وشەی جاش و جاشایەتی لە فەرهەنگی کوردی دا چۆن هاتووە. حەمەرەسووڵ کەریمی

لە پەراوێزی کۆنگرەی جاشەکان ، کۆنگرەی ١٢ هەزار کوژراو ، کە لە ژێر ناوی کۆنگرەی (پیشمرگان ولایت) لە ڕۆژی ٠٩ ـ ٠٨ ـ ١٣٩٦ ی هەتاوی لە سابڵاخی بیری کوردایەتی دا بە فیت و بەرنامە و پیلانی سوپای پاسداران بەرێوەچوو.
زیندەوەر بە گشتی زاو و زۆ دەکەن و بەرهەمی زاو و زۆی ئەوان بێچووە ، بێچو بۆ ئاژەڵ ، مەل و خشۆک بەکار دەبردرێ و زۆرجار بۆ هەندێک لە ئاژەڵ و مەل و خشۆکەکانیش نێوی تایبەت بە خۆیان هەیە و یا هەر کامیان ناوێکیان هەیە، زمانی کوردی دەوڵەمەندە و زاراوەی جۆراوجۆری هەن و لەهەر ناوچەیەک بۆ ئەوانەش ناوی تایبەت بە خۆیان هەیە.
لە ناوچەی سەردەشت بە بێچووی هەندێک لە ئاژەڵ و مەل و خشۆکەکان ئاوا دەڵێن:
بۆ نموونە تووتک یا توڵە سەگ
فەرخە بەراز
جاشەکەر
جوانوئەسپ
بێوەڵە ورچ
گوێرەکە بۆ مانگا
بەرخۆلە بۆ مەڕ
کاریلە بۆ بزن
جووچکە مریشک و پەلەوەر
پاڵاخ بێچووە گامێش.
جاش یا جاشکۆلە بە کوردی بە مانای بەچکە کەر دێ، لە راستی دا جاشە کەریش وەک زۆربەی بەچکە و بێچووەکانی ئاژەڵ و مەل و خشۆکەکان بە بچووکی گەلێک جوانە و نەرم و رەندە، لە کۆمەڵگا دا بە هۆی کاری زۆری کە لە کەری دەکێشن، دەبوو کەر وەک نەمادێکی باش سەیری کرابایە، بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمە دا ئەم وشەیە ناوەڕۆکی سووکایەتبارانەی بەخۆوە کرتووە و بە واتای خۆفرۆش و نەتەوەفرۆش و خەیانەتکار بە گەل و نیشتمان و نەتەوە بە کار دێت، هەر بۆیە ئەگەر کەسێک کاری چەوتی کرد و یا لە شتێک حاڵی نەبوو و یا کارێکی بە پێچەوانەی گەلەکەی کرد و بوو بە داردەستی دوژمن پێی دەڵێن جاش و یان کوڕی کەرێ.
لە کوردەواری دا بەو کەسانەی ئازا و دلێر و لە خۆبردوو بوون لە ناوی هەندێک ئاژەڵ کەڵک وەرگیراوە.
شێرە کوڕەکان
هەڵمەتی هەڵۆ ئاسا
تەوارەکانی کوردستان بۆ ژنان
وەک پڵینگی چنگ بەگڕ
شێری مەیدانی نەبەرد
هەڵۆکانی کوردستان و زۆر ڕەستە و ناوی جوانی دیکە.
هەر لە کوردەواری دا بەو کەسانەی ترسنووک و فێڵاوی و دۆڕاو و خەیانەتکارن لە ناوی هەندێک ئاژەڵ کەڵک وەرگیراوە.
بۆ جاسووسی لە ناوی ئاژەڵی سیخوڕ
بۆ فێڵ و تەڵەکە ناوی ڕێوی سفەت
ئەوانەی بیرتەسک و دژی ئازادین پێیان دەگوترێ وەک شەمشەمەکوێرەن
ئەوانەی بەدخوڵق و بەدڕەوشت و یا بە دژی گەل دەخوێنن دەڵێن وەک کوندەپەپوو وان
بۆ ئەوانەی لە بیری دەستوەشاندن دان ورچی بریندار
ئەوانەی لە بنەوە کار بۆ دوژمن دەکەن دەڵێن وەک دووپشک و ماری سڕ وان

ئەوانەی بێ چاو و ڕوون پێیان دەڵێن دەڵێی مراوین تەڕ نابن
کەسانێک کە بەرو پشتیان بۆ کەس نییە پێیان دەڵێن دەڵێ نیسکە

ئەوانەی موزاحیمی خەڵک دەبن پێیان دەڵێن وەک فسۆس و چەقەڵ وان و زۆر وشەی دیکەی کوردەواری هەن کە پڕ بە پێستی جاش و خائینان و جاسوسانن.
ئەوەندە کورتە نووسینە بەسە بۆ ئەوەی باس لە کاری چەوت و ناحەز و بە دوور لە ئەخلاقی نێو کۆمەڵگا و بنەماڵەی هەندێک کەس بکرێ بۆ ئەوەی پێی بگوترێ کەر و یا جاشە کەر.
ئەو کەسانەی بە هەر هۆیەک لە بنەماڵە و گەل و کۆمەڵگای خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەبنە دار دەست و چاو ساخی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان و چەک بۆ رژێمێک هەڵدەگرن کە ڕۆژانە بە هەموو توانایەوە، بنەماڵە و کۆمەڵگا و نەتەوەیەک قەڵاچۆ دەکەن و ئەوانیش دەبنە چاو ساخ و پێشرەوی ئەو دوژمنە، لە کوردەواری دا پێیان دەگوترێ جاش. جاشەکان هەموو کارێکی قورس و ناشیاو بۆ دوژمنەکەی دەکەن، بۆ هەر کارێکی چەوت کە بەرامبەر بە گەلەکەیان دەیکەن لە لایەن دوژمنەکەیەوە بە نێو دەستخۆشانەیەکی بێ نرخی وەک پووڵ و ماشێن و کەلوپەلی جۆراوجۆر وەردەگرن و لە پێناو پووڵ و پارە و زەویدا ، گەل و نیشتمان دەفرۆشن و ئەوەی لە لای ئەو جاشانە گرینگ نییە ئەخلاق و بنەما ئینسانی و کۆمەڵایەتی‌یەکانە کە هەر هەمووی وەپشت گوێی خۆیان دەخەن.
خۆفرۆشان شەو و رۆژ خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری و جاسووسی کردنن بە سەر دراوسێ و کۆڵان و گەڕەک و گوند و شارەوە. ئەوان بۆ خۆش خزمەتی هەموو جۆرە کارێکی ناڕەوا دەکەن، جاشەکان بۆ ئەوەی زیاتر لە لایەن بەرپرسان و کاربەدەستانی میری و ناوەندی‌یەوە وەر بگیرێن ، لە درۆکردن و لە درۆ ساز کردن و ڕاپۆرتدان و خەڵک بەگرتدان و جاسوسی کردن لە سەر کۆمەڵگا خۆیان نابوێرن و هاوکاتیش کەسانی ساویلکە و هەندێک مرۆڤی بێ دەرەتان بەدانی وەعدە و بەڵێنی درۆیین، لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە، بۆ ئەوەی زیاتر سرنجی کاربەدەستانی باڵای حکوومەت بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
جاشەکان بە گشتی پشتیان لە گەل و نیشتمان کردووە و بە ناوی جۆراوجۆر خزمەت بە دوژمنەکەیان دەکەن، بە نیازی چاوترسێن کردن لە خەڵک دەدەن، ئەو کەسانەی خۆشناو و یا کار بۆ نەتەوەکەیان دەکەن، دەخەنە ژێر چاوەدێری و بوختان و درۆ و تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەستن، دزی لە خەڵک و کۆمەڵگا دەکەن، ڕاپۆرت لە بنەماڵەی کەسە شۆڕشگێرەکان دەدەن و لەوانیش گرینگتر بە چەکەوە هەڕەشە لە خەڵک و ژیانی دانیشتووانی گوند و شارەکان دەکەن و لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی وڵات هێرش دەکەنە سەر شاخ و لێرەوار و شوێنی حاوانەوە و حەسانەوەی پێشمەرگەی کوردستان و دژبەرانی حکوومەتی ناوەندی.
پێشمەرگەی موسڵمان ئەو ناوەی کە رژێمی ئێران بۆ چەکدار و جاشەکانی نێوخۆی هەڵبژارد بۆ ئەوەی وشەی جاشیان لەسەر وەلابرن، نزیک بە٤٠ ساڵ دەبێ ئێران هەوڵ دەدا کە وشەی پێشمەرگەی موسڵمان لە نێو کۆمەڵگادا جێکەوتوو بکا، بەڵام بە خۆشییەوە بە هۆی گەشەی فیکری و نەتەوەیی گەلی کورد تاکوو ئێستاش خەڵک ئەو ناوەی سوپای پاسداران بۆ جاشەکانی هەڵبژارد، لە کۆمەڵگادا جێ نەکەوتووە و هەروا خەڵک پێیان دەڵێن جاش و جاشەکەر.
رژێم لە ڕێگای دەست و پەیوەندی‌یەکانی خۆی و بە تایبەت جاش و سیخورەکان ، هەوڵ دەدا کە نەوەی نوێ زیاتر گیرۆدەی جاشایەتی بکا، هەموویان بە یەکەوە هەوڵدەدەن کە هەندێک ئیمتیاز بدەن بە گەنجەکان و یا بە بنەماڵەکانیان و لەو پەیوەندی‌یەدا بە کوردی دەیانکڕن، هەر بۆیە لە کوردەواری خۆمان دا بەوانە دەڵێن جاش و خۆفرۆش. ئەو ناوە ناحەزانە بوونە هۆی ئەوە کە نەوەی ئاگای نوێی گەلەکەمان زیاتر وریا ببنەوە کە نەبنە داردەست و خۆفرۆشی دوژمن و گەلدۆستی و نیشتمانپەروەری بکەنە پیشەی خۆیان و لە نێو کۆمەڵگا دا ببنە خۆشەویستی گەل و نیشتمان.
b_300_220_16777215_00_images_SIASI_jash1.jpegجاشایەتی تەنیا چەک هەڵگرتن نییە، بەداخەوە هەندێک مرۆڤی ترسنۆک کە ناوێرن ڕاستەوخۆ خۆیان نیشان بدەن ، لەو نێوەدا پیشەی جاسووسی و سیخوریان بە سەر خەڵکەوە هەڵبژاردووە و لە ئاکام دا وەک میکرۆبێک کە نابیندرێ نادیارن و ئەوانە زۆر مەترسیدارن . زۆرجار لە دایک و باوکمان بیستوومانە کە پێیان گوتویین ڕۆڵە وریا بن دیوار مشکی هەیە و مشکیش گوێی هەیە. ئەو وریای‌یە بۆ ئەوە بووە کە باسی هەموو شتێک لە لای کەس و یا کەسانێک کە نایان ناسی مەکە و ئاگات لە زار و گوتاری خۆت بێ. ئەو نامرۆڤە نادیار و خۆ بەدەستەوەدەر و خۆفرۆشە، لە گەیاندن و دانی زانیاری لە سەر خەڵک لە هەموو توێژەکان دا بۆ رژێم لە هیچ شتێک دریغی ناکا و بە تایبەت لە هەڵبەستنی درۆ و بوختان و تۆمەت و تەنانەت دوو زمانی کردنیش دا ئەزموونی پەیدا کردووە و وەک کورد دەڵێ بۆتە مڵە و لە ژێرەوە لە ڕەگ و ڕیشەکان دەدا و بنکۆڵی پێی نەتەوەکەی کردۆتە پیشەی ناڕەسەنی خۆی.
جیا لەوانە گرووپێکی دیکە بە ناوی خوازیار و یا بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیان نووسین و گوتاریان بە دژی گەلەکەیان و ڕاستی‌یەکانی کۆمەڵگا کردۆتە پیشەی خۆیان. ئەوان بەم شێوەیە گوتاری ناساز و بە دوور لە راستی بە دژی گەل و نیشتمان لە ڕۆژنامە و گۆڤار و تەنانەت تی‌ڤی‌یەکانیش دا بڵاو دەکەنەوە و بەم شێوەیە تۆوی دووبەرەکی و دوڕدوونگی لە کۆمەڵگا دا دەچێنن و لەو ڕێگایەوە دوژمنایەتی گەلەکەیان دەکەن و خزمەت بە نەیار و دوژمنان دەکەن . ئەوانە لە سەردەمی ئێستادا پێیان دەگوترێ جاش قەڵەم، ئەوانە هەوڵ دەدەن چەواشەکاری بکەن و بە نووسین و گوتارەکانیان خەڵک و کۆمەڵگا بە لاڕێدا بەرن و هەوڵ دەدەن مێژووی گەلەکەیان بە کەمرەنگی نیشان بدەن و یا بە پێچەوانە باس لە گەورەپیاوان و مێژووی نەتەوەکەیان بکەن.
ئەوان هەوڵ دەدەن کە ڕاستی‌یەکان لە خەڵک بشارنەوە و بە دڵی دوژمن قسە بکەن و بەم کارەیان دەبنە هاوکاری جاشە چەکدار و سیخورەکان و لە سەریەک ئەوانیش بەم شێوەیە ئاو لە ئاشی دوژمن دەکەن و لە بەرامبەر گەلەکەیان دا ڕادەوستن و بە تەواوی وەک دەڵێن: لە جیاتی ڕووناکی بە گەل ببەخشن، وەک شەمشەمە کوێرە لە تاریکی دا دەژین.
گەل و مێژوو لە خۆفرۆشان و جاشەکان نابورێ و ئەوانەی ڕۆژی ٠٩ ـ ٠٨ ـ ١٣٩٦ ی هەتاوی لە سابڵاخی بیری کوردایەتی بە پیلانی سوپای پاسداران نەخشە ڕێگای چەوتیان بۆ گەلەکەیان داڕشت و بانگەشە بۆ جاشایەتی و بۆ خۆفرۆشی دەکەن ، بە دڵنیایەوە دەکەونە بەر ڕق و تۆڵەی نەوەی نوێی گەلەکەمان و ناهێڵن هەر ئاوا بە ئاسوودەیی لە شاری پێشەوا و لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاو بۆ بەجاش کردن و خۆفرۆشی هەڵبێننەوە.
ئەو جاشانەی لە زەلکاوی خەیانەتی گەورە نەکەوتوون و تەنیا فریوی هەندێک وەعدە و بەڵێنیان خواردوە باشتر وایە بیر لەوە بکەنەوە کە بەرەی گەل و نیشتمان هەڵبژێرن و چیدی نانی سەرشۆڕی نەخۆن و نەهێڵن کە منداڵەکانیان لە دەرەوە لە گەڕەک و کۆڵان دا لە بەر منداڵانی هاوتەمەنی خۆیان سەر دابخەن و بیر لە مندالەکانیان و لە ژیانی سەربەرزانە بکەنەوە. گەل و نەتەوە با گەورەترین قوتابخانە بێ بۆ ژیانی ئاسوودەیی و ژیانی سەربەرزانە.
لە کۆتایی دا هیوادارم کە گەلی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ، ئاراستەی خەباتی خۆی وەک پیشەی خەبات بە دژی داگیرکەران تا سەرکەوتنی یەکجارەکی تووندوتۆڵتر بکاتەوە و حیزبەکان بە گشتی ، یەکریزی و یەکگرتوویی و هاوپەیمانی لەگەڵ یەکتر بکەنە هەوێنی خەباتی نوێی خۆیان و بە گیانی یەکتر قەبووڵ کردن و لێ‌بوردوویی ریزی شۆڕش و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان گەورەتر و بەرینتر و گەشاوەتر بکەنەوە.