تەور کلکی لە دار نەبێت.. ناتوانێت دار ببڕێتەوە.. رەزا شـوان

پارتی دیموکراتی گەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان، یەک لایەنانە دروشمی برایەتی تورک و کوردیان بەرزکردوونەتەوە، دەیانەوێت ئەوە بخەنە هزری نەتەوەی کوردمان، کە (کورد بەبێ تورک ناتوانێت بژیت) لە کاتێکدا کە نەتەوەی تورک هەرگیز خۆیان بە برای کورد نەزانیوە و نازان، دانیان بە بوونی پەنجا ملیۆن کورد دا نەناوە و ئامادەش نین کە دانمان پێدابنێن.. تا ئەمڕۆش، نکووڵی لە هەبوونی نەتەوەی کوردمان دەکەن و بە دوژمنی سەرسەختی خۆیانمان دەزانن، تا سەر ئێسقان رقیان لێمانە، نەوە لە دوای نەوەشیان،، بە بیر و ئایدۆلۆژیای رەگەزپەرستی و بۆگەنیان، گۆش و پەروەردەیان کردوون و دەکەن.. لە دەستووری تورکیادا، وشەیەک نییە بە ناوی کوردەوە بە تورکی شاخاوی ناویان بردووین.. دەستووری تورکیا، جەخت لەسەر ئەوەش دەکات، کە لە تورکیادا یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئاڵا هەیە، ئەوەی لە تورکیاشدا بژی تورکە. تا ئەمڕۆش ئەم دەستوورە رەگەزپەرستییە پەیڕەوی دەکەن و هێڵی راست و چەپیان بەسەر هەموو نەتەوەکانی تردا هێناوە.. تا ئەمڕۆش منداڵانی کوردمان، بە بە تۆبزی بەیانیان دەبێ ئەم دروشمە رەگەزپەرستییە، بە زمانی تورکی بڵێنەوە، گەر نەیڵێەوە دایکان و باوکانیان دەگرن بەجوداخوز تومەتباریان دەکەن.. ئەمە دەقە تورکییەکەی ئەو دروشمەیە، ئێمە لێرەدا بە کرمانجی نووسیومانە:(ئـەز تورکم… دایکم تورکە… باوکم تورکە… داپیرەم تورکە… باپیرەم تورکە… بنیادەم تورکە… زۆر بژی کۆماری.. بژی.. بژی… بژی… زۆر بژی کۆماری) رۆژانەش دەبێ ئەم رستەیەش دووبارە بکەنەوە:
(شاد ئەو کەسەیە کە بڵێ من تورکم) هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە، منداڵانی کوردمان فێری ئەوە دەکەن کە شانازی بە ئەوەوە بکەن کە تورکن. بە بیری کەماڵیزم و شۆفێنیزم و تۆرانیەت، هـزر و بیریان زاخاو دەدەن، تا وایان لێبکەن، کە لە نەتەوەی کوردمان هەڵیان بگـێڕنەوە و سۆز و هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان نەبێت و زمانی کوردییان لەبیربەنەوە، داب و نەریتەکانی کوردیان لەبەرچاو بخەن.. لە هەموو دایرەکانی سەرژمێریشدا، ناوی کوردی تۆمار ناکەن، دەبێ ناوێکی تورکی لە منداڵانی کورد بنرێت.. تورکیا چەندین لاو و مێردمنداڵی کوردیان لە سێدارە دا، لەسەر ئەوەی، لە قوتابخانەکاندا ئامادە نەبوون، کە ئەو دروشمە رەگەزپەرستە تورکییە بڵێنەوە.
زیاتر لە سەد ساڵە، تورک نامەردانە رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی کورد دەکات، دیهات و شارۆچکە و شاری کورد تاڵان دەکات و وێرانیان دەکەن.. ئەو تاوانان و کارەساتانەی کە تورکی رەگەزپەرست، بەسەر کوردیان هێنان و دەهێن.. زۆر زیاترن لەو تاوانانەی کە بەسەر ئەرمەنییەکان و یۆنانییەکانیان و ئاسوورییەکانیان دا هێنایان.
زیاتر لە سەد ساڵە، تورک بە زەبر و زۆرداری، سیاسەتی ئەنتەگراسیۆن لە گەڵ کورد بەکاردەهێنن، واتە سیاسەتی بە تورکردنی کورد، یا توانەوەی نەتەوەی کوردمان لە بۆتەی نەتەوەی تورک دا، ئەم نیازە گڵاوەشیان بە پیلانێکی تۆکمە و بە بەرنامەڕێژی جێبەجی دەکەن.. ئارمانج و نیازی گڵاویان ئەوەیە، کە ناسنامەی نەتەوەیی کوردیمان بسڕنەوە.. ئەم سیاسەت و نامەردییانەی تورکیای فاشستی، لە دەوڵەتی ئیمپریالیزمی عوسمانییەوە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە و تادێت تۆختری دەکەنەوە.
سەیرە و جێی سەرسۆڕمانە، کە پارتی دیموکراتی گەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان، بانگەشەی برایەتی تورک و کورد دەکەن و دەڵێن:(کورد بەبێ تورک ناتوانێت بژیت.!) بە داخەوە کە کورد، هەمیشە خۆی بەکەم و بە بچووک دەزانێت، نەیتوانیوە سنووری ترسی وەهەمی لە داگیرکەرانی کوردستان لە هـزر و لە دەروونی خۆیدا دەربکات.
لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، هەموو ئەو گەلانەی کە ژێردەستەی عوسمانییەکان بوون رزگاریان بوو، بوون بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.. تەنیا نەتەوەی کوردمان نەبێت.. کە نەمان توانی بە زیرەکی و بە یەکگرتوویی و بە یەکدەنگی و بە راپەڕین و بە سیاسەت هەوڵبدەین و هاوپەیمانن رازی بکەین و ئەو هەلە زێڕینە بقۆزینەوە و ئێمەی کوردیش (دەوڵەتی کوردستان) دابمەزرێنین. لەوە دواش چەندین هەلی ترمان لە دەست دا.. چونکە ئێمەی کورد تا ئەمڕۆش هیچ وانە و پەندێکمان لە هۆیەکانی شکستییەکانی گەلەکەمان وەرناگرین، جار لە دوای جار خراپتر و قووڵتر تێکەوتووین و دۆڕاوین.. ئەمە خاڵێکی لاوازی سەرکردەکانی کوردە.
لە شۆڕشەکی (شێخ سەعیدی پیران: ١٩٢٥) ەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە دوانگزە شۆڕش و راپەڕینمان پەرپاکردووە، بە هەزاران لاوی جوان و دلێرمان بوون بە سووتەمەنی ئەم شۆڕشانە، بە هەزاران گوند و شار و شارۆچەکەمان تاڵان و وێران کران، چەندین جار رەشەکوژی و کۆمەڵکوژیان لێکردین، بە هەزاران کوردیان لە زێـدی باوباپیرانیان بە زۆر دەرکردن، دیمۆگرافیای بەشێکی زۆری ناوچەکانی کوردستانیان گۆڕین. بە داخەوە هیچمان بە هیچ نەکرد و مایە پوچ بووین و هاتینەوە سەر ساجی عەلی.. زیادەڕۆییش ناکەم کە دەڵێم، تا ئەمڕۆ سەرکردە و تێکۆشەر و شۆڕشگێڕێکی دڵسۆز و بلیمەت و قاڵەوەبووی سیاسەتی ئەوتۆمان لێ هەڵنەکەوتووە. کە بە دانایی و زانایی و بە زیرەکی بتوانێت هەموو کورد لەژێر چەتری کوردایەتی و کوردستان پەروەریدا کۆبکاتەوە و بتوانێت خەبات و تێکۆشان و راپەڕینی گەلەکەمان یەکبخات و بتوانێت هێزێکی بەهێزی یەکگرتووی کوردستانی دابمەزرێنێت.. سەرکردەیەکی نەتەوەیی و سیاسی کە بتوانێت پارتێکی سیاسی یەکگرتووی نەتەوەیی رزگاریخواز و ئازادیخواز و دیموکراتیخوازی بە راستی دابمەزرێنێت، تا بتوانێت ناوماڵی کوردیمان رێکبخات و متمانەی گەلەکەمان بە دەستبهێنێت.. سەرکردەیەکی دڵسۆز کە بتوانێت ستراتیژییەتێکی نەتەوەی کوردی بەهێز و تۆکمە دابڕێژێت، بۆ ئەوەی سەنگ و قورسایی و هەژموونێکی ناوچەی و جیهانیمان هەبێت و لە کێشە و لە هاوکێشەکانی ناوچەیی و جیهانیدا بە هەندمان بزانن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمەی کورد گەلێکی پەرتەوازەی یەکدەنگ و یەکگرتوو و یەکڕیز نین و خاوەنی وتارێکی نەتەوەیی و سیاسی یەکگرتوو نین.. میللەتێکی فرە کوێخاین و هەر کاکەمان ئاوازێک دەچڕێ و خۆی کردووە بە دەم راستی گەلی کوردمان.. بە هاندان و فیتی داگیرکەرانی کوردستان و نەیارانی گەلەکەمان پاشەقولی یەکتری دەدەن، دەستیان چۆتە خوێنی یەکتری و ملی یەکتری دەشکێنین. ئەم خۆخۆرییەش دیاردەیەکی تازە نییە.

زۆریش بەداخەوە، کە ناپاکی و خۆفرۆشی و جاشایەتی و نۆکەری بێگانە، لە کۆنەوە بووە بە دیاردەیەکی زەق لە نێو گەلی کورداماندا.. هۆیەکی سەرەکی سەرنەکەوتن و شکستهێنانی راپەڕین و شۆڕشەکانی کوردستانن.. بە هۆی جاشایەتی و خۆفرۆشی و نۆکەری و سیخوڕی کوردەوە بووە.. کە بۆ پارە و پۆست، بوونە بە چاوساغ و بە کەوا سووری پێش لەشکری داگیرکەرانی کوردستان.. لە رابردوو و لە ئێستاشدا، زۆرن ئەو جاش و خۆفرۆش و نۆکەر و ناپاکە کوردانەی، کە بوونە نۆکەر و سیخوڕی تورکیا و ئێران و عێراقی داگیرکەرانی کوردستان و ناپاکیان لە کورد و کوردستان کردوون.
(سوڵتان عەبدولحەمید)ی عوسمانی، چەند تیپێکی سوارەی بەهێزی لە کورد پێکهێنا (جاشە کوردی حەمیدی) پێشی سوپای عوسمانی خستن و شەڕی دوژمنانی خۆیانیان پێکردن و زۆربەیان بەکەشت دان.. گەر بوایە ئەو هێزە کوردیانەمان لە جیاتی ئەوەی کە شەڕ بۆ داگیرکەری کوردستان بکەن.. شەڕیان بۆ رزگاری کوردستان بکردایە، دەیانتوانی کوردستان رزگاربکەن.. دەبووین بە دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ.
مستەفا کەماڵ (ئەتاتورک)ی گۆڕبەگۆڕیش، کۆمەڵێک بەڵێن و درۆی بە کورد دا، بەو بەڵێنانە کوردی هەڵخەڵەتاند، کە کورد و تورک بران و هاومافن لە تورکیادا، گەر کورد پشتگیری لێبکەن و یارمەتی بدەن، لە دوای سەرکەوتن، هەموو خواست و مافەکانی کورد جێبەجێ دەکات.. کوردی خۆش باوەڕیش زوو بڕوایان بە بەڵێنەکانی ئەتاتورک کرد و هەموو هێز و توانایەکیان خستە بەردەستی.. بەشی زۆری هێزەکانی ئەتاتورک لە کورد پێکهاتبوون. گەر بە پشتگیری و یارمەتی هێزەکانی کورد (جاشە کەماڵییەکان) نەبوایە، ئەتاتورک نەیدەتوانی کۆماری تورکیا دابمەزرێنێت.. دڵسۆزان و هۆشیارانی گەلەکەمان باش مستەفا کەماڵیان دەناسی کە چەند نامەرد و دڕندە و درۆزن و فێڵبازە و چ نیازێکی گڵاو و رقێکی رەش لە دژی گەلی کوردمان لە ناخی بۆگەنی دا هەیە.. کورد لە رێگای ئەرزەڕوومدا کەمینێکیان بۆ ئەتاتورک دانا کە بیکوژن، بە داخەوە کە ئەو پلانە، هەر لە لایەن جاش و نۆکەرانی کوردەوە سەری نەگرت و شکستی هێنا.
ئەتاتورکی رەگەزپەرست، لە دوای سەرکەوتنی و دامەزراندنی کۆماری تورکیا و بوونی بە سەرۆک کۆمار، نەک هەر بەڵێنەکانی کە دابوونی بە کورد جێبەجێ نەکردن، بەڵکو بە ئەوپەڕی نامەردی و دڕندەی و دڵڕەقی رقڕەشییەوە، بەبێ دەست پاراستن لە منداڵی کوردی ناو لانکیش، کەوتە رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی کورد و تاڵانکردن و ێرانکردنی سەدان گوند و شاری باکووری کوردستان، بە دەربەدەرکردن و راگواستنەوە و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان، سەرکوتکردن وەڵامی ماف و داواکانی کوردی دایەوە.

هەر لەسەر داوا و فیتدان و هاوکاریکردنی (ئەتاتورک) ی رەگەزپەرست بوو، کە ستالینی ستەمکار (کۆماری کوردستانی سووری: لە ١٩٣٢) دا، هەڵوەشاندەوە و بە هەزاران لاو و ژن و منداڵی کوردی کوشت و ماڵی کوردیان تاڵان کرد و بەهازارانیش کوردی ماڵوێران و سەرگەردان و دەربەدەر کردن و بە زۆر بۆ بیابانی سیبیریا و شوێنە سارد و سەختەکانی روسیا گواستیاننەوە.. کۆماری کوردستانی سوور برایانی کوردمان لە دەڤەری قەفـقاس لە (١٩٢٩ ـ ١٩٣٢) لە ناوچەی (قەرەباغ)ی ئێستا دایان مەزراند، پایتەختەکەشی شاری (لاچـین) بوو.
لە ساڵی (١٩١٩) دا، کە شاندی تورکیا بۆ کۆنگرەی (سیڤەر) چووبوون، مستەفا کەماڵ نامەیەکی بۆ ئەندامی ئەو شاندە (ئەلیاس بەگ) دەنێرێ، تێیدا داوای لێدەکات کە “نابێت باسی هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد بکرێت، ناشبێت هیچ بوارێک بۆ ئەم هەلانە بدرێت..” ئەو کاتە هێشتا نەببوو بە سەرۆک کۆمار.. کە ئەوە قسانەی کرد.
ئەتاتورک بە پارە و بە پۆست و پایە، توانی چەند کەسانێکی کوردی ناپاک بکڕێت و لە کاتی پێویست دا، بۆ نیاز و مەرامە گڵاوەکانی خۆی، لە دژی خواست و مافەکانی کورد بەکاریان بهێنێت.. ئەو کوردە کەماڵیزم و تۆرانیلیزم و ناپاک و جاشە کوردانەی، کە بوون بە نۆکەر و بە سیخوڕی ئەتاتورکی کوردکوژ، رۆڵێکی ناپاکی گەورەیان هەبوو لە لەباربردنی هەلی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دا.. ئەم ناپاک و نۆکەرە بەکرێگیراوانە، گەیشتنە ئەو رادەیەی، کە نکووڵییان لە کوردبوونی خۆیان کرد و خۆیان بە تورک دەزانی.. لەوانەش: خۆفرۆش و جاشی رەشمەلەسەر (دیاب ئاغای دەرسیمی) یە، کە رۆڵێکی ناپاک و گەورەی بینی لە دژایەتیکرنی گەلەکەی لە باکووری کوردستان دا.
(دیاب ئاغای دەرسیمی) سیخوڕ و نۆکەرێکی نزیکی ئەتاتورک بوو، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بوو، نوێنەری شاری دەرسیم بوو.. بە دەنگی کورد و بە سەر شانی کورد، بوو بە ئەندام پەرلەمان، بە داخەوە، وەکو شاعیری گەورەمان (پیرەمێرد) ی نەمر دەڵێت:
هـێشـتا پـیـاوی چـــاک لـێک نـاکـەیـنەوە
گـــرەو لـە پـیــاوی بــــــــەد نـابـەیـنـەوە
دیاب ئاغای ناپاک و ناڕەسەن و نۆکەر، لەناو پەرلەمانی تورکیادا، وتی:”ئێمە کورد نین.. ئێمە تورکین” زۆریش بە شانازییەوە ناوی ئەتاتورکی دەبرد و بە “حەزرەتی غازی مستەفا کەماڵ پاشا” ناوی دەبرد.. کەچی لە سەرانسەری باکووری کوردستاندا، کورد بە “مستۆ کافـر” ناویان دەبرد.. گەرچی دیاب ئاغا نوکووڵی لە کوردبوونی خۆی کرد. بەڵام گەر تورک دیاب ئاغایان بە تورک بزانیبایە، ئەو رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی و کارەساتەیان بەسەر شارەکەی (دەرسیم) و بەسەر نەوەکانی و کەسوکاریدا نەدەهێنا.
لە شۆڕش و راپەڕینەکەی دەرسیم دا، لە ساڵی (١٩٣٧ـ ١٩٣٩)، بە سەرۆکایەتی (سەید رەزا) ی دەرسیمی.. تورکیا بە دڕندانەترین و نامەردترین شێوە (٥٠) هەزار ژن و منداڵ و لاوی کوردیان شەهید کرد، زیاتر لە (٧٥) هەزار کوردیان، لە زێدی خۆیان دەربەدەر کرد و رایان گواسنەوە بۆ شوێنانی تر، بە سەدان گوند و شارۆچکەی ئەو دەڤەرەیان تاڵان کردن و دواتر وێرانیان کردن.. تەنانەت کچە زۆڵە خۆدۆڕاوەکەی ئەتاتۆرکی دۆستی دیاب ئاغا ( کچی راستی خۆی نەبوو بەخێوی کردبوو) کە ناوی (سەبیحە گوکچەن)ە کە یەکەمین ژنە فڕۆکەوانی جەنگ بوو لە تورکیادا، چەند جارێک بە فڕۆکەی جەنگی، زۆر دڕندانە، شاری دەرسیمی بۆردوومان کرد.. بە دەیان ژن و منداڵی کوردی شەهید کرد. (فڕۆکەخانەی سەبیحە) لە ئەستەنبوڵ، بە ناوی ئەم ژنە تاوانبارەوە نراوە.. کە (سەید رەزا دەرسیمی) دەستگیکرا، بە فەرمانی ئەتاتورک دادگای تورکیا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ سەید رەزا دەرسیمی و بۆ چەند سەرکردەیەکی تری کورد دەرکرد.. سەید رەزا و کورە بچووکەکەی کە (١٦) ساڵان بوو، لەگەڵ (١٢) لە سەرکردەکانی تری کوردمان، لە (١٩٣٧) دا لە سێدارە دران.. دواتریش ناوی شاری (دەرسیم) یشیان گۆڕی بۆ (تونجەلی).. لە رۆژی لە سێدارەدانیان دا.. خودی ئەتاتورک لەو رۆژەدا ئامادەی لە سێدارەدانیان بوو. ئەتاتورک بە سەید رەزای وت:”ئەگەر دان بە هەڵەکاندا بنێیت و پەشیمانی خۆت دەرببڕی، لێت دەبوورم” سەید رەزا پێی وت:”من کارێکم نەکردووە تۆ لێم ببووری.. پەشیمانیش نیم” سەید رەزا لە بەردەم سێدارەشدا، رووی لە تۆرانییەکان کرد و وتی:” تەمەنم حەفتا و پێنج ساڵە ئێستا لە سێدارە دەدرێم، گیانم دەچێتە پاڵ گیانی قوربانیانی خەبات لە پێناوی کوردسـتان دا دێرسیم سەرنەکەوت، بەڵام کورد و کوردستان هەر دەمێنن، لاوانی کورد تۆڵە دەکەنەوە، شەرمەزاری بۆ ستەمکاران”
لە نێو شەهیدانی شاری دەرسیم دا، ژمارەیەکی زۆر لە نەوەکان و لە کەسوکار و لە هۆزەکەی (دیاب ئاغای) ناپاکی تێیاندا بوون.. ئەمە پاداشت و پیاوەتی ئەتاتورک بوو، بۆ (دیاب ئاغا)ی دۆستە نزیکەکەی و بۆ نۆکەر و سیخوڕ و جاشە گەورەکەی.
گەورە ناپاکێکی تری کورد، جاش و خۆفرۆش و نۆکەرێکی قێزەوەنی تری ئەتاتورک، ناوی (حەسەن خەیری) یە، کە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بوو، نوێنەری شاری دەرسیم بوو، بە دەنگی کورد بوو بە ئەندام پەرلەمان.. کەچی ئەم نۆکەر و ناپاک و نامەردە، گەورەترین ناپاکی بەرانبەر بە گەلی کوردمان کرد.. گەورەترین خزمەتی تورکیای داگیرکەری کوردستانی کرد.. گەورەترین نیازی گڵاوی ئەتاتورکی خوێنڕێژی هێنایەدی.
لە کۆنگرەی پەیمانی (سیڤەر) دا، کورد لەوە نزیک ببۆوە، کە دەوڵەتی کوردی بۆ دابمەزرێنن، ئەوە بوو سیڤەر گۆڕا بە پەیمانی (لۆزان) هاوپەیمان واژۆیان لەسەر بڕیارەکان نەکرد، بەبێ مافی کورد و سەربەخۆیی کوردستان.. چونکە هیچ بڕوایەکیان بە قسەکانی شاندی تورکیا نەبوو.. ئەتاتورک داوای لە (حەسەن خەیری) نۆکەری کرد، کە بە جلی کوردییەوە، لە پەرلەماندا، بانگەشەی برایەتی تورک و کورد بکات، ئەوە بڵێت، تورک و کورد بران و پێکەوە دەژین و هێچ کێشەیەکیان نییە، کورد نایەوێت لە تورکیا جیاببێتەوە، تورکیا نیشتمانی تورک و کوردە.. کۆمەڵێک لە رۆژنامەنووسان و میدیا بۆ گەواهیدانی ئەم سیناریۆ داڕێژراوە ئامادەکرابوون، کە رۆژانە قسە تەڵقین کراوەکانی جاشی بەکرێگیراو خۆفرۆش و ناپاک (حەسەن خەیری) یان بڵاودەکردەوە.
ژنەکەی حەسەن خەیری، بە پێچەوانەی مێردەکەیەوە، کوردێکی دڵسۆز و پاک بوو. دژی ئەم کارە قێزەوەنەی مێردەکەی بوو، زۆر لێی پاڕایەوە و داوای لێکرد.. کە ئەو کارە نەکات و ناپاکی لە گەلی کورد نەکات.. بەڵام حەسەن خەیری گوێی پێی نەدا.
حەسەن خەیری داوا و نیازە گڵاوکەی ئەتاتورکی جێبەجێ کرد، چەند جارێک بە جلی کوردییەوە چووە ناو پەرلەمانی تورکیا و ئەو قسانەی کە ئەتاتورک بۆی نووسیبوون، تووتی ئاسایی دووبارەی دەکردنەوە.. وێنەکەی و قسەکانی بوون مانشێتی رۆژنامەکانی تورکیا.. هەر لەسەر داوای ئەتاتورک، حەسەن خەیری، نامەیەکی تەلگـرافی، بۆ گۆنگرەی لۆزان نارد، ئەوەی تێدا نووسیبوو، کە کورد و تورک براین، کێشەیەکمان نییە و دەمانەوێت پێکەوە بژین و بمێنینەوە، جیابوونەوە و دەوڵەتی کوردیمان ناوێت.
هاوپەیمانان کە ئەو نامە تەلگرافەیان پێگەیشت. بڕوایان کرد و بڕیارەکانیان واژۆکرد.
(حەسەن خەیری) ناپاک و خۆفرۆش، گەورەترین ناپاکی بەرانبەر بە گەلەکەمان کرد، هۆکارێکی گەورە بوو، بۆ لەباربردنی خەونی کورد، لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.
هەر بە فەرمانی ئەتاتورک حەسەن خەیری دەستگیر کرا، دادگای تورکیا بە تاوانی لەبەرکردنی جلی کوردی و جوداخوازی، بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرکرد، حەسەن خەیری ناپاک بەرگری لەخۆی کرد و وتی:”من بۆ ئەوە ئەو کارەم کرد، تا رێگری لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بکەم” بێ سوود بوو، پێیان وت تۆ پێشێلی دەستووری تورکیات کرد و بەجلی کوردییەوە چوویتە ناو پەرلەمان.. پێیان وت بەر لە سێدارەدانت، چیت هەیە کە بیڵێیت..؟ دوایین راسپاردەی حەسەن خەیری ناپاک و نۆکەر ئەمە بوو:
“با گۆڕەکەم لەسەر رێگای کوردان بێت.. بۆ ئەوەی هەر کوردێک بیبینێت تف بارانی بکات..” دەیگێڕنەوە و دەڵێن: لە دوای ناشتنی تەرمەکەی.. هێندە تفیان کردبووە سەر گۆڕەکەی بە دوو شەو و بە دوو رۆژ ئەو تفانە وشک نەبۆون.

مستەفا کەماڵ ئەتاتورک، تووشی نەخۆشی جگەرهات، وێنەیان گرتووە و دەڵێن: ئەتاتورک جۆرە مێروویەکی سووری وردی بە چاو نەبینراو تێیدا، ئەو جۆرە مێرووەش تەنها لە وڵاتی چین دا هەبوو، تا ئەو کاتەش دەرمانی دژە ئەو مێرووە نەدۆزرابۆوە، ئەتاتورک گەڕ و گول بوو، هەر خۆی هەڵدەکڕاند، تا سەری نایەوە و گۆڕ بەگۆڕ بوو.
لە کۆنگرەی چوارەمینی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ( ٢٣/ ٢/٢٠٢٠) لە (ئەنقەرە) دا بەسترا، بە زۆرینەی دەنگ، دوو هاوسەرۆکی تازەیان بۆ پارتەکەیان هەڵبژارد، کە خاتوو (پەروین بوڵدان) و دکتۆر ( مەدحەت سنجار) بوون، لە تورکیدا بە (میتهات سنجار) ناودەبرێت.. بەڕێوەبەری کۆنگرە و ئەندامی سەرکردایەتی ئەم پارتە (ئەلیجان ئونکی) وتی:”من لە باتی هەمووتان دەڵێم ئێمە پارتێکی کوردین نین.. ئێمە رێکخراوێکی تورکین”
دکتۆر مەدحەت سنجار کێیە؟ بە کورتی دکتۆر مەدحەت، نووسەر و ئاکادیمی و شارەزایەکی پسپۆرە لە بواری کاروباری سیاسی و یاسایی دا، لە ساڵی (١٩٦٣) لە باکووری کوردستان، لە شاری (نسیبین)ی سەر بە پارێزگای (ماردین) لە خێزانێکی عەرەب لەدایک بووە. لە ساڵی (١٩٩٥) دا، دکتۆرای لە یاسادا وەرگرتووە. لە ساڵی (٢٠٠٧) مامۆستا بوو لە (کۆلێژی یاسا) لە زانکۆی ئەنقەرە.. لە ساڵی (٢٠١٥) دا، بە دەنگی کورد، بوو بە ئەندام لە پەرلەمانی تورکیا بۆ ماوەی چوار ساڵ.. ئێستاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلانە.
(لە سەردمی حیزبی بەعەس شۆڤـێنیدا، لە باشووری کوردستاندا، ئەو کوردەی ببوایە بە بەعسی، خەڵکی کورد لە نێو خۆیاندا، دەیان وت: فڵانە کەس، حەبە سەوزەکەی قووت داوە، واتە بووە بە بەعسی و قسەی لا نەدرکێنن) وا دیارە (مەدحەت سنجاریش حەپە سوورەکەی قووت داوە و بووە بە تۆرانی و چۆتە ژێر چەتری کەماڵیزم و تۆرانیلیزم ەوە) لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی تورکیا، لە رۆژی (٢٣/٤/٢٠٢٠) دا، کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیاوە سازکرا، مەدحەت سنجار، وەکو هاوسەرۆک و وەکو نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان، بەشداری لەو دانیشتنەکەی پەرلەماندا کرد، وتەیەکییشی پێشکەش کرد، لە وتەکەیدا کەوتە ماستاو سارکردنەوە و تەشی رستن، ستایشی ئەتاتورکی کرد و بە شان و باڵیدا هەڵیدا، مستەفا کەماڵ ئەتاتورکی کوردکوژی، بە داکۆکیکەر لە کورد ناوبرد، وا باسی کرد کە ئەتاتورک چاکە و پیاوەتی بە سەر کوردەوە هەیە.. مەدحەت سنجار وتی:” مستەفا کەماڵ پاشا، بە هەموو هۆیەکەوە هەوڵیدا چارەسەری گونجاوی کێشەی کورد بدۆزێتەوە، هەوڵیدا لەژێر چەتری دەوڵەت و شکۆداریدا و بە بیرێکی دیموکراتییانەی یەکگرتووی هاوبەش چارەسەری کێشەی کورد بکات، کەچی هەوڵ و کۆششە زۆرەکانی لادراون و لە یادکراون”
تۆ بڵێی (مەدحەت سنجار) کە دکتۆرای لە یاسادا هەیە، هێندە گێل و گەمژە و نەزان بێت و ئاگای لە دەستوورەکەی ئەتاتورک نەبێت، کە بە هیچ شێوەیەک ناوی کوردیان نەبردووە، بە تورکی شاخاوی ناویان بردووە؟ ئەی تۆ بڵێ مەدحەت هێندە حەپۆلە بێت و مێژووی نەخوێندبێتەوە، کە ئەتاتۆرک، ئەو هەموو رەشەکوژی و کۆمەڵکوژییەی لە کورد کرد و زمانی کوردی قەدەغەکرد و هیچ مافێکی بە کورد رەوا نەبینی و بە ئاگر و ئاسن رەفتاری لەگەڵ کورد دا کرد..؟! ئەتاتورکێک کە هەموو دەسەڵاتێکی هەبوو.. کێ دەیتوانی رێی لێبگرێت، گەر بیویستایە چارەسەری کێشەی کورد بکات؟ چما مستەفا کەماڵی رەگەزپەرست، دانی بە هەبوونی کورد دا دەنا؟ لەسەر ئەو هەموو تاوانانەی کە ئەتاتورکی نامەرد لە کوردی کردن، دکتۆر مەدحەت ستایشی دەکات و بە شان و باڵیدا هەڵدەدات! بە داکۆکیکەر لە کوردی ناو دەبات.. رەنگە مەدحەت سنجاری کەماڵیزم، وا تێبگات کە نەوەی تازەی کوردمان ساویلکەن و هیچ لە مێژووی خۆیان نازانن.

شایەنی باسیشە، پارتی دیموکراتی گەلان هیچ ناڕەزایی و هەڵوێستێکی ئەرێنیان نەبوو، لەمەڕ ئەو لەشکرکێشییەی کە تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستانی کرد، کە بە سەدان کوردیان کوشت و بە هەزارانیشیان ئاوارە و دەربەدەرکردن.. چەکی فسفـۆری سپیی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیان لە دژی کورد بەکارهێنا. تورکیا تا ئێستاش درێژە بە تاوانە قێزەوەنەکانی دەدات. ئەی نابوایە هەدەپە پرۆتستۆی ئەم تاوانانەی تورکیان بکردایە..؟
بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیان، واتای رازیبوونیان دەگەیەنێت و هاوبەشن لەم تاوانانەدا.
هەرگیز لە عەرەبێکی کەماڵیزم و تۆرانیلیزمی وەک مەدحەت سنجار، چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێت، کە داکۆکی لە کورد و لە کێشەی کورد بکات.. یا باس لە ستەملێکراوی کورد و لە تاوانەکانی تورکیا بکات.. گەر مەدحەت قسەکانی بە پێچەوانەوە بکردایە راستی دەوت.. چونکە هێندەی ئەتاتورک سوودی لە کورد وەرگرت، ئەوەندە سوودی لە تورک وەرنەگرتووە.. بە هەزاران کوردی کڕی و کردنی بە نۆکەر و بە جاشی رەشمەلەسەری خۆی. ئەتاتورک لە هەموو شەڕەکانی لە دژی نەیارەکانیدا، جاشە کوردەکانی دەخستنە پێش لەشکری تورکیاوە.. بە کوشتی دەدان، یا هەر خۆیان لە دواوە دەیان کوشتن.. لایەکی کەشەوە ئەتاتورک رێگری لەوەش دەکرد کە کورد بتوانن لەگەڵ گەلان و وڵاتاندا پەیوەندیان هەبێت، نەباکا داوای دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ کورد بکەن.. گەر مەدەحەت سنجاری غیرەتی هەیە با باسی ئەم راستییانە بکات نەک پاکانە بۆ ئەتاتورکی خوێنڕێژ و ستەمکاری گۆڕبەگۆر بکات. بە داخەوە، کە کێ چۆتە شوێنی کێ.. وەکو کورد دەڵێت:
نەمــــاوە دەنــــــــگـی دلــــــــــێـران
چەقەڵ راودەکا لە جێگەی شـــێـران
تا تێکۆشەر و سیاسەتمەداری گەلەکەمان، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان بوو، زۆر دلێرانە و بوێرانە قسەی دەکرد، ببوو بە چقڵی ناو چاوی ئەردۆگان.. ئێستاش لە بەندیخانەدا نەگۆڕاوە و هەر هەمان هەڵویستی هەیە، هەر بۆیە ئازادی ناکەن، گەرچی ماوەی بەندکردنەکەی تەواو بووە و بەسەرچووە.
لە ساڵی (١٩٩٢) سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا (سلێمان دەمیرێل) ی گۆڕبەگۆڕ، وتی:”لە تورکیادا هیچ شتێک بوونی نییە بە ناوی کێشەی کوردەوە، ئێمە راستیی هەبوونی کورد لە تورکیادا قبووڵ ناکەین”
دیکتاتۆرە خوێنڕێژەکەی ئێستای تورکیا زیندانیستان، سوڵتان ئەردۆگان، کە تووشی کوردفۆبیا بووە، ئەویش ئەو ئایدۆلۆژییە بۆگەنە رەگەزپەرستییەی دووبارە کردەوە وتی:”لە تورکیادا یەک ئاڵا و یەک زمان هەیە.. ئەوەی نایەوێت بێتە ژێر ئەم ئاڵایەوە با لێرە بڕوات” مەبەستی ئەردۆگان کوردە.. سێبەرەکەی خۆشی لێبووە بە کورد.
زەڕافە ملدرێژەکەی سوریاش (بەشار ئەسەد)ی دیکتاتۆر هەر هەمان شەکری شکاند و وتی:”شتێک نییە لە سوریادا، کە ناوی کێشەی کورد بێت. بە هۆیەکی ساکارەوە، کورد هەیە لەگەڵ مێژوودا لە سوریادا دەژین.. بەڵام ئەو کۆمەڵانەی کە بۆ باکوور هاتوون، تەنیا لە سەدەی رابردوودا هاتوون. بە هۆی سەرکوتکردنیان لە لایەن تورکیاوە. وەکو میوان وەریانمان گرت”. ئێمە لە نووسینێکماندا، لەژێر ناوی (کۆڵەواریی بەشار ئەسەد و قەوچەقەوچەکانی) کە لە رۆژی (١١/ ئادار/٢٠٢٠) دا، بڵاومان کردەوە، بە کورتی وەڵامی ناماقوڵییەکانی (بەشار ئەسەد) مان داوەتەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستانیش، نزیکەی (٤٢) ساڵە لە شۆڕشدان، نزیکەی (٤٢) هەزار جوانترین و ئازاترین کوڕان و کچانی کوردیان بە شەهیدکردن دا، تا ئێستا نەیانتووانیوە (٤٢) مەتر لە خاکی باکووری کوردستان، لە تورکیای داگیرکەر رزگار بکەن.. تا ئێستا نەیانتوانیوە، لۆبییەکی سیاسی و دیپلۆماتی بەهێزی کورد، لە وڵاتانی ئەوروپادا پێکبهێنن، کە بتوانن کاریگەریان لەسەر پەرلەمان و حکومەتەکانی ئەوروپا هەبێت، تا پشتگیری لە شۆڕش و خەبات و لە رزگاریکردنی کوردستانی داگیرکراو و لە مافە زەوتکراوەکانی گەلی کوردمان بکەن.
(پەکەکە) لە پێشا دروشمیان رزگارکردنی کوردستانی گەورە بوو، بەڵام لە ئێستادا لەو دروشمە پەشیمان بوونەتەوە و باسی دەوڵەتی کوردستانیش ناکەن. داواکانیان لە چەند مافێکی سادە و لە ئازادکردنی (هاپۆ) دا چڕکردوونەتەوە.. باس لە برایەتی تورک و کورد دەکەن و جیابوونەوە لە تورکیا رەتدەکەنەوە.. ئەمەش سازش کردن و خۆبەدەستەوەدان و بە تورکیا بوونە.. جۆرێکیشە لە کويلایەتی ئارەزوومەندانە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئەو راستییەش بڵێین، کە گەریلاکانی پەکەکە، هەڵویستی نەتەوەییان هەبووە و هەیە.. ئامادەی بەرگریکردن بوونە، لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان. لە کەرکووک و مەخموور و شەنگاردا، قارەمانانە بەرگرییان لە خوشک و برایانی کوردیان کرد.
گەر کوردی کەماڵیزم و تۆرانیلیزم و ئیخـوانلیزم، لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، دەنگیان بە پارتی ناداد و ناگەشکردن نەدایە، نەیان دەتوانی ببن بە کیتلەی زۆرینەی پەرلەمانی تورکیا و نەیان دەتوانی کە حکومەتێکی قورخکردوو پێكبهێنن، لە ئێستادا بە زۆرینەی دەنگەکانی ئەندامەکانی پارتەکەی ئەردۆگان، هەموو ئەو بڕیار و یاسایانە لە پەرلمانی تورکیادا تێدەپەڕێنن، کە لە بەرژەوەندی پارتەکەیان و لە بەرژەوەندی ئەردۆگان دان.
پێویستە ئێمەی کورد بە خۆماندا بچێتەوە و دۆست و دوژمنانی خۆمان لێک بکەینەوە. پێویستە ئەو راستییەش بزانین، کە هەرگیز دوژمنانمان، داگیرکەرانی کوردستانمان، نابن بە دۆستمان.. نابێت بە زمانی لووس و بە زەردەخەنەی ژەهراویان بڕوا بکەین. پێویستە لە لایەن دڵسۆزانی گەلەکەمانەوە، شتراتیژییەتێکی یەکگرتووی نەتەوەیی کورد دابڕێژن.. پێویستە دڵسۆزانی گەلەکەمان، لە نۆکەرانی بێگانە جیابکەینەوە.

پێویستە نەترسین، نەفـرەت لە جاشەکان و لە ناپاکان و لە کوردستان فرۆشان و لە نۆکەرانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا بکەین کە داگیرکەرانی کوردستانن. رۆژانەش بە هەزاران تف و نەفرەت لە ( دیاب ئاغاکان) و لە (حەسەن خەیرییەکان)ی باشووری کوردستان بکەین.
رەزا شوان
نەرویج: ٢٢/ مای/ ٢٠٢٠

(*) تا رادەیەک سوود لەم سەرچاوانە وەرگرتوون:
١ـ دیاب ئاغای دەرسیمی، نموونەی کوردی دەربار و رەنج بە باچوو.
ئامادەکردن وەرگـێڕانی: بەکـر شـوانی.
٢ـ إعادة بناء التأریخ وصیاغـتە وفق مفاهیم جدیدە “الکمالیزمیة وکورد ترکیا نموذجا”
سایتی: دارکـا مـازی.
٣ـ حەسەن خەیـری لە باشـوورە..! نووسینی: محـەمـەد بـەرزی.
٤ـ من هو دکتور مدحت سنجار؟ سایتی: خـبر. ٢٤.
٥ـ سەرکەوتنی کۆنگرەی هەدەپە و گاڵاتاسرای، شکستی کوردان.
سایتی: دارکا مازی.
٦ـ حەسەن خەیری خائن. تقي الدین ئاکرەیی.