بە وازهێنانی بارزانی، کورد لە بەغدا ڕۆڵی جارانی نامێنێت! محەممەد سلێمانی

بەشێك لە هێزەسیاسیەکان و خەڵکی باشووری کوردستان ئەوەندەی خەمی لادانی” مسعوود بارزانی” یان لە پۆستەکەی لەبەرە و شەو رۆژ لە خۆدای دەپاڕینەوە کە سێبەری لە سەریان نەمێنێت، بەو رادەیە بەداخەوە پەرۆشیان دەرنابڕن سەبارەت بەو مەترسیانەی کە لەلایەن حکوومەتی بەغداوە هاهۆتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەی داگیرکردنەوەی کوردستان دەکەن. رووداوەکانی پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر و پێشڕەویەکانی میلیشیا شیعەکان بە فەرمانی حەیدەر عەبادی بۆسەرکوردستان لە ژێز ناوی سپاندنی دەستووردا، زۆر دوورە لە بنەمای هاوبەشی سیاسی و تەوافوقی نیشتیمانی و کەچی ئەو بەڕێزانەی دژایەتی پۆستی بارزانی دەکەن لەو پەیوەندییەدا هەڵوێستێکی روونیان بەکردەوە دەرنەبڕیوە. مرۆڤی تێکۆشەری سیاسی و شەخی بارزانیش بە رووداوەکانی شەوی ڕابردوو نیگەرانیخۆی دەربڕیوە و ئەو کردەوانە بە دڵنیایەوە زیان بەیەکڕیزی و ئاوەدانی ناوماڵی کورد دەگەیەنێت. ڕێزدار مسعوود بارزانی بێگوومان ڕۆلی زۆر دیار و کاریگەری بەسەر رووداوە سیاسی و نیشتیمانیەکانی کوردستاندا هەبووە و لە غیابی هەڤاڵی کۆچکرد و ” مام جەلال تاڵەبانی” دا پێگەی کورد بەرەو لاوزی دەچێت لە بەغدا و گفتووگۆسیاسیەکاندا، ئەگەر بێت و بارزانی ڕۆڵی تێیدا نەبێت. بە باوەڕی من هیچکام لە سەرکردە کوردەکان بە ڕادەیی ئەو نەتەوەیی و فکری دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانی لە بەردانیە. باشووری کوردستان لە ئێستادا پێویستی بە ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرفراوان هەیە و دێمۆکراسی و ڕێزگرتن لە بیروڕایی جیاواز دەبێت وەك مافی سەرەتایی تاکی کۆمەڵگا بەچەسپێت. دیارە لە وڵاتە دێمۆکرات و پێشکەوتووەکانیشدا ئازادی بیرورای سیاسی و چۆنیەتی ڕەخنە گرتن خراوەتە ناو تێگەیشتنی مرۆڤ و ڕوانینی تاکی ناکۆمەڵگا بۆ دێمۆکراسی سیاسی. سەرەتا بەغدا دەبوو بە ڕێگای گفتووگۆدا ئەو کێشانەی چارەسەرکردبان، نەوەك بە ڕێگای جوڵەپێکردنی هێز و داگیرکاریدا. رەفتارەکانی حکوومەتی ناوەندی هیچیان لە هی حکوومەتی پێشوو کەمتر نیە و بگرە زۆر مەترسیدارترە، چوونکی خەڵکی کوردستان هەرگیز ئەو چاوەڕوانیەیی لە شیعەکانی عێراق نەبوو بەو جۆرە دوژمنکارانەیە پەلاماری خەڵکی کوردستان بدەن و بە سانای چاکە و پیاوەتی گەلی کوردستانیان لە بیربچێ و رفتاری زاڵمانە بەرانبەر بە ڕۆلەکانی کورد ئەنجامبدەن. ئەو دەستە ڕەشە هەر بەوەشەوە نەوەستاون و ئەگەر بۆیان بلوێ، بە گوێرەی کۆمەڵێك سەرچاوەی باوەڕپێکراو حەیدەر عەبادی و هاوتەریبەکانی لە بەغدا بە پیلانگێڕی تاران و ئانکارا ، کار لە سەر سڕینەوەی هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا دەکەن و دەفکری ئەوەیدان پیرۆزییەکانی نەتەوەیی و ئامانجە گەورەکانی گەلی کورد بە ئامانج بگرن. باشە ئەوکات هەڵوێستی برایانمان لەو هێزانە دەبێت چۆن بێ و لەسەر ئەساسی چ بنەما و پێوەرێکی نەتەوەیی خەمخۆریان بۆ کورد و کوردستان دەسەلمێنن! خۆ ڕەنگە بەلادانی ڕێزدار بارزانی و چەند سەرکردەی تری سیاسی روخساری رووداوەکانی هەرێمی کوردستان ناگۆڕێت و ئەگەر ئەو خاڵەش وەك باسدەکرێت کە بارزانی واز لە پۆستی سەرۆکایەتی بهێنێت و پارلمان پەسندی بکا، بە بڕوای زۆرێك لە چاوەدێرانی سیاسی نێوخۆی و ، پێیان وایە زیانێکی زۆر گەورە بەرپێگەی کورد دەکەوێت لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا. بەمجۆرە کورد لایەنی عەرەبی شۆڤێنی و دژ بەکورد بەسەر خۆیدا زاڵدەکا و ئەگەری لە دەستدانی دەسکەوتی گەورە ترهەست پێدەکرێ لە داهاتووی سیاسی عێرقدا. لە هەرێمی کوردستان ئەگەر یەك بڕیار و قەراری سیاسی نەبێت لەمەوەبدوا، لە سەر مێزی گفتووگۆکنیشدا سەرکردایەتی سیاسی کورد دەسکەوتی ئەوتۆی نابێ و ڕەنگە نەتوانێت هەتا پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکانیش لە بەرژەوەندی خۆیدا یەك لای بکاتەوە. لە ئێستادا کورد دەبێت خۆی بە ئاڕاستەی رووبەرووبوونەوەی ئەگەرەکانی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق کە ئامانجی عەرەبە شۆڤێنیەکانی لە پشتی پەردەیدا لەپشتە بە مەبەستی، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کورد و هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لە ڕاستیدا ئەو پرسە گرینگ و هەستیارە دەبێت خەمی هەموو کوردێکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کورد بێ و ڕێگانەدرێت دەسەڵاتی شیعەی عێراق لەوەی زیاتر زیان بە دەسکەوتەکانی کورد بگەیەنێت. عەرەبە شیعەکان ئەگەر تۆزێك ئاوڕییان لە ڕابردوویخۆیان بدایەتەوە ڕەنگە ئەو کات چاکتر لەو ڕاستیە گەیشتبان کە حکوومەتی ئێستای عێراق ڕێگاکەی بۆ براشیعەکان لە کوردستان ڕا بەوپلە و دەسەڵاتەیان گەیوون و لە شوێن و جێگایەکی تر بەو ڕۆژە نەگەیشتوون کە ئەمڕۆ بۆنەتە هەڕەشەی گەورە لە سەر بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان. ستڕاتیژی نوێی کورد دەبێت بەر لە هەر شتێك پاراستن و هێشتنەوەی ئەو دەسەڵاتانەیەتی کە بە گوێرەی دەستوور بەکورد دراوە و نابێت بە هیچ جۆرێك مساوەمەی لەسەر بکرێ. بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا روودەدات، ئەوەیە کە کورد پەراوێزبخرێ و وەك سەردەمی حکوومەتی پێشوو زوڵموستەمی سیاسی و نەتەوەیی بخرێتەوە سەرکورد و، ئەو هەنگاوە مەترسیدارەی حکوومەتی ناوەندی کە بەدژی کورد پیلانی بۆ دادەڕێژێت، بابەتێکی مەترسیدارە و گەلی کورد دەبێت بە یەکڕیزی و یەك هەڵوێستی سیاسی نێو ماڵی باشووریەکان پوچەڵبکرێتەوە.
محەممەد سلێمانی