تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی. بەڕە لە لای تەنکەوە دەدڕێ . بەشی پێنجەم: نووسینی: عەزیز شێخانی

حیزب و گەلە ژێرەستەکان، شەڕی دەسەڵات و ناسنامەی تێکشکاو
شیرین لە گەڵ خالید رۆژگارێکی دژوار و سەخت بەسەر دەبات. خالید لە قوڕی خەیانەتدا چەقیوە و هەتا بن ملان تێوەگلاوە.

شیرین بە تەواوەتی تێگەیشتوە، کە دڵدارییەکەی لە گەڵ خالید لە سەر بناخەیەکی تەپڵەک هەڵچنراوە و لە زڕە دڵداری دەچێ. ئەو لەو ژیانە پەشیمان و بێزارە، بەڵام رابردوو ناگەڕێتەوە و چاک نابێتەوە. ئەو رۆژانە لە گەڵ ماڵی خەزوور و خەسووی شیر و تیر لە یەکتر دەسوون و هەر لایەنە پڕ بە دڵ و ناخی رق و کینە جنێو بە بەرامبەرەکەی دەدات. شیرین و خەسوەکەی بە وتەی کوردان ددانیان لە یەکتر سپی بوونەوە و رێز لە یەکتر ناگرن. خالید لەو ماوەیەدا ئەرکەکانی گرانتر بوون و سپا بۆ پەیداکردنی زانیاریی و هەروەها لە داوخستنی پێشمەرگە بەکاری دێنن. ئەو شەوانە ناچارە لە گەڵ تیمی زەربەتی شار بگەڕێ و لە کاتی پەلاماری سپا و ئەرتەش بۆ سەر گوند و شاخەکانی ناوچە ناچارە وەک شارەزا لە ریزی پێشەوەی سەربازانی ئسیلامی نابی موحەممەدیدا رێگا ببڕێ. پێوەندییەکانی خالید و شیرین ئەوەندە لەرزۆک و شکێنەرن، کە تەنیا پاڵنەرێک یان هاندەرێکی پێویستە. شیرین رێگای ماڵی بابی نییە و پردی دواخۆی رووخاندوە، بۆیە خالید و دایکی خۆیان لێخستۆتە سەر پشت. شیرین دەزانێ، کە کار لە کار ترازاوە و چاککردنەوەی پردی پێوەندی و متمانە لە گەڵ نیزیکەکانی دژوارە. ئەو زیاتر لە ماڵە و لە گەڵ دەرو جیرانەکانیان پێوەندییەکی توندوتۆڵیان نییە، چوونکە لەو گەڕەکەدا تازەن و لە بەر چاوی خەڵک زۆر خۆشناو نین. بەشێک لە جیرانەکان لە ترسی تێوەنگەلان لە گەڵ خالیدی مەولود بەزازی و منداڵەکانیان بە گوێرەی عورفی کۆمەڵایەتی سڵاویان لێدەکەن، بەڵام زۆر تێکەڵیان نابن. ماڵی مەولود بەزازی پڕە لە شەڕ و بوک و خەسوو کێشەکەیان یەکلانەکردۆتەوە. ئەو ماڵە تەنیا کاتێک ئارامە، کە میوانێک سەردانیان دەکات. خالید بۆ رزگاربوون لە شەڕە چەقەی خەسوو و بوک دەرمانی خێرای دۆزیوەتەوە. ئەو بە تەنیا کەمتر دەچێتەوە ماڵ و دەزانی، کە لەو کاتانەدا رەخنەی نەبوونی و هەروەها ئاوری شەڕی نێوان شیرین و دایکی دامرکاوەتەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_jash.jpgرێژیم لە شارو گوندەکان بە خەستی سەرقاڵی چەکدارکردنی کوردەکانە. لە بەشێک لە گوندەکان لە بەرهۆکاری جیاواز و بوونی خزمایەتی نێوان گوندنشینەکان بەرپرسانی رێژیم سەرکەوتوون. ئەو کوردانەی کە تێکەڵ بە ریزی چەکدارەکانی رێژیم دەبن بە جۆرێک قەناعەتیان بە خۆیان هێناوە. ئەوان لە توێژ و چینی جیاوازی کۆمەڵگەن، بەڵام هاندەر و پاڵنەری خۆیان هەیە. ژمارەیەک لە کوردەکان لە بەر کێشەی کۆمەڵایەتی و هەروەها کۆنەقین لە گەڵ پێشمەرگەیەک یان حیزبێک و بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە و خۆپاراستن پەنایان بۆ ریژیم بردوە. ئەوانەی لە شار دەبوونە چەکداری رێژیم زۆربەیان خەڵکی شار نەبوون، بەڵکو ژمارەیەک لەوان لە گوندەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە بە هۆکاری جیاواز تەسلیمی رێژیم دەبوون و چەکیان هەڵدەگرت. کۆمەڵێک خەڵک بۆ پەیداکردنی بژیویی و نان بۆ منداڵەکانیان چەکیان هەڵدەگرت و زەرەریان بۆ کەس نەبو، بەڵکو لە مۆڵگەیەک چەند سەعاتێک دەمانەوە و دواتر بە بێدەنگی دەڕۆیشتنەوە ماڵەکانیان. ژمارەیەک لە لاوەکان بۆ خۆنیشاندان و تێراوکردنی هەستی شکێندراوی منداڵی دەبوون پاسداڕ، بەسیجی یان جاش و دواتر بە گوڕی کۆنە قینەکان لە خەڵکی بێ چەک و کاسبکاریان دەدا. شەوانە دەچوونە سەر ماڵان و تەماعیان لە سەروەت و سامان و تەنانەت نامووسیان دەکرد. ژمارەیەک لەو جاشانە لە گەڕەکەکانی شار رۆژانە وەک سەگی هاری بەر دەرگای ئیمامی زەمان و مەهدی خۆحەشاردەر پەلاماری خەڵکی سیڤیلیان دەدا. خالید یەکێک لەو چەکدارانەیە، کە لە بەر هەژاری لە داوی ئیتلاعات و سپای پاسداران کەوتوە. ناوبراو لە ئازار و ئەزییەتدانی شارنشینەکاندا بەناوبانگ و ناسراوە. ئەو بە لێدان لە خەڵکی ئاسایی و کاسبکار و تەنانەت بەساڵداچوو شادە و لە دونیای خۆیدا فەرماندەیەکی ئیمامی زەمان و سەربازێکی رێگای قودس و کەربەلایە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_qoran.jpgرێژیم بێجگە لە چەکدارکردنی خەڵک بە ناوی دین و پەرەپێدانی کولتوری ئیسلامی و هەروەها خوێندنی قورئان کەلێنێکی گەورەی خستۆتە نێوان کورد و پارتە سیاسییەکان. هاوینان لە بەشێک لە قوتابخانەکان قورئان دەخوێندرێ و دایک و بابەکان بە رێژەیەک باوەڕیان بە دیوی دەرەوەی نیزام کرد. کوردەکان لە ژێر پەردەی خۆپاراستن و سڵامەتی سەر و ماڵ لە گەڵ رێژیم و بەرپرسانی ئەو نیزامە عادەتیان کردوە، بەڵام ژمارەیەک بنەماڵە و کوڕەکانیان وەک سووتەمەنی خەباتی ئەو سەردەمە دەسووتێن. رێژیم لە زۆربەی شارەکان بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک سیاسەتی لە سێدارەدانی لاوانی کردۆتە پیشە و زۆر کەس لە سەر گێڕانەوەی چیرۆکێکی سازکراو بەند دەکرێن. بازاڕی چەواشە و فرتوفێڵ هاوار دەکات، بەڵام سێدارە، کوشتار و بەندیخانە خەڵکیان تۆقاندوە. بەسیجی و پاسداڕە بێ کوڵاو و مۆڕاڵەکان بۆ گرتنی تەنانەت کچان دەستەوداوێنی فێڵی ئیمامی زەمانی دەبن و بە بەرچاوی کوردە سیخوڕەکان ستەم لە ویژدانی مرۆڤەکان دەکەن. یەکێک لە کۆنە جاشەکان، کە زۆر حەزی لە بەستنی جەمەدانی هەڵبەستراو و جلوبەرگی کوردییە و بەردەوام سمێڵ و قژەکانی رەشدەکاتەوە بۆ خالیدی دەگێڕێتەوە، کە ساڵی رابردوو لە گەڵ چەند برادەرێکی پاسداڕ و بەسیجی بۆ پشکنین چووینە ماڵی مەلا مینەی قاسمیانی. ئەو کات مەلا مینە و کوڕەکانی قاچاخ ببوون. یەکێک لە کچەکانی ناوبراو ئەورۆژە لە خانوەکەدا دەگەڕا. ئێمە ماڵەکەمان بە تەواوەتی پشکنی و هیچمان نەدۆزیەوە. ئێمە بە نیازی چوونەدەر چەکەکانمان لە شانکرد، بەڵام پاسداڕێک وەزعەکەی تێکدا. ئەو پاسداڕە لە هۆدەی خوارەوە خانوە دوو قاتەکە ماوەیەک خۆی پەنادا و نارنجۆکیکی چل تیکەی لە سەر پەنجەرەی بەبەرد گیراوی قاتی یەکەم دانا. بەسیجییەکە، هات و بانگی ئێمەی کرد، کە ئەو ماڵە سەنگەری دژە شۆڕشە و ئەوەتا نارنجۆکی تێدایە. بەو بیانووە، کچەکەی مەلا مینەیان بۆ زیندانی خانەی موعەللیمان برد. ئەو رۆژە منداڵێکی زۆرمان لێکۆببوونەوە و منداڵەکان چاوکراوە و تیژبین بوون، کاتێک پاسداڕەکە خۆی لە هۆدەکە هاویشت، یەکێک لە منداڵەکان بە کوردی هاواری کرد، کە ئەو پاسداڕە نارنجۆکەکەی لە گیرفان دەرهێناوە و لەوێی داناوە. کاتێک بەسیجەکە بانگی ئێمەی کرد، کە نارنجۆکێکی دۆزیوەتەوە، کوڕەکە بە فارسی و کوردی گوتی، ئەو نارنجۆکە لە گیرفانی خۆت دەرهێناوە. پاسداڕەکە چاوێکی لە کوڕەکە سوورکردەوە و گوتی، بۆچی فزولی دەکەی؟ ئەو چەکدارە کوردەی سەر بە رێژیم زیاتر خۆی وەک پیاوی مەجلیس و چارەسەری کێشەکان دەناساند. ناوبراو، زانیاری بۆ بەرپرسانی ئیتلاعاتی لە خەڵکی گوندەکان کۆدەکردەوە. ئەوە، زانیارییەکانی سەرەتا بۆ بەرپرسان تازە بوون، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ناوبراو زانیارییەکانی لە خەڵکی گوندەکان وردەگرێ و بەشێکیان سووتاون و بۆ کەڵکوەرگرتن نابن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_gorg.jpgخالید و مەولود بەزاز بە تەواوەتی گۆڕاون و بە چاوێکی دیکە لە خەڵک و خۆیان دەڕوانن. ئەوان لە بەر نەداریی و هەژاری لە گەڵ سپا و دەزگای ئیتلاعات و سیخوڕی تێکەڵبوون. سەرەتا خالید بە تەنیا ئەو کارەی دەکرد و ئەمڕۆ مەولود بەزاز لە بەر چەوربوونی پارووی سیخوڕی چەکی خەیانەتی لە شانکردوە. ناوبراو بە فۆرمی بەشێک لە پاسداڕ و بەسیجییەکان ریشێکی پان و پشتێندێکی پانوپۆڕی بەستوە و بۆ مزگەوتیش بەچەکەوە دەچێ. ناوبراو، لە سەر ئاکار و کردەوەکانی چەند جارێک ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام مەولود بەزاز پشتی گەرمە و یەکەمجارە لە ژیانیدا چەک و پارەی هەبێ. بەشێک لە ناسیاوان و خزمەکانی چەند جارێک داوای لێدەکەن لەو کارە پاشگەزبێتەوە. مەولود بەو خەڵکە پێدەکەنێ و بە راشکاوی داوایان لێدەکات، کە ئەوانیش چەکی دیفاع لە ئینقلاب و ئیمام لە شان بکەن و شەڕی ئەو خوانەناسانە بکەن. مەولود بەزاز لە نێو ماڵ و منداڵەکەیدا زۆر خۆشەویست نییە، بەڵام بە هۆی ئەو پارە و چەکە خەریکە لاق دەچەقێنێ. ناوبراو بە ناوی پێشمەرگەی موسڵمان لە شارەداری زەوی خانووکردن وەردەگرێ و لە لیستی خوازیارانی حەجدا ناونووسی دەکات. ناوبراو قەت لە ژیانیدا ئەوەندە خاوەن پلە و سەفرەی چەور و پڕ نەبوە، بۆیە هەر ڕۆژەی وێنەیەکی خومەینی لە مۆڵگە وردەگرێ و لە تەختەی دیواریان دەدات.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_ledan.jpgتۆفیقی کوڕی لە گەڵ بابی دەردەی دەڵ دەکات و دڵگرانە، کە هاوڕێکانی بە کوڕی جاش ناوی دەبەن. بە وتەی تۆفیق دۆخەکە زۆر تاڵە و بە دەست ژمارەیەکی زۆر لە هاوتەمەنکانی گیری خواردوە. مەولود تۆفیقی دڵنیا دەکات، کە ئەو زمان درێژانە دەمکوت و تەمبێ دەکات. بە مەبەستی چاوترسینکردنی ئەو منداڵانە، تۆفیقی کوڕی دەنێرێتە کۆڵانەکەی بەردەرگای ماڵ و رێنوێنی دەکات، کە ئەو منداڵانەی کە جنێویان پێداوی ئەوڕۆ ئەتۆ بەربینگیان پێبگرە و دواتر بە شەق لە حەوشەی ماڵەکانیان دەکەم. تۆفیق لە کۆڵانەکەیان چاوەڕێ دەکات و لە پڕ دوو هاوتەمەنی لێ پەیدا دەبن و لە دوورەوە بە گۆرانی بانگی دەکەن و بە تۆفیق جۆخۆر بانگی دەکەن. مەولود بە چەک و رەختەوە خۆی لە پشت دەرگا حەشارداوە و چاوەڕوانە بەزمەکە گەرمتر و بەگۆڕتر بێ. تۆفیق ئەو رۆژە بە پشتیوانی بابی جنێوی توند دەداتەوە و هەڕەشەی سەرشکاندنیان لێدەکات. کوڕەکان هەست بە نەخشەی مەولود بەزاز ناکەن و بە پەلە پەلاماری دەدەن. مەولود بەزاز لە پشت دەرگا دەردەپەڕێ و یەکێک لەو دوو منداڵە دەگرێ و بە شەق و پێلاقە زۆری لێدەدا. بەشێک لە گەورە ساڵەکان، کە بە رێبواری بەو کۆڵانەدا تێدەپەڕن، منداڵەکە لە دەست مەولود بەزاز دەردێنن. مەلود بۆ خۆپەڕاندنەوە و هەڕەشەکردن لە لای جیرانەکان جنێو دەدات و دەڵێ، ئەگەر یەک جیران و منداڵی جیرانەکەم تەنانەت بە مریشکەکەم بڵێ خش، چاوی دەردێنم. ماوەیەکە شووڵیان هەڵکێشاوە و منداڵەکانم بە ناوی مەولود جۆخۆر و مەولود جاش بانگ دەکەن. باشە، ئێوە جاش و ماکەری چ وڵات و دەوڵەتێکن؟ ئەمن چ دەکەم چ ناکەم، بە تۆ چی هەی بیژوو؟

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_mndalboon.jpgشیرین چاوەڕوانی منداڵ دەکات و رۆژێک لە رێگای نەخۆشخانە ئاڵتونی خاڵە مینەی دەبینێ. پێکەوە رادەوەستن و ئەحواڵپرسی یەکتر دەکەن. شیرین لە دایک و خوشکەکەی لەیلا دەپرسێ. ئاڵتون زۆر سەرکۆنەی شیرین دەکات، کە حەیفە مێردت بە خالیدی کرد. نازانم بۆچی بۆ مێردکردن هەموو سنوورێکت بەزاند و پشتت لە دایک و براکانت کرد. کچی خۆم ئەو کەفوکوڵە ماوەیەکە و دواتر کچ و کوڕ پەشیمان دەبنەوە. پاش ساڵێک یەکتریان لێدەبێتە دوژمن و رۆژانە سەت تووک و دوعا لە یەکتر دەکەن. شیرین دەڵێت، پورە ئاڵتون هەر عەقڵەی لە خەسارێک. ئەمن هەتا ملان لە قوڕێ چەقیوم و رێگای دەرچوونم زەحمەتە. نازانم بۆچی خوا چاوی کوێر و گوێی کەڕ کردم و ئامۆژگارییەکانی دایک و خوشکەکەم نەبیست. رۆژ نییە بیر لەو رۆژگارە تاڵە نەکەمەوە و خودا دەزانێ، کە چەندە و چۆن لە داوی بەدبەختیەکان کەوتووم. ماوەیەکی دیکە منداڵم دەبێ و نازانم بەو منداڵە چۆن دڵم خۆش بێ؟ پورە ئاڵتون شەو رۆژ، خەسوەکەم تانەوتەشەرم لێدەدا و قسەی سووک و چرووکی دنیایە نەماوە، کە ئەو ژنە رۆژانە هەڵیان نەڕێژێ. خالید و مەولودی خەزوورم رۆژانە میوان و دۆستی ئاشنا و نائاشنا دێننەوە و ماڵەکەمان زەوادێکی حەڵاڵی تێدا گیرناکەوێ. بە پارەی حکومەت و هەروەها خەڵک رووتکردن منداڵی حەڵاڵ پەروەردە ناکرێ. زۆر بێزارم لەو ژیانە، بەڵام ئەوەش قسمەت و نسیبی خۆای گەورەیە. ئاڵتون دڵنەوایی دەداتەوە و دڵنیای دەکاتەوە، کە ئەو رۆژگارە بۆ هەموو لایەک سەخت و دژوارە، بەڵام رۆژێک چاک دەبێ. شیرین لە کاتی جیابوونەوە لە ئاڵتون بە دڵێکی پڕەوە داوای لێدەکات وەک پورێک جاروبار سەردانێکی بکات، چوونکە تەنیا و بێکەسە. ئاڵتون پێش گەڕانەوەی بۆ ماڵ سەرێک لە دایکی شیرین دەدات و بە کورتی چیرۆکی دیتنی شیرین و بارودۆخەکەی بۆ دەگێڕێتەوە. ئاڵتون باس لەوە دەکات، کە شیرین تەواو تێکشکاوە و لە مێرد و خەسوەکەی بێزارە و چاوەڕوانی منداڵی دەکات. پورە زارا وەک رابردوو لە سەر قسەی خۆی سوورە و دەڵێ، با هەتا دەمری هەر قوڕبەسەر بێ. ئەمن چەندی لەبەر پاڕامەوە، کە مێرد بە کوڕی مەولودی نەکات، بەڵام ئەوە کەسایەتی ئێمە و رێزی براکانی شکاند. شیرین هەتا لێرە بو، بە تەواوەتی خۆی لە کاروباری ماڵ دەدزیەوە. تەنیا خەم و خەونی شیرین چوونە ماڵی مێرد و دوورکەوتنەوە لە ئێمە بو. خۆزگە هەزار هێندەی لە گەڵ خەراپ دەبوون و قەدری ئێمەی دەزانی.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_ktebfroshi.jpgمەلا برایمی کتێبفرۆش لەو سەردەمەدا پڕ بە دڵ لە رێژیم بێزارە. چەند بەسیجییەک لە گەڵ خالیدی مەولود بەزازی دوکانەکەی دەپشکنن و چەند کتێبی کوردی لە کتێبخانەکە دەبەنەدەر و هەڕەشەی لێدەکەن، کە مافی فرۆشتنی بڵاوکراوەی کوردی نییە. ناوبراو، پشکنینی دوکانەکەی بە ناڕەوا دەزانێ و بۆ دەرکردن ئەو خەمە دوکانەکە دادەخات و رۆژانە سەردانی ناسیاو و دوکانی هاوڕیکانی دەکات. بۆ ئەو مەبەستە، ئێوارەیەک سەر لە دوکانی خاڵە مینە دەدات و بەسەرهاتی پشکنینی کتێبفرۆشیەکەی دەگێڕێتەوە. مەلا برایم لە گێڕانەوەکەدا مەولود بەزاز بە مەولود بەراز ناودەبات. لەو کاتەدا یادی میوانەکەی خاڵە مینە دەکات، کە رۆژێک لە دووکان دژ بە دوژمن و کوردە خۆفرۆشەکان بە گوڕێکی تایبەت قسەی دەکرد. مەلا برایم چەند جارێک دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو میوانەت لە بنج و بناوانی کوردان گەیشتبوو. بەسەری کاکی، رۆژگار بۆ پیاوی ژیر و زانا تاڵ و تفتە. ئەوەندەی تێبگەم، ناوبراو لە داخی زەمانە ژیانێکی ساکار و پڕ لە گەڕانی هەڵبژارد بوو. خاڵە مینە لە کاتێکدا لاق لە سەر ماکینەی دروومانەکەی دادەنێ، بە دەنگێکی مامناوەندی دەڵێ، مامۆستا شێخ زەرگەتە مرۆڤێکی شارەزا و بەئەزموون بو. ئەو کابرایە، مەلەوانی بەحری غەم و زاناییە و لە داخی کوردان خۆی لە خەڵک شێت کردبو. ژیانێکی تاڵ و رۆژگارێکی زۆر پڕ لە ئازاری تيپەڕ کردبو. ئەوەندەی ئاگادار بم، بەرەو گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی حیزبەکان چوە و رەنگە لەوێش مەدار نەکات. شێخ زەرگەتە پیاوی رەخنە و چاولێکردن لە دەوروبەر و هەللاجیکردنی رووداوەکانە، بەڵام بەداخەوە ئێمە هیچ جێگا و رێگایەکمان بۆ ئەو کەسانە نییە. ئەوەتا مامۆستا باقی خۆمان لەو شارە لە داخی چەکدار و پاسداڕ رۆژانە شەقام و کۆڵانەکان دەگەڕێ و ئەگەر دەرفەتێک بدۆزێتەوە شێعر و هونراوەی کوردانە بۆ لاوەکان دەخوێنێتەوە. رۆژی شەممە بەرامبەر بە دووکانی کەریم کەیفەی یەک شەقی لە سەربازێکی سرەواند و گوتی تەرەس لە سەر رێگاکەم لاچۆ. مامۆستا برایم، بە سەری هەردووکمان ژیان هیچ خۆشیەکی نەماوە و نازانین سەر بە چ کونێکدا بکەین. حیزبە کوردییەکان و پیاوە سیاسییەکان بە هیچ و خۆڕایی شار و گوندەکانیان لە چنگ پاسداڕەکان نایەوە. لە بیرتە ئەو ساڵەی شار بە تەواوەتی چۆڵکرا و سێ رۆژان لەو گوندانە ماینەوە. دێموکڕات و کۆمەڵە دوای ئێمە یەکسەر شاریان چۆڵکرد و وەک دیاریەک رادەستی چەکدارەکانی رێژیمیان کرد. کاکە ئەتۆ لە شار شەڕ نەکەی، لە گوند شەڕ نەکەی ئەدی بە قوربان لە شاخان شەڕ دەکەی؟ پەرژێنێکی بە گوڵە و ریحانە بێ، ئەوە قونەشەڕە و ئاخیری شکانە. ئەو ساڵەی کە هاتینەوە شار لە بیرمە منداڵەکان و گەورە ساڵەکانیش وەک گۆرانی دەیانگوت، “بژی حیزبی دێموکڕات لە پێش ژنەکاندا هەڵات و بژی حیزبی کۆمەڵە پشتیوانت کیسەڵە”.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_gorstan.jpgمەلا برایم و خاڵە مینە بۆ دەرچوون لەو داخ و کەسەرانە بڕیاردەدەن، کە سەرێک لە گۆڕستانی تەنیشت شیرکەتی نەوت و هەروەها ماڵی حاجی کاکەلاوی بدەن. ئەوان بە دیتنی گۆڕستانی تەنیشت شیرکەتی نەوتێ نیگەران دەبن، چوونکە زۆربەی دارەکانی ئەو گۆڕستانە بە دەستی پاسداڕ و بەسیجییەکانەوە بڕاون و گۆڕستانەکە بە تەواوەتی رووتەن کراوە. لە کاتی تێپەڕین لە شیرکەتی نەوت دوو سێ منداڵ دەبینن، کە بۆ وەرگرتنی خواردن و نانی پاسداڕەکانی شیرکەتی نەوت راوەستاون. مەلا برایم بە دیتنی ئەو رووداوانە بە تەواوەتی تێکدەچێ و لە خاڵە مینە دەپرسێ، ئەو منداڵانە دەبێ دایک و بابیان هەبێ؟ ئەوان سەرێک لە گۆڕستانەکەی دیکەش دەدەن، کە مۆڵگەیەکی رێژیم ماوەیەک لەوێ قوتکرابۆوە. خاڵە مینە و مەلا برایم بە چاوخشاندن بە کێلی گۆڕەکان و تەمەنی مردوەکان ماوەیەک لە یەکتر رادەمێنن. مەلا برایم، فاتیحەیەک بۆ مردوەکان دەخوێنێ و دواتر دەگەڕێنەوە ناو شار و ماڵئاوایی لە یەکتر دەکەن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_ehdam.jpgئەو ماوەیە ژمارەیەکی زۆر لە لاوەکان لە سێدارە دروان و روخساری دزێوی داگیرکەر خەمێکی گەورەی خستۆتە سەر شانی کورد. رێگاکان پڕن لە ئۆتۆمبیلی نیزامی و ئاسمانی ناوچە لە کاتی تێکهەڵچوونەکاندا بە هێلیکۆپەتەری کۆبڕا دادپۆشرێ. تۆپخانە و مۆڵگەی گەورە لە شار و دەوربەری گوندە داگیرکاوەکان و سەر لوتکەبەرزەکاندا جێگیرکراون. مۆڵگەکانی رێژیم ئەوەندە زۆرن، کە مرۆڤ هەست دەکات لە مۆڵگەیەکی گەورەدا دەژیت. ئەو بەهار کاوە لە گەڵ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە ناوچەکانی سەقز، بانە، مەهاباد، رەبەت و پیرانشار بە شێوازی نیوەپارتیزانی گەڕاوە. ناوبرا لە ناوچەکاندا و بە تایبەت گوندەکاندا دەبینێ، کە ئیرادەیەکی پتەو و یەکگرتوو بۆ شەڕ دژ بە هێزەکانی رێژیم نییە. کاتێک لە گوندەکاندا دابەش دەبن و لە گەڵ خاوەن ماڵەکان دەدوێن زۆربەیان لە دەستی زەکات و پیتاک توڕەن و خەمی ئەوان نە سۆسیالیزمە و نە خودموختاری، بەڵکو تێپەڕکردنی ژیانێکی ئاسودە. لە گوندی خوڕخوڕەی سەقز کاوە و هاوڕێکانی بۆ حەسانەوە لادەدەن و بە سەر ماڵەکاندا دابەش دەبن. کاوە لە گەڵ پێشمەرگەیەکی ژن لە ماڵێک دەمێنەوە. خانەخوێ کە نانی پيشمەرگەیەکی زۆری داوە و بە کوردیەکی لەو دۆخە ناجێگیرە ماندوو و شەکەتن لە کاوە دەپرسێ، بە بڕوای تۆ بۆ وەرگرتنی خودموختاری یان دامەزارندنی نیزامێکی سۆسیالیستی زۆری ماوە؟ پێشمەگەکە ژنەکە، کە خۆی بە خوشکە سارا دەناسێنێ بە خاوەنماڵ دەڵێ، کاکە ئێمە ئەمڕۆ نیوەی سۆسیالیزممان عەمەلی کردوە و بە پشتیوانی خەڵکی زەحمەتکێش و رەنجدەری کوردستان و ئێران نیوەکەی دیکەشی جێبەجێ دەکەین. خانەخوێ دەپرسێ، ئەدی خودموختارییەکە گەیشتۆتە کوێ؟ کاوە بە کابراکە پێشنیار دەکات، کە ئەو پرسیارە لە حیزبی دێموکڕات بکات و ئێمە تەنیا لە سۆسیالیزم شارەزاین. خاوەنماڵ درێژەدەدات و ئاماژەدەکات، کە هەنگاوی یەکەم خودموختارییە هەنگاوی دووهەم سۆسیالیزم، بۆیە باشترە لە گەڵ دێموکڕات بسازێن. بەرپرسانی کاوە و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بە بەراوردکردن لە گەڵ پێشمەرگەکانی دێموکڕات خوێندەوارترن و لە گوندەکاندا زۆر لە گەڵ لاوەکان و خەڵکی رەخنەگر دمەتەقە دەکەن. بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانیان بە قوڵی تێڕاچوون و تێدەکۆشن لە نووسین و دەربڕینەکانیاندا سوننەتە کۆن و هەڵگرانی سوننەتەکان و بە تایبەت دین وەک بەفری بەرهەتاو بتوێننەوە. ئەوان ئەوساڵ زۆر دوورتر هەنگاویان هەڵگرتوە و هیوادارن لە گەڵ کۆمۆنیستەکانی ئێران جیهانی خەونەکان و کۆمەڵگەیەکی بێ چین و تەبەقە بخوڵقێنن. لە زۆربەی گوندەکاندا پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و دێموکڕات لە دژی یەکتر دەخوێنن و لەو ناوچانەی کە لایەنێک دەسەڵاتدارترە، مۆڕە لە پێشمەرگەی لایەنی بەرامبەر دەکات. لە ژمارەیەک لە گوندەکاندا جووت شوڕا هەیە، کە یەکیان سەر بە دێموکڕاتە و ئەوەی دیکەش کۆمەڵە. کاوە لەو چەند مانگەدا بە رشتنی ئارەقە و بڕینی هەوراز و نشێو زۆر وانەی گرینگ فێربوە. ئەو لە شەڕەکان و لێدان لە هێزەکانی رێژیم لە سەر جادەکان فێرکراوە، کە هەڵاتن و خۆپەنادان باشترین تاکتیکی شەڕە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge3.jpgگەڕان بە گوند و ناوچەی جیاوازدا تێڕوانینی کاوە دەگۆڕن و پاش چەند مانگ جەولە و گەڕان کاوە دێتەسەر ئەو قەناعەتە کە بەرابەری هەر وەک درووشم جوانە. لە ناوچەی پیرانشار ورزێڕێکی شەکەت و ماندوو تەنیا لە بەر ئەوەی رێگا نادات پێشمەرگەی کۆمەڵە بچنەژوور دەکەوێتە بەر لێدان و سووکایەتی. کاکی وەرزێڕ بە زمانی ئاشکرا هاواردەکات، کە باوەڕی بە هیچ کەس نییە و پێویستی بە هیچ سازمان و حیزبێک نییە. نە کۆمەڵەم دەوێت، نە دێموکڕات و نە حکومەت. بە هەموان ماڵی خەڵکتان وێران کرد و تێری ئاگای لە برسی نییە. لە سەر ئەو قسانە چەکدارێک هەڕەشەی لێدانی زۆرتر لە وەرزێڕ دەکات، بەڵام وەرزێڕەکە سوێند دەخوات کە خوا سزایان دەدا و قبوڵ ناکات، کە بە ناوی کارگەر، موعەلیم و میللەت جەزرەبەمان دەن. ناوبراو دەڵێ:” کاکە لە سەر داوای من شەڕ دەکەن؟ لە سەر قسە و ویستی ئێمە بوونە کۆمۆنیست؟ چۆن بەو شۆڕشە ئەو میللەتە هەژارە رزگار دەکەن و ئازادی دەبەشنەوە؟ شەوی رابردوو کۆمەڵێکی دیکەی فارس ئەو گوندەیان وەزەقزەقە خستبو، کە موجاهیدین و سەربازی فیداکاری میللەتی گەورەی ئێرانین و هەتا کازیوەی بەیانی لەو گوندەی حەیوانەکانیش نەخەوتوون. کابرای ئیسفەهانی هاتوە و قەتی تفەنگ نەدیوە و لە هۆدەی پڕ لە ژن و منداڵ چەکەکەی خاوين دەکاتەوە و فیشکی لە دەست دەردەچێ. بەیانی عەجەمی حوکمەتی دێن و رەشبگیردەکەن و هەتا ئێوارە دارکاری پیاوەکانی ئاوایی دەکەن. کاکە ئەو هەموو سووڕانەوەتان لە چییە، وەڵڵاهی بیللاهی وەتەڵڵاهی ساڵێکی دیکە پاسداڕ و بەسیجی ئەو بەندەنانەش دەگرن. کەسی کاکی، فکرێک لە خۆتان و خەڵک بکەنەوە. سوێند بە نانی هەتیوان، ئەگەر ئاوا بکەن و لە خەڵکی بدەن زۆر کەس پەنا بۆ حکومەتی دەبا و چەکی لە شانی دەکەن.

کاوە لەو ماوەیەدا هیچ پێوەندییەکی بە مالەوە نەگرتوە. ئەو لە لایەن کۆمەڵێک لە تازە ئەندامەکانی کۆمەڵە تیژ و ئامادە کراوە و دێموکڕات بە فاکتەری کێشەکانی کوردستان و بە رێبەری بۆڕژوازی ناوچەی پێناسە دەکەن. لە ژێر کارتێکەری ئەو جۆرە لە تێڕوانین و هەروەها سێبەری شەڕی ساردی نێوان دێموکڕات و کۆمەڵە، کاوە هیچ پێوەندییەکی بە کەماڵی برایەوە نەگرتوە. لە زۆر گوند کە لە گەڵ پێشمەرگەکانی دیموکڕات تێکگیراون و سڵاویان لە یەکتر کردوە بیری لەوە نەکردۆتەوە، کە سۆراغێک لە براکەی بکات و سڵاوێکی زارەکی بۆ رەوانە بکات. کاوە لە گەڵ حیزبایەتی بە فۆڕمی رێبازی دینی هەڵسوکەوت دەکات و تێدەکۆشی ژیان و کرداری رۆژانەی دەرهاویشتەی تێڕوانینی سۆسیالیستیانە بێ. شەڕی کوردەکان بۆ مافەکانیان لەو شاخ و کێوانە بۆتە شەڕی درووشم و چەمکەکان و دوژمنی راستەقینە بە جۆرێک زیاتر لە هەمووان سوود لەو پەرتەوازەییە وەردەگرێ. کاوە لە کاتی تەنگانە و ماندووبووندا بیر لە پرسیار و رەخنەکانی مەلا فەلسەفە دەکاتەوە، کە چەندە وەستایانە تەنیا بە پرسیار کادر و پێشمەرگەکانی توڕە دەکرد. ناوبراو، هەڵگری دوو بیرکردنەوەی دژ بە یەکە، بەڵام کاتێک دەکەوێتە گەڵ هاوڕێکانی و لە سەر سۆسیالیزمی راستەقینە و شۆڕشی کرێکاران دەکەونە کێبەرکێ، ناوبراو دەگەڕێتەوە بن ئاڵا سوورەکە و چاوی هیچ ئاڵایەکی دیکە نابینێ. کاوە لە کاتی تەنیایی بیر لەوە دەکاتەوە، کە ئەگەر حیزبایەتی بۆ خەڵکە، باشە ئەو خەڵکە لە زۆر شوێن لە گەڵ بیروباوەڕی ئێمە نییە. ئەگەر لە ماڵی خۆمان بژمێرم، تەنیا ئەمن دوای ئەو رێبازە کەوتووم و ئەوانی دیکە بە چاک و خەراپ گوێ بۆ ئەو پەیام و دروشمانە راناگرن. لە بیرکردنەوەکانیدا کاوە دەگاتە ئەو نوختە هەستیارە، کە رەنگە خەڵک نازانی چی دەوێ، بۆیە ئەو حیزبانە بە رێگای جۆراوجۆر تێدەکۆشن لایەنگر و ئەندام بۆ خۆیان زیاد کەن. ئەو، کەمتر پێداگری لە سەر خەباتی پێشمەرگانە دەکات بە دەگمەن بیر لە خەباتێکی بێ چەک دەکاتەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge28.jpgلە دوای چەند چالاکەیەکی چەکداری کاوە و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە، لە سەر لایەنە باش و خەراپەکانی خەباتی چەکداری قسەوباس دەکەن. پێشمەرگەیەک کە ناوی شوانە و خەڵکی سنەیە، باوەڕی بە شۆڕشی چەکداریی و لولەی چەکەکانە. بە تێگەیشتنی شوانە، شۆڕشی کوردستان بە بێ چەک و پێشمەرگە ناتەواوە. ناوبراو رادەگەیەنێ، کە گڕی چەکەکان و تەقینەوەی نارنجۆکەکانە، کە پەیامی لێنین و ماڕکس و مائۆ بە گوێی ئاخوندەکانی تاران دەگەیەنێ. کاوە و ئاوارە نەغەدەیی بە دیتنی تەرمی کوژراو و وێنە تاڵەکانی شەڕ بیر لەوە دەکەنەوە، کە شۆڕش تەنیا بە چەک ناکرێ. بە باوەڕی ئەوان، شۆڕش ئەو ئینقلابە گەورە و عەزیمەیە، کە نیزامی سەرمایەداری هەڵدەتەکێنێ و چینی کرێکار رزگار دەکات و دەسەڵات دەداتە دەست کرێکارەکان. واحید بۆکانی بە هاوڕیکانی دەڵێ، شۆڕشی ئێمە پێویستی بە پەروەردەی کرێکار و کۆمەڵگەیەکی شارەزا و خاوەن ئاسۆیە. لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا نەک سۆسیالیزم بەڵکو ئیسلامیزم سەرکەوتوو نابێ، چوونکە خەڵک و کۆمەڵگە ئامادە نین. ئەگەر بە زۆر خەڵک ناچارکەین، کە باوەڕ بە ئیدەئاڵەکانی ئێمە بێنن، ئەوەش دژکردەوەی لێدەکەوێتەوە و سەرئەنجام دژایەتیمان دەکەن. خوشکە لەیلا و بەرپرسەکەیان پێشمەرگەکان رێنوێنی دەکەن و وەبیریان دێننەوە، کە شۆڕشی کریکاری سەبری زۆری دەوێ و ئەو شەڕەی ئێمە سەرەتای شۆڕشێکی گەورەیە، کە سەرئەنجام ئێران بە تەواوەتی دادەگرێ. سەنگەر لاجانی تازە تێکەڵ بە ریزەکانی کۆمەڵە بوە و پڕە لە پرسیار. ناوبراو لە بەرپرسەکەیان دەپرسێ، کە ئەگەر شۆڕشی کرێکاری هێندە گرینگە، بۆچی دەوڵەتە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان بۆ رزگارکردنی کرێکارانی کوردستان هیچ ناکەن؟ لە سەر چ بناخەیەک ئێمە تەنیا بە کرێکارانەوە چەسپاوین؟ ئەگەر کرێکار سەرکەوتن و دەسەڵاتیان گرتەدەست، کشاوەرز و کاروانچیەکان چ چارەنووسێکیان دەبێ؟ سەبری لەنێو ئەو پرسیار و دەمەتەقەیەدا دێتەقسە و رادەگەیەنێ، کە ئێمەی ژنان بۆیە چەکمان هەڵگرتوە، کە لە ژێر سێبەری نیزامێکی سۆسیالیستیدا بە مافەکانی خۆمان بگەین و هاوشانی پیاوان لە بەڕێوەبەری وڵاتدا بەشداربین. ئێمەی کۆمەڵە سوننەتەکان دەشکێنین و رێگا نادەین پیاوەکان و بە تایبەت پیاوی بورژوا رەنجی ژنانی زەحمەتکێش بخوات. کاوە زۆر لە مێژە گیرۆدەی ئەو پرسیار و بابەتانەیە و ئەویش گەیشتۆتە ئەو ئاکامە، کە ئەو دروشم و شوعارانە زۆر لە دۆخەکە ناگۆڕن. ناوبراو بە هاوڕێکانی دەڵێ، کە ئێمە باوەڕمان بەو رێبازە هەیە، بەڵام کێشەکە خەڵکی خۆمانە، کە باوەڕیان بەو رێبازەی ئێمە نییە. ئەوە حیزبی دێموکڕات لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە هەیە و شوعاری دێموکڕاسی و خودموختاری دەدات، کەچی ئەمڕۆ لەو گوند و شارانە خەڵک نازانێ کە پێوەندی نێوان دێموکڕاسی و خودموختاری چییە. دێموکڕاسی و خودموختاری بە بەراورد لە گەڵ سۆسیالیزم، ئینقلابی ئۆکتۆبر و شۆڕشی کرێکاران و بورژوا زۆر سادەترن. ئێمە پێویستە ئەو باوەڕ و بەرنامەیە بەرینە نێو خەڵک. ئەگەر ئەوان پاڵپشتی ئێمە بن، بێگومان وەزع و حاڵی کۆمەڵە و تەنانەت چینی کرێکار زۆر باشتر دەبێ. بەرپرسەکەیان بە گاڵتە دەڵێ، هاوڕێیان با هەنگاوێک هەڵگرین لەو باس و دمەتەقەیە باشترە و شاعیری گەورەی ئێرانی سەعدی بە شێعر ئەو راستی‌یەی سەلماندوە، کە هەزار وتە بەقەدەر نیوە کردارێک نابن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge29.jpgلەو ورزەدا رۆژ نییە، کە هێزە کوردییەکان لە ناوچەیەکی نیشتمانی داگیرکراودا پەلاماری مۆڵگە، ناوەند و ئۆتۆمبیلی سەربازی نەدەن. رێژیم ژانی ئەو گورزانە دەزانێ، بەڵام ناچارە بۆ پاشەکشەکردن بە حیزبەکان و هێزە چەکدارەکەیان خوێن و کەرەستەیەکی زیاتر سەرف کات. هێزە سیاسییەکان ناوەندی رێبەرایەتی و سەرکردایەتیان لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناوچە سنوورییەکان گواستۆتەوە. کەماڵی مام کەریم و هاوڕێکانی وێڕای سەدان پێشمەرگەی ناوچە لەو هاوین و سەرەتای پاییزەدا لە پێناوی تێکشکاندنی ورەی سەربازانی ئیمامی زەمان و کلیل لە ملەکانی ئاشقی کەربەلا پەلامارەکانیان بۆ سەر مۆڵگەکانی رێژم توندتر دەکەن. لە کۆتاییەکانی پاییزدا کەمال، پەرویز، حوسێن و وەستا مستەفا بە هاوڕێیەتی چەند کەسیکی دیکە بە مەبەستی زەبرلێدان لە هێزەکانی رێژیم لە وارشی قازیاوە کەمینێک دادەنێنەوە. ئەوان لە دوای داکەوتنی سێبەری ئێوارە لە سێ شوێنی سەر جادەکە جێگردەبن و چاوەڕوانی هاتنی کاروانی ئوتۆمبیلی هێزە داگیرکەرەکان دەکەن. پاش دوو کاتژمێر چاوەڕوانبوون و دەرنەکەوتنی ئوتۆمبیلە سەربازییەکان، بڕیاردەدەن بەرەو سێ رێیانە بڕۆن و لە مۆڵگەکانی سەر رێگا بدەن. ئەو ئێوارەیە، پەرویز نوقمی یادگارییەکانی شارە و پێشنیار دەکات، کە واز لە مۆڵگەی سێ ڕێیانە بێنن و سەرێک لە شار بدەن. پێشمەرگەکان بە گاڵتە بە پەرویز دەڵێن، کاکە رەنگە حەزت لە شیرینی و فاڵودەی عادڵی بێ. ئەگەر لەو چالاکیە سەرکەوتین تێکڕا دەچین و سەرێکی خزمان دەدەین. پەرویز لەو جەولەیەدا لاقی لەدوا نایەن و وەک جاران هەڵسووڕ دەرناکەوێ. ئەوان بە شێوازی پارتیزانی بە لێواری جادەکەدا و بە جلوبەرگی خاکی خۆیان لە گەڵ زەوی هاوڕەنگ دەکرد و تێدەپەڕین. پەرویز لەو ساتەدا لە دارستان زەردهەڵگەڕاوەکەی خوار شاری دەڕوانی و هێزێک بەرەو شار رایدەکێشێ. ئەو لە پێشمەرگەکان جێدەمێنێ و تێکەڵ بە خەونی شار و دیدار شەقام دەبێت. وەستا مستەفا هاوڕێکانی ئاگادار دەکاتەوە، کە پەرویز دابڕاوە. حوسێن نیگەرانە و بە کەماڵی دەڵێت، با چاوەڕوان بین و بزانین پەرویز چ کێشەیەکی هەیە. وەستا مستەفا دەگەڕێتە دواوە و دەبینی، کە پەرویز نوقمی خەیاڵە و چاوەکانی لە سەر چراخانی شار هەڵناگرێ. مستەفا دوو بەردۆچکەی پێدادات، بەڵام پەرویز لە کۆشکی زیندە خەونەکاندا مات و بێدەنگە. مستەفا بە سووکی بانگی دەکات، کە بۆچی لەو شوێنە چەقیوە. پەرویز ئاوڕێک لە مستەفا دەداتەوە و بە هێواشی چەکەکەی لە سەر زەوی هەڵدەگرێ و بەدوای مستەفادا دەڕوا. پەرویز تەنیا دوو جاری دیکە لە روخساری چراخانی شار دەڕوانێ و بە سووکی دەڵێ، دایەگیان ئەگەر یەکترمان نەدیتەوە گەردنم ئازاد کە.

مستەفا و پەرویز دەگەنەوە پێشمەرگەکانی دیکە و لە نەدیوێکدا ماوەیەک کۆدەبنەوە. کەماڵ بە پەرویز پێشنیار دەکات، کە ئەگەر ناسازە یان کێشەیەک هەیە، ئەو دەتوانێ لە شوێنێک پشوو بدات و ئەوان گورزێک لە مۆڵگەکانی رێژیم لە سێ رێیانە دەوەشێنن. پەرویز بە هاوڕێکانی دەڵێت، هەستن با بڕۆین و رقی کوردانەی خۆمان بەسەر ئەوانەدا بڕێژین، کە خاکی داگیر کردووین و لە ماڵ و خەڵکی دابڕیوین. ناوبراو کەماڵ جیادەکاتەوە و چەند وشەیەکی بە گوێدا دەچرپێنێ. ئەوان کارەکانیان دابەشکردوە و بە گوێرەی تەڕحی عەمەلیاتی ئەگەر کاروانی ئوتۆمبیلەکان لە سێ رێیانە راگیرابو، بە موشەکی ئاڕپیجی و چەکەکانی دەستیان گورزی لێبدەن. ئەگەر ئەو کاروانەی ئوتۆمبیلانەش نەدیتران، بە موشەکی ئارپی چی و چەکی پارتیزانی لە پرسگە و دوو مۆڵگەی رێژیم لە سێ رێیانە بدەن. ئەوان لە ماوەی یەک کاتژمێردا لە شوێنی مەبەست جێگیر دەبن و کاروانی ئوتۆمبیلە سەربازییەکان دەبینن، کە لە نێوان مۆڵگە و هەروەها پرسگەکەدا راگیراون.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge30.jpgهێشتا وڵات رووناکە و ئێوارە پڕە لە بۆنی پاییزی سەرماوەز. جەمەدانەکان و پشتێندەکان توندوتۆڵن و چەکەکان بۆ سزادانی داگیرکەرەکان و لێدانی شمشاڵی بەرخۆدان ئامادەن. موشەکە ئارپیچیەکان بۆ لێدانی ئامانجەکان سوارکراون و چاوەکان سێرەیان گرتوە. پێشمەرگەکان ریسکێکی گەورەیان کردوە و زۆر لە سەنگەرەکانی رێژیم نیزیک بوونەوە. پەرویز بۆ پێشاندانی ئازایەتی پێشمەرگانە وەک جاران لە ریزی پێشەوەیە، بەڵام ئەمجارە وەک بەردەکان سەخت و بێدەنگ. دەستوری عەمەلیات دەدرێ و لە ماوەیەکی کورتدا زیاتر لە نۆ موشەکە ئارپیچی لە کاروانە راگیراوەکەی دوژمن دەدرێن و دواتر قرمژنی چەکەکان ئاور لە سەر پشتی دوژمن دەکاتەوە. دەنگی ئەڵڵاهوئەکبەر، محەممەد رەسولەڵا و یا حوسێن لە هەموو لایەک دەبیسترێ. ئوتۆمبیلەکان لە نێو ئاگری رق و تۆڵەی ژمارەیەک لە کوردەکاندا دەسووتێن و مۆڵگەکانی رێژیم بە ئارەزووی خۆیان تەقە دەکەن. ئەوان بە چەکی قورس و نیوە قورس و هەروەها سووک ناوچەکەیان داوەتە بەر رهێڵەی چەکی کوێرانە. پێشمەرگەکان بۆ ماوەیەکی دیکەش وەرزی سەرماوەز بۆ پاسداڕ و بەسیجییەکان دەکەنە وەرزی مردن و دۆزەخ و پاشان لە ناوچەی شەڕ دوور دەکەونەوە. ویزەی فیشکە شێتەکان و گرمەی چەکە نیوە قورسەکان و ناڵە ناڵی کاتیۆشاکان لە تاریکایی ئێوارەدا کاری خۆی دەکات و پەرویز دەکەنە ئامانج. کەماڵ و مستەفا لە گەڵ حوسێن بە بیستنی دەنگی هاواری پەورویز دەپەشۆکێن و وێڕای هاوڕێکانی دیکەیان بە سینگە خشکە دەچنە سەر پەرویز، کە لە سەر پشت کەوتوە. ئاوری دوژمن درێژەی هەیە و رێگا نادات پێشمەرگەکان جوڵە بکەن، بۆیە بۆ ماوەیەک لەو شوێنە خۆ پەنا دەدەن و بە جەمەدانە و پشتێندەکەیان برینە کارییەکانی پەرویز دەبەستن. پەرویز بە دیتنی کەماڵ چاوەکانی دەکاتەوە و بە جوڵاندنی دەستەکانی داوای ئاو دەکات. خەمێکی گەورە ئەو پەلە لە پێشمەرگەکان دادگرێ و هاوڕێ نیزیکەکانی پەرویز بەو رووداوە پەشۆکاو و نیگەرانن. مستەفا بە هاوڕێکانی رادەگەیەنێ، کە دانیشتن دادمان نادات و با بە پەلە بۆ شوێنێکی گونجاو بیگوازینەوە. پێشمەرگەکان ئامادەی هاوکارین، بەڵام لە رزگاری کردنی پەرویز دڵساردن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_shehid2.jpgکەماڵ، حوسێن و مستەفا بە هاوڕێکانیان دەڵێن، کە ئەوان پەرویز بە کۆڵ دەبەنە نێوشار و تێدەکۆشن بە نهێنی چارەسەری بۆ بکەن. راگواستنی کەسی بریندار بە پشت و لەو بارودۆخەدا کارێکی دژوارە، بۆیە بە فکری کەسێکی خاوەن ئەزموون بە سەر نێزە و چەقو دوو دارێکی درێژ دەبڕن و دواتر بە کەڵکوەرگرتن لە پشتێند و جەمەدانەکان کەرەسەیەکی لەبار بۆ هەڵگرتنی پەرویز ساز دەکەن. پەرویز هێشتا لە زمان نەکەوتوە، بەڵام خەریکە لە وزە دەکەوێ و تواناکانی لەدەست دەدات. ئەو لە هاوڕیکانی دەپرسێ، کە بۆ کوێی دەبەن و چی بەسەرهاتوە؟ چاوەکانی لە سەر یەک دادەنێ و ناڵەیەک دەکات. چەکەکان ئارام بوونەوە و کزەی سەرماوەز پەیامی زستانی خەم بۆ شار دەبات. مستەفا و کەماڵ پێکەوە دارەکە لە سەر شان هەڵدەگرن و حوسێن لە پێشەوە قامک لە سەر پەلاپیتکەی چەک بەرەو شار هەڵدەگەڕێن. ئەوان دەزانن، کە پاش ئەو عەمەلیاتە وڵات رەنگە ئارام بێت و چەکدارەکانی ریژیم لە مۆڵگەکانی خۆیاندا ماونەوە. ئەوان بە تێکڕا شارەزای کۆڵان و شەقامەکانی شارن و دەزانن کە چۆن لەو شەوەدا بۆ رزگارکردنی پەرویز لە یەکێک لە ماڵەکاندا پەنابدەن. حوسێن، کەماڵ و مستەفا سەرەتا بیر لە ماڵی باوکی خۆیان دەکەنەوە، کە رەنگە باشترین بژاردە بێت بۆ بردنی پەرویز. کەماڵ ماڵی حوسێنی بە گونجاو دەزانێ، بەڵام ئەوان لە لێوار و لاجانگی شار دوورن، بۆیە دەبێ لە یەکێک لە خانوەکانی سەرەتای شار خۆمان پەنا بدەین. کەماڵ ماڵێک لە تەنیشت نەخۆشخانە دەناسێ، کە رەنگە باشترین بژاردە بێت، چوونکە ئەوان پیرە پیاو و ژنێکن و خانوەکەیان بەلاوەیە. ئەو ماڵە لە گەڵ سیاسەت تێکەڵ نین و کەس لەو ماڵە بەگومان نابێ. مستەفا لە کاتی هەڵگرتنی پەرویزدا بیر لە ئێوارە دەکاتەوە، کە چۆن بەرامبەر بە شار وەک عاشقێکی خاک، چاوەڕوان و مات راکشابو . خۆزگە ئەو عەمەلیاتەمان نەدەکرد و پەرویز بە سڵامەتی چاوی بە دایک و بابی دەکەوتەوە. ئێمە وەک هاوڕێکانی پەرویز چ قسەیەکمان بۆ دایک و بابی هەیە؟

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge31.jpgئەوان لە گەڕەکی خوار پادگانی شار نیزیک دەبنەوە، بەڵام لە جەرگەی شەودا خۆپەنادان و دۆزینەوەی سەرپەنایەک کارێکی دژوار و سەختە. داربەستەکە، کە پەرویزی لە سەر راکێشراوە لە سەر شانی هاوڕێکانی بەرەو شار بەرێگاوە. حوسێن، مستەفا و کەمال بۆ حەسانەوە داربەستەکە بە نۆبە لە سەر شان بەرەپێش دەبەن. پەرویز لە نوزەیەک زیاتر هیچ دەنگێکی لێ نابیسترێ و خوێنی جەستەی لە چۆڕە کەوتوە. باڵتۆ، پشتێند و جەمەدانەکان بۆ پاراستنی پەرویز لە سەرمای سەرماوەز و مەرگ لە گەڵ یەکتر گرێدراو و تێکەڵاوکراون. هاوڕێ کۆنەکانی پەرویز لەو کۆستەدا شەڵاڵی ئارەق و فرمێسکن، بەڵام لە پێناوی رزگاری ئەودا فیداکاری دەکەن. کەماڵی مام کەریمی لە خوار ماڵەکانی نەخۆشخانەی شار کوڕەکان لە قوڵکەیەکی نەدیودا دادەنێ و خۆی بۆ دۆزینەوەی سەرپەنایەک بەرەو یەکەم کۆڵانی گەڕەکی خوار شاری هەنگاو هەڵدەگرێ. شەو بۆ چەکدارەکان هێمای جیاوازە، بۆیە لە مۆڵگەکانی رێژیم بە رێکەوت دەنگی تەقەیەک بەرز دەبێتەوە. ئەو تەقە پەرتەوازانە هەنگاوی کەماڵ شل ناکەن و ئەو لە چەند دەرگایەک تێدەپەڕێ، بەڵام ماڵەکان هاوشێوەی شەو بەرگی رەشیان پۆشیوە. دوای گەڕانێکی دژوار و پڕ لە مەترسی کەماڵ ماڵی خال عەباس و پورە خانزاد دەدۆزێتەوە و ناچارە بە سەر دیواری حەوشەی ماڵەکەیاندا بازبدات. خاڵ عەباس و پورە خانزاد ساڵانێکی زۆرە پێکەوە دەژین، بەڵام سرووشت و چارەنووس بە تەنیای هێشتوونەوە. ئەوان خاوەنی منداڵ نین، بەڵام لە سەرەتای ژیانی هاوبەشەوە بە دیتنی منداڵانی گەڕەک و دۆستان شاد و بە ژیانی خۆیان شوکرانەبژێر بوون. جێژنانەی رەمەزان مندالان لە بەردەرگای ماڵەکەیان ریزیان دەبەست و زۆرترین جێژنانەیان لە پورە خانزاد و خاڵە عەباس وەردەگرت. ئەوان بۆ جیرانەکان جێگای بڕوا بوون و جیرانەکانیان لە کاروباری رۆژانەدا یارمەتیان دەکردن. خاڵە عەباس توتن و پەڕی دەکێشا و بەردەوام چڕەدوکەڵی لە سەر روخساری دەگەڕا. ئەو سەر بە نەوەی کۆن و لە گەڵ شێوازی مۆدێرنی ژیان زۆر نەدەگونجا. سەبیلەکەی خاڵ عەباس لە شاردا ناسراو و تورەکەی توتنەکەی بە بۆنخۆشترین تورەکەی پیرەپیاوەکانی ئەو سەردەمە دەناسراو. ئەو تەنیا بۆ سەرەخۆشیی و بۆنە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە سەری لە مزگەوتەکان دەدا و نوێژ و عیبادەتی لە ماڵی خۆی دەکرد. خاڵە عەباس پاش هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان سوێندی خواردوە، کە نوێژ لە دوای هیچ مەلایە نەکات و وەسیەتی کردوە، کە لە دوای مردن تەڵقین دانەدرێ. پور خانزاد لە سازکردنی چێشت و چادا بەناوبانگە و شەوانەش بۆ بەسەربردنی کات خوری بە تەشی دەڕێسێ. ئەویش پاسدار و بەسیجیەکان بە خوانەناس بانگ دەکات و نەعلەت لە چەکدارە کوردەکان دەکات، کە لە گەڵ پاسداڕەکان کونبەکون بە دوای پێشمەرگەدا دەگەڕێن. ئەوان و مام کەریم بۆرە خزمایەتیەکان پێکەوە هەیە، بەڵام لە هاتوچۆکردندا زۆر توندتۆڵ نەبوون. شەوانە خەوێکی جێگیر و تەواویان نییە، بۆیە خاڵ عەباس لە تاوی بێخەوی پەنای بۆ دارسەبیلەی دەبرد و دواتر سەرێکی لە حەوشە دەدا و دەگەڕایەوە ژوور.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_sigar.jpgکاتێک کەماڵ بەسەر حەوشەکەدا بازدەدا، خاڵ عەباس خەریکی دوکەڵکردن بە توتن و پەڕەکەیەتی. خانزادی هاوسەری لە خەو راستدەکاتەوە و ئاگاداری دەکات، کە کەسێک خۆی هاویشتە حەوشەکەمان. خانزاد هەستە گوێکانت لە گوێی سموورە و کەروێشک تیژترن، با گوێمان پوخت هەڵخەین بزانین پیاو خەراپە یان لێقەوماو. خانزاد لە خەو راستدەبێتەوە و سەرەتا لە خاڵە عەباس تووڕە دەبێ، کە بەو نیوە شەوە بۆچی خەوەکەی دەزڕێنێ. عەباس، چڕە دوکەڵی دارجگەرەکەی بۆ سەر ئاسمانی روخساری بەرز دەکاتەوە و دەنگێگی بەگۆڕتر داوا لە خانزاد دەکات، کە دونیا کاول نابێ و هەستە لە خەو. کەماڵ بۆ ئەوەی ترس و ژاوەژاو نەخوڵقێنێ لە پەنجەرەکە نیزیک دەبێتەوە و بە قامکەکانی لە شووشەی پەنجەرەکە دەدات، کە لە بەر هاتنی سەرما بە نایلۆن داپۆشراوە. خاڵ عەباس مەزەندە دەکات، کە ئەو پەنجەرە کوتە بەو نیوە شەوە مرۆڤێکی لێقەوماوە. کەماڵ ماوەیەک سەبر دەکات و دوای دڵنیابوون لەوەی خاڵ عەباس و پورە خانزاد دەجوڵێن، بە دەنگێکی نەزم داوای لێدەکات، کە دەرگا بکەنەوە کارێکی گرینگی هەیە. پور خانزاد ددانە دەستکردەکانی لە زار دەرهێناون و وشەکانی بە تەواوەتی لە سەر زمان گۆ ناکەن، بەڵام چەند جارێک دەپرسێ، کاکە ئەتۆ کێی؟ بەو نیوە شەوە لە چ دەگەڕێی؟ کەماڵ خۆی دەناسینێ و خانەخوێ دڵنیادەکاتەوە، کە پیاو خەراپ نییە و کارێکی گرینگی هەیە. خاڵە عەباس بە هەزار ترس و لەرزەوە دەرگا دەکاتەوە و کەماڵ بە چەک و رەخت و جەستەیەکی خوێناوی دەبینێ. کوڕی مام کەریمی، بە کورتی چیرۆکی ئەو رووداوەیان بۆ باس دەکات و داوایان لێدەکات، کە بۆ ماوەیەک پەنایان بدەن و ئەگەر بەیانی ویستیان با ماڵەکە بۆ چەند رۆژێک چۆڵ کەن و بچنە ماڵی بابی. خاڵ عەباس و پور خانزاد ماوەیەک دەتاسێن و بیر لە مەترسییەکانی ئەو کارە دەکەنەوە، چوونکە ئەو کارە پڕە لە مەترسی، ماڵوێرانی و تەنانەت کوژران. خاڵ عەباس پاش هەڵوێستە کردنێک دەڵێ، کاکە بڕۆ بە هێواشی وەرن و ئەمن لە ئاودەستەکەی تەنیشت دەرگای حەوشەکە چاوەڕوانتان دەکەم هەتا دەگەنە ئێرە. بۆ ئەوەی خوێنی بریندارەکە نەڕژێ، ئەو نایلۆنە ئەستورە کە بۆ پەنجەرەکانم کڕیوە لە گەڵ ئەو پەتوە نەرمە بەرە و پەرویز بەو نایلۆن و پەتوە بە تەواوەتی بپێچنەوە. ئەو کافرانە بزانن لەو دەوروبەرە خوێن ڕژاوە ماڵەکەمان دەکەنە خەڵوز. مستەفا، حوسێن و کەماڵ بۆ کاتژمێر یەکی شەو پەرویزیان گەیاندە ماڵی خاڵ عەباس.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_fanos.jpgئەوان بۆ ئاشکرانەبوون ناچارن خۆیان لە هەڵکردنی چرا بپارێزن. چەک هەڵگرەکان شەکەت و ماندوون و لە چارەنووسی پەرویز نیگەرانن. ئەوان پێشنیار دەکەن، کە خاڵ عەباس ئەرکی ئاگادارکردنەوەی یەکێک لە برینپێچەکانی شاریان بۆ راپەڕێنێ. ئەو شەوانە زۆر بە کەمی خەڵک دەوێرا بۆ نەخۆشخانە بڕوات و چەکدارەکانی رێژیم لە سێبەری خۆیان دەترسان. خاڵ عەباس کە ماڵەکەیان لە نەخۆشخانە نیزیکە بیر لەوە دەکاتەوە کە هاوسەرەکەی نەخۆش کات و پێکەوە بەرەو نەخۆشخانە بڕۆن بۆ ئەوەی برینپێچێکی خاوەن متمانە ئاگادار کەنەوە. خانزاد لە ژوورێکی خانوەکەیاندا دۆشەک و پەتو بۆ پێشمەرگەکان رادەخات و پەرویز لەوێ تاقەت دەکەن. عەباس و خانزاد لە چوونە نەخۆشخانە دەترسن، بەڵام بۆ رزگارکردنی پەرویزی خاڵە مینە بڕیاردەدەن سامی ترس بشکێنن و بەرەو نەخۆشخانە بڕۆن. ئەوان دەرگای ماڵەکەیان لە دیوی دەروەڕا دادەخەن و بە هەڵگرتنی گوچان و کۆخەکۆخ بەرەو نەخۆشخانە دەکەونەڕێ. خانزاد لە رێگادا بە دەیان جار لە غەوسی گەیلانی، شێخ و سەیدی وڵاتی دەپاڕێتەوە، کە بە سڵامەتئ بگەنە نەخۆشخانە و یارمەتی ئەو کوڕە فقیرە بدەن. ئەو لە رێگادا وشەکانی لائیلاهە ئیللاڵڵا دووپات دەکاتەوە و ساغبوونەوە کە ئەگەر لە تیمی زەربەت هەڵەنگوتن، خانزاد خۆی نەخۆش کات و بە ناڵە و ئاخ هەڵکێشان خۆیان رزگارکەن. ئەوان دەگەنە بەردەرگای نەخۆشخانە و سەربازی پرسگەکە میلی چەکەکەی دەکێشێ و بە دەنگی بەرز هاوار دەکات، کە راوەستە و تەکان بخۆی کوژراوی. خاڵ عەباس و پور خانزاد چەند وشەیەکی فارسی دەزانن و بە کوردی و فارسی دەڵێن:” کاکە ژنی من بیمار و مەریزە. ئێمە پیر و پەککەوتەین و بە کۆمەکی دوختۆر موحتاجین”. سەربازەکە لەو شەوەدا ترس بەری نادات و گوێ لەو وتانە ناگرێ. بۆ ئەوەی ئاگاداری سەربازەکانی دیکە بکات، یەک فیشک دەتەقێنێ و پور خانزاد لە تەنیشت نەردە ئاسنەکانی حەوشە لە ترسان درێژ دەبێ. خاڵ عەباس بە کوردی هاوار دەکات، “مەریز و بیمار داریم چرا بەو نیوەشەوە تەقەی میکونی”؟ سەربازەکانی دیکە بە چەکەوە دەڕژێنە حەوشەی نەخۆشخانە و دبینن، کە پیرە پیاو و ژنێک نەخۆشن. یەکێک لە سەربازەکان لە نیگابانەکە توڕە دەبێ و بە تەوەسەوە دەڵێ، سەربازانی ئیمامی زەمان و حەزرەتی ئەبولفەزڵ لە شەڕ و لێقەوماندا ئارامی خۆیان دەپارێزن! ئەو شەوانە بەشێک لە سەرباز، پاسداڕ و بەسیجیەکان کاری تەوالیت لە سەنگەرەکانیاندا دەکەن و دەوربەری مۆڵگەکانیان دەیسەلمێنێ، کە چەند پاشەڕۆ لە کیسە نایلۆن کراوە و فڕێدراوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_shew.jpgخاڵە عەباس و پور خانزاد دەچنە ژوور و دوکتۆر ئامادە نابێ و ئەوان لەوێ بۆ ماوەیەک چاوەڕوان دەکەن. خاڵ عەباس هاوسەرەکەی ئاگادار دەکاتەوە، کە نەخۆشیەکەی لە بیر نەچێتەوە. لەو کاتەدا ناوبراو جنێوێک بە زەمانە دەدات و لە دەستی ئەو بارودۆخە داد و فیغانیەتی و دەڵێت: “چاوم خێل بوون سەگبابێک لەو نەخۆشخانەیە دەرناکەوێ. رۆژانە کە کارت بەو خەڵکە نییە، بۆ ئاودەستی مزگەوتی سوور بچی تووشی حەوت و هەشت لات و سەگباب دەبی، بەڵام ئەو شەو بە فیشەکیش گیرناکەون”. دوکتۆرێکی فیلیپینی فارسیزان لە نەخۆشخانە کار دەکات و سەرێک لە بەشی خێرا دەدات و پورە خانزاد دەبینێ. دوکتۆر بە فارسی پرسیار دەکات و گوێ لە دڵی دەگرێت و پاڵەپەستۆی خوێنی دەپێوێ، بەڵام هیچ لە یەکتر تێناگەن. پورە خانزاد ئەوەندەی لە بیرە، کە نۆبەتێ لە سەر نۆبەتێی دێنێ و بە داد و فیغان باس لە ئازاری سەر، پشت و زگ بکات. خاڵ عەباس بە فارسی لە گەڵ دوکتۆرەکە دەدوێ و بە زمانی خۆی نەخۆشیەکەی خانزاد بەمجۆرە بەیان دەکات:” جەنابی دوکتۆر خودا عالەم و خەبیرە، ئین پیرە زەن شەوی گوزەشتە ساغ و سەلیم بود. نیوەی شەو بە قودرەتی قادر هەموو قالبی مریز و بیمار شود”. لەو کاتەدا یەکێک لە پەرەستارەکان وەک خدری زیندە لەوێ قوت دەبێتەوە و سڵاو لە خاڵ عەباس دەکات. خال عەباس لە بەر کارەکەی پورخانزادی لە بیر دەچێت و بە پەلە هاوار دەکات، کە کاری گرینگی هەیە. ناوبراو بە گوێی پەرەستارەکەدا دەچرپێنێ، کە لە گەڵمان وەرەوە و نەخۆشێکی کوشەندەمان هەیە، کە قاچاخە و بە کەڵکی ئێرە نایە. ئەتۆ بڵێ، کە عەباس و خانزاد پیر و پەککەوتەن و هەتا ماڵ هاوڕێیەتیان دەکەم. دوکتۆرەکە بە فارسی زۆر بانگی خاڵ عەباس دەکات، کە مەریزەکەی لە بیرنەچێتەوە. خاڵ عەباس و پور خانزاد کەوتنە سەرباری خۆیان و لە ژووری دوکتۆر کەوتنە سەر زەوی. پەرەستارەکە گوتی، جەنابی دوکتۆر ئەوان شەو بە تەنیا هاتوون و دەترسن بگەڕێنەوە و ماڵ و نەخۆشن. ئەگەر ئیجازەم بدەن لە گەڵیان دەڕۆم و بەیانی دێمەوە. ئەو شەو نەخۆشی زۆرمان نین و بریندارەکانی سپا و بەسیج زیاتر بە هیلیکۆپتەر رەوانە شارەکانی دیکە کراون. دوکتۆرەکە لە هەڵسوکەوتی خانزاد و عەباس شەکەت و ماندوویە و زوو رەچەتەیەک دەنووسی و خۆی لە دۆخەکە رزگار دەکات. پەرەستارەکە لە خاڵ عەباس دەپرسێ، کە بریندارەکە چۆنە و پێویستی بە چییە؟ خالە عەباس بە هێواشی باس لە قورسی برینەکان دەکات و داوا دەکات، کە ئەگەر دەکرێ کەلوپەلی پێویست بە نهێنی هەڵگرە. ئەو شەو هەر خوێنی لە چۆڕاوە و خوا پایەدارت بکات.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_nexoshxane.jpgپەرەستارەکە بە پەلە خۆی دەگەیەنێتە ژووری کەلوپەلەکان و چەندە دەرفەتی هەبێ دەرمان و پێداویستی هەڵدەگرێ و بە هەزار ترس و لەرز لە گەڵ خاڵ عەباس و پورە خانزادێ دەڕواتەوە. پورە خانزاد لە رێگادا جارێک دەگریت و هێندێ کەڕەت توک و دوعایان لەو ریژیمە دەکات. خاڵە عەباس بە دەنگێکی سووک خەریکە چیرۆکەکە بۆ پەرەستارەکە دەگێڕێتەوە. پەرەستارەکە جەستەی دەلەرزێ و تێدەگات، کە سەر و ماڵی کەوتۆتە خەتەر. خاڵە عەباس بەڵێن دەدات، کە ناوی نەهێنێ و هەتا دەمرێ هەموو نوێژان دوعا و نزا بۆ پەرەستار و منداڵەکانی دەکات. ناوبرا هەست دەکات، کە کاکی پەرەستار لاقی لەدوا نایەن و بۆیە ناچارە بەڵێن بدات، کە ئەگەر ئاشکرا بوون ئەو هەموو رووداوەکە بە ئەستۆ دەگرێ. پەرەستارەکە لە خاڵە عەباس دەپرسێ، ئەو رووداوە قورسە چۆن بە ئەستۆ دەگریت؟ هەتا تۆ زار دەکەیەوە ئەو زاڵمانە لە سێدارەم دەدەن و ئەو کارە نرخی گیان و ژیانە. خاڵە عەباس بە سازکردنی چیرۆکێک هێمنی دەکاتەوە و دەڵێ، ئەتۆ هەر ئەوەندەت لە سەر بێ، کە ئەمن تۆم ئاگادار کردۆتەوە کە نەخۆشمان هەیە و تۆ لە بەر رێزگرتن و وەک کارێکی ئیسلامی و ئینسانی ئەو ئەرکەت راپەڕاندوە. کاکە ئەمن زۆر ژیاوم و با لە قەنارەم بدەن. خاڵە عەباس، پەرەستار و پور خانزاد دەگەنەوە ماڵ.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_nexoshxane1.jpgپەرەستارەکە بۆ ژوورێک دەبەن، کە پەرویز بە جەستەی لە خوێند شەڵاڵ و هاوڕێکانی بە دڵێکی شکاو و جەستەیەکی شەکەت و ماندوو کۆجیلەیان بەستوە. پەرەستارەکە بە دیتنی چەکدارەکان لە وزە دکەوێ. ئەو هەست دەکات، کە خەونە و باوەڕ بەو چاوەکانی ناکات. ناوبراو، جەستەی دەلەرزێ و بە دیتنی پێشمەرگەکان دڵەڕاوکە سەرتاپای جەستەی دادەگرێ. ئەو، لە کوڕەکان دەپرسێت، کە ئایا شەوی رابردوو ئەوان لە کاروانی هێزەکانی ئەرتەش و سپای پاسداڕانتان داوە؟ کوژراو و بریندارێکی زۆریان هەیە و ژمارەی کوژارو و بریندارەکان رانەگەیاندراوە. لە سێڕەیانە نەخۆشخانەیەکی نیزامی هەیە و بریندارەکان دەرمان دەکەن و کوژراوەکان لە ساردخانەی گەڕۆک دەپارێزن. پەرەستارەکە، دەچێتە سەر سەری بریندارەکە و لە روخسار و چاوەکانی ورددەبێتەوە. ناوبراو بە هێواشی لە ژێر لێوەکانیدا ئەو رستەیە دووپات دەکاتەوە” کوڕی خاڵە مینەی خەیاتە. ئەو رۆژانەم لە بیرە، کە تازە چەکی هەڵگرتبو و لە شەقام و کۆڵانەکانی شار لە گەڵ هاوسەنگەرەکانی دەگەڕا”. پەرەستارەکە، چاوێک لە برینەکە دەکات و گوێ لە هەناسەی پەرویز دەگرێ و لە تەنیشت پێشمەرگەکان دادەنیشێ. خاڵ عەباس و پور خانزاد لە نێوان بەرداشی ترسی جاش و پاسداڕەکان و هەروەها خەمی گەورەی کوڕی خاڵەمینەدا ماونەوە. شاردنەوە و پەنادانی پێشمەرگەکان کارێکی گەورە و فیداکارییەکی لەبیرنەکراوە، کە دڵێکی گەورە و ئازایەتیەکی نەبڕاوەی دەوێت. خاڵە عەباس لە پەرەستارەکە دەپرسێ، کە کوڕی خاڵە مینەی خوێنی لە قالبیدا ماوە یان نا؟ ئایا ئەمەلی چاکبوونەوەی هەیە؟ پەرەستارەکە پاش هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بزمارێک لە دیواری دەدات و دەرزیەکی خۆراکی (ئاو و خوێ) هەڵداوەسێ و پاش زەحمەتیکی زۆر لە رەگی دەستی دەدات. ماوەیەکی تێدەپەڕێ و چەند دەرزیەکی تایبەت بە ژان، چڵک و راگرتنی خوێن لە پاڵ ئاوی دەرزیەکە دەکات. بە ئاوی ئۆکسیژێنە و بێتادین برینەکە خاوێن دەکاتەوە و زاری برینەکە بە تەقەڵ دەدوروێتەوە. ناوبراو چەند جارێک بانگی پەرویز دەکات و دەستەکانی تەکان دەدات و داوا دەکات، کە چاو هەڵێنێ. پرسیاری لێدەکات، کە ئایا ئەو رۆژانەت لە بیرە، کە لە گەڵ کوڕەکەم هاوڕێ بوون؟ لە بیرتە لە سەرەتای شۆڕش و پێشمەرگایەتی بە چەکەوە بە بەردەرگای دوکانەکەمدا تێدەپەڕیت و سڵاوت لێدەکردم. پەرویز جوڵەیەکی کەمی هەیە، بەڵام چاوەکانی وزەی ناسینەوەی هاوڕێ و دۆستانی نییە. پور خانزاد لە گۆشەیەدا کوڕ داماوە و بە دەنگێکی ماتەمبار دەڵێ، خوا دەزانێ ناخی دایکت ئەمڕۆ چ ئازارێکی هەیە؟

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_srom.jpgپەرەستارەکە، بەڵێن لە هەموو لایەک وەردەگرێ، کە هەرگیز ئەو رووداوە بۆ کەس نەگێڕنەوە و ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نەهێنن. بە قوماشێکی تەڕ، روخسار و دەستەکانی پەرویز خاوێن دەکاتەوە و دوو دەرزی ناسراو بە خۆراکی لە تەنیشت پەرویز دادەنێ. بەڵێن دەدات، بۆ رزگارکردنی کوڕی خاڵە مینە لە هەموو دەرگایەک بدات و دەستی یارمەتی بۆ هەموو لایەک رابکێشێ. ئەوان بیریان لەوە کردۆتەوە، کە ئەگەر دەگونجێ شەو لە حەوشەی پشتەوەی نەخۆشخانە و لە رێگای پەنجەرەوە بۆ چارەسەر ببرێتە ژووری عەمەلیات. پەرەستارەکە ئەو کارە بە ئەستەم و دژوار دەزانێ. بە تێڕوانینی ناوبراو، باشترین کار ئەوەیە، دوو کیسە خەوێن لە بانکی خوێنی نەخۆشخانە دەربێنم و ئێوارە لە پاڵ دەمارەکانی پەرویزی بکەم. پەرەستارەکە لە سەر گروپی خوێنی پەرویز دڵنیا نییە و لە کارتی پێناسدا ئاماژەیەک بە گروپی خوێن نەکراوە. کەمال بە پەرەستارەکە دەڵێ، گرووپی خوێنی ناوبراو ئای موسبەتە و لەوە دڵنیابە. پەرەستارەکە نیگەرانە و بۆ خۆرزگار کردن لە پاڵەپەستۆی ئەخلاقی کار و پێشەکەی چەند دڵۆپە خوێنێکی پەرویز دەگرێ و بۆ پەلە بەرەو تاقیگەی نەخۆشخانە دەڕوات. ناوبراو، بە بیانووی جیاواز لە نەخۆشخانەدا دەگەڕێ و پاش تاقیکردنەوەی خوێنەکە لە گرووپی خوێنەکە دڵنیا دەبێ. ناوبراو بۆ پەیداکردنی چەند کیسەخوێن لە نەخۆشخانەدا دەگەڕێ. سەرئەنجام بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە و هێندێک دەرمان دەخاتە نێو کیسە نایلۆنێک و بەرەو ماڵی خاڵ عەباس دەگەڕێتەوە. چاوەکان بە تێکڕا چاوەڕوانن و دەستەکان لە دەوری ئەژنۆی لاقەکان گرێدراون و دڵەکان شڵەژوان. پەرەستارەکە بە دەستی بەتاڵ گەڕاوەتەوە، بەڵام کەمێک دەرمانی هێناوە کە وزەیەک بە جەستەی برینداری پەرویز دەدات.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_nexoshxane2.jpgهاوڕێ و هاوسەنگەرانی پەرویز لە دۆخێکی ناخۆشدان و لە پێناوی رزگارکردنی پەرویز بیر لە زۆر پلان و بەرنامە دەکەنەوە . ئەوان لە دۆخەکە دەترسن و مەترسی ئاشکرابوونی خۆیان و پەرویزیان هەیە و چەقین بە رێگاچارە نازانن. پەرەستارەکە پێشنیاردەکات، کە ئەگەر دەرفەت هەیە بۆ سبەی بەیانی لە دارمەیتێکی باوێن و لە گەڵ خەڵکی ئەو گوندانە رەوانەی دەرەوەی شار بکرێ و لە رێگای حیزب بۆ چارەسەر بەرەو نەخۆشخانەی کوردستانی گەرمێنێ رەوانەبکرێ. ئەمڕۆ شار ئاڵۆزە و پاسدار و بەسیجییەکان لە شاردا بە چەکەوە دەگەڕێن. رەنگە بۆ سبەینێ دۆخەکە ئارامتر بێتەوە و کەس لە دارەمەیت ناپرسێ و باشترین رێگایە بۆ رزگارکردنی پەرویز لەو شارە. نەخۆشخانە بە کەڵکی ئەو کارە نایەت و لە نێو نەخۆشخانەدا زۆر کوردمان هەیە، کە ئامادەی سیخوڕین و با ریشی خۆمان لە دەستی ئەو زۆڵەکوردانە نەنێین. هەموو لایەک ئەو رێگایە بە باش هەڵدەسەنگێنن، بەڵام هاوسەری خاڵ عەباس دەپرسێ، کاکە ئەو کوڕە خۆدەگری هەتا بەیانی؟ پەرەستارە لە بەردەم ئەو پرسیارەدا بێدەنگی هەڵدەبژێرێ و پێداگری دەکات، کە ئەو لە ریگای ویژدان، خودا و کوردایەتیدا هەوڵی خۆی دەدات و ئەو دەرزیانە بەشی هەتا بەیانی دەکەن. ئەگەر ئەمن کیسەخوێنی گورپی ئای موسبەتم پەیدا کرد، بە راکردن دەگەمە ئێرە و خوێنەکەی پێدەدەین. خۆزگە دەکرا لە رێگای مینە بێتوشی لە شاردا هاوار بکەین و داوا لە هاوڵاتیان بکەین، کە پێویستمان بە خوێنە، بەڵام هیچ کارێک ناکرێ. ژیانی کوردان پڕە لە کارەسات و تراژیدی و بە داخەوە لە کوردەکان لە برینداریی و مەرگدا لە خزمەتگوازرییە مرۆڤییەکان بێبەشن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge32.jpgئەو بەشە لە پێشمەرگەکان کە لە چالاکی چەکداری سێرەیانەدا بەشداربوون گەیشتوونەوە مەقەڕەکانیان. ئەوان باس لە برینداربوونی پەرویز ناکەن و تەنیا ئەوەندە باس دەکەن، کە ئەو پێشمەرگانە لە گوندەکانی دەوروبەردا ماونەوە و چەند رۆژێکی دیکە دەگەڕێنەوە. بەرپرسی تیمەکە رووداوەکە بە تەواوەتی بۆ بەرپرسی دەستە دەگێڕێتەوە. هەواڵی لێدان لە کاروانی ئوتۆمبیلە سەربازییەکان و کوژار و برینداربوونی پاسداڕ و بەسیجیەکی زۆر لە شار و گوندەکانی دەوروی داوەتەوە. پاسداڕەکان بۆ رۆژی دوایی بە هێزێکی زۆرەوە لە شوێنی عەمەلیاتەکە نیزیک دەبنەوە و پاش پشکنینی زۆری ئەو ناوچەیە بەسەر خوێنی رژاوی پەرویزدا دەکەون. ئەوان لەو شوێنە زۆر دەگەڕێن و سەرەتا بیرلەوە دەکەنەوە، کە رەنگە پێشمەرگە و بریندارەکان لەو دەوروبەردا خۆیان حەشاردابێ، بۆیە زۆر بە پارێزەوە دەجوڵێن. بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە دوو هێلیکۆپتەری سەربازی بە سەر ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا دەسووڕێنەوە و ماوەماوە بە شەستیر تەقە لە شوێنە نەدیو و گوماناوییەکان دەکەن. لە مەودای دووسەد میتری خوینەڕژاوەکە کاغەزێکی لوولکراو دەدۆزنەوە، کە بە کوردی نووسراوە. یەکێک لە پاسداڕەکان ئەو نامەیە بە چەند چەکدارێکی کورد نیشان دەدات، بەڵام ئەوان لەو نووسینە ناگەن. بۆ تێگەیشتن لە نووسراوەکە دوانیوەڕۆیە نامەکە دەبەنە ئیتلاعاتی شار و چەند کەسێکی بۆ خوێندنەوەی ئەو نامانە دەبەنە ئیتلاعات. خالیدی مەولود بەزازی ناوی مەلا برایم دێنێ، کە کتێبی کوردیی و شاعیرانی کوردی زۆرە و باشترە یان بچینە کتیبفڕۆشییەکە یان ناوبراو بە ماشێن بۆ ئێرەکانە بگوازینەوە. پێشنیاری خالید بە گونجاو دەزانرێ و یەکێک لە b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_ktebfroshi.jpgپاسداڕەکان تویوتاکەی هەڵدەکات و لە گەڵ خالید دەچنە دوکانی مەلا برایم. بە دیتنی خالید و ئەو پاسداڕە، مەلا برایم بە پەلە بە مشتەریەکە دەڵێ، هەتا مزگەوت دەچم و دێمەوە. خالید و پاسداڕەکە لە خێرایی دەرچوونی مەلا برایم سەرسوڕماو دەبن. ئەوان ناچنە دوکانەکە و لە بەرامبەر دووکانەکە خۆیان پەنادەدەن و چاوەڕوانی گەڕانەوەی خاوەنی کتێبفرۆشیەکە دەکەن. مەلا برایم لە داخی ئەوان بە کۆڵانەکانی تەنیشت مزگەوتی سووردا خۆی دەگەیەنێتە شەقامی نەخۆشخانە و بە مەبەستی شوێنەونکە لە سووچێکی دیکەوە بەرەو دوکانەکەی دەگەڕێتەوە. ناوبراو نازانێ، کە خالیدی مەولود بەزازی و پاسداڕەکە بەرامبەر بە دووکانەکەی چاوەڕوانن و لە گەڵ مەلا برایم دەگەنە دوکان. خالید و پاسداڕەکە سڵاوی لێکدەکەن و رادەگەیەنن، کە سووکە کارێکیان بە مامۆستایە. مەلا برایم سڵاویان لێدەکات و خەریکە بیانوویەک بۆ دەرچوون بدۆزێتەوە، کە پاسدارەکە بە فارسی داوای لێدەکات، نامەیەکی کوردیان هەیە و داوای لێدەکەن بۆیان بخوێنێتەوە. مەلا برایم داوای نامەکە دەکات و چاوێکی لێدەکات و نیگەران دەبێ. پاسداڕەکە پرسیاری لێدەکات، کە ئەو نووسراوەیە بە دەنگ بخوێنەوە و بزانین بۆ کێ نووسراوە و نووسەرەکەی کێیە. مەلا برایم چاویلکەکەی لە چاو دەکات و لە یەکەم رستەدا گیردەکات. پاسداڕەکە دەپرسێ ئاغا ئیبڕاهیم ئایا تۆ کوردی دەزانی یان نا؟ خالید پێش مەلا برایم بەم شێوەیە وڵام دەداتەوە: “بەرادەری پاسداڕ، مامۆستا کوردی خوب بەڵەدە، ئەمما دڵی بە حاڵی b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_namei_kurdi.jpgما خۆش نیست”. مەلا برایم بیردەکاتەوە کە خالیدی مەولود بەزازی تووشی پەندێکی دەکات و بۆیە لە پاسداڕەکە دەپرسێ، کە ئایا دەتوانێ چۆن نووسراوە بیخوێنێتەوە؟ پاسداڕەکە بە نیشانەی رەزایەتی سەری دەجوڵێنێ و ئامادەی گوێگرتنە. مەلا برایم نامەکە بەمجۆرە دەخوێنتەوە” بە ناوی خەڵکی قارەمانی کورد، دایە و بابە سڵاوتان لێدەکەم و لە یەزادان داواکارم کە شاد و سڵامەت بن. چاوی منداڵەکان ماچ دەکەم و هەموو رۆژێک یادتان دەکەم و هیوادارم ئەو نیزامە کوردکوژە کۆتایی بێت و بە ئازادی بژیین. ئەو رۆژانە بە مەبەستی زەبرلێدان لە هێزەکانی رێژیم لە ناوچەین و زۆر حەزم دەکرد سەردانتان بکەم. نازانم چ چارەنووسێکم دەبێ، بەڵام بەختەوەرم کە لە پێناوی خاک و حیزبەکەمدا بمرم. ئێوە زەحمەتێکی زۆرتان کێشاوە و ئەگەر یەکترمان نەدیتوە گەرنم ئازاکەن. ئەمڕۆ وەک بابم، مام کەریم و زۆر پیرە پیاوی دیکەی کوردەواری تيدەگەم، کە ئەو خەباتە ئاسان نییە و ئەستاندنی ماف خوێن و نرخی خۆی دەوێ. دوژمن فێڵباز و دڕەندەیە و ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان سەرچاوە و ماکەی شەڕ و ئاژاوەن. ئەو نامەیەم پێش جەولەی ئەوجارە دەنووسم و هەموو کوڕەکان سڵاویان هەیە. هیوادارم لە بەهاری داهاتوودا بە دیداری یەکتر شاد بین. کۆڵان و شەقامەکانی شارم لە شاخ و گوندەکان لەبیر ناچنەوە. لە سەر بەرزاییەکانی هۆمل، شاخەخوارە و کوێستانەکانی ناوچە زۆرجار بە دیتنی چراخانی شار شاد دەبم. گەلێکی ژێر دەست لە ژێر چەکمەی داگیرکەراندا چاوەڕوانی رزگاربوون دەکات. ئێمە بە گوێرەی توانا بەشێک لەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرین. پەرویز”. خالید ئەو نووسراوە کوردییەی بە شێوازی خۆی بۆ پاسداڕەکە وەردەگێڕا و پاسداڕەکەش لە سەر دەفتەرێکی بچووک کورتەی باسەکەی دەنووسیەوە. کاتێک مەلا برایم نامەکە دەخوێنێتەوە، پاسداڕەکە بۆ هەڵسەنگاندنی ناوبراو دەپرسێ، ئاغا ئیبڕاهیم تۆ موخالیفی یان موافیق؟ تۆ ئەو نووسینەت بە دڵە یان بە نووسراوەیەکی بێکەڵکی دەزانی؟ مەلا برایم بۆ خۆرزگارکردن دەڵێ، جەناب ئەوە کاری بەرپرسانە و ئەمن دوکاندارم و نووسراوەکەم تەنیا بۆ ئێوە خوێندەوە.

خالید و پاسداڕەکە دەگەڕێنەوە بنکەی سپا و لەوێ لە گەڵ بەرپرسانی دیکە تاوتوێی عەمەلیاتەکە دەکرێ. خالید لە نێو کۆبوونەوەکەدا پێشنیار دەکات، کە مادام ئەوە نامەی پەرویزە بۆچی ئێمە نەچین پرسیار لە خاڵە مینە و ئاڵتونی هاوسەری نەکەین؟ ئەوان رەنگە وردە خەبەریان هەبێ و ئاگاداری کوڕەکەیان بن؟ پەرویز لەو نامەدا دڵی خەبەری داوە، کە رەنگە بە دەستی رەزمەندە و شەڕەکەرانی ئیسلام بکوژرێ. چەند پاسداڕێک بە چەکەوە لە گەڵ خالید بەرەو ماڵی خاڵە مینە دەڕۆن و بە پارێزەوە لە دەرگا دەدەن. ئەوان لە ئاڵتون دەپرسن، کە ئاخۆ ئاگاداری کوڕەکەیەتی یان نا؟ ئەوان نامەیەکیان دۆزیوەتەوە کە پەرویز نووسیویەتی و داوای گەردەن ئازایی لە دایک و بابی دەکات و لەو شوێنەی کە دۆزراوەتە خوێنێکی زۆری لێچۆڕاوە. ئایا هیچ پەیام و راسپاردەیەکی بۆ نەناردوون؟ ئاڵتون لە بەر دەرگا بە دیتنی پاسداڕەکان دەترسێ و بە بیستنی ئەو خەبەرە دەتاسێ. ئەو توانای قسەکردنی نابێ و بەگریانەوە پاسداڕەکان و خالیدی کوڕی مەولود بەزازی جێدێڵێ. خاڵە مینە بەسەر ئەو وەزعەدا دێتەوە و بە دیتنی ئەو چەکدارانە ترسێکی زۆر دایدەگرێ. ناوبراو، خوازیارە رێگا بگوڕێ و لەو ناوە دوورکەوێتەوە، بەڵام دەرفەت و ئەگەری گەڕانەوەی نییە، بۆیە لە بەر دەرگا سڵاو لە پاسداڕەکان دەکا و لە تەنیشت ئەوان رادەوەستێ. خالید رووداوەکەی بۆ دەگێڕێتەوە و ئەوجار لەویش دەپرسن، کە ئایا هیچ زانیارییەکی لەسەر کوڕەکەی هەیە؟ خاڵە مینە وەک لە دارێک بەربووبێتەوە و چاوە لە پاسداڕەکان و خالید وەرناگێڕێ. لە پڕ بیر لە پەرویز و چارەنووسە نادیارەکەی دەکاتەوە؟ ئەو بە پاسداڕەکان رادەگەیەنێ، کە ناوبراو لە گەڵ پەرویز هیچ پێوەندییەکیان نییە و ئاگاداری هیچ نین. ئەو بۆ پاڵپشتی کردن لە وەتەکانی خۆی، چەند جارێک خوا، پێغەمبەر و قورئان بە شایەت دەگرێ. یەکێک لە پاسداڕەکان خاڵە مینە وەپێش خۆی دەدات و چەک لە سەر دەست دەچێتە ماڵیان و هەموو ژوور و هۆدەکان دەپشکنێ. لە گەڕانەدا هیچ دەست ناکەوێ و بە مۆڕەکردن لە خاڵە مینە کۆتایی بە پشکنینی ماڵەکەی دێنن. خاڵە مینە لە ژوورەوە بە سەر هاوسەرەکەیدا دەکەوێ کە سەری خۆی رنیوە و بە لێدان لە خۆی روخساری هەموو سوور هەڵگەڕاوە. ناوبراو دەستی بۆ هیچ کارێک ناچن و نازانێ، کە لەو کاتەدا چ بکات. منداڵەکان لە ترسی پاسداڕەکان خۆیان لە گۆشەیەکی ماڵەکەدا شاردۆتەوە و لەو حاڵەتەدا خەویان لێکەوتوە. ئاڵتون و خاڵە مینە تاساون و نازانن چۆن لە گەڵ ئەو رووداوەدا هەڵسوکەوت بکەن. خاڵە مینە بیر لە تێکهەڵچوونی شەوی رابردووی دەرەوەی شار و تەنیشت بێزیلە دەکاتەوە. دەستێک بۆ رادیۆکەی دەبات، بەڵام ئەویش چارەی ناکات. ئاڵتون بۆ ماوەیەک لە هۆش دەچێ و خاڵە مینە بە پەلە منداڵەکانی بۆ ماڵی مام کەریم دەبات و هاوسەرەکەی بۆ نەخۆشخانە رادەگوازێ. ئاڵتون لە نەخۆشخانە لە سەر تەختی نەخۆش درێژدەکرێ و چاوەڕوانی دوکتۆر دەکەن. دوکتۆر ماوە بە ماوە سەردانی ئەو بەشی ئۆڕژانس و فریاکەوتن دەکات و دواتر دەگەڕێتەوە بەشی خەوێندراوان. کاتێک خاڵەمینە بۆ ماوەیەک دێتە حەوشەی نەخۆشخانە چاوی بە پەرەستارەکە دەکەوێ، کە ئاگاداری دۆخی پەرویزە. پەرەستار سڵاوی لێدەکات و ئەحواڵی دەپرسێ و هۆکاری هاتنی بۆ نەخۆشخانە دەپرسێ. خاڵەمینە چۆنیەتی هەواڵەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، کە پاسداڕەکان چۆن چوونە ماڵ و بە چ شێوەیەک باسی کەماڵ و نامەکەیان کردوە. پەرەستارەکە بە بیستنی ئەو هەواڵە ئارەقەیەک دەکات و زمانی لە گۆ دەچێ. ئەو هەموو کۆڵان و شەقامی لە بەرچاوان لێدەبنە پاسداڕ و بەسیجی و لەوە دەترسێ، کە ماڵی خاڵ عەباسی ئاشکرا ببێ و ناوبراو لەو بەینەدا بە ئاورەکە بسوتێ. ناوبراو سەردانێکی ئاڵتون دەکات، کە لە سەر تەختی نەخۆشخانە ناوی کوڕەکەی دێنێ و جاروبار لە سینگی خۆی رادەکێشێ و پرچەکانی دەڕنێتەوە. پەرەستارەکە دەترسێ، کە ئەو گریان و هاوارە نهێنیەکان ئاشکرا بکات و بە پەلە لەو بەشە دەردەچێ و بە بیانووی نوێژی ئێوارە و ژانەسەر لە نەخۆشخانە دەچێتەدەر. ناوبراو بە شێوەیەکی قۆرتاوپێچ خۆی لە ماڵی خاڵ عەباس و پورە خانزاد نیزیک دەکاتەوە و لە دوورەوە ماوەیەک ماڵەکەیان لە ژێر چاوەدێری دەگرێ. کاتێک دڵنیادەبێتەوە، کە دنیا ئارامە و دۆخەکە وەک خۆیەتی، بە پەلە دەچێتە ماڵی خاڵ عەباس. پەرویز لە ژێر کاریگەریی ئەو ئاوەدا، کە لە دەمارەکانی دەکرێ کەمێک رەنگی کراوەتەوە، بەڵام برینەکەی زگ و کەلەکەی بۆنی مەرگیان لێدێ. پەرەستارەکە باس لە خاڵە مینە و ئاڵتون دەکات، کە پاسداڕەکان چوونی ماڵیان و باسی نامەیەکی پەرویزیان بۆ کردوون و ئەو لە نەخۆشخانەی دیتوون. بۆ ماوەیەک ترسێکی شارەاوە باڵ بە سەر ماڵی خاڵ عەباسدا دەکێشێ و نیگەرانن، کە پاسداڕ و جاشەکان ماڵەکان بپشکنن. پەرەستارەکە ژمارەیەک دەرمانی ئازار دەداتە کەماڵ و هاوڕێکانی و پێشنیاریان پێدەکات، کە بۆ بەیانی باشترە لە رێگای دارەمەیتێک لە شار ببرێتەدەر. حوسێن لە کەماڵ دەپرسێ، ئەرێ ئەو موجاهیدانە دەرمانگا و کادری برینپێچیان هەیە؟ کەماڵ چاوێکی لێدەکات و هیچ ناڵێت. ئەوان داوا لە پەرەستارەکە دەکەن، کە بەجۆرێک لە گەڵ مزگەوتی سەرچاوە یان سوور قسە بکەن و دارەمەتیێک بۆ سبەی بەیانی ئامادە بکەن. ئێمە لە گەڵ چەند کەسێکی دیکە دەتوانین بیبەینە مردووشۆرەکەی مزگەوتی سەرچاوە و دواتر لە گەڵ خەڵکی ئەو گوندانە لە شار دەرچین. خاڵ عەباس بە وردی لە وەزعەکەی دەفکرێ و دواتر دەڵێ، کاکە دارمەیتەکە لە سەر من و شەو لە گەڵ خزمێکی خۆم رایدەگوازین بۆ ئێرە. بۆ بەیانیش کە پەرویزمان لەو دارمەتیە هاویشت بە ماشێنێکی پشت بەتاڵ بە هێواشی دەیبەینە مزگەوتی قیبلە و بە خەڵک دەڵێین، کە لە نەخۆشخانەی ورمێ مردوە و خەڵکی ئەو گوندانەی دەورووبەرە. ئەگەر پاسداڕ و جاش لە سەر رێگاکە نەبوون لە گەڵ خەڵکی ئەو گوندانەدا رەوانەی دەکەین. ئەگەر رێگا نەدرا، شەو کەماڵ و کوڕەکان بۆ خۆیان دەتوانن لە سەر شان هەڵیگرن و بیگوازنەوە. پەرەستارەکە دەڵێ، رەحمەت لە بابت خاڵ عەباس بۆ ئەو فکرە چاکە. ئەگەر کارتان نەماوە، ئەمن یەک دوو ڕۆژ بە بیانووی نەخۆشی خۆم لە ماڵ دەخزێنم و ناچمە نەخۆشخانە. کوڕینە، ئەمن بە چاکی دەزانم ئەگەر پەرویز لە شار دەرچوو، با خاڵ عەباس سەردانی ماڵی خاڵە مینە بکات و ئەگەر دەگونجێ با چاویکیان بە کوڕەکەیان بکەوێ. لە نەخۆشخانە زۆر کەسم دیتوون، کە لە سەرە مەرگدا بە دیداری ئازیزان شاد دەبن. خاڵە مینە رەنگە دواتر گلەیی لە هەموو ئەو کەسانە بکات، کە ئاگاداری برینداریەکەی پەورویز بوون، بەڵام رووداوەکەیان لێشاردۆتەوە. خاڵ عەباس، پور خانزاد و کوڕەکان ئەو پێشنیارە بە گونجاو دەزانن و ساغدەبنەوە، کە ئەگەر بە سڵامەتی لە شار دەرچوون، خاڵ عەباس سەردانی خاڵە مینە بکات و ئەوەندە بڵێت، کە ئاگادارە ئەو شەو پەرویز و کوڕەکان لە شار دەرچوون.

پەرەستارەکە خواحافیزیان لێدەکات و خاڵە عەباس دواتر بەرە نێوشار دەچێت و لە گەڵ خزمێکی خۆیان چاوێک لە دارە مەیتەکانی مزگەوتی سەرچاوە و سوور دەکەن. ئەوەی مزگەوتی سوور ئاسانتر و نیزیکترە، بەڵام پێویستی بە ئیجازەی مجێور یان مەلای مزگەوتە. خزمەکەی خاڵ عەباس پێشنیار دەکات، کە بانگی بەیانی بە بێدەنگی ئەو دارمەیتە هەڵگرین باشترە. ئەوکات کە ئەوان لە نوێژدان ئێمە بە پەلە رایدەگوازین و پاشان رەنگە چەند جارێک بۆی هاوار بکەن و تەواو دەبێ. خاڵ عەباس بە خزمەکەیان دەڵێ، کوڕە ئامان هیچ گوێیەک ئەو خەبەری نەبیستێ. ناوبراو بە باشی دەزانێ، کە خزمەکەیان هەتا کارەکە تەواو نەبێ نەچێتەوە ماڵ. خاڵ عەباس بە خزمەکەیان دەڵێ، رۆڵە بە ماڵی ئێوەدا دەڕۆینەوە و بە کورتی بە ماڵەوە رابگەیەنە، ئەو شەو لە ماڵی خاڵ عەباس و پورە خانزادم و نیگەران مەبن. شەو درەنگانێگ خاڵ عەباس لە گەڵ خزمەکەی دەچێتەوە ماڵ. خزمەکەی خاڵ عەباس، کە ناوی واحیدە بە دیتنی چەکدارەکان رەنگی زەرد هەڵدەگەڕێ. ئەو بە تەواوەتی ئاگاداری دۆخەکە نییە و خاڵ عەباس بۆ تێوەگلاندنی بانگی کردوە. عەباس و خانزاد و بۆ کوڕەکان روونی دەکاتەوە، کە ناوبراو بەو سیاسەتە دەست و لاقی واحیدی بەستوونەوە. ئەو کوڕی باشە و جێگای متمانەیە، بەڵام زۆر جار پیاو لە ماڵ قسەیەک دەکات و دواتر بۆ جیران و خەڵکی دیکە دەگوازرێتەوە. واحید و خاڵ عەباس بەیانی بە بیانووی نوێژ دەچنە مزگەوتی سوور و دارمەیەتەکە لە مزگەوت دێننەدەر و لەسەر شان دەیبەنەوە ماڵ. ئەو ڕۆژە لە مزگەوت مجێور و مەلا هەست بە بردنی دارمەیتەکە ناکەن، چوونکە سێ دانەی دیکەی لێیە و کەمتر بینراوە، خەڵک دارمەیت هەڵگرن. واحید بە خاڵە عەباس دەڵێ، رەفیقێکم هەیە تویوتای پشت ئاوەڵەی هەیە و رەنگە بۆ راگواستنی دارەمەیتەکە یارمەتیمان بکات. نازانم ئێوە چ دەڵێن؟ گرینگە ئەوەیە، لە سەر رێگای چوونەدەر لە شار ساغببنەوە. شار شەوانە دەروازەکانی کراوەن و ئەگەر ئیرادە بکەین بە زۆر رێگادا دارمەیتەکە دەبەینە دەرەوە. رێگای گەڕەکانی کانی مەڕی، کەپران، نێوزەڕۆ، دۆڵتانچک و گردەسوور زۆربەیان بەکەڵکی ئەو کارە دێن. بە تێڕوانینی واحید، کۆتاییەکانی پاییز هەوا ساردە و خەڵکی دێهاتەکان زۆر بە کەمی هاتوچۆی شار دەکەن و هەڵگرتنی ئەو دارەمەیتە چوارکەسی پێویستە. ئەگەر رۆژ دەرچین، خۆ ئەو پێشمەرگانە ناتوانن لە گەڵ دارە مەیتەکە بڕۆن، بۆیە باشترە ئێوارە بە ماشێن دارە مەیتەکە بەرینە گەڕەکی کانی مەڕیی یان دۆڵتانچکێ و بە تاریکی شەو دەرچین. ئەمن ئامادەم ئەرکی کوردانە بەڕێوەبەرم و هەتا دەرەوەی شار لە گەڵیان دەچم. هەموو لایەک قسەکانی واحید بە گونجاو دەزانن و ئەو رۆژە تابوتەکە لە ماڵ دێڵنەوە. خاڵ عەباس لە گەڵ واحید سەردانێکی ماڵ دەکات و بە هاوسەرەکەی دەڵێن، ئەو شەو لە گەڵ واحید میوانی خزمێکی خۆمان دەبین و نیگەران گەڕانەوەمان مەبن. شەوانە گەڕان زۆر کەمە و رەنگە هەر لەوێ بخەوین. واحید خاوەن ئوتۆمبیلەکە ئاگادار دەکاتەوە، کە ئێوارە هێندێک بار و کەلوپەلی قاچاخ هەیە و بۆ دۆڵتانچ یان گەڕەکی نێوزەڕۆیەی رایدەگوازن، بۆیە پێش تاریک داهاتنی هەوا لە تەنیشت سینەما چاوەڕوانت دەکەم.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_toyota1.jpgئێوارە شۆفیر لە شوێنی مەبەست واحید هەڵدەگرێ و پێکەوە بەرەو ماڵی خاڵ عەباس دەڕۆن. شۆفیرەکە، کە دەگاتە لای ماڵی خاڵ عەباس ماشیێنەکەی رادەگرێ و بە واحید دەڵێ، کاکە بارەکان بخەنەسەر و هەتا ئەو ماڵە دەچم. شۆفیرەکە کۆنە دەۆستێکی لەو گەڕەکە هەیە و دەرفەتەکە بە گونجاو دەزانێ بۆ نوێکردنەوەی دیدار. ناوبراو دەچێتە ژووری ماڵی کۆنە دۆستەکەیی و لە گەڵ ژنە باس لە ژیانی کۆن و خەمەکانی ئەوڕۆ دەکەن. ژنەکە هاوسەرەکەی لە ماڵ نییە و بە منداڵەکان دەڵێت، ئەوە خزمی خۆمانە. ئەوان خەریکی گۆڕینەوەی وشە و رستەکانن و باس لە دیدار و دیتن یەکتر دەکەن. دونیای مرۆڤەکان جیاوازە و تاکەکان بە دوای ئامانجی رەنگاوڕەنگدا دەگەڕێن. ئەوان لەو ئێوارەیەدا باس لە دڵداری، کڕینی چوارشێو و قوماشی ژنانە دەکەن. ئەوان ئاگادارنین، کە ژمارەیەک مرۆڤ لە پێناوی وڵاتەکەیاندا دەبنە قۆچی قوربانی.

خاڵە عەباس لە حەوشە پیاسە دەکات و بە دەنگ ئایەتولکورسی دەخوێنێ و فوو لە دەوروبەری دەکات. ناوبراو دەچێتە بەردەرگا و دەگەڕێتەوە حەوشە و بە کوڕەکان دەڵێت، کاکە ئیوارەیە رەنگە کاتەکەی باش بێت. واحید لە گەڵ خاڵە عەباس هاوڕا نییە و دەترسێ، لە بازاڕ و لە گەڕەکەکاندا تووشی چەکدارەکانی b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_taboot.jpgرژیم بن، بۆیە پێشنیار دەکات دە خولەکێکی دیکە چاوەڕوان بکەن و پاشان دەڕۆن. شۆفیر تویۆتاکەی لە بیرچۆتەوە و لە گەڵ ژنە سەرقاڵی گاڵتە و پێکەنینە. سەرئەنجام دار مەیتەکە لە ماشێنەکە داوێن و چادرێکی بە سەردا دەدەن و مستەفا، حوسێن و کەماڵ چەک و رەختەکانیان لە تەلیسان داوێن. دوو کەسیان دەچنە ریزی پێشەوە و حوسێن لە پشتەوەی تویۆتاکە سوار دەبێ و چاوەڕوانی شۆفیر دەکەن. واحید نازانێ شۆفیرەکە لە حەوشەی کام ماڵدا چەقیوە، بۆیە بە دەنگ هاوار دەکات، کە کاکە ئێمە ئامادەین. شۆفیرەکە لە جیهانی دڵداریی و قوماش دەردەکەوێ و ئاگاداری تێپەڕینی کات و ساتەکان نییە. ناوبراو لە واحید دەپرسێت، کە بارەکان تەواون؟ واحید سەرێکی بۆ دەلەقێنێ. شۆفیر سڵاو لە سێ کەسەکەی دیکە دەکات و دەبینێ، کە هەموویان سەر و ریشیان هاتوە و زۆر مەیلی پێکەنین و گاڵتەیان نییە. شۆفیرەکە بەرەو دۆڵتانچک ماشێنەکە لێدەخوڕێت و ماوە بە ماوە روو لە مستەفا و کەماڵ دەکات و داوایان لێدەکات، کە قوربانتان بم قەت ژن مەهێنن. کاکە ئەوەی ژنی هێنا، بە تەواوەتی لە پیاوەتی دەکەوێ. مستەفا و کەماڵ بێدەنگن و دەترسن، کە ئەگەر زۆر روخساری خۆیان دەرخەن و قسە بکەن ئاشکرا ببن، بۆیە گوێ بە کاکی شۆفیر نادەن. لە کۆڵانێکی نەدیودا دارمەیتەکە دادەگرن و واحید پارەیەک بۆ شۆفیرەکە رادەدێرێ، بەڵام وەریناگرێ. شۆفیرەکە تاساوە و نازانێ تابوت ودارمەیت بۆچی بە نهێنی رادەگوازرێ! ئەو، بە دیتنی روخساری کەسە نەناسراوەکان و قسەنەکردیان شک و گومان لە دارەمەیتەکە دەکات، بەڵام لەو کات و ساتەدا هیچ پرسیارێک ناکات. شۆفیر خواحافیزیان لێدەکات و مستەفا، حوسێن، کەماڵ و واحید بە چوار نەفەری دارمەیتەکە بۆ خڕێکی نەدیو دەگوازنەوە. واحید بۆ تاقیکردنەوەی رێگا ماوەیەک دوور دەکەوێتەوە و پاش ئەوەی دڵنیا دەبێ، کە رێگا ئەمینە بە دۆڵی تەنیشت شاخی وەستا حەسەنیدا هەڵدەگەڕێن. ئەو دۆڵە نەدیوە و بۆ دەربازبوون گونجاو، بەڵام بۆ راگواستنی بریندار و دارەمەیت رێگایەکی ناخۆش و دژوار. پێشمەرگەکان چەکەکانیان لە شانە و واحید چەکی پەرویز هەڵدەگرێ. ئەوان بە کاتژمێرێک دەگەنە دۆڵی گەوەلان و لەو گوندە لە رێگای شوڕای حیزب چەند کەسێک پەیدا دەکەن و دارمەیتەکە بە شان بۆ بنکەی قەلارەشێ دەگوازنەوە. واحید، خۆی لە خەڵکی ئەو گوندانە ئاشکرا ناکات و بە نهێنی خواحافیزی لە کوڕەکان دەخوازێ و دوعای چاکبوونەوەش بۆ پەرویز دەکات. ناوبراو بۆ شەو لە گوندی کانی ڕەش لادەدات. پێشمەرگەکان و بریندارەکە درەنگانی شەو دەگەنە قەلاڕەشێ و لە بنکەی پێشمەرگەکان دارمەیتەکە دادەنێن. لەو کاتەدا ژاوەژاوێک لە گونددا پەیدا دەبێ و هەواڵی گەڕانەوەی ژمارەیەک لە پێشمەرگەکان و پەرویزی خاڵە مینەی بڵاودەبێتەوە. پێشمەرگەکان بە دیتنی روخساری پەرویز نیگەرانن، بەڵام لێرە تەنیا برینپێچی سادە گیردەکەوێ. میرزا دەرزیلە، کە بە رووداوەکە دەزانێ و ناوی پەرویزی خاڵە مینەی دێت، راست دەبێتەوە و لە سەر دارمەیەتەکە چاوێک لە پەرویز دەکات. لەو کاتەدا بەشێک لە پێشمەرگەکان بە مامۆستا بڕوا و هێندێک بە کەماڵ بانگی کەماڵی مام کەریمی دەکەن. میرزا دەرزیلە لە یەکێک دەپرسێ، بۆ مامۆستا بڕوا ناوی کەماڵی مام کەریمیە؟ ئەویش بە گوتنی بەڵێ، میرزا دەرزیلە لە کۆڵ خۆی دەکاتەوە. میرزا دەرزیلە لەو دۆخەدا لە کەماڵ نیزیک دەبێتەوە و گلەیی لێدەکات، کە یەک ساڵە خۆی لێشاردۆتەوە. ئەو لە سەردەشت چۆتە ماڵی دایکی و دوو شەوان لە ماڵی خاڵە مینەی میوان بوە. کەماڵ لەو کاتە ناخۆشەدا زۆر ناپڕژێتە قسەکانی میرزا دەرزیلە. ئەوان بۆ رزگارکردنی گیانی پەرویز شەو بەرەو گوندی بێژوێ دەڕۆن. لەو گوندە موجاهید و کۆمەڵە بنکەی دەرمانیان هەیە و رەنگە کەرەستەی چارەسەرکردن و دەرمان زۆرتر بن.

خاڵ عەباس و پورە خانزاد پاش دەرچوونی پەرویز و هاوڕێکانی هەر ئەو ئێوارەیە دەچنە ماڵی خاڵە مینە. خاڵە مینە و خێزانی تازە لە نەخۆشخانە گەڕاونەوە. خاڵە مینە بە دیتنی خاڵ عەباس گومانی زۆر دەبن و بە زات و سیفەتی خوای سوێند دەخوات، کە کوڕەکەیان بەڵایەکی بەسەر هاتوە. خاڵە مینە بەخێرهاتنی میوانەکان دەکات و روخسەت وردەگرێ، کە چەند خولەکێک منداڵەکانیان لە ماڵی مام کەریم دێنێتەوە. ئاڵتون بە دیتنی میوانەکان سەرێک هەڵدێنێ و پرسیاریان لێدەکات، کە ئایا هیچ دەزانن؟ خاڵ عەباس ئەوەندە دەدرکێنێ، کە لە کەسیکی غەوارەیان بیستوە، کە ئێوارە کوڕەکان لە شار دەرچوون. ئاڵتون دەپرسێ، پەرویزیان لە گەڵ بوە یان نا؟ خاڵ عەباس چاوەڕوان دەکات هەتا خاڵە مینە دێتەوە و دواتر باس لەوە دەکات، کە کوڕەکەیان بریندارە و ئەمڕۆ ئێوارە لە شار چۆتەدەر. خانزاد لە تەنیشت ئاڵتونێ دانیشتوە و رێنوێنی دەکات، کە خوا گەورەیە و هیوادارە کە کوڕەکەیان ساغ و سڵامەت بێ. خاڵە عەباس بە خاڵە مینە دەڵێت، کاکە لە بەیانی زووتر نییە و خۆت و براژنە ئاڵتون سەردانێکی ئەو گوندانە بکەن و باشترە خۆتان لەوێ بن. ئەگەر بۆ منداڵەکانتان نیگەرانن ئەوە ماڵی مام کەریمی هەیە. هەتا ئێوە دێنەوە رۆژانە خانزاد با لە گەڵ براژنە زارا ئاگاداری منداڵەکان بکەن. ئەگەر منداڵەکان دەچنە قوتابخانەش رۆژانە وەک جاران دەتوانن بچن و بێنەوە و رێگاکە زۆر نیزیکە. خاڵ عەباس و پور خانزاد شەو لە لای ئاڵتون و خاڵە مینە دەمێننەوە. خاڵە مینە و هاوسەرەکەی بەیانی نانێک دەپێچنەوە و جلوبەرگێکی گەرم لەبەر دەکەن و بەرەو قەلاڕەشێ دەڕۆن. ئەوان ماوەیەکی زۆزە کە ئەو رێگا دوور و درێژەیان نەبڕیوە، بەڵام بۆ گەیشتن بە کوڕەکەیان زۆر گوێ بە ماندووبوون و رەشەبای کوێستانەکان نادەن. ئەوان کاتژمێر ١١ی بەیانی دەگەنە قەلاڕەشێ و دواتر بە پرسیارکردن مەقەڕەکە دەدۆزنەوە. پێشمەرگەکان سەرەتا بەخێرهاتنیان دەکەن و نازانن، کە ئەو ژن و پیاوە چ کارەن. میرزا دەرزیلە کە تازە لە پیاسەی سەر باسکی گەڕاوەتەوە چاوی لە خاڵە مینە و خێزانی هەڵدەنگوێ. هەردووک لا بە بێدەنگی چاو لە یەکتر دەکەن، بەڵام میرزا دەرزیلە بە رێزەوە بەخێرهاتنیان دەکات. خاڵە مینە بە خێزانی دەڵێ، ئەو شێخ زەرگەتەیە، کە پار پاییزێ دوو شەوان لە ماڵمان ماوەتەوە. پێشمەرگەکان بە بیستنی ناوی شێخ زەرگەتە زەردەیەکیان دێتێ و لە میرزا دەرزیلە دەپرسن، کافر هەتا ئەمڕۆ ئەو ناوە خۆشەت بۆ ئاشکرا نەکردوە؟ میرزا دەرزیلە دۆخەکە بە هەستیار دەزانێ و جوابەجەنگی لە گەڵ پێشمەرگەکان ناکات و زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانەکان دەکات. ئەو پيشوەخت چیرۆکی دیتنی پەرویزیان بۆ دەگێڕێتەوە، کە بۆ چارەسەرکردن رەوانی بێژوێ کراوە. خاڵە مینە و ئاڵتون ئۆقرەیان نامێنێ و داوا دەکەن، کە کەسێک یارمەتیان بدات، بۆ ئەوەی بە زیندووی چاویان بە کوڕەکەیان بکەوێ. میرزا دەرزیلە کاتەکە بە دەرفەت b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge33.jpgدەزانێ و لەو بنکەیە ماندوو و شەکەتە، بۆیە بە خاڵە مینە دەڵێ ئەمن لە گەڵتان دێم، بەڵام با دوو وڵاخێک بۆ تۆ و براژنم پەیدا بکەین. بە پارەیەکی کەم دوو وڵاخدار بەکرێ دەگرن و لە گەڵ میرزا دەرزیلە بەرەو بێژوێ دەڕۆن. میرزا دەرزیلە سندووق و کەلوپەلەکەی هەڵدەگرێ و لە کورتانی یەکێک لە هێسترەکانی قایم دەکەن و دەڕۆن. ئەوان لە گوندی دەرماناوێ لادەدەن و دڵنیا دەبن، کە پەرویز بەرەو بێژوێ رۆیشتوە. وڵاخدارەکان بە رێگای زەردکەیدا هەڵدەگەڕێن، کە بەردەڵانێکی سیحراوییە و بە سەر ناوچە زەرد هەڵگەڕاوەکەی پاییزدا دەڕوانن. پاش رێگا بڕینێکی زۆر باب و دایکی پەرویز دەگەنە بێژوێ. بە گوێرەی ئەو دەنگۆیانەی کە لە گوندەکەدا بڵاوبوونەوە پەرویز لە بنکەیەکی دەرمانی موجاهیدەکانە. میرزا دەرزیلە، خاڵە مینە و ئاڵتون لە وڵاخدارەکان جیادەبنەوە و لە گەڵ کەسێکی گوندی بێژوێ بەرەو بنکەی موجاهیدەکان دەڕۆن. کەماڵ، مستەفا و حوسێن لە بەر دەرگای بنکەکە لە دوورەوە دەڕوانن، کە میرزا دەرزیلە بە سندووقەکەیەوە لە گەڵ ژن و پیاوێک و کەسێکی دیکە بەرەو بنکەی موجاهیدەکان دەڕۆن. حوسێن بە کوڕەکان دەڵێت، ئەوە خاڵە مینە و براژنە ئاڵتوون نین؟ ماوەیەکی زۆر ناخایەنێ، کە رێبوارەکان دەگەنە جێگای مەبەست. خاڵە مینە لە دوورەوە هاوار دەکات، مستەفا، کەماڵ و حوسێن توخوا پەرویز ماوە؟ ئاڵتون خەریکی لە خۆڕاکێشان و پرچ ڕنینەوەیە. هەموو چاوەکان پڕ دەبن لە فرمێسک و هاوڕێکانی پەرویز تەنیا بەخێرهاتنیان دەکەن. ئاڵتون و خاڵە مینە بە زۆر دەچنە ژووری بنکەی دەرمانی و خوازیارن کە کوڕەکەیان لە باوەش بگرن. دوکتۆرێکی فارس لە سەر سەری پەرویزە و دوو برینپێچ برینەکانی خاوێن دەکەنەوە. دڵی پەرویز هێشتا لە لێدان نەکەوتوە، بەڵام برینەکانی تاقەتیان لێبڕیوە. ئاڵتون و خاڵە مینە بە دەنگی بەرز دەگرین و مەبەستیانە بچنە سەر سەری کوڕەکەیان، بەڵام دوکتۆر و برینپێچەکان رێگایان نادەن. کەماڵ و هاوڕێکانی لە گەڵ میرزا دەرزیلە دەچنە ژووری بنکەی دەرمانی و خاڵە مینە و ئاڵتون بە زەحمەتێکی زۆر ئارام دەکەنەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_nexoshxane3.jpgدوکتۆرەکە بە کەماڵ رادەگەینێ، کە ئەوان هەوڵی خۆیان دەدەن و رەنگە هەتا بەیانی نەتیجەی کارەکەیان دەرکەوێ. بە گوێرەی مەزەندەی دوکتۆر ئەگەری سەرکەوتن ٢٠ لە سەدە و لە گەڵ فاکت و راستییەکان هیچ ناکرێ. ئەوان پێویستیان بە کات و شوێنێکی ئارامە و باشترە دایک و بابی لە شوێنێک هەتا سبەی ئارام بگرن. کەماڵ بە دوکتۆر پێشنیار دەکات، کە باشترە خاڵە مینە و ئاڵتون کوڕەکەیان ببینن. رەنگە ئەوە بۆ پەرویز و دایک و بابی باشترین دەرمان بێ. دڵەکان بەمجۆرە باشتر ئارام دەگرن و ئەگەر خوانەخواستە پەرویز شەهیدیش ببێت، ئەوان دڵیان بەوە خۆخشە، کە بە زیندوویی لە سەر تەختی دەرمانگا لە ئامێزیان گرتوە. دوکتۆرەکە پێشنیارەکە بە جوان و چەسپاو دەزانێ و پاش ماوەیەک بانگیان دەکاتە ژوور. ئاڵتون و خاڵە مینە لە تەنیشت پەرویز دادەنیشن و جوڵەی چاو و زار و هەروەها دەستەکانی دەبینن. پڕ بەدڵ ماچی دەکەن و دایکی لە ماوەی نیو کاتژمێردا بە سەدان جار خۆی بە قوربان دەکات. دایکی ئامادە نییە لە ژوورەکە بچێتەدەر و بە هەزار پاڕانەوە و وتە دەیبەنە دەر.

میرزا دەرزیلە لەو ماوەیەدا زۆر لە دەوری دایک و بابی پەرویز هەڵدەسووڕێ و دڵنەواییان دەدات. کەماڵ و هاوڕێکانی لە گەڵ خاڵە مینە و سندووقەکەی میرزا دەرزیلە لە یەکێک لە ماڵەکانی بێژوێ میوان دەکەن. میرزا دەرزیلە بۆ گۆڕینی خەمەکان و سازکردنی ساتێکی ئارام سەربەخۆ باس لە چارەنووس و ژیان دەکات. کەماڵ بیری دێتەوە، کە میرزا دەرزیلە لە گوندی قەلاڕەشێ داڕشتنێکی جوانی بۆ یەکێک لە منداڵەکان ئامادە کردبو. خاڵە مینە کە گوێ لە کوڕەکان دەگرێ، بە شێخ زەرگەتە دەڵێن، میرزا دەرزیلە، بۆیە پرسیار لە شێخ زەرگەتە دەکات، کە بە چ ناوێک بانگی بکەن؟ میرزا دەرزیلە بە خاڵە مینە دەڵێت، کاکە ئازادیت بە چ ناوێک بانگم دەکەی، بەڵام ئەمن بۆ ئەو گوندە دەبێ ناوێکی تایبەت بۆ خۆم ساز بکەم. بە قوربانتان بم، بە ناوی شێخ زەرگەتە و میرزا دەرزیلە ناوم مەبەن. میرزا دەرزیلە بۆ بردنەسەری ورەی خاڵە مینە و ئاڵتون چیرۆکە کۆنەکانی دەگێڕێتەوە و باس لە کەسانێک دەکات، کە ئازیزترین کەسەکانیان لە ماوەیەکی کورتدا لەدەست داوە. ئەو خۆی بە نموونە دێنێتەوە، کە تەنیا دایک و بابێکی هەبوون و بەداخەوە ئەوانیش مردوون. ژیان و چەرخی گەردوون لە دەست مرۆڤدا نین و ناتوانین بە کەیفی دڵی خۆمان بیسووڕێنین. کوردەکان بە گشتی و گوندنشینەکان بە تایبەتی خەڵکێکی میواندار و کراوەن. گوندنشینەکان لە شار کەمتر لە لایەن خەڵکی شارەوە وەک میوان وەردەگیرێن، بەڵام شارییەکان لە گوندەکان بە رێزە وەردەگیرین. کابانی ماڵ بە گوڕ و هێزێکی تایبەتە خەریکی رازاندنەوەی ماڵ و هەروەها راخستنی سفرە بۆ خاڵە مینە و ئەوانی دیکەیە. ئاڵتون لە سەر پەتویەک راکشاوە و بۆ رزگاربوونی کوڕەکەی دەپاڕیتەوە. مستەفا، حوسێن و کەماڵ بۆ دڵخۆشکردنی خاڵە مینە ئازایەتییەکانی پەرویز لە مەیدانی شەڕ دەگێڕنەوە. کەماڵ بە خاڵە مینە دەڵێ، ئەو شەوە بە شایەتی هەموو کوڕەکان پێشنیارم بە کەماڵ کرد، کە بۆ چالاکیەکە نەیەت و چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئێمە بکات. تەنانەت بەڵێنیمان پێدا، کە پاش عەمەلیاتەکە سەرێک لە شار و ماڵەکانمان بدەین. لە عەمەلیاتەکەدا هەموو لایەکمان ساغ و سەلیم دەرچووین و لە دوا ساتەکانی دەرچوون لە مەیدانی تێکهەڵچووندا پەرویز پێکرا. ئێمە چەند رۆژە خەو خواردمان لە خۆ حەرام کردوە و تێکۆشاوین، کە پەرویز رزگاربکەین.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_gond7.jpgسفرە سادەکەی گوندییەکان بە پڵاو، لەپاو و هەروەها رۆن و ماستی خۆماڵی رازاوەتەوە. نانی ئاشی ئاوی، گەنمی خۆماڵی، کە بە ئاو، خۆر و خاکی نیشتمان پێگەیشتوون پڕاوپڕن لە بۆن و بەرامەی نیشتمانێکی ئازاد و مرۆڤی ماندوو. هەنار و هەنجیرەکانی ئالان ماوەیەکە ماڵئاواییان لە دارەکان کردوە و لە بەشێک لە ماڵەکاندا بۆ وەرزی زستان لە گەڵ مێوژ و میوەکانی دیکە پاشەکەوت کراون. ئالان ئەو ماوەیە وەک پایتەختی خۆڕاگری لێهاتوە و دەفتەری سیاسیی و سەرکردایەتی زۆر حیزب و رێکخراو لەو مەڵبەندەدا گریساونەوە. گوندەکان پڕن لە پێشمەرگە و بنکەی جیاواز. لە گوندێکی چووکی وەک هەرزنێ، نوێنەرایەتی زیاتر لە دە حیزب و سازمانی کوردستانی و ئێرانی دەبیندرێن. پارتە کوردییەکانی باشووری کوردستان لەو ناوەدا ئەگەر لە هێزە رۆژهەڵاتییەکان زۆرتر نەبن، کەمتر نین. تەنیا پارتی بارزانی لەو بارودۆخەکدا دژ بە شەپۆلە نیشتمانی و نەتەوەییەکان مەلە دەکات و بۆتە داردەستی پاسداڕ و چەکدارەکانی کۆماری ئاخوندی.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge21.jpgمیرزا دەرزیلە و کوڕەکان بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی پەرویز بەرەو بنکەی دەرمانی سازمانی موجاهیدینی خەڵق دەڕۆن. ئەوان بۆ پەرویز نیگەرانن و بە تایبەت ساتەکانی ئەو ئێوارەیە لە بیرناکەن، کە پەرویز چەندە خەمی دیتنەوەی شار و دایک و بابی بە روخسایەوە دەبیندرا. مستەفا باس لەو ساتە دەکات، کە پەرویز لە پێشمەرگەکان دواکەوتبوو و لە شار و دیمەنەکانی ژیانی ئەو شارەی دەڕوانی، هیچ قسەیەکی لە گەڵ نەکردم و تەنیا داوای لە دایکی کرد، کە گەردنی ئازاد بکات. کەماڵ هیوابڕاوە و وەک رۆژانی رابردوو ئۆگری قسەکردن و دەمەتەقە نییە. حوسێن و مستەفا باشترن و لە گەڵ یەکتردا خەمەکانیان دەگۆڕنەوە. ئەوان لە بنکەی دەرمانی موجاهیدەکان نیزیک بوونەوە و چاوەڕوانی بیستنی هەواڵێکی خۆشن. مستەفا لە برینپێچەکە پرسیاری حاڵ و تەندروستی پەرویز دەکات. پرسیارەکەی مستەفا وڵام نادرێتەوە، بۆیە کەماڵ لە دەرگای بنکەکە دەدات و داوای زانیاری تازە لە سەر پەرویز دەکات. دوکتۆر و برین پێچەکان هێشتا کارەکانیان تەواو نەکردوە و ئەوان بە کەلوپەلە سەرەتاییەکانی پزیشکی سەرقاڵی دەرکردنی پڕیچکی تفەنگی سەتوشەشن. سەروچاو و دەستەکانیان دەرخەری موژدە نین و یەکێک لە برین پێچەکان بە کەماڵ و هاوڕێکانی دەڵێت، کە هەتا کاتژمێر ١٠ی شەو هەموو نەتەیجەیەک ئاشکرا دەبێت. برینەکان قوڵ وکارین و رەنگە بەداخەوە سەرکەوتوو نەبین. وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێ و کەماڵی مام کەریمی بە ناچاری دەگەڕێنەوە بۆ لای خاڵە مینە و ئاڵتونی هاوسەری.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_radiodengikurdistan.jpgرادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران ئەمڕۆ هەواڵی عەمەلایەتەکەی سێرەیانەی خوێندۆتەوە و بەشێک لە گوندنشین و گوێگرانی ئەو رادیۆیە لە رووداوەکە ئاگادار کراونەوە. میرزا دەرزیلە لەو ماوەیەدا بە هەموو شێوەیەک هەوڵیداوە، کە دڵنەوایی ئەو باب و دایکە بداتەوە، کە لە تاوی کوڕەکەیان ئەو رێگا شاخاوی و کوێستانیەیان بڕیوە. ئاڵتون کە کەماڵ و کوڕەکانی دیکە لە دەرمانگاکە دەگەڕێنەوە، لە سەر بارودۆخی پەرویز پرسیاریان لێدەکات. ئەوان بە کورتی دەڵێن، پورێ سەردانێکی ئەو شوێنەمان کرد و دوکتۆر و برین پێچەکان کاری خۆیان دەکەن. هەموومان چاوەڕوانین و هیوادارین ئێوە سڵامەت بن. ئاڵتون خۆی لە خواردن و خواردنەوە دەبوێرێ و کاری گریان و لەخۆدانە. ناوبراو داوادەکات، کە بیبەنە ئەو بنکەیە و حەزدەکات، لە تەنیشت کوڕە زامدارەکەی دانیشێ. ماوەیەک ئاڵتون لە هۆدەکەدا ئارام دەکەنەوە، بەڵام ئەو دەستبەردار نییە و پێڵاوەکان هەڵدەگرێ و لە ماڵ دەچێتەدەر. خاڵە مینە و ئەوانی دیکەش بە دوای یەکتردا دەڕۆن و بە پەلە خۆیان دەگەیننە ئەو بنکە بچوڵانەیە، کە بڕیارە چارەنووسی پەرویز بەلادابخات و یەک لا بکاتەوە. دوکتۆر و برین پێچەکان لە هۆدەی کارەکەیان راوەستاون و چاوەڕوانن، کە پەرویز لە دوای خاوێنکردنەوە و درونەوەی برینەکانی چاوبکاتەوە. بە گوێرەی پشکنینەکانی دوکتۆر پەرویز هێشتا هەناسە دەدات، بەڵام چارەنووسەکەی لە دەستی مرۆڤدا نەماوە. ئەو رێگا بە دایک و باب و هەموو هاوڕێکانی دەدات بۆ ماوەیەک لە دەوری پەرویز کۆببنەوە. بەشێک لەوان لەو b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_shehid5.jpgکاتەدا دەستەکانیان بۆ ئاسمان بەرزدەکەنەوە و خاڵە مینە سەرقاڵی خوێندنی ئایەتولکورسییە. زارەکان دەپاڕێنەوە و چاوەکان پڕن لە فرمێسکی رەوان و لایەلایەی ئاڵتون کەشێکی خەماوی دەخوڵقێنێ. لەو سات و کاتەدا پەرویز چاوەکانی دەکاتەوە و بۆ ماوەیەک لە دەوروبەر دەڕوانێ. ئەو دواساتەکانی بە دەنگی گریانی دایک و بابی تێپەڕدەکات و زۆر هەوڵدەدات، کە قسەیەک بۆ ئامادەبووەکان بکات، بەڵام زمانی لە گۆ کەوتوە. بە دەستەکانی ئاماژە بۆ دەوروبەر دەکات و دایک و بابی لەو ساتەدا دەچنەسەر سەری و ماچی دەکەن. پەرویز لەو کاتەدا ماڵئاوایی لە دایک و باب و هاوڕێکانی دەکات و جەستەی سارد دەبێتەوە. خەمێکی گەورە لە سەر شانی هەموو لایەک قورسایی دەکات و کەس لاقی چوونەدەری نییە. ئاڵتون بە توندی مێزی لێداوە و هاواردەکات، کە چاوەکانی هەڵێنێتەوە و خوشک و براکەی چاوەڕوانن. باوکی، بە چاوێکی پڕ لە گریان و جەستەیەکی ماندوو دەڵێ، رۆڵە خوا ئاگادارە و خەبەردارە، کە تۆ و مردن لەو تەمەنەدا زۆر لێکدوورن. لە گەڵ چارەنووس هیچ ناکرێ و ئێمەش هەموو ئەهلی مردنین. هاوڕێکانی لە دەوروبەری کۆبوونەوە و ئەوانیش بۆ ئەو کۆچە بەداخن، بەڵام هەموویان دەزانن کە کاروانی شەهیدان لەوە درێژترە و بە ئاسانی ئەو دۆخە ناگۆڕێ.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_shehid2.jpgپەرویز بە تابوتەکەی مزگەوتی سوور سەردەشت دەگوازنەوە بۆ مزگەوتی گوندی بێژوێ و هەتا بەیانی دایک و باب و هاوسەنگەرەکانی لە دەوری دێن و دەچن. چەند فەقێ و قورئان خوێنێک خۆبەخشانە لە سەر تەرمەکە قورئان دەخوێنن و یەکێک لە مەلاکان بەیانی زوو لە مزگەوت لە سەر مەقامی بەرزی شەهید دەدوێ. خاڵە مینە و ئاڵتون لە ترسی رێژیم ناوێرن تەرمەکە بەرنەوە گۆڕستانی شار و بۆ ماوەیەکی کاتی لە گۆڕستانی بێژوێ بە خاکی دەسپێڕن و سەرەخۆشی لە مزگەوتی گوندەکە بۆ دادەنێن. چەند رۆژێک دواتر ناوی پەرویز وەک شەهید دەخویندرێتەوە، کە لە شەڕی چەند رۆژ لەوە پێشی ناوچەی سەردەشت دەپێکرێ و سەرئەنجام شەهید دەبێ. میرزا دەرزیلە ئەو رۆژانە وەک نموونەی مرۆڤی دڵگەورە و بێدەنگ لە دەوری خاڵە مینە و ئاڵتون و کوڕەکانی دیکەیە. کەماڵ، مستەفا و حوسێن داوا لە میرزا دەرزیلە دەکەن، کە لە دەستەی ئەوان ببێتە پێشمەرگە. شیخ دەرزیلە لە کەماڵ دەپرسێ، کاکە ئێوە وەرنە دیوی ئالانی، بە گۆڕی دایک و بابم ساڵێکی دیکە لێرەش هەڵدەقەندرێین. ئەمن لە بەر خاتری ئێوە بۆ بنکەی دەرماناوێ دێمەوە ، بەڵام کوڕینە باوەڕکەن ئەو ئالانە بۆ حیزبەکان وەک مێرگ و باخی سیاسەتی لێهاتوە. رەنگە لەو مەڵبەندە حیزب و سازمانی سەیر و سەمەرە سازبکرێن و درووشمی شۆڕشی گۆڕانی جیهان لەو سەر چۆم و بن سێبەرانە سەرهەڵبدەن. میرزا دەرزیلە و پێشمەرگەکان لە گەڵ باوک و دایکی پەرویز بە رێگای زەردکەیدا دەگەڕێنەوە. ئاڵتون و خاڵە مینە بە سواری ئەسپ و ئەوانی دیکەش بە پێ رێگایەکی درێژیان بڕی. شەو لە گوندی قازانی دەمێننەوە و بەیانی لە گەڵ دوو وەڵاخدارەکە هەتا گوندی مارەغانی چوون و پاشان بە سواری ئوتۆمبیلی لەندەوێر خۆیان گەیاندەوە ماڵ. کەماڵ و هاوڕێکانی پەرویز هەتا نیزیک گوندی مارەغانی لە گەڵ دایک و بابی پەرویزی چوون و ماڵئاواییان لێکردن. میرزا دەرزیلە لە گەڵ مستەفا، حوسێن و کەماڵ زۆر دەگونجاو و پێکەوە سازگاربوون. لە رێگای گەڕانەوە بۆ بنکەی دەرماناوێ لە چەند گوندێک بۆ ماوەیەکی کورت دەمێننەوە. سندووقەکەی میرزا دەرزیلە بۆ منداڵ و ژنان پرسیار و گومانی زۆری ساز دەکرد. لە گەڕانەوە بۆ گوندی دەرماناوێ کوڕەکان لە گەڵ میرزا دەرزیلە ساغبوونەوە، کە ناوێکی گونجاوتر بۆ خۆی بدۆزێتەوە و با لە ماڵ و مەقەڕی پێشمەرگە زۆر سەری نەخەنە سەر و ئازاری نەدەن. میرزا دەرزیلە ماوەیەک بیردەکاتەوە و چەند ناوێک لە بیروزەینی خۆیدا بژار دەکات، بەڵام هیچ ناڵێت. حوسێن لە میرزا دەرزیلە دەپرسێ، بیستوومە تۆ عەڕەبی دەزانیت، بۆچی ناوی کێو بە عەڕەبی بۆ خۆت هەڵنابژێری؟ میرزا دەرزیلە دەڵێت، کاکە ساڵێکی دیکە ئێمە دەچینە ئالانی و ناوە تازەکەم پێویستە لەوێش کەڵکی هەبێ. لە ئالانی ئاغا و حیزب زۆرن و لێرەش کوێخا، نازانم کامەیان لە گەڵ سیاسەتەکانی حیزب و گەل دەگونجێ؟ ئەگەر ئاغا و جەبەل لێکدەم بە بڕاوی ئێوە چ نانێکی لێدەردەچێ؟ جەبەلئاغا!

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge20.jpgوەستا مستەفا بزەیەکی دێت و دەڵێ کاکە هەر ناوێک بۆخۆت هەڵدەبژێرت، پیرۆزە و ئێمە بە هەموو ناوێک رازین. زستان سەری لە کەل دەرهێناوە، بەڵام مانگی بەفرانبار بەرگی سپی لە بەر خاکی ئەو ناوچەیەی نەکردوە. لە نێوان بنکە و مەقەڕی پەل و دەستەکان پێوەندییەکی توندوتۆڵ نییە، بەڵام ئاشنا و خزمەکان لە دەرفەتدا سەردانی یەکتر دەکەن. ئەو زستانە کەماڵ وازی لە مامۆستایەتی هێناوە و بڕیاری داوە لە مەقەڕدا ئەرکی خوێندەوارکردنی پێشمەرگەکان بەئەستۆ بگرێ و هەروەها بۆ خوێندەوارەکان زنجیرە کۆبوونەوەیەک رێکخات. ئەو لە جەبەلئاغا کەڵک وردەگرێ و پرسیارەکانی ناوبراو لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ دەکرێن. کەماڵ دەزانێ، کە جەبەلئاغا مرۆڤێکی خاوەن ویژدانە و رەخنەکانی بۆ چاکسازییە و ئەو لە وتە و پرسیارەکانیدا ئاوێنەی لایەنە لاوازەکانی بزوتنەوەی کورد لە کوردستاندایە. جەبەلئاغا لەو کارە دڵخۆشە و ئەوجار تێدەکۆشێ زیاتر ئاگاداری رووداوەکان بێت و چاوی لە سەر سیاسەتی حیزب و رێکخراوەکان تیژتر دەکات. ناوبراو بۆ ئەو مەبەستە گوێ لە رادیۆ عەڕەبی زمانەکان دەگرێ و هەواڵە گرینگەکانی لە کۆبوونەوەکاندا بە کورتی باس دەکات. ئەو لە کۆبوونەوەکاندا هەوڵ دەدات، کە بەشداران زۆرترین سوود وەرگرن، بۆیە بۆ فێرکردن لە چیرۆک کەڵکوەردەگرێ. جەبەلئاغا گرینگی چیرۆک بۆ کەماڵ شیدەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە، کە هەموو کتێبە ئایینیەکان بۆ فێرکردنی باوەڕخوازن و تەنانەت بێ باوەڕان بە زمانی چیرۆک دەدوێن. گرینگە کە مێژووی بزوتنەوەی کورد و تەنانەت رەخنەگرتن لە ئەمڕۆی کوردایەتی بە شکڵ و شێوەی چیرۆک دابڕێژین. زۆربەی خەڵکی کوردستان لەو ئاستەدا نین، کە شەڕی وشە و تێۆرییەکان بکەن و هونەر ئەوەیە، کە بە زمانێکی ساد و ساکار لە سەر بابەتەکان قسە بکرێ. کەماڵ ئۆگری زۆری بۆ بیروڕای جەبەلئاغا هەبو، چوونکە ناوبراو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەکردەوە لە گەڵ کەند و کۆسپ و b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_piawikurd2.jpgبەربەستەکانی سەر رێگای خەبات ئاشنا دەبێت. لە یەکێک لە شەوەکانی رێبەندان دا کۆبوونەوەیەک لە سەر گرینگی فێربوونی زمانی دایک لە بەستێنی خوێندنەوە و نووسیندا دەکرێ و جەبەلئاغا لەو پێوەندییەدا زۆر ئەزموون دەگێڕێتەوە. ئەو زستانە ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگەکان لەو بنکەیەدا لە گەڵ زۆر بابەتی سادە و ساکار ئاشنا دەبن و بەشێک خۆیان فێری زمانی دایک کردوە. لە یەکێک لە رۆژەکانی رەشەمەدا کۆبوونەوەیەک لە سەر کەموکوڕی حیزبەکان لە کوردستاندا دەگیرێ، کە بە شێوازی کۆمێدی لە لایەن جەبەلئاغا بەڕێوە دەبرا. ناوبرا بۆ کاریگەربوونی پەیامەکەی هەڵسەنگاندن بۆ زۆر حیزب و سیاسەتەکانی دەکات، کە بە داخەوە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی رێژیمی ئاخوندیدا شکاون. ئەو ئاماژە بە مزگەوتەکان و دینی ئیسلام دەکات، کە بۆ کۆماری ئاخوندی بوو بە مایەی خێر و بۆ حیزب و هێزە کوردییەکان دەردەسەر. لەو کۆبوونەوەدا جەبەلئاغا هاوڕێکانی دڵنیا دەکاتەوە، کە تۆکمە نین و رژیم لەو خاڵە لاوازنەی ئێمە کەڵک وەردەگرێ. ئێمە خەڵکێکی ساویلکەین و بڕوانن، لە گوند و شارەکان چەندە خەڵک بە ئاشکرا و نهێنی لە گەڵ رێژیمن و شەڕی براکانیان دەکەن. رەنگە بەشێک لەوان نەدار و هەژار بن و ژمارەیەک نەزان، بەڵام ئەگەر کورد وریا و خاوەن ناسنامەی خۆی بێت، چۆن دەکرێ لە ژێر ناوی هەژاریی و نەزانیندا دژ بە خاک و گەلەکەی بێ و هاوکاری دوژمن بکات! ئێمە و تەنانەت سەرکردەی حیزبەکان هەرکەسە و بۆ مەرامێک لە رێژیم قاچاخ دەبین، بەڵام زۆربەمان سەرمایەگوزاری لەسەر گیانی شۆڕشگێڕی ناکەین و پاش ماوەیەک لە کوردایەتی و حیزبایەتی وەڕەز دەبین. حزیبەکان بە فۆڕمی عەشیرە و هۆز کار دەکەن و سەرکردەکانیان باوەڕیان بە درووشمەکانی خۆیان نییە. ئێمە بۆ رێژیم و ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری رێژیم لە سەر خاکی کوردان شەڕی ژینگە، خاک و کولتورەکەمان دەکەن. ئەوان لە پێناوی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیەکی جوانکاریکراودا لە کوردستانن و خەڵکی ئێمە لە هەموو قۆناخەکاندا زەرەمەندی یەکەمە. پێشمەرگە و هێزی بەرگری ئێمە و بە تایبەت سەرکردایەتی حیزبەکان لە مەڕ داهاتوو بەرچاوڕوون نین و لە زۆر بواردا بە سەر رووداوەکاندا دەکەون. زۆربەی جحیڵ و گەنجەکانی ئێمە کە بۆ پێشمەرگایەتی دێن، خەونێکی گەورەیان هەیە، بەڵام دوای ماوەیەک ژمارەیەک لەوان دەگەڕێنەوە شار و گوندەکانیان و خەبات و شۆڕش بە رابردوو دەسپێرن. حیزب هەیە، درووشمی عەجایب و غەرایب بۆ ئێمەی کورد دەدات، کە ئەگەر وردی کەیەوە بە رێژەی نیوکیلۆ قەندی میاندواو خێری بۆ خەڵکی چاخۆرەوەی کوردستان نییە!

خاڵە مینە و ئاڵتون کە گەیشتنەوە ماڵ لە ژێر باری خەمی لە دەستدانی کوڕەکەیان ئەژنوویان شکاوە. ئەوان لە لایەن سپای پاسدارانەوە رێگایان پێنەدرا سەرەخۆشیەک بۆ پەرویز دابنێن. خەڵک تاقولۆق دەچوون و سەردانیان دەکرد، بەڵام ئازاری زامی کۆچەکە گەورەیە. زارا و لەیلا زۆربەی رۆژەکان سەردانی b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_piawikurd8.jpgئاڵتونیان دەکرد و پێکەوە چینێک دەگریان و دەڕۆیشتنەوە. مام دەروێش بابی وەستا مستەفا لە گەڵ هاوسەرەکەی چەند جارێک سەردانی خاڵە مینەی کردوە و بۆ پێدانی سوکنایی بە دڵی شکاویان شەوانە لە ماڵەکەیان ماونەوە و بۆ ماڵی خۆشیان داوەتیان کردوون. ئازیز دایکی حوسێن لە سەردان و دیداری ئاڵتون و منداڵەکانی دریغی نەکردوە. خەڵکی دیکەش بە گوێرەی توانا و غیرەت چاویان لە خاڵە مینە و خێزانەکەیەتی و پشتیان گرتوون. خاڵ عەباس و پورە ناز زۆربەی رۆژانی هەینی سەردانی ماڵی خاڵە مینە دەکەن. پورە ناز زۆر جاران خەریکە هەموو چیرۆکەکە بگێڕێتەوە، بەڵام خاڵ عەباس بە نووکی گۆچانەکەی وەبیری دێنێتەوە، کە ئەو باسە سەر دەخوات و پێویستە بۆ هەمیشە بەردێکی لەسەر دانێین.

واحید پاش گەڕانەوە لە کانییەڕەش، چەند جارێک لە گەڵ شۆفیرە دۆستەکەی یەکتریان دیوە، بەڵام بە هەموو مانایەک خۆی لە پرسیاری شۆفیرەکە دزیوەتەوە. شۆفیرەکە هەتا واحید دەبینێ، یەکسەر دەچێتەسەر باسی ئەو ئێوارە و داوای لێدەکات، کە برایانە ئەو نهێنیەی بۆ ئاشکرا بکات. مەلا برایم زۆر رۆژان سەردانی خاڵە مینە دەکات و وەک مرۆڤێکی خاوەن گیانی کوردایەتی رۆڵی باش لە دڵدانەوەی خاڵە مینەوە هاوسەرەکەیدا دەبێنێ. مەلا برایم زۆر لە خالیدی مەولود بەزازی بەداخە و چیرۆکی نامەکەی پەرویز بۆ دایک و باوکی باس دەکات، کە لە دووکان لە گەڵ پاسداڕێک بە زۆر داوایان لێدەکرد، کە بیخوێنێتەوە. ناوبراو ئەو نامە بە شاکارێک پێناسە دەکات و بەو تاریفکردنە دڵی ئاڵتون و مێردەکەی شاد دەکات. ناوبراو، لە کاتی گێڕانەوەی نامەکەدا هەموو جارێک دووپاتی دەکاتەوە، کە بە کوێرایی کوڕی مەولود بەراز و پاسداڕە کورتاندارەکە وشە تیژ و کارامەکانی پەرویزم بە دەنگێکی شێرانە دەخویندەوە. مەولود بەزاز و کوڕەکەی لە گەڵ زۆر چەکداری خاک و گەلفرۆش ئازاری خەڵک دەدەن و تەنگیان بە جیران و ماڵە کوردپەروەرەکان هەڵچنیوە. خاڵە مینە زۆر جاران لە ماڵ و دەرێ باس لەو پەندە دەکات، کە سەگی هار عەمری چل رۆژە. ئەوان و زۆر کەس دیکە بۆ کوژارانی خالید و مەولود و چەکدارەکانی دیکە رۆژژمێری دەکەن.

شارەکان زیاتر لە جاران لە لایەن مۆڵگە و ناوەندە نیزامییەکانی رێژیم کۆنتڕۆڵ کراون. رێژیم و ئاخوندەکان روخسار و نێوەرۆکی خۆیان بە تەواوەتی ئاشکرایە، بۆیە حیزبە چەپ و راستەکان وەک رابردوو پڕوپاگەندە بۆ نیزام و دامەزرێنەرەکەی ناکەن. ئەوانەی، کە لە زۆنی خەبات دژی ئیمپریالیزمدا بەرچاوڕوون نەبوون، لە سەرەتدا کەوتبوونە داوی درووشمی ئاخوندەکان و چاوڕوانی نیزامێکی چەپ سالاریان دەکرد. ژمارەیەک لە ئیسلامییەکان وەک چەپەکان هێشتا تامی نانی b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_sopa1.jpgتەقیەی ئاخوندەکانیان لە قەپانی زمان و زار نەدابو، بۆیە سەرەتا بوونە پاڵپشتی رێژیم و سەرئەنجام لە کۆتایی شانۆیەکەدا کەوتنە بەر عەزابی فێڵبازەکان. ئەوان نە تەنیا لەو رێگایەدا ریشیان دەستنەکەوت، بەڵکو سمێڵی سوور و رەشیان لەسەر دانان. سیاسەتی چاوەڕوانی و خۆخەڵەتاندن بە وتەی جەبەلئاغا وەک ئاور کەوتۆتە نێو پووش و پەڵاشی نیشتمان و بە ئاسانی ناکوژێتەوە. جەبەلئاغا ئەو رۆژانە چەندە بە هاتنی بەهار دڵخۆشە، دوو هێندە بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی رێژیم دڵگیراو و شەکەت. ناوبراو لە کۆنەوە باوەڕی بە وتوێژ نییە و لە هەموو شوێنێک بە بازی و گەمە پێناسەی دەکات. کاتێک لە بنکەی پێشمەرگەکان چاوەڕوانی کۆبوونەوەی نوێنەرانی دێموکڕات و رێژیم یان هەیئەتی نوێنەرایەتی کورد و رێژیم دەکرا، جەبەلئاغا وەک مەلا فەلسەفە، شێخ زەرگەتە، میرزا دەرزیلە و هتد شۆڕشی لەبەرچاوان رەش دەبوو. ئەوساڵ ئاشکراتر لە ساڵان رەخنە دەگرێ و لەوە ناترسێ، کە وەک رابردوو لە ماوەی مانگێکدا دەرپەڕێندرێ یان سوکایەتی پێبکرێ. ناوبراو لە گەڵ حوسێن، مستەفا و کەماڵ و زۆربەی پێشمەرگەکان سازاوە و بە خۆشترین ساڵ لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ناوی دەبات. لە گەڵ گوندنشینەکان ئارامە و بە کەیفی دڵی وەرزێڕ، کرێکار، سەپان و پاڵە قسە دەکات. خەڵکی گوندەکان سادە و ساکارن و مرۆڤی راستگۆیان خۆش دەوێ. ئەوان رێزێکی زۆر لە مامۆستای قوتابخانەکان، مەلاکان و کەسانی خزمەتگوزار دەگرن و بە دڵێکی کراوە و پاک دەمەتەقەیان لە گەڵ دەکەن. خەونی جەبەلئاغا ژیانێکی شاد بۆ ئەو خەڵکە هەژارەیە، کە سفرە ساکارەکانیان بۆ چەکداری چەپ، راست، کوردی کوێستان و گەرمێن، چەکداری فارس و ئازەری، ئیسلام و غەیری ئیسلام راخراوە و نان و خواردنەکانیان لە گەڵ بەش دەکەن.