وتووێژی “کوردستان” لەگەڵ ئەنوەر و کوردستان عەزیزیان، باوک و کچێکی هونەرمەند و پێشمەرگە. دیمانە شەونم هەمزەیی
ئەنوەر عەزیزیان: هونه‌ر به بێ نیشتمان و میلله‌ت ناتوانێ هیچ پێناسه‌یه‌کی هه‌بێ
کوردستان عەزیزیان: شانازی دەکەم بەوەی لەوە بەدوا وەک کچە پێشمەرگەیەکی هونەرمەند دەمناسنو ناوم دەبەن دوانیوەڕۆیەکی پاییز بە شنەی بلاوێنی دەنگێکی ڕەسەن و زایەڵەی مۆسیقایەکی ئەهوورایی و مەقام و بەستە و حەیران بوونە میوانی دڵەکانمان، ئەوان کە لە سەردەشتی سەرسەوزەوە هاتبوونە دەشتە کاکی بە کاکییەکەی کۆیە، ئاوپڕشکێنی دڵی تاسەباریان کردین و گوڵبزەی شادییان خستە سەر لێوانمان و هیوادار بە ڕۆژانێکی خۆشی دیکەی پێکەوەبوون لەگەڵ یەکتریان کردین.
ئەو هەست و سۆزە نیشتمانییەی لە وشە بە وشەی شێعرەکان دەتکا و، لە لەرەی دەنگ و مۆسیقای ئەو بنەماڵە هونەرمەندەدا دەنگی دەداوە، وایلێکردین وەک «کوردستان» بە وتووێژێکی خۆمانە میواندارییەکی تایبەتیی کاک ئەنوەر عەزیزیان و کیژە ڕوح سووکەکەی، خاتوو کوردستان بکەین
کاک ئەنوەر جەنابت ساڵانێکە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی. هاوکات لەگەڵ کار و ژیان و ڕاپەڕاندنی ئەرکی حیزبی، بەڵام دەبینین کە بنەماڵەیەکی تەواو هونەرمەندت پێکهێناوە و پەروەردەت کردوون. دەکرێ بفەرموون چۆنە ئەدەب و هونەرت تێکەڵ بە ژیانی خاو و خێزانیت کردووە؟
زۆر سپاس بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتەتان بە ئێمە دا لە رێگای «کوردستان»ی خۆشەویستەوە دەنگی خۆمان بگەیەنینەوە خەڵکی کوردستانەکەمان. ئه‌من هه‌ر له منداڵیه‌وه هۆگریه‌کی زۆرم به هونه‌ر و ئاوازی کوردییه‌وه هه‌بوو، ئه‌و هۆگریه‌م له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونم و بڕینی هه‌ره‌تی لاوه‌تی و تا ئیستاش هێناوه و له ناخمدا په‌روه‌رده‌م کردووه. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا که من پێم خۆش بوو له‌گه‌ڵ گروپێکی موسیقی کار بکه‌م به‌ختی ئه‌وه‌م نه‌بوو که ئه‌و هه‌له‌م بۆ بڕه‌خسێ، لەبەر ئەوەی ئەو ڕوحە ئایینیەی به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌مدا زاڵ بوو ڕێگر بوو له‌وه‌ی که من بتوانم ڕوو له کاری هونه‌ری بکه‌م. له نه‌ریتی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا گۆرانی گوتن و کاری هونه‌ری بە دژایه‌تی له‌گه‌ل نۆرمه ئایینیه‌کان لێک ده‌درایه‌وه، به‌و حاڵه‌ش ئەمن کۆڵم نه‌دا و نه‌مهێشت ئه‌و هه‌ست و ئینتیمایه‌م بۆ هونه‌ر لێ هەڵوەرێ.
هه‌ر ئه‌و خولیایه‌ی که له منداڵی‌دا هه‌مبوو وه له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانم به‌ره‌به‌ره گه‌وره ببوو، وایکرد کاتێک که ژیانی هاوبه‌شیم پێک هێنا و منداڵه‌کانم پەیدابوون و پێگەیشتن، له‌واندا چرۆ بکا و بشنێته‌وه.
ئێوە لە بواری ئەدەب و هونەریشدا ڕێچکەی «ئەدەبی بەرگری» و «هونەری دەروەست»تان هەڵبژاردوە و ئەو ڕێگایەشتان بۆ منداڵە هونەرمەندەکانتان کێشاوە. لەبەرچی پێتان وایە هونەر دەبێ خزمەتی نەتەوە و نیشتمان بکا؟ ئایا ئەوە چووکەکردنەوەی پانتایی هونەر نییە؟
ئەمن باوه‌ڕم وایە هونه‌ر به‌بێ نیشتمان و میلله‌ت ناتوانێ هیچ ناسنامه و پێناسه‌یه‌کی هه‌بێ. قه‌ناعه‌تی ئەمن وابووه هونه‌ری بێ میلله‌ت سه‌غیره، هونه‌ری بێ نیشتمان سه‌غیره، ئه‌وه‌ش جوانییەکانی نیشتمانه و شیرینیی زمانی میلله‌ته که ده‌توانێ ڕوح و ڕه‌وان و گیانی واقعی به میلله‌تێک ببه‌خشێ. ئه‌وه‌ش که پێموابێ هونه‌ری ده‌روه‌ست به مانای که‌مکردنه‌وه‌ی پانتایی گشتیی هونه‌ره، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سۆز و هه‌ستی نه‌ته‌وەیی ئاوێته‌ی بووه؛ راست نیه و پێچه‌وانه‌که‌ی دروسته. چونکی پێموایه هونه‌ر کاتێک جێگه و پێگه‌ی خۆی په‌یدا ده‌کا که به جوانیی سروشت و به ئاواز و ئاوات و خولیاکانی گه‌ل و نیشتمانه‌وه بخه‌مڵێ.
ئەدی جێگە و پێگەی هونەری دەروەست و ئەدەبی بەرگری لە ئێستای کوردستاندا چۆن دەبینن، ئایا جێگای شیاوی خۆی دراوەتێ؟
نیشتمان و کوردستانی ئێمه له ئیستادا چوار به‌شه، ئه‌و دابه‌شبوونه نادڵخوازه که مێژووه‌که‌ی بۆ سه‌دان ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه له هه‌رکام له به‌شه‌کانیدا به‌هۆی سیاسه‌تی جیاوازی ده‌سه‌لاتی زاڵ به‌سه‌ر هه‌ر کام له‌و به‌شانه‌دا ژینگه‌یه‌کی جیاوازی هونه‌ریش دروست بووه، به‌ڵام له ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئه‌گه‌رچی هونه‌ر و ئه‌ده‌بی به‌رگری غایب نیه، به‌لام ئه‌و پانتاییه دڵخواز و جێگا تایبەتییەی خۆی نییە، هۆیه‌که‌شی بۆ کەشی پۆلیسی و سیاسه‌تی زه‌بروزه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی حاکم ده‌گه‌ڕێته‌وه. هونه‌رمه‌ندان و شاعیرانی ده‌روه‌ستی کوردیش بۆ پاراستنی ئەم ژانڕە لە ئه‌ده‌ب و هونەری کوردی باجی قورس دەدەن. هەڵبەت له ساڵانی رابردووش‌دا بینیومانه له هه‌ر کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌یه‌ک و له هه‌ر مه‌جال و ده‌رفه‌تێکدا که ره‌خسابێ، ئەوا شاعیران و هونه‌رمه‌ندانی ده‌روه‌ست قۆستوویانه‌ته‌وه و ئه‌و ده‌نگه‌یان هه‌ڵبڕیوه. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە ئه‌ندێشه و بیری نه‌ته‌وه‌یی له زه‌ین و دڵی خه‌ڵک دایه وه به هۆی ڕێگریی ده‌سه‌ڵات ئه‌و بیره نه‌ته‌وه‌ییه زیاتر لای خه‌ڵک خۆشه‌ویست و واتاداره.
دەمانەوێ باسێکیش لەو دەرفەت و ئاستەنگانە بکەی کە لە کوردستانی ئێران لەبەردەم چالاکیی هونەریدا بۆ هونەرمەندانی بوارە جیاجیاکان هەیە؟ بە تایبەت ئەو هونەرمەندانەی سۆزی پێشمەرگانە و هەستی نیشتمانپەرەستی ئاوێتەی بیرکردنەوە و هونەرەکانیانە.
ئه‌وه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یه ئازادیی ئەدەب و هونه‌ر نییه، ئازایه‌تیی هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانه، چونکی کۆماری ئیسلامی له جەوهەری خۆیدا دژی هونه‌ر و ئافراندنە، جا ئەوە نیشتمانیش بێ بەولاوەتر. خه‌ڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هونه‌رمه‌نده‌کانی به ئازایه‌تییه‌وه ئه‌وه‌یان به‌سه‌ر کۆماری ئییسلامیدا سه‌پاندووه که هونه‌ر به‌شێکی جیانه‌کراو له وجودی ئێمه‌یه، به‌ڵام هونه‌ری به‌رگری و شێعری مقاومه‌ت وه‌ک باسم کرد تێچووی زۆری بۆ دەدرێ و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه هیچ ده‌رفه‌تێکی بۆ سه‌رهه‌ڵدان و نه‌ش و نوما نه‌دراوه‌تێ.
هه‌ر هونه‌رێک سۆزی نیشتمان، بۆنی وڵات و هه‌ستی پێشمه‌رگانه‌ی پێوه دیار بێ، ئه‌وه بۆ کۆماری ئیسلامی هێڵی سووره. له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌وڵی کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌یه هه‌موو زه‌رفییه‌ته‌کانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کوردی تا ئاستێکی زۆر نزم دایبەزێنێ، وەک بڵێی ئەدەب و هونەری کوردی تەنیا بەیت و حەیرانە کۆنەکانە؛ به‌لام نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی کورد له‌وه‌شدا به‌ربه‌ره‌کانێی باشیان له‌گه‌ل ده‌سه‌لاتدا کردووه و باجی قورسیشی بۆ دەدەن. چونکی ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ری راستیه‌قینه بێ ئه‌و ئازایه‌تییه که بۆ خه‌مڵاندنی هونه‌ره‌که‌ی له ناخیدا هه‌یه وا دەکا سەر بۆ ترس و فه‌زای سه‌رکوت و ژینگه‌ی داسه‌پاویش نەوی نەکا و به باوه‌ڕ به ڕەسانەیەتی و پیرۆزیی ئایدیاکەی، ئازایه‌تیی ئه‌وه‌ش ده‌نوێنی که هونه‌ره‌که‌ی که‌وی نه‌کا.
ئه‌و ئازایه‌تییه زۆرجار ده‌بینی له شێعری شاعیرێکدا له پشتی وشه‌کان و له‌و دیوی ڕواڵه‌ته‌کانه‌وه دیاره، زۆر جاریش ده‌بینی هونه‌رمه‌ندێك له مەقامێکدا یان لایه‌لایه‌یه‌کدا ئه‌و هه‌ست و سۆزه نیشتمانییه به ئازایه‌تیه‌وه ده‌رده‌بڕێ.
جەنابت باوکێکی سەرکەوتووی کە لە هەموو ژیان و سامانی مادی و مەعنەویت مایەت داناوە کە ئەندامانی خێزانەکەشت لەو بەستێنەدا پەروەردە ببن و ئەو ڕێچکەیە بگرنە بەر. چی جەنابتی گەیاندنە ئەو قەناعەتە و ئەو جێگەیە؟
له ده‌یه‌ی شه‌ست کاتێک له گونده‌که‌ی خۆمان پیشمه‌رگه‌م ده‌دی که به چه‌ک و چۆڵێکی که‌م به‌ڵام به باوه‌ڕێکی پۆلایی به‌ره‌نگاری سپای کۆک و پۆشته‌ی کۆماری ئیسلامی ده‌بوونه‌وه، ئه‌و هه‌سته له ناخمدا چه‌که‌ره‌ی کرد که خه‌باتی ئێمه ڕه‌وایه و بۆ ژیانێکی مرۆییه. ئه‌و هه‌سته دوایه له‌گه‌ل گه‌وره بوونم بوو به باوه‌ڕ و کاتێکیش به کرده‌وه تێکه‌ڵ به کاروباری سیاسی بووم، له هه‌موو پانتایی ژیانی خێزانیمدا ڕه‌نگی دایه‌وه، به خۆشییه‌وه منداله‌کانیشم فرچکیان به‌و باوه‌ڕه نیشتمانیه گرتووه. دەمەوێ بڵێم خۆشه‌ویستیی ئاو و خاک و نیشتمان به‌شێکی جیا نه‌کراوه‌یه له ژیان و بیر کردنه‌وه‌ی من و به‌خۆشیه‌وه منداڵەکانیشم بووه.
له‌به‌رچی ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکراتت بۆ خه‌بات و به‌رده‌وامی ژیانی هونه‌ری هه‌ڵبژارد؟
حیزبی دێموکرات له هه‌موو ژیانمدا ڕووگه و قیبله‌ی ئاواتم بووه، به‌ر له‌وه‌ی حیزبی دێموکرات به فکر و ئه‌ندێشه هه‌ڵبژێرم خۆشه‌ویستیی حیزبی دێموکرات له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا وایکرد که ئه‌و حیزبه‌م خۆش بوێ، سروشتییه من خۆم به ڕۆله‌ی گه‌له‌که‌م ده‌زانی و گه‌له‌که‌شم حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ له‌سه‌ر ڕێگا دانابووم.
***
[لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە خولیای گۆرانی دەبێ. باوکی گۆرانیی بۆ دەڵێ و ئەویش بە هەڵبەزین و چەپڵەلێدان بۆ باوکە هونەرمەندەکەی دەستێنێتەوە. کاتێک لە کاناڵە تەلەڤیزیۆنەکانەوە ئامێرەکانی موسیقیی بە دەستی هونەرمەندانەوە دەدی، دەچوو چیلکە و مێشکوژی دێنا و وەک ئەوان دەیگرت و لاسای دەکردنەوە. باوکی کە دەزانێ کیژۆڵەکەی خولیای موسیقی بووە، ئامێری ڤیۆلۆنی بۆ دەکرێ و دەینرێتە خولی فێرکاریی موسیقا.
«کوردستان عەزیزیان» لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بەشداری فستیڤاڵی بەیت و حەیران دەکا و لەوحی ڕێزلێنانی دەدرێتێ. لە تەمەنی 12 ساڵیدا دەچێتە تاران بۆ ئەوەی داوای کردنەوەی کتێبخانەیەکی کوردی بۆ شارەکەی بکا و لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە خەڵاتی «کیژۆڵەی هەڵبژێردراوی پەرەپیدان بە کتێب» وەردەگرێ.
بە شانۆی «سەفەری هەڵالە «بەشداریی لە فستیڤاڵی 7ی پووشپەڕی سەردەشت کردوە و خەڵاتی «پدیدە»ی ئەو فستیڤاڵەی پێدراوە. بەشداری لە کونسێرتی موسیقا و شەوە شێعر و چالاکیی ئەنجوومەنە ئەدەبیەکان لە بۆکان و سەردەشت و شارەکانی دیکەی کوردستان بەشێکی دیکە لە دەرکەوتنەکانی کوردستان بوون.]
کوردستان تۆ لەو تەمەنەدا سەرکەوتنێکی باشت وەدەست هێناوە، چی تۆی هان دا ئاوا بە شێلگیری و بەردەواییەوە خەم لە هونەری موسیقی بخۆی؟
ئەمن هەر لە تەمەنی زۆر منداڵیەوە کاتێک لە تەلەڤیزیۆن یان ئامێرە دەنگیەکانەوە گوێم لە ئاواز و موسیقی دەبوو، حەسانەوە و ئارامییەکی زۆرم لە خۆمدا دەدیتەوە. هەتا گەورەتر دەبووم هونەر زیاتر ئاوێتەی ڕوحم دەبوو و زیاتر ئارامی دەکردمەوە. هەر ئەوە بوو وایکرد کە من وەشوێن موسیقی کەوم و وێل و شەیدای بم و کەسایەتیی ڕوحی و ڕەوانیی خۆم لەودا ببینمەوە و جار لەگەڵ جار زیاترم خۆشم بوێ.
لە موسیقی و گۆرانیدا بە دووی چیدا دەگەڕێی و بۆ ئەو بوارەت هەڵبژارد؟
لە موسیقی و گۆرانیدا بە دووی جوانیی سروشت و ئەویندا دەگەڕێم، ژیانێکی ئارام دوور لە توندوتیژی و بە تەواوی مانا موسیقیانە، چونکە پەروەردەبوونی کەسایەتی و حورمەتی خۆم و ڕێزی مرۆڤەکان لەوێدا دەبینمەوە.
ئەدی موسیقی و کاری هونەری ئەتۆی لە دنیای منداڵیت نەکردوە؟
نەخێر، پێچەوانەکەی ڕاستە. چونکە ئاواز شوێنی کایەکردن لەگەڵ هاوڕێکانم و بووکەڵە شووشەکانی بۆ پڕ کردوومەوە و هانی داوم لەگەڵ لاوانەوەی ئاوازدا گەمەکانی منداڵیم بکەم و دنیای منداڵیم شیرین‌تر ببێ. دەمەوێ بڵێم بە ڕێنوێنی باوکم و پشتگیریی دایکم زۆر خۆشەویستانە لەگەڵ موسیقادا ژیاوم و تەمەنێکی خۆشم لەگەڵیدا هێناوە.
ئەتۆ کچی پێشمەرگەیەکی کوردستانی. ئێوە پێشتر لە نێوخۆی وڵات‌دا دەژیان و بەهۆی بارودۆخی سیاسیی باوکت ناچار بوون ئەوێ بەجێ بێڵن و لە نێو ڕیزەکانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات‌دا بگیرسێنەوە. لەو بارەوە هەستت چییە؟ چیت لە دەست داوە؟ چیت وەدەست هێناوە؟
هەست بە گەورەبوونم دەکەم. بە دڵێکی پڕ لە هەستی نیشتمانپەروەری ئەوە دەڵێم و ئەگەر لە دایک ببمەوە دوبارە باوەڕ بەوە دێنم کە باوکم بەو کارەی ژیانێکی پڕ لە سەروەریی پێ بەخشیوم.
ئەوەش کە چیم لە دەست داوە دەتوانم بڵێم دیداری بەردەوام و لە نیزکەوەی کەسوکارم و سروشتی جوانی ڕۆژهەڵاتم لە دەست داوە، ئەوەش کە وەدەستم هێناوە ئازادی و شانازییە. شانازیی ئەوەی لەوە بەدوا لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات و لە نێو خەڵکی کوردستاندا وەک کچە پێشمەرگەیەکی هۆگری هونەر دەمناسن و ناوم دەبەن.
خەونی گەورەی ئەتۆی کوردستان چییە؟
ئازادی و ڕزگاریی کوردستان، دامەزرانەوەی دەوڵەتی کوردی و بەڕێوەبردنی یەکسانی لە کاروباری ژیانی مرۆیی و دەوڵەتدا.
پێت خۆشە چ پەیامێک هەبێ بۆ منداڵانی هاوتەمەنەت یان هاوڕێکانت؟
ئەمن خۆم لەوە بە بچووکتر دەزانم پەیامم بۆیان هەبێ، بەڵام داوا لە هاوڕێیانم دەکەم بخوێنن هەتاوەکوو بە پلەی بەرز دەگەن، ئەوکات بە دید و ڕوانینی کراوەوە خزمەت بە خاک و نەتەوە و نیشتمانەکەیان بکەن.
( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)