باز و کەو . دیوانی کاروان خەیاڵ . شێعری مامۆستا هێدی

لە مەڵبەندێکی خۆشی کوردەواری
سەرەو ژوور بوونەوە خێڵ بۆ هەواری
لە داخی بەفر و زستان و کڕێوە
چیای ڕازاند بۆوە خاکەلێوە

لەبەر دەشتا کراسی مەخمەری شین
لە ئامێزی هەڵاڵە و یاس و نەسرین
تەماشای چت دەکرد خوارو سەرو ژوور
سەری لێک دابوو شلێر و گوڵی سوور
وڵات خەمڵی بوو بەو چەشنە سەراسەر
بە خاشخاش و گوڵی بەیبوون و شەستپەڕ
لەناو ئەو دیمەنە سەوز و جوانە
کە جێی درکاندنی هەستی دڵانە
لە زەردێکا کەوێکی قۆز و نەخشین
سکاڵای بوو لەگەڵ بازێکی تێ‌بین
سەرەڕای ئەو سرووشتە دڵڕفێنە
وەکوو زامدارێ “کەو” دەیکرد وڕێنە:
دەغیلت بم مەلی پسپۆڕ و چازان
مەلی تەڕدەست و وریا و ژیر و تەڕلان
دەژین دا بۆچی وا چارە ڕەشم من؟
لە خۆشی و کامەرانی بێ‌بەشم من؟
ئەمن ڕووح دادەنێم بۆ خاوەنی خۆم
لەبەرچی ئەو وەفایێکی نیە بۆم؟
وەرە تۆخوا سەیرکە خاڵ و میلم
لەسەر ئەو دیمەنەش ڕا وا زەلیلم
هەموو ڕۆژێ دەگەڵ کازیوە ئەنگوت
دەچم بۆ راوی “مێ‌ڕۆژ”١ و سیاسوت ٢
لە قاسپەی من هەزار باڕو کەوی پیر
لە داوی خاوەنم دا بوونە نێچیر
سەعاتێک ناسرەوم بێ خواردن و خەو
کە ئەو تێر بێ لە گۆشتی ناسکی کەو
نەبوو جارێک لە سیپەی دا بخوێنم
لە گرمەی تاپڕی دەنگ دانوێنم
لە ماڵێ سازو سەنتورە غوڕەی من
نشەی راوچی دەبزوێنێ گوڕەی من
لەسەر ئەو حاڵەڕا بێ قەدر و حورمەت
قەفەز جێگای منە بێ‌دان و خزمەت
ئەگەر رۆژێکی کەو نەکرێن قەڵاچۆ
ئەبێ لێی داڕنن باڵ و پەڕو پۆ
* * * *
وەڵامی داوە “بازی” کۆنە ڕاوکەر
کە تاوان هەر لە تۆڕایە سەرانسەر
ئەتۆ خۆت بویە گورگی مێگەلی خۆت
ئیتر کێ بێت و دڵسۆزی بکا بۆت
دەخوێن دا سوور بووە دندوکی ئاڵت
ئەبێ بیگریە ئەستۆی خۆت وەباڵت
براکەت بانگ ئەکەی بی‌خەیتە نێوداو
بەڵام دوا ڕۆژی خۆت ناخەینە بەرچاو
دەڕێژی خوێنی خزمی خۆت و بۆخۆت
دەدەی دەستی پەشیمانی لە ئەژنۆت
کە بۆ فەوتانی هۆزت تێدەکۆشی
دەژین دا چۆن ئەبینی خێر و خۆشی
کەسێک بۆ خۆی ئەوە شەرت و بەقای بێ
ئەبێ چۆن دوژمنی بۆ ئەو وەفای بێ
دڵت ناسوتێ بۆ جوچکی برای خۆت
ئەتۆش پێویستە بی‌بینی سەزای خۆت
لەبەر ئەو ڕاوە دەگرێ حورمەتی تۆ
دەنا ئەو نایەوێ خاڵ و خەتی تۆ
هەموو دەشت و چیا پاوانی تۆیە
ئەگەر تێیدا نەژی تاوانی تۆیە
بەسەربەرزی لەناو هێلانە مردن
نەوەک تۆ خزمەتی بێگانە کردن
١٠ ـ ١٢ ـ ١٩٦٥
…………………………………….
(١) و (٢): ڕاوی کەو لەوەختی جۆزەردان “مێ‌ڕۆژ” و لە هەوەڵی بەهاردا سیاسوتی پێ‌ئەڵێن. لە ڕاوی مێرۆژدا “ماکەو” دا ئەنێن ئەخوێنێ و “نێرەکەو” دێتە سەری کە ئەو کاتە ماکەوی‌تر کورکە و لە سەر هێلکەیە. ڕاوی سیاسوت لە هەوەڵی بەهاردا نێرەکەو دەخوێنێ و نێرەکەو دێتە سەری کە لەگەڵی بەشەر بێ و ماکەوێ لێ بستێنێ.