناوەند قۆرخ بکرێ، رێگا چارەیەکی تر پێشنیار ناکەن. ئەگەر دۆخێکی وەها بگونجێ کە حکومەتی ناوەندیی ئەوەندە لاواز بێ کە نەتەوە غەیرە فارسەکان بەسەر ناوچەکانی خۆیان دا زاڵ بن، ئەوسا دەکرێ هیوادار بین کە شێوەیەکی تر لە حوکمڕانیی لە ئێران بێتە کایە کە لەوێدا جۆرە بالانسێک لە دابەش کردنی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابووریی لە نێوان نەتەوەکانی ئێران دا دروست بێ.
٥- دروشمی روخانی ریژیم

٥- دروشمی ڕووخانی ڕێژیم لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوو مشتومڕێکی زۆری لەسەر بووە. هەندێک پێیان وایە ئەگەر دروشمی ڕووخانی ڕێژیم لە لایەن حیزبێک وەلا بندرێ ئەوە کارەساتە و ئیتر ئەو حیزبە ناتوانێ شۆڕشگێڕ بێ، لەو لاشەوە هەندێک پێیان وایە بەرز کردنەوەی دروشمی ڕووخانی ڕێژیم بۆ حیزبێکی ناوچەیی شتێکی نەشیاوە. من وەک خۆم پێموایە نە بەرزکردنەوەی دروشمی ڕووخانی رێژیم نیشانە شۆڕشگێڕ بوونە و نە بەرز نەکردنەوەکەی لەلایەن ئەحزابی ناوچەیی شتێکی فەڕزە. گرینگ ئەوەیە ئاخۆ ئێمە کە ئەو دروشمە بەرزدەکەینەوە بۆ وەدیهاتنی دروشمەکە چی دەکەین؟ ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەریی کاریگەر لەگەڵ ئەحزابی نەتەوە بندەستەکان بەرەیەکی پێکهێنا و بەیەکەوە ئەو دروشمە بەرزکرایەوە و هەموو هەوڵ و تێکۆشانی ئەو بەرەیە بۆ وەدیهێنانی هاتە کایەوە ئەوکات دەکرێ حیساب لەسەر ئەو دروشمە بکرێ بەڵام ئەگەر ئەو دروشمە تەنیا بۆ نووسین لەسەر گۆڤار و نووسراوەکانی حیزبی بێ، یارمەتییەکی ئەوتۆ بە چارەسەری موشکیلەی ئێمەی کورد لە ئێران ناکا. نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە لانی کەم حیزبی دێموکڕات لە سەرەتای شۆڕشەوە ئەو دروشمەی بەرز کردۆتەوە بەڵام لەهەمان کاتدا هیچکام دانوستانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ڕەت نەکردۆتەوە، کەوابوو دبێ ئیعتیڕاف بەوە بکەین کە تا ئێستا ڕووخانی ڕێژیم لە ئاستی دروشم تێ نەپەڕیوە. هەندێک کەس دەڵێن کە دروشمی ڕووخانی رێژیم بەو مانایە نیە کە کورد بیڕووخێنێ. لەو حاڵەتەدا ئەو دروشمە وەک توکودوعا دەچێ کە بە بۆچوونی من ئەوە کاری حیزبێکی سیاسیی نیە.

b_300_220_16777215_00_images_Laperei-Taibet_kamal_hassanpour.jpg٦- به‌ره‌ى کوردستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان

٦- بەرەی کوردستانی لە خۆرهەڵاتی کوردستان پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە دەبوو زۆر لەوە پێش پێک هاتبا بەڵام بۆ پێکهێنانی بەرە هەندێک پێشمەرج پێویستن کە بەداخەوە تا ئێستا حیزب و ڕێکخراوەکانی ئەو بەشە لە کوردستان نەیانتوانیوە ئەو پێشمەرجانە دروست بکەن. یەکێک لەو پێشمەرجانە قەبووڵ کردنی یەکترییە. بەداخەوە بەو لێکدابڕان و یەکتر قەبووڵ نەکردنەی کە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا دیتوومانە پێکهێنانی بەرە زۆر زەحمەتە. بەرەیەکی کاریگەر دەبێ هەموو لایەنەکان بگرێتەوە دەنا سەرکەوتوو نابێ. بە بۆچوونی من لە جیاتی خەون دیتن بە بەرەی کوردستانییەوە، حیزب و رێکخراوەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەتوانن لە پێشدا هەوڵ بدەن کولتوری یەکتر قەبووڵ نەکردن خاشە بڕ بکەن، دوایە دەست بکەن بە هەندێک هاوکاریی بەکردەوە، پاش ئەوەی کە ماوەیەک نیشانیان دا دەتوانن بەیەکەوە لەسەر هەندێک خاڵ ڕێک بکەون ئەوجار هەوڵ بدرێ بەرەی کوردستانی پێک بێ. دەستەبەر کردنی ئازادیی و مافەنەتەوەییەکانی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە هەول و خەباتی هەمەلایەنەی هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی ئەو بەشە لە کوردستان پێک دێ و هیچ لایەنێک بەتەنیا ناتوانێ ئەو ئەرکە قورسە جێبەجێ بکا. کات دەڕوا و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین (بە ئێرانیشەوە) لە لێواری ئاڵوگۆڕی قووڵ دایە، ئەگەر ئەو پەرتەوازی و بێ بەرنامەییەی کە ئێستا لە نێوان حیزب و ڕێکخراوەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان هەروا درێژەی هەبێ، هەموو تێیدا زەرەرمەند دەبین.

٧- پێشمەرگە و خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان

٧- پێشمەرگە سەمبولی خۆڕاگریی گەلەکەمان لەبەرامبەر سەرکوتکەرانە، کەوابوو پێشمەرگە لەماوەی پتر لە حەفتا ساڵ بوونی هەمیشە جێگای لەناو دڵی گەلەکەمان د ابووە و ئێستا لە دوای شەڕی دژی داعش ناوی پێشمەرگە لە سەرانسەری جیهان وەک پێناسەی گەلی کوردی لێهاتووە. خەباتی چەکداریی لە کوردستان بەگشتی و لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە تایبەتیی هیچکات هێرشبەرانە و داگیرکەرانە نەبووە بەڵکو هەمیشە بەرپەرچدانەوەی هێرشی دەسەڵاتی ناوەندیی بووە بۆ بەرگریی کردن لە خۆمان. لە هەموو یاسایەک دا بەرگریی لە خۆت شتێکی ڕەوایە. ئێمەی کورد دەبێ کەڵک لە هەموو شێوەکانی خە بات وەرگرین چونکە دوژمنەکانمان بێ بەزەیین و لە هەموو شێوەیەکی سەرکوتکردن و کپ کردنی دەنگی مافخوازانەی ئێمە کەڵک وەردەگرن. هەر کات ڕێژیم ئیعتیڕافی بە مافی سیاسیی، ئابووریی و کولتوریی ئێمە واتە نەتەوەی کورد لە ئێران کرد ئەوکات شتێکی ئاشکرایە کە ئێمەی کوردیش واز لە خەباتی چەکداریی دەهێنین، بەڵام تا ئەو کاتەی کە ئەوان وەڵامی داوا ڕەواکانی ئێمە بە گولـلە و سەرکوت بدەنەوە، ئێمەش مافی خۆمانە کە بەرگریی لە خۆمان بکەین بە هەموو شێوەیەک.

٨- بایكۆتی هەڵبژاردنەکان لە ئێران؟

٨- ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە فێڵ و تەڵەکە هەڵبژاردنی کردۆتە ئامرازێک بۆ ڕەوایی بەخشین بەخۆی.
ئەوەی ئێمە وەک هەڵبژاردن دەیبینین تەنیا شانۆیەکە لە هەڵبژاردن بە مانای راستەقینەی خۆی. چونکە بە لەبەر چاو گرتنی ئەو هەموو فیلتەرە کە لەسەر ڕێگای خۆ بەربژێر کردن هەیە، هیچ دەرفەتێک بۆ هاتنە مەیدانی بەربژێری ڕاستەقینە کە خەڵک بیهەوەی نییە. لە لایەک حیزبی سیاسیی ڕاستەقینە مافی چالاکیی ئاشکرایان نیە، لە لایەکی ترەوە ئەوانی هەڵدەبژێردرێن توانایی کاریگەریی ئەوتۆیان لە بڕیاراتی سیاسیی و ئابووریی دا نیە. گشت دەسەڵات لە دەست چەند کەسێک و لە سەرەوەی هەمووان ڕێبەری نیزام کە ئێستا ئایەتوڵڵا خامەنییە کۆ کراوەتەوە.

سەرەڕای ئەو ڕاستییە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد هەندێک ڕاستیی هەن کە ناکرێ لەبەر چاویان نەگرین. بۆ وێنە ڕێژیمی ئێران سیستەمی کونترۆڵی تۆکمەی لەسەر هاووڵاتیان جێبەجێ کردووە و بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی وەک ئەرکێک لێ کردووە کە سەرپێچیی کردن لێی دەتوانێ ببێتە هۆی سزادانی ئەو کەسەی کە سەرپێچیی کردووە. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر کەس تەنیا بۆ ڕزگار بوون لەو سزایانە دەنگ بدەن. جگە لەوە دەبێ ئێمە جیاوازیی دانێین لە نێوان هەڵبژاردنەکان. بۆ وێنە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی و مەجلیسی خوبڕەگان هێندە کاریگەریی راستەوخۆی ناوچەیی وەک هەڵبژاردنی نوێنەری پارلمان و شوڕای شار نیە. بە تایبەتیی لە بارەی شوڕای شار دا دەر کەوتووە ئەگەر هەڵبژاردنەکە بایکۆت بکرێ، بەربژێری هەرە خەراپ دەنگ دەهێننەوە کە خەڵک لەدەستیان وەزاڵە دێ. بە بڕوای من ئەوەی کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابوردوو دا کردوویەتی شتێکی باش بووە کە جیاوازیی لە نێوان هەڵبژاردنەکان داناوە و هەندێک جار خەڵکی سەرپشک کردووە لە بەشداریی کردن و نەکردن یا ئەگەر پێی وابووە بەربژێرێک لەوانەیە بەرنامەیەکی باشتری لەوانی تر بۆ گەلی کورد هەبووبێ، داوای کردووە کە خەڵک بەشداریی بکەن.

بە بۆچوونی من بایکۆت کردنی هەموو هەڵبژاردنێک ئەویش تەنیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە ڕیگاچارە نییە. ئەگەر هەڵبژاردنێک بایکۆت دەکرێ دەبێ هەموو یا زۆربەی هەرە زۆری حیزب و ڕێکخراوەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانی لەپشت بێ و هەروەها دەبێ بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ چالاکیی تەبلیغی لە هەموو کاناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕوو بە خەڵکی ناوخۆ هەبێ تا لەناو خەڵک دا سەرکەوتوو بێ.

٩- وتووێژ و دانوستاندن؟

٩- بەلەبەر چاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە حیزبی دێموکڕات لەسەرەتای دەستپێکی هێرشی ڕێژیم بۆ سەرکوتی گەلەکەمان ڕایگەیاند کە مەسەلەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان ڕێگاچارەی سەربازیی نییە، هیچ کات وتووێژ و دانوستانی ڕەت نەکردۆتەوە، تەنانەت رێبەری بلیمەت، شەهید دوکتور قاسملو و هاوڕێیانی لەسەر ئەو پرەنسیپە گیانیان بەخت کرد. دەبێ لەبیرمان بێ کە کۆتایی هەموو ناکۆکییەک ئاکامی وتووێژ و دانوستانە.

١٠- خەباتی مەدەنی میكانیزم‌و میتۆده‌كانی‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌؟

١٠- خەباتی مەدەنی یەکێک لە ڕەهەندە گرینگەکانی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەنەتەوەییەکانمانە. بەو مەرجەی کە گشتگیر بێ و تەنیا نەکەوێتە سەر شانی بەشێکی بچووک لە دانیشتوان. ئەوە شتێکی ئاشکرایە کە دەسەڵاتداران کۆمەڵگایەکی سڕ کراو و بێ جووڵەیان دەوێ، یا کۆمەڵگایەکیان دەوێ کە خەریکی شتی لاوەکیی بێ. ڕاست لە بەر ئەو هۆیەشە کە تا بۆیان کراوە چالاکیی مەدەنییان سنووردار کردووە و زۆر جار چالاکانی مەدەنی خراونەتە بەندیخانەکانەوە. بە بۆچوونی من دەبێ هاونیشتمانیان لە ناوخۆی وڵات لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەربگرن تا پەرە بە چالاکیی مەدەنی بدەن، بوژاندنەوەی زمان و کولتور، چالاکیی ئەدەبی و شانۆکاریی، خوێندنەوەی دووبارەی مێژووی کورد و گواستنەوەی بۆ جیلی نوێ، چالاکیی ژینگەپارێزیی و بە گشتیی هەر چالاکییەک بۆ کاری هەرەوەزیی و سەرزیندوو ڕاگرتنی کۆمەڵگا جێگەی قەدر و پێزانینە.

١١- تیرۆریزم بە گشتی و تیرۆزیزمی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی رێبەرانی کورد)؟

١١- تێرۆریزم لە سەردەمی ئێستادا بۆتە دیاردەیەکی جیهانیی. بەتایبەتیی لە دوای هێرشی یازدەی سێپتامبری ٢٠٠١ و بڵاوبوونەوەی بنئاژۆخوازیی ئیسلامیی کە زمانێکی تر جگە لە تێرۆر نازانێ، هەموو خەڵکی جیهان لە مەترسییەکانی ئاگادار بوونەوە. لە دوای سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە و داعش، هێرشی تێرۆریستی کە پێشدا زۆرتر ناوچەیەکی دیاریکراو لە خۆرهەڵاتی ناوینی گرتبۆوە، سەرانسەری جیهانی کردە ئامانج. لە چەند ساڵی ڕابردوو دا هێرشی تێرۆریستیی ئیسلامیی لە چین ڕا بگرە تا ئامریکایان کردۆتە ئامانج. من خۆم لەسەر ئەو بڕوایەم کە دایکی تێرۆریزمی نوێی ئیسلامیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئێرانە. ئەگەر لەبیرمان بێ لە سەرەتای هەشتاکان یەکەم هێرشی تێرۆریستیی خۆکوژیی لە لوبنان و بە دەست بەکرێگراوانی کۆماری ئیسلامیی واتە حیزبوڵڵای لوبنان لە دژی ئامریکایی و فەڕانسەویەکان ئەنجام درا. بەداخەوە لە جیاتی بەدواداچوون و سزای ئەنجامدەران و فەرماندەرانی ئەو هێرشانە، ئامریکا و فەڕانسە لوبنانیان جیهێشت. ئەو کات بوو کە بۆ تێرۆریستان دەرکەوت کە بۆ شکستهێنان بە وڵاتێکی زلهێز پێویست ناکا تۆش زلهێز بی بەڵکو تەنیا چەند چەکداری خۆکوژ دەتوانن زلهێزەکان بە چۆک دابێنن. لە سەرەتاکانی هەشتاکانەوە کۆماری ئیسلامی ناوەندی ڕاهێنانی بەشێکی بەرچاو لە تێرۆریستە بنئاژۆخوازەکان بووە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە تێرۆریزم یەکێک لە ئامرازەکانی بووە بۆ سەقامگیر کردن و خۆ سەپاندنی بەسەر گەلانی ئێراندا. لە پەیوەندی لەگەڵ تێرۆری ڕێبەرانی کورد دەتوانین ئەو ڕێچکەیە بگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی نەمر سمکۆی شکاک. بەڵام با ئێمە بێین لە جیات سەرنجدان بە کردەوە تێرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامیی کە لە دژی ئینسانی بوونی ئەو کردەوەیە هیچ شک و گومانێک نیە، بڕوانینە ئاکامی ئەو کردەوە تێرۆریستییانە. بێ گومان ئامانجی دوژمن لە تێرۆری ڕێبەرانی کورد ئەوە بووە کە پێی وابووە بەو تێرۆرانە خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان شکست دەهێنێ و حیزبە کوردییەکان لەناو دەچن. بەڵام بە خۆشییەوە ئێستا دەبینین خەباتی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان نەک هەر درێژەی هەیە بەڵکو ڕێبازی قاسملو و شەڕەفکەندی و کاک فواد و کاک سدیق کەمانگەر و هتد ئەوڕۆ بە هەزاران ڕێبواری هەیە و ئەو خەباتە بە لەناو چوونی ڕێبەرەکانمان کۆتایی پێ نەهاتووە و تا سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانمان هەر درێژەی دەبێ. ئاکامی ئەو تێرۆرانە تەنیا بۆتە رقی پیرۆز لە دڵی هەموو تاکێکی کورد دا و ئەو وانەی فێر کردووین کە نابێ مەتمانە بە دوژمنی فێڵباز بکەین.

١٢- هۆکاری جیابوونەوە و دابرانی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و میکانیزمی یەکگرتنەوە و تێکەڵبوونەوەیان؟

١٢- لەسەر هۆکاری جیابوونەوە و دابڕانەکانی حیزب و ڕێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا زۆر شت گوتراوە و زۆر شت نووسراوە. ئەوەی ئاشکرایە ئەویە کە لە گشت ناکۆکییەک دا دوو لایەن و دوو ڕوانگە بۆ هۆکاری ناکۆکییەکە هەن. لە هیچ ناکۆکییەک دا لایەنێک حەقی مۆتڵەق و لایەنەکەی تر باتڵی موتڵەق نییە. من ئەو خوێندنەوەیەم لا پەسەندە کە هۆکاری لێکدابڕانەکان بۆ نەحاوانەوەی ڕێبەریی حیزبەکان لەگەڵ یەکتر و کولتوری یەکتر قەبووڵ نەکردن دەگەڕێتەوە. کەوابوو ئەوەی کە دەبێ کاری لەسەر بکرێ وەلانانی ئەو کولتوری یەکتر تەحەممول نەکردنەیە. دەبێ خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ کاری حیزبی بکرێ و لەسەرەوە ڕا تا خوارەوە هەوڵ بۆ پەرەپێدانی ڕێز گرتن لە یەکتری و بە ‌هێند گرتنی بۆچوونەکانی یەکتر بدەین. بە بۆچوونی من تێکەڵ کردنەوەی حیزبەکان بە بێ زەمینە سازیی پێویست و بێ ئامادەکاریی دەتوانێ لە داهاتوو دا لێکترازانی تری لێ بکەوێتەوە کەوابوو پێشدا دەبێ کار بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان و هاوکاریی لەگەڵ یەکتر لە بوارە جیاجیاکان بکرێ. هەموو لایەک دەبێ ئەوە قەبووڵ بکەن کە ئەو ساردییەی کە ئێستا لە کاری سیاسیی و حیزبایەتیی کردنە دەبیندرێ هۆیەکەی ناتەبایی و نەحاوانەوە لەگەڵ یەکترە. کات زۆر بە خێرایی تێدەپەڕێ و ئەگەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێران بێتە ئاراوە و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان هەر ئاوا لێک پرش و بڵاو بن هەموو لایەنە سیاسییەکان و گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان دۆڕاوی سەرەکیی دەبن.

١٣- هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی ئێران تاچەندە لە بەرژەوەندیی كورد دایە؟

١٣- هەروەک لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی پێشوو دا ئاماژەم پێ کرد بەداخەوە ئۆپۆزیسۆنێک کە بکرێ ناوی بنرێ ئۆپۆزیسیۆن بوونی نیە و ئەوەی هەشە لە ڕاستە و بۆ چەپ مۆتەکەی لێکهەڵوەشانی ئێران وەها سواری سینگیان بووە کە ڕوانگەکانیان لە بەراورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی، جیاوازییەکی ئەوتۆی نیە. لە باشترین حاڵەت دا باسی دێموکڕاسیی دەکەن کە ئەویش بە تەنیا ناتوانێ مەشکیلەی نەتەوە بندەستەکانی ئێران چارەسەر بکا. بە بۆچوونی من لەجیاتی چاوڕوانیی لوتف و مەرحەمەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەبێ هەوڵ بدەین ڕێکخراو و حیزبە کوردییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بە یەکگرتوویی و هاوخەباتیی راستەقینە خۆمان بەهێز بکەین. ئەگەر ئێمە توانیمان بەرەیەکی کاریگەر لە ناوخۆمان پێک بێنین بێ گومان چەسپاندنی داوایەکانمان و قوبووڵی ڕوانگەکانمان لەلایەن دەسەڵاتدارانی داهاتووی ئێران، جا هەر لایەنێک بێ، ئاسانتر دەبێ.

١٤- سیاسەتەكانی ئێران لەناوخۆی عێراق دا چەندە لەسەر خەباتی سیاسیی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كاریگەریی هەبووە؟

١٤- لە دوای ڕووخانی سەددام، کۆماری ئیسلامیی هەوڵێکی زۆری بۆ پەرەپێدانی نفوزی خۆی لە عێراق ئەنجام داوە و حاشای لێ ناکرێ کە تا ڕاددەیەک سەرکەوتوو بووە. خەبات و تێکۆشانی حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان ماوەیەکی دوور و درێژ بە هۆی پاراستنی بەرژەوەندیی حوکومەتی هەرێمی کوردستان وەستێندرا. هیچ حاشا لەوە ناکرێ کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی بۆی بگونجێ و بتوانێ هەمان بەڵا بەسەر حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەهێنێ کە بە سەر ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە عێراق هێنای. خەباتی سیاسیی حیزبەکانی خۆرهەڵات ڕووی لە ناوخۆی وڵاتە و لەو ماوەیە دا درێژەی هەبووە بەڵام ئەگەر بمانهەوێ هەستانەوەیەکی جیددی لەوبەشەی کوردستان ببینین دەبێ کار بۆ لێک نزیک کردنەوەی حیزب و ڕێکخراوەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و لە کۆتایی دا پێک‌هێنانی بەرەیەکی کوردستانی بکەینەوە.

چەند پرسیاری گشتی:

————————————–

١- گۆڕینی نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و پرسی نەتەوەی کورد لە گۆرانکاریانەدا؟

١- لە سەرەتاکانی ئەم سەدەیەوە جار جار باس لە خۆرهەڵاتی ناوینی گەورە و هەروەها خۆرهەڵاتی ناوینی نوێش دەکرێ. تەنانەت نەخشەیەکیش کە لە لایەن سەرهەنگ رالف پیتێر ئامادە کرابوو و لەویدا بۆ وێنە کوردستانی یەکگرتوو کێشراوەتەوە بۆ یەکەم جار لە گۆڤاری ژورناڵی هێزە چەکدارەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ بڵاو بۆوە. هەڵبەت هەر ئێستا نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوین ئاڵوگۆڕی بەسەر دا هاتووە. پاش سەرهەڵدانی داعش و ڕاگەیاندنی خەلافەتە کارتۆنییەکەی سنووری نێوان عێراق و سورییە لە هەندێک شوێن نەماون و ئێستاش کە داعش خەریکە لە ڕەققەش وەدەر دەندرێ حوکومەتی عێراق و سورییە کۆنتڕۆڵی تەواویان بە سەر تەواوی ڕووبەری وڵاتەکانیان دا نییە. بەڵام وەدیهێنانی نەخشەی سەرهەنگ ڕاڵف پیتێر وێناچێ ئێستا ئەولەویەتی ئامریکا بێ. قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی خۆرهەڵاتی ناوین و بە تایبەتیی سەرهەڵدانی بنئاژۆخوازیی ئیسلامیی بە سوننی و شیعەوە زلهێزانی دونیای هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە بەشێک لەو ناکۆکییانە دەگەڕێتەوە سەر دابەش کردنی پاشماوەی ئیمپڕاتوری عوسمانی پاش کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیی واتە ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ. ئێستا خۆرئاوا لە هاوپەیمانێک دەگەڕێ کە بەدوور بێ لە بنئاژۆخوازیی ئایینی و ڕێز لە بایخەکانی خۆرئاوایی وەک دێموکراسیی و ئابووریی ئازاد بگرێ. کورد تا ئێستا نیشانی داوە کە بنئاژۆخواز نییە و ڕێز لە بایخەکانی وەک دێموکڕاسیی و ئابووریی ئازاد دەگرێ. بێگومان کورد دەتوانێ هاوپەیمانێکی جێگای مەتمانە بێ بەڵام بۆ ئەوەی کە ئەوان حیساب لەسەر کورد بکەن دەبێ کورد لەناوخۆی دا تەبا و ڕەبا بێ و هەموو لایەنێک لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆ لە پەرتەوازەیی و دابەش بوون بەسەر بەرەی ئێران و تورکیا دا ببوێرن کە بە داخەوە تا ئێستا لەو کارە دا زۆر سەرکەوتوو نەبووین.

٢- ئایا پرۆسەی دەوڵەت ــ نەتەوە لەو ناوچەیە شکستی خواردوە؟

٢- بێگومان، بە پێی پێناسە پرۆسەی دەوڵەت – نەتەوە بۆ وڵاتانێک دەبێ کە لە یەک نەتەوە بە زمان، کولتور و ئایینی هاوبەش پێکهاتوون. پرۆسەی دروست کردنی دەوڵەت-نەتەوە لەو وڵاتانەی کە کوردستان بەسەریان دا دابەش کراوە لە سەرەتاوە لەسەر بناغەی سەقەت داڕێژرا. وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق و سورییە فرە نەتەوەن بۆیە پرۆسەی دەوڵەت-نەتەوە لەو وڵاتانە لەسەر ئەساسی ئاسیمیلە کردنی نەتەوەکانی تر بە قازانجی نەتەوەی دەسەڵاتدار بووە. پتر لە سەدەیەک هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەکانی تر لە هیچکام لەو وڵاتانە سەرکەوتوو نەبووە.

٣- ئەرکی حیزب و رێکخراوە سیاسەیە کوردستانیەکان لەم هەڵومەرجە دا و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای چارەسەری مەسەلەی کورد؟

٣- ئەرکی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان وەلانانی دووبەرەکیی و هەوڵ بۆ یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردە. ئەگەر نەتەوەی کورد یەکگرتوو بێ و هەمومان بەیەکەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە لەمێژینەکانی گەلی کورد هەوڵ بدەین، بێ گومان دونیا ناتوانێ ویستی ٤٠ میلیۆن کەس پاشگوێ بخا. ئاستەنگی سەر ڕێگاچارەی مەسەلەی کورد زۆرن بەڵام سەرەکیترین ئاستەنگ نەبوونی یەکگرتوویی خودی کورد و ڕێکخراوە سیاسییەکانیەتی.

٤- پێگەی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی کورد له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌چ ئاستێک دایه؟

٤- پێگەی کورد هیچکات بەقەد ئێستا باش نەبووە. دوای خۆڕاگریی قارەمانانەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە خۆرئاوا و باشووری کوردستان لە بەرامبەر داعش، هەموو دونیا بەچاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە کورد. بەداخەوە دەستکەوتی ئەوهەموو قوربانی دان و خەباتە لە ئاستی پێویست دانەبووە. ئەوەی ڕاستی بێ شتێک بەناوی دیپلۆماسیی یەکگرتووی کورد بوونی نییە. حوکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی دیپلۆماتیکی خۆی لە دەرەوەی وڵات هەیە. ئەحزاب و ڕێکخراوەکانی بەشەکانی تری کوردستان هەر یەکەو بۆخۆی نوێنەرو چالاکیان هەیە، بەڵام کۆڕێکی هاوبەشی دیپلۆماتیکی کوردی بوونی نییە، کە ئەوە خاڵێکی زۆر لاوازە. لانی کەم لە پەیوەندیی لەگەڵ خۆرهەڵاتی کوردستان دا دەبوو کۆڕی دیپلۆماتیک و نوێنەرایەتیی دیپلۆماتیکی لە ناوەندە گرینگەکانی جیهان وەک یەکیەتیی ئوروپا، ئامریکا و تەنانەت مۆسکۆش هەبا. بەڵام ئێستاش هەر ڕێکخراوە و حیزبێک وەک خۆی چاوپێکەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتانی ئوروپایی و هەندێک جار ئامریکایی دەکەن.

٥- پرسی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، ئاستەنگەکانی دەرەکی و ناوخۆی؟

٥- بە بۆچوونی من کۆنگرەی نەتەوەیی لە بارودۆخی ناتەبایی ئێستای نێوان حیزب و ڕێکخراوە سەرەکییەکانی کوردستان شتێکی چاوەڕوان نەکراوە. پێش بەستنی کۆنگرەیەکی ڕاستەقینەی نەتەوەیی دەبێ حیزب و ڕێکخراوەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان بە کردەوە هەنگاوی پێویست بۆ لێک نزیکبوونەوە و کاری هاوبەشیان هەڵگرتبێ. من وەک خۆم سەرەکییترین ئاستەنگەکان ناوخۆیی دەبینم واتە کورد بۆخۆی هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە لە بیری نەتەوەیی کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان نەکاتە قوربانیی بەرژەوەندییە رێکخراوەیی و حیزبییەکان.

٦- میکانیزمێکی یاسایی بۆ خەباتێکی ئاشتیخوازانە لەگەڵ داگیرکەران کوردستان؟

٦- ئەوە ئێمەی کورد نین کە دەبێ ئەو مێکانیزمە ببینینەوە بەڵکو داگیرکەرانی کوردستانن کە دەبێ بەو ڕاستییە بگەن کە سەردەمی سەرکوت و حاشا کردن بەسەر چووە و ئەگەر دەیانهەوێ وزە و توانایان بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بەرەوپێش چوون تەرخان بکەن دەبێ دەست لە سەرکوت و سیاسەتی هەڵاواردن هەڵگرن. کورد نیشانی داوە کە نەتەوەیکی ئاشتیخوازە. چاو لە باشوور و خۆرئاوای کوردستان بکەن، ئێستا لەوێ لە سایەی دەسەڵاتی کوردی هەموو نەتەوەکان بێ ترس دەحاوێنەوە. کورد هیچکات شەڕانگێز نەبووە و هەرچی لە سەد ساڵی رابردوو دا کردویەتی بۆ مانەوەی خۆی و بەرگری لە توانەوەی زمان و شوناسی نەتەوەیی خۆی بووە. ئێمە هێچکات پەنامان بۆ تێرۆر و ڕەشە کوژیی نەبردووە، سەرەڕای ئەوەی کە دوژمنانمان هەمو شێوەیەکی نامرۆڤانەی سەرکوتیان لە دژی ئێمە بەکار هێناوە. کەوابوو لەهەر شوێنێک و هەر کاتێک کە دەرفەتی چالاکیی ئاشتییانە دروست بووە، کوردیش کەڵکی لەو هەلە وەرگرتووە و هەوڵی بووژاندنەوەی زمان و کولتور و نێشتمانەکەی داوە.

٧- چەپی کورد و ئاکامی خەباتی بێ‌وچانی چەپەکانە؟

٧- بێگومان قورسایی بەشێک لە خەباتی نەتەوەکەمان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی لەسەر شانی حیزب و ڕێکخراوە چەپەکان بووە و لەو ڕێگایەدا قوربانییەکی زۆریان داوە و هەر ئێستاش بەشێک لە زەختی ئەو خەباتە لەسەرشانی ئەوانە.

٨- سۆسیالیزم کێشەی نەتەوەیی چارەسەر دەکا؟

٨- مێژوو پێمان دەڵێ کە سوسیالیزم نەیتوانیوە کێشەی نەتەوەیی چارەسەر بکا. هەرچەند کە لە تێئۆری دا دەڵی کە کێشەی نەتەوەیی چارەسەر دەکا بەڵام بە بۆچوونی من ئەزمونی یەکیەتیی سۆڤیەت و ئێستاش کە وڵاتی چین لە تێئۆری دا وڵاتێکی سۆسیالیستیە لە چارەسەر کردنی کێشەی نەتەوەییدا سەرکەوتوو نەبوون.

٩- ڕێكخراوی‌ ئینته‌رناسیۆنالی سۆسیالیست و پرسی کورد؟

٩- ڕێکخراوی ئینتەرناسیۆنال ئەو قورساییەی جارانی نەماوە. ئێمەی کورد دەتوانین لە ئەو ڕێکخراوە وەک سەکۆی هێنانە بەرباسی خەبات و داواکانمان کەڵک وەرگرین بەڵام گروپی کاری کوردان کە سەردەمێک لەناو ئەو ڕێکخروە دا چالاک بوو، زۆر دەمێکە هیج چالاکییەکی ئەوتۆی نەماوە. سەرەڕای ئەوەش کورد دەبێ لە گشت سەکۆیەک بۆ هێنانە بەرباسی داواکانی خۆی کەڵک وەرگرێ.

١٠- ڕۆڵی توێژی رووناکبیری کورد لە هەلومەرجی ئێستای کوردستان؟

١٠- من وەک خۆم ڕۆڵێکی تایبەتیی بۆ توێژی ڕووناکبیری کورد نابینم. ئەوەی ڕاستی بێ من شتێک بە ناوی توێژی ڕوناکبیر نابینم. ڕووناکبیر کەسێکە کە داهێنانی هەبێ، ڕچەشکێن بێ، ئەوەی کە ئێمە بە ڕووناکبیر ناویان دەبەین لە باشترین حاڵەت دا تاقمێکن کە ئاستی سەوادیان لەچاو خەڵکی ئاسایی لەسەرەوەترە یاخود بڕوانامەیان لە بوارێک دا وەرگرتووە. بەداخەوە بەشیکی بەرچاو لەو تاقمە یا خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیانن یا ئەوەی کە جگە لە ڕەخنە گرتن بەرهەمێکی تریان نیە. ڕەخنە گرتن شتێکی باشە بەڵام کاتێک ئەرزشی هەیە کە ڕیگاچارەش پێشنیار بکرێ. لە هەلومەرجی ئێستا و لە هەموو هەلومەرجێک دا دەبێ هەموو کوردێک بە پێی توانایی خۆی هەوڵ بدا بۆ گەیشتن بەئازادیی و ڕزگاریی نیشتمان. هەموو کەس بە پێی توانایی خۆی شتێکی لەدەست دێ.
١١- پرسی نه‌ته‌وه‌یی و ئەرکی لاوانی کورد؟

١١- لاوانی هەر نەتەویەک داینامۆی کۆمەڵگان. ئەرکی لاوی کورد خۆپێگەیاندن، خۆ تەیار کردن بە زانستی سەردەم و خوێندنەوەیە. لاوان دەتوانن بە وزە و گوڕوتینی کە تایبەتی سەردەمی لاوەتییە خەباتی نەتەوەیی بەرەوپێش بەرن. دەسەڵاتداران بە سیستەمی سەقەتی پەروەردە کە دایان مەزراندووە هەوڵ دەدەن کە ئێمە کورد و بەتایبەتی لاوی کورد هەست بۆ خۆ بەکەم زانین بکەن. دەبێ لاوی کورد لەوە دڵنیا بێ کە هیچ شتێکی لە لاوی نەتەوەکانی تر کەمتر نییە و ئەگەر وزە و دیسیپلینی هەبێ دەتوانێ بە هەموو شتێک بگا. لە ئێرانی ئێستادا تاکگەراییەکی ماڵوێرانکەر باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کێشاوە کە ئەویش بەرهەمی سیستەمی سیاسیی زاڵ بە سەر ئێرانە. تاکگەرایی بۆ ئێمەی کورد ماڵوێرانکەرە چونکە نەتەوەیەک کە خەریکی خەباتی ڕزگاریخوازانەیە دەبێ بەتایبەتی لاوەکانی حازر بن وزە و توانای خۆیان بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی تەرخان بکەن، لە ڕستیدا نەک هەر وزە و توانا بەڵکو دەبێ گیانیشیان لەپێناو ئەو ڕێگایەدا دابنێن. بەڵام لە فەرهەنگی تاکگەرایی دا مرۆڤ تەنیا بیر لەخۆی و بەرژەوەندیی خۆی دەکاتەوە.
١٢- رۆلی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جوتیارانی کوردستان؟

١٢- خەباتی ئێمە تا وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانمان پێویستی بە چالاکیی و هەوڵ و تێکوشانی هەموو تاکێکی کورد هەیە. کەوابوو ئەوە کرێکار و زەحمەتکێش و جوتیاریش دەگرێتەوە. شتێکی شاراوە نییە کە ئێستا لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی کە دەرفەتی رێکخستن و دامەزراندنی سەندیکای سێنفی ڕاستەقینە کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی سێنفی کرێکار و جوتیار بێ بوونی نییە و دەبینین کە یاساکان لەبەرژەوەندی ئەوان دا نین. لە کوردستانێکی ئازاد دا چەوساندنەوەی کرێکار و زەحمەتکێش و جوتیار نامێنێ و ئەوان مافەکانیان لە هەموو بارێکەوە پارێزراو دەبێ. کەوابوو ئەوانیش دەبێ بەپێی توانای خۆیان هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکەمان کە ئازادی نیشتمانە بدەن. هەڵبەت حاشای لێناکرێ لە سەرەتاوە باشیکی بەرچاو لە قورسایی خەباتی نەتەوەکەمان لە سەرشانی ئەوان بووە لە داهاتووش دا ئەو ڕەوتە دەبێ درێژەی هەبێ.

١٣- ئەرکی ژنانی کوردستان؟

١٣- ژنان بەهۆی ڕگەزییەوە لە ژێر چەوساندنەوەی چەند لایەنە دان. یاسا کۆنەپەرەستانەکانی کۆماری ئیسلامیی بە فەرمی سیستەمی ئاپارتایدی بە دژی ژنان هێناوەتە کایەوە. جگە لەوە ژنان لە ژێر زەختی کۆمەڵگای پیاوسالاری کوردەواریش دا ستەمیان لێدەکرێ. ژنان ڕێگایەکی دوور و درێژیان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن لەپێشە و لەسەرەتای خەباتی نەتەوایەتیی گەلەکەمانەوە شانبەشانی پیاوان خەباتیان کردووە. بۆ هێنانە کایەی کۆمەڵگایەکی بێ چەوسانەوە و یەکسان دەبێ هەموومان هەوڵ بدەین بەڵام قورسایی سەرەکیی ئەو خەباتە دەکەوێتە سەرشانی ژنان بۆخۆیان. لە هێج شوێنكی ئەو جیهانە، تەنانەت لە وڵاتی وەک سوێدیش کە لە زۆر بوارەوە ئاستی دێموکڕاسیی گەلێک بەرزە، ژنان ئێستاش بە هەموو مافەکانیان نەگەیشتوون و خەباتی ئەوان بۆ یەکسانی ڕاستەقینە درێژەی هەیە. لە هیچ شوێنێکی ئەو جیهانە پیاوان بە ویستی خۆیان ملیان بۆ یەکسانیی ڕەگەزی نەداوە بەڵکو پاش خەباتی بێ وچانی ژنان ئەو پڕۆسەیە دەستی پێکردووە. کەوابوو ئەرکی ژنانی کوردستانیش درێژە دان بە خەباتیان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و بۆ وەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان لە بواری ڕەگەزییەوەیە.

١٤- بۆچی جودایی دین لە دەوڵەت باشە؟

١٤- چونکە ئایین باوەڕی تاکەکەسییە و هیچ ئایینێک ناتوانێ کۆمەڵگای سەردەمی ئێستا بەڕێوەبەرێ. جگەلەوەی لە هەرشوێنێک کە هەوڵێ دروست کردنی تێئوکراسیی واتە حوکومەتی ئایینی دراوە، ئاکامەکەی سەرەڕۆیی و نەفرەتی خەڵک لە ئایین بووە.
١٥- ئایین تا چه‌نده‌ ده‌وری ‌هەبووه‌ له‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی‌ دا؟

١٥- بۆ ئێمەی کورد دەورێکی ئەوتۆی نەبووە بەڵام مرۆفی ئایینی لە بەرەوپێش بردنی خەباتی نەتەوەییەوە دەوریان هەبووە. چاو لە مێژووی کورد بکەن، شێخ سەعیدی پیران، شێخ عوبەدیولـلای نەهری، شێخ مەحمودی حەفید، مەلا مستەفای بارزانی، مەلا ئاوارە، مەلاشێخ عێززەدین حوسێنی. لە چلەکانی کۆچیی هەتاوی رێکخراوی نهێنی حیزبی دێموکڕات لە حوجرەی فەقێیەکان و بەدەست فەقێ و بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی بووژایەوە. لە کوردستان ئیسلام دەورێکی ئەوتۆی بۆ دروست بوونی شوناسی نەتەوەیی نەبووە بەڵام دەکرێ یارسانیی و ئیزەدیی کە هەردووکیان زمانی کوردییان وەک زمانی نزاکردن بەکار هێناوە بۆ پاراستنی بەشیک لە شوناسی نەتەوەیی کورد بەکەڵک بوون.

١٦- چۆنیەتیی دروستبوونی داعش؟

١٦- لە ڕاستییدا ئێستاش زانیاریی تەواو لەبارەی چۆنیەتی دروست بوونی ئەو ڕێکخراوە مەترسیدارە کە لە دڕندەیی دا ڕووی زۆر لە ڕێکخراوە تێررۆریستییەکانی پێش خۆی سپی کردۆتەوە لەبەر دەستدا نییە بەڵام مرۆڤ دەتوانێ لەسەر پێشینەی پێکهاتنی ڕێکخراوێکی ئەوتۆ قسە بکا. لە ٢٠٠٣ کاتێک ئامریکا رێژیمی بەعسی سەددامی ڕووخاند، چاوەڕوانی دەکرا کە نەخشەیەکی درێژخایەنی بۆ ئەو ناوچەیە هەبێ کە ئاکامەکەی پەرە ئەستاندنی دێموکراسی بێ، بەڵام بەکردەوە بۆمان دەرکەوت کە ئامریکا پلانێکی تایبەتیی بۆ دوای ڕووخانی رێژیمی سەددام نەبوو. لە ئاکامی نەبوونی حوکومەتێکی دێموکراتیکی ڕاستەقینە لە عێراق کە بتوانێ مافی گشت دانیشتوان بە بێ لەبەرچاو گرتنی ڕەگەز و ئایین بپارێزی، بوار بۆ پەرە ئەستاندنی رێکخراوی تێرۆریستی شیعە و سوننی ڕەخسا. ڕێکخراوی ئەلقاعیدەی عێڕاق کە ئەبو موسعەب زەرقاوی رێبەریی دەکردن و بەشێک لە بەرپرسە پایەبەرزەکانی ئەو ڕێکخراوە ئەفسەرانی سوپای بەعسی هەڵوەشاوە بوون، پەیوەندییان لەگەڵ ئەلقاعیدە پساند و لە دوای ئەوەی کە سەرهەڵدانی بەناو بەهاری عەڕەبی گەیشتە سورییە و ڕێژیمی ئەسەد دەستی کرد بە سەرکوتی خەڵک، ئاگری شەڕی ناوخۆ لە سورییە هەڵایسا و دەست تێوەردانی ئێران لە لایەک و وڵاتانی وەک عەڕەبستان و وڵاتانی کەنداو لە لایەکی تر ئاگری ئەو شەڕە خۆشتر کرد و لە ٢٠١٤ بؤشاییەکی بەرچاوی ئەمنی لە عێراق و سورییە هاتە ئاراوە. لەو هەلومەرجەدابوو کە داعش سەری هەڵدا و خەلافەتی عێراق و شامی ڕاگەیاند.
١٧- مرۆڤەکان مێژوو دروست دەکەن، یان رێکخراو و حیزبەکان؟

١٧- ڕێکخراو و حیزب مرۆڤ دروستی کردوون و ئەندامەکانیشیان هەر مرۆڤن، کەواتە مێژوو مرۆڤەکان دروستی دەکەن.

١٨- شانازى بە چییەوە دەکەی؟

١٨- لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە کە یەکەم خۆپیشاندانی دژی حوکومەتی پاشایەتیی لە شارە خنجیلانەکەمان، سەردەشت دەستی پێکرد منیش لەگەڵ بووم، خەبات لە پێناو ئازادی نەتەوەکەم لەو کاتەوە دەست پێکردووە و تا دوایین هەناسەشەم دەست لە خەبات بۆ ئازادی نەتەوەکەم هەڵناگرم. ئەوە شتێکە کە پڕ بە دڵ شانازیی پێوە دەکەم.
١٩- بەنیازى نووسینەوەى بیرەوەرییەکانت نیت؟

١٩- زۆر دەمێکە بەتەمام کتێبێکی بنووسم نەک وەک بیرەوەریی بەڵکو وەک رۆمانێک کەلەودا باسی ئەو ڕووداوانە بکەم کە لە یەکەم خۆپیشاندانی دژی ڕێژیمی پاشایەتیی لە سەردەشت تا ئێستا کە بۆخۆم دیتوومن بکەم. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا کاتی پێویستم بۆ ئەو کارە نەبووە. هیوادارم ڕۆژێک بتوانم ئەو ئاواتەم بهێنمە دی.
٢٠- له‌و ماوه‌ درێژه‌ی‌ خه‌بات دا چ ده‌سكه‌وتێكی‌ مێژووییتان وه‌ده‌ست هێناوه‌؟

٢٠- تەنیا ئەزموونێکی درێژماوە و باوەڕێکی نەگۆڕ کە ئازادیی نێستمان کەڕامەتی تاکی کورد دەگێڕێتەوە.

٢١- لەباری كۆمەڵایەتی و سیاسیی ژیانت دا، لەچ شتێك پەشیمانی؟

٢١- چەند مانگ پێش کۆتایی خوێندنی دواناوەدندی لە سەردەشت باوکم پێی گوتم کە حیزب بەتەمایە هەندێک کەس بۆ خوێندن بنێرێ بۆ دەرەوەی وڵات، مام حاجی حەمەدەمینت (کە ئەو کات لە باشوری کوردستان لە گەڵ حیزب بوو) وەڵامی ناردووە و گوتوویەتی ئەگەر کەماڵ دیپڵۆمی وەرگرت بێت بۆ ئێرە، داوا لە دوکتور قاسملو دەکەم کە ئەویش بۆ خوێندن بنێرێ بۆ دەرەوەی وڵات. من لەبەر ئەوەی کە کوڕی گەورەی بنەماڵە بووم ئەو کات بەرنامەم ئەوە بوو کە لەسەردەشت بمێنمەوە و خزمەت بە دایک و باوکم بکەم لەبەر ئەوە قەبووڵم نەکرد. کەمتر لە ٤ مانگ دوای وەرگرتنی دیپڵۆم لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کرام و پتر لە سێ ساڵ دواتر کە ئازاد بووم هیچ چارەیەکم نەما جگە لەوەی کە شار بەجێ بهێڵـم و بەرەوە هەندەران بڕۆم و دایک و باوکم جێ بهێڵم. لەو کاتەوە زۆر بۆ لە کیس دانی ئەو دەرفەتە پەشیمانم.

٢٢- سه‌مبۆل هێماکانی گەلی کوردستان لە دیدی جەنابتان کامانانە؟

٢٢- هەموو ئەو مرۆڤانەی کە تەمەنی خۆیان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و بۆ خەبات بە دژی دیکتاتۆریی تەرخان کردووە.

٢٣- لێداوانت لەسەر ئەم کەسایەتانە چێیە: قازی محمەد، شێخ سەعید پیران، سمکۆ شکاک، شێخ مەحموود، مستەفا بارزانی، د.قاسملوو، پیرە مێرد، عەبدوڵڵا گۆران، مامۆستا هێمن، عەبدوڵڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس و سوارە ئیلخانیزادە؟

٢٣- ئەوانە سەمبۆل و هێمای سیاسیی و ئەدەبی کوردستانن و ناویان لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی گەلەکەمان دا نووسراوەتەوە و تا هەتایە لە یاد ناکرێن.

٢٤- پێشبینی و هەڵسەنگاندن بۆ داهاتووی کوردستان؟

٢٤- پێشبینی دەقیق کارێکی ئاسان نیە بەڵام بە بڕوای من کورد سەدەی تاریک و پڕ نەهامەتیی تێپەڕ کردووە و لە سایەی خەبات و تێکۆشانی پتر لە سەد ساڵەی ڕۆڵەکانی داهاتوویەکی گەش چاوەڕوانمانە. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نیە کە خەبات و تێکۆشان کۆتایی هاتووە بەڵام لە خەبات بۆ مانەوە و نەتوانەوە دا
سەرکەوتوو بووین. ئیستا کاتی خەبات بۆ گەیشتن بەئازادیی و دامەزراندنی کیانی خۆمانە.
٢٥- وەک کەسایەتی بەئەزموون چ لێدوان و پەیامێکت بۆ کچان و کوڕانی لاوی کورد هەیە؟

٢٥- من خۆم لەوە بە بچوکتر دەزانم کە پەیامم هەبێ بەڵام داواکارییەکی برایانەم لێیان هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە خوێندن و خۆ پێگەیاندن نەوەستن. لە پارێزگاریی لە زمان و کولتووری خۆیان شێلگیر بن. شانازیی بە نەتەوەکەیانەوە بکەن و شانازیی بۆ نەتەوەکەیان بخولقێنن. ئەوان داینامۆی کۆمەڵگان بۆیە دەبێ مەشخەڵی خەبات لە دەستی پیرەکان وەرگرن و ئەو کاروانە بە ڕزگاریی نەتەوەیی بگەیەننە سەر مەنزڵ.

*********************************
رەزبەڕی ٢٧١٧ی کوردی – ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی زایینی