ڕاگەیەندراو کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین ئەحمەد ئاغای خاڵتاوێ

شەوی ٧ی سەرماوەز(٢٨ی نوڤەمبری ٢٠١٧)، کاک ئەحمەد ڕەسووڵی ناسراو بە ئەحمەد ئاغای خاڵتاوێ، لە تەمەنی٧٧ ساڵی‌دا لە یەکێک لە نەخۆشخانەی شاری هەولێر، کۆچی دوایی کرد.

ئەحمەد ئاغا خەڵکی گوندی خاڵتاوێی ناوچەی شنۆ بوو. تێکەڵاویی ئەحمەد ئاغا لە گەڵ بزووتنەوەی کوردایەتی لە هەر دوو دیوی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی چلی هەتاوی بە تایبەتی دوا هەڵگیرسانی بزووتنەوەی چەکدارانەی ٤٦-٤٧ی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان. ئەحمەد ئاغا شانبەشانی ئەندامانی دیکەی حیزب لەو ناوچەیە قۆڵی لە بڵاوکردنەوەی بیری کوردایەتی و ئازادیخوازی و لەقاودانی ستەم و زۆرداریی ڕێژیمی شایەتی دژی نەتەوەکەی و پشتیوانی و هاوکاریی بزووتنەوەی ٤٦- ٤٧ هەڵماڵی. کاتێکیش ئەم بزووتنەوەیە کۆتایی پێ هات، ئەحمەد ئاغا ئەوەندەی دەگونجا پێوەندی و هاوکاریی خۆی لە گەڵ سیما دیارەکانی حیزبی دیموکرات لە نێوخۆ و باشووری کوردستان درێژە پێ دا. بە هەوڵی ئەحمەدئاغا و ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکرات لە ناوچەی شنۆ هەر لەو ساڵانە دا ناوچەی شنۆ بوو بە بنکەی پشتیوانیی شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان.
دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکرات لە زستانی١٣٥٧، ئەحمەدئاغا پێوەندیی خۆی لە گەڵ حیزبەکەی نوێ کردەوە و وەک پێشمەرگە، وەک هێزی بەرگری و وەک ئەندامێکی چالاک لە ڕێزەکانی حیزب دا، دەستی کردەوە بە تێکۆشان. بەو هۆیەوە کە کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و خۆشەویست بوو، ئەحمەد ئاغا هاندەر بوو بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە عەشیرەت و خزمان و ناسیاوانی لە دەوری حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆ ببنەوە. ئەحمەد ئاغا، کە دواتر لە بەر بارودۆخی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی، ناچار بوو تێکۆشانی خۆی لە ڕێزە ئاشکراکانی حیزب بگوازێتەوە بۆ نێو تەشکیلاتی نهێنیی، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە هاوکاریی کادرە تەشکیلاتییەکان و بەڕێوەچوونی ئەرک و کاروباری حیزبی لەم ناوچەیە. ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی، ئەحمەد ئاغا کە لە بە بۆنەی تێکۆشانی نەترسانە و هەڵوێستە ڕاشکاوەکانی لەمێژ ساڵ بوو کەوتبووە بەر ڕقی ئیتلاعات و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، گیرا و بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا. ئەگەر چی ئەحمەدئاغا کەمتر لە ٤ ساڵ لەو ١٠ ساڵەی لە بەندیخانە دا مایەوە، بەڵام لە بەندیخانەدا، نموونەی خۆڕاگری و سەردانەنواندن و پێداگری لە سەر بیروباوەڕی نەتەوەیی و ئازادیخوازی بوو. بەندییە سیاسییە کوردەکانی بەندیخانەی ورمێ کە دەیاندیت ئەحمەد ئاغا سەرەڕای لە سەرێ بوونی تەمەن و پێگە کۆمەڵایەتییەکی ، شانازی بە بەندکران و ئەشکەنجە و ئازار دیتن لە سەر داوای مافەکانی نەتەوەکەی دەکا، ئەو پەڕی ڕێزیان لێ دەگرت و بە کردەوە کردبوویانە مەرجەعی خۆیان. ئەحمەدئاغای خاڵتاوێ دوای ڕزگار بوون لە بەندیخانە، لە سەر تێکۆشانی حیزبی و بەرگری لە نەتەوەکەی، بەردەوام مایەوە. ساڵی ١٣٧٨ چی دیکەی نەیتوانی ئازار و ئەزیەتی کاربەدەستانی ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران تەحەممول بکا. هەر بۆیە ڕووی کردە هەرێمی کوردستان و لە شاری هەولێر گیرسایەوە. لەو کاتەوە تا کاتێک مردن لە حیزبی دیموکرات و تێکۆشەرانی ئەستاند، ئەحمەد ئاغا لە هەموو بۆنە خۆش و ناخۆشەکان دا، پشتیوان و یاری بە وەفا و دڵسۆزی حیزبەکەی و تێکۆشەرانی بوو. ئەو، لە نێو ڕێبەران و تێکۆشەران و سەرجەم ئەندامی حیزبی دیموکرات دا، ڕێز و خۆشەویستییەکی تایبەتی هەبوو.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەحمەد ئاغای خاڵتاوێ، سەرەخۆشیی گەرمی خۆی پێشکەشی بنەماڵە بەرێزەکەی و خەڵکی ناوچەی شنۆ و سەرجەم ئەندامان ودلسۆزانی حیزبی دیموکرات بە تایبەتی لە ناوچەکانی شنۆ و پیرانشار دەکا. ئێمە بە ڕێزەوە یادی ڕابردووی خاوێن و دوورو درێژ و، وەفا و بڕوای کەم وێنەی ئەم مرۆڤە تێکۆشەرە و هەوڵ و دڵسۆزییەکانی ئەم ئەندامە نموونەیەی حیزبی دیموکرات دەکەینەوە و یادی بۆ هەمیشە بەرز رادەگرین.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٧ی سەرماوەزی ١٣٩٦
٢٨/١١/٢٠١٧