تەڕاویلکەی نان، ئازادیی و خەبات. بەشی یەکەم: نووسینی: عەزیز شێخانی

ماڵپەری گیارەنگ وێرای دەستخۆشی و پێزانین لە بەرێز عەزیز شێخانی بۆ ناردنی ئەو کتێبە و بەرهەمی ئامادەکراوی بە ناوی ” تەڕاویلکەی نان، ئازادیی و خەبات” کە لە ٣٩٨ لاپەرە پێک هاتووە، گیارەنگ هەوڵ دەدا لە چەند بەشدا ئەم نووسراوە بڵاو بکاتەوە و هاوکاتیش خوێنەر و خوازیارانی ئەم کتێبە دەتوانن بە شێوەی پدف دەتوانن پاشەکەوتی بکەن و یا بیخوێننەوە.

تەڕاویلکەی نان، ئازادیی و خەبات. نووسینی: عەزیز شێخانی

تێبینی: بەشێکی زۆر لە ناوەکان و ئەکتەری ئەو رۆمانە پێوەندیان بە کەسە راستەقینەکانی کۆمەڵگەوە نییە. ئەو ناو و ناوچانە تەنیا وەک کەرەسەی دەربڕین کەڵکیان لێوەرگیراوە.

ئەو نووسراوەیە پێشکەشە بە….

پێشباری نووسەر:

زڕە هاوین سێبەری گرانی وەک دارگوێزەکانی نیشتمان، بە سەر دارستان، ئاو و خاکی ئورووپادا بڵاوکردۆتەوە. باران و هەور وێڕای کزە با ساردەکان لە جەرگەی ئەو زڕە هاوینەدا باڵادەستن. مرۆڤە کۆچبەرەکان لەو دۆخەدا خەمی هاوین و زڕەهاوین ناخۆن و دەگەڕێنەوە هاوینە کۆنەکانی نیشتمان. ئەو هاوینانەی کە پڕ بوون لە ئاسمانی ساماڵ، تەپوتۆزی رێگا خۆڵاوییەکان، خۆری زێڕین و شنەی بەیانیان و ئێوارانی با نەرمەکەی بناری چیا و دەشتەکان. ئەو کات، پێدەشتەکانی منداڵی پڕ بوون لە خەونی شیرین و دوور بوون لە دیوی تاڵی کوردایەتی.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_kurdistan.jpgئەمڕۆ زەمانە گۆڕاوە و منداڵەکانی دوێنێ لە دۆڵ و دارستان و زەویە رەقەنەکانی سیاسەت و ژیاندا بە قژێکی وەریو و نێوچاوانێکی گنجاوی وەستاون و لە داهاتوو دەڕوانن. ئەوان لە تێپەڕی خێرای کات و لافاوی ئاڵوگۆەڕەکان سەرسوڕماون. کوردەکان وەک سەدەی رابردوو سەرگەردانن و بە دوای ناسنامە و مافەکانی خۆیاندا بە نیوە چڵی دەگەڕێن. لەو دۆخەدا، کە هەڵپەی زڕەکوردایەتی گوێی جیهانی کەڕ کردوە، بە قامکەکانی دەست پیت و وشەکان لە سەر یەکتر کۆدەکەمەوە و گیشەیەک لە وشە و رستە لە  حەوشەی تێڕوانین و هزردا هەڵدەچنم. ئەو رۆمانە سەفەرێکە بەرەو قوڵایی تاک، کۆ و ژینگەی سیاسی کوردان لە ناوچەیەکی کوردستان، کە هاوشێوەی سەرجەم کوردستانە.

خوێنەری بەڕێز، ئەم وشە و رستانە پێشکەشە بە تۆ، کە هاوشێوەی قاز و قوڵینگەکان بە دوای ئازادیی و راستیەکاندا کۆچ دەکەی.

نێوەرۆک:

– کۆشکی خەونەکان

– تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی

– پەرتەوازەبوونی خێزان و نەتەوەیەک

– خەونی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی یان خودموختار و دێموکڕات

– بەڕە لە لای تەنکەوە دەدڕێ (حیزب و گەلە ژێردەستەکان، شەڕی دەسەڵات و ناسنامەی تێکشکاو)

– شەڕی پاشەکشە و خەباتی کرچ وکاڵ

–  ئاوێنەی شکاوی ناسنامەی تاک وکۆ و شەڕی خۆتڕێن

– حیزبایەتی چەپاوەنە و درێژەی یەکتر شکاندن

– درێژبوونەوەی کۆچ و وەرزی دەسەڵاتی کوردیی لە باشوور

– فڕین بەسەر پێدەشتەکانی تەڕاویلکەدا و گەڕان بە دوای ناسنامەی شێوێندراودا

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_sardasht2.jpgکۆشکی خەونەکان

خەڵکی شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران لە شا و نیزامەکەی توڕەن. شەقامەکان، لە خەڵکی ناڕازی جمەیان دێت و هاواری بڕۆ ئەی شایی خایین سەر بە هەموو کەلێن و قوژبنێکدا دەکات. شارە گەورەکانی ئێران، پڕن لە هاوار و خەڵکی عەوداڵی تەڕاویلکەی ئازادی، نان و خەبات لە گەڵ نیزامی پاشایەتی توانای ئاشتبوونەوەیان نییە. رۆژانە خوێنێکی زۆر لە سەر شەقام و کۆڵانی شارەکان دەڕژێت و خەڵک خەون بە دوارۆژێکی شیرین و پڕ لە خۆشییەوە دەبینن. هاواری بڕۆ ئەی شای خائین حەسانەوە ناناسێ و رۆژبەڕۆژ کڵپە دەستێنێ. دەنگە جیاوازەکان تێکەڵ بە یەکتر بوون و لایەنگرانی بزوتنەوە جیاوازەکان بۆ دەرپەڕاندنی حەمە ڕەزا شا شێلگیرانە تێدەکۆشن. لە کوردستاندا جوڵەکان جیاواز و ئامانجەکان جۆرێکی دیکەن. خەڵکی گوندەکان بۆ تێکەڵبوون بە خەڵکی ناڕازی شارە کوردییەکان خەنجەر، تەورداس، بیور و داس هەڵدەگرن و جار و بار هاوار دەکەن: ”ئێمە رۆڵەی دێهاتین بۆ کوشتنی شا هاتین”.

کاناڵی تەلەویزیۆنی و بە رێژەیەکی زیاتر رادیۆکان باشترین سەرچاوەی هەواڵی رووداوەکانی ئێران بوون. لەو رۆژگارەدا رێژەیەکی کەم لە خەڵکی کوردستان و خاوەنی تەلەویزیۆن و رادیۆ بوون. زۆربەی خەڵک بۆ ئاگاداربوون لە رووداوەکان و بە سەر بردنی کاتەکان شەوانە لە دەوری یەک کۆدەبوونەوە و تەتەڵەی هەواڵ و رووداوەکانیان دەکرد. لەو سەردەمەدا، بەشێکی کەم لە خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندەوار بوون و زمانی نەتەوە سەردەستەکانیان بە سەقەتی بەکار دەهێنا. لە بەشێک لە ماڵە کوردییەکان نەوەی تازە رسکاو، کە چەند ساڵێکیان لە قوتابخانە خوێندبوو، بۆ دایکان و باوکان دەبوونە وەرگێڕی زارەکی رووداوەکان. ئەو مێرمنداڵانە لەو رۆژگارەدا لاقیان کەوتبوو پێڵاوی گەورە ساڵەکان و لە بەر شەرم و نەشکان زۆر جاران بەشی گرینگی هەواڵەکانیان دەقرتاند و هەواڵ و رووداوەکانیان بە سەر و گوێلاک بڕاوی بە گوێی بیسەران دەگەیاند.

ماڵی مام کەریم، لەو سەروبەندەدا لە گەڵ جیران و خزمەکان جیاواز دەردەکەوتن و بە ماڵێکی پڕ لە جوڵە دەناسرا. ئەوان بەدوای خەونی ئارام و ژیانێکی باشتردا وێڵ بوون، بەڵام باوک و کوڕ لە سەر چۆنیەتی گەیشتن بە ئامانج هاوڕا نەبوون. کەماڵ کە کوڕە گەورەی مام کەریم بو، لەو رۆژانەدا بە دوای چارەنووسێکی نادیاردا سەرگەردانە و تەپوتۆزی شۆڕش سەروچاوی تۆزاوی کردوە. ئەو وێڕان بەشێک لە گەنجەکانی شار رۆژانە لە سەر شەقام و لە ماڵی دۆست و خزمان باسیان لە کۆتاییەکانی نیزامی پاشایەتی و سەرکەوتنی گەلانی ئێران دەکەن. کەماڵ و رەحمانی هاوڕێی لە سەردەمی نیزامی پاشایەتیدا بۆ تێپەڕاندنی دەورەی زۆرەملی ناسراو بە “خزمەتی سەربازی” و دواتر بۆ کارکردن سەردانی ناوچەکانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستانیان کردبوو. ئەوان زیاتر لە خەڵکی ئاسایی، لە سەر ناوچەکانی دیکە و هەروەها بارودۆخی شارە گەورەکانی ئێران ئەزموون و زانیاریان کەڵەکە کردبو. کەماڵ و هاوڕێکانی لە گەڵ بزوتنەوە ناڕازییەکانی ئەو سەردەمە کەم و زۆر ئاشنا بوون، بەڵام هێشتا لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتیدا دەجوڵانەوە. کەماڵ و دوو کەس لە هاوڕێکانی بە ناوی ئیسماعلی مام رەحمان و سەلامی نەنکە فاتێ شەوانە لە رێگای رادیۆ فارسی زمانەکانەوە ئاگاداری چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی خۆپێشاندانەکانی تاران و هەروەها باقی شارە گەروەکانی ئێران بوون. ئەوان لە سەر شەپۆلەکانی خەیاڵی گەنجانە خەونیان بە نەخش و رۆڵی کاریگەری خۆیان دەدیت، کە لە پێناوی خاک، خەڵک، خۆ و خودادا ئامادەی فیداکاریی و گیانبازین.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_khomeini.jpgرۆژگار شێواو و وەک ئاوێنەی نەهامەتییەکانی کۆمەڵگا روخسار و سیمای سەیر و سەمەرەی دەردەخست. لە ماڵانی شاردا وێنەی پیرە پیاوێکی ریش سپی دەگەڕا، کە بە رێبەر و ئیمام دەناسێندرا. رۆژێک ئەو وێنەیە لە ماڵە جیرانێکەوە دەگوازرێتەوە ماڵی مام کەریم. چیرۆکەکان لە سەر ئەو پیاوە زۆرن و ئەو کات زیاتر باس لە پیاوچاکی ئەو پیرە پیاوە مەندیل لەسەرە شیعە دەکرا. مام کەریم، وێنەکە لە دەستی یەکێک لە منداڵەکانی دەردێنێ و یەک و دوو جار لە چاو و نێوچاوانی رادەمێنێ و دواتر جنێوێکی تەڕ و تازەی بە ریش و مەندیلەکەی دەدات. منداڵەکانی دیکەی ماڵی مام کەریم چاوەڕوانی گەیشتنی وێنەکەیان دەکرد و بە تامەزرۆیی لە وێنەکەیان دەڕوانی و  خەونە شاراوەکانی خۆیان دەدیتن. ئەو سەردەمە خەڵک خوازیاری رۆیشتنی شا بوون و بۆ زۆربەی خەڵک گرینگ نەبو، کە دواتر چ نیزام و کەسێک دەبێتە رێبەر و بەڕێوەبەری وڵات. خەڵکی ئێران هێشتا لە خەوی چیرۆکە کۆنەکان رانەپەڕیبوون، بۆیە توانای دیتنی دووردیمەنی رووداوەکانیان نەدەکرد. وڵاتی پاشاکان لە کۆنەوە بە رەمزی دواکەوتوویی خەڵک و وڵات، کارەکان رادەپەڕێنێ و  گەمەی سیاسەت بەڕێوەدەبات. بۆ پاشا و بەرپرسانی تاران خەڵک و وڵات لە خزمەتکارێک زیاتر نەبوون و  لە پێناوی تاج و تەختی شا و بنەماڵەکەیدا ئیسماعیل ئاسا قوربانی دەکران. دەوڵەت  بە دەزگایەکی سەرکوتکەر و زاڵم ناسراوە، کە سێبەری رەش و پیسی لە سەر سەری خەڵکی رەش و رووت  قورسایی دەکات. ئەرتەش و هێزە چەکدارەکانی وڵات لە جیاتی پاراستنی سنوورەکان و دووربوون لە کایەی سیاسەت، بەردەوام لە دژی خەڵکی ناڕازی و رەخنەگر رادەگیران. وڵات بە تەواوەتی تاپۆی شا و بنەماڵە و دارودەستەکەی کراوە و دەنگە جیاوازەکان لە قوڕگدا دەخکێندرێن. خەڵکی وڵات و تاکەکانی بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، فێری ماف و ئەرکە رەواکانیان نەکراون و هێزی لێدان و گرتن و کوشتن لە هەموو لۆژیکێک بەهێزترە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_keihan.jpgخەڵک بۆ رزگاربوون لە ژێر چنگی نێزە و چەکی ئەرتەش و بەندیخانەی پاشایەتی و بە پێشەنگایەتی ئاخوندەکان وردە وردە هێزی دەرپەڕاندنی شایان خوڵقاند. لە سەر سەکۆی شانۆی رۆژگاردا زۆر جار رووداوەکان وەک خۆیان دووپات و چەند پات دەبنەوە. چارەنووسی گەلان و نەتەوەکان یەکێک لەو بابەتانەیە، کە لە زۆر شوێن بە جۆرێک خۆی دووبارە دەکاتەوە. کاتێک خەڵکی وڵات و هەرێمێک شارەزای مێژووی راستەقینەی خۆیان نین و بەدوای دەنگی دەهۆڵدا رادەکەن، بێگومان سەریان لە بەردی زۆرداریی و چەوسانەوە دەدەن. خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە ترسی تاج و تەختی پاشایەتی، کەوتنە تەڵەی ئاخوندە مەندیل بەسەرەکانی دەرچووی قوتابخانەی فرت و فێڵ. پیرە پیاوە ریش سپییەکە و هاوڕێکانی لە کرچ و کاڵی کۆمەڵگەی ئێران سوودیان وەرگرت و لە ماوەیەکی کەمدا دیکتاتۆریەکی رەش و زاڵمتر لە حەمە رەزا شایان دامەزراند. ئەو پیرە پیاوەکەی مێدیاکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەرنەچوو، بەڵکو دەسەڵات روخساری راستەقینەی ئاشکرا کرد. وەعد و بەڵێنییەکانی خومەینی و هاوڕێکانی لە سەر خانوو و نانی خۆڕایی، کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کەوتنە ژێر تەپۆتۆزی رووداوە تازەکان. کوردەکان و خەڵکی مافخوازی ئێران لە بەر نەبوونی دووربینی و هەروەها شارەزانەبوون لە کایەکانی سیاسەت کەوتنە زەلکاوی ترسناکی سیاسەت و دەسەڵاتێکی مرۆڤکوژ، کە خومەینی بە ناوی وەلی فەقی رێبەرایەتی دەکرد.

نێوچاوانە تاریکەکەی خومەینی و بیرۆکە دژە مرۆڤییەکانی لە پاریس بۆ خەڵک ئاشکرا نەکرابوون. ئەوکات مێدیای رۆژئاوا و دەروێشە سیاسییەکانی ئێران و زۆر ناوەندی دیکە، بە مەبەستی رووخاندنی نیزامی پاشایەتی و دەرپەڕاندنی شا، چیرۆکی شایستە و درۆی گەورەیان لە سەر خومەینی بڵاو دەکردەوە. لە ژێر کارتێکەریی رۆژئاوا و مێدیاکانیاندا ئاخوندە شیعەکان لە نێوخۆدا کاری بەرفراوانیان دەکرد و لە پڕێک بونە کوڕێک. خومەینی لە فەڕانسە بە شێوەیەکی نافەرمی نوێنەرایەتی بەرەی دژی شا و هەروەها نیزامی دوای پاشایەتی دەکرد. گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران و وتەکانی لە گۆڕستانی بەهەشتی زارا و دەربڕینی هەستەکانی زۆر دەللاقەی بەسەر نیزامی دوارۆژی ئێراندا کردەوە، بەڵام چاو و گوێکان ئەوکات حەزیان لە دیتن و بیستنی راستیەکان نەدەکرد. شەقامەکانی تاران و باقی شارەگەورەکان دەخرۆشان و خەڵک چاوەڕوانی بەهەشتی بەڵێندراو، نان، ئازادیی و بۆڕی نەوت و گازی دەکرد. مزگەوتەکان جمەیان دەهات و خوێندەوارە ئێرانیەکان زیاتر لە خەڵکی ئاسایی لە داکوتانی سینگەکانی دیکتاتۆرییەت و ستەمکاریدا رۆڵیان دەگێڕا. باڵە توندڕەوە ئایدۆلۆژییە جیاوازەکان لە راست و چەپ خەریکی گوتنی لەبەیک بۆ خومەینی و نیزامەکەی بوون و تەنیا لە کوردستاندا دەنگ و رەنگێکی جیاواز بەرچاو دەکەوت، کە باوەڕی بە وتە و درووشمی پیرە ئاخوندەکە نەدەکرد.

ژیانی سیاسی گەلانی ناوچە پڕە لە هەوراز و نشێو و بە ئاسانی ئاستەنگ و ئالەنگارییەکانی سەر رێگای سەرکەوتنی گەلان وەلانانرێن. کوردەکان لە کوردستان و سەر زێدی خۆیان بە درێژایی چەند سەدەی رابردوو بە چەند هۆکارێک لە چارەنووسە تاڵەکە رزگاریان نەبوە. ئەوان لە ژێر دوو سێبەری ئیمپڕاتۆری عوسمانیی و ئێرانیی و دواتر لە ژێر پاڵەپەستۆری چوار دەوڵەتی سەرکوتکەری تورکییە، ئێران، عێراق و سوریەدا دابەشکراون. رووداوەکانی رابردوو بۆ کوردان بۆن و بەرامەی بەهاری ئازادیی و هاوینی دامرکانەوەی لێ نایەت. خۆپێشاندانەکانی ئێران بۆ دەرپەڕاندنی شا و هاتنەوەی خومەینی تاڵاوی مەرگ و وێرانیان بە گەرووی کوردانی رۆژهەڵات و باقی ئازادیخوازانی ئێراندا کرد. گوند و شارەکانی کوردستان لە دوای هەڵاتنی حەمە رەزا شا و هاتنەوەی ئاخوندێکی دەمارگرژ بە ناوی خومەینی کەوتنە داوی مەرگی خاڵخاڵییەکان و لە رێگای چەکی جۆراوجۆر پەلاماری ماڵ وسامانیان درا. درووشمە قێزەوەنەکانی خومەینی لە کوردستان لافاوی مەرگ و خوێنی هەستاند و پاسدارە چەک بەدەستەکانی نیزامی تازە بە ناوی خوا، حوسێن و گەیشتن بە کەربەلا بەرەو چیا و دۆڵەکانی کوردستان هاتن.

مام کەریم و سۆفی حەمە و وەستا عەوڵا لەو رۆژانەدا وێڕای هاوشاریی و بەشێک لە خزمانی گوندەکان دڵگرانی خۆیان لە رووداوەکان دەردەبڕن. ئەوان و خەڵک دڵخۆشن، کە چەند حیزب و رێکخراوێک و بە تایبەت حیزبەکەی قازی خەڵکیان رێکخستوە و هێزی پێشمەرگەیان کۆکردۆتەوە. زۆر حیزب و رێکخراو لە نێو شارەکاندا بنکە و نوێنەرایەتیان داناوە و لاوەکان پۆل پۆل تێکەڵ بە حیزب و ریکخراوی دڵخواز دەبن. حیزبایەتی لێرە ئەگەرچی مێژوویەکی هەیە، بەڵام خەڵک زۆر لە گەڵ کەلێن و قوژبنەکانی کاری سیاسیی و حیزبایەتی ئاشنا نین. بە وتەی مام کەریم، لەو خاکەدا حیزب وەک کارگی بەهاران لە زەوی هەڵتۆقیون و هەر حیزب و رێکخراوەی لە شار و مەڵبەندێک پێی خۆی قایم کردوە. لە ئێراندا نیزامە دەسەڵاتدارەکان خەڵکی وڵات و تاکەکانیان بە ئەنقەست پەراوێز خستوە. ئەوان لە سەر ئەو باوەڕەن، کە ئەگەر خەڵک لە پاشکەوتووییدا راگیرێت ئاسانتر و باشتر ئیدارەدەکرێ و ئاستی چاوەڕوانییەکان نەزم و سەرەتایی دەبن.

سۆفی حەمە رۆژانە لە بەر سێبەری سوێبانەی خانوەکەیان لە گەڵ کۆمەڵێک لە پیاوانی گەڕەک بە عورفی خۆیان تەتەڵەی ئەو دۆخە دەکەن. ناوبراو حەزی لەو دۆخە پڕ لە چەرمەسەرییە نییە و روو لە مام کەریم و وەستا عەبدوڵڵا دەکات و دەڵێ:” براینە وادیارە نیشانەکانی ئاخیر زەمان دەرکەوتوون. گەورە و بچووک نەماوە و هەر حیزبەی بۆ خۆی ئاوێک دەڕژنێنێ. بە زەینی من زەمانە ناخۆش دەبێ و بۆنی شەڕ و ئاژاوە دەکەم”. مام سۆفی لە مام کەریم دەپرسێ، کە کەماڵی کوڕت لە گەڵ کام حیزبە و چەکی کێی لە لایە؟ مام کەریم، کە هێشتا تامە جیاوازەکانی شۆڕشی نەکردوە رادەگەیەنێت، کە کەماڵ و پێشمەرگایەتیان لە گەڵ یەکتر گونجاو نین. ئەمن چەند ساڵە بە هەژاریی و فەقیری ئەو منداڵانە بەخێو دەکەم و چاوەڕوانم، کە کوڕەکانم لابارێکم لە گەڵ بگرن و یارمەتیدەر بن. چاو لە بەرە دەستم کەن، کە چەندە و چۆن بە کرێکاری قەڵشیون. وەستا عەبدوڵڵا لەو نێوەدا سەری خۆی دەلەقێنێ و دەڵێت، مام سۆفی و مام کەریم باشە ئێمە چارمان چییە؟ ئەمن تازە ژنم هێناوە و منداڵم نین بۆ ئەوەی چەک بۆ کورد لە شان بکەن، بەڵام ئەگەر هیچ نەکەین و خەڵک داوای مافەکانی نەکات، چۆن لەو رەزالەتە رزگارمان دەبێ؟ ئەگەر بە تەما و چاوەڕوانی فریشتە و پەری و ئەرتەشی خودایین، ئەوە چیرۆکێکی دیکەیە و رەنگە هەتا گەڕانەوەی مەهدی سەرنەگرێ! هێشتا هەودای وتە و قسەکردنی پیرە پیاوان و هەروەها باوکان نەپچڕابو، کە کەماڵی کوڕی مام کەریم دەگاتە کۆڕی پیاوانی دڵشکاو و دڵگیراو. کەماڵ سڵاو لە مام کەریم و ئەوانی دیکە دەکات و بە  بابی رادەگەینێ، کە چەند رۆژێک سەفەر دەکات و کاری حیزبیم هەیە. مام کەریم بە بیستنی ئەو قسەیە بەندی دڵی دەپسێت و بە دەنگێکی بابانە دەڵێت، رۆڵە بەدوای خەڵکی سەر ڕووت مەکەوە و لە ماڵی خۆت دانیشە. باب و باپیرانم باسی زۆر دەور و زەمانەیان بۆ کردووم و ریسەکەی کوردان ئاخیری دەبێتەوە خوری. ئەوەتا مام سۆفی و وەستا عەبدوڵڵا شاهیدن، کە بە چ قوڕبەسەرییەک تۆم گەورە کردوە و نازانم ئەمڕۆ بەدوای چیدا عەوداڵیت؟ مام سۆفی ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە و بەمجۆرە رێنوێنی کەماڵ دەکات، کەماڵ بۆ خۆت پیاو بە و ئاگات لە باب و دایکت بێ. رۆڵە تەنیا رێگای خودا و محەممەد دەیبەنەوە و ئەگەر دایک و بابت لێت رازی نەبن، ناچیە بەهەشت. کەماڵ دەزانێ، کە باوک و هاوساڵەکانی لە گەڵ خەبات و بەرخۆداندا نین و هەر کەس دەخوازێ خۆیی و بنەماڵەکەی لە ئاگرە سوورەی خەبات دوور بێ. مرۆڤەکان لە ژینگەیەکی پڕ لە گوماندا ئیرادەیان بە تەواوەتی باڵا ناکات و لە هەموو جوڵەیەک دەترسن. نەوەی کۆن باوەڕی بە باشتربوونی بارودۆخەکە نییە و خوازیارن، کە منداڵەکانیان نەبنە سووتەمەنی شۆڕش و خەباتێک، کە سەر و بنی نادیارە.

سێبەرەکان بە هیواشی خۆیان شۆڕ دەکەنەوە. سەردەشت لە سەر بەری دەستی سرووشت و باوەشی گردەسووردا پڕە لە هاوار و بە شنەی بەیانیان و ئێوارانی سەرچاوەی شار دڵی برینداری باوەشێن دەکات. مەیدانی چەک لە ناوەڕاستی شار جمەی دێت و کڕیار و فرۆشیارانی چەک لەو بازاڕەدا بەدوای نان و پارەدا دەسووڕێنەوە. خەڵک هەر جارە گوێی لە بابەتێک دەبێ و هەر حیزب و رێکخراويک بە ئاوازێک دەخوێنێ. لاوان بە تێپەڕین لە مەیدانی چەکفرۆشتن و شەقامەکانی شاردا بیر لە دواڕۆژێکی نادیار دەکەنەوە و تێکەڵ بە ئێوارانی شار دەبن. سەرچاوەی شار بازنەیەکی گیان پێبەخشراوە، کە هەواڵ و رووداوەکانی شار لەوێدا تاوتوێ دەکرێن. لەو بازاڕەدا دەنگۆکان باڵ دەگرن و هەواڵەکان زار بە زار رێگا دەپێون و گوێی دانیشتوانی شار دەنگێون. لەو دۆخەدا کەماڵ باوکی و مام سۆفی و وەستا عەبدوڵڵا بەجێدێڵێ و بەرەو داوێنی شار شۆر دەبێتەوە. ئەو خەون بە چەک و رەختەوە دەیبینێ و لە رێگادا وێنەی ئەو رۆژانە لە مێشکیدا دەنەخشێنێ، کە وێڕای پێشمەرگە و هێزی بەرگری دژ بە پاسداڕەکانی سپای ئاخوندەکان دەجەنگن. کەماڵ لە شەقامی راستەقینەی شار سەرنجی بریسکانەوەی تیشکی خۆر لە سەر روومەت و روخساری چەکەکان دەدات، کە بە شێوازێک باس لە دوارۆژی جۆری دیالۆگی نێوان خاوەنانی خاک و داگیرکەرەکان دەکات. ناوبراو، ئەمڕۆ یەکەم رۆژە، کە بە فەرمی تێکەڵ بە ژیانی حیزبایەتی دەبێت و چەکی پێشمەرگانە لە شان دەکات. ئەو لە بنکەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شار دەمێنێتەوە و راهێنان لە سەر ژیانی تازە دەکات. ناوبراو راستەوخۆ بە باوکی نەگوت، کە لە بنکەی حیزب لە شار جێگیر دەبێت و بۆ شاردنەوەی پرسی چەک هەڵگرتنەکەی، بە مام کەریمی باوکی رادەگەیەنێ، کە بۆ چەند رۆژێک سەفەر دەکات.

کەماڵ لە گەڵ چەک ئاشنایە و شارەزای چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو چەکانەیە، کە پێشمەرگەکان کەڵکی لێوردەگرن.  ناوبراو، لە رۆژانی یەکەمدا تەنیا لە کاتی پارێزگاریدا چەکی دەدرێتێ، بەڵام پاش تێپەڕینی حەوتوویەک دەبێتە خاوەنی کەڵاشینکۆفێکی قۆنداخدار.. ئەو لە بنکەی حیزبی دێموکڕات لە گەڵ زۆر گەنج و کەسی دیکە ئاشنا دەبێ، کە هەر کامەیان هەڵگری چیرۆک و داستانێکی تایبەت بە خۆیانن. کەماڵ لە کاتی مانەوە لە بنکەدا تێدەکۆشی لە گەڵ ئەو نووسین و رۆژنامانە ئاشنا بێ، کە بەجۆرێک باس لە پرسی کورد دەکەن. ئەو کە لە قوتابخانەی شار ١٠ ساڵێک وانەی خوێندەوە، لە گەڵ نووسین و خوێندەوە بە زمانی دایکی ئاشنا نییە. ناوبراو لە بنکەکەدا دەبینێ، کە زۆر پێشمەرگە و چەکهەڵگر نە تەنیا خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیان نازانن، بەڵکو لە هونەری خویندنەوە و نووسین بە زمانی نەتەوەی سەردەست بێبەشن. کەماڵ دەبینێ، کە مرۆڤەکان جیاوازن و هەر کەسە بە ئامانجێک چەکی لە شان کردوە. شەوانە لە بەردەم بنکەی حیزب لە کاتی پارێزگاریدا بیر لە بنەماڵە و دوارۆژی خۆی دەکاتەوە، کە لە یەک چوارچێوەدا ناگونجێن. ئەو هێشتا بە تەواوەتی لە گەڵ حیزبایەتی و کاری پێشمەرگەکانە بە شێوەیەکی کرداری ئاشنا نەبوە. سۆزی چەک لە شانکردن و دەرکەوتن لە نێو کۆڵان و شەقامەکانی شار بە سەر بیرکردنەوە قوڵەکەدا زاڵن. کەماڵ بە هۆی خوێندەواریی و هەروەها ئۆگری بۆ فێربوونی زمانی دایک، لە هاوڕێکانی زیاتر دەناسرێ. ناوبراو بۆ فێربوونی زمانی دایک داوای یارمەتی لە  بەرپرسانی حیزب و خوێندەوار و کەسانی شارەزا دەکات.

کەماڵ ئێوارەیەک بە سەردانێکی دوو رۆژە دەچێتەوە ماڵ. دایک و باب و ئەندامانی بنەماڵە بە دیتنی شاد دەبنەوە، بەڵام بە لێشاوی پرسیارەکان کەماڵ دەتاسێنن. زارای دایکی بە دیتنی چەکێکی قۆنداخدار سەری سووڕ دەمێنێ و دەپرسێت، کاکە ئەو دوژمنەی لە چی دەگێڕیت؟ مام کەریم بە هەڵسووڕاندنی تەزبیحە قەزوانەکان دڵگرانی لەو بارودۆخە دەردەبڕێ. ناوبراو دەڵێت، بەخوا تەواومان کرد. کەماڵ، تۆ بە تەمای چی؟ خودموختاری چۆن وەردەگریت و چینی کرێکار چۆن دەحەسێنیەوە؟ کاوە، لەیلا و شیرین لەو دیالۆگ و قسەکردنەدا بێدەنگیان هەڵبژاردوە و زۆر ناچنە نێو جەرگەی ئەو پرسیارانەی، کە لە براکەیان دەکرێ. ئەوان دڵخۆش و شادن، کە هەموویان لە دەوری یەک کۆبوونەوە و وەک جاران لە سەر سفرەی هەژارانە دەتوانن بە دمەتەقەیەکی رۆژانە و ئاسایی جەمە نانەکەیان بخۆن و کاتەکان تێپەڕ کەن. کەماڵ زۆر خۆی لە قەرەی پرسیارەکان نادات و هەوڵدەدات بە ئاسانی رزگاری بێت، بەڵام بابی واز ناهێنێ. مام کەریم دەگێڕێتەوە، کە دوێنێ لە نێو شاردا گوێی لە پێشمەرگەی چەند لایەک گرتوە، کە هەر کامەیان بە جۆرێک درووشم و شوعاریان داوە. ئەو لەو پەرتەوازەییە نیگەرانە و بوونی ئەو چەکدارانە بە سەرەتاییەکی ناڕێک بۆ دۆخی کوردەکان پێناسە دەکات. بە باوەڕی مام کەریم، یەک میللەت و یەک هێزی چەکدار دەگونجێ، بەڵام یەک میللەت و ئەو هەموو حیزب و هێزە چەکدارە ئاسەواری خەراپ لە سەر کۆمەڵگا دادەنێ. ئەو بە دەنگی بەرز لە خوا دەپاڕێتەوە، کە لەو رۆژگارە ئاڵۆزەدا تووشی ناخۆشیی و دەرد و بەڵایان نەکات. مام کەریم روو لە کەماڵی کوڕی دەکات و دەپرسێ:” رۆڵە، ئەتۆ چەکداری کام حیزبی؟ ئەمن دەزانم، حیزبی قازی باسی خودموختاری دەکات، بەڵام ئەوانەی باسی چینی کرێکار و کارگەر دەکەن، بەدوای چ ئامانجێک کەوتوون؟ ئەدی رۆڵە ئەو چریک و سازمانە زۆرانە چۆن وڵات رزگار دەکەن؟ کەماڵ بە کورتی دەڵێ، بابە ئەمن لە گەڵ حیزبی قازیم و زۆر لەو حیزب و سازمانانەم نەکۆڵیوەتەوە، بەڵام بە کوردی هەر لایەنە و باس لە شوعار و خەونی خۆی دەکات. بابە، بەو زووانە زۆر شت روون دەبێتەوە و رۆژگار راوەستاو نییە. مام کەریم، لە کوڕەکەی دەپرسێت، کە حیزبی ئەوان لە گەڵ نیزام دەسازێن یان بەرنامەیان چییە؟ لە پڕ زارای دایکی وەقسە دەێت و دەڵێ: رۆڵە کەماڵ، خودموختاری چۆنە و ئەگەر ئەو داواکاریەمان قبوڵ کرا، ئێمە دەبینە چی؟ کەماڵ بە شێوازێکی خۆمانە دەڵێ: دایە، ئەوەندەی بیستوومە و خویندوومەتەوە، مەسەلەکە پێوەندی بە ئیدارەکردنی کوردستانە. سەرۆکی حیزب و رۆژنامە و کادرەکانی باس لەوە دەکەن، کە ئێمە ئێرانێکی ئازاد و کوردستانێکی خودموختارمان دەوێ. بە کورتی، دەمانهەوێ لە کوردستاندا بە زمانی کوردی بخوێنین و پێشمەرگە پارێزگاری لە سنوورەکان بکەن و ئازاد بژین. زارای دایکی دەڵێ، رۆڵە جا بە کوردی چۆن دەنووسرێ و دەخوێندرێ، کوا مەدرەسە و موعەلیم. بە خودای تاک و تەنیا حەزمان لەو خودموختارییە، بەڵام دەوڵەت دینی نییە و بە تانک و تۆپ و تەیارە دێتە سەرمان. کەماڵ سەرێک بۆ دایکی رادەوەشێنێ و دواتر ئاماژە بە چەکەکەی دەکات، کە بۆ پارێزگاری لە خاک و خەڵکەکەی هەڵیگرتوە. کاوە، کە هێشتا تەمەنی ١٤ ساڵە، زۆر حەزی لە چەکی براکەیەتی و لە دەورووبەری ئەو چەکە قۆنداخدارە دێتودەچێ. لە پڕ کاوە بە دایکی دەڵێ، ئەمنیش وەک کاکم دەبم بە پێشمەرگە. مام کەریم بە بیستنی ئەو قسەیەی کاوە دەهری دەبێ و وەک سۆبەی تازە داگریساوی چیلکان خەریکە گەفان دەکات و ئیستیکانە چایەکی بۆ لای سەماوەرەکە فرێدەدات و بە سەر کوڕەکانیدا هاوار دەکات. لەیلا و شیرین لەو دۆخەدا کز و بێدەنگن و لە نێوان توڕەیی باوک و خۆشەویستی براکانیاندا گیریان خواردوە.

زارا، بە مام کەریمی هاوسەری دەڵێ، کەریم ئەتۆ چت لە ئێمە دەوێ و بۆ نان و ئاوت بە ئێمە تاڵ کردوە. مەگەر نازانی، ئەگەر خودموختاریمان وەرگرت، ژیانی پیر و جحێڵان خۆش دەبێ و لەو رەزاڵەتە رزگارمان دەبێ. مام کەریم لە توڕەیی و خەفەتان چاوی دەوروبەر نابینن و لە زارای خێزانی توڕە دەبێ و دەڵێ، ئەدی بە سەری بابەت، خودموختاری بەیانی دێتە بەر دەرگا و وەک تەنەکەی رۆنی بە ماڵاندا دابەش دەکرێ. زارا کە راگرتنی دڵی کوڕەکانی بەلاوە گرینگترە بە هاوسەرەکەی دەڵێ، ئەگەر حیکایەتیش بێ ئەو خودموختارییە هەر خۆشە و رۆژانە پێنج فەڕزە لە سەر بەرماڵێ لە خوا و پێغەمبەران دەپاڕێمەوە، کە پشت و پشتیوان بن. کەماڵ بۆ ئارام کردنەوەی بارودۆخەکە بە باوکی دەڵێ، بابە راستە ئێمە دەبێ هەموو پێکەوە کار بکەین و ژیانی خۆمان بەڕێکەین، بەڵام هەتا کوردستان ئازاد نەبێ، خۆ ئێمە رزگارمان نابێ. ئەمن بۆ دوو شەوان هاتوومەوە و با پێکەوە بە خۆشی ئەو کاتانە تيپەڕ کەین و خوا گەورەیە. کەماڵ روو لە کاوە دەکات و دەڵێ، تۆ تەمەنت کەمە و بۆ پێشمەرگایەتیی و چەک هەڵگرتن زۆرت ماوە.  بێجگە لەوە، خۆ ناکرێ ماڵی ئێمە هەموو چەک هەڵگرن و لە ماڵ دەرچن. تۆ وەک کوڕی ماڵ لە دەوری دایک و بابم و خوشکەکان بژی و رۆژگار دەگۆرێ. چەک هەڵگرتن تەنیا مانەوە لە شار و گوند نییە، بەڵکو دەبێ لە کاتی پێویستدا بۆ شوێنەکانی دیکەی کوردستان بڕۆی و ئەرکێکی دژوار و قورسە. مام کەریم کەمێک ئارام و ئۆقرەی گرت و دواتر بە پێکەنینەوە ئەو وردە چیرۆک و بەسەرهاتانەی دەگیڕێتەوە، کە لە سەردەمی شێخ مەحمود، سمکۆ، قازی، شۆڕشی ئەیلولدا بە سەر کورد و پێشمەرگەکانیدا هاتوە. ناوبراو، لە قسەی خۆی نەدەهاتە خوار و لە کۆتایی وتەکانیدا دەیگوت، بە غەوسی گەیلانی حەزم لە حوکومەتی کوردییە، بەڵام خودا شاهیدە عەقڵم نایبڕێ و کورد زۆر زەحمەتە بە ئاسانی رزگاری بێ. کەماڵ بۆ بیستنی بیروڕای باوکی لە سەر شۆڕشی ئەیلول و دواتر شکان و ئاشبەتاڵەکە دەپرسێ، بابە ئەتۆ چۆنت ئاگا لەو شکان و روخانە گەورەیە هەیە و کێ تاوانبارە؟ مام کەریم، حەزی لە چای گەرمە و روو لە کچەکانی دەکات و داوای هێنانی چای دەمکراو و گەرمیان لێدەکات. پاش هەڵقۆڕاندنی سێ ئیستیکان چای قەدباریک و هەڵدانی کڵۆ قەندە تەورێزیەکە ئاخێک هەڵدەکێشێ. ناوبراو بە دڵشکاوی دەڵێ، ئەو کات کورد دڵخۆش بوون کە شۆڕش سەربکەوێ و بەجۆرێک مافەکانیان وەرگرن، بەڵام وەک هەمیشە کوردەکان لە کۆتایی رووداوەکاندا دەستیان لە بنی هەمبانە دەرچوو و کەوتنە سەر ساجی عەلی. ئێمە لەم دیوەی کوردستان زۆر حەزمان لە سەرکەوتنی کوردی گەرمێنێ بو، بەڵام کورد لە گەڵ یەکتر ناپاکن و خودا دەزانێ سەرکردەکانیش سوارچاک نین و خەریکی گێرە و کێشەی خۆیانن. ئەو سەردەمەی پێشمەرگەکانی دێموکڕات لە کوردستانی گەرمێن جێگایان نەدەبۆوە و بە فەرمانی مەلا مستەفا زۆر پێشمەرگە گیران و کوژران و رادەستی خوانەناسەکانی حەمە رەزا شای کرانەوە. ئەمن ئەو شەو دەزانی بۆچی توڕەم، چونکە دونیام لە ئێوە زیاتر دیتوە و لە کۆنەوە زۆر چیرۆکیان سینگ بە سینگ بۆ گێڕاومەوە، کە باسی پەرتەوازەیی کوردان دەکەن. کەماڵ ئەمن لەتۆ دەپرسم، لەو شارە چەند کەس دەژین و چەند پێشمەرگە چەکی هەڵگرتوە؟ کە جحێڵ بووم، زۆر خەونی گەورە و پاکم هەبوون، بەڵام زەمانە زۆر بێ رەحمە و درەنگ یان زوو کوردەکان دەکەونە سەر چۆکان. نازانم، ئەوە چارەنووسیکی خوداییە یان ئاکامی خۆخۆریی و پێکەوەهەڵنەکردنی کوردانە.

شەو باڵی بە سەر هەموو لایەکدا کێشاوە و شار خەریکە دەچێتە باوەشی خەوێکی ئارام. شەوانی هاوین و بە تایبەت خەوی سەر بانەکان بۆ لاوەکان تام و چێژێکی تایبەتی هەیە، بۆیە کەماڵ بە چەکەوە دەچێتە سەر بان و تێکەڵ بە خەوی شیرین و ئاسمانی پڕ بە ئەستێرە دەبێ. کەڵەبابەکان لەو دەڤەرەدا بە هاتنی سپێدە شادن و ماوەیەک بەر هەڵاتنی خۆر بە خوێندنی خۆیان بانگی هاتنی بەیانی بە گوێی خەوتوەکاندا دەخوێنن. خەوی بەیانیان ئەگەرچی شیرینە و مرۆڤ بە ئاسانی بەر نادات، بەڵام بانگی مزگەوتەکانی شار و هەروەها راسانی وزە جیاوازەکان پاڵەنەری وەخەبەرهاتنی زۆر کەسە. مام کەریم بەیانیان بۆ نوێژکردن روو لە مزگەوتی گەڕەکەیان دەکات و لە رێگای چوون و هاتندا لە گەڵ جیران و هاوتەمەنەکانیدا باس لە رووداوە گەرمەکانی رۆژ دەکەن. ئەوان زیاتر لە نەوەی تازە تووڕەن و خوازیاری پاراستنی باڵانسی ژیان و ئاسایشن، بەڵام گەنجەکان لە گەڵ چەرخی رووداوەکان دەڕۆن و زۆر بە قوڵی ناچنە ناخی پرس و رووداوەکان. مەلا عوسمان لە مزگەوتی گەڕەک جار و بار لە گەڵ نوێژکەرەکاندا دەدوێ و هەواڵی ماڵ و منداڵەکانیان دەپرسێ. ناوبراو داوا لە دایکان و باوکان دەکات، کە کوڕەکانیان فێری چونە مزگەوت بکەن و بۆ نوێژ و رۆژوگرتن رێنوێنیان بکەن. لەو بەرەبەیانیەدا لە مام کەریم دەپرسێ،  کە کوڕ و کچەکانی چۆنن و ماوەیەکە کەماڵی کوڕی نابینێ. مام کەریم بە دەنگی کز و ئارام بە مەلا عوسمان دەڵێ، مامۆستا چت عەرز بکەم، کەماڵیش خەریکە سواری ئەسپی هەوەسی کوردایەتی بوە و چەکی پێشمەرگایەتی هەڵگرتوە . مەلا عوسمان خوازیاری وەرگرتنی زانیاری زیاترە و لە مام کەریم دەپرسێ، لە گەڵ حیزبی پێشمەرگە پیاوەکان کەوتوە یان ئەوانەی پێشمەرگەی ژن و کچیان هەیە و داس و چەکۆشکێکیان لە سەر ئاڵا سوورەکەیانە؟ مام کەریم بە پێکەنینەوە دەڵێ، مامۆستا لە گەڵ حیزبی قازی کەوتوە و کەماڵ کورێکی خواناسە. مەلا عوسمان دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و لە خوا دەپاڕێتەوە، کە موسوڵمانەکان لە سەر رێگای چاکە و راست رابێنێ و دەست لە عەمریان بگرێ.

سەماوەری ماڵی مام کەریم و زۆربەی ماڵە کوردییەکان بەیانیان زوو هەڵدەکرێن و ئۆگرانی گەرمەچا لە دەوری یەک کۆدەبنەوە. زۆر جار گەورەی ماڵ سینگ بە سەماوەری دەنێ و بەیانیان بە کەیفی دەڵی خۆی بە ئیستیکانە قەد و لار باریکەڵەکان تێر چا دەخواتەوە. مام کەریم بە دیتنی سەماوەرە هەڵکراوەکە بزەی دێت و پاش چەند جار ناوهێنانی خوا و پێغەمبەر بەرامبەر بە سەماوەرە کوڵیوەکە دادەنیشێ و چاوەڕوانی کچەکانیەتی، تاکو یەکەم چای بەرەبەیان هەڵقوڕێنێ. کەماڵ دوای هەڵاتنی گزینگی خۆر و هەڵکردنی شنەبای بەیانی و مۆسیقای باڵندە پڕ لە جوڵەکان لە خەو هەڵدەستێ. ئەو ماوەیەک سەرنجی جیران و دارە توەکەی حەوشەیان دەدات، کە بۆتە مەڵبەندی چۆلەکە و باڵندەکانی دیکە. زارا لە ژوورەوە هاوار دەکات، کە نانی بەیانی ئامادەیە. کەماڵ، کاوە، لەیلا و شیرین وێڕای دایک و بابیان لە دەوری سفرە نایلۆنە گوڵگوڵەیەکە کۆدەبنەوە. مام کەریم، لە دەستپێکی نانی بەیانی باس لە مەلا عوسمان دەکات، کە ئەحواڵی ماڵ و منداڵی پرسیوە و ئاگادارە، کە کەماڵ بۆتە پێشمەرگە. زارا بە وشەکانی مام کەریم توڕە دەبێ و بە دەنگێکی تیژ هاوار دەکات، خودایە پەنا بە تۆ لە دەستی مەلا، جیران و کەریم ژیانمان شێواوە. کچەکان سەرەتا گەڕە چایەک تێدەکەن و دواتر بە تێکڕا نانی بەیانی بە ماست و رۆنی خۆماڵی دەخۆن. لە سەر سفرە هەر کەسە و بە جۆرێک باس لە رۆژگار دەکات و کچەکان لەو بەرەبەیانەدا دەخوازن باسێک لە گەڵ براکانیان بکەنەوە. لەیلا، کە کچی گەورەی ماڵە روو لە کەماڵی برای دەکات و دەپرسێ، کاکە ئەرێ مەسەلەی ژنهێنانی تۆ چی بەسەر دێت؟ وەک بیستوومانە تۆ لەمێژە بە نیازی خواستنی کچی مام رەحمانی بانەزێریت. شیرین لە بنەوە لەیلا توڕە دەکات و دەپرسێ، خوشکێ رەنگە رێگا بۆ خۆت خۆشکەی و بە تەمای مێردکردن بی؟ زارای دایکیان بە سەری لێوانەوە دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەوە کاری خوایە و کچ دەبێ مێردی بکات و کوڕ  ژن بێنێ. ئەوەش قسمەتی خودایە و هەتا خوا قەڵەمی لێنەدا رەنگە ئەو کارانە سەرنەگرن. کەماڵ لەو پرسیار و باسانە سەری ئەستور بوە و تێناگات، کە چۆنە چەک هەڵگرتنێک ئەو هەموو پرسیارانەی خوڵقاندوە. خەون و خەیاڵی پێشمەرگایەتی و پارێزگاریکردن لە خاک و خەڵک کەماڵی سەرقاڵ کردوە، بۆیە وەبیرخوشکەکەی دێنێتەوە، کە ژیان بەردرێژە و وەرزی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش درەنگ یان زوو دێتە سەر رێگا. مام کەریم لە پڕ باسێکی بیر دەکەوێتەوە، کە پێوەندی بە خوازبێنی لەیلای کچیەتی و ماوەیەک لەوە پێش لە لایەن باوکی کوڕێکەوە وەبن گوێی هەڵێنراوە. لە کاتێکدا پاروە نانە ماستاوییەکە بۆ لای زاری دەبات، چاوێک لە لەیلا دەکات و دەپرسێ، رۆڵە لەو سەردەمەدا باشترین کار ئەوەیە تۆ دابمەزرێنین. لەیلا لە شەرمان لە سەر سفرەکە هەڵدەستێ و خۆی بە گەسکدانی حەوشەی ماڵەکەیان خەریک دەکات.

مام کەریم باسەکە دەکاتەوە و روو لە کوڕ و هاوسەرەکەی دەکات، کە ماڵی سەلیمی مەمەنداغای بۆ عەباسی کوڕیان داوای لەیلا دەکەن. کەماڵ گوێبیستی وتەکانی دایکی دەبێ، کە دەڵێ کەریم ئەمن لەیلام بۆ کوڕی برای خۆم داناوە و حەز ناکەم بیدەم بە بێگانە. مام کەریم سەرێک رادەوەشێنێ و بە هێواشی دەڵێ، خزم لە کن خزمی سوکە و کچی خۆمان دەدەینە خەڵکی دیکە. کەماڵ سەری لەو هەموو گێرە و کێشە دەرناچێ و بە باوک و دایکی دەڵێ، با کەمێکی دیکەش سەبر بکەین و دواتر رەنگە پیاوێکی گونجاو و باشی بە نسیب بێ. شیرین دوای بیستنی باسەکان سفرەکە جێدێڵێ و دەچتە حەوشەکەیان و قسەی هەمووان بۆ خوشکەکەی دەگێڕێتەوە. ئەو لە لەیلا دەپرسێ، خوشکێ ئەتۆ حەز لە خزم دەکەی یان بێگانە؟ لەیلا حەوشەکە بە نیوە خاوێنکراوی جێدێڵێ و دواتر دەچێتەوە ژوور و سفرەکە کۆ دەکاتەوە. باسەکان کۆتاییان هاتوە و کەمێک شەرمی شکاوە و دەزانێ، کە پرسیارەکەی بەیانی هەویرێکە ئاو زۆر هەڵدەگرێ و رەنگە مانگ و ساڵانی داهاتووش ئەو باسە زیندوو بێتەوە.

مام کەریم کارێکی بەردەوامی نییە و لە وەرزەکانی هاوین و سەرەتای پاییزدا وەک کرێکارێک لە کاری سازکردنی خانو و باڵەخانەکاندا کار دەکات. دەستە قەڵشیوەکانی و سەر و چاوە سووتاوەکانی لە ژێر خۆری هاویندا بەشێکن، لە خەمی هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە خێروبێری بەروبومی وڵات سوود نابینن. باب و دایکە هاوتەمەنەکانی مام کاریم و زارای هاوسەری، بیریان لەوە نەدەکردەوە، کە کوڕەکانیان لە تەمەنی گەورەساڵیدا تێکەڵ بە هێزی چەکدار و حیزبی سیاسی ببن. هیوا و ئومێدی باوکان و دایکان گەورەبوونی منداڵەکان و سووکبوونی ئەرکی بەخێوکردنی خێزان بو. کارە وەرزییەکان بۆ ماڵە خاوەن منداڵەکان زۆر گونجاو نەبوون، بەڵام رێگایی دیکە و بژاردەی زۆرتر نەبوون. مام کەریم، لە وەرزی زستان و بەهاردا وردەکاری دیکەی دەکرد، بەڵام باخەڵی گەرمدا نەدەهێنا و تەنیا بەشی وردە پێداویستییەکانی ماڵی دەکرد. زۆربەی ماڵەکان لەو بارودۆخەدا پشتیان بە خۆیان دەبەست و بە کۆتایی هاتنی هاوین و دەستپێکی پاییز تەماتە، باینجان و کولەکەیان ویشک دەکردن و وەک پێخۆری خواردنی زستانە هەڵیان دەگرتن. ساوەرکوتان و ترێ نانەوە و دۆشاوکردن، روبی تەماتە و هەروەها سازکردنی مرەبای بەهێ و هەنجیر زۆر کەسی بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکرد. ژیان بە تەواوەتی نەکەوتبۆ سەر رێچکەی مۆدێرن و زۆربەی ماڵەکان لە شارە چووک و گوندەکان مریشک و مەڕ و ماڵاتیان رادەگرت. حەوشەی ماڵی مام کەریم و جیرانەکانیان لەو رۆژانەدا پڕ بوون لە مریشک، فڕوج، کەڵەباب و هتد.

پاش خواردنی نانی بەیانی مام کەریم و کوڕەکانی دەچنە حەوشەی ماڵ و لە بن سێبەری دارە توەکە گوێ بۆ رادیۆ شل دەکەن. رادیۆ ئەو کات وەک زانکۆیەکی گشتی خزمەتی دەکرد و بەشێکی زۆر لە خەڵکی سیاسی و تازە پێگەیشتوو بۆ ئاگاداربوون لە رووداوەکان رادیۆی بچکۆڵانەیان لە گەڵ خۆ دەگێڕا. رادیۆی تاران بۆ کوردەکان زۆر دڵگیر نەبوو، چوونکە خۆیان تێدا نەدەدیتەوە. رادیۆی بەشی فارسی بی بی سی گوێگری زۆرتری هەبوون، کە زیاتر باسی رووداوە سیاسییەکانی دەکرد و بیروڕای جیاوازی لە سەر رووداوەکانی ئێران، چارەنووسی شا و هاتنەوەی خومەینی بڵاودەکردەوە. رادیۆی بەغداش لە بەشی کوردیدا زیاتر گرینگی بە بواری گۆرانی، فۆلکڵۆڕ و هەروەها هەواڵەکانی تایبەت بە حکومەت و جیهانی عەڕەبی دەدا. کوردەکان خاوەنی مێدیایەکی کاریگەر و سەربەخۆ نەبوون، کە خەڵکی کورد لانی کەم لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوارۆژی مەترسییەکان ئاگادار بکاتەوە و کوردەکان لە دوارۆژی مەترسیدار و ژێنۆساید ئاگادار بکاتەوە. مام کەریم، کەیفی بە هەواڵ و خەبەرەکان زۆر خۆش نەدەبو، بەڵام بە ناچاری گوێی لە هێندێک بەرنامە دەگرت. لە زمانی فارسیدا کۆڵەوار و ناشارەزا بو، بەڵام بە خوار و خێچی هێندێک بابەتی وەسەر یەک دەخستنەوە و بەشێک لە دەربڕینەکان تێدەگەیشت.

مام کەریم لە کاتی گرتنی دەنگی کوردی بەغدا و گوێگرتن لە گۆرانی حەسەن زیرەک داوا لە کوڕەکەی  دەکات، بە قسەی بابی  بکات واز لە پێشمەرگایەتی بێنێت و ژیانی هاوبەش پێکبێنێ. بە تێگەیشتنی مام کەریم، ئەو بارودۆخە ناگۆڕێ و کورد دەوڵەتی نییە و دەرەقەتی حوکمەتی تازە نایەت. چەند مانگ لەوە پێش، لە سنە شەڕی خوێناوی بەرپاکرا و رێژیم زۆر زاڵمانە پەلاماری بەردەسەر خەڵکی سیڤیل. لەو شەڕەدا، کە بە نەورۆزی خوێناوی سنە بەناو بانگە، سەرتاپای کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەندیل بەسەر و قات لەبەرەوە دڕندایەتی خۆیان بەرامبەر بە پرسی کورد و مافەکانیان دەربڕی. لە شاری نەغدە، لە مانگی بانەمەڕدا پیلانی شەڕی ئازەرییەکان لە گەڵ کورد جێبەجێکرا و هەرجارەو کورد لە مەڵبەندێکەوە تووشی پیلانگێران و ئاژاوەگێران دەبوونەوە. لە مەریوان و زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان سەرەتاکانی دەرکەوتنی قۆناخی دژوار و ئالەنگارە رقەنەکان دەردەکەون. چەند جارە دەڵێن نوێنەرانی کورد و دەوڵەت کۆبوونەوە، بەڵام چ خێرێکی نەداوەتەوە. نوێنەرانی دەوڵەت دێن، نوێنەرانی حیزبەکان دەچن بۆ قۆم و تاران، بەڵام خۆ خافڵاندنە. نیزامی مەلایان لە سڵەتەنەتی شا زۆر رەقترن و بە خوێن دەڕۆن. خەڵکی ئێران تازە لە خوێنی خۆپێشاندان و تەزاهوڕاتەکان رزگاری نەبوە و توانای نییە دژی ئەو رژیمە خوا نەناسە راوەستێ و لە سەر شەقامەکان سەنگەر بگرێ. بەخودای رۆڵە، تازە کەوتووینە داوی زەمانە و ئەو ریشە پێویستی بە شانە هەڵگرتنە. ئەمن مردوو و ئەتۆ زیندوو، ئەو خودموختارییە هەر بە ناویش قبوڵ ناکرێ. کەماڵ بە وردی گوێ لە وتەکانی بابی دەگرێت و لە مام کەریم دەپرسێ، باشە ئەگەر ئەمن هاتمەوە ماڵێ چ لە وەزعەکە دەگۆڕێ؟ ئایا حکومەت دەڕوخێ و کورد سەردەکەوێ؟ پاشان ئەگەر هەموومان خۆمان پەنا بدەین و کەس ئامادە نەبێ لە پێناوی خاک و خەڵکدا چەک لە شان بکات، چۆن و چەندە قازانج دەکەین؟ بابە، قسە و گێرانەوەکانی تۆ زۆر راستن، بەڵام هەوای کوردایەتی لە کەللەی داوم و تازە لە ماڵێش بم خێرێکی ئەتۆم نابێ. ئەگەر ژیانی هاوبەش پێکبێنم و منداڵیشمان هەبێ، ئەو لەو رێبازە لانادەم. ئەمن باوەڕم بە نان و ئازادی گەلەکەمە و رۆژ ڕەشەکانی ئەمڕۆمان بەرهەمی بێدەنگی ئێوە و قبوڵکردنی زوڵمی گەورەی داگیرکەرەکانە. ئەمن و ژمارەیەک لە پێشمەرگەکان سوێندمان خواردوە، کە لە پێناوی خاک و خەڵکدا گیان لە سەر دەست بین.  با چەند دە ساڵی دیکە، خەڵک بڵێن کە ژمارەیەک کورد لە سەر مافی نەتەوەکەیان لە فڵانە شەڕ دژ بە داگیرکەرانی کوردستان گیانی خۆیان فیداکردوە. مام کەریم، تێدەگات، کە کار لە کار ترازاوە، بەڵام وەبیر کوڕەکەی دێنێتەوە، کە ئەو کارە لێرەدا کۆتایی نایەت. سبەینێ کاوەی برات رەنگە بە لایەکی دیکەدا بڕوا و ئەوجار ئەمن و دایک و خوشکەکانت دەمێنینەوە. پێویستە کارێک بکەین، کە کاوە بیر لە چەکهەڵگرتن و بوونە پێشمەرگەی حیزبێک نەکاتەوە. زەمان گۆڕاوە و کوڕ و کچەکان گۆڕاون و شەرم نەماوە. رەنگە ساڵێکی دیکە، کاوە بە لایەکی دیکەدا بڕوات و بچێتە گەڵ حیزبی ئاڵاسوورەکان و تێکەڵ بە حیزبی چەکوش و داس بێ.

بانگی نیوەڕۆیە لە مزگەوتەکان دەدرێ و بەشێک لە نوێژکەران بۆ ئەنجامدانی نوێژی بە جەماعەت بەرو مزگەوتەکان دەڕۆن. گەنج و لاوەکان کەمتر ئۆگری چوون بۆ مزگەوتن، بەڵام لە ریزی نوێژکەراندا خەڵکی مێرمنداڵ و گەنج دەبیندرێن. مزگەوتەکان بۆ رێژیمی ئاخوندەکان بنکەی باشن و بە ناوی دین و بڵاوکردنەوەی سوننەتە ئایینیەکان دڵی بەشێک لە خەڵکیان داگیر کردوە. بەشێک لە مەلاکان ناوێرن بە ئاشکرا تێڕوانینی خۆیان دەرببڕن، بەڵام بە کردەوە فریوی درووشم و شوعارەکانی ئاخوەندەکانی تاران و قۆمیان خواردوە. ئەوان چاوەڕوانن، کە حیزبە کوردییەکان و پێشمەرگەکانیان بە تێپەڕینی کات لە شارەکان بچنەدەر و داری خواپەرەستی لە ژێر سایەی نیزامی تازە دامەزراودا چەقەرە بکات. مەلا کوردەکان لە کۆنەوە زۆر بە کەمی خاوەنی تێگەیشتنی قوڵ لە رەهەندە جیاوازە ئایینی و نەتەوەییەکانن. ئەوان زیاتر ئەهلی ژیان و بەخۆراگەیشتنن و زۆر بە کەمی بە ئارەقەی دەستی خۆیان دەژین. مەلا کوردەکان وەک رێژەیەکی خوێندەوار و خاوەن هونەری نووسین و خوێندن ئەرکە نیشتمانییەکانی خۆیان نەناسیوە و لە ئاستی کۆمەڵگەدا بە کەمترین بەرپرسیارەتی خۆیان رزگار کردوە. زۆربەیان کاریان تەنیا پێشنوێژی، تەڵقیندانی مردوەکان، ژن مارەکردن و رێنوێنی خەڵک لە چۆنیەتی گرتنی رۆژوو و سەر چاککردنەوە و وەرگرتنی زەکات، سەرفترە و هتدە. بەشێکی کەم لە مەلاکانی کوردستان کاری پەروەردەیان راپەڕاندوە و زۆر بە کەمی هاوکاری خویندەوارکردنی خەڵک بوون. ئەوان و مزگەوتەکانیان لە بەر نەبوونی وردبینیی و دووربینی وەک قەشە و کەلیسەکان خەڵکیان فێری خوێندنەوە و نووسین نەکردوە. لە پرسە گەورەکاندا بایەخە مرۆڤیی و ئایینیەکانیان لەبیر کردوە و بە رێژەیەکی کەم لە سەر گوتنی ویست و داخوازە رەواکان راوەستاو و پایەدار بوون. مەلاکان لە پڕۆسەی خزمەتکردنی کۆمەڵگا دوور بوون و زۆربەیان خۆیان وەک توێژی سەرەوەی کۆمەڵگا پێناسەکردوە، کە کاریان تەنیا ئەنجامدانی کارە روتینەکانە. مزگەوت و حوجرەکان بۆ پیاوان بوون و ژن و کچەکان لەو ناوەندانە دوور بوون. خەڵک لە گوند و شارەکان خزمەتی مەلاکانیان کردوە و پارەی مانگانەیان داونێ و زۆربەی کاروباری رۆژانەیان بۆ راپەراندوون، بەڵام مەلاکان لە ئاستی وەرگرتنی ئەو خزمەت و چاوەڕوانیانەی خەڵک و گەلەکەیاندا نەبوون و نین. مەلای زرۆبەی گەل و قەشەی زۆربەی نەتەوەکان بە کردەوە دین و کتێبە ئایینیەکانی بۆ خزمەت بە خەڵک و ژینگەکەی بەکار هێناوە و لە رەوتی خەباتی سیاسیی و رزگاریخوازانەدا پاڵپشت و پێشڕەو بوون. مەلایەتی لە کوردستاندا لە فۆڕمی گشتیدا نەبۆتە خاوەنی کولتوری بەرپرسیارەتی و بژاردەی کۆمەڵگای کورد وەک شێخ، ئاغا و مەلاکان لە بەشینەوەی رووناکبیری نیشتمانیدا رۆڵی لاوازیان گێڕاوە.

مام کەریم بە بیستی ئەڵڵاهوئەکبەر و ئەڵڵاهوئەکبەر، لە دەنگبرزکەرەوەی مزگەوتەکە بە تەوژمێکی خێرا بە سەر کۆڵان و شەقامەکاندا بڵاودەبۆوە، شادە و ئیمان دێنێ و بەرەو مزگەوت دەڕوات. کەماڵی کوڕی بە ئەسپایی دەچێتە ژوور و لە گەڵ دایک و خوشکەکانی و کاوەی برای سەرقاڵی خواردنەوەی چا دەبن. کاوە ئەو ساڵ بۆ پۆلی سێهەمی ناوەندی دەچێ و وتەکانی دەیسەلمێنن، کە سەری زۆر لە خوێندن ناخورێ. ئەو چەند نامیلکەیەکی لە نێو شار دەستکەوتوە، کە بە فارسی نووسراون و لە سەر باوەڕەکانی مارکس دەدوێن. کەماڵ، چاوێکیان لێدەکات و لە کاوە دەپرسێ، دەزانی مارکس بە چ رێگایەکدا توانیویەتی بە نەمری بمێنێتەوە و کتێبەکانی بڵاوکردوونەوە؟ کاوە، دەڵێ، بەڵی بە رێگای چینی کرێکار و هەروەها بە زەحمەت و ماندووبوونی چەکوش و داس بەدەستەکان. کەماڵ زەردەیەکی دێت و بە کاوە دەڵێ، براکەم ئەو بە خوێندن و خۆماندووکردن توانیویەتی بەو ئاستە بگات. تۆش ئەگەر خۆت ماندوو بکەیت و دەرسەکانت تەواو بکەی، دەرفەتی باشترت بۆ دەرەخسێ. خەڵکی خوێندەوار و شارەزامان دەوێ و تۆ دەگونجێ یەکێک لەو کوڕانە بیت، کە لە داهاتوودا بتوانی خزمەتی کرێکار، وەرزێر و پێش هەمووان باوکت بکەی. کاوە، زۆر سەری لەو شیکردنەوانە دەرناچێ، چوونکە ناوبراو ئاشقی ئەو شوعار و درووشمانەیە، کە باس لە جیهانێکی بەرابەر دەکەن. کورد گوتەنی، ئەو ناخوازێ ببێتە شارەزایەکی رێبازی مارکس و تەنیا ئۆگری رۆژگار و سەردەمەکەیە، کە هەر حیزب و رێکخراوە بە رەنگ و وێنەیەک باس لە دواڕۆژ دەکات. کاوە چەند رستەیەکی فارسی، کە لە نامیلکەکاندا نووسراون بە ناتەواوی وەردەگێڕتە سەر زمانی کوردی، کە زیاتر لە سەر بورژوا، کۆمەڵگەی سەرمایەداری و ئەرکی چینی کرێکار دەدوێن.

لەیلا و شیرین خەریکی کاروباری ماڵن و جاروبار گوێبیستی دەمەتەقەی براکانیانن. شیرین بە لەیلای خوشکی دەڵێت، کە بەخت و شانسیان هەیە، کە نەچوونە قوتابخانە و فێری خوێندنەوە و نووسین نەبوون. لەیلا زۆر سەرنجی قسەکەی شیرین نادات و خۆی سەرقاڵی کاروباری ماڵ دەکات. مام کەریم پاش گەڕانەوە لە مزگەوت سەروچاوی رەشهەڵگەڕاوە و جنێو بە دار و بەرد دەدات. زارا لە بن سەماوەرەکەی دانیشتوە و سەری خۆی پێچاوە و بە دیتنی هاوسەرەکەی زۆر تێکدەچێ. سەرەتا وادەزانی کەریم بۆ خواردنەوەی چا تاڵوکە و پەلەیەتی و زوو ئیستیکانە قەد باریکەکەی بۆ لە سەر ژێرپیاڵە شینەکە دادەنێ. مام کەریم ئارام بوونەوەی نییە و پەلاماری ریشی خومەینی و مەندیلی ئاخوندەکان دەدات. ئەندامانی خێزان بێدەنگن و چاوەڕوانن بزانن، کە چ هەواڵێک هەیە. مام کەریم ئیستیکانە قەد باریکەکەی بە سەر ژێرپیاڵە شینەکەدا لار کردەوە و دواتر بە هەڵدانی کڵۆ قەندێک بۆ زاری ئامادەی خواردنەوەی چا گەرم و دەمکێشراوەکە دەبێ. ئەو لە کاتێکدا قەندەکەی لە زاردا وەک کەللایەک دێناودەبرد، گوتی، لە مزگەوتدا بڵاوکرایەوە، کە خومەینی، پیاوە ریش درێژ و جەهەندەمییەکە فەرمانی جیهادی بۆ سەر کوردستان دەرکردوە. کەماڵ بە بیستنی ئەو هەواڵە راست دەبێتەوە و چەک و رەختەکەی دەبەستێ و خۆی دەگەیەنێتە بنکەی حیزب. خەڵک خەمبارە و لە هاتنەوەی خومەینی وردە وردە پەشیمانن و تێدەگەن، کە لە داوێکی زۆر ئاڵۆز کەوتوون و بە ئاسانی رزگاریان نابێ. ئەو فەرمانەی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان لە دوای رووداوەکانی پاوە بوون، کە بە راگەیاندنی شەڕی سەرتاسەری رێژیم دژ بە کوردەکان پێناسە دەکرێ.

کەماڵ بە گەیشتنی بۆ بنکەی حیزب تێدەگات، کە بارودۆخەکە ئاسایی نییە و هەموو لایەک خۆیان بۆ شەڕ ساز و ئامادە دەکەن. ئاماژەکان ئاشکران و هەموو لایەک کەم و زۆر تێگەیشتبوون، کە نیزامی تازە ئامادە نییە مافی کوردان بدات. هێزە سیاسییەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنین و خۆیان بۆ پارێزگاری لە شار و گوندەکان ئامادە دەکەن. ئەوان پڕش و بڵاون و وەک هێزێکی تەیار و فێرکراوەی دەوڵەتێک نین و زۆر لایەن لە پاش راپەڕینی گەلانی ئێران دژ بە نیزامی پاشایەتی تێکۆشاون هێزی چەکدار پێکەوە بنێن و حیزبی دێموکڕات لەو گۆڕەپانەدا بە حیزبی یەکەم دادەنرێ. ئەوان خاوەن رێکخستن و کادری کۆن بوون و لە رابردوودا بۆ خەڵک ناسراو بوون. ئەو حیزبە لە سەردەمی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی لە سابڵاغ کۆمارێکی راگەیاند، کە نیزیک بە ساڵێک خۆی گرت و دواتر لە ژێر پاڵەپەستۆی رێژیم و هێزی ئەرتەش کەوت. بنکەی حیزبی دیموکڕات لە شار ئەمڕۆ جموجوڵێکی زۆرتری هەیە و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی حیزب دێن و دەڕۆن. ئەوان بارێکی قورسیان لە سەر شانە و بێجگە لە ئیدارە کردنی شار و گوندەکان دەبێ لە مەیدانی شەڕ و بەرەنگاریدا پێشانی بدەن، کە خاوەن باوەڕن و ئامادەی فیکاریی و گیانبازین.

خومەینی و نیزامەکەی، مەیلیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەبوو. ئەوان مەبەستیان لە قسەکردن و گەڕی وتووێژەکان تەنیا کات کوشتن و بەرەوپێشبردنی رەوتی سەقامگیرکردنی نیزام و هێزە چەکدارەکانیان بوو. لە باوەڕی ئاخوندە شیعە سیاسییەکاندا کردەی تەقییە رێگە پێدراوە و ئەوان لە ژێر ناو و نیشانی شەرعیدا دەکرێ مەبەستەکانی خۆیان بشارنەوە و دووڕوویانە لە گەڵ کوردەکان بدوێن و هەڵسوکەوت بکەن. خومەینی ویستی لە رێگای دابەشکاری هێزە سیاسیی و خەڵکی کوردستان درز بخاتە ریزی خەڵک و بە جۆرێک خەڵکی کوردستان لە هێزە سیاسییەکان دوور بخاتەوە. ئەوان هێزە کوردییەکانیان بە بەکرێگیراوی ئەمریکا، ئیسڕائیل و وڵاتانی دیکە پێناسەدەکرد. کادرە سیاسیەکانی رێژیم لە زۆربەی مەڵبەندەکان خۆیان و کوردیان بە برای موسڵمانی یەکتر دەناساند و بە گوێی خەڵکیاندا دەخوێند، کە ئەگەر هێزە سیاسییەکان نەبن کوردستان ئەمن و ئارام دەبێ و ژیان بە خۆشی تێپەڕ دەبێ. بەڕێوەبەرانی نیزامی تازە ئاگاداری کولتوری کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بوون و شارەزای کولتوری سیاسی ئێرانی پاشایەتی، بۆیە لە زۆر شێواز و تاکتیک بۆ دابڕاندنی کوردان لە یەکتر سوودیان وەردەگرت. لە لایەک مەکتەبی قورئان سازکرابو، کە گرینگی بە پرسی نەتەوایەتی نەدەدا. لە لایەکی دیکە، کۆمەڵە وەک رێکخراوێکی چەپ لاقیان لە سەر زەوی نەچەقیبوون، بەڵام خوازیاری لێدان لە بۆرژوازی کوردیی و دواتر ئێران و هەروەها ئازادکردنی هەموو کرێکارانی جیهان بوون. چەپ و راست لە گۆڕەپانی سیاسەتەدا خاوەنی خەونی گەورە نەبوون. ئەوان دەرفەتی خۆکۆکردنەوە و رێکخستن لە کۆمەڵگەی کوردستانیان بە گوێرەی پێویست بۆ نەڕەخسا.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerghei_kurdistan.jpgکەماڵ لەو بارودۆخەدا چەک و رەخت و کەلوپەلی کەسیی خۆی هەڵدەگرێ و وێڕای هاوڕێکانی بەرەو رێگای پیرانشار و سەردەشت وەڕەدەکەون. ژمارەیەکی دیکە، لە پێشمەرگەکانی کورد و هێزی بە ناو بەرگری بەرەو ناوچەکانی بانە و سەقز وەڕيدەکەون. کەماڵ لەو رۆژگارەدا شانازی بە چەک و جەمەدانەکەی دەکا و لە گەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان گوند بە گوند بەرەو رێگای پیرانشار و سەردەشت رێگا دەبڕن. گوندەکان پڕن لە پێشمەرگە و هێزە کوردییەکان لە ژێر ئیدارەی حیزبەکانیان لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان خۆیان بۆ دیفاع لە باوەڕەکانیان ئامادە دەکەن. کەماڵ و هەزاران پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سێ مانگ شەڕی مافخوازانەدا بە خومەینی و هێزە چەکدارەکانی نیزامیان سەلماند، کە کوردستان پاروویەکی چەور نییە. کەوتنی کەلاکی داگیرکەرانی کوردستان لە هەموو بەرەکانی شەڕی رەوا ئاماژەیەکی ئاشکرا و سەلمێنەرن، کە سپای داگیرکەر هەرچەندە هێز و کەلوپەلی شەڕی هەبێ، بەڵام لە بەرامبەر ئیرادەی خۆڕاگریی نەتەوەیەکی خاوەن ماف خۆڕاناگرن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_hasan_shiweseli.jpgمەلا حەسەن، کە بەشێک لە فەرماندەی شەڕەکانی جادەی سەردەشت و پیرانشاری لە ئەستۆیە، لە ماوەی سێ مانگ، کە بە وەرزی دیفاع لە ئازادی ناودێر دەکرێ، وێڕای هەزاران پێشمەرگەی دیکە ئارەقە و شەونخونی زۆر دەکێشن. پێشمەرگە تازەکان لەو ماوەیەدا لە گەڵ شەڕ و تاکتیکەکانی شەڕ لە گەڵ رێژیم ئاشنا دەبن. پێشمەرگەکان پاش تێکشاندنی ئەرتەش و سپای رێژیم بە گەمە روو لە یەکتر دەکەن و دەپرسن، ئایا پۆتین و پۆستاڵی ئەو داگیرکەرانە بۆنیان کردوە؟ ئەوان ئاماژە بە وتەیەکی بنی سەدەر دەکەن، کە لە سەروبەندی قەیرانەکان لە تەورێز وەک فەرمانێکی فەرمی بۆ سپا و ئەرتەش بڵاوی کردبۆوە. بە وتەی فەرمانی ناوبراو، سەرباز و چەکدارەکانی رێژیم هەتا ئازادکردنی کوردستان نابێت بەندی پۆستاڵ و پۆتینەکانیان بکەنەوە!

لەو سەردەمەدا رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشوور  ببوونە پایتەختی حیزبە ئۆپۆزیسیۆن و بەرهەڵستەکارەکان. هێز و پارتە سیاسییەکانی کوردستان لەو کەش و دۆخە تایبەتییەدا باشتر پڕ و باڵی خۆیان دەدا و هەر هێز و لایەنە بە جۆرێک سیاسەتەکانی خۆی رێکدەخست. لە پێناوی پاراستنی جادەی پیرانشار و سەردەشت و هەروەها سەرخستنی پڕۆسەی بەرگری لە دوای فەرمانی جیهانی خومەینی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان وڵامی بانگەوازی حیزبی دێموکڕات و هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات دەداتەوە و پێشمەرگەکانیان بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگەی رۆژهەڵات رەوانەی ناوچەی شەڕ دەکەن. ئەگەرچی ئەوان خاوەنی هێزێکی زۆر تۆکمە و شارەزا نەبوون و بە تایبەت شارەزای شەڕی مەیدانی نەبوون، بەڵام هاوکاری نێوان هێزە کوردییەکان بە کارێکی گونجاو و ئەرێنی پێناسەکرا. کەماڵ لە ماوەی مانەوەی لە گوند و ناوچەکانی نێوان سەردەشت و پیرانشار لە گەڵ بەشێک لە پێشمەرگەکانی باشوور ئاشنا دەبێ، کە پێکەوە لولەی چەکەکانیان کردۆتە سینگی داگیرکەرانی کوردستان. عەلی تەقتەقی، یەکێک لەو پێشمەرگانەیە، کە لە شۆڕشی ئەیلولدا بەشدار بوە و چیرۆکی زۆر و پڕ لە هەوراز و نشێوی لە بزوتنەوەی کوردان لە سینگی خۆیدا هەڵگرتوە. ناوبراو، لە کاتی راوەستانی پەلاماری ئەرتەش و سپا بۆ سەر سەنگەری پێشمەرگەکان، دۆست و ئاشناکانی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و بە گێڕانەوەی رووداوە خۆش و ناخۆشەکان سەرقاڵیان دەکات. کەماڵ و دەیان پێشمەرگەی رۆژهەڵات لەو رۆژانەدا بە بیستنی چیرۆکەکانی عەلی تەقتەقی شاد و هێندێک جار خەمبار دەبن.

لەو ماوەیەدا دوو کولتوری حیزبایەتی و هەروەها وانەکانی شۆڕشی کورد دەگوازرێنەوە و لاوەکان زۆرتر ئاشنای رووداوەکان دەبن. پێشمەرگە لاوەکان لە کۆنەکارەکان هونەری شەڕ و هەروەها چۆنیەتی خۆپەنادان و پاراستنی تەقەمەنی فێر دەبن. کۆنەکارەکان کەمتر لە ناوەندە چەکدارییەکان فێری شەڕ و هونەری بەکارهێنانی چەک بوون و زۆربەیان لە مەیدانی شەڕ و بە کردەوە وانەکانی شەڕ فێربوون. لەو سەردەمەدا هێزەکانی رێژیمی تاران، ئەرتەش، سپا و بەسیجییەکان، زۆر رێکخراو نەبوون و زیاتر بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی مرۆڤیی شەڕیان دەکرد. کوردەکانیش خاوەنی هێز و جەنگاوەری رێکخراو نەبوون و بە هەموو لایەک تێدەکۆشان لەو ماوە کورتەدا پێش بە هاتنی سپای خومەینی بگرن، کە بە کارێکی چەتوون و دژوار دەخەمڵێندرا. عەلی تەقتەقی زۆر جار باسی رووداوەکانی سەردەمی ئەیلولی دەکرد و بە پێکەنینەوە دەیگوت، وەلحاسڵ ئەو شۆڕشە سەری هەمووانی خوارد و کوردی لە یەکتر کردە دوژمن. کەماڵ بۆ زیاتر ئاشنا بوون لە ناخی رستە و دەربڕینەکانی عەلی تەقتەقی پرسیاری دەکرد، مامۆستا مەبەستت چییە و ئەگەر  شۆڕش نەبو، ئەدی بە چ ناوێک پێناسەی دەکەی؟ عەلی تەقتەقی بە پێکەنینەوە گوتی، برام کەماڵ، ئەمن ٦ ساڵ لە شۆڕشی ئەیلول پێشمەرگە بووم و پاش ئاشبەتاڵ لە ١٩٧٨ەوە لە ریزەکانی یەکێتیدا خەبات دەکەم. ئەگەر نوکە قەڵەمی باش و کارام هەبا، بە سەری تۆ، هەموو ئەو ئاژاوە و ماڵوێرانیەم دەکردە کتێب. کاکی برام، کوردەکان شەڕکەری باشن، بەڵام پێکەوە هەڵناکەن و شەڕی یەکتر باشتر لە شەڕی دوژمنان دەکەن. ئێمەی کورد، حەزمان لە ناوی گەورەیە، بەڵام نازانین ئیشی بۆ بکەین. بە کەلامی خودا، ئەو کوردە خۆخۆرە قەت خۆی ساغ نەکردۆتەوە. ئەتو بڕوانە، لە کوردستانی گەرمێن بزانە زیاتر لە سەت هەزار پێشمەرگە لە ١٩٧٥ بە فەرمانی کابرایەک چەکەکانیان شۆڕکردەوە و دواتر بە لێشاو چووینەوە باوەشی رێژیم. خەڵکێکی زۆر لەو ساڵانەدا چەکی بۆ رێژیم وەرگرتوە و جەمەدانە و پشتێند وقاتی کوردییەکی زۆر باشتر و رێکتر لە من و مامۆستاکانی من دەبەستێ. ئێمە نە لەشۆڕشدا بەرنامە و پلانی تۆکمەمان هەیە و نە لە شەڕدا یاساکان دەپارێزین. ئێمە وەک کابرا دەڵێ، حەزمان لە ویشکە کەڵەکە و لە کۆنەوە گەورەکان فێریان کردووین، کە لە کوێ پسا لەویی گرێبدەینەوە. عەلی تەقتەقی دڵی ئەوەندە پڕە، کە سەرنجی دەورووبەر نادات و جگەرەکانی بە دوای یەکتردا ئاور دەدا و دوکەڵەکەیان بۆ سەر سەری خۆی بەرز دەکاتەوە. ناوبراو، روو لە پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات دەکات و دەڵێ، خوابکەم ئێوەش وەک ئێمە نەکەونە داوی شەڕی خۆکوژی. ئێمە زۆرمان کردوە و تازە لێی راهاتووین و بۆمان تەرک ناکرێ، بەڵام تو گۆڕی شەهیدان وریا بن و خۆتان بەو ئاگرەوە مەسووتێنن. برایمە چکۆڵ، کە خەڵکی ناوچەی سنەیە و لەو کۆڕەدا گوێی بۆ عەلی تەقتەقی شلکردوە بە هێواشی دەڵێ، کاکە ئەگەر بەو ئەندازەیە لە کوردایەتی خەستە و ماندوویت، لەو شاخانە چ دەکەی؟ سابیر کۆیی لە پڕ توڕە دەبێ و بە قسەی رەق وڵامی برایمە بچکوڵ دەداتەوە. عەلی تەقتەقی لە قاقای پێکەنین دەدات و بە دەنگێکی  توڕەوە دەڵێت، هاوڕێیان ئەمجار دەزانن کێشەی کوردان چییە. ئەمن چیرۆکە راستەقینەکانی ژیان و پێشمەرگایەتی دەگێڕمەوە و لە پڕ کاک عەلی رەخنەم لێدەگرێ. پێش ئەوەی خۆم وڵامی ئەو برادەرە بدەمەوە، کاکە سابیر سەربەخۆ بە گژ کاک عەلیدا دەچێتەوە. ئێمە خەڵکێکی سەیر و سەمەرەین، بۆیە بە ئاسانی یەکتر قبوڵ ناکەین. ئەگەر لە جیاتی من، فارسێک، عەڕەبێک یان تورکێک لەو سەنگەرانەدا قسەی بۆ هاوڕێ پێشمەرگەکان بکردایە، یەک تاکە کورد نەقەی لێوە نەدەهات و زۆربەی گوێگران قسەکەرەکانیان بە محەممەدی مەهدی دەشوبهاند.

کەماڵ لەو هەراو هەنگامەیەدا دەستخۆشی لە عەلی تەقتەقی دەکات، کە لە گەڵ چەکدارەکانی رۆژهەڵات لە سەنگەردایە و هەروەها ئەزموون و بیرەوەرییەکانی خۆی بۆ پێشمەرگەکان دەگێڕێتەوە. ناوبراو بۆ گۆڕینی تەوەرەی باسەکان، ئاوێک لە کتریەکە دەکات و لە سەر سێ کوچکە بەردەکەی دادەنێ. بێدەنگەیەکی تەواو باڵ بەسەر ئەو پێشمەرگانەدا دەکێشێ و کەس قسەیەک ناکات. شەڕەکانی سێ مانگە لە کۆتاییەکانی خۆیان نیزیکن، بەڵام ژمارەیەک لە پێشمەرگە سەڵتەکان لەو ماوەیەدا بەردەوام لە ناوچەی بەرگری سەرقاڵی پارێزگاری لە هێڵەکانی بەرگری بوون. مام کەریم و خێزانەکەی، کەم و زۆر لە رێگای ئەو پێشمەرگانەی خێزانداربوون و بۆ پشوودان دەگڕانەوە ماڵ و شوێنی ژیانیان هەواڵی کوڕەکەیان دەزانیت و چەند نووسراوەیەکی کورتی کوڕەکەیان بەدەست گەیشتبوو. زارا و خوشکەکانی لە کاتی نوێژەکاندا بۆ کوڕەکەیان دەپاڕێنەوە و نزا بۆ شکانی دوژمن و سەرکەوتنی پێشمەرگەکان دەکەن. نامە نووسراوەکانی کوڕەکەیان رۆژانە لە سەر تاقەی ماڵ دانراون و زارا و مام کەریم داوا لە کاوەی کوڕیان دەکەن، کە بە دەنگ سەر لە ئێواران و شەوانە بۆیان بخوینێتەوە.

لە یەکێک لە نامەکاندا کەماڵ دەنووسێ: باب و دایکی بەڕێزم، خوشک و براکەم! ماوەیەکی زۆرە لە ئێوە دوورم و زۆر یادتان دەکەم. ساڵانی رابردوو، ئەو سەردەمەی کە بۆ کارکردن دەچووینە شارەکانی دیکەی ئێران، جیاواز بوون. ئەو کات لە ماوەی سێ مانگدا پارەیەکی باشم پاشەکەوت دەکرد و پاش گەڕانەوە ژیانی پاییز و زستانمان پێ بەسەر دەبرد. ئەگەر لەو دۆڵ و چیایانە گەڕامەوە، رەنگە باخەڵەکانم بەتاڵ بن و وەک جاران گەرم و گوڕییەکی زۆر بە ژوورە گەرم و وگوڕەکانمان نەدەم. لێرە شادم، کە ئەرکی کوردانەی خۆم جێبەجێ دەکەم و بەشێکی زۆری ئەو فیداکاریانە بۆ دایک و بابم دەگەڕێتەوە. دایە، لێرە هێندێک جار بۆ نان خواردن سەر لە گوندەکان دەدەین و زیاتر خۆمان خواردنێکی سادە لە بن سێبەری دارە تۆزاوییەکانی ناوچە شەڕ ساز دەکەین. کە لە ماڵی گوندنشینان وەژوور دەکەوم و ژنانی هاوتەمەنی تۆ دەبینم، یاد و بیری تۆ دەکەم. بۆ زۆربەی ژنەکان باس لە دەست رەنگینی تۆ و خوشکەکانم دەکەم. ئەوان زۆرجار بە پەرۆشەوە گوێ لە وتەکانم دەگرن و لە خوا دەپاڕێنەوە، کە بەردی سارد و گەرم نەیەتە سەر چەکدارەکانی خاک و کورد. ئەگەر ئەوجار هاتمەوە بەشێک لە تەپ و تۆزی کەوتووی سەنگەرەکان دێنمەوە، کە بە تۆپ و فڕۆکە شەڕکەرەکانی دوژمن لەو ماوەیەدا لە سەر جەستە و جلوبەرگەکانمان نیشتوە. هەتا گەڕانەوەم بە خواتان دەسپێرم. بە بابم بڵێن، کە بەشێکی زۆر لە قسە و وتەکانی لە کاتی شەڕ و ئاشتیدا دەکەوتنە زەین و بیرم و هاوڕێیەکی باشووری کوردستان بە ناوی عەلی تەقتەقی پەیام و وتەکانی پڕن لە تامی وشەکانی تۆ. ئەو جیاوازیەکەی ئەوەیە، کە رەخنەش دەگریت، بەڵام لە گۆڕەپانەکەدا هەیە و چەکی لە شانە و زۆربەی کاتەکان خەون و خەمەکانی خۆمان بە یەکەوە بەش دەکەین”.

مام کەریم و زارا بە بیستنی وشە نووسراوەکانی کوڕەکەیان چاویان پڕ لە ئاو دەبن و هەر کامەیان لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا لە سەر کەلەکە رادەکشێن. کاوە رۆژانە دەچێتە قوتابخانە وبە نابەدڵی درێژە بە خوێندن دەدات. ئەو هەست دەکات، کە زۆربەی قوتابیەکانی دیکە حەزیان لە خوێندن نییە، بەڵام رێگایەکی دیکە شک نابەن و لە ماڵ و دەرەوە هاندەدرێن، کە لە وانەکان سوود وربگرن و خزمەتی دوارۆژی خۆیان و گەلەکەیان بکەن. قوتابخانەکان پڕن لە هاواری چەوسانەوەی گەلێکی ژێردەست و رۆژانە قوتابیەکان لە کاتی وانە و خوێندندا روخساری ژیانیان بە شێوازی جیاواز دەردەبڕن. کاوە و هاوپۆلەکانی لە دۆخیکی دژواردا دەخوێنن و بە گوێرەی پێویست مامۆستا و کتێبی خوێندنیان گیرناکەوێ. ئەوان بە زمانی نەتەوەی سەردەست و دەوڵەتێکی داگیرکەر دەخوێنن و لە کتێبە مێژووییەکاندا هیچ جۆرە ئاماژەیەک بە کورد و کوردستان ناکرێ. دۆخەکە بۆ ماوەیەکی کاتی ئارام بۆتەوە و زۆر کەس خەون بە ژیانێکی ئارامەوە دەبینی. ئەو رۆژانە خەڵک بۆ ماوەیەکی کورت دڵی خۆشە و خومەینی ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردستان راگەیاندوە. کوردەکان پاش شەڕی سێ مانگە پێشوازیان لە بانگەوازی خومەینی کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ دیالۆگ لە گەڵ رێژیم دەربڕی. پێشمەرگەکانی بەرەی شەڕ هێشتا چاوەڕوانن. ئەوانەی شەوانە لە ژێر رهێڵەی تۆپ و چەکی قورس و سوکدا رۆژ دەکەنەوە بە ئاسانی باوەڕ بە بانگەوازی رێژیم ناکەن. لە زۆربەی سەنگەرەکان پێشمەرگە سەرکەوتوە و لە پانتایی رۆژهەڵاتی کوردستاندا خەڵک و پێشمەرگە شادیی و کەیفخۆشی خۆیان بۆ سەرکەوتنەکان دەردەبڕن. لەو شەڕانەدا شەهید و برێندارێکی زۆر هەیە و ناوچەیەکی پان و بەرین لە کوردستان بە چەکی داگیرکەرەکان وێران و سووتاوە. خەڵکی سڤیل و ئاسایی لە شەڕی دوژمن زەبری زۆری بەرکەوتوە. هێزەکانی دوژمن زەبری کاریگەریان لێدراوە و ستونە نیزامیەکانیان بە سپا و ئەرتەش و بەسیجیەوە لە چیاو و دۆڵەکانی کوردستان سەریان لە تاشە بەردە گەردەنکەشەکان داوە.

سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئەگەرچی لەو ماوەیەدا خۆڕاگری بێوێنەیان لە خۆیان نیشانداوە، بەڵام دەردی کۆنی کوردان سەری هەڵدایەوە. لەو ماوەیەدا هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی لە بەرەی کوردە رۆژهەڵاتییەکاندا مانەوە، بەڵام پارتی دێموکڕاتی کوردستان و سەرکردایەتی قیادەی موەققەت لە گەڵ رێژیم کەوتن. ئەوان لە شەڕەکاندا لە پێشەوەی پاسداڕەکان دەڕۆیشتن و شەڕی کوردی رۆژهەڵاتیان دەکرد. ئەگەرچی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا سەرکردەی پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتیان دڵنیا کردبۆوە، کە هەڵەکانی رابردوو دووپات ناکەنەوە و کاریان بە دۆخی نێوخۆیی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵام لە وتە و بەڵێنیەکانیاندا راستگۆ نەبوون. ئەوان لە شۆڕشی بە ناو ئەیلوولدا و بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا زۆر تێکۆشەری رۆژهەڵاتیان بە کوژراویی یان بە دیلی رادەستی ژاندارمەکانی حەمە رەزا شا کردبۆوە رێژەی خەیانەتی ئەوان لە کوردی رۆژهەڵات ئەوەندە زۆر و بەرین بو، کە بۆ لێبوردن نەدەبوون. عەلی تەقتەقی لەو پێوەندییەدا زۆر جار بە پێشمەرگەکانی هاوسەنگەری دەگوت، خۆزگە نوکە قەڵەمەکەم ئەوەندە دەجوڵا، کە دڵ و مێشکم دەخوازێ، ئەوکات لاپەڕە بە لاپەڕە چیرۆکی خەیانەتی کورد و بە تایبەت بنەماڵە و سەرکردەی پارتەکانم دەنووسیەوە. ناوبراو بۆ کوردە رۆژهەڵاتییەکان و تەنانەت باشوورییەکان باسی ئەو رۆژانەی دەکرد، کە کوردە تێکۆشەرە رۆژهەڵاتییەکان لە باشوور بە ئاشکرا نەدەوێران خۆیان دەرخەن. ناوچەکانی قەڵادزێ، سلێمانی، حاجی ئۆمەران و زۆر شوێنی دیکە پڕن لە چیرۆکی کوردکوژان. عەلی تەقتەقی رۆژێک پێشمەرگەکان کۆ دەکاتەوە و لێیان دەپرسێ، کە جیاوازی یەکێتی و پارتی لە چ دایە؟ لەو نێوەدا روو لە عەلی بچکۆڵ دەکات و دەپرسێ، هاوڕێ عەلی خۆتەسلیمکردنەوەی من دۆخەکە باشتر ناکات و رۆژە ناخۆشەکان بەڕێوەن. ئایا دەزانی پڕۆسە چەکدارکردنی کوردەکان لە باشوور چەندە بەربڵاوە و رێگایەک بۆ خۆپەنادان نەماوە. رۆژگاری کوردان تاڵە و بە ئاسانی چارەسەری پرسەکەمان ناکرێ. ئایا دەزانن، کە چەکدارەکانی قیادەی موەققەت لە ناوچەی دزڵێ رێگا نادەن تەقەمەنی شەڕ بگاتە دەستی هاوڕێ پێشمەرگەکانمان و بەمجۆرە خزمەتی خۆیان بۆ ئاخوندەکان و پاسداڕە کورد کوژەکان دەسەڵمێنن. کەماڵ بە قوڵی گوێی بۆ عەلی هەڵخستوون و خەمبارە بەو رووداوانە، کە لە مێژووی کورددا دووپات دەبنەوە. سەلیم خانەیی کە شارەزای ناوچەکەیە و ئاگاداری هەواڵەکانی ناوچەی شەڕ لە شنۆ، نەغەدە و پیرانشارە باس لە کردەوەی قێزەوەنی چەکدارەکانی بارزانی دەکات، کە پێش پاسداڕەکان سەنگەر و بارەگا چۆڵکراوەکانیان گرتۆتەوە. ئەوان بە ناوی عەشیرەت و کوردایەتی لە گەڵ زۆر سەرۆک عەشیرەتی ناوچەی ورمێ پێوەندییان گرتوە و خەڵک دژ بە حیزبی دیموکڕات و بزوتنەوەی کوردی رۆژهەڵات هاندەدەن. لە شاری شنۆ تەقەیان لە خەڵک کردوە و شەش کەسیان کوشتوە و لە ناوچەی ورمێ عەشیرەت و خەڵکیان هانداوە چەک بۆ رێژیم هەڵگرن. کەماڵ جەمەدانەکەی لە سەری کردۆتەوە و بە سەر شانی داداوە و کوڵاوە بە میل و کاموا چنراوەکەی لە بن هەنگڵی ناوە و لە پێشمەرگەکانی باشوور دەپرسێ، باشە ئەو کارەی پارتی بارزانی لە رابردوودا کردوویانە و ئەمڕۆ لە رۆژهەڵات دەیکەن چەندە خزمەت بە کورد و مافی کوردان دەکات؟ بە کام شەرع و یاسایەک رەوایە کورد ببێتە داردەستی دەوڵەتە داگیرکەرەکان؟

عەلی تەقتەقی بە بیستنی ئەو پرسیارانە، بە کەماڵ دەڵێت، کاکی برا ئەوانە پرسیارن و فەرموو با چایەکی چاکی بۆ ساز کەین و دواتر چەند جگەرەیەک بە بادا بکەین، پاشان بۆتان لە بنی کولەکەی دەدەم. پێشمەرگەیەکی سابڵاغی کە ناوی لە خۆی ناوە هەڵۆ مەجلیسەکە خۆشتر دەکات و هاوار دەکات، کە گۆم هەتا قوڵتر بێت، مەلەی خۆشترە. عەلی بچکۆڵ گاڵتە بە هەڵۆ دەکات و دەڵێ، ئێوە ئاوتان هەیە، هەتا مەلەی تێدا بکەن! هەڵۆ بە گاڵتە روو لە پێشمەرگەکان دەکات و بە قامکێک ئاماژە بە عەلی بچکۆڵ دەکات و دەڵێ، ئەم کاکە رەئیسی پرسیاری لینگاوقوچە. ئاخر عەلی، ئەتۆ چۆن گوێت لە هاواری ماسی فرۆشانی سابڵاغێ نەبوە، کە هەموو رۆژێ هاوار دەکەن ماسی سەدی، ماسی سەدی! عەلی تەقتەقی حەزی لەو بەزمانەیە، بەڵام دۆخەکە دەقۆزێتەوە و باسەکە دەباتەوە سەر پارتی و ماڵی بارزانی. لە سەرەتادا دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و بە دەنگێکی بەرز دەڵێ، خودایە لەو کەس و سیاسیانە خۆش نەبیت، کە ئەو کابرایەیان تووشی سیاسەت کرد و کردیانە سەرۆکی حیزب. کەماڵی برام گوێبگرە، ئەگەر کوردە رووناکبیرەکان خۆمان گوتەنی پیاو بوونایە هەرگیز رێگایان نەدەدا ئەو پیاوە نەک سیاسەت بکات، بەڵکو باسی سیاسەت و کورد بکات. ئەو قوڕە هەموو خوێندەوارە سۆرانیەکان گرتوویانەتەوە و بە گۆڕی شەهیدان نەوەی دوای ئێمەش لێیدەرناچن. کاکی خۆم، ئێمە لە باشوور هەتا ئەو پیاوە قوت نەکراوەتەوە سیاسەتمان جۆرێکی دیکە کردوە، بەڵام کە ئەم برادەرە لە رووسیا گەڕایەوە و خزم و بنەماڵەی لە دەوری خۆی کردەوە، سیاسەت لە مانا بەتاڵ کرایەوە. شەڕی نێوان مەلایی و جەلالی، دەرپەڕاندنی کوردی رۆژهەڵات لە باشوور بۆ قازانجی شا و حساب بۆ کەس نەکردن لە سایەی سەری ئەو بنەماڵە بوونە کولتور.  لە ١٩٧٥ بە قسەیەک مەیدانیان چۆڵ کرد و پێشمەرگەیان بۆ تەسلیم بوونەوە دەنگدا و پاشان دوای دەرکەوتنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان شەڕی نێوخۆیان گەرم کردەوە و کوڕی خەڵک بە خۆڕایی لێرە و لەوێ کوژران. برادەرینە ئێستاکێ بڕوانن، ئەوان لێرۆکانە حەز ناکەن کوردەکان بە ئارامی لە سەر بارودۆخی خۆیان بڕیاربدەن و هەر ڕۆژەی بە بیانوویەک یارمەتی عەسکەر و پاسداڕی ئێرانی دەدەن. ئاخر کورد، کەی تەرمی مردووی دەرهێناوەتەوە و ئەو کولتوری باب و باپیرانمانە، کە رێز لە گۆڕی هەموو مردوویەک بگرین، کەچی ئەوان بە بیانووی دەرهاتنەوەی تەرمی مەلا مستەفا تەشقەڵە بە حیزبی دیموکڕات دەکەن. کوڕینە، بە خودای زۆر کوردم خۆش دەوێت، بەڵام خۆمان هیچ سنوورێک ناناسین و لەو گۆڕەی بە قسەیەکی دوژمن دەکەوینە گیانی یەکتر. لە پڕ دوو پێشمەرگە لە کاتی چاوەدێریدا سەرنج دەدەن، کە هێزێکی چەکدار لەو ناوچەیە نزیک دەبێتەوە و بۆیە بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکەن، ئێوە کێن؟ چەکدارەکان وڵام دەدەنەوە، کە خۆمانەین و لە ناوچەی سەردەشتەوە دێین؟ دوو چاوەدێرەکە، دەپرسن ئەرک و مەبەستتان چییە؟ چەکدارەکان دەڵێن بۆ ئاڵوگۆڕ رەوانەی ئێرە کراوین و ئاسمان ساماڵە. پاش بیستنی نهێنی هێزە چەکدارەکان، کە ئاسمان ساماڵە، پێشمەرگەکان ئارام دەبنەوە و بە کورتی بەخێرهاتنیان دەکەن. لە گەرمەی گەیشتنی ئەو هێزەی پێشمەرگە، عەلی بچکۆڵ بە عەلی تەقتەقی دەڵێ، لە سەر ئیجازەی کاک هەڵۆ پرسیارێک دەکەم، باشە ئەگەر خۆمان خەراپ نەبین و ئیستعدادی دژایەتی یەکترمان نەبێ، چۆن بە یەک تاقە پیاو و بنەماڵەیەک ئەو هەموو ئاژاوەیە ساز دەبێ. عەلی، بە ئەسپایی دەڵێ، کوڕەکان ئێستا کاتی دمەتەقە نەماوە و خودا دەزانی، کاک عەلیش پرسیارەکەی پڕە لە راستی. ئێمە کێشەمان یەک تاکە کەس نییە، بەڵکو سەقافەتی گشتیی و جەماوەریمان کاڵ و کرچە. عەلی بچکۆڵ درێژە بە قسەکانی دەدا و دەپرسێ، کاکە عەلی سەقافەت و جەماوەر چ مانایەک دەدەن؟ عەلی تەقتەقی بە هاتنی پێشمەرگە تازەکان قسەکانی دەبڕێ و بەرەو پیلی پێشمەرگە تازەکان دەچێ. ئەوان بارگە و بنە دەخەن و شەو پێکەوە تێپەڕ دەکەن. هاتنی ئەو پێشمەرگانە شەپۆلی نوکتە و قسەی خۆشی زیاد کردوە و کولتوری دەوڵەمەند لە چەند ناوچە، گوند و شارێک لە دەوری ئاگری نێو سێ کوچکە بەردینەکەی گەرم و گوڕتر کردوە. هەر دەستەیەک لە پێشمەرگەکان خاوەنی بە سەرهاتێکی جیاوازە و زۆر دەنگخۆش لە ریزی پێشمەرگەکاندا دەردەکەون. ژمارەیەک لەوان لە دەوری ئاگرە خۆشەکەی بنکەی پێشمەرگەکان کۆبوونەوە و بە دوای یەکتردا گۆڕانی دەڵێن. ئەوان لە سەر داوای پێشمەرگەکان گۆرانی جیاواز دەڵێنەوە و هێندێک جار پێکەوە و بە یەکەوە سروودی ئەی رەقیب و ئەی شەهیدان دەچڕن.

شەوانی پاییز کزە سەرمای کوێستانەکانیان لە هەناودایە، بۆیە تێپەڕکردنی شەوانی پاییزی جۆرە کەرەستەیەکی خەوی دەوێت. پێکەوەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە کزە سەرمایەکەی شکاندوە و دڵگەرمەیەکی تایبەتی داوەتە پێشمەرگەکان. بەشێک لەوان بەیانی ئامادەی گەڕانەوە بۆ ماڵ و ناوچەی خۆیانن و خەو بە ئاسانی ناچتە چاوەکانیان. کەماڵ و عەلی تەقتەقی لە تەنیشت یەکتر دەخەون و ئەوان بەیانی لە یەکتر جیادەبنەوە، بەڵام باوەڕیان وایە، کە بۆ ساڵانی داهاتوو ئەگەر مەرگ مەودا بدات، یەکتر دەبیننەوە. هەڵسوکەوتی یەکتریان بە دڵە و راز و نهێنی یەکتر دەپارێزن، بۆیە لە کۆتاییەکانی ئەو شەوەدا بە قسەی خۆش و گێڕانەوەی بیرەوەری شەڕەکان کاتەکان تێپەڕ دەکەن. ئەوان وەک لاسایی کردنەوەی پاسداڕ و بەسیجییەکان و بۆ خۆشترکردنی ژینگەی بنکە و سەنگەرەکان وێکڕا دەڵێن: تەکبیر، سەڵەوات و بەرەو کەربەلا. عەلی پێش ئەوەی خەو بە یەکجارەکی بیباتەوە، ئاخێک هەڵدەکێشێ و دەڵێ، کەس توڕە نەبێ، بەڵام بەو خاکە سوێند دەخۆم کە کورد هەر کورتی دینێ. کەماڵ شەوباشی لێدەکات و لە گژ زیندەخەونان رادەچی. ئەو پاش تێپەڕکردنی سێ مانگێک لەو سەنگەرانەدا ئۆگری زیاتری بۆ ماڵ هەیە و دژوارییەکانی ژیان، شەڕ و خەبات بە کردەوە تێدەگات. وتە و قسەکانی باوکی، عەلی و هەروەها سەربردەی دژواری کوردەکان لە رابردوو و ئەمڕۆدا نیگەرانییەکانی زیاتر دەکەن و کۆشکی خەونەکانی دەلەرزێنن. ئەو لە نێوان راستیی و ناڕاستیدا گیری خواردوە و زۆر جار لە خۆی دەپرسێ، کێ راستە و چۆن بزانم، کە ئەو گێڕانەوە و سەربردانە راستن یان نا؟ کێوی خەمەکانی کورد لە سەر شان و پیلی خەڵک قورسایی دەکات و هەرەوەزی سیاسیی و نەتەوەیی بۆ رزگاری نابیندرێ. کەماڵ بیر لە خۆی ناکاتەوە، کە تازە تێکەڵ بە حیزبایەتی و کۆڕی پێشمەرگایەتی بوە، بەڵکو بیر لەو کۆنە پێشمەرگانە دەکاتەوە، کە لە بزوتنەوەی چەکداری ٤٦ و ٤٧دا بەشدار بوون. ناوبراو بیر لە عەلی هاوڕی دەکاتەوە، کە لە باشوور لە دوو قۆناخدا بەشداری بزوتنەوەی کوردایەتی کردوە، بەڵام رۆژ بە رۆژ گومانی لە سەرکەوتنی کوردان زیاتر دەبێ. لە کۆنەوە گوتراوە، کە مرۆڤ هەتا دنیا زیاتر ببینێ و رۆژە تاڵ و شیرینەکان تێپەڕ بکات، باشتر لە ناخی رووداوەکان دەگات. جیهانی لاوان و گەنجان پڕە لە خەیاڵ و خەونی جوان بۆ دوارۆژی خۆیان و جیهان، بەڵام رەوڕەوی رووداو و ئاڵوگۆڕەکان و چەرخی زەمانە بە حیکمەتی خەیاڵ و خەونەکان ریگە نابڕێت. مرۆڤەکان لە سەردەمی لاوەتی بە دوای ئەو جیهانەدا دەگەڕێن، کە دواتر بە تەڕاویلکە دەردەچێ. خەڵک لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە رێژیمی حەمە رەزا شا خۆپێشاندان و خەباتیان کرد، بەڵام بە هاتنەوەی خومەینی و رەگ داکوتانی نیزامی ئاخوندەکان ئازادیی و مافەکان بوونە تەڕاویلکە. بارودۆخەکە ئەوەندە شڵقاوە و ئاڵۆزکراوە، کە نان و کاریش لە تەڕاویلکە دەچن. کەماڵ لە سەر جێگە رەقەکەی خۆیدا کەلەکا و کەلەک دەکات و هەرووژمی خەون و خەمەکان رێگا نادەن، بۆ ساتێک چاوەکانی لە سەر یەکدا بنێ و ئارام بگرێ. زۆربەی پێشمەرگەکان چاوەکانیان چۆتە خەو و کەماڵ و چەند پێشمەرگەیەک ماون، کە ئەسپی خەیاڵی خۆیان لینگ دەدەن و چاوەڕوانی زەردەپەڕ و هەڵاتنی خۆری پاییزە دەکەن. پاش شەکەت و ماندووبوون کەماڵ جەمەدانەکەی بە سەر دەم و چاویدا دەدات و جیهانی ژاوەژاو جێدێڵێ. فیشەکە شێتە و گوللە وێڵەکان کار لە گوێی پێشمەرگەکان ناکەن و ئەوانەی رۆژانە و شەوانە بە گژ سپای داگیرکەردا چوونەوە، خاراون و بەشێک لەوان چەند جار لە مردن گەڕاونەوە. شنەبای بەیانی دۆڵ و کێوەکان بۆنی گژ و گیا وشکەڵەبوەکانی سەر سینگی کوێستان و تەنیشت رووبار و خڕەکان بە گوند و مەزراکاندا بڵاو دەکاتەوە. کێ هەیە، لە کزەی شنە بایی پاییزی کوێستانەکانی نیشتمان توڕە بێت و خۆی بشارێتەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge1.jpgچەند پێشمەرگەیەک بەیانی بە سروود و گۆرانی خەوی هاوڕێکانیان دەزڕێنن و لە دەوری ئاورە خۆشەکە کۆدەبنەوە. کتریە رەشەکان و تەنەکەی گەورەی رۆنی لە تەنیشت ئاگرەکەوە لە حەژەمەتی سووتانی دارەکان بە کوڵ دەگرین و لە تاوی سووتانی هەناویان پڕیچکە ئاوەکان بۆ دەوروبەری خۆیان فڕێ دەدەن. ئاگر و چای بەرەبەیان لە بناری چیاکان تام و چێژی تایبەتی هەیە ، بۆیە زۆربەی پێشمەرگەکان کەلوپولی خەوتنی خۆیان کۆدەکەنەوە و دەخوازن لە گەڕی یەکەمی چا سەیلانەکە بخۆنەوە. پێشمەرگە تازە هاتوەکان ئارامترن، بەڵام ئەوانەی چەند مانگێکە پێکەوە شەو و رۆژ دەکەنەوە هەر رووداوێک دەقۆزنەوە و دەیکەنە پێخۆری پێکەنین. عەلی تەقتەقی بانگی عەلی بچکۆڵ دەکات، کە زوو بگاتە لای ئەوان و چا دیشلەمەکەی بخواتەوە. لە باشووری کوردستان کاتێک شەکر لە چا دەکرێ بە چای شیرینی بە ناوبانگە و ئەگەر وەک رۆژهەڵاتییەکان بە قەندی کڵۆ بیخۆنەوە دەبێتە چای بە دیشلەمە. ئەو ناو و کولتورانە لەو رۆژانەدا و بۆ کۆڕی پێشمەرگانە دەبوونە مایەی پێکەنین و جار و باریش توڕە بوون. عەلی بچکۆڵ، کە بەیانیان بەردەوام توڕە و بیزارە هاوار دەکات، کاکە چا دیشلەمە و شیرینەکە بۆ خۆت و دوارۆژمان تاڵ مەکە. کەماڵ و زۆربەی ئەو پێشمەرگانەی، کە بەرەو ناوچەی سەردەشت و گوندەکانی دەگەڕێنەوە خۆیان ئامادە کردوە و سەرقاڵی ماڵئاوایی لە پێشمەرگەکانی ناوچەکانی دیکەی کوردستانن. ئەوان بەرەو جادەی پیرانشار و سەردەشت دادەکشێن و چاوەڕوانی هاتنی کەلوپەلی راگواستن دەکەن. عەلی تەقتەقی، کە وێڕای پێشمەرگەکانی یەکێتی بەرەو ناوچەکانی زەڵێ دەگەڕێنەوە بۆ گاڵتە بە پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات دەڵێ، کاکە سواری ماشێن نەبن، هەتا سەیارە ئامادە دەبێ. کەماڵ لە گەڵ دەیان کەس لە هاوڕێکانی رێگای ماڵ دەگرنە بەر و هەتا نەڵاس بە ماشێنی سەرئاوەڵە دێن. دواتر گوندەکان دەکەنە رێچکەی گەیشتن بە شار و پاش چەند کاتژمێرێک لە بەری کەنەکە سپێ چاویان بە چراخانی شار دەکەوێ. ئەوانەی، کە دەگەڕانەوە بۆ شار ژمارەیەکی ٢٠ کەسی دەبوون، کە زۆر تامەزرۆی دیتنی کۆڵان و شەقامەکانی شار و ئەندامەکانی ماڵەوەیان دەکرد. ئەوان بۆ حەسانەوە لە دەروازەی شار و تەنیشت ئاشی رەحمان شەمامی کۆدەبنەوە و لە کانیاوە زوڵاڵەکەی خوار جادە تینوایەتیان دەشکێنن. هەرکام لەوان هەڵگری زۆر چیرۆک و بەسەرهاتن، کە تەنیا کورتە چیرۆکەکان بۆ پێکەنین و حەسانەوە دەگێڕنەوە. ژمارەیەک باس لە چۆنیەتی شەڕەکان و هەروەها ناشتنی تەرمی هاوڕیکانیان دەکەن، کە لە پێناوی خاک و خەڵکدا شەهید دەبن. وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێ و کەماڵ لەو ماوەیەدا لە گەڵ یەکتر ئاشنا بوون و لە یەکەم جەولەی پێسمەرگایەتی بوونە مایەی دڵگرمی یەکتر. بەشێک لەوان لەو شەوە پاییزیەدا بۆ شادیی هاوڕێکانیان باس لە دوارۆژ دەکەن. حوسێنی ئازیزی هەڵدەستێتە سەر پێ و دەڵێ، کوڕینە با ناوی خوای لێبینن و بەرەو ماڵەکانمان بڕۆینەوە. پاش نیو کاتژمێری دیکە هەر کامەیان دەگاتە بەر دەرگای ماڵ و پاش لە دەرگادان و کردنەوەی دەرگای حەوشەی ماڵ بە دیداری کەس و کاریان شاد دەبنەوە. مام کەریم و زارا بە هاتنی کوڕەکیان شادن و بە هێواشی دەچنە ژوورەوە. کاوە، لەیلا و شیرین لە خەودان و بە تەقەی دەرگای حەوشە وەخەبەر نەهاتوون. زارا پاش ماچکردنی کوڕەکەی چەند هێلکەیەک لە رۆن دەکات و لە بەردەمی کەماڵی دادەنێ. مام کەریم، فرمێسکەکانی دەسڕێتەوە و شوکری خودا دەکات، کە کوڕەکەیان بە سڵامەتی گەڕاوەتەوە ماڵ. کەماڵ ئەحواڵی خوشک و برا و خزمان دەپرسێ و پاشان لە بابی دەپرسێت، کە چۆن لەو زەمانە تێدەگات. مام کەریم چاوێک لە زارای هاوسەری دەکات و بە کورتی بەمجۆرە وڵام دەداتەوە:”بە کەلامی خوای خەراپتر دەبێ و باشتر نابێ. حوکمەت هەتا بڵێی کافر و مولحیدە و ئەو ئاخوندانەش کەزاب و درۆزنن. بە ئیمانم کورد لە گەڵ یەکتردا ناپاکن و ئەوەتا بە چاوی خۆت دەبینی، کە کوڕانی مەلا مستەفا و چەکدارەکانیان چۆن بوونە کەواسووری بەر لشکری خومەینی. ئەمن عەقڵم نایبڕێ و پاش ماوەیەکی دیکە دەوڵەت هەموو وڵاتی دەگرێتەوە و پێشمەرگەش بەرەو حدودی پاشەکەشەی دەکەن. با قسەیەک بۆ خوا بکەین، لەو شارەدا هەزار و یەک رەنگ و چیرۆک دەبینی. ئەو شارەمان وەک شاری ئەحزاب و رێکخراوەکان لێهاتوە. ماوەیەکی دیکە، کەس خەتی کەس ناخوینێتەوە و چەنگ لە بەرۆکی یەکتر دەدەن. ئەمن بیستوومە، کە عەبدوڕەحمان قاسملوو پیاوێکی دنیا دیتەو و عالەمە، بەڵام ئەو کوردە بە کەسێک و دە کەس بەڕێوە ناچێ. کوڕە کەماڵ دەستم بە داوێنت، چەکی پێشمەرگایەتی دابنێ و ببە بە کاسبی ماڵی خۆت. بە زات و سیفەتی خودای پەژیوان دەبیەوە، بەڵام دواتر سوودی نییە”.

زارا باسەکە دەگۆڕێ و پرسیاری خواردن و ژیانی کوڕەکەی دەکات. ئەو بە دوای یەکتردا دەڵێ، وەی رۆڵە چاوی دایکت کوێر بێ. ئەمن هەموو جەمان لێرە پڕ بە دڵی خۆم بۆت گریاوم و بیرم لە تۆ کردۆتەوە، کە لەو کوێستان و چیا و دۆڵانە دەبێ چ خواردن و خەوێکتان هەبێ. بە خودای رۆڵە، خوشکەکانت لە من زیاتر پەرۆشی تۆیانە و هەموومان پێنج فەڕزە لە سەر بەرماڵێ بۆت پاڕاوینەوە. زارا دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و توک و دوعایان لە خێڵێ خومەینی دەکات و دەڵێ، خودایە تو گەورەیی خۆت و پێغەمبەرە خۆشەویستەکەت ئەو سەگانە لەنێو بەری. بۆ خاتری ناو و سیفاتە جوانەکانت چاوت لە ئێمەی هەژار بێ  و خودایە دەستی ئەو زاڵمە کافرانە ببڕی. کەماڵ پاش خواردنی هێلکەورۆنەکە و خواردنەوەی ماستاوێک سپاسی دایکی دەکات، کە بەو نیوەشەوە ئەو تەعامە خۆشەی بۆ ئامادە کردوە. خەو چاوەکانی هەمووانی قورس و گران کردوە و هەر کەسە و لە سەر جێگای خۆی دەخەوێت. هەتا کاتی کەڵەبابخوێنان لە ماڵی مام کەریم کەس جینگڵەی نادات و خەوی ئارام باڵی بەسەردا کێشاون. مام کەریم دەچێتە مزگەوت و دەگەڕێتەوە منداڵەکانیان لە خەو هەڵنەستاون و ئەویش خۆی لە هەڵکردنی سەماوەرەکە دەدزێتەوە و بۆ تیکنەدانی ئارامی ماڵ دەچێتە سەر جێگا خەوەکەی و سەرەخەوێکی بۆ دەشکێنێ. لەیلا لە خەو رادەچەنێ و پاش دیتنی پێڵاوە ئادیداسەکە شکی هاتنەوەی براکەی دەکات و بە پەلە دەچێتە ژووری خەوتنی میوانان و دەبینی براکەی خەوتوە. لەیلا بەو دیمەنە زۆر شاد دەبێ و بە گەرمی کاروبارە پێویستەکان رادەپەڕێنێ و سەرنج دەدات، کە سەماوەرەکە وەک رۆژان ناڵەی نایەت. تێدەگات، کە بابی لە بەر شادیی گەڕانەوەی براکەی ئەو بەیانیە دەستی لە سەماوەرەکە بەرداوە، بۆیە بە پەلە ئاو لە سەماوەر دەکات و سووکە ئاورێک بە پڵیتەکەیەوە دەنێ و چاوەڕوانی کوڵانی ئاوەکە دەکات. شیرین و کاوەش بە هێواشی لە خەو هەڵدەستن و نیگەرانن، کە بۆچی هەواڵی دایک و بابیان نییە. ئەوان لەیلا دەبینن و دواتر دەبیستن، کە کەماڵی برایان درەنگانی شەو گەڕاوەتەوە و بۆیە هەموو لایەک  کەوتوونە باوەشی خەوێکی قوڵ و ئارام.

ژاوەژاوی بەیانیانی شار و دەنگەدەنگی منداڵانی کۆڵان، کە بەرەو قوتابخانەکان دەچن ختۆکەی ئەسپی خەیاڵی کەماڵ دەدەن و لە خەوی شیرینی بەیان هەڵیدەستێنن. ماوەیەکی زۆرە، کە ئەو لەو ژینگەیە دوورە و بایەخە زێڕینەکەی ماڵی لە دوورەوەی ماڵ زیاتر بۆ دەرکەوتوە. ئەو بۆ دیتنی روخساری دوو خوشک و براکەی بەرەو ژووری دانیشتن دەچێت و لە ئامێزیان دەگرێت. کاوە بەرەو قوتابخانە دەڕوات و چەند پرسیارێک لە براکەی دەکات و لە ماڵ دەچێتە دەر. لەیلا و شیرین داوا لە براکەیان دەکەن، کە باسێکی ئەو ناوچەیە بکات، کە چەند مانگە وێڕای سەدان پێشمەرگەی دیکە شەو و ڕۆژی تێدا کردۆتەوە. کەماڵ باسی ئاگری کراوەی دەورووبەری بنکەکان و هەروەها خواردنەوەی چای بەردەم ئاور و دیدار و سەردانی گوندەکانی دەوروبەری شەڕگەکان دەکات. ناوبراو، باس لە فیداکاری خەڵکی گوندەکان دەکات، کە زۆر میواندارن و یارمەتی زۆری پێشمەرگەکان دەدەن. ئەو ئاماژە دەکات، خۆزگە شارەکانیش وەک گوندەکان لە رەوتی خەبات و تێکۆشاندا بەشدار دەبوون. خەڵکی شارەکان زیاتر خەریکی ژیانی خۆیانن و تەنیا جار و بار زەبری بۆمبارانێک یان شەڕێکی کورتماوەیان بەردەکەوێ. لەیلا باس لە خۆیان دەکات، کە ئەوان لە شار دەژین و کوڕەکەیان لەو خەباتەدا بەشدارە و چەند مانگە لە بەرەی پێشەوەی شەڕەکانە. کەماڵ لە گەڵ خوشکەکەی لەو پێوەندییەدا هاوڕایە، بەڵام روونی دەکاتەوە، کە رێژەکە زۆر کەمە و لە شارەکانی دیکە هەر بۆ باسکردن نابێ. کەماڵ هەروەها باس لە ناسینی خەڵکی زۆر لە ناوچە و هەروەها پێشمەرگەی باشوور و شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خوشکەکانی دەگێڕێتەوە. لە گەرمەی ئەو قسانەدا، دەڵێ ئەرێ کاکە، کەی شاییەکمان بۆ ساز دەکەیی و خەڵکی شار کاریان بە کوردایەتی نییە و رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە شەقام لە بەر بوک گوازتنەوە بەرناکەوێ. ناوبراو بە پێکەنینەوە وڵامی شیرین دەداتەوە، کە راستە خەڵک حەزی لە ژیانە و حەقی خۆیانە. ئەگەر خوا یارمەتیدەر بێت، بێگومان بووکیش دێت و لەو حەوشەیەدا براژن و دشەکان شەڕی یەکتری دەکەن. شیرین باس لە کێشەی خەسوو و بوک دەکات و رادەگەیەنێ، کە کێشەی براژن و دشەکان زۆر کۆن و قوڵ نییە. لەیلا چاوێک لە لەیلا دەکا و دەڵێ، خوشکێ کاکم ماندوو مەکە و بانگی دایک و بابم بکە، با نانی بەیانی پێکەوە بخۆین. ئەمڕۆ وەک رۆژی جێژنی رەمەزان وایە، کە هەموو پێکەوە نان دەخۆین و لە دەوری یەکتر کۆدەبینەوە. شیرین لە دوورەوە دەپەڕێتە نێو ئەو قسانە و بە پێکەنینەوە دەپرسێ، خوشکی نان و ماست و هێلکە کەی بۆ جێژن دەبن؟ جێژنانە جلوبەرگی جوانت لەبەر دەکەیی و جێژنانە وەردەگری، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا جێژنی گەڕانەوەی کاک کەماڵە.

مام کەریم و زارا بە پێکەنینەوە بەرەو سفرەی بەیانی دێن. پاش دانیشتن و ناوی خوا هێنان نانی بەیانی دەخۆن و بەقسەی خۆش لە سفرەکە دەکشێنەوە. زارا لە خۆشیان توڕەبوونی لەبیر چۆتەوە و وەک رۆژان ئەمر و فەرمان دەرناکات. کەماڵ، کە ئۆگری بە کاری کوردایەتی و حیزبایەتی زیاتر بوە پاش نانی بەیانی سەردانی بنکەی حیزب دەکات و هەتا ئێوارە وێڕای دۆستان و ئاشنایان باس لە چیرۆکی شەڕەکان دەکەن. ئەوان باس لەوە دەکەن، کە لەو رۆژانەدا باشترە کەڵک لە رۆژانی ئاگربەس وەربگیردرێ. وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێ و کەماڵ زۆر دڵیان بەو ئاگربەستە خۆش نییە و نیگەرانی دەستپێکردنەوەی پەلاماری رێژیمن. لەو رۆژانەدا پادگانی شار و بنکەی رادار و پردی بریسوێ لە بەردەست هێزەکانی رێژیمە و مەودای نێوان پێشمەرگە و رێژیم لە گەڵ یەکتر زۆر نییە. ئەوانەی، کە لە ماوەی شەڕی سێ مانگەدا لە بەرەکانی شەڕ شاهیدی ئازایەتی پێشمەرگە و دڕەندەیی چەکدارەکانی رێژیم بوون، ترسیان لە نەبوونی دەزگا و ناوەندی پشتیوانی دەکردەوە، کە رەنگە لە درێژخایەندا بەسەر کورددا بشکێتەوە. ئەوان ئاگادار بوون، کە هێزی پێشمەرگە رێکخراو نییە و هێزیکی خۆبەخشە و ئەرتەشی وڵاتان پێویستی بە یارمەتیی و پەروەردەی بەردەوام و هێزی راهێنراو هەیە. بەرپرسانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگاداری بەشێک لەو بارودۆخە بوون، بەڵام لەو رۆژگارە سەختەدا دەسەڵات و دەرفەتی چارەسەرکردنی ئەو هەموو کێشانەیان نەبو. هیوا و ئومێدی زۆربەی خەڵک سازان و کۆتایی هاتن بە کێشەی نێوان رێژیم و هێزی پێشمەرگە بو. خەڵکی کورد ئامادەی خۆڕاگریی هەمە لایەنە نەبوون و باوەڕیان بە دواڕۆژی خۆیان کز و لەق بو. کەماڵی مام کەریمی، وەستا مستەفا و حوسێنی ئازیزێ پێشنیار دەکەن، کە رۆژانە پێشمەرگە لاوەکان فێری پەروەردەی حیزبیی و هەروەها نیزامی بکەن و رێژەیەکی زۆری چەکدار کۆبکەنەوە. ئەرکەکە گرانە و کورد لە بەر ئەوەی دەوڵەتی نەبوە، بە ئاسانی یاسا و رێساکان رەچاو ناکەن و رەنگە بە توندوتۆڵی پارێزگاری لە فەرمان و ئەمرەکان نەکەن. لەو رۆژانەدا بیرۆکەی باش و پلانی گونجاو زۆر بوون، بەڵام کات و ئیمکانات بۆ جێبەجێکردن زۆر کەم بوون. هەر ڕۆژە و لە گۆشەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەیەک ساز دەکرا و رێژیم و چەکدارەکانی بە هەموو توانا و فرت و فێڵێک خەریکی بنکۆڵ کردنی کۆشکی خەیاڵی ئازادیخوازانی کوردان بوون. بەشێک لە خەڵک زۆر زانیاریان لە سەر پرسی کوردایەتیی و هەروەها مافی خۆبەڕێوەبردن نەبوو، بۆیە ئەوان لە گەڵ رۆژ دەسووڕان و بۆ ئەوان تێپەڕکردنی رۆژ و شەوەکان مەبەست و ئامانج بو.

وەرزی سەرماوەز بەڕێوەیە و بەستێنی هاتنی زستان خۆش دەکات. هاتوچۆی نوێنەرانی کورد و تاران و دیالۆگەکەیان لە سەر دواڕۆژی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ رێژیم گەمەی کات و بۆ کوردان تەنیا کات بەفیڕۆدانە. چەند مانگێکی ساڵ و بە تایبەت وەرزی زستان بارودۆخەکە لە ژێر هەناسەی ئاگربەست و درێژەی وتوێژەکانی کورد و رێژیمدا بەسەر چوون. کوردەکان لە رۆژهەڵات، ئەگەرچی وەک هێزی حیزب و پێشمەرگە لە یەکتر دابڕا و پەرتەوازە بوون، بەڵام لە ماوەی شەڕی سێ مانگەدا ئامادەیی خۆیان بۆ درێژەدان بە تێکۆشان دەربڕی. حیزبەکان لە زۆربەی شوینەکان بە جۆرێک تێکۆشانیان هەبو، بەڵام خەڵک لەو رۆژگارەدا لە گەڵ کولتوری حیزبایەتی، ئەندامەتی، تێکۆشان لە پێناوی ئامانجەکان و هتددا وەک پێویست ئاشنا نەبوون. کوردستان لە جیاتی بیروباوەڕی کوردایەتیی و ناسنامەی سیاسی نوقمی تيکەڵی ئیدۆلۆژییە چەپ و راستەکان بو، کە بۆ خەڵک زۆر دڵگیر نەبوون. حیزب و رێکخراوەکان بە فۆڕمی عەشایەریی و بە کولتوری کۆنی ناوچە لە ژێر ناوی جیاوازدا بەستێنی نامتمانەیەیان لەو کۆمەڵگەیەدا پەرە پێدەدا. هەر عەشیرەت و هۆزەێک بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان لە نێوان حیزبەکاندا جۆلانەیان دەکرد. لە موعجیزەکانی رۆژگاری کوردان ئەوە بو، کە خاوەن زەوی، کوڕە ئاغا و ئاغاکان تێکەڵ بە بزوتنەوەی چەپ ببوون و داوای مافی کرێکارانیان دەکرد. خەڵکێکی کەم لەو دۆخەدا لە وردەکارییەکانی شۆڕشی رۆژهەڵات تێدەگەیی و تازە کارەکان زۆر شارەزای مێژوو و پاشخانی کۆمەڵگا نەبوون. ژمارەیەک لە تێکۆشەرە کۆنەکان، کە لە کۆماری کوردستان و دواتر لە شۆڕشی ٤٦ و ٤٧دا بەشداربوون، چاویان تیژتر و زمانی رەخنەیان لۆژیکی و هەڵسەنگاندنەکانیان شارەزایانەتر بوون. ئەوان بەراوردی رابردوو و ئەمڕۆیان دەکرد، بەڵام خەڵکێکی کەم گوێی لێدەگرتن و مێدیایەکی بەهێز و سەرتاسەریی نەبوو، کە دەنگ و باوەڕەکانیان بڵاوکاتەوە. لە شەوانی زستانی شار و گوندەکاندا دمەتەقەیەکی زۆر لە هۆدەی ماڵان و مزگەوتەکاندا لە سەر پرسە گەرمەکانی رۆژ بەڕێوەدەچوون. ئەو دیالۆگ و دمەتەقانە لە شارێکەوە بۆ شاریکی دیکە جیاواز بوون و هەر ناوچە و شارێک تایبەتمەندی خۆی هەبو. لە بەشێک لە کوردستان هێزە چەپ و سەرتاسەرییەکان و تەنانەت دەسەڵاتی مەرکەزی زۆرتر لە هێزە کوردییەکانی خاوەن بەرنامە و پلان، لاقیان چەقاندبوو. شارەکان بە واتایەکی دیکە، نەبوونە چەکی بەرەنگاربوونەوە دژ بە رێژیم و بارە گرانەکە خرایە سەر شانی گوند و ناوچە دوورەکان، کە کاریگەرییەکی زۆری لە سەر ناوەند نەبو. کرماشان، ئیلام، ورمێ و دواتر سنە و شارەکانی دیکە بە ئاسانی خرانە ژێر رکێفی پاسداڕ و بەسیجییەکان و هێزە کوردیی و چەکدارەکانیان لە دەرەوەی شارەکان و لە ژمارەیەک لە گوندەکان بە بێ بوونی ستراتیژییەکی روون و تاکتیکی بەرهەمدار چەقیبوون. خەڵکی کوردستان وەک زۆربەی خەڵکە ژێر دەستەکانی جیهان یەکدەست نین و بە ئاسانی بۆ دەسەڵات و نەتەوە سەردەستەکان دەستەمۆ دەکرێن. لە ماوەی شەڕی سێ مانگەدا دەرکەوت، کە بێجگە لە چەکدارەکانی کوڕانی مەلا مستەفا، بەشێک لە عەشیرەت و خەڵکی دیکە چەکی رێژیمیان هەڵگرتبوو. باوەڕەکان یەکانگیر نەبوون و کوردەکان وەک جاران بە ئاسانی بە گژ یەکتردا دەکران. شەوانی زستان بۆ تاوتوێی ئەو باسانە گونجاو بوون، بەڵام رەخنەگرەکان کەم و بەستێنی چاکسازی لاواز بو.

مام کەریم لەو رۆژگارەدا لە مزگەوت و ژمارەیەک لە دوکانی دۆست و ئاشناکان رۆژە ساردەکان تێپەڕ دەکات. ماڵەکان سووتەمەنی پێویستیان نییە و بە زەحمەت نەوت و گازی شل لە شاردا دەست دەکەوێ. کوردستان، ناوچەیەکی پەراوێز خراو لە ئێرانێکی پاشکەوتوودا خاوەنی بنکە و ناوەندی گەورەی ئابوری نییە و کەمترین سەرمایەگوزاری لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا کراوە. کوردستان، لە کۆنەوە بە حوکمی چەک و توندوتیژی بەڕێوەبراوە و بەڕێوەبەرانی ئێران حەزیان لە چارە و دوارۆژی ئەو ناوچانە نەکردوە. لە سەردەمی کۆندا بە زەبری زۆر و بە شێوازی ژن و ژنخوازی تێکۆشاون خەڵکی کورد واز لە ئایین و مەزهەبی خۆی بێنێ. خەڵکی کورد لە سەردەمی شادا دەرفەتی خۆئیدارەکردنیان پێنەدراوە و دەسەڵاتی یاسا لەو  مەڵبەندە تەنیا ژاندارم، ساواک و بەندیخانە بووە. مام کەریم، بۆ پەیداکردنی بەشێک لە بژیوی ژیانی لە رۆژانی زستاندا، کە بەفر وڵات دادەپۆشێت، بە وەروەرە و بەفرماڵەوە، کە لای وەستا حەسەنی نەجار بەکردنی داوە، بە پارە چەند سەربانێکی ناسیاو و ئاشنایەک خاوێن دەکاتەوە. شارەکان خاوەنی دەزگا و ناوەندی تایبەت نین و زۆر جاران شەقام و کۆڵانەکان بە هەرەوەز لە لایەن خەڵکی گەڕەک خاوێن دەکرێنەوە. مام کەریم، پاش ماڵینی بەفری سەربانەکان وەک کەسێکی شارەزا و خاوەن تەجروبە چاوێک لە حەوشەی ماڵەکان دەکات و تەنیا بۆ کارپوختی گوڕێک لەوێ دەدا و دڵی خاوەن کار و ماڵەکان خۆش دەکات. ئەو بۆ زۆربەی ئەو خەڵکە ئاشنایە و متمانەی تەواوی پێدەکەن. لە زۆربەی ئەو ماڵانە، کە سەربانەکانیان خاوێن دەکاتەوە بۆ خۆگەرمکردنەوە یان چا و نانخواردن بانگ دەکرێ و دواتر، حەقدەستی خۆی وەردەگرێ. ناوبراو، بە دیتنی ماڵە دەوڵەمەند و داراکان و بەراوردکردنی منداڵەکانی هەست بە غەدرێکی گەورە دەکات، چوونکە کەم ماڵ و بنەماڵەی دەوڵەمەند شک دەبات، کە وەک کوڕەکەی ئەو چەکی کردبێتە شان. ئەو کە چاو لە بنەماڵەی هاوڕێ نیزیکەکانی کەماڵی کوڕی دەکات، کە لە ماوەی شەڕی سێ مانگەدا ئەرکی بەرەنگاربوونەوەیان لە ئەستۆ بوە، دێتە سەر ئەو قەناعەتە، کە دەوڵەمەندەکان حەزیان لە سیاسەت و چەک نییە و خەریکی کاروباری خۆیانن. ناوبراو وەک پرسیارێکی بەردەوام بیری لێدەکاتەوە، کە ئەگەر کرماشان، سنە، ورمێ و زۆر شاری گەورەی دیکە قۆڵی هیممەتی پیاوەتی و مەردایەتی لێهەڵماڵن، بێگومان دوژمنی مەلعون بە ئاسانی ناتوانێ درێژە بە ستەم و قۆڕغکاری بدات. رۆژێکی ساردی زستانی، لە کاتێکدا کلوە بەفرەکان بنمیچی ئاسمانیان داپۆشیوە، مام کەریم لە رێگای چوونەوە ماڵ تووشی کەماڵ، وەستا مستەفا و حوسێنی ئازیزێ دەبێ، کە لەو سەرمایەدا بە شەقامی سەرەکی شاردا پیاسە دەکەن و باسی کوردایەتی دەکەن. ناوبراو سڵاویان لێدەکات و لێیان دەپرسێ، کوڕینە ئەمن لەو مەتەڵەی ناگەم و خێرتان دەگاتێ، بۆ منی دەردەداری هەڵێنن. کوڕەکان بە رێزەوە گوێی لێدەگرن و کەماڵ یەکسەر پێش باوکی دەکەوێ و باس لەوە دەکات، کە وتەکانی بابی و عەلی تەقتەقی زۆر لە یەکتر دەچن. ئەوان چاویان تیژە و بیریان بە تەواوەتی لە کۆی ئەو رووداوانە کردۆتەوە، کە باسی دەکەن. مام کەریم پێدەکەنێ و بە کەماڵ، وەستا مستەفا و حوسێنی ئازیزێ دەڵێ ئەمانەتی خودای بن و رۆژێکی دیکە ئەو پرسیارەتان لێدەکەم.

وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێی و کەماڵی مام کەریمی لە ماوەی چەند مانگدا تێکۆشاون لاوەکان زیاتر بۆ کوردایەتی رابکێشن و لە رێگای چەند مامۆستایەک چەند کۆڕێکیان بۆ پێشمەرگە تازەکان گرتوە. ئەوان لە ماوەی کارکردندا فێربوون، کە کارکردن سەختە و ژیانی سیاسی پڕە لە رووداوی چاوەڕواننەکراو. ئەوان ژوورێکیان لە بنکەی حیزب پێدراوە و رۆژانە کارەکانیان رادەپەڕێنن. بەشێک لە لاوەکان رۆژانە سەردانیان دەکەن و خوازیاری فێربوون و وەئەستۆگرتنی ئەرکن. لەو ژوورەدا کار بۆ پەروەردە کردنی لاوەکان دەکرێ و ژمارەیەک لە لاوەکان و هەروەها پێشمەرگەکان فێری نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی کراون. مامۆستا نازم، کە خەڵکی باشووری کوردستانە و ماوەیەکە لەو شارە دەژیت، ئەرکی گوتنەوەی وانەی زمانی کوردی بە ئەستۆ گرتوە. مامۆستا نازم هەروەها کورتەیەک لە مێژووی بزوتنەوە کوردییەکان بۆ پێشمەرگە و لاوەکان دەڵێتەوە. ئەو بە چاوی خۆی شکانی گەورەی کوردانی باشووری دیوە و دەزانێ، کە کوردەکان شارەزای مێژووی خۆیان نین. لە کاتی وتنەوەی وانەی مێژوودا چیرۆکی باوکی دەگێڕێتەوە، کە چەندە و چۆن لە حیزبی هیوا و کۆماری کوردستاندا بەشداری کردوە. باوکی پاش رووخانی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ باشوور و بە دڵشکاوی هەتا دەستپێکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول کاری بە سیاسەت نییە. پاش ئەوەی خەڵک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان لە پێناوی مافەکانیاندا چەک هەڵدەگرن، باوکی مامۆستا نازم، کە بە فەقێ خدری جاف ناودەبرێ، دەچێتە ریزی پێشمەرگەکان و لە چەندان شەڕی گەورە و بچووکدا بەشداری دەکات. کاتێک لە ناو جەرگەی شۆڕشدا هەست بە زوڵم و زۆری کادر و بەرپرسانی پێشمەرگە لە خەڵکی ئاسایی دەکات و لاساری سەرکردایەتی پارتی و بارزانی دەبینێ، باشوور بەجێدێڵێ و روو لە شاری بەغدا دەکات و ماوەیەک  بە کاری دژوار و تاقەت پڕووکێن خێزانەکەی بەخێو دەکات. فەقێ خدر لە ناوچەکانی پشدەر و بیتوێن و هەروەها باڵەکایەتی زوڵم و زۆرییەکی زۆری چەکدارەکانی پارتی دژ بە خەڵک و شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبینێ و لە لای کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی سوێند دەخوات، کە ئەو شۆڕشە وەکو پووشی سەپانی دەسووتێ و خەڵکی کورد خێری لێناکات. ئەو لە لای مامۆستا نازمی کوڕیی و هەروەها دۆستە نیزیکەکانی باسی کردوە، کە هەر شۆڕشێک بارزانییەکان سەرکردایەتی بکەن سەرناکەوێ و لە کۆتاییدا دەشکێ، چوونکە ئەوان خۆیان بە کردەوە بە سەروەری خەڵک دەزانن و لە هونەری سیاسەت دوورن. مامۆستا نازم، لە کاتی وتنەوەی وانەکانی مێژوودا ئاماژە دەکات، کە باوکی گلەییەکی زۆری لە خوێندەوارە کوردەکانیش کردوە، کە لە پێناوی خۆیان و گیرفانیاندا زۆر بیریان لە خەڵک و پرسی گەورەی کوردان نەکردۆتەوە. ناوبراو، رێنوینی پێشمەرگە لاوەکان دەکات، کە چەندە دەتوانن خۆیان بە خویندنەوە خەریک بکەن و یاسا و چوارچێوەی کوردایەتی بە پاکی بەڕێوەبەرن. ئەو زۆر جار وەبیر کوردە رۆژهەڵاتییەکان دێنێتەوە، کە لە رۆژی شکاندا زۆریی و بۆری نایخوات و با وەک ئێمەی کوردی باشووری تووشی ماڵوێرانی و شەڕی نێوخۆ نەبن. کوردایەتی تەنیا هاشوهووش و قسەی گەورە نییە، بەڵکو فیکر، وتە و کرداری کوردانەیە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge.jpgسەرجەم پێشمەرگەکان و هەروەها بەشداربوەکان لە وانەکانی مامۆستا نازم کەڵک وەردەگرن و تێدەکۆشن، کە سەرەتا بە زمانی دایک بنووسن و بخوێننەوە. لە پێناوی سەرکەوتنی زیاتر و هەروەها پێدانی پێخۆری زۆر بە لاوەکان، مامۆستا نازم بە هاوکاری ئەوان شانۆیەکی پڕ مانا بە ناوی “پێخۆڕ و مەرجەکانی سەرکەوتن” لە ساڵۆنی سینەمای شار پێشکەش دەکەن. ئەوان لەو شانۆیەدا بە زمانێکی ساکار باس لە چۆنیەتی کاری هێزە سیاسییەکان، تاکی کۆمەڵگە، مەلا و کەسانی ئایینی و هەموو چین و توێژەکان دەکەن. مەبەستی شانۆکە وبیرهێنانەوەی ئەو مەرجانەیە، کە بزوتنەوەی رزگاریخوازنە و خەڵکانی ژێردەست بۆ رزگاربوون دەبێ رەچاوی بکەن. بە گوێرەی وتە و پەیامەی نێو شانۆکە، مەلای مزگەوتەکان ئەرکیان تەنیا هاتوچۆ لە نێوان ماڵ و مزگەوتدا نییە، بەڵکو ئەوان پێویستە لە پێناوی عەداڵەت، سەرکەوتن و دەستەبەرکردنی مافە رەواکان قۆڵی هیممەت هەڵماڵن. مامۆستا نازم، لە نێو شانۆکەدا وەک مامۆستایەک رۆڵ دەگێڕێ و لە زۆر شوێندا باس لە فەقێ خدری باوکی دەکات، کە لە ماڵەوە بە منداڵەکانی گوتوە، هەر گەل و نەتەوەیەک زانا و خوێندەوار و گەورەکانی راست و خاوەن ویژدان بوون، گەلەکەیان بەختەوەر دەبێ و خەڵک روو لە چاکەکردن دەکەن، چوونکە پێشڕەوانی ئایینی، دنیایی و هەروەها بەڕێوەبەران خۆیان لە دزی، گەندەڵی، خۆپەرەستی، ژێردەستیی و چەند روویی دەپارێزن. لە کۆتایی شانۆکەدا رۆڵگێڕانی شانۆ بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن، کە سیاسەتی ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە کەڵکی نییە و کورد بۆ رزگاربوون پێویستی بە هەرەوەزی راستەقینەیە.

درێژەی هەیە ….