تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی. فڕین بەسەر پێدەشتەکانی تەڕاویلکەدا و گەڕان بە دوای ناسنامەی شێوێندراودا . بەشی دەیەم: عەزیز شێخانی

مرۆڤەکان لە خاکی خۆیاندا ئارام ناگرن و بەدوای ژیانێکی باشتر و ئارامتردا وشکانی و ئاوەکان دەبڕن. بەشێکی زۆر لە خۆشییەکان لە دوورەوە بە تام و چێژن و کاتێک مرۆڤدەستی لە خەونەکانی گیردەبێ، تام و چێژیان نامێنێ. مرۆڤ لە خەونەکانیدا گەشەدەکات و لە ماناکانی ژیان دەگات، بەڵام کوێستان و بیابانی خەونەکان هەوارز و هەڵدێری و هەروەها پێدەشتی ترسناکی هەن. بەشێک لە مرۆڤەکان بە دوای ئازادیدا دەگەڕێن و خەون بە سەربەستیی و ژیانێکی ئازادەوە دەبینن، بەڵام لە کردەوەدا بەندوداوی دیکتاتۆریی و هەروەها ناعەداڵەتییەکانی ژیان لە هەناسەیان دەخات و داماو و شکاو لە دۆڵی پاڕانەوەی ژیاندا کڕنۆش بۆ ترپەی دڵ دەبەن. مرۆڤ بە کۆچەری لە دایک دەبێت، بۆیە بەشێک لە مرۆڤەکان ئۆگر و عەوداڵی گەڕانن و لە ژێر ئاسمانی شینی وڵاتەکەیاندا ئارام ناگرن و بەرەو نیشتمانی خەونەکانیان دەڕۆن. بەشێک لە مرۆڤەکان لە گوندەکانیان ناچنەدەر و لە گەڵ مانگ، ئەستێرە، خۆر و خاکی گوندەکەیان ژیان دەبەنەسەر و دوای مردن تێکەڵ بەو خاکە دەبنەوە. ئەوان دەبنە وزەی گوند و شارەکانیان و لە ئامێزی خاکەکەیاندا دەسرەون، بەڵام بەشێکی دیکە لە مرۆڤەکان تێکەڵ بە وەزی بەرفراوانتر دەبن و لە پێناوی خاکەکەیاندا بەرەو نیشتمانێکی دیکە سەفەر و کۆچ دەکەن. کوردەکان لە کۆچکردن ماندوو نابن و لە شکان و کەوتنەکان وانەی گەڕان و نەسرەوتن فێردەبن. لە ژێر دەواری ئەو بارودۆخە و لە ئاکامی ئۆگری مرۆڤ بۆ نان، ئازادیی و گەڕانە، کە ژمارەیەک لە کوردەکان بەشاخ دەکەون و دواتر پاشەکشە دەکەن و لە وڵاتێکی دیکەدا یەکدەگرنەوە. کەماڵ سەردەشتی، زوراری مەهابادی، خەلیل بۆکانی، مستەفا پیرانشاری، سەعدی سنەیی، مەعسوم ورمێی، رەحیم نەغەدەیی، خلە رەبەتی، جەمال بانەیی، برایم سەقزی، ئەمیر کرماشانی و هتد پاش تێپەڕکردنی ساڵانێکی زۆر لە نێو ریزی هێزە سیاسییەکاندا ئەمڕۆ چاوەڕوانی درێژەدان بە گەڕانن و بەنیازن بۆ تێگەیشتن لە هەناوی ئازادیی و دێموکڕاسی و تامی خەیاڵی تەڕاویلکەکان بەرەو جیهانی یەکەم و پێشکەوتوو سەفەربکەن. ئاوارەیی رێگای گەیشتن بە بەهەشتی خەونەکانە و مرۆڤی ئەو سەردەمە بە ناخی ئاوارەبوندا بەرەو دورگەی بەختەوەری سەفەر دەکات. لە هەموو پارچەکانی کوردستان، مرۆڤەکان بۆ قوتاربوون لە سێبەری ئەهریمەن و دەرچوون لە بەندیخانەی دەسەڵاتە دزەکان لە جوڵەدان. ئەوان بە گوێرەی دەرفەت و لە رێگای جیاواز سەرەتا بەسەر سنوورە دەستکردەکاندا تيدەپەڕن و دواتر لە رێگای قاچاخ یان یوئێن بەرەو دورگەکانی تەراویلکەی ژیان، ئازادیی و نان سەفەردەکەن. جیهان تەنیا لە رووداوە تراژیدییەکاندا کوردەکانی لەبیرە. هێشتا گەلانی جیهان و دەوڵەتەکان وێڕای رێکخراوە جیهانییەکان بە تەواوەتی لە کڕۆکی پرسی کورد نەگەیشتوون. کوردەکان لە بەر پەرتەوازەبوون و خۆ لە یەکترجیاکردنەوە وزە و تەوژمی کۆنکرێتیان بۆ کردنەوەی دەرگا جیهانییەکان نییە. ئەوان خاوەنی قەوارە و ساختارێکی ناوچەیین و بە سیاسەتی بنەماڵە و تاکە کەسێکەوە بارگاوی کراون، بۆیە لە ناوچەی تێکۆشانیان لە گەڵ بەربەست و دەنگی نا رووبەڕوو دەبن. ئەوانەی سەفەری دووردەکەن و لە خاکی خۆیان بۆ ماوەیەکی کاتی جیادەبنەوە لە هەموو روانینەکانیاندا روخسارێکی نیشتمان دەبینن. مرۆڤە چاوکراوە و کۆنە تێکۆشەرەکان و هەروەها نیشتمان ویستەکان بە ئاسانی بەسەر رێچکە مێژووییەکادا تێپەڕنابن و لە هەموو قۆناخێکدا لە سەر خۆیان و ئەوانی دیکە، نیشتمان و وڵاتانی دیکە هەڵوێستە دەکەن. پرسیارە گەورەکان لە رۆژئاواش مرۆڤی کورد تەنیا ناهێڵن و لە سەر رووبار، تەنیشت دەریاکان، دارستان و شەقامەکان خۆیان تازەدەکەنەوە. ئەوانەی بە رێگای تورکییەدا بەرەو رۆژئاوا سەفەر دەکەن و لە گەڕەک و کۆڵانەکانی باکوری کوردستان و هەروەها ناوچەی تورکەکان ماونەوە بە چاو، لۆژیک و دڵ تێدەگەن، کە کوردەکان لە چەوسانەوەدا لە ریزی پێشەوەی گەلە ژێردەستەکاندان. دەوڵەتەکان لە کوردستاندا سەرمایەگوزاری لە سەر ئابوری و پیشەسازی ناکەن و دەرفەت بە مرۆڤی کورد نادەن، کە وەک هاوڵاتیانی دیکە لە پێناوی سازکردنی دواڕۆژێکی باشتردا تێبکۆشێ. دەوڵەتە سەردەستەکان لە رێگای چەک و هێزە چەکدار و هەروەها سیخوڕەکانیان پرسی کورد و کوردستان تاوتوێ دەکەن و دەنگە ئازا و جەستە فیداکاران لە بەندیخانەدا سزادەدەن. کوردەکان نەتەوەیەکی هەژارن و ژێر چەپۆکی و نەبوونی ئیرادەی پێشڕەوانی کۆمەڵگە، ئەوانی لە مەیدانی زماندا لە یەکتر دابڕیوە. ئەوان لەو گۆڕپانەشدا سنووری زارەوەکەیان نەبڕیوە و خاوەنی زمانێکی ستاندارد بۆ خویندن و نووسین نین. بە وتەی کەماڵ، خوا لە بنەڕەتەوە کوردی بۆ شانۆی نەبڕاوە خوڵقاندوە. کەماڵ و کوردە پەڕیوەکانی رۆژهەڵات و باشوور لە باکوری کوردستان و ناوچەکانی دیکە دەبینن، کە کوردەکان بەکارهێنانی زمانی دایکیان لێقەدەغەکراوە. کوردایەتی هاوارێکی پەنگخواردووی قوڕگی گەلێکی ژێردەستە، کە چیرۆکی زام و خەمە گەورەکان بە گوێی ویژداندا دەچرپێندرێ.

کەماڵ، زورار و خەلیل قبوڵی سوئێد و دانمارکیان بۆ گەڕاوەتەوە. ئەوان چاوەڕوانی رۆیشتن دەکەن، بەڵام هەموو بڕیار و خەبەرەکان لە هەناوی بوکی چاوەڕوانیدا گوڵ دەکەن. کەماڵی مام کەریم، تەلەفوون بۆ ماڵی یەکێک لە خزمەکانیان دەکات و داوا دەکات، کە باب و دایکی ئێوارە بانگ کەن و بە تەلەفوون قسەیان لە گەڵ دەکات. ئێوارە کەماڵ هەواڵی قبوڵی سوئێدیان دەداتێ و ئەحواڵپرسی یەکتر دەکەن. کەماڵ داوا لە باوکی دەکات، کە هێڵی تەلەفوون وەرگرن و با راستەخۆ لە گەڵ یەکتر پێوەندی بگرن. مام کەریم، باسی مام خدری باوکی مستەفای دەکات، کە ماوەیەک پێشتر سەردانی کردوون و دوو شەوان میوانیان بوە. مام کەریم و پورە زارا ماوەیەکی زۆر لە گەڵ کەماڵ قسە دەکەن و رادەگەیەنن، کە بۆ ماڵئاوایی سەفەری تورکییەیان بۆ ناکرێ. کەماڵ دڵخۆشی دایک و بابی دەداتەوە و دەڵێت، خوا گەورەیە و لە داهاتوودا بە ئاسانی ئەو سەفەرانە هەڵدەسووڕێن. زورار و خەلیل وەک کەماڵ تەنیا ماڵەوەیان ئاگادار دەکەنەوە و قەناعەت بە بارودۆخەکەی خۆیان دەکەن. وەستا مستەفا لەو ماوەیەدا گەڕاوەتەوە و لە گەڵ کچێکی خزمیان یەکتریان دیتوە و کاروباری مارەبڕین و وەرگێڕانی بۆ زمانی ئینگلیسی تەواوکردوە و بۆ باڵوێزخانەی سوئێدی بردوە. وەستا مستەفا لە گەڵ دەزگیرانەکەی و هەروەها دوو خزمی دیکە دەچنە قەیسەری و چەند شەوێک میوانی کەماڵ دەبن. کچە ناوی هومایە و جیاوازی تەمەنی لە گەڵ وەستا مستەفادا زۆرە. زورار لە هوما دەپرسێ، کە ئایا کچی سابڵاخییەکان مێردی بە ئێمەمانان دەکەن یان نا؟ هوما لە وەڵمادا دەڵێ، هیوادارە هەموو لایەک ژیانێکی شاد پێکەوە بنێن و بێگومان ئەگەر ناسیاویی و خزمایەتی هەبێ، کچی سابڵاخی پەیدا دەبن. ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر قسمەت و نسیب و مرۆڤ نازانێ، کە سەرئەنجام لە گەڵ چ کەسیک ژیانی هاوبەش سازدەکات. زورار بۆ سازکردنی پێکەنین چیرۆکی خەلیل دەگێڕێتەوە، کە بە سەرشکانی خۆیی و دەستشکانی من کۆتایی هات. وەستا مستەفا لە گەڵ کەماڵ بیرەورەی زۆریان هەیە و رۆژانە لە بازاڕ و قاوەخانەکانی شاردا دەگەڕێن و یادی رۆژانی کۆن دەکەنەوە. ئەوان شادن، کە لە سوئێد دەگەنەوە یەکتر و داهاتووییان لەو وڵاتەیە. وەستا مستەفا پارەیەک بۆ کەماڵ، زورار و خەلیل دادەنێ و ماڵئاواییان لێدەکات. هوما و خزمەکانی بەرەو ئێران و کوردستان دەگەڕێنەوە. هوما سەرێکی پورە زارا و مام کەریم دەدات و لەیلا و شیرین دەبینێت و داوایان لێدەکات، کە کەسیکی باش بۆ کەماڵ دەستنیشان بکەن.

خەلیل لەو رۆژانەدا باشتر لە رابردوو بە سەر خۆیدا زاڵە و عەشقی باساک لە کزی داوە. ئەوان بە تەلەفون قسەدەکەن و خەلیل ئاگاداری کردۆتەوە، کە قبوڵی وڵاتی هەیە و رەنگە لە ماوەی چەند مانگی دیکەدا لەو شارە بڕوات. باساک ئەو ماوەیە زیاتر لە خەلیل عەوداڵە و بۆ ژوان و دیدار لە رابردوو هەڵسووڕترە. کەماڵ و خەلیل رێنوینی خەلیل دەکەن، کە پێوەندییەکە نەپسێنێ، بەڵام هەتا دەگونجێ خۆی لە دیدار و ژوان بپارێزێ. خەلیل ئاگادار دەکرێتەوە، کە بۆ رۆیشتن خۆی ئامادە بکات و سێ رۆژی دیکە بەرەو ئانکار دەڕوات و ماڵئاوایی لە قەیسەری دەکات. ئەو بڕە پارەیەک بە کەماڵ قەرزدارە و بڕیارە کە گەیشتە دانمارک ئەو پارەیە رەوانە بکاتەوە. سێ رۆژەکانی خەلیل خۆناگرن و شەو و ڕۆژ بە پەلە تێدەپەڕن. ناوبراو لە ریگای تەلەفوون باساک ئاگادار دەکاتەوە. باساک لە ترسی ماڵ و هەروەها چاوی خزمان ناتوانێ لە گەڵ خەلیل یەکتر ببینن، بەڵام بڕیار دەدەن لە بازاڕی شار یەکتر ببینن. خەلیل رۆژی دواتر لە بەیانیەوە لە بازاڕ دەگەڕێ و ئەو رۆژە تەنیا زوراری ئاگادار کردۆتەوە، کە رەنگە لە گەڵ یار یەکتر ببینن. باسک بە بیانووی کڕینی پێداویستی خۆی دەچێتەبازاڕ و لە بازاڕدا خەلیل دەبینێ. ئەوان ناتوانن وەک رابردوو لە گەڵ یەکتر بدوێن و بە چەند وردە قسەیەک قەناعەت دەکەن. خەلیل و باساک سواری باس دەبن و بەرەو فڕۆکەخانە دەڕۆن و لە رێگادا دەردی دڵ لە گەڵ یەکتر دەکەن. ئەوان لە فرۆکەخانە دادەبەزن و بە باسێکی دیکە بەرەو شار دەگەڕێنەوە. خەلیل ئادرەسی مزگەوتێکی نیزیک مزڵەکەی دەداتێ و داوای لێدەکات، ئەگەر دەگونجێ سبەینێ بە تەکسیەک سەردانی بکات. بۆ ئەو دیدارە کاتژمێر ١٠ی بەیانی دیاری دەکەن، بەڵام باساک راشکاوانە رادەگەینێ، کە ئەو دیدارە سەرناگرێ و ئەمە دیداری کۆتاییە. باساک بۆ بیرەوەری دیارییەکی تایبەتی بۆ خەلیل کڕیوە، بەڵام خەلیل هیچ دیاریەکی بۆ باساک نەکڕیوە و بەڵێن دەدات، کە شەو یان سبەی پێش رۆیشتن ئەگەر بە تاکسیش هاتبێ ئەو دیارییە دێنێ. ئەوان لە یەکتر جیادەبنەوە و خەلیل داوا لە زورار دەکات، کە بڕە پارەیەکی بە قەرز بداتێ و دیارییەک بۆ باساک دەکڕی. زورار پارەکەی دەداتێ و ئاگاداری دەکاتەوە، کە ئەمڕۆ و سبەینێی ماوە و هەڵەی گەورە نەکات. خەلیل دەگڕێتەوە شار و لە دوکانی زێڕینگەرێک زنجیرێکی زێڕ دەکرێت و دەیپێچێتەوە. ناوبراو سواری ئەسپی هەوەس دەبێت و راستەوخۆ بەرەو ماڵی باساک دەڕوات و بە خۆی دەڵێت، مرۆڤ ناکرێ هێندە لەو ژیانە بپاڕێتەوە. ناوبراو دەگاتە دەوروبەری ماڵی باساک و چاوەڕوانی هاتنەدەری باساک دەکات. ئەو دەچێتە بازاڕ و تەلەفوون دەکات و بە باساک دەڵێت، کە لە بەر دەرگا چاوەڕوان بێت و دیارییەکەی کڕیوە. خەلیل غیرەت وەبەرخۆی دەنێت و لە خەیاڵی خۆیدا باساک لە بەر دەرگا دەبینێ و دوا ماڵئاوایی لێدەکات. باساک لە نێوان دوو بەرداشدا گیری کردوە و نازانێ چۆن لە گەڵ ماڵ و خەلیل هەڵسوکەوت بکات. ئەو دەزانێ، کە ئەم چیرۆکە کۆتایی دێت، بۆیە دەچێتە بەر دەرگا و بە بیانووی جۆراوجۆر چاوەڕوانی خەلیل دەکات. خەلیل لە سەری کۆڵان دەردەکەوێ و دەرفەتەکە بە گونجاو دەزانێ و دەچێتە بەردەرگا و دیارییەکە دەداتە باساک، بەڵام لەو کاتەدا بابی باساک لە سەر کۆڵانەکە دەردەکەوێ. خەلیل سەری لێدەشێوێ و یەکسەر دەچێتە حەوشەی ماڵی باساک و لە پشت دەرگا خۆی حەشار دەدات. بابی باساک کە دەگەڕێتەوە ماڵ، شەکەت و ماندووییە و یەکسەر دەچێتەژوور و ئاوڕ لە دەرگاکە ناداتەوە. خەلیل لەو دەرفەتە سوود وەردەگرێ و ماچێک لە کۆڵمەی سوورهەڵگەڕاوی باساک دەستێنێ و بە راکردن کۆڵانەکە جێديڵێ. باساک هەتا کۆتایی کۆڵانەکە چاو لە خەلیل دەکات و لە شوێنی خۆی رادەوەستێ. ئەو توانای هەنگاوهەڵگرتن بەرەو دەر و ژووری نییە و ماوەیەک لە پەنجەرەی ماڵ و دیواری جیرانەکەیان دەڕوانێ. دایکی باساک چەند رۆژێکە سەرنجی کچەکەی دەدات و هەست دەکات، کە نیگەرانیەکی هەیە، بەڵام لەو پێوەندییەدا هیچ پرسیارێکی لێناکات. باساک دیارییەکەی خەلیلی بەدەستەوەیە و چەند جارێک چاو لە دەوروبەر دەکات و بە هێواشی دەچێتە ژوور و دیاریەکە لە سندووقی تایبەتدا هەڵدەگرێ. خەلیل لە ترسی گرتن و سازبوونی کێشە بە تەکسیەک دەچێتەوە ماڵ و بە پەشۆکاوی وەژووردەکەوێ. کەماڵ و زورار کە روخساری خەلیل بە پەشۆکاوی دەبینن و دەپرسن، ناکا لە دواڕۆژدا ئاڵۆزی تازەت نابنەوە. خەلیل بە بێدەنگی لە ژوورەکە دادەنیشێ و کەلوپەلەکانی کۆدەکاتەوە. ئەو بەیانی زوو لە شار دەردەکەوێ و ئێوارە تیکێتی سەفەر بۆ ئانکارا دەکرێ و تەلەفوونێک بۆ باساک دەکات. باساک لە بەر دایک و باوکی زۆر قسە ناکات و خەلیل بەناوی دۆستە کچەکەی بانگ دەکات، بۆ ئەوەی بە گومان نەبن. باساک دڵنیای دەکاتەوە، کە هەموو شتەکان باشن و هێشتا دیاریەکەی هەڵنەپچڕیوە. خەلیل دوا ئێوارە لە شەقامەکانی شار دەگەڕێ و وێنە کۆنەکان لە بەرچاوی تێدەپەڕن. خەلیل دەگەڕێتەوە مزڵەکەیان و لە گەڵ زورار و کەماڵ خواردنی ئێوارە دەخۆن. مستەفا زریان سەردانیان دەکات و هیوای سەرکەوتن بۆ خەلیل دەردەبڕن. کۆنە پێشمەرگەکان پاش ساڵانێکی زۆر لە رانیە و قەیسەری لە یەکتر جیادەبنەوە و ماڵئاوایی لە یەکتر دەکەن. بەیانی زورار و کەماڵ هەتا گەراج لە گەڵ خەلیل دەچن و بە سڵامەتی رەوانەی ئانکارای دەکەن. خەلیل چەند رۆژێک لە هوتێلێکی ئانکار دەمێنێتەوە و لە گەڵ چەند پەنابەری دیکە بە فڕۆکە دەگوازرێنەوە بۆ دانمارک و لە شاری کۆپنهاگن نیشتەجێ دەبێ. ئەو لە ماوەیەکی کەمدا قەرزەکانی بۆ کەماڵ و زورار رەوانە دەکاتەوە و نامەیەکی دوور و درێژیان بە فاکس بۆ رەوانەدەکات. خەلیل وەک زۆربەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کە دەگەنە رۆژئاوا یادی یاران و دۆستان دەکەن. ئەوان عادەتیان بە ژیانی تەنیایی نەگرتوە و لە ماڵی گەورەدا پەروەردەبوون و بەردەوام لە گەڵ مرۆڤی دیکە ژیاون.

کەماڵ و زورار لە چاوەڕوانیدان و خۆزگە بە خەلیل دەخوازن، کە ئەوانیش سەریان دەشکا و بە ئاسانی لە تورکییە ئۆغریان دەکرد. سەرئەنجام لە مانگی یەکەمی پاییزدا ناوی ئەوانیش بۆ سەفەر دەردەچێ. ئەوان بەشێک لە کەلوپەلەکانیان دەدەنە کوردە تازە هاتوەکان و هێندێکی دەدەنە مستەفا زریان. لە بازاڕدا قات و پۆشاک بۆ سەفەرەکەیان دەکڕن. کەماڵ و زورار وەک خەلیل بەرەو ئانکار سەفەردەکەن و لە هوتێلێکدا چەند رۆژ بەسەردەبەن و بە فڕۆکە بەرەو سوئێد دەڕۆن. وەستا مستەفا و چەند دۆستێک بۆ پێشوازی کەماڵ و زورار دەچنە شاری ستۆکهۆڵم، بەڵام بەرپرسانی سوئێدی رێگانادەن کەماڵ و زورار لەو شارە دابەزن و بە فڕۆکە دەیانگەیەننە شاری ئاڕڤیکا. وەستا مستەفا و دۆستەکانی بە ئوتۆمبیلی یەکێک لە دۆستەکان بەرەو ئاڕڤیکا دەڕۆن و چەند کاتژمێرێک دواتر دەگەنە ئەو شارە. ئەوان پێوەندی بە کارمەندانی تایبەت بە وەرگرتنی پەنابەران دەکەن و ژمارە تەلەفوونی خۆیان دەدنێ و رادەگەیەنن، کە بۆ پێشوازی پەنابەر تازە هاتوەکان سەردانی ئاڕڤیکا دەکەن. چەند کاتژمێر تێدەپەڕێ و وەستا مستەفا و دۆستەکانی دەگەنە ئارڤیکا و لە قاوەخانەیەکی شاردا چاوەڕوانی گەیشتنی کەماڵ و زورار دەکەن. ماوەیەکی زۆر تێدەپەڕێت، بەڵام هیچ خەبەرێک بە وەستا مستەفا و هاوڕێکانی نادرێ. مستەفا لە شکاندنی بەڵێنی سوئێدیەکان توڕەیە و سوێند دەخوات، کە درۆ یەکەمجار لە رۆژئاوا دۆزراوەتەوە. مستەفا لە دوو هاوڕێیەکەی دەپرسێ، کە ئایا دۆست یان ناسیاویک لەو شارە ناناسن؟ یەکێکیان تەلەفوونەکەی لە سەر مێزی قاوەخواردنەکە دادەنێ و لە ریزی ناو و ژمارەی تەلەفوونەکان دەگەڕێ. لە ماوەی پێنج خولەکدا ناوی یەکێک لە کوردەکانی دەدۆزێتەوە، کە لە شاری ئارفیکا دەژیت و پەنجەی لە سەر تەلەفوونەکە دادەگرێ و چاوەڕوانی وەڵامدانەوە دەکات. دوو جار زەنگی لێدەدات، بەڵام وەڵامی تەلەفوونەکەی نادرێتەوە. وەستا مستەفا دەڵێ، کاکە ئەتۆ بۆ کێ تەلەفوونی دەکەی؟ حەسەن زەهاوی وڵام دەداتەوە، کە بۆ یەکێک لە دۆستە کۆنەکانم، کە لە ئۆردوگای رۆمادییە پێکەوە ژیاوین و چەند ساڵێکە لێرە دەژیت. سەبرتان هەبێ، خۆی تەلەفوون دەکات و شەو میوانی دەبین. ئەو برادەرە ناوی حامیدە و میوانداری باشە و خەمی مانەوەتان نەبێ. چەند خولەکێک تێپەڕی و حامید تەلەفوونی کردەوە و لە گەڵ حەسەن قسەی کرد. ناوبراو حەسەن ئاگادار دەکاتەوە، کە نیو کاتژمێری دیکە دەگاتە لایان. حامید پاش نیو کاتژمێرێک دەگاتە لایان و پاش خۆبەیەکتر ناساندن دەچنەوە ماڵ. ئەو شەوە کارمەندانی تایبەت بە وەرگرتنی کۆچبەرەکان هیچ تەلەفوونێکیان بۆ وەستا مستەفا نەکرد. حامید بە میوانەکان دەڵێت، کە خەمیان نەبێ. بەیانی زوو دەچینە ئیدارەی کۆچبەران و داوای دیتنی برادەرەکانتان دەکەین و ئادرەسی وەردەگرین و خۆمان سەردانی دەکەین. ئێمە پێویستمان بە ئاغای ئالیکس، ئالان، ئانتۆن و خانمی ئاریس و کیا نییە. ئەو شەوە هەتا درەنگانی شەو لە ماڵی حامید باسی جیاواز دەکران و کۆتایی باسەکان دەهاتەوە سەر کورد، سیاسەت، حیزب، خەبات، پێشمەرگە، خەڵک، ئازایەتی و ترسەنۆکی. وەستا مستەفا، لە گەڵ حەسەن زەهاوی و سمایل بۆکانی بە وتە و گێڕانەوەکانی حامید دڵخۆشن. حامید چیرۆکی زۆر لە رۆمادییە، موجاهیدنی خەڵق و هەروەها مامەڵەی زێر بۆ میوانەکان دەگێڕێتەوە. وەستا مستەفا، حەسەن زەهاوی و سمایل بۆکانی لە ژووری دانیشتن دەخەون و چاوەڕوانی بەیانی دەکەن.

کاتژمێر هەشتی بەیانی تەلەفوونی وەستا مستەفا زەنگ لێدەدات. حەسەن زەهاوی تەلەفوونەکە هەڵدەگرێ و خۆی دەناسێنێ. کارمەندی کۆچبەران پرسیاردەکات، کە خاوەنی ئەو تەلەفوونە مەگەر مستەفا نییە. حەسەن دەڵێ، خاتوون باوەڕ بکە، ئێستا مستەفا خەوتوە و ئێمە یەک رۆژە چاوەڕوانی تەلەفوونی ئێوە دەکەین. حەسەن پێشنیاردەکات، کە دوو کاتژمێری دیکە لە گەڵ دۆستەکانی دێتە ئیدارەی کۆچبەران و ئادرەسی کەماڵ و زورار وەردەگرن. کارمەندی ئیدارەی کۆچبەران تەلەفوونەکە دادەخاتەوە و لە رێگای وەرگێڕ بە کەماڵ و زورار دەڵێت، کە دۆستەکانتان خۆیان دێن و دواتر یەکتر دەبینن. بەیانی درەنگ میوان خانەخوێ دەیکەنە رۆژ و لە خەو هەڵدەستن. ئەوان نانی بەیانی دەخۆن و پێکەوە بەرەو ئیدارەی کۆچبەران دەڕۆن. لە دەرگاکە دەچنەژوور و خۆیان دەناسێنن. حامید بە زمانێکی سوئێدی و کوردی مەبەست لە ئامادەبوونیان لەو ئیدارەیە باس دەکات، بەڵام کارمەندی پرسگەکە زۆر تێناگات. حامید لەو نوختەیەدا رادەوەستێ و بە حەسەن و سمایل دەڵێ، کاکە وەرن ئەو ژنە حاڵی کەن، باوەڕتان هەبێ ئاگاداری هیچ نییە. حەسەن و سمایل بە کورتی رادەگەیەنن، کە دوێنێ دوو هاوڕێیان بە ناوەکانی کەماڵ و زورار وەک پەنابەر هاتوونە ئەو شارە و ئێمە بۆ پێشوازی ئەوان هاتووین. کارمەندەکە داوا دەکات، لە هۆڵی چاوەڕوانی دابنیشن و ماوەیەکی دیکە ئاگاداریان دەکاتەوە. کاتژمێرێک دەڕوات و هیچ خەبەرێک نییە و مستەفا تەلەفوون بۆ ئەو کارمەندە دەکات، کە بەیانی تەلەفوونی کردوە و لە گەڵ حەسەن قسەی کردوە. کارمەندەکە وەڵام دەداتەوە و ئاگاداریان دەکاتەوە، کە زورار حاڵەتی رشانەوە و زگهێشەی هەیە و لە نەخۆشخانەن و رەنگە دوو کاتژمێری دیکە سەردانی مەکۆی کۆچبەران بکەن و یەکتر ببینن. مستەفا و کوڕەکان چاوەڕوانی هاتنی کەماڵ و زورار ناکەن و پرسگەکە ئاگادار دەکەنەوە، کە سەردانێکی دەرەوە دەکەن و ئەگەر کەماڵ و زورار هاتن ئاگاداریان بکەنەوە، کە ئێمە دەگەڕێینەوە ئەوان یەکسەر بەرەو نەخۆشخانە دەچن و لە نێو نەخۆشخانەکەدا دابەش دەبن و لە ماوەیەکی کەمدا کەماڵ و زورار دەدۆزنەوە، کە جلوبەرگی تورکیان لەبەرە و شەکەت و ماندوو لە سەر کورسییەکانی هۆڵی چاوەڕوانی دانیشتوون. وەرگێڕێکی زمان و دوو کارمەندی ئیدارەی کۆچەبەران هاوڕێیەتیان دەکەن. مستەفا بە لاقە دەستکردەکەی لە کەماڵ و زورار نیزیک دەبێتەوە و سڵاویان لێدەکات. ئەوان یەکتر لە ئامێزدەگرن و کارمەندەکەش زوارار و میوانەکان لە یەکتر جیادەکاتەوە و داوادەکات خۆیان دوور بگرن با نەخۆشییەکە نەگوازرێتەوە. وەرگێڕەکە ریشێکی چەنەگەیی هێشتۆتەوە و جانتایەکی لە شانە و رەستە و وشەکان بە شێوازی خۆی وەردەگێڕێتەوە. ئەو کوردێکی رۆژهەڵاتە، کە بە فارسی خوێندوویەتیی و لە نووسین و خوێندنەوەی کوردیدا شارەزا نییە. ماوەی چەند ساڵێکە وەرگێڕە و بە گوێرەی مەرجەکانی وەرگێڕان کەمتر دەچتە قوڵایی کاروباری کۆچەبەران و تەنیا کارەکانی خۆی رادەپەڕێنێ. حەسەن زەهاوی و سمایل بۆکانی بە وردی گوێ لە وەرگێڕانەکەی دەگرن و بە مستەفا دەڵێن، کاکە ئەوە وەرگێڕانەکەی هەو نییە و وەک فیشەکە شێتەیە. وەرگێڕەکە لەو کردارەی حەسەن و سمایل توڕەیە، بەڵام ناچارە بارودۆخەکە نەشێوێنێ و ئارامی بپارێزێ. زورار دەچێتە دوکتۆر و تاقیکاری جۆراوجۆری بۆ دەکەن. کەماڵ بە زوراری دەڵێت، خۆزگە ئەمڕۆ خەلیل لێرە ئامادە دەبو، بزانە ئەو بازاڕەی چۆن دەشێواند و چەندە گەمەی بە تۆ دەکرد. کارمەندە سوئێدییەکان لە کولتور و هەڵسوکەوتی کوردەکان سەردەرناکەن و بەسەر سووڕمانەوە چاو لە شێوازی یەکتر ماچکردنی پیاوەکان دەکەن. کارمەندەکان کەماڵ و زورار دەبەنەوە ماڵ و میوانەکان بەدوای ئوتوۆمبیلی کارمەندەکاندا دەڕۆن. ئەوان دە کیلۆمیترێک لە شار دوورن، بەڵام بە هۆی هاتوچۆی باسەکان و کەڵکوەرگرتن لە کارتی مانگانە بە ئاسانی دەستیان بە شار رادەگات. بێجگە لەوە، لە گەڕەکی خۆیان بازاڕی بچووکتر هەیە و پێویست ناکات بۆ کڕینی هەموو کەلوپەلێک بچنە نێوشار. حامید تەلەفوون بۆ ماڵ دەکات و داوادەکات، خواردنێکی باش سازکەن و میوان بەڕێوەن. کارمەندەکان پاش نیو کاتژمێرێک لە گەڵ وەرگێڕەکە کەماڵ و زورار جێدێڵن. کەماڵ و زورار یەک کیلۆمیترێک لە یەکتر دوورن. ئەوان چاوێک لە خانوەکە دەکەن و چۆنیەتی بەکارهێنانی چێشتلێنەر، جلشۆر و قاپشۆر چاولێدەکەن و لە گەڵ حامید دەچنەوە ماڵ. حەسەن زەهاوی و وەستا مستەفا بە سواری باس دەگەڕێنەوە و میوانە تازەکان لە گەڵ سمایل بۆکانی سواری ئوتۆمبیل دەبن و بەرەو ماڵی حامید دەڕۆن. حامید پرسیاری جۆراوجۆر لە کەماڵ و زورار دەکات و چەند جارێک دووپاتی دەکاتەوە، کە خاریج موشکیلەی کوردان چارەسەر ناکات. کەماڵ و زوار لە سەر دۆخی سوئێد و ژیان لەو وڵاتە پرسیار دەکەن و وڵامی جیاواز وەردەگرن. حامید بە گوێرەی زانیارییەکانی وڵام دەداتەوە. ناوبراو رادەگەیەنێ، کە کوردەکان لە کوردستان بن، لە ئۆردوگا بن یان لە رۆژئاوا کێشەکانیان کۆتایی نایەت. لێرە خەڵک هەیە، پارە بە سوود دەداتە خەڵکی دیکە و بە حیساب کاری رەش دەکات. باڵتۆیەکی ئەمریکی لەبەرە و لە شەقامەکانی ستۆکهۆڵم یان ئارڤیکا سەرقاڵی تەزبیح راوەشاندن و سیاسەت کردنە. بەشێکی زۆر لەو کوردانە لە رۆژئاوا لەو خاریجە بە تەواوەتی گۆڕاون و نوێژ دەکەن و رۆژوو دەگرن، بەڵام خوا شایەتە کە باسی پارە دێتەگۆڕێ، ئەوان بیر لە قیامەت و جەهەننەم ناکەنەوە. کاکە کورد هەیە، شەوانە بە باڕەکانەوە دەگەڕێ و ژنێکی مەست دەباتەوە ماڵ و یەکسەر دوو وێنەی تایبەتی لە گەڵ دەگرێت و دواتر وێنەکان بۆ دۆست و برادەرەکان رەوانە دەکاتەوە و چیرۆکی ئەمیر ئەرسەلانی رۆمی لەو وێنانە سازدەکات. هیوادارم بابی هیچ کامتان مەلا نەبێت، چوونکە بیستوومە کە مەلاکان لەو خاریجەی لە خەڵکی دیکە زۆر خەراپترن و بیر لە پارەی حەرام و حەڵاڵ ناکەنەوە. لە هەموو شتێک خەراپتر ئەوەیە، کە کوردەکان هەتا کاریان هەیە بە خەستی پێوەندی دەگرن و ئەحواڵپرسی دەکەن، بەڵام دواتر لە شەقام سڵاو ناکەن و خۆیان لالوت نیشان دەدەن. ئەو کەسانە خەڵکی ناڕەسەن و ترسەنۆکن و هەتا خودا بخوازێت، ورگپەرەست و خۆپەرەستن و ئامادەنین یارمەتیدەری یەک باڵندە و خشۆکیش بدەن. ئەوانە کە دەگەنە کوردان باڵان فش دەکەن و سینگی خۆیان دەردەپەڕێنن، بەڵام بۆ بێگانە شل و خاون. باوەڕتان بێت، ئەمن لێرە زۆر جاڕز و وەڕەزم، بەڵام چارم نییە. حامید لە گەڵ میوانەکانی دەگاتەوە ماڵ و چاوەڕوانی حەسەن و وەستا مستەفا دەکەن. ئەوان بە باس دەگەڕێنەوە و کاتێکی زۆرتری دەوێت. میوانەکان وێڕای خانەخوێ لە دەوروبەری ماڵ پیاسەیەک دەکەن و باسەکان دووبارە بەرەو کەلێن و قوژبنی کوردایەتی شۆڕدەبنەوە. زورار کە تازە لە ژانەزگ رزگاری بووە، سوێند دەخوات کە هەتا ژێر گەڵ ئەوان و کوردایەتی دەستبەرداری یەکتر نابن. بە وتەی ناوبراو، ئێمە هەموو بۆ کوردایەتی لە وڵات قاچاخ بوویین و لە داخی کوردایەتیش بەرەو هەندەران سەفەری پڕ لە هەوراز و نشێومان کرد. زورار بەم شێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدات، “ کاکە ئێمە وەدوای درووشمی بریقەداری کوردایەتی کەوتین و چەند ساڵێکمان لە شاخ تێپەڕکرد، بەڵام سوودەکانی زۆر کەم و نادیار بوون. نەتەوەکانی جیهان بە دە ساڵان خۆیان رزگار دەکەن و گەلی ئێمەش لە بەر ئەوەی بە خەراپی کارەکان رادەپەڕێنێ، هێشتا لە سەرەتای رێگادا چەقیوە. ئێمە پڕش و بڵاوین و کورد رۆژگارێکی تاڵ و سوێری رابواردوە. لە رۆژهەڵاتی خۆمان هیچ ئاسۆیەک نابینم و تازە یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرقاڵی داخستنی رادیۆی دەنگی کوردستانە. لە زۆنی پارتی دێموکڕاتی کوردستان و یەکيتی نیشتمانی کوردستاندا راوڕاوێنی کوردی رۆژهەڵاتە و ئیتلاعات و میت لەو کوردستانەدا تەراتێن دەکەن. ئێمە ئاسنی سارد دەکوتین و بە ناوی هەستی کوردایەتی و کوردخۆشەویستی بەردی بەرگریکردن لە کوردی هەموو پارچەکان لە سینگ دەدەین. کاک حامید، کورد زۆر ئەستەمە بە سەر کێشە نێوخۆییەکاندا زاڵ بێت و لە داوی دیکتاتۆرییەتی تاکەکەسی، بنەماڵەیی و حیزبی رزگاری بێت. برادەرینە، ئێمە بە کام حیزبی کوردستان دڵخۆش بین؟ ئەو حیزبانە تاقەتیان بە بارودۆخەکە ناشکێ و خەڵکی ئێمەش بە کردەوە شارەزای رێگای کوردایەتی نییە و لە بەر ترس و هەڕەشە زۆربەی کورد رێچکەی خۆپەنادان و دوورکەوتنەوە لە کوردایەتیی و شوناسی کوردیان هەڵبژارتوە. تۆ لە گەڵ هەر کەسێک قسە و دیالۆگ دەکەیت، ئەگەر سەت پارچە ساچمە و پڕیچکی تەقەمەنیت لە جەستەدا بێ، هیچ حیسابت بۆ ناکات و هەر کەس خۆی بە پاڵەوانی مەیدان دەزانێت. لە کردەوەدا ئەو قسەزل و پاڵەوانانە وەک فوودانەن و بە سەری دەرزییەک خاودەبنەوە و دەپوکێنەوە. گەلان بۆ رزگاربوون تاکی ئازا و زۆرایەتی فیداکاریان دەوێ، کە کورد بە داخەوە لەو گۆڕەپانەدا خاو و خۆپارێزە”.

حامید لەو کاتەدا وەستا مستەفا و حەسەن دەبینێ، کە بە شێوازی کوردەواری پیاسەدەکەن و چەند ساڵە لێرە فێری پیاسەکردن بە فۆڕمی سوئێدییەکان نەبوون. حامید بە زورار دەڵێت، وادیارە قسەت خۆشن و ئەو شەو برادەرێک بانگ دەکەم، کە لە هەموو تەمەنیدا تەقەی لە سەرباز و پاسداڕ نەکردوە، بەڵام لە چیرۆکەکاندا سەرتۆپی فەرماندەکانە. بە وتەی باشورییەکان ناوبراو حیساب بۆ هیچ عەنتەرێک ناکات. میوانەکان دەچنە ژوور و حامید بە پەلە تەلەفوون بۆ بێستون قارەمان دەکات، کە بۆ نانخواردن میوانیان بێ. حامید بۆ رەواندنەوەی خەم و تێپەڕکردنی رۆژە ناخۆشەکانی غوربەت لە رابردووشدا لەو بەزمانەی کردوە. ئەو لە گەڵ میوانەکان هێمن و ئارامە و ئەگەر میوانەکان درۆی ئاشکراش بکەن، حامید رووشکێنیان ناکات و گوێیان لێدەگری. بێستون قارەمان کەسێکی وەک حامیدی دەوێت، کە گوێگری باش بێت و لە سەر وتە و چیرۆکەکان مەحکەمەی نەکات. کەماڵ و زورار شادن، کە ژمارەیەک دۆست و ناسیاو و تەنانەت نەناسیاو لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە. ئیستکانە گەورەکانی چا بەریز دێن و دەخورێنەوە. دیمەنی دارستانەکانی دەوروبەری ئاڕڤیکا و هەروەها دار و سەوزاییەکانی دەوروبەری ماڵەکان بۆنی غوربەت دەپژێنێ. ئاسمان و مانگی پاییز لە وڵاتانی سکاندیناڤیا رازاوەن و بە لشکری ملوێنی ئەستێرە و هەسارە دەور دەدرێن. خۆر لێرە وەک دەرمانی نادیارە و لە ئەدەب و وێژەی نەتەوەکانی سکاندیناڤیادا جێگەی شیاوی پێدراوە. خۆر لە هاویناندا ئەگەر هەورەکان دەرفەتی تەواوی پێبدەن شەو رۆژ روخساری بەدرەوەیە. گڤەی بای پاییزیی و گۆرانی بای کۆچ و دوورکەوتنەوە لە نیشتمان چاو و خەیاڵی کۆچەبەرەکان داگیردەکات. لە جەرگەی خەیاڵ وتەکاندا بێستوون قارەمان دەگاتە ماڵی حامید و ناوبراو بە پۆشاکی رێکوپێک وەژوور دەکەوێت. ئەو لە سەرەتادا چاوێک بە میوانەکاندا دەگێڕێ و پرسیار لە ناو و ناوبانگیان دەکات. بەخێرهاتنی بێستون دەکرێت و ناوبراو چەند هەواڵێکی تایبەت بە کوردستان و هەروەها رۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە، کە بە وتەی خۆی لە رێگای رادیۆ و هەروەها تەلەفوون لەو رۆژانەدا بە گوێچکەی گەیشتوە. حامید میوانەکان بۆ سەر سفرە فەرموو دەکات و هەر کەس بە گوێرەی توانا لەو خواردنە رەنگاوڕەنگە دەخوات. بێستون کە لە گەڵ خواردن زۆر یەکە و بە دیتنی خواردنە رەنگاوڕەنگەکان دڵشاد دەبێ، باس لە شەڕێکی سەنگەر بە سەنگەر دەکات، کە خۆی رۆڵی قارەمانانەی تێداگێڕاوە. ناوبراو ماوەیەکی زۆر میوانەکان بەو چیرۆکانە سەرقاڵ دەکات و وەک قسەکەری سەرەکی ئەو میواندارییە دەردەکەوێ. ناوبراو بە شارەزاییەکی تەواو باس لە تەقاندنی ئارپیچی، گرتنی مۆڵگەی رێژیم و لێدان لە ستوونە نیزامییەکانی رێژیم هەروەها چەکە جۆراوجۆرەکان دەکات، کە زۆر کەس هەست دەکات بێستون لەو شەڕانەدا بە کردەوە بەشدار بووە. شێوازی گێڕانەوەی ناوبراو شیرین و پڕە لە جوڵە و لە کاتی گێڕانەوەی چیرۆکی شەڕەکاندا زمانی جەستە زۆر بەکاردێنێ. بێستوون لە پشت قەنەفەی هۆدەکەدا سەنگەر دەگرێ و لە کاتی گیڕانەوەی شەڕی دەستەویەخەدا پەلاماری ئەو کەسە دەدات، کە لە تەنیشتی دانیشتوە. زورار بە تورکی بە کەماڵ دەڵێت، بە سەری باساکی کاک خەلیل لەو شارە ئەمن و تۆ پێویستمان بە سینەما و شانۆ نابێ و ئەو قارداشە توخێکمان لێدەکاتەوە. زورار لەو هەموو گوتنەی بێستون ماندوویە و لەو دەرفەتە سوود وەردەگرێ و چیرۆکی پێشمەرگەیەک دەگێڕێتەوە، کە بە پیاوە ترسەنۆکەکە ناسراوە و لە نێو ژنان و هەروەها خەڵکی گوندەکاندا چەکی گەورە هەڵدەگرێ. بە نارنجۆک و قونبەلە پشتێند و سینگی دەنەخشێنێ، بەڵام لە کاتی شەڕدا کونە مشکی لێدەبنە قەیسەری و هەتا کۆتایی شەڕ کەس روخساری نابینێ. بێستوون ئۆگری گێڕانەوەی چیرۆکی زیاترە، بەڵام زورار هێشتا چیرۆکی کاکە شێرەی نەگێڕاوەتەوە. وەستا مستەفا داوا لە بێستون دەکات، کە مردنیش بەنۆبەیە و بزانین زورار چۆن داستانی کاکە شێرە دەگێڕێتەوە. زورار قسەکانی بەمجۆرە چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە” کاکە شێرە لە نێو خەڵک و لە شوێنی ئارامدا دوو کەڵاشیکۆفی لە شان دەکرد و بە هاوینیش گۆرێوی زەنگاڵی هەڵدەکێشا. ئەو نە تەنیا لە شەڕەکان دا خۆی دەزیەوە، بەڵکو لە نێوبژیکردنی خەڵکی گوندەکانیشدا بەشداری نەدەکرد و لە کۆتایی شەڕەکاندا بە جەمەدانەیەکی گەورە و پشتێندێکی ئەستوورەوە لە نێو ئاپۆڕای خەڵکدا دەردەکەوێ و هاوار دەکات، بۆچی ناوبراویان لەو رووداوانە ئاگادار نەدەکردەوە. کاکە شێرە بە دوو کەڵاشینکۆفەوە بە رۆژی رووناک لە نێوان گوندەکاندا هاتوچۆی نەدەکرد و لە چەتە و رێگران دەترسا. ئەو لە هیچ شەڕ و بەرنەگارییەکدا ئازا و قارەمان دەرناکەوێ، بەڵام کاتێک وێڕای پێشمەرگە شەڕکەرەکان دەچنە ماڵی خەڵک و گوندەکان، کاکە شێرە یەک پارچە ئاگر و ئاسنە. ئەوانەی کاکە شێرەیان نەدەناسی، حەزیان دەکرد وێنەی لە گەڵ بگرن و ئەو چەک و رەختە جوانەی هەر ئاوری لێدەبارێ، بەڵام لە نێو پێشمەرگەکاندا بە ناو و ژمارەیەکی نادیار پێناسە دەکرا. کاکە شێرە، لە نێو ژن و کچانی ئاواییەکاندا خۆی بە پاڵەوانی شەڕەکان دەناساند و بە خەڵکی دەگوت، کە ئەو پێشمەرگانە حەزیان لە پیاوی ئازا نییە و هەتا دەتوانن ناو و ناوبانگی دەکوژێننەوە. بەشێک لە خەڵک کە شێرە ناناسن، باوەڕ بە وتەکانی دەکەن و لە سەر حەسادەتی پێشمەرگەکان لە گەڵ شێرە بەداخن. ناوبراو لە یەکێک لە شەڕەکاندا تەنانەت بە بیانووی چروککردنی فیشەک و گیرکردنی کەڵاشینکۆفەکەی لە پاش گاشەبەردێکی گەورەدا پەنادەگرێ. چیرۆکی کاکە شێرە لە نێوان پێشمەرگەکاندا بە چیرۆکە ناسراوەکە دەناسرا و بەشێک لە پێشمەرگەکان پاش تەسلیمبوونەوەی کاکە شێرە لە ناوەکەی وەک رەمزی شەو کەڵکیان وەردەگرت. یەکێک لە پێشمەرگە موسڵمانەکان و پاسدارێک لە ئیتلاعاتی ورمێ کە کاکە شێرە دەبینن و وەک تەوابێک خۆی تەسلیم کردۆتەوە، بە دیداری زۆر شادن. لە دەزگاری سیخوڕی ئیتلاعاتی ورمێ ژمارەیەکی زۆر وینەی کاکە شێرە دەبیندرێن، کە بە دوو کەڵانشینکۆف و چەند نارنجۆک و قونبەلەیەک لە نێو ئاواییەکان و تەنانەت پێشمەرگەکاندا روخساری دەرخستوە. پاسدارەکە، بە کاکە شێرە دەڵێت، زۆر پێشمەرگەی موسڵمان لە ناو و وێنەکانت دەترسان و کەس ئاگادار نەبو، کە تۆ لە ئازایەتیدا بە وێنەکانت قەرزداریت. کاکە شێرە لەوێ خۆی ناشکێنێ و دەڵێت، کاکە کە شێر تەمەنی سەرکەوت، کوللانی پێدەگرن و راوی پێناکرێ. ئەمن هەتا لاو و گەنج بووم ئازا بووم، بەڵام ئەمڕۆ بە پیری کاکە شێرەی جاران نەماوم و لە گەڵ ئیمام و ئەرتەشی بیست ملوێنی سوڵحی ئەبەدیمان کردوە”.

بێستون کە چیرۆکەکە تەواو بو، چاپۆکێک بە سەری خۆی دادات و بە دەنگی بەرز رادەگەیەنێ، کە تازە بازاری بێستون قارەمان نامێنێ. کاکە زورار تازەیە و پێشمەرگایەتی کردوە و رەنگە کاکە شێرە بۆ خۆی بێت، بەڵام کە تازە هاتە بازاڕ، کۆنە چاوە ئێشە سازدەکات و مۆدیلی نامێنێ. کەماڵ و وەستا مستەفا داوا لە بێستوون دەکەن، کە پێکەوە لە گەڵ زورار هاوکاری یەکتر بن و پاڵپشتی لە چیرۆکەکانی یەکتر بکەن. بێستون قارەمان بە ئیجازەی میوانەکان دوو کورتە چیرۆکی دیکە لە سەر چالاکیەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە و لە هەموو شەڕەکاندا سەرکەوتوو و ئازایانە دەردەکەوێ. بێستوون ماڵئاوایی لە میوانەکان دەکات و دەرفەتی خەوتن و پشوودان بە میوانەکان دەدات. کەماڵ و زورار بەیانی لە گەڵ وەستا مستەفا، حەسەن زەهاوی، سمایل بۆکانی و حامید بۆ ماڵەکانی خۆیان چوون و هەوڵدەدەن وردە پێداویستیەکانیان بکڕن. لە یەکەم هەنگاودا ژمارە تەلەفوونێکی خەتی دەکەنەوە و مۆبایلێک لە سەر ناوی مستەفا دەکەنەوە. سمایل بۆکانی زورار و کەماڵ ئاگاداردەکاتەوە، کە تەلەفوونی زۆر نەکەن و پارەی پەنابەری بەشی تەلەفوونی خاریجی ناکات و بە پێخۆر تەلەفوون بکەن. لە بازاڕی دەستی دووهەم چەند راخەر و کەلوپەلێک دەکڕن و بە پەلە خۆیان دەکەنە ماڵ. مستەفا و هاوڕێکانی ئەو شەو کەماڵ و زۆرار و حامید بۆ خواردنگەیەک داوەتدەکەن و بەیانی دەگەڕینەوە شارەکانی خۆیان.

رۆژانی یەکەمی شاری ئارڤیکا پڕن لە بیرەوەری خۆش و ناخۆش و نەزانینی زمان و کولتور لە هەموو دەردەکان ناخۆشترە. لەو ماوەیەدا لە چەند وڵاتێکی دیکەش پەنابەر بۆ شاری ئاڕڤیکا هاتوون و مەکۆی کۆچبەران چەند کۆبوونەوەوەیک بۆ پەنابەرە تازەهاتوەکان رێکدەخەن. کارتی کتێبخانەی گشتیان بۆ وەردەگرن و لە سەر یاسا، جێگە و پێگەی کۆچبەران قسەیان بۆ دەکەن. لە کۆبوونەوەکاندا وەرگێڕ بە زمانی جیاواز هەیە و چۆنیەتی کەڵکوەرگرتن لە وەرگێڕەکان لە گەڵ یوئێنی تورکییە جیاوازە. زورار لە ماوەیەکی کورتدا پێوەندی بە خەلیلەوە دەکات و ئەحواڵی باساکی لێدەپرسی. خەلیل لە کۆپنهاگ خۆی سەرگەردان کردوە و بە وتەی کوردێکی فێڵباز خۆی شێتکردوە، بۆ ئەوەی بەرپرسانی دانمارک پرسی باساکی بۆ چارەسەر کەن. خەلیل لە کاتی قسەکردن لە گەڵ زوراردا قسەی سەیر و سەمەرە دەکات و زورار لەوهەڵسوکەوتەی خەلیل سەر دەرناهێنێ. دوای ماوەیەک قسەکردن تەلەفوونەکە دادەخاتەوە و سەردانی کەماڵ دەکات و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی خەلیل دەگێڕێتەوە. ناوبراو باس لەوە دەکات، کە خەلیل قسەی عەجایبی دەکردن و ئەو کوڕەی جاران نەماوە. ئەو سەر و بنی قسەکانی نەدەچوونەوە سەریەک و دەیگوت: “زورار رۆڵە خاریج خەتەرە و پیاو بە مێردی نەکەی”. کاکە لەو دونیایەدا مرۆڤی کورد ناحەسێتەوە و ئەمن لە چاک و پیاوەتی خۆم تەلەفوون بۆ خەلیلی دەکەم، بەڵام ئەو سەرەتا دەڵێت، کاک ناتناسم و ئەو ناوەم نەبیستوە. کەماڵ لە خەلیل بە گومان دەبێ و بە باوەڕی ناوبراو خەلیل رەنگە بە ئەنقەست خۆی شێت کردبێ. لەو پەناخوازیی و پەنابەریدا مرۆڤ ئاگادار نەبێ، بە رێچکەی ترسناکدا دەڕوات. ئێمە دەتوانین پرسیار لە کەسیکی ناسیاو لە دانمارک بکەین و لە دۆخی خەلیل بکۆڵینەوە. کاکە رەنگە مرۆڤ لە تەنیاییدا شێت ببێ و کەس باوەڕت پێنەکات! زورار مژێکی قوڵ لە جگەرەکە دەدات و دوکەڵەکەی لە سەر سەری بڵاو دەکاتەوە. ناوبراو داوا لە کەماڵ دەکات، کە با پێکەوە بچین مزڵەکەم و چاییەک بخۆینەوە و نانێک سازکەین. راستە، ئێمە عادەتمان بە ژیانی تێکەڵ گرتوە و ئەو تەنیا بوونە تەنیا بۆ خودای باشە. ماوەیەک لە مزڵی زورار دادەنیشن، کە تەلەفوونی زورار زەنگ لێدەدا و ژمارەی خەلیلی دەرکەوتوە. زورار وڵامی تەلەفوونەکە دەداتەوە و کەسێک بە ناوی وەرگێڕ بە کورتی رادەگەیەنێ، کە لە سەر داوای خەلیل پێوەندی دەگرێ و ناوبراو ناڕەحەتی فیکری هەیە و بۆ ماوەیەک لە ژێر چاوەدێری دوکتۆردا دەمێنێتەوە. زورار زمانی تەتەڵە دەکات و تەلەفوونەکە بە کەماڵ دەدات بۆ ئەوەی زیاتر قسە بکات. کەماڵ لە وەرگێڕەکە دەپرسێت، کە خەلیل چەندە ئەگەری چاکبوونەوەی هەیە و کاروباری رۆژانەی چۆن رادەپەڕێنێ؟ وەرگێڕ زۆر قسە ناکات و تەنیا ئەوەندە شیدەکاتەوە، کە ئەو پرسە تایبەتە و ناتوانێ زیاتر قسە بکات. کەماڵ تەلەفوونەکە دادەخاتەوە و لە گەڵ زورار ماوەیەک بیر لە چارەنووسی خەلیل و خۆیان دەکەنەوە. حەوتوەکان تێدەپەڕن و مانگەکان بە دوای یەکتردا ریز دەبن و وەرزی زستان دەست پێدەکات. ئەوان کۆرسی زمانی سوئێدیان پێدراوە و رۆژانە چەند کاتژمێرێک بە باس دەڕۆن و دێنەوە. زمان فێربوون پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و گەورە ساڵەکان بە ئاسانی فێری نابن. ئەوان دەرفەتی قسەکردنیان کەمە و مەیدانی فێربوون بۆ گەورە ساڵەکان زۆر بەرتەسکە. مرۆڤ تەنیا لە قوتابخانەی زمان یان کەسیکی نیزیک دەتوانێ سەرەتا بە زمانێکی شکاو و کوت و پەت قسە بکات و لە بازاڕ ئەو زمانە سەرو گوێ شکاوە، تەگەرە دەخەنە بەردەم کارەکان. کەماڵ و زورار بۆ کۆرسی زمان جانتایەکی پشت دەکڕن و پێخۆر و نان لە ماڵەوە لە گەڵ خۆیان دەبەن. ئەوان بیری رۆژانی قوتابخانەی سەرەتایی دەکەنەوە، کە کتێب و دەفتەرەکانیان لە نایلۆنێکی روندا هەڵدەگرتن. کە گەورەتر بوون، کتێبەکانیان لە بن هەنگڵ یان لە ژێر کراس و چۆخە کوردەوارییەکە دا دەشاردەوە.

چەند رۆژێکی کۆرسەکەیان بە ئارامی تێدەپەرێ، بەڵام وردە وردە گەورەساڵەکان لە دژی یەکتر سەنگەر دەگرن. فارسەکان دژی ئەفغانی، کورد، سۆماڵی، عەڕەب و تورکەکان ناتەبان. کوردەکان لە گەڵ فارس، تورک و عەڕەبەکان ناگونجێن و پرسی نەتەوایەتی لە کۆرسەکان شەڕی گەورەی لێدەکەوێتەوە. لە نێو کوردەکانی کۆرسەکەدا دوو کورد بەشدارن، کە یەکیان ناوی سڵێمان هەوشارییە و لە هەموو کێشەیەک خۆی دەزێتەوە و بە سڵێمان بێ موشکیلە دەناسرێ. ئەوەی دیکەیان خەجێ ئێراندۆستە، کە دژی کەماڵ و زورار قسە دەکات و بە ئاشکرا دەڵێ، ئەمن ئێرانیم و ئێوە راست ناکەن و کوردستان بوونی نییە. سڵێمان هەوشاری بە ئاشکرا رادەگەیەنێ، کە ناوبراو ئەهلی سیاسەت نییە و بۆ زگ و چاو هاتۆتە سوئێد و پردی پاشخۆی ناڕوخێنێ. سڵێمان هەوشاری وەک فارسەکان و لە بەر خاتری ئەفسانە شیرازی نەخشێکی پشیلەیی زێڕینی ئێرانی لە ملکردوە. خەجێ لە رۆژی نەتەوە و گەلاندا ئاڵای ئێران و خواردنی ئێرانی لە گەڵ خۆی هێناوەتەوە کۆرس و بە سوئێدیەکی شکاو باس لە ئێران و ئاڵاکەی دەکات. ئەفسانە شیرازی بە سوئێدی و ئینگلیسی جوانیەکانی ئێران باس دەکات، کە کەسانی جوداخوازی وەک کەماڵ و زورار نازانن چییە. کەماڵ و زورار لە کۆرسەکە راست دەبنەوە و ئاڵای ئێران دەخەنە ژێر پێ و جنێوی زۆر بە سڵێمان هەوشاری، خەجێ ئیراندۆست و فارسەکان دەدەن. خواردنەکەی خەجێ لە سەتڵێ ئەشغاڵ دەکەن و سوکایەتی زۆر بەو کوردانە دەکەن، کە لە رۆژئاواش نۆکەری فارسن و دژایەتی نەتەوە و خاکی خۆیان دەکەن. بارودۆخی کۆرسەکە ئاڵۆزدەبێ و مامۆستاکەیان بەڕێوەبەری ناوەندی زمان بانگ دەکات، بەڵام دۆخەکە خەریکە لە کۆنتڕۆڵ دەچێتەدەر و داوای پۆلیس دەکەن. پۆلیس بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە دەگاتە شوێنی رووداوەکە و کۆبوونەوەیەک بۆ فێرخوازانی زمانی سوئێدی رێکدەخات. ئەوان وەرگێڕی زۆربەی زمانەکانیان داواکردوە و هەموو بەشداران دەتوانن بە زمانی دایک رووداوەکە بگێڕنەوە. ئەفسانە شیرازی لە ریزی پێشەوە دانیشتوە و سڵێمان هەوشاریش لە تەنیشتی لاقی لەسەر لاقی داناوە و وەک نیسک بەر و پشتی بۆ کەس نییە. ئەو لە درۆکردندا شارەزایە و مامۆستای گەورەکردنەوەی رووداوەکانە وبە کوردی مەبەستیەتی، لە هەموو ئاوێک بخواتەوە. ناسیاوەکانی بە سڵێمان نیسک و سڵێمان بێ موشکیلە بانگی دەکەن و کەس گوێ بە وتە و قسەکانی نادات. پۆلیس سەرەتا قسە بۆ کۆچبەرەکان دەکات، کە چەندە و چۆن کێشەکان لەم وڵاتەدا چارەسەر دەکرێن. پۆلیس ئاماژە دەکات، کە ئێوە لە وڵاتانی شەڕلێدراو و پڕ لە ئاژاوە هاتوونە ئێرە و چارەسەرکردنی کێشەکان لە کولتوری ئێوەدا جیاوازە. وڵاتی سوئێد بە نیشتمانی یاساکان ناسراوە و مرۆڤەکان ناتوانن یاساشکێنی بکەن. ئەوەی ئەمڕۆ لێرە روویداوە، چاوپۆشی لێدەکەین، بەڵام ئەگەر دووپات ببێتەوە بێگومان وەک تاوانێک دژ بە شکاندنی ئاشتی و ئارامی کۆمەڵگا چاوی لێدەکەین و هەڕەشەکردنی قورس لە یەکتر وەک تاوان ئەژمار دەکەین. خەجێ ئیراندۆست لە ریگای وەرگێڕەوە شکایەتی لە کەماڵ و زورار کرد، کە ئاڵای ئێرانیان خستۆتە ژێر پێ و چێشتەکەیان رشتوە. ئەفسانە، بە ئینگلیسی قسەی دەکرد و ئەگەر وشەیەکی نەدەزانی لە ئاغا موتەرجیمی دەپرسی. ناوبراو، کەماڵ و زوراری بە دژی وەتەنی عەزیزی ئێران ناساند، کە لە شارستانیەت دوورن و خوازیاری لەتکردنی ئێرانی ئازیزن. سڵێمان هەوشاری داوادەکات، کە لە کۆرسەکاندا دڵداری بکرێ، بەڵام سیاسەت نا. پۆلیسەکان بەو پرسیارە زۆر پێدەکەنن و یەکێک لەوان رادەگەیەنێ، کە دڵداریش شەڕ و کێشەی لە سیاسەت زۆرترە و مەبەست لە کۆرسەکان فێربوونی زمان و کولتوری وڵاتە. کەماڵ و زورار لە کۆتایی پرسیار و روونکردنەوەکاندا دەست بەرز دەکەنەوە بە جیا تێڕوانینی خۆیان لە سەر کێشەکە و هەروەها روانگەی فارس و زڕە کوردەکان دەردەبڕن. ئەوان بەمجۆرە دەدوێن: “ئێمە سپاسی سوئێد و خەڵکی ئەو وڵاتە دەکەین، کە پەنای خەڵکی پەنابەر و تەنانەت سواڵکەرە ئابورییەکانی وەک فارس و زڕە کوردەکان دەدەن. ئێمە باوەڕمان وایە، کە پەنابەر مرۆڤێکی دابڕاو لە وڵات و دەربەدەرە، کە ژیانی لە وڵاتی خۆی لە ژێر هەڕەشەدایە. ئێمە بۆ فێربوون لەو قوتابخانەیە کۆبووینەوە و ناتوانین هەموو رۆژێ شەڕی ناسنامەی خۆمان بکەین و بێحورمەتی فارس، عەڕەب و تورکەکان قبوڵ کەین. راستە ئێمە نەتەوەیەکی داگیرکراو و ژێردەستەین و بوونی خەجێ و سڵێمان و هەزارانی وەک ئەوان دەیسەلمێنێ، کە مرۆڤی کورد کێشەی هەیە. ئێمە باوەڕمان بە یاساکانتان هەیە و بە پشتیوانی یاساکانی ئێوە ئاڵای وڵاتێکی داگیرکەر و مرۆڤکوژی وەک ئێران دەخەینە بەر پێمان. ئەوان دوژمنی ماف و ئازادییەکانن و ئێمەش زوڵملێکراو. ئێمە لێرە داوا لە پۆلیس و بەڕێوەبەرانی قوتابخانە دەکەین، کە رێگا مەدەن کۆمەڵێک مرۆڤی ورگپەرەست و چاوچنۆک بێڕێزی بە زمان، کولتور، خاک، خەڵک و ناسنامەی نەتەوەکەمان بکەن. ئێمە قبوڵ ناکەین کە زڕە کوردێک، کە زمانی دایکی نازانێ و ئاگای لە مەحمودی بێزەواد نییە لە گەڵ ئەفسانە شیرازی و هاوئاوازەکانی رۆژانە بە چاوی سووک لە خوێنی ئەو مرۆڤانە بڕوانن، کە لە پێناوی ئازادیی و سەربەستیدا گیانیان بەختکردوە. پۆلیس لە وەرگێڕەکە دەپرسێ، کە مەحمودی بێزەواد کێیە و وەرگێڕەکەش کە ئاگاداری ئەو پەندە کوردییە نییە، بە دوو قسەی لابەلا وڵامی پۆلیس دەداتەوە. زورار داوا لە وەرگێڕەکە دەکات، کە بە ئەمانەتەوە وتەکانمان وەرگێڕێ و لە وەرگێڕانیشدا زوڵمان لێنەکرێ. مامۆستای زمان و بەڕێوەبەری ناوەندی فێرکردنی زمان وتەکانی کەماڵ و زوراریان بەرزنرخاند و رایانگەیاند، کە رێگا نادەن نوێنەری کولتور و نەتەوە جیاوازەکان لەو قوتابخانەیەدا ئازار بدرین و بە تەواوەتی پشتیوانیان لێدەکەین. سڵێمان هەوشاری لەو کاتەدا لە گەڵ ئەفسانە خەریکی قسەکردنە و سوئێدییەکان تۆمەتباردەکات، کە پشتیوانی لە جوداخوازان دەکەن و ئەو بەزمە لە پشت سەری رۆژئاواییەکانە. وەرگێرە فارسەکە بە بیانووی نەبیستنی ئەو قسانە خۆی لە وەرگێڕانی ئەو وتانەی ئەفسانە و سڵێمان هەوشاری دزیەوە، بەڵام وەرگێڕە کوردەکە ئەو بابەتەی بۆ بەشداربوەکان وەرگێڕایە سەر زمانی سوئێدی. پۆلیسێک داوا لە سڵێمان دەکات، کە بە چ لۆژیکێک ئەو تۆمەتانە لە سوئێدیی و رۆژئاواییەکان دەدات؟ سڵێمان هەوشاری بە درۆیەک باسەکە کۆتایی دێنێ و دەڵێ، بابم ئەمن چۆن ئەو قسەیە دەکەم. ئەمن هەتا هەم مەمنوونی ئێوە و سوئێدم و ئێوە زۆر ئینسانن.

رووداوەکان لە دوای خۆیان شوێنەواری ئەرێنی یان نەرێنی جێدێڵن. کەماڵ و زورار بڕیاریاندا لە پۆلی فێربوونی زماندا خۆیان بە خەجێ و سڵێمان ماندوو نەکەن و خاوەن سیاسەتێکی ئاشکرا و راستگۆیانە بن. یەکەمین کۆرسیان پێنج مانگی خایاند و کەوتوونە جەرگەی زستان. ئێرە بۆ پەنابەرە تازە هاتوەکان وانە و دەرسی جۆراوجۆری تێدایە و چۆنیەتی سیستم، خزمەتگوزاری، دەزگای داد و هەڵسوکەوتی دەوڵەت و کاری هێزە سیاسییەکان پڕن لە ئەزموون. زورار و کەماڵ بە پارەی پەنابەری پارەی تەلەفوونە گرانەکان دەدەن و جاروبار یارمەتی هاوڕێ و دایک و بابیان دەکەن. ئەوان لە گەڵ ماڵەکانیان پێوەندییەکی بەردەوامیان هەیە و زۆر جار خزم و کەسوکار لە سەر هێڵەکانی تەلەفوون دەردەکەون. بەشێک لەوان داوای یارمەتی دەکەن و ژمارەیەک لەوان داوای راکێشانی کوڕەکانیان دەکەن.

زورار لە شاری ئاڕڤیکا لاقی چەقاندوون و چاوی لە گواستنەوە بۆ شارەکانی دیکە نییە. وەستا مستەفا داوا لە کەماڵ دەکات، کە بۆ شاری فێستڕۆس یان ستۆکهۆڵم بگوازنەوە و با لە یەکتر نیزیک بن. زورار لە ساڵی یەکەمدا دۆستێکی سوئێدی پەیداکردوە و سەرقاڵی ژیانی رۆژانەیەتی. ناوبراو بە کەماڵ دەڵێت، کاکە سەت باڕ و هۆدەی سەما و خۆبادانم کردوە هەتا ئەو ژنەم دۆزیوەتەوە و با چەند ساڵێک لێرە ژیان تێپەڕبکەم. ئەگەر ئەمڕۆ بگوازمەوە بۆ ستۆکهۆڵم یان شارێکی دیکە رەنگە ئەو ژنە کار و ژیانی بۆ من تێکنەدا. ئەمن پێویستم بەو ژنەیە و ئەو دەتوانێ یارمەتیدەری راستەقینەم بێت. کەماڵ داوای سەرکەوتنی بۆ زواری دەکات و هیوادار بەختەوەر و شاد بژیت. سەرئەنجام کەماڵ بۆ ستۆکهۆڵم دەگوازێتەوە و لە باڵەخانەیەکدا خانوویەکی چووک بەکرێ دەگرێ. ناوبراو داوای کۆرسی زمانی سوئێدی دەکات و ماوەی ساڵێکی دیکە لە کۆرسەکاندا بەشدار دەبێ و زمانی سوئێدی بە رێژەیەکی باش فێردەبێ. لە ماوەی خوێندندا کەماڵ لە خواردنگە کورد و تورکییەکان کار دەکات و پارەیەک بە دەست وەردەگرێ. ئەو کارە بە کاری رەش ناسراوە و بە شێوەی نافەرمی دەکرێ و باجی لێنادرێ. ئەو مرۆڤانەی ئەو کارانە دەکەن، لە لیستی ئیدارەی کاری سوئێد و وڵاتانی دیکەدا وەک بێکار نووسراون و یارمەتی بێکاریی یان خوێندن وەردەگرن، بەڵام رۆژانە لە خواردنگەکاندا سەرقاڵی کاری رەشن. کەماڵ لە گەڵ درێژەدان بەو کارە نییە و دەزانێ، کە خاوەنکارەکان لە هێزی هەرزان کەڵک وەردەگرن و لە سیستمی وڵات کەڵکی خەراپ وەردەگرن. لە لایەکی دیکە ئەوان وەک کۆچبەر لە سیستمی وڵات کەڵکی خەراپ وەردەگرن و رەنگە لە درێژخایەندا بە زەرەر تەواوبێ. کەماڵ و زۆربەی پەنابەرەکانی دیکە لەو بازاڕە رەش و شێواوەدا سەریان شێواوە و نازانن چۆن بەڕەی خۆیان لەو ئاوە لێڵە دەرکێشن. کەماڵ لە ماوەی کارکردندا لە ستۆکهۆڵمدا ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیست دەبینێ، کە لە رادیۆ دەنگی شۆڕشی ئێراندا هەموو رۆژێ باسی لۆپزی ئەمریکای لاتینیان دەکرد، کە وەک کرێکارێک دەچەوسێتەوە. ئەوان ئەمڕۆ خاوەنکارن و پەنابەرە دەستبەتاڵەکانی دیکە دەچەوسێننەوە و هێزی کاری هەرزانی ئەوان دەکڕن. رێژەی کاتژمێرەکانی کاری کرێکارەکان بۆ کۆمۆنیستەکانی دوێنێ و سەرمایەدارەکانی ئەمڕۆ شایانی بیرکردنەوە نییە. کەماڵ لە چەند چێشتخانە و خواردنەگەیەکدا لە سەر کێشەی حیزبایەتی و هەڵدانەوەی رووداوە کۆنەکان دڵگران دەبێت و کارەکە جێدێڵێ.

ناوبراو چەند جارێک لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران داوای لێدەکرێ، کە تێکەڵ بە تێکۆشانی سیاسی ببێتەوە و بە فەرمی ببێتەوە ئەندامی حیزب. ئەو باوەڕی بەو شێوازە لە کوردایەتی و حیزبایەتی نەماوە، بەڵام بەرپرسانی کۆمیتەی داوادەکەن، کە پارەی ئەندامەتی بدات و سەرقاڵی ژیانی خۆی بێت. ئەگەر جێژنێک یان خۆپێشاندانێک کرا وێڕای خەڵکی دیکە دەتوانێ بەشداربێ. ئەو هاوینە شەڕی نیوان لۆردەکانی شەڕ لە باشووری کوردستان خەستتر دەبێ و لە پێناوی یەکتر شکاندندا پەنا بۆ تورکییە، ئێران و عێڕاق دەبەن. مەسعود بارزانی کە لە هەولێر دەرپەڕێندراوە و لە جۆغڕافیایەکی دیاریکراودا کۆکراوەتەوە لە دەرفەتێکی گونجاو دەگەڕێ، بۆ ئەوەی هەولێر لە بن دەستی یەکيتی نیشتمانی دەربێنێ. یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرکردەکانی لە پێناوی تەنگەتاوکردنی پارتی بارزانی لە گەڵ ئێران دەسازێن و هێزەکانی ئێران هەتا هەیبەت سوڵتانی کۆیە دێن و تۆپبارانی بنکەکەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دەکەن. یەکێتی لە بەرامبەردا هێزەکانی بە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرەو باشووری دەگوازێتەوە و پارتی رادەگوشن. مەسعود بارزانی نامەیەکی پاراو و رێکوپێک بۆ سەددام دەنێرێ و داوای هێز دەکات و لە ٣١ی ئابدا هەولێر دەگرنەوە. هێزەکانی یەکێتی و سەرکردەکانی لە بەرامبەر ئەو هێرەشەدا تاسان و بە ئاسانی کوردستانیان چۆڵ کرد و لە سەر سنووری رۆژهەڵات و باشوور بنکەیان کردنەوە. دوای تێپەڕینی ماوەیەکی کورت هێزەکانیان رێک دەخەنەوە و بە هاوکاری ئێران دێنەوە خوارێ و هەتا دێگەڵە ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵ کردەوە. پارتی دێموکڕاتی بارزانی لە گەڵ تورکییە هاوبەند و لە گەڵ بەغدا سازاو و لە گەڵ ئێران کۆنەیارە. هەڵەکانی تاڵەبانی و یەکيتی نیشتمانی کوردستان زۆر و بۆر بوون و پارتی دیموکڕاتی کوردستان زیاتر لە هەموو لایەنەکان سوودیان لەو هەڵانە وەرگرت. ماوەیەک هێزەکانی پەکەکە و یەکێتی لە شەڕ دژی پارتی هاوبەند بوون و تورکییە و پارتیش لە بەرامبەردا هاوسەنگەر بوون. ئەو رووداوانە کاریگەری زۆری لە سەر کوردەکان و بە تایبەت کوردی رۆژهەڵات بەجێهێشت. ئەوان لە ئاکامی هاتنی هێزەکانی رێژیم بۆ سەر بنکەکانی دێموکڕات لە کۆیە گەیشتنە ئەو خاڵەی، کە ناکرێ وەک رابردوو درێژە بە خەباتی چەکداری بدەن. ئەو رووداوانە رۆژانە لە ستۆکهۆڵم دەنگدانەوە و رەنگدانەوەی جیاوازیان هەیە. کەماڵ و بەشێکی زۆر لە کۆنە پێشمەرگەکان هەست دەکەن، کە خەریکە لە کوردستان زیاتر نوقمی کاری حیزبایەتی دەبن و کۆبوونەوەکان، جێژنەکان و هەروەها خۆپێشاندانەکان لە رابردوو گەرمترن. ئەوان هەست دەکەن، کە لە چنگی کوردایەتی ناکرێ رابکەن و ئەگەر بۆ ئاسمانیش سەفەربکەن لە کوردبوون ناکرێ خۆیان بدزنەوە. کوردایەتی ناسنامەیەکی پڕ لە ژان و ئازارێکی نەبڕاوەیە، کە لە سەر شانوپیلی ئەو کوردانە قورسایی دەکات، کە بیردەکەنەوە.

لە سوئێد ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەژین. ئەو وڵاتە بۆ کوردەکان بە کوردستانێکی خەنجیلانەی باوەشی سکاندیناڤیا پێناسە دەکرێت. کوردەکان رەنگاوڕەنگن و هەیە لەو وڵاتە بە ناوی نووسەر یان هەڵبەستوان خۆی لە کوردان کردۆتە پاڵەوانی پێنووس و وشە. ئەو سەردەمە نووسین و داڕشتن بەنرخە و هەر کەسێک لاپەڕەیەکی رەش دەکردەوە بە ئاسانی ئاوڕی لە خەڵک ناداتەوە. کوردەکان لە دەرەوەی کوردستان زیاتر لە نێوخۆ بە سەر هێزە سیاسییەکاندا دابەشبوون. ئەوان لێرەش زۆر نەگۆڕاون و بە کولتور و شێوازی کوردستان لە گەڵ یەکتر هەڵسوکەوت دەکەن. کوردەکان توانای گوێگرتن لە یەکتریان نییە و ئەگەر لە گەڵ کوردێک یان حیزبێکی کوردی هاوبیر و هاوڕا نەبووی، بە شێوەیەکی درێژخایەن دڕدۆنگی دەکەوێتە نێوان و تۆمەتبارکردن و یەکتر شکاندن سەردەکەوێ. کۆنە پەنابەرەکان بە شێوازێکی وەستایانە و شارەزایانە حیکایەت و چیرۆکی ئەو کوردەکان بۆ پەنابەرە تازەهاتوەکان دەگێڕنەوە. کەماڵ لە رێگای بەشێک لە کوردەکانەوە ناسیاوی زۆر دەدۆزێتەوە و کوردێکی زۆر لە ستۆکهۆڵم دەناسێ، کە سەر بە حیزب و رێکخراوی جیاوازن یان بێلایەن و نەبەستراوەن. کوردەکان سڵاوی رۆژانەیان بە چۆنیەتی بیرکردنەوەی تاکەکان گرێداوە و لە بەهەشتی کۆچبەران دا ئامادە نین رێز لە بیروڕای جیاوازبگرن. حیزبە کوردییەکان لە پەروەردەی تاکی کورد و هەروەها تاکێکی دەمارگرژدا سەرکەوتوون و ئەوان بە کردەوە لە گەڵ بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگا ناتەبان. چەپ رقی لە راستە، راست دژی چەپە، چەپەکان لە گەڵ یەکتردا نامۆن و راستەکان بە بوونی یەکتر تەنگەتاون. ئەوان لە بۆنە و یادەکانی یەکتردا بەشدارنین و خەونی خەراپ بە یەکتر دەبین. بەشێک لە کوردە پەرتەوازە و بە ناو پەنابەرە سیاسییەکان لە دەرەوە گۆڕاون و لە گەڵ رێژیمە سەردەستەکان سازاون و لە رێگای باڵوێزخانەکانەوە پاسپۆڕت وەردەگرن و وەک سەرداری سەرکەوتوو و بازرگانە بەختەوەرکان بەرەو وڵات دەڕۆنەوە. بەشێک لەو کوردانەی کە خۆیان یان ژنەکانیان هاتوچۆی ئێران دەکەن و بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگ و کڵاشی هەورامیی و زێڕەوە دەگەڕێنەوە، پێوەندییەکانیان سنووردار کردوە. کەماڵ لە گەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی بۆ تێگەیشتن لە دەنگۆکان و ساغکردنەوەیان چەند جارێک لە دەوروبەری باڵوێزخانەی ئێران لە ستۆکهۆڵم خۆپەنادەدەن. ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان و بە تایبەت ژنەکانیان بە تاکسی لەو شوێنە دادەبەزن و بۆ ئاشکرانەبوون لە گەڵ ئەو شۆفیرانە سواردەبن، کە کورد نین. ئەوانە پارەی سۆسیال و کاری رەش تێکەڵ دەکەن و لە وڵاتی خۆیان زەویی و باخی پێدەکڕن و ناوی ئەو قومارەش بە کاسبی پێناسەدەکەن. کەماڵ لە داخی زۆربوونی دەنگ و باسی کورد و کۆچبەرەکان لە گواستنەوە بۆ ستۆکهۆڵم پەشیمانە. ناوبراو لە کاتی تێپەڕاندنی کۆرسی شۆفیری باسدا لە گەڵ مامۆستایەکی سوئێدی ئاشنا دەبێ، کە ئەندامی حیزبی سۆسیال دێموکڕاتی سوئێدە. ئەو ژنە ناوی باڕباڕایە و ئەزموونی زۆری لە سەر کوردەکان هەیە و زۆر کورد لە دڵپاکی باڕباڕا کەڵکی خەراپیان وەرگرتوە. ناوبراو لە دەرد و ژانی کوردەکان تێدەگات و دەزانێ، کە ئەوانیش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە مرۆڤی جۆراوجۆریان هەیە. باڕباڕا لە گەڵ کەماڵ دۆستایەتیەکی پتەوە دادەمەزرێنێ و پێکەوە سەردانی شانۆ و فیلم دەکەن و هەروەها بە پاپۆڕ بۆ فینلەند و وڵاتانی ناوچە دەچن. باڕباڕا لە سەفەرەکاندا و هەروەها دیداری رۆژانە لە گەڵ کەماڵ لە سەر کورد زۆر قسەدەکات. کەماڵ لە کوردایەتی شەکەت و ماندووییە و بۆ رزگاربوون لە چنگی خەم و ژانی کوردبوون چەند پرسیارێک لە باڕباڕا دەکات. ئەو لە یەکەمین پرسیاردا سەرنجی باڕباڕا لە سەر کوردەکانی سوئێد دەپرسێ. پێش ئەوەی باڕباڕا وڵامداتەوە، لە ناوبراو دەپرسێ، کە ئەو وەک سوئێدییەک هۆکاری سەرنەکەوتنی کوردەکان لە خەباتدا چۆن هەڵدەسەنگێنێ. باڕباڕا داوا لە کەماڵ دەکات، کە پرسیاری ئاسانتر بکات و ئەو پرسیارانە پێویستیان بە خویندنەوە و لێکدانەوەی زۆرە و ناکرێ لە گوترە هەڵسەنگاندنی تێروتەسەل بکەم.

ئەمن ئەمڕۆ لە سەر یەکەمین پرسیار لە روانگەی خۆم و دۆستێکی ژنی هاوڵاتیم ئەزموونی خۆمانت لە سەر کوردەکان بۆ دەگێڕمەوە. کوردەکان مرۆڤی باش و ئیحساسین و زۆرتر لە رواڵەتی مەسەلەکاندا دەمێننەوە. ئەگەر راشکاوتر بدوێم، بە تێگەیشتنی من کوردەکان زۆر فیداکارن و ئامادەن لە سەر کەسوکار، مەڕوماڵات و تەنانەت زەوی و ماڵ بە گیان بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەوان لە کۆنەوە لە پێناوی خاک و مافەکانیاندا لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا خەباتێکی دژوار بەڕێوەدەبەن. رۆژێکی دیکە لەو پێوەندییەدا زیاتر دەدوێم. ئەزموون و دیتنەکانی خۆم و دۆستەکانم لە یەکتر جیاوازن. مرۆڤی خاوەن بەڵێن و راستگۆ هەتا مرۆڤی درۆزن و خەراپتر لە خەراپەکان لە نێو ئەو بازنەیەدا جێگایان دەبێتەوە. دۆستێکی قوتابخانەم هەیە بە ناوی کامیلا، کە دوو ساڵ لەوە پێش لە گەڵ کوردێکی ئێران ئاشنا دەبێ. کوردەکە بە رواڵەت مرۆڤێکی گونجاو و باش دەبێت، بەڵام رووداوەکان روخساری راستەقینەی ناوبراو دەردەخەن. لێرەدا باس لە ناوی کوڕەکە ناکەم و حەزناکەم تێکەڵ بەو چیرۆکانە بم، بەڵام پرسیارەکەت کراوەیە و گێڕانەوەی سوودبەخشە. کامیلا مرۆڤێکی دڵپاک و کراوە و دۆستی نەتەوەی کوردە، بەڵام مرۆڤی پاک زۆرجاران سزای کردەوەکانی وەردەگرێتەوە. کوردە رۆژهەڵاتییەکە مرۆڤێکی درۆزن و چەند روخساری دەبێت و لە رۆژانی یەکەمدا فێڵ لە کامیلا دەکات. ئەو بۆ وەرگرتنی پەنابەری لە گەڵ کامیلا تێکەڵ دەبێت. ناوبراو لە کاتێکدا لە گەڵ کامیلا دەژیت، بە شاراوەیی بە کولتوری کوردەواری داوا لە دایک و براکانی دەکات، کە ژنێکی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە و مارەی کەن. کامیلا ئاگاداری ئەو فرت و فێڵانە نابێ و نازانێ، کە هاوڕێکەی شەو و ڕۆژ پلان و بەرنامەی جیاوازی هەیە و هەر رۆژەی درۆیەک دادەتاشێ. دایک و بابی کوڕە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دڵخۆشن، کە کوڕەکەیان ژن دێنێ و هەوڵدەدەن، کچێکی خزمیان بۆ کوڕەکەیان بخوازن. سەرئەنجام خزمەکەیان رازیدەکەن و بۆ رێوڕەسمی مارەکردن داوا لە کوڕەکەیان دەکەن، کە دراوێک رەوانە بکاتەوە. کوڕە دوو ڕۆژان خۆی لە کامیلا نەخۆش دەکات و سەری دەپێچێ و خۆی لە نانخواردن دەبوێرێ. کامیلا لە دۆخەکە نیگەرانە و لە دۆستەکەی دەپرسێ، کە چۆنە ئاوا نەخۆشە و مەسەلە چییە. کوردە بە کامیلا رادەگەیەنێ، کە دایکی نەخۆشە و بۆ دوکتۆر پێویستی بە هەزار دۆڵاری ئەمریکییە و پێویستە بە دوو رۆژان ئەو پارەیە رەوانە بکرێ. کامیلا بیرێک دەکاتەوە و بەڵێن دەدات، کە ئێوارە پێکەوە دەچنە دەر و لە ژمارە حیسابەکەی پارەیەک رادەکێشن و دواتر ئەو دەتوانێ لە رێگای دوکان و بازارڕە شەرقییەکان پارەکە بۆ دایکی رەوانە بکاتەوە. کوڕە لە خۆشیان لە سەر قەنەفەکە راست دەبێتەوە و کامیلا ماچ دەکات و دەڵێ، تۆ فریشتەی ئەی قژ زەردی وڵات. کوڕە پارەکە رەوانە دەکات و کۆڕێکی گەورە بۆ مارەکردنی کچی خزمەکەیان دەگێڕن. دایکی کچە و خوشکەکانی لە خەیاڵی خۆیاندا شاد و بەختەوەرن و هەست دەکەن، کە کچەکەیان ماوەیەکی دیکە دەگاتە سوئێد و بارانەی پارە بەسەر حەوشەکەیاندا دەبارێ. کامیلا وتەکانی دۆستەکەی بە راست وەردەگرێ و هەموو رۆژێ لە بارودۆخی دایکی دەپرسێ و داوا دەکات، کە فێری کوردی بکات، بۆ ئەوەی بە تەلەفوون لە گەڵ ماڵەوەیان راستەوخۆ قسە بکات. کوڕە کوردەکە کە هەموو رۆژێک درۆیەک دەکات، ناوێرێ خۆی لە قەرەی ئەو کارانە بدات و بە سەری لێوان دەڵێ، کامیلا گیان ئەگەر چووینەوە بۆ کوردستان بە خوا قەسەم بە سێ مانگ کوردی فێردەبی. لە شاری خۆمان، زیاتر لە سەت خزم و دۆستمان هەیە و شەو رۆژ دەتوانی بۆ خۆت هەر کوردی فێربی. کوردەکە کامیلا قەرزدار دەکات و پارەکانی بە بیانووی جیاواز لە دەستی دەردێنێ. جارێک دەڵێ، بابم عەمەلیاتی چاوی بۆ دەکرێ و جارێک داوادەکات، کە خوشکەکەی مێردی دەکات و دەبێ پارەیەکی بۆ رەوانە بکەن. ساڵێک و دوو مانگ تێدەپەڕێ و لە رێگای نامە و کاسێتی ویدۆیی چیرۆکەکە ئاشکرا دەبێ. کوڕەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەچێتە شارێکی باکوری سوئێد. لەو ماوەیەدا پاکەتێک پۆست دەگاتە ئادرەسی کامیلا و کوڕەکە. کامیلا نامەکە ناکاتەوە، بەڵام کاسێتەکە کە کراوە دەبێت بۆ تاقیکردنەوە دەخاتە سەر ویدۆکە. لە شاشەی تەلەویزیۆنە چاردە ئینجیەکەوە مۆسیقا و ژنانی خۆرەنگێندراو دەبینێ، کە لە دەوری کچێک و کورسیەکی خاڵیدا کۆبوونەوە. لە بەردەم کورسییەکدا وێنەی کوڕە هاوڕێکەی دانراوە و دایک و خوشکەکەی، کە تەنیا بە وێنە دیتوونی، لەو ژوورەدا بە گەرمی لە جوڵەدان. کامیلا دوو جار چاو لە فیلمەکە دەکات و بە تەواوەتی دڵنیادەبێ، کە کوردەکە تەنیا بۆ پارە و وەرگرتنی قبوڵی نیشتەجێبوون لە سوئێد لە گەڵیەتی. ناوبراو کۆی قسە و درۆکانی دۆستەکەی لە ماوەی رابردوودا دێنێتە بەرچاو و رەخنەی زۆر لە کردەوەکانی خۆی دەگرێ. کاتێک کوڕە کوردەکە لە سەفەر دەگەڕێتەوە چاوی بە پۆستەکە دەکەوێ و یەکسەر لە بەرچاوانی لادەبات. نامەکەش بە هەڵنەپچراوی هەڵدەگرێ و دڵخۆشە، کە کامیلا ئاگاداری هیچ نییە. کامیلا ئێوارە کە دەگەڕێتەوە ماڵ ناتوانێ هەستە دەرونیەکانی کۆنتڕۆڵ بکات و داوادەکات، کە ئەو نامە بکاتەوە و پێکەوە چاو لە فیلمەکە بکەن. کوڕە کوردەکە گومان دەکات، کە کامیلا چاوی لە فیلمەکە کردبێت، بۆیە بە بیانووی سەرهێشە و نەخۆشی خۆی لە داواکارییەکە دەزدێتەوە. کامیلا ئەوجارە وەک رابردوو پرسیار ناکات، کە بۆ نەخۆشیی و چۆن چارەسەری مەسەلەکان بکەن. دوو رۆژان کوڕە خۆی نەخۆش دەکات و کامیلا نانی خۆی لە دەرەوە دەخوات. ناوبراو دەخوازێ، کە راستییەکان لە زاری دۆستەکەی ببیستێ و کۆتایی بە چیرۆکی فێڵ و درۆکردن بێ. کامیلا رۆژی دواتر داوا دەکات، کە فیلمەکە بخاتەسەر و نامەکە بکاتەوە. کوڕە لە بەر درۆزنایەتی و خەجاڵەتی هیچ وتەیەکی بۆ گوتن نییە و لە کامیلا دەکەوێتە بیانوو، کە گۆیا پێوەندی لە گەڵ کوڕە کوردیکی دیکەد پەیدا کردوە. کامیلا لەو تۆمەتە توڕە دەبێت و یەکسەر تەلەفوون بۆ پۆلیس دەکات، کە مرۆڤێکی درۆزن و قۆڵبڕ لە ماڵەکەیدا دەژیت. پۆلیس لە ماوەیەکی کورتدا دەگەنە ماڵی کامیلا و کوردەکە دەگرن و کەلوپەلەکان دەست بەسەردادەگرن و کامیلا لەو کێشەیە رزگاری دەبێ. بە گوێرەی زانیارییەکانی کامیلا لە دادگادا ژنێکی دیکەش شکایەتی لە سەر ئەو دۆستەی کامیلا تۆمارکردوە و داوای قەرەبووکردنەوەی سەت هەزار کڕۆنی سوئێدی دەکات. بە وتەی کامیلا، ئەو کوردە خۆی لە دزگیرانە مارەکراوەکەش دزیوەتەوە و پاش بەندکران بە سەرگەردانی لە شەقامەکانی ستۆکهۆڵم دەسوڕێتەوە.

باڕباڕا درێژە بە گێڕانەوەی چیرۆکەکان دەدات و دەڵێت، کەماڵ دۆستێکی دیکەم هەیە، کە لە بانک کاردەکات و ناوی یوتتایە. ئەو لە باڕێکدا لە گەڵ کوردیکی عێڕاق ئاشنا دەبێ، کە خۆی بە کارمەندی حکومەتی هەرێم دەناسێنێ، کە لە هەولێر خاوەنی چەند کۆمپانیایەکی گەورەن. ئەو کوڕە لە مانگی یەکەمدا رۆژانە یوتتا بۆ خواردنگەکان بانگ دەکات و ئێواران دەچنەباڕ. پاش تێپەڕینی دوو مانگ کوڕە کوردەکە داوا لە یوتتا دەکات، کە باوکی مردوە و دەگەڕێتەوە هەولێر و پێویستی بە پارەیەکە، کە گەڕایەوە دەیداتەوە. یوتتا بە کارتی بانکەکەی٥٠ هەزار کڕۆنێک رادەکێشێ و کوڕە خۆی توڕە دەکات. یوتتا بۆ راگرتنی دڵی هاوڕێ کوڕدەکە پەنجا هەزاری دیکەش رادەکێشێ، بەڵام سوودی نابێ. سەرئەنجام پارەیەکی دیکە رادەکێشێ و رادەستی کوڕە کوردەکەی دەکات. شەوی پێش سەفەر دەچنە باڕ و هەتا یوتتا دەچێتە تەوالیتی باڕەکە کارتی بانکەکەی یوتتا لە جانتاکە دەردێنێ. بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، کوڕەکە مەشرووبێکی زۆر داوا دەکات و لە گەڵ یوتتا دەیخۆنەوە و دواتر داوای تاکسی دەکات ولە گەڵ یوتتا دەچنەوە ماڵ. یوتتا هەتا بەیانی ئاگاداری کارتی بانکەکەی نابێ و کوڕە کوردەکە بە شەو دەڵێ، کورێکی برادەری تەلەفوونی بۆ کردوە و لە نێو شار تووشی شەڕهاتوە و بە تاکسی دەچێت و دەگەڕێتەوە. لە کاتی چوونەدەردا لە بانکە ئوتوماتیکەکاندا بە کارتی یوتتا، کە ژمارە نهێنیەکەی دەزانی پارەیەکی زۆر رادەکێشێ و دواتر دەچێتە ئەو باڕەی کە لە گەڵ یوتتا لەوێ بوون و کارتەکە بەردەداتەوە بن مێزەکان و دەڕواتەوە ماڵێ. شەو لە گەڵ کامیلا تێپەڕدەکەن و بەیانی زوو بەرەو فڕۆکەخانەی ئارلاندا دەڕوات. لە چەند دووکانێکی پارە گوڕینەوە پارەکانی دەکاتە دۆڵاری ئەمریکی و بە فرۆکەیەکی رووسی دەچێتەوە دەمیشق. کامیلا بەیانی چاو لە جانتاکەی دەکات و کارتەکەی نادۆزێتەوە و لە هاوڕێکەی بەگومان دەبێ. ئێوارە پێوەندی بە باڕەکەی شەوی رابردوو دەکات و کارتەکەی دەدۆزێتەوە. بۆ دڵنیابوون لە کارتەکەی لە بانکێکی ئوتوماتیک چاو لە ژمارە حیسابەکەی دەکات و دەبینێ، کە پارەیەکی زۆر لە ژمارەکەی راکێشراوە. یوتتا گومانی تەواوی لەو کوڕە پەیدا دەکات و لە پۆلیس شکایەتی لێدەکات. لە گەڕانەوەدا لە سەر قۆڵبڕین و دەستبڕین دادگایی دەکرێ و سەرئەنجام ئاشکرا دەبێت، کە خەڵکی هەولێر نییە و نەک کۆمپانیا بەڵکو یەک دوکانی چووکیان لە باشووری کوردستاندا نییە و خەڵکی ناوچەی هەولێر نییە. باڕباڕا بە گێڕانەوەی چیرۆکەکان خەمی کەماڵی زیاتر کردن، بۆیە لە کۆتایی ئەو چیرۆکەدا ئاشکرای دەکات، کە بە داخەوە بەشێکی زۆر لە نەتەوەکانی دیکە و تەنانەت سوئێدیەکان ئەگەر بۆیان بگونجێ لەو فێڵانە دەکەن.

کەماڵ ئاماژەدەکات، کە ئاگادارە بەشێک لە کوردی باکور کە خاوەنی ژن و منداڵن بۆ کاردێن و لێرە بە جۆرێک ژیانی هاوبەشی کراوە پێکدێنن و پارە بۆ ئەولا دەنێرتەوە. نەتەوەکانی دیکەش لە هیندی، چینی و رۆژئاواییەکان و هەموو لایەک چاک و خەراپی تێدایە. باڕباڕا ئەمن بەشێکی زۆری تەمەنم لە دوورە وڵاتی و خەبات لە پێناوی نیشتماندا بردۆتە سەرێ، بۆیە پێمخۆشە تۆش لە سەر پرسیاری دووهەم وردکردنەوە و رۆانگەی خۆت هەبێ. باڕباڕا داوادەکات، کە سەرەتا قاوەیەک بخۆنەوە و دواتر درێژە بە چیرۆکە ناخۆشەکان بدەن. باڕباڕا لە سەرەتادا رادەگەیەنێ، کە ئەو نە کارناسە و نە شارەزا، بەڵکو مرۆڤێکی ئاسایی، کە بە تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی خۆی بابەتەکان دەخوێنێتەوە. بێجگەلەوە، ئەو لە رێگای پارتی سۆسیال دێموکڕات و هەروەها ئەو پەنابەرانەی کە لە سوئێد دەژین زانیاری زۆری لە سەر خەباتی گەلی کورد کۆکردۆتەوە. ناوبراو رادەگەیەنێ، کە ئێمە وەک سوئێدییەکان باوەڕمان بە مافی گەلان و مرۆڤەکان هەیە و لەو سۆنگەیەوە رێز لە ویست و داخوازی کوردەکان بۆ دەستەبەرکردنی پرسی مافی چارەی خۆنووسین دەگرین. کێشەی کوردان و زۆر نەتەوەی ژێردەست لە یەکتر دەچن و تاکەکانیان بە ئاسانی لە گەڵ یەکتر ناگونجێن. ئەمن لە شوێنی کارەکەم لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تێگەیشتووم، کە هەستی نەتەوایەتی و نیشتمان خۆشەویستی کوردان لاوازە و بناخەیەکی پتەوی نییە. چەند کەسێک راستگۆیانە کوردن و لە پێناوی کوردایەتیدا خەباتیان کردوە، بەڵام زۆربەی کوردەکان بە دڵ لە گەڵ کوردایەتی و مافی کوردان گونجاونین. کوردم دیتوە، لە ماوەی دوو حەوتوودا لە دوو روانگەی جیاواز باسی هاوکارە کوردەکەی کردوە. کوردی بە ناو سیاسیم دیتوە، کە باوەڕی بە وتەکانی خۆی نەبوە و گۆیا لە رێبەرایەتی حیزبێکی کوریدا خەبات دەکات. ئەو زانیاریانەی من رەنگە هەڵە بن، چوونکە ئەمن لە کوردستاندا نەژیاوم و تەنیا لێرە لە گەڵ کوردەکاندا ئاشنا بووم. کەماڵ، لێرە لە سوئێد و لە رۆژئاوا بە راستی خەڵکێکی زۆر کورد ناناسن. ئەمن سەرنجم داوە، کە هەموو حیزبەکان خۆیان بە رێبەری بزوتنەوەی کورد دەناسینن، بەڵام ئەوانە قسە لە گیرفانی خۆیان دەردێنن. ئەو حیزبانە لە دەرەوە کار دەکەن و لە نێو خەڵکی خۆیاندا نین و تەنیا بە مێدیا و وتەی لایەنگرانیان، نوێنەری کورد لە پارچەیەک یان هەموو کوردستانن. درووشم و شوعارە نووسراوەکانی حیزبە کوردییەکان لە ستۆکهۆڵم چەند روخساری لاوازی کوردەکان نیشان دەدەن. یەکەم، کورد خەراپ لە خەبات بۆ ئازادی گەیشتوە. خەبات بۆ ئازادی بە مانای داسەپاندنی وێنەی سەرکردەی پارتێک یان دەرپەڕاندنی لایەنگرانی حیزبە سیاسییەکانی دیکە نییە. خەبات بۆ ئازادی بە مانای خەبات بۆ قبوڵکردنی نەیارە سیاسییەکانت و هاتنەوە لە گەڵ ئەوانەی کە بە پێچەوانەی تۆ فکردەکەنەوە. ئێمە لێرە خاوەنی یاسایین و هەڵبژاردن دەکەین، کەس ناوێری خۆی بە نوێنەری هەموو سوئێدیەکان بانگ بکات و ئەوانی دیکەش بە خایین و لادەر لە رێبازی نەتەوەیی بناسێنێ. زۆربەی سەرکردە کوردەکان بە داخەوە لە بازنەی کولتوری نەتەوە و دەسەڵاتە سەرڕۆکاندا پەروەردە بوون و بە کردەوە ئازادیخوازی راستەقینە نین. ئەوەتا لە کوردستانی عێڕاقدا تاڵەبانی و بارزانی لە سەر کورسیەکانی خۆیان و پارەی میللەت چ شەڕێکیان بەرپاکردوە. لە دونیادا نەدیتراو و نەبینراوە حیزبێک بۆ شکاندنی حیزبێکی دیکەی گەلەکەی پەنا بۆ ئەرتەشی بێگانە بەرێت و پێکەوە شار و شارۆچکەکان داگیربکەن. بە باوەڕی من، زۆربەی سەرکردە کوردەکان بە کردەوە شایانی سەرکردایەتی خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی نین و تەنیا وەک کاسبی درێژەی پێدەدەن و بە هەڵە ئەو خەباتەیان دەستپێکردوە. لە لایەکی دیکەوە، تاکی کورد بە تاکێکی بارگاوی کراو بە ژاوەژاوی سیاسی دەناسم، کە لێرەش ناتوانن لە چوارچێوەی یاسا باوەکاندا بیربکەنەوە. ئەو تاکانە، بەستێن و ژینگەی سازبوونی دیکتاتۆرییەتی تاکە کەسیی یان حیزبی سازدەکەن و رێگا نادرێ رەخنەگرەکان و مێدیای ئازاد لە سەر کاکڵەی رووداوەکان بدوێن. سەرەڕای ئەوە، کورد توانای لە بیرمانی مێژووی لاوازە و کەسیک دەتوانێ ئەو ساڵ خەیانەت لە کوردەکان بکات و دوای دە ساڵی دیکە ئەو کوردە ببێتە سوپێڕ شۆڕشگێڕ و رزگاریدەری کوردان. بە واتایەکی دیکە، ئەو کوردە جیاوازی نێوان خەباتکارە نیشتمانییەکان و هەروەها چەکدارە کرێگرتەکانی دەوڵەتە سەردەستەکان نازانێ و خزمایەتی و سیستمی عەشایەری و هەروەها بەرچاوتەنگی جۆراوجۆر بەرچاوی تاکی کوردی مژاوی کردوە. کورد درۆزنە سیاسییەکان و سیاسیە راستگۆکان لە بێژینگ نادات و راستەخۆ بە حیزبە سیاسییەکان راناگەیەنەنێ، کە ئەو کەس و حیزبانە لە سەر هێڵی راستەقینەکە دەرچوون. رەنگە کولتوری خۆپاراستن لە سەر کوردەکان کاریگەریی هەبێ و کوردەکان مەبەست و نییەتی دڵ نەڵێن و لە ژێر ناوی خۆگونجاندندا لە گەڵ خۆیان و دەورەبەردا درۆبکەن. ئەو سیاسەتە لە درێژخایەندا نەوەیەکی خوار پەروەردە دەکات، کە کردەوە و سیاسەتەکانیان لە قازانجی نەتەوە و دەوڵەتە سەردەستەکانە. لەوانە گرینگتر ئەوەیە، کە ئێوە زمانی هاوبەشتان نییە. کوردەکان لە زمانی یەکتر ناگەن و لێرە لە شوێنی کاردەکەم، کوردەکان بە سوئێدی لە گەڵ یەکتر دەدوێن. ماشەڵڵا کە کوردێکی تورکییەیە بە ئاشکرا دەڵێت، کە هیچ لە سۆرانی نازانێ و ئەگەر بە کورمانجی عێڕاق و ئێرانیش قسەی لە گەڵ بکەن هێشتا کێشەی زۆری لە تێگەیشتندا هەیە. کورد رەنگە ئۆگری بە خویندنەوە زۆر کەم بووبێ و زیاتر قسەدەکات. کوردەکان بە گوێگرتن و خوێندنەوە زۆر ماندوو دەبن، بۆیە مێژوو و رووداوەکانیان کەمتر تۆمار کردوە. حسێن پشدەری ساڵێک لەوە پێش دەیگوت، شەوان کە چاو لە کتێبی هەڵبەست و گۆرانیش بکات، یەکسەر وەک خواردنی دەرمانی خەو چاوەکانی گران دەکات و دەیخەوێنێ. ئەو دوو خولەک گوێی دەگرت، بەڵام دە خولەک قسەی دەکرد. باسی نەورۆز و جێژنی قوربان و رەمەزانی دەکرد، بەڵام باسی یاسای هاتۆچۆی سوئێدی نەدەکرد. لە جیاتی خوێندنەوەی کتێبی یاساکانی هاتۆچۆی سوئێد حەزی لە کتێبی مێژووی ستۆکهۆڵم دەکرد. کوردەکان دەبێ شکان و سەرکەوتنەکانی خۆیان بە فۆڕم و شێوازێکی راستەقینە بنووسنەوە و لە تۆمارکردنی لاوازییەکانیان نابێ شەرم بکەن. لە نوێنەرانی پارتی بارزانیم بیستوە، کە شۆڕشەکەیان سەرتاپا سەرکەوتن بووە و چیرۆکی ١٩٧٥ بە کەوتنێکی سادە پێناسەدەکەن. ئەوان حەزناکەن، کە ئەو شکستە گەورە بکەوێتە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوە و لایەنە لاوازەکانی بۆ دۆست، نەیار و دوژمن ئاشکرابێ. کوردەکان بە کولتوری هۆز و عەشیرەت لە سیاسەت دەڕوانن، بۆیە تێگەیشتنێکی لاوازیان لە زانستی سیاسەت و هونەری سیاسەت هەیە. نەتەوەکان لە قۆناخی رزگاری خاوەنی یەک وتاری نەتەوەیین، بەڵام کوردەکان لەو رۆژگارە سەختەدا زیاتر لە سوئێد حزبیان هەیە. لە یەکێک لە دۆستەکانی سۆسیال دیموکڕاتم بیستوە، کە حیزبی کوردی هەیە، کە لە دە ئەندام پێکدێت. بە یاسای ئێمە ئەوان کۆمەڵەی کولتوری یان کۆمەڵەی دیکەن و حیزب نین، بەڵام لە کوردستاندا حیزبایەتی بە بیزنێس دەچێ. لە کوردستاندا حیزب و پارتە چەپ و راستەکان بە دیالۆگ لە گەڵ یەکتر نادوێن و زۆر بە توندی کێشەکانیان بە چەک یەکلادەکەنەوە. لە نێو کوردەکاندا لە ستۆکهۆڵم ئەندامی حیزبی کمۆنیست هەیە، کە خۆی بە پارێزەر و برابەشی مارکس دەزانێت و بە تێگەیشتنی ناوبراو لەو دونیایەدا یەک کەس لە مارکسیزم تێدەگات، کە خۆیەتی. ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکییە داوکاری گەورەیان لە ئێمە هەیە و دەخوازن باڕباڕا و سوئێدیەکان ببنە ئەندامی ئەوان و لە مەیدانی سەرەکی ستۆکهۆڵم دروشم و سلۆگانی بژی سەرۆک و بمرێ دوژمن بڵێنەوە. ئیدارەی حیزبە کوردییەکان و هەروەها رێکخراوەکانیان لاوازن و ئەوان بە فۆڕمی کلاسیک و کۆن هەڵسوکەوت دەکەن و گوێ لە دەنگ و رەنگە جیاوازەکان ناگرن. دەنگە رەخنەگر و جیاوازەکان لە مەیدانی سیاسەت و تەنانەت ئەدەبدا بە ئاسانی پەراوێز دەخرێن و سووک دەکرێن. نووسەر و رووناکبیرەکانتان یەک رەهەندین و لێرە تێناکۆشن زمانی سوئێدی فێربن و بەشێک لە کولتوری ئەو وڵاتە لە رێگای ئەدەبیات و وێژەوە بۆ سەر زمانی خۆیان وەرگێڕن. روناکبیرەکانتان چاوەڕوانی فەرمانی بەرپرسانی حیزبن و لە دۆزینەوەی رێگاچارەکاندا سەربەخۆنین. ئەوان بۆ رزگاربوون لە تەنیایی و هەروەها دەرکەوتن لە مێدیایی حیزبەکاندا وتار و نووسراوەکانیان بۆ لاگیریکردن لەو حیزبانە تەرخان دەکەن، کە هێز و پارەیان هەیە. بژاردەی کۆمەڵگا ئەرکی گەورەی لە سەر شانە، بەڵام لە کوردستاندا ئەو ئەرکە لەبیرکراوە. لە کوردستاندا نازانم کوردەکان چۆنن، بەڵام بیستوومە کە چەک بۆ رێژم هەڵدەگرن، سیخوری دەکەن و دژی نەتەوە و خاکی خۆیان دەجوڵێنەوە. مەلا ئاینیەکانتان ئازانین و لە گەیاندنی پەیامەکاندا ترسەنۆک و دەسەڵاتپارێزن. ئەوان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا مشەخۆرن و خۆیان بە خەڵکی بەخێودەکەن. ئەرک و کاری ئەوان گۆیا تەنیا پێشنوێژکردن، سەرەخۆشی و ژن مارەکردنە. ئێمە ئەو کارانە بە ئەرک و وەزیفەی لاوەکی دەزانین و پێشڕەوانی ئایینی لە خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتیدا لە ریزی پێشەوەن و ناکرێ خۆیان بە دوو قسەی لابەلا بدزنەوە. ئێوە هەڵەکانتان دووپات دەکەنەوە و لە تەجروبەی گەلانی دیکە کەڵک وەرناگرن. زۆربەی حیزبەکان سیاسەت بە مامەڵەی کۆن و کەلاسیک لێکدەداتەوە، کە پێویستە خێرە گەورەکە بۆ خۆت مسۆگەر بکەیی و ئاگاداری سودە گشتییەکانی سیاسەت نین. ئەوان ئەخلاق و سیاسەت، دیپلۆماسی و دەڵڵاڵی سیاسیان تێکەڵکردوە و بەشێک لەوان لە گەڵ بکوژی سەرکردەی کورد لە پارچەکانی دیکە نان و کەباب دەخۆن و یەکتر ماچ دەکەن. ئەو رۆژە ئەندامێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانم دیت، کە باسی لە دیداری بکوژی دوکتۆر قاسملو لە باشووری کوردستان دەکرد، کە لە گەڵ مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی دیداری دۆستانە رێکدەخەن و لاچاوی یەکتر ماچ دەکەن. گەلانی دیکە لە گەڵ یەکتر هێندە ناڕاست نین و بکوژی هاوڕێکانیان لە ئامێز ناگرن. لە کوردەکانی ئێران بیستوومە، کە پارتی دێموکڕاتی کوردستان و بارزانی لە کاتی هاتنە سەرکاری خومەیەنی چەند ساڵ لە گەڵ پاسدار و بەسیجییەکان شەڕی کوردی رۆژهەڵاتیان کردوە. ئەگەر ئێوە خەڵکی وڵاتانی دیکەی دونیا بوونایە، بێگومان ئەو سەرکردە و حیزبانە بە یاسا دادگایی دەکران و خەیانەتی نیشتمانی لە هیچ بنەماڵە و تاکە کەسێک قبوڵ نەدەکرا. کوردەکان ئەگەر هیچ نەکرا، هەڕەشەی گەورە دەکەن، کە بە یاسای وڵاتانی رۆژئاوایی ئەمە تاوانە و لە سەرت حیسابە. حیزبە کوردییەکان بە کورتی لە سەر بناخەیەیکی خەراپ و وێران دامەزراون و بە ئاسانی چاک ناکرێن. ئەگەر خوازیاری سەرکەوتنن، رێگاکە دیارە و هیممەت و تێکۆشانی دەوێت. شۆڕش بە خەڵک دەکرێ و بە چەند هەزار کەسێک لە رۆژئاوا و سەر سنوورەکان شۆڕش ناکرێ. ئەمڕۆ جیهان گۆڕاوە و سەردەمی ئێمە بە بەراورد لە گەڵ سەردەمی سەرکەوتنی شۆڕشی کوبا و لیبی جیاوازە. پڕیشکە ئاگرەکەی مائۆ، لەو ساڵانەدا ناتوانێ هیچ ئاورێک بکاتەوە و ویست و داخوازی خەڵک گۆڕاوە. ئێوە ویستەکانتان رەوان، بەڵام چۆنیەتی کارکردن بۆ دەستەبەرکردنیان و هەروەها تاکتیک و ستراتیژی خەباتەکە لاوازن. تاکی کورد، کۆی کورد و حیزب و ریکخراوەکانیان پێویستیان بە تێڕوانینێکی تازە هەیە و دەبێ خۆیان و ئەوانی دیکە پێناسەبکەنەوە. بە باوەڕی من سوئێدی بە هەموو مانایەک سوئێدییە و کورد بە هەموو سیغەیەک هەر کوردە. ئەگەر کورد، خۆی بە ئێرانی، تورکی، عێڕاقیی و سوری پێناسە بکات، مانایەک بۆ کوردبوون نامێنێتەوە. ئەو رستەیە زۆر گران نییە، بەڵام کوردەکان لەو هاوکێشەیە ناگەن. ئەوان دەتوانن بڵێن کە کورد بوون و کورد دەبن، بەڵام لە سنووری وڵاتانی تورکییە، ئێران، عێڕاق و سوریەدا لە سەر خاکی خۆیان بە دابەشکراوی دەژین. کوردەکان خۆیان نازانن کێن و لە کوێوە دێن، بۆیە ئاسان نییە لەو گۆڕەپانەی جیهاندا یار و یاوەر بۆ خەباتەکەت دەستەبەر بکەی. کوردەکان لە گەڵ یەکتردا لۆژیکیان لاوازە و بە چاوی سووک لە کارەکانی یەکتر دەڕوانن. لە حیزبی ئێمەدا لە سوئێد سەرنجمان داوە، کە کوردی پارچەکان و تەنانەت حیزبەکانی یەک پارچە لە دیالۆگ و قسەکردندا سەروگوێلاکی یەکتر دەشکێنن، بۆیە ئەو رێگایەکی خەراپە. کورد هەیە لەو ستۆکهۆڵمە خۆی بە هەمە کارە دەزانێ و ئەگەر باسی ماسی و دەریاچەکان بکەی، وەک شارەزا خۆی دەڕەنگێنێ. ئێمە لە سوئێد رێز لە بیروڕای یەکتر دەگرین و فێرکراوین، کە بە گوێرەی شارەزایی خۆمان لە سەر رووداوەکان بدوێین. ئەو قسانەی کە من ئەمڕۆ بۆ تۆیان دەکەم، وتە و لێکدانەوەی مرۆڤێکی ئاسایین و ناچنە خانەی کەسیکی شارەزا و خاوەن ئەزموونی لێکۆڵینەوە. ئەمن لەو بارەوە شەرم ناکەم، کە مرۆڤیکی شارەزا نیم و ئەوە راستییە، بەڵام زۆربەی کوردەکان لەو بارەوە هەست بە شەرم دەکەن، ئەگەر شتیک نەزانن. ئێوە نابێ کولتوری نەتەوە باڵادەستەکان دووپات بکەنەوە و دووبارە کولتوری یەکتر چەوساندنەوە و شکاندنی شکۆی مرۆڤ تاقی بکەنەوە. کولتوری سیاسی یەکجار گرینگە و لە بیرتان بێ، کە حیزبەکانتان لە گواستنەوەی کولتوری دەوڵەمەندی رۆژئاوا بۆ کوردستان سەرکەوتوو نەبوون. ئەوان حیزبەکانیان وەک دەوڵەتێکی بچکۆڵە دەناسن، کە خاوەنی ئابوری، هێزی چەکدار، راگەیاندن، پێوەندیی و تەنانەت بەندیخانەن. لە کۆتاییدا ئاماژە دەکەم، کە کورد و کوردستان بە کوردەکان رزگاردەبێ. ئێمە دەتوانین پاڵپشت و پشتیوان بین و ئێوە دەبێ لەو رەوتەدا خاوەنی پلان و بەرنامەی شەفاف و لاق لەسەر زەوی بن. ئێوە بە ژمارە زۆرن، بەڵام ئەو ژمارانە پێکەوە کۆکراوە نین و خاوەن ئیرادەی یەکگرتوو نین. ئەگەر کوردەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستان یان لە یەک پارچە خۆیان داوای مافەکانیان بکەن و بە شێوازی گونجاو لە سەر ویست و داخوازەکانیان راوەستاو بن، بێگومان رۆڵ و نەخشی هێزە کوردییەکان گەورەتر دەبێت و دەوڵەت بە کردەوە لە گەڵ ویستی خەڵک دەستەویەخە دەبێت. سیاسەتی رێژیم لە ئێران و باقی دەوڵەتەکانی زاڵ بە سەر کوردستان دا کەڵک وەرگرتن لە هێزی نیزامی و بەکارهێنانی گرتن، کوشتن و تۆقاندنە. کوردەکان تا رێژەیەک لەو مەیدانەدا خۆڕاگریان کردوە، بەڵام کاتێک رێژیم دەسەڵات و هێزی زیاترە، بە کردەوە نەخشەی سیاسەت دادەڕێژن و خەڵک و هێزە سیاسییەکان لە یەکتر جیادەکەنەوە. رێژیمەکان لە هەڵبژاردنەکاندا رادەگەیەنن، کە خەڵک دەنگی بە نیزامی سیاسی دایەوە و جوابی هێزە سیاسییەکان نادەنەوە. کەماڵ بە بیستنی لێکدانەوە و روانگەکانی باڕباڕا دڵگەرم دەبێ و داوادەکات، کە ئەو رەخنانە بۆ نووسین دەبن و خۆزگە ئێمە لێرە و لە کوردستان مرۆڤی رەخنەگر و وردبینمان دەبوون. ئێمە لە دۆخێکی دژواردا دەژین و ناتوانین رووداوەکان بە تەواوەتی لێک بدەینەوە و تۆمەتی جۆراوجۆرمان لێدەدرێ. ئەگەر ئەمن لە سەر کورد بنووسم و رەخنەبگرم، بە هاودەستی لە گەڵ دوژمنانی کورد تۆمەتبار دەکرێم.

دۆستایەتی و پێوەندی باڕباڕا و کەماڵ قوڵتر دەبێت و کۆتاییەکانی حەوتوو سەردانی یەکتر دەکەن. کەماڵ لەو ماوەیەدا لە فێربوونی زمانی سوئێدیدا گەشەی بەرچاوی کردوە. ناوبراو ماڵئاوایی لە کاری رەش دەکات و ئەو کارانە دەکات، کە بە شێوەیەکی ئاشکرا پارەی مانگانەی دەدرێتێ. ئەو سەرئەنجام لە گەڵ باڕباڕا تێکەڵ دەبن و ژیانی هاوبەش دەست پێدەکەن. کەماڵ بۆ دووربوون لە رەخنەی نیزیکان و ماڵەوە و هەروەها روانگەی ئایینی و کولتورییەکان باڕباڕا لە رێگای مەلایەکی سوننەی شافعی مارە دەکات. ئەوان رێوڕەسمێکی خەنجیلانە دەگرن و بەمجۆرە ژیانێکی ساکار دەست پێدەکەن. کەماڵ لە رێگای تەلەفوونەوە ئاگاداری بارودۆخی دایک و باب و خوشکەکانیەتی و بە پارە یارمەتیان دەدات. باڕباڕا و کەماڵ بۆ هاوینی داهاتوو بەنیازن سەردانی تورکییە یان باشووری کوردستان بکەن و ماڵەوەیان بە تێکڕایی ببینن. مام کەریم، پورە زارا، لەیلا و شیرین لە گەڵ هاوسەرەکانیان ئارەزوی سەردانی ئیستانبوڵ دەکەن و ساغدەبنەوە، کە لەو شارە بۆ دیداری هاوین خانووییەکی سەربەخۆ بگرن و ماوەی مانگێک لە دەوری یەک کۆببنەوە. دایک و بابی باڕباڕا لە گەڵ کەماڵ گونجاون و شەوانی زستان و پاییز زۆر گوێ لە چیرۆکی کوردان دەگرن. لەو رێگایەوە زمانی کەماڵ باشتر دەبێ و ئەو دەرفەتە بۆ زۆربەی پەنابەران دەست ناکەوێ. دایک و بابی باڕباڕا لە سەر داب و نەریتی کورد و کولتوری ناوچەی لە دایکبوونی کەماڵ پرسیاری زۆر دەکەن. کەماڵ وێنەی رێوڕەسمی شایی و کاسێتێکی وێدۆ بۆ ماڵەوە رەوانە دەکات و خوشکەکانی و دایک و بابی وێڕای میوان و جیرانە نیزیکەکان سەیری دەکەن. بەشێکی زۆر لە ژنانی خزم و جیرانەکان پرسیار لە پورە زارا دەکەن، کە ئەو کچە ناوی چییە و ئایا نوێژان فێربووە؟ بە چ زمانێکی قسە دەکات و چەندە پابەندی داب و نەریتی کوردەوارییە؟ لە گەڵ کەماڵی چۆن لە یەکتر تێدەگەن؟ منداڵەکانیان لە داهاتوو چ زمانێک فێردەبن و رەنگی چاو و قژیان چۆن دەبێت؟ پورە زارا بە پێکەنینەوە بە ژنەکان دەڵێت، کە بە سەری ئێوە ئاگاداری هیچ نیم و ئەوەندە دەزانم ناوی باڵباڵایە. نازانم دەرمانی کردوون یان نا، بەڵام خوا هەڵناگرێ پێستی جوانە و قژی زەرد و جوانە. ئاڵتونی خاڵە مینەی لە پورە زارا دەپرسێ، کە باڵباڵا کچی ماڵەوە بوە یان بێوەژن؟ پورە زارا سوێنددەخوات، کە ئاگاداری لە سەر ئەسڵ و نەسەبی باڵباڵا نییە و ئینشاڵڵا ئەگەر هاوینێ چوونە تورکییە دەتوانن باڵباڵا ببینن و بە وردی پرسیاری لێبکەن. کاتێک میوانە نیزیک و خزمەکان چاو لە فیلمی شایی کەماڵ و باڕباڕا دەکەن و لەسەر باڕباڕا و خەڵکەکە قسەدەکەن و کۆمێنتی راستەوخۆ دەدەن. ئەوان دەڵێن، باڵباڵا چاویکی شین و باڵایەکی بەرزی هەیە و خۆزگە موسڵمان دەبوو. خۆزگە زمانی کوردی دەزانی و قسەمان لە گەڵ دەکرد. مام کەریم جاروبار تورە دەبێت و دەڵێ، ئەئ لەو ژنانە! قەدیمیەکان گوتوویانە، کە گڵی دوور دەرمانە. ژن هەر ژنە و چاوی رەش و شین دەڵێ چی؟ بە غەوسی گەیلانی ئەو ژنانە ئاگایان لە دنیا نییە و نازانن، کە خوا مرۆڤی بە رەنگی جیاواز سازکردوە.

کەماڵ لە یەکێک لە شیرکەتەکانی شاری ستۆکهۆڵم باس لێدەخوڕێ و باڕباڕاش لە ناوەندی فێرکردنی شۆفیری ئوتۆبیلی گەورە و باسەکاندا کاردەکات. ئەوان لە بەشێک لە جێژنە کوردییەکاندا بەشداری دەکەن. کەماڵ لە کۆبوونەوەی کۆمیتەکاندا چالاکە و لە هێندێک لە کۆبوونەوەکاندا پێشنیاری گونجاو دەخاتەڕوو. ژمارەیەک لە هاوکارەکانی پێشنیارەکانی بە بیانووی جۆراوجۆر پشتگوێ دەخەن و گرینگی بە بۆچوونەکانی نادەن. کەماڵ ماوەیەکی زۆر چاوپۆشی لە تێڕوانینی هاوکارەکانی دەکات، بەڵام ناوبراو هەست دەکات، کە بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو مرۆڤانەدا گونجاو نییە. ناوبراو لە گەڵ دەفتەری نوێنەرایەتی حیزب لە پاریس پێوەندی دەگرێ، بەڵام ئەوانیش هیچ ناکەن. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات دێتەدەر و دوای رەوتی یەکگرتنەوەی دێموکڕاتەکان سەردانێکی سوئێد دەکات. کەماڵ لەو کۆبوونەوەیەدا روانگەی خۆی لە سەر چۆنیەتی ئیدارەکردنی کاروباری رێکخستنی حیزب لە دەرەوە دەردەبڕێ و ئاماژە بە ناکارایی بەشێک لە ئەندامەکان دەکات. رەوتی رووداوەکان نیشانی دەدات، کە کۆبوونەوەکان چارەسەر نادۆزنەوە و بابەتەکان وەک رابردوو دووپات دەبنەوە. کەماڵ ماوەیەک لە کۆبوونەوەکان دا بەشداری ناکات و بە مەبەستی دیداری بنەماڵەکەی لە گەڵ باڕباڕادا بەرەو ئیستانبوڵ سەفەر دەکەن.

لە نێو کوردەکانی ستۆکهۆڵم و ئەندامانی حیزبدا ئەندامێک دژایەتی پێشنیارەکانی کەماڵی دەکرد. ئەو کە ساڵانێکی دوور و درێژە لە سوئێد دەژیت، هێشتا لە قسەکردن بە سوئێدی کێشەی هەیە. ناوبراو بە کەماڵ و هەروەها هاوسەرەکەی توڕەیە و بە بیانووی ئەوەی، کە ئەوان لە گوترە رەخنە و پێشنیار دەکەن زۆر دژایەتی لە گەڵ پێشنیارەکانی کەماڵ بۆ کاروباری رێکخستن لە سوئێد دەکات. بە باوەڕی ئەو برادەرە، کەماڵ گوێ لە باڕباڕا دەگرێت و دواتر لە کۆبوونەوەکان دا فکر و بیروبۆچوونی باڕباڕا بە زمانی کوردی بە گوێی بەشداربوەکاندا دەچرپێنێ. ئەو ئەندامەی حیزب لە کاتی دیتنی بەرپرسانی حزیبدا ئەو لۆژیکە باس دەکات. یەکێک لە بەرپرسەکان لە وڵامدا دەڵێت، مادام باڕباڕا ئەوەندە شارەزا و لێزانە و کەماڵی دەرس دادەدات، بۆچی ئێوە بەقسەی ناکەن. پێشنیاری چاک و باش لە هەر زار و دەستێکەوە بکرێن جێگەی رێزن و دەکرێ پڕاکتیزە بکرێن. ئەندامەکەی حیزب دژایەتی ئەو بیرۆکەیە دەکات و رادەگەیەنێ، کە ئەوان ناتوانن هەر کاتێک ئاویان خواردەوە پرس بە کەماڵ و باڕباڕا بکەن. باڕباڕا و کەماڵ لە دانیشتنێکی دۆستانەدا رەخنە لە بەڕێوەبەرانی کۆمیتە دەگرن، کە کۆبوونەوە و تێکۆشانیان زیاتر بۆ کوردەکانە و خەڵکی سوئێد بۆیان گرینگ نییە، کە چ هونەرمەندێکی کورد لە جێژنی دووی رێبەنداندا بەشدار دەبێ. ئەگەر مەبەستتان بڵاوکردنەوەی زانیاریی و تێگەیاندنی هاوڵاتیانی سوئێدی و خەڵکانی دیکەی نیشتەجێی سوئێدە باشترە، کە بە زمانی خەڵک بدوێن و بە کولتوری ئەوان رێوڕەسمەکان بەڕێوەبەرن. باڕباڕا کە چەند جارێک میوانی سوئێدی لە گەڵ خۆی بۆ جێژنەکان بردوە، بە دەست پرسیاری میوانەکان گیری خواردوە. میوانەکان خوازیاربوون، کە وردە زانیارییەک لە سەر کورد و ئەو رووداوە وەرگرن، کە کەمتر ئەو دەرفەتە هەڵکەوتوە و خەڵکەکە بە گشتی یان هەڵپەڕیون یان خەریکی وینەگرتن بوون. کەماڵ باوەڕی وایە، کە ئەرکی پێشمەرگایەتی بە مانای کۆن لە ئورووپا بۆ کوردەکان کۆتایی دێت و رۆژئاواییەکان بەوە سەرسام نابن، کە ئەمن لێرە کەڵاشەی هەوارمی لەبەر کەم یان جلوبەرگی کورد بەکاربێنم. ئەوان کە ژن و کچەکانی ئێمە دەبینن، کە غەرقی زێڕ و پۆڵەکە و ئارایشتی تۆخن، هەست دەکەن، کە ئێمە تەنیا چاو و هەستەکانمان کار دەکەن و لۆژیکی ژیان و بیرکردنەوەمان سەقەتە. خەڵکی ئێمە منداڵەکانی ئازاد کردوە و بە بیانووی ئازادیی و خودموختاری تاکە کەسی ئاگاداری کێشە و پێداویستیەکانیان نین. ئەوان منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی نەکردوە و کوردەکان لە یەکتر دوورن و لە بازاڕەکاندا لە یەکتر لادەدەن. بەشێک لەوان ئامادە نین لە نێو بازاڕەکاندا یەکتر ببینن و ئەگەر بۆیان بگونجێ بەیانیان یان ئێواران سەردانی بازاڕەکان دەکەن. منداڵەکانیان کە دەگەنە یەکتر سڵاو لە یەکتر ناکەن و ئەگەر دەرفەت بێنن دوو جنێوی تەڕ و تازە بە یەکتر دەدەن. کاکە ئەمن پارەی بە هونەرمەندی کورد نادەم هەتا بەیانی خەڵکم بۆ هەڵپەڕێنێ! ئەمن وەک کۆمیتەی حیزب کاری دیکە دەکەم و با رێکخراو و ناوەندێکی کولتوریی یان بازرگانی گورانیبێژ و هەڵپەڕکەچییەکان بە یەکتر بگەیەنێت. ئەندامانی کۆمیتەی حیزب لەو رەخنانە توڕەن و زۆربەیان رادەگەیەنن، کە خەڵک بۆ حیزبایەتی نایەن و زۆربەیان بۆ هەڵپەڕکە و دیداری یەکتر دێن. ئەوان کەماڵ بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە تازە هاتوە و ئاگاداری بارودۆخی وڵات نییە. بە باوەڕی ئەوان چەند ساڵێک بۆ ژیان لە وڵاتێکدا کەمە و مرۆڤ بە بیست ساڵ ئەوجار تەونی کولتوریی خەڵک و رایەڵکەی هاوکاری لایەنەکان تێدەگات. کەماڵ و باڕباڕا لە سەر ئەو باوەڕەن، کە پرسی کوردان بە ئاسانی چارەسەر ناکرێ و هەر کەسە بە جۆری تێگەیشتنی تاکە کەسی سەرچۆپی خەباتەکە دەکێشێ، بۆیە گەیشتن بە ئامانج بە هاوکێشەیەکی دژوار پێناسەدەکەن.

باڕباڕا باوەڕی بە چاکبوونی بارودۆخەکە لە سوئێد نییە و هەست دەکات، کە کۆمەڵگە لە کوردستان پێویستی بە ئاڵوگۆڕ هەیە. ئەو لە کەماڵ دەپرسێ، کە ئەو کەسانەی لە رۆژاوا داوای پەنابەری دەکەن، ئایا مرۆڤی خوێندەوار، سیاسی و خاوەن تێڕوانینی سیاسین یان کەسانێکی کارنەکەر و یاساشکێنن. کەماڵ مرۆڤەکان پۆلێن و بەچەند دەستەیەکیان دابەش دەکات. ژمارەیەک لەو کۆچبەرانە لە سەر بناخەی کاری سیاسیی و پێشمەرگایەتی قاچاخ بوون و ئەوانە لە گەڵ خۆیان و دەوروبەردا راستگۆن. دەستەیەکی دیکە، لە رێگای ژیانی هاوبەش و هەروەها یەکگرتنەوەی بنەماڵە دێنە رۆژئاوا. ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە پێناوی پەیداکردنی پارە و هەروەها بریقە و خۆشیەکانی رۆژئاوادا پەنا بۆ سوئێد و وڵاتانی دیکە دێنن. ئەوان خۆیان بە سیاسی پێناسە دەکەن و حیزبەکان تەئیدیان دەدەنێ، بەڵام لە گەڵ سیاسەت و کوردایەتی یەک ناگرنەوە. کۆمەڵە خەڵکێک هەن، کە لەسەر قومار، دزی، جەردەیی، فرۆشتنی ماددەی سڕکەر و تەنانەت دوژمنایەتی شەخسی و پیاوکوژی لە کوردستان رادەکەن و بە ناوی سیاسەت و بەشداری کردن لە خەباتی گەلەکەیاندا لەو وڵاتانە داوای پەنابەری دەکەن. سەرەڕای ئەو خەڵکە، کۆمەڵێکی بەرچاو لە بەر نەبوونی کار و خانوو پەنا بۆ کەیسی پەنابەری دێنن و دوای قبوڵکرانیان وەک پەنابەر بە پاسپۆرتی ئێرانی دەگەڕێنەوە وڵات و مەجلیسان بە نوکتە و قسەی سەیر و سەمەرە گەرم دەکەن.

کەماڵ و باڕباڕا بۆ بەسەر بردنی کاتێکی شاد بەرەو ئیستانبول دەڕۆن و کێشەی کوردەکانی سوئێد و حیزبایەتی بۆ خەڵکانی دیکە بەجێدێڵن. ئەوان لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شار خانوویەکی سەربەخۆ بەکرێ دەگرن. بە تەلەفوون مام کەریم ئاگادار دەکەنەوە، کە چاوەڕوانیان دەکەن. پورە زارا و مام کەریم ترش، بنێشتی کوردی، هەنگوین، مێوژ و گوێز، پەنیر و رۆنی خۆماڵی کۆدەکەنەوە. شیرین و لەیلا لە گەڵ هاوسەرەکانیان ئامادەی سەفەرن و بە سەرێکەوە بەرەو ورمێ وەڕێدەکەون. سەفەرێکی دوور و درێژە و خەڵک هێشتا لەو ناوچانە عادەتیان بە سەفەری دوورە وڵات نەگرتوە. لەو ناوچەیە دوورترین سەفەرەکان بۆ حەج بوون، کە حاجی بە هەزار جۆر بۆ دۆست و نیزیکەکانی دەگێڕایەوە. مام کەریم و زاواکانی وێڕای کچ و هاوسەرەکەی بەرەو ئیستانبول سەفەر دەکەن. ئەوان زمانی تورکی نازانن و زیاتر بە هاوکاری ئازەری زمانێکی هاوسەفەریان کارەکانیان رادەپەڕێنن. مام کەریم لە بەندیخانە زمانی فارسیی و هەروەها چەند رستەیەک ئازەری فێربوە، بەڵام دادی ئەو سەفەرەی نادات. موسافیرەکان بە هەزار زەحمەت خۆیان گەیاندە ئەستانبوڵ و لە کاڕێژی ئەو شارە تەلەفوون بۆ کەماڵ و باڕباڕا دەکەن. ئەوان چاوەڕوانی کەماڵ دەکەن و لە قاوەخانەکەی نیزیک کاڕێژەکە سەرقاڵی چاخواردنەوە و ساردەمەنین. باڕباڕا و کەماڵ دەگەنە گەراج و ماوەیەک بە پێ لە گۆڕەپانەکە دەوەستن، بەڵام خەبەرێک لە مام کەریم و ماڵەوەیان نییە. ئەوان چاوەڕوان پیاسە دەکەن و مام کەریم و هاوسەفەرەکانی لە ژووری قاوەخانەکە چاوەڕوانن، بەڵام نیگاکانیان بە یەکتر ناگات. مام کەریم و پورە زارا چەند جارێک پیاو و ژنێک دەبینن، کە جانتایەکی چوکەڵەیان لە شانە و قاتێکی رۆژئاواییان لەبەرە. مام کەریم لە قاوەخانەکە دێتەدەر و لە بەر دەرگاکە سەیرێکی ئەو پیاو و ژنە دەکات، کە بە زمانێکی نائاشنا لە گەڵ یەکتر دەدوێن. کەماڵ ئاوڕێک لە مام کەریم دەداتەوە و بابی دەناسێتەوە و بە باڕباڕا دەڵێت، کە چەند خولەکێک چاوەڕوان دەکەین و ئەمن ئەوانم دۆزیوەتەوە، بەڵام ئەوان نامناسنەوە. مام کەریم دەچێتە ژووری چاخانەکە و لەیلا و شیرین پرسیار دەکەن، کە بۆچی پرسیاری لەو پیاو و ژنە نەکردوە، کە ئەوان کێن. مام کەریم، لە کچەکان توڕە دەبێت و دەڵێ، ئەوان بە زمانێکی ئەوەندە سەیر قسە دەکەن، کە بۆ پرسین نابێ. ئێمە ساڵەهایە جیرانی تورکانین، بەڵام شەوی رابردوو ئەگەر ئازەریەکانمان لە گەڵ نەدەبوون، بێگومان سەفەرەکەمان کێشەی تێدەکەوت. پورە زارا سەر بە شوشەی قاوەخانەکەوە دەنێت و سوێند دەخوات، کە ئەو ژنە باڵباڵایە و دەڵێ، کەریم ئەوە کەماڵ گۆڕاوە و لە خاریجەی هاتۆتەوە، بۆچی خۆی ئاشکرا ناکات. لە سەردەشت چەند ژنێک دەیانگوت، کە ئەو کوڕ و کچانەی ئاوی خاریجەی دەخۆنەوە زۆر بێرووحم دەبن و لە ئیسلامەتی و کوردایەتی دەشۆرێن. بابم، بە خودای خەریکە کوڕەکەی خۆم ئەو بەڵایەی بەسەردێت و دایکی خۆی ناناسێت. کاکە، کە منداڵ بوویین مەلا یوسف زۆر باسی نیزکبوونەوەی ئاخیری زەمانی دەکرد، کە دایک و منداڵ لە یەکتر دوور دەکەونەوە. مەلا یوسف لە ماڵی بابم سوێندی دەخوارد، کە ئاخری زەمانە و هەموو نیشانەکانی ئەو سەردەمە دەرکەوتوون و تەنیا خۆرهەڵاتن ماوە، کە قەرارە بە حوکمی خوا لە رۆژئاوا هەڵبێت. مام کەریم لەو تەمەنەدا و لە سەفەردا بە قسەی ژنان توڕە دەبێ و لە داخان جنێو بە مەلا یوسف دەدات. شیرین و لەیلا لە گەڵ هاوسەر و منداڵەکانیان لە خۆشی هاتنەوەی براژنە پێست سپیی و قژزەردەکەیان بیر لە توڕە بوونی مام کەریم و وتەی دایکیان ناکەنەوە. کەماڵ لە گەڵ باڕباڕا لە دەرەوە لە قاوەخانەکە دەڕوانێت و جاروبار دەستێک بۆ قاوەخانەکە رادەدێرێ، بەڵام سوودی نییە. ئەوان دەچنە ژووری قاوەخانەکە و کەماڵ لە سووچێکەوە لە خوشکە و دایک و باوکی دەڕوانێت. لەیلا بە دیتنی کەماڵی برای لە سەر تەختەی زەوی دەکەوێ و لە هۆش دەچێت. کارکەرەکانی قاوەخانە و خاوەن قاوەخانەکە دەگەنە سەر لەیلا و ئاوێکی سارد بە دەموچاوی دەپڕژێنن. کەماڵ و باڕباڕا لە گەڵ کارکەرەکان دەگەنە سەر سەری لەیلا و کەماڵ بانگی لەیلا دەکات. دوای تێپەڕبوونی چەند خولەکێک لەیلا چاو دەکاتەوە و باڕباڕا و کەماڵ دەبینێت، کە لە تەنیشتی دانیشتوون و بانگی دەکەن. پورە زارا و مام کەریم و شیرین کەماڵ و باڕباڕا ماچ دەکەن. کەماڵ لە گەڵ زاواکان تۆقەی دەکات و بەخێرهاتنیان دەکات و منداڵەکانی شیرین و لەیلا ماچ دەکەن. ماوەیەک لە قاوەخانەکە دادەنیشن و پشوویەکی کورت دەدەن و کە لەیلا بە تەواوەتی هاتەوە سەر خۆی پارەی قاوەخانەکە دەدەن و بە سواری دوو تاکسی دەچنەوە خانوە کرێیەکە. مام کەریم و پورە زارا و کچەکان لە خانوەکەدا پشوویەک دەدەن و بۆ ئێوارە خواردنێک سازدەکەن. ژیان لە ئیستانبوڵ بۆ ئەوانەی لە رۆژئاوا دەهاتنەوە هەرزانترە و کەماڵ و باڕباڕا لەو رۆژانەدا سەوزە و میوەجاتی جیاواز و شیرینی رەنگاوڕەنگیان بۆ میوانەکان کڕیوە. پورە زارا شەوی یەکەم لە کەماڵ دەپرسێت، کە ئایا باڵباڵا نوێژان دەکات و دەزانێ، کە شایەتی بەحەق بێنێ؟ کەماڵ بە گاڵتە وڵام دەداتەوە، کە باڕباڕا قورئانی خەتم کردوە و بەنیازە لە داهاتوودا لە مزگەوتێکی ستۆکهۆڵم ببێتە مەلای ژنان! پورە زارا سەت رەحمەت بۆ دایک و بابی باڕباڕا دەنێرێ و شوکری خوای دەکات، کە بوکەکەی ئیماندار و خاوەن دەست و چاویکی خاوێنە. ئەوان ماوەیەکی خۆش بەسەر دەبن و شەوانە هەتا درەنگ یادی رابردوو دەکەنەوە. مام کەریم، داوا لە باڕباڕا دەکات، کە ئەگەر چۆوە سوئێد فکرێکی بۆ بکات و ژنێکی بۆ بدۆزێتەوە. پورە زارا سەربەخۆ بە قسەکانی مام کەریم دەهری دەبێت و دەڵێ، پیرە کێ مێردی بەتۆ دەکات. ئەو ژنە جوان و چاوشینانە چۆن بە تۆ رازی دەبن. پورە زارا قسەی بۆ گوتن زۆرن، بەڵام لە گەڵ باڕباڕا زمانی یەکتر نازانن و کەماڵ تەنیا ئەو بابەتانە وەردەگێڕێتەوە، کە پرسیارخوڵقێن نەبن. دایکی چەند جار پرسیار دەکات، کە ئایا باڵباڵا پێشتر لە گەڵ سەگ ژیاوە یا نا؟ کەماڵ ئەو پرسیارە فەرامۆش دەکات و باڵباڵا تێدەگات، کە کەماڵ پەیامی دایکی ناگەیەنێ. پورە زارا کاتێک لە تەلەویزیۆنەکە سەگێک دەردەکەوێ بە کوردی دەڵێ، بوکە باڵباڵا ئەتۆ لە گەڵ سەگ عەو عەو ژیاویت؟ باڕباڕا پرسیار لە کەماڵ دەکات، کە ئەو پرسیارەی دایکی بۆ روونکاتەوە. ئەو تەنیا ئەوەندە دەڵێت، کە ٧ ساڵان لە ماڵدا سەگیان هەبوە و لە گەڵ سەگ ژیاون. پورە زارا لە مام کەریم دەپرسێ، باشە ئەو سەگانە وەک سەگی لای خۆمان گوڵاو نین؟ مام کەریم بە گاڵتە دەڵێت، بە خالقی ئەرز و ئاسمان ئەو سەگانە لە بەشێکی زۆر لە مەلاکانی ئێران باشترن. مەلایەکی فێڵباز لە ناوچەکەمان، لە دادگا بە دادوەری راگەیاند بو، کە بە مەستی ئەو قەباڵە و نووسراوەنەم واژوو کردوون. دادوەر پرسیاری لێدەکات، کە مامۆستایەکی ئایینی چۆن مەستی دەکات؟ سەگی رۆژئاوایی کەی ئەو فرت و فێڵە دەزانێ و چ سەگێک لە گەڵ خاوەنەکەی درۆ دەکات. خۆزگە سەگمان دەبوون، بەڵام سیخوڕ و بەسیجی نا. خۆزگە سەگمان دەبوون، بەڵام مەلای فێڵاوی نا. خۆزگە خەڵکی ئێمە راستگۆ دەبوو و قسەی زمان و دڵیان یەک دەبوو. پورە زارا دەستەکانی تەکان دەدات و دەڵێت، ئەو مەلا تەڕەماشەی باسی دەکەی، هەر بە ناو مەلایە و بە پێغەمبەری ئاخری زەمان بە قەدەر وەسیمی زاوامان لە ئیسلامەتی و قورئان نازانێ. کەس نا مەلای کوردی! ئەو مەلا فێڵبازانە بۆ ژنخوازی دەچنەماڵان، بەڵام کارەکە خوار دەکەن و داوا لە دایک و بابی کچە دەکەن، کە ئەگەر بە فڵانی رازی نین، ئێمە کوڕمان هەیە و بۆ خۆشمان ئەگەر ئێوە لوتف بکەن شوکور بۆ خوا دەتوانین ببینە زاواتان. کەریم، ئەگەر ئەو مەلا ریش پان و مەندیل رەشانە نەدەبوون، کاوەی کوڕم ئەمڕۆ لە گەڵ ئێمە دادەنیشت. هەتا لە ژیاندام، هەموو بەیانیان و ئێواران نەعلەت لە نیزامی مەلا ریشپانەکان دەکەم و لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە، کە ئەو جانەوەرە دڕندانە لە کۆڵ خەڵکی وڵات بکاتەوە. مام کەریم، کە وەک ئازادەیەک پارەی مانگانەی بۆ بڕاوەتەوە و چەند زەویەکی وەرگرتوە، زۆر حەز لە توک و دوعای پورە زارا لە مەلاکانی تاران ناکات و زیاتر رەخنە لە کوردان دەگرێت. ئەو لە سەر کاوەی کوڕی رەخنە لە دێموکڕات و کۆمەڵە دەگرێت، کە لەو کێوانە شەڕی ناڕەوای یەکتریان دەکرد و کوڕی خەڵکی هەژاریان بەکوشت دەدا. برینە کۆنەکانی مام کەریم قەتماغەیان نەبستوە و بە بیستنی خەیانەتی کوردەکان لە یەکتر و هەروەها شەڕی حیزبەکان لە گەڵ یەکتر دەکولێنەوە و ژانەکانیان تازە دەبێتەوە. مام کەریم، لە کۆنەوەی کێشەی لە گەڵ جۆری حیزبایەتی کوردان و خوار و خێچی سەرکردەی حیزبەکان لە گەڵ خەڵک و پێشمەرگەکان هەبوە. ئەو لە تەمەنی خۆیدا رۆژگاری ناخۆش و پڕ لە کارەستانی زۆر دیتوون و لە سەر دەستی کوردە چەکدارەکانی کورد کە بە فوڕسان بە ناوبانگبوون، دە ساڵی رەبەق لە بەندیخانەکانی عێڕاقدا ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری بەسەربرد. کەماڵ بەشێک لە چیرۆکەکانی باوکی بۆ باڕباڕا وەردەگێڕێتە سەر زمانی سوئێدی. باڕباڕا لە فرۆشتنی کوردەکان بە دەستی یەکتر و هەروەها بازرگانی کردنی حیزبە بە ناو سیاسییەکان بە ناوی کوردایەتی و دیپلۆماسی بە کوردی پارچەیەیکی دیکە دڵگرانە. شیرین و لەیلا لە گەڵ باڕباڕا بە کوردی قسە دەکەن و لە گەڵ ناوبراودا گەرم و گوڕن. خواردن و چێشتی رەنگاوڕەنگ بۆ براژنەکەیان لێدەنێن. باڕباڕا لە تەزبیحەکەی مام کەریم و پورە زارا دەڕوانێ، کە دوای نوێژکردن دەنکەکانیان بە دوای یەکترا رادەدەن و ناوی ئەڵڵاهوئەکبەڕ، لائیلاهە ئیللاڵڵا و ئەستەغفیروڵڵا دەڵێنەوە. پورە زارا لە دوای نوێژکردن دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و لە خوا دەپاڕێتەوە، کە منداڵەکانی سڵامەت بن و مەرگی هیچیان نەبینێ. ئەو ناوی باڕباڕای بە تەواوەتی بۆ گۆناکرێ و هەر بە باڵباڵا بانگی دەکات و لە پاڕانەوەکانیدا داوا دەکات، کە خوای گەورە کوڕێک بە باڵباڵا و کەماڵی بداتێ. کاتێک کەماڵ ئەو دوعایەی دایکی بۆ باڕباڕا وەردەگێڕێتەوە، باڕباڕا دەپرسێ، بۆ کوڕ؟ ئەدی کچ! پورە زارا بە کورتی رادەگەیەنێ، کە فەرقی کچ و کوڕان نییە، بەڵام هەر خۆشە خودا کوڕانت بداتێ. ئەمن دوو کوڕم هەبوون و خودا دانەیەکی بە پەلە بردەوە. رۆڵە کەماڵ ئەگەر کوڕتان بو، بە ناوی کاوەی بکەنەوە. وەسیمی مێردی لەیلا و حەمەدەمینی هاوسەری شیرین بەو دیدارە زۆر شادن و لە خەمی شار و خەڵک دەرچوون و لە شاری گەورەی ئیستانبولدا بە پێ، باس و تاکسی دەگەڕێن و لە جوانیەکانی ئەو شارە تێرنابن. وەسیم کچ و کوڕێکی لە گەڵ لەیلا هەیە و شیرین و حەمەدەمین کورێکیان هەیە و کچی خالیدی بردۆتەوە ماڵی نەنکی. ئەو منداڵانە ئەو رۆژانە لە گەڵ باربارا یاری جۆراوجۆر دەکەن و لە بازاڕ کەلوپەلی گەمەی منداڵانیان یەک کیسە بۆ کڕیون. کەماڵ و باربارا رۆژانی کۆتایی بە نۆبە خوشک و زاواکانیان دەبەنە بازاڕ و دیاریی و هەدیەیان بۆ دەکڕن. مام کەریم و پور زارا دوارۆژ دەبەنە نێوشار و زۆر دیاری بەنرخیان بۆ دەکڕن. سەرەڕای ئەو دیاریانە، هەر کەسەو سەت دۆڵاری ئەمریکایی دەدەنە میوانەکان و هەتا کاڕێژی ئیستانبول هاوڕیەتیان دەکەن. لەو دیدارە وێنە و گرتەی زۆری ویدۆیی دەگرن و بەشێک لە وێنەکان دەشۆنەوە لە نێوان میوانەکاندا دابەشیان دەکەن. باڕباڕا و کەماڵ دوو رۆژێکی دیکە لەو شارە تێپەڕدەکەن و بە کۆڵێک بیرەوەری و دیاری دەگەڕێنەوە سوئێد. باڕباڕا چەند دەست کەراسی رەنگاوڕەنگی بە پشتێند و دەستماڵەوە بۆ هاتوە. سەرەڕای ئەوە، بازنە و گوارەی زێڕ و زۆر دیاری دیکەیان بۆ هێناوە. ترش، رۆنی خۆماڵی، هەنگوین، گوێز و گەلێک خواردەمەنی ویشکراویان بۆ باڕباڕا و کەماڵی هێناوە.

کەماڵ هێشتا ئەندامی حیزبە و بە وتەی خۆی، ناوبراو گیرۆدەی مادە سڕکەرەکان، شەراب و ئەڵکۆڵ و جگەرە نییە، بەڵام لە داوی کوردایەتی و حیزبایەتی کەوتوە. ئەگەر خۆی لە کوردایەتی و حیزبایەتی دەشارێتەوە، رەنگە رەخنەی لێبگرن، کە بە دوای ژنێکی سوئێدی کەوتوە و ناو و ناوبانگی خۆی لەبیرکردوە. ناوبراو لە گەڵ بەشێکی زۆر دۆست و ناسیاوانی باس لە تاڵ و سوێری کوردبوون دەکەن، کە بەداخەوە لە سەر شانوپیلی ژمارەیەک کەم لە کوردەکانە. شەڕی گەرمی نێوان پارتەکەی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی کۆتایی هاتوە، بەڵام شەڕی ساردی ئەوان رەنگە بە ئاسانی کۆتایی نەیەت. هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە بە گریللا دەناسرێن لەو ساڵەدا لە گەڵ هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی دەکەونە شەڕ. لە ئاکامی شەڕی نێوان پارتەکەی تاڵەبانی و ئوجالاندا خوینێکی زۆر دەڕژێ. سەرەتای ساڵی ١٩٩٩ عەبدوڵڵا ئوجالانی سەرۆکی پارتی کڕیکارانی کوردستان لە کێنیا رفێندرا و برایەوە تورکییە. ئەو رووداوە بۆ کوردەکانی تاراوگە و نێوخۆ تاڵە و بە وتەی کەماڵ سەرکردەکانی حیزبە کوردییەکان یان لە سێدراەدراون یان گیراون و دوورخراونەوە یان تیرۆرکراون. کوردە رۆژهەڵاتیەکان ئەزموونی تاڵیان لە گەڵ فارس و دەسەڵاتدارانی ئێران هەیە. ئەوان لە کۆنەوە لە سەر مێزی دانیشتن و هەروەها بە فرت و فێڵ پێکراون، بۆیە لە ناوچەدا باوە، کە دەسەڵاتدارە فارسەکان بە لۆکە گەردنت دەبڕن. گیرانی عەبدوڵڵا ئوجالان لە نێو کوردانی تاراوگەدا بە باسێکی نەتەوەیی پێناسەکرا و لە زۆربەی وڵاتان دژ بەو کردارەی تورکەکان خۆپێشاندان بەڕێوەچووبوو. کەماڵ لە ستۆکهۆڵم وەێڕای زۆر کوردی رۆژهەڵاتی و پارچەکانی دیکەی کوردستان لە پێناوی بەرگریکردن لە گرتن و فڕاندنی عەبدوڵڵا ئوجالان خۆپێشاندان دەکەن. باڕباڕا لە سەر پارتی کرێکاران روانگەی زۆر ئەرێنی نییە، بەڵام پاڵپشتی خەباتی رەوای کوردەکان لە هەموو کوردستانە. ئەو لە کتێبخانەکەی خۆیدا کتێبێکی هەیە بە ناوی ئۆڵۆف پاڵمێ تەقەی لێکرا، کە نووسەرەکەی لە کەیسی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئۆڵۆف پاڵمێدا ماوەی ساڵێک کاری کردوە. ناوبراو ئاماژەدەکات، کە رووداوەکەی بۆ ساغ نەکراوەتەوە، بەڵام تێڕوانین و لێکدانەوەکانی خۆی لەو پێوەندییەدا لە کتێبێکدا کۆکردۆتەوە. باڕباڕا ئەو کتێبەی خویندۆتەوە و هێشتا زۆر پرسیاری گەورەی لە سەر کردار و رەفتاری پارتە کوردییەکان لە گەڵ ئەندامەکانیان هەیە. لەو کتێبەدا باسەکە لە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان و پەیام و رەمزەکانی کادرەکانی ئەم پارتە لە سکاندیناڤیایە، بۆیە کەوتوونەتە نێو بازنەی گومانەکان. لەو ساڵانەدا پارتی کرێکارانی کوردستان لە بروکسێل کۆنگرەی بە ناو نەتەوەیی سازکردوە و خاوەنی کاناڵی تیفی سەتەلایتە. خەباتی ئەوان لە باکوری کوردستان رەهەندی سیاسی تێپەڕاندوە و تێکەڵ بە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و فرە رەهەندی کوردەکان بوە، بۆیە مەیدانی مانۆڕدان و جوڵەیان زیاترە. باڕباڕا لە کۆمەڵێک لە رەخنەگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان زانیاری جۆراوجۆری لە سەر پێوەندی ئەو هێزە لە گەڵ دەسەڵاتی دەمشق پەیداکردوە.

باڕباڕا و کەماڵ لە پەنا جیهانی کار و سیاسەت بەرەو پێدەشتەکانی یەکەی کۆمەڵگا هەنگاو هەڵدەگرن. ئەوان لە کۆتایی سەدەی بیستەم نیزیک دەبنەوە و خۆیان بۆ سەرەتای سەدەیەکی تازە ئامادە دەکەن. ژمارەی ساڵەکان دەگۆڕێن و لە هەناوی گۆڕاندا ژین و ژیان دەگۆڕێن. گەڕی ژیان لە سەر تۆپی زەوی تەمەنێکی کۆن و بێ ئەژماری هەیە، بۆیە مرۆڤەکان لە بەردەم تەوژمی ئاڵوگۆڕە گەورەکاندا ناچارن خۆیان بگونجێنن. باڕباڕا ئەو ژنەی، کە ئەمڕۆ چاوەڕوانی منداڵ دەکات، رۆژانێک لە سەر تەختەی دانیشتی پۆلی خویندن و لە بەردەم هاوڕێ کچەکانیدا باسی ترسی بوونە دایک دەکات. ئەو تاقانەی ماڵە و ترس و سامی منداڵبوون بە میراتێکی ژێنێتیک وەرگرتوە. دایکی باڕباڕا ئەو نهێنییە بۆ کچەکەی ئاشکرا ناکات، چوونکە دەترسێت، کە کچەکەی لە ترسان وەچە نەخاتەوە و هەتا کۆتایی قۆناخی منداڵبوون ژیانی هاوبەش سازنەکات. باڕباڕا لە رۆژانی چاوەڕوانیدا چەند مانگی یەکەم کار دەکات، بەڵام سێ مانگی کۆتایی قۆناخی چاوەڕوانی پشوو وەردەگرێ و چاوەڕوانی ژیانێکی تازە دەکات. دایک و بابی بەو رووداوە دڵخۆشن و ئەوانیش بە ئاواتەوەن لە گەڵ نەوەکەیان لە شاری یاری کاتێکی خۆش بەسەر بەرن و رۆژانی خانەنشینی بە بوونی نەوەیەکی چاوگەش تێپەڕبکەن. ئەوان ئەوەندە شادن، کە بەشێک لە کەلوپەلی کۆنی باڕباڕایان لە ژوورێکدا بڵاوکردوە و کەلوپەلی تازەشیان کڕیوە و چاوەڕوانی هاتنی نەوەکەیان دەکەن. کەماڵ بۆ هێنانی دایک و بابی داوەتنامەیەکی رەوانەکردوە و مام کەریم و پورە زارا لە تاران سەردانی باڵوێزخانەی سوئێدیان کردوە. ئەوان بۆ ماوەی سێ مانگ ویزای سەفەریان پێدراوە و خۆیان بۆ سەفەر ئامادە دەکەن. زارا لە فڕۆکە دەترسێت و شەو و رۆژ دەپاڕێتەوە، کە فڕۆکەکە نەکەوێتەخوار و لە ئاوی بەحر و دەریاکاندا پەرت و ورد نەبێت. مام کەریم بۆ ئارام کردنەوەی دڵی پور زارای هاوسەری بەڵێندەدات، کە ئەگەر فڕۆکەکە لە تاران و ستۆکهۆڵم بە سەلامەتی نیشتەوە، یەک مەولودی بکەن. خەڵکی ئەو سەردەمە بە خێر و مەولوودی کردن دڵخۆشن و بە تێگەیشتنی ئەوان، لە خۆگرتنی مەولودی یان قوربانی لە رێژەی مەترسییەکان کەم دەکاتەوە و مرۆڤ لە بەڵا و موسیبەت دەپارێزێ. مام مەولود بە جلوبەرگی کوردیی و بە جەمەدانی هەڵبەستراو سواری فڕۆکەکە دەبێت و پورە زاراش بە شێوازی کۆنی کوردەوار جلوبەرگی ژنانەی لەبەرکردوون. ئەوان لە فڕۆکەدا چاوکراوەن و لە گەڵ ئەوەی شارەزا و خاوەن ئەزموون نین، بەڵام چاو لە خەڵکی دیکە دەکەن، کە بە ئەزموون دێنەبەرچاو. ئەوان تەزبیحە قەزوانەکانیان بە دەستەوە گرتوە و پێش ئەوەی فڕۆکەکە بجوڵێت سوڕەتی ئەلفاتیحە دەخوێنن و مام مەولود ئایەتولکورسی دەخوێنێ و فوو بەدەور و بەری خۆیدا دەکات. کاتێک کارمەندە خزمەتکارەکان لە سەرەتادا بە دەست ئاماژە بە دەرگای خۆرزگار کردن و هەروەها ئامێری هەناسە هەڵکێشان دەکەن، پورە زارا بە چاوێکی پڕ لە نیگەرانی و ترسەوە چاو لە کەریمی هاوسەری دەکات. فڕۆکەکە دەور دەگرێ و بە خێراییەکی توند بە سەر رێگا ئیسفاڵتکراوەکەدا دەڕوات و لە پڕ بەرەو ئامێزی ئاسمان بەرز دەبێتەوە. کەماڵ لە فڕۆکەخانەی ئارڵاندا چاوەڕوانیان دەکات و باڕباڕا لە ماڵەوە خواردن بۆ میوانەکان ئامادە دەکات. مام کەریم و پورە زارا بۆ چوونە ئاوەدەست و هاتنەدەر لە ئاودەستی فڕۆکەکە کێشەیان دەبێت، بۆیە داوا لە کوردێکی هاوسەفەریان دەکەن، کە یارمەتیان بدات و رێنوێنی تەواویان بکات. لە کاتی خواردن داواکردن و هەروەها خواردنەوەدا پورە زارا زەحمەتە و تەنیا نان و ئاوەکە دەخوات و خواردنەکانی دیکە بە خاوێن نازانێ. مام کەریم بەشی هاوسەرەکەشی دەخوات و داوا لە زارا دەکات، کە پارەی ئەو خواردن و خواردنەوە دراوە و خوا قبوڵی ناکات، کە خەساری کەن. سەرئەنجام فڕۆکەکە لە ئاسمانی شاری ستۆکهۆڵم نیزیک دەبێتەوە و فرۆکەوانەکە موسافیرەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە پاش نیو کاتژمێری دیکە دەگەنە فڕۆکەخانەی ئارڵاندا. پورە زارا لە کاتی دابەزینی فرۆکەکەدا گوێیەکانی ژانێکی زۆر دەکەن و ترسێکی زۆر دایدەگرێ. بە هاوسەرەکەی دەڵێت، کەریم ئەوە خەریکە روحم دەردەچێ و ئەگەر مردم ئاگات لە کچەکان بێ و تەرمەکەم لەو کافرستانەی مەنێژن. مام کەریم، چاوێک لە زارای هاوسەری دەکات، بەڵام هیچ ناڵێت. فڕۆکەکە بەردەوام لە زەوی نیزیک دەبێتەوە و ئوتۆمبیل و خانوەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانە بە ئاسانی دەبیندرێن. پورە زارا تاکە جارێک لە پەنجەرەکەڕا دەڕوانێتە خوارێ و چاوەکانی دەنووقێنێ و هاواردەکات، ئەی خوای گەورە بمانپارێزی. فڕۆکەکە بە قورساییەکی زۆر لە فڕۆکەخانەکە دەنیشێ و لە سەر تەگەرەکانی ماوەیەک رێدەکات. مام کەریم و زار لە دڵەراوکەدان و بیرلەوە دەکەنەوە، کە خوێندەواریان نییە و چۆن دەتوانن جانتا و کەلوپەلی سەفەر وەربگرنەوە و دەرگاکە بدۆزنەوە. فڕۆکەکە لە بەردەم فڕۆکەخانەکە رادەوەستێ و دەرگاکانی فڕۆکەکە دەبنەوە و مووسافیرەکان لە سەر کورسیەکانیان بەرز دەبنەوە. جانتا دەستیەکانیان ئامادە دەکەن و بە ریز بە دەرگای خوارەوەدا دادەبەزن. مام کەریم و هاوسەرەکەی لە بەر ژانی لاق و پشتیان بە زەحمەت لە پلیکانەکان دادەبەزن و ناچارن بە دوای خەڵکەکە بکەون. لە خوارەوە باسێک ئامادەیە و هەر کەسیک لە فڕۆکەکە دادەبەزێت سواری باسەکە دەبێت. کە باسەکە پڕ لە مووسافیر دەبێ، دەرگاکانی دادەخرێن و بەرەو باڵەخانەی فڕۆکەخانەکە رێدەکات. پورە زارا لە نێو مووسافیرەکاندا لە کەریم دەپرسێ، کە جانتاکە دەبێ لە کوێ بن؟ ئێمە بۆ کوێ دەچین؟ بەخوا رەنگە کەماڵ وەک ئیستانبوڵمان لێبکات و ماوەیەکی زۆر خۆمان لێ ئاشکرا نەکات. باسەکە رایدەگرێ و مووسافیرەکان بەدوای یەکتردا بە پلیکانەکاندا ریز دەبەستن. پورە زارا لە رۆیشتندا لە سەرەخۆیە و ناوتوانێ لە گەڵ موسافیری فڕۆکەکە بەرەو شوێنێ جانتا وەرگرتنەوەکە بڕۆن. لە ریزێکدا رادەوەستن و هەتا دەگەنە کارمەندی بەشی پاسپۆرت پشکنێن. کارمەندەکە چاوێک لە تیکێتی سەفەرەکەیان دەکات و دەزانێت، کە ناشارەزان و بە هەڵە لەو ریزە راوەستاون. ناوبراو بە ئینگلیسی و چەند زمانێکی دیکە پرسیار لە مام کەریم و پورە زارا دەکات، کە ئێوە ناتوانن بچنە ئەو بەشە و دەبێ بگەڕێنەوە. پورە زارا بە کوردی دەڵێ، بابم بە خودای ئێمە بۆ ئەو سەفەر و وڵاتانە نابین و دارا و سارای لە یەکتر جیا ناکەینەوە. مام کەریم بە نیازە بە فارسی لە گەڵ کارمەندەکە قسە بکات و ژمارە تەلەفوونی موبایلی کەماڵی کوڕی دەداتێ. کارمەندەکە سەرقاڵی کارەکەیەتی و موسافیرێکی زۆر لەو ریزەدا راوەستاون و چاوەڕوانی دەرچوون دەکەن، بۆیە بە تەلەفوونێک کارمەندانی یارمەتیدەری فڕۆکەخانە ئاگادار دەکاتەوە، کە ژن و پیاوێکی ئێرانی هاتوونە ستۆکهۆڵم و رێگاکەیان تێکەڵ کردوە و لە ریزی سەفەر بۆ پاکستاندا چاوەڕوان دەکەن. ئەوان زمان نازانن و ژمارە تەلەفوونێکی سوئێدیان بە دەستەوەیە و چاوەڕوانی یارمەتین. مام کەریم و پورە زارا لە تەنیشتێک دادەنیشێنن و دوای دە خولەک کارمەندێک دەگاتە لایان و داوای پاسپۆڕت و تیکێتی سەفەرەکەیان دەکات. کاتێک چاو لە تیکێتەکە دەکات، دەزانێ کە جانتا و کەلوپەلی سەفەریان پێیە و هەروەها بە شێوەی رەسمی هاتوونە سوئێد. کارمەندەکە داوایان لێدەکات، کە بەدوایدا بڕۆن و هەردووکیان لە زمانی جەستە کەڵک وەردەگرن. لە شوێنی پشکنێنی پاسپۆڕتەکان پێکەوە رەتدەبن و هەتا هۆڵی وەرگرتنەوەی جانتاکان و رێگای چوونەدەری فڕۆکەخانە رێنوێنیان دەکات. کە دەگەنە دەرگای گەورەی چوونەدەر لە فڕۆکەخانەکە کەماڵ دەبینن، کە زۆر لە مێژە چاوەڕوانیان دەکات و بە تەلەفوونەکەی بە دەستەوەیە. کەماڵ سپاسی کارمەندە دەکات و کەلوپەلی باوک و دایکی بە داشقەی راگواستنی فرۆکەخانە دەباتە تەنیشت ئوتۆمبیلەکەی. دایک و بابی سوار دەکات و کەلوپەلەکان لە ئوتۆمبیلەکە داوێژێت و بەرەو ماڵەوە دەڕۆنەوە. دایکی کەماڵ دەرفەتەکە بە گونجاو دەزانێ و رەخنە لە کەریمی هاوسەری دەگرێت، کە دە ساڵان لە زندانی بەعسدا خواردویەتی و خەوتوە، بەڵام فێری کەچە زمانێک نەبوە، کە بۆ ئەمڕۆ بەسوود بێت. لە ئیستانبوڵ بە باڵباڵای دەگوت، ژنێکم بۆ بدۆزەوە و ئەمن دێمە ستۆکهۆڵم. مام کەریم گوێ بە زارای هاوسەری نادات و دەڵێت، کە ئەگەر ئەمن لە گەڵ کارمەندەکە بە فارسیم قسە نەکردبا و ناوی کەماڵم نەهێنابا، ئەو چۆن تەلەفوونی بۆ ئەو کارمەندە دەکرد، کە هەتا بەردەرگا رێنوێنی کردین. ئەمن لە زمانی خۆم رازیم و بە هەموو تایفەی ئێوە ناوێرن سواری فڕۆکەی بن و بەرەو خاریجی سەفەرێ بکەن. ئەتۆ حاجی عەبوی خزمەت لەبیرچۆتەوە، کە حاجیەکان چۆن باسیان دەکرد. ئەو لە هەردووک سەران بە پشتێندێ چاویان بەستبوون و سوێندیان خواردبو، کە بە سەر عەرزێدا سەفەر دەکات. ئەتۆ خزمی حاجی عەبوی، چۆن رەخنە لە زمانی من دەگری؟ ئەدی رەحمان سێبەری پورزات ناناسی، کە ژن و منداڵی هەبو، بەڵام لە سێبەری خۆی دەترسا و هەمیشە زەلامێکی لە گەڵ خۆی دەگێڕا.

کەماڵ دەگاتە شوێنی راگرتنی ئوتۆمبیلەکەی و سەرەتا دایک و باب و دواتر جانتاکان دەباتە ژوورێ. باڕباڕا بەخێرهاتنی دایک و بابی کەماڵی دەکات. مام کەریم و زارا شەکەت و ماندوون و سەرەتا پشووییەک دەدەن. ئەوان لە گەڵ چاخواردنەوە گونجاون و باڕباڕا گەڕێک چا دێنێ و لە تەنیشت پورە زارا دادەنیشێ. پورە زارا دیاری شیرین و لەیلا بۆ باڕباڕا دەردێنێت و راست دەبێتەوە دوو جارێک بوکەکەی ماچ دەکات. ناوبراو دەڵێت، رۆڵە بە خودای هەموو خەڵکی شار و بە تایبەت خزمان سڵاویان هەیە بۆ تۆ و زۆر خۆشحاڵن، کە منداڵتان دەبێت. باڕباڕا هێندێک وشە تێدەگات، بەڵام باسەکانی بە تەواوەتی بۆ وەسەریەک ناکەونەوە. بۆ ئەوە کەماڵ بە وەرگێڕان ماندوو نەکات، پەیامەکان بە نییەتی باش وردەگرێ و دەرگایەکی بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆ دەکرێتەوە. مام کەریم وپورە زارا لە رێگای تەلەویزیۆنی سەتەلایەتەوە چاو لە بەرنامەی کوردیی مێدیا تی ڤی و کوردستان تی ڤی دەگرن و بەرنامەی گۆرانی و هەواڵەکان بە زاراوەی سۆرانی گوێ دەگرن. کەماڵ ئەو سەتەلایەتەی بۆ فێربوونی زمانی باڕباڕا لە سەر باڵگۆنەکە دامەزراندوە. مام کەریم بە کەماڵ دەڵێت، ئەو دەوریە گەورانە هێشتا لە لای ئێمە پیدا نەبوون و ئێمە هەر ئانتێنە کۆنەکانمان هەیە، کە بە بۆڕیەکەوە بەستراوەتەوە. ماوەیەک دەبێت، کە ئەمیر کرماشانی دۆستی کاوەی مام کەریمی بە پەنابەر گەیشتۆتە ستۆکهۆڵم و لە گەڵ کەماڵ پێوەندی گرتوە. ناوبراو داوای لە کەماڵ کردوە، کە ئەگەر دایک و بابی هاتن ئاگاداری کاتەوە و حەز دەکات سەردانیان بکات. کەماڵ لەو پێوەندییەدا وەستا مستەفا، سمایل بۆکانی، حەسەن زەهاوی، بێستون قارەمان و حامید ئاگادار دەکاتەوە، کە دایک و بابی هاتوون و چاوەڕوانی منداڵ دەکەن. بۆ ئاسانتر کردنەوەی میوانداریەکەی ئەوان بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو داوەت دەکات. وەستا مستەفا تەلەفوون بۆ مام کەریم و پورە زارا دەکات و بەخێرهاتنیان دەکات و بەڵێنیان دەداتێ، بۆ دوو رۆژێکی دیکە سەردانیان بکات. حامید، زورار، بێستون قارەمان، ئەمیر کرماشانی، حەسەن زەهاویی و سمایل بۆکانی بۆ رۆژی شەممە لە ماڵی کەماڵ کۆدەبنەوە. باڕباڕا، ئارنۆڵدی باوکی و لایڵای دایکی داوەت کردوون و میوانە کورد و سوئێدییەکان تێکەڵ بە یەکتر بوون. ئارنۆڵد و مام کەریم لە تەنیشت یەکتر دانیشتوون و لایڵا و زارا و باڕباڕا لە هۆدەی خواردن سازکردن لە دەوری یەک کۆبوونەوە. مام کەریم لە رێگای وەرگێڕە میوانەکان باسی وڵات بۆ ئارنۆڵد دەکات. ئەو لە میوەکان دەدوێ و سەوزەواتەکان ناودەبات. ئارنۆڵد لە سەر جۆری ماسییەکان لە مام کەریم پرسیار دەکات. مام کەریم دەڵێ، کاکە ماسی دەخورێ. خوا شاهیدە، قەت ماسیم نەخواردوە و کە چاوم بە چاو و سەری ماسی دەکەوێ یەکسەر هێڵینجم دێنێ. وەرگێڕەکان زۆر شارەزا نین و ناتوانن وشەکانی مام کەریم بە تەواوەتی وەرگێڕنە سەر زمانی سوئێدی. مام کەریم درێژە دەدات و دەڵێت، کاکە ئەوانە پاشای چاکیان هەیە و ئێمەش بە دەستی چەکدار و ریشدار گیرمان خواردوە. ئێمە کەی دەرفەتی ناسینی ماسیی و جۆری ماسییەکانمان هەیە و بە رەبولعالەمین سوێند دەخۆم، کە هەرچی باڵندە و خشۆکە و چوارپێیە لە ئێمەی کورد دەترسێ. کاکە، وڵاتی ئێمە پڕە لە خێو و دێو و مرۆڤ هەتا کاری لابەلا هەبێ، وەدوای کاری چاک ناکەوێ. بێستون قارەمان دەرفەتەکە دەقۆزێتەوە و بە حامید دەڵێت، کاکە هەتا نانەکە ئامادە دەبێت با ئێمەش چیرۆکێک باس بکەین. بێستون قارەمان بۆ راکێشانی سەرنجی ئارنۆڵد بەشێک لە قسەکانی بە سوئێدی دەکات. ئارنۆڵد ماوەیەک بە تەواوەتی گوێ لە بێستون قارەمان دەگرێ، کە لە شەڕەکاندا خەڵک دەکوژێت و دیلەکان گوللەباران دەکات. ئارنۆڵد بەو گێڕانەوانە دەرونی ئاڵۆزدەبێ و لە کوڕەکان دەپرسێ، ئەمن لە گەڵ مرۆڤکوژ دانیشتوم یان کەسیکی تاوانبار؟ ئەمن نازانم ئەو مێستر بێستونە چۆن بە پەنابەر قبوڵکراوە؟ ئەو کەسانە رەوایە لە دادگای تاوانەکاندا پرسینەوەیان لە گەڵ بکرێ؟ ئارنۆڵد چاویلکەکانی لە چاو دەردێنێ و داوا لە هاوسەرەکەی دەکات، کە خۆی ئامادە بکات و دەڕۆنەوە. هاوسەرەکەی لە گەڵ باڕباڕا لە وتەی باوکی نیگەرانن و سەرەتا هەست دەکەن، کە رەنگە ئارنۆڵد ناساز بێت. کەماڵ و باڕباڕا کە پرسیار دەکەن، تێدەگەن کە ئارنۆڵد لە قسەکانی بێستون قارەمان توڕەیە و رادەگەیەنێ، کە ئامادە نییە لە گەڵ مرۆڤکوژێک لە سەر سفرەیەک نان بخوات. کەماڵ و باڕباڕا بارودۆخەکە بۆ ئارنۆڵد شی دەکەنەوە و رادەگەیەنن، کە بێستون کوڕی باشە و قەت لە شەڕدا بەشداری نەکردوە و تەنیا بۆ شادی دۆستان ئەو چیرۆکانە دەگێڕێتەوە. ئارنۆڵد بە بیستنی ئەو وتانە ئارام دەبێتەوە و لە شوێنەکەی دادەنیشێ و داوای لێبوردن لە میوانەکان دەکات، کە هەڵە تێگەیشتنێک لەو کۆڕەدا سەریهەڵدا. حامید بە سوئێدیەکی شکاو زۆر باسی چاکە و پیاوەتی بێستون دەکات، کە چەند ساڵە لە ئارڤیکا پێکەوە دەژین و یەک مێرولەی ئازارنەداوە. ئارنۆڵد بۆ گۆڕینی باسەکە لە مام کەریم دەپرسێت، کە ئایا کورد سەردەکەوێ؟ مام کەریم، بە کورتی وڵامدەداتەوە، کە جەناب، کورد سەرناکەوێ، چوونکە لە گەڵ یەکتردا پاک و راستگۆ نین. کورد، کارەکان بە نیوەچڵی دەکات و لە رێگادا لە یەکتر جیادەبنەوە. ئەوان لە یەکتر ئازان و شەڕی کورد بە کورد بەناوبانگە، بەڵام لە گەڵ تورک، فارس و عەڕەبان ئازا و چالاک نین. ئارنۆڵد لە مام کەریم دەپرسێ، کە تۆ چۆن وەک کوردیک خۆت دەناسێنی و چەند گرێدراوی دینیت؟ مام کەریم لە پرسیارەکە رادەمێنێ و دەڵێت، براکەم ئەمن خودا بە کوردی سازکردووم و هەر بە موسڵمانیش لە دایکبووم. ئارنۆڵد لە مام کەریم پرسیار دەکات، کە ئەو نوێژانەی کە رۆژانە ئەنجامیان دەدات، چەندە و چۆن لە وشەکان دەگات. مام کەریم باوەڕی بەو پرسیارە نییە و رادەگەینێ، کە ئیسلامەتی بە نوێژ و رۆژ جوانە و دین بۆ کاری باشە هیدایەتت دەکات و لە خەراپە دوورت دەخاتەوە. بۆ نموونە، ئەمن وەک موسڵمانێک ناتوانم شەرابی بخۆمەوە و گۆشتی بەرزای بخۆم و هەروەها ماڵی سەغیران بخۆم. کەماڵ و باڕباڕا هەست دەکەن، کە باسەکان گەرمن و سنووری کولتور و دین دەبڕن و لە بازنەی شەڕەکانی بێستون قارەمان چوونەدەر. زورار و ئەمیر لە کاروبارەکاندا یارمەتی کەماڵ دەدەن و بە ستایلی کۆن سفرەیەکی درێژ لە ژووری دانیشتندا رادەخەن و خواردنەکان دادەنێن. یەکێک لە خواردنەکان ماسی سوورکراوەیە، کە مام کەریم زۆر حەز لە خواردنی دەکات و دەڵێ، بابم ماسی دەبێ ئاوا سوور و جوان بن و پیاو کە چاوی بە ماسییە کوێری وەڵاتی خۆی دەکەوێ، هەر خواردنیشی لە بەرچاو دەکەوێ! نانێکی تێر و تەسەل دەخۆن و زۆر بیرەوەری کۆن و تازە بۆ یەکتر دەگێڕنەوە.

زارا و لایڵا لە زمانی یەکتر زۆر تێناگەن و کەماڵیش هەموو وشە و رستەیەکیان بۆ وەرناگێڕێتە سەر زمانی یەکتر، بۆیە ئەوان قڕەیان کەمترە. لایڵا لە پەنا نانخواردن داوا لە زارا دەکات، کە پێکەوە سەردانێکی نێو شار بکەن و ئەگەر حەزی لە مەلەیە پێکەوە دەچن. پورە زارا بە راشکاوی دەڵێت، کە حەزی لە ئاو و مەلەکردن نییە و لە بستێک ئاودا دەخنکێ، بەڵام بیستوومە کە شێلان خۆشە. زورار بە گاڵتە داوا لە پورە زارا دەکات، کە ئەوانەی کاری شێلان و ماساژ دەکەن لە رۆنی بەراز کەڵک وەردەگرن و ئاگاداربێ. پورە زارا بە بیستنی رۆنە بەراز لەو داخوازیەش پەشیمان دەبێتەوە و کۆتایی بە قسەکردن دێنێ. ناوبراو دڵخۆشە، کە سەفەری سوئێدی کردوە و جاروبار دەڵێت، بە سەری شێخەمینی ئەو سەفەرە بە حەجێکی تەواو دەنووسرێ. ئەوەتا ئەمن و کەریم هەتا ئێوارە لە تەنیشت بوکە باڵباڵای ناوی خوا و پێغەمبەر دێنین و ئینشاڵڵا خوا بە خێری دەنووسێ. رەنگە ئەو بوکەمان دڵی بجوڵێ و لە سەر دینی خۆی وەرگەڕێ و شایەتیەکی بە حەق بێنێ.

میوانەکان دەڕۆن و وەستا مستەفا و ئەمیر کرماشانی بۆ ئێوارە دەمێننەوە. ئەمیر چەند جارێک رووداوی تێکهەڵچوونی دەوربەری ئاوایی ماوەڵۆیە دەگێڕێتەوە. ئەو بیرەوەرییەکانی خۆی لە گەڵ کاوە دەگێڕێتەوە و پەشیمانە لەو شەڕانەی، کە کوردەکان بە ناوی جیاواز لە دژی یەکتر کردوویانە. ئەمیر لەو رۆژانە پەشیمانە کە بە ناوی خەباتی کرێکاران و هەروەها مافی رەوای کورد پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکان یەکتریان تەنگەتاو کردبو. ئەمیر ئاشکرای دەکات، کە کاوە لە مانگەکانی کۆتایی تەمەنی بە تەواوەتی گۆڕابو. ئەو بە کردەوە ماڵئاوایی لە هێڵە توند و بە ناو شۆڕشگێڕیەکی کۆمەڵە کردبو. بە وتە و کردەوە داوای کۆتایی هاتنی سنووربەندی حیزبە کوردییەکانی دەکرد. کاوە لە شاخ زۆر خەمی باب و دایک دەخوارد. ناوبراو رزگاربوونی باوکی لە بەندیخانەی بەعس و دیتنەوەی روخساری مام کەریمی بە ئاواتی گەورە پێناسەدەکرد. ئەمیر چەند وێنەیەکی یادگاری لە گەڵ کاوەی بۆ مام کەریم و زارا هێناوە، کە لە گوند و ناوچەی جیاوازی کوردستان پێکەوە گرتوویانن. مام کەریم و پورە زارا بە دیتنی وێنەکان و هەروەها وەرگرتنەوەی پشتێندێکی کوڕەکەیان کە ئەمیر پاراستویەتی، زۆر شاد دەبن و فرمێسکی خەم و شادی دەڕێژن. پورە زارا چەند وێنەیەکی لە قەبرەکەی کاوە هەڵگرتوە، کە بە گوڵ و ریحانە رازاوەتەوە. ئەمیر بەو رستەیە کۆتایی بە قسەکانی دێنێ، کە سەرکردەکانمان بە ناوی جیاواز و رزگارکردنی ئەم و ئەو ئێمەی هەژار و دڵپاکیان بەگژ یەکتردا کرد. ئەوان ئەمڕۆش هەر سوارن و ئاوڕێک لە رابردوو نادەنەوە. کورد داری نەزانی دەخوات و ئێمە و سیاسەتیان نەگوتوە. ئاغاکانی دوێنێ بە ناوی شۆڕشگێڕەکانی ئەمڕۆ کوڕە هەژارەکانی دوێنێ و ئەمڕۆیان بۆ مەرامی خۆیان بەکارهێنا.

مام کەریم لە گەڵ وەستا مستەفا دەکەوێتە قسەکردن و پرسیاری لێدەکات، کە بۆچی ژنەکەی بۆ سوئێد نەهێنا و جیابوونەوە. وەستا مستەفا لەو پێوەندییەدا ئاماژەدەکات، کە کارەکە لە سەرەتاوە بە خوار و خێچی دەستی پێکرد. ئەمن لە گەڵ کەماڵ زۆر لەو بارەوە قسەم کرد و ئەویش خواهەڵناگرێ داوای لێکردم، کە سەبر بگرم و ژنێکی گەڕاوە و هاوتەمەنی خۆم بێنم. کاکە ماڵی ئێمە و خۆشم کە وێنەی ئەو کچەمان دیت، زۆر جوان و جور هاتە بەرچاومان. زۆر کەس بە کچێکی خاوەن بەڵێن و هەروەها راستگۆ پێناسەیان دەکرد، کە سەری خۆتی پێ بسپێرە. ئەمن لە دوورە وڵاتم و ناکرێ هەموو رۆژێ کەسێک بکرێ بگرم و ئاگاداری دەزگیرانەکەم بکات. چەند کەسیک تەلەفونیان دەکرد، کە ئەوە دەزگیرانەکەت هەموو رۆژێ سەردانی دوکانی قوماشی دەکات. کەسیکی خزمم لە شایی جیرانێکی ماڵ خەزوورم لە هەڵسوکەوتی دەزگیرانەکەم ناڕازی دەبێت، کە لە دەستی پیاوی بێگانە هەڵدەپەڕێ. خوشکەکەم دەزگیرانەکەم ئاگاداردەکاتەوە، کە هاوسەرەکەت لێرە نییە و گونجاو نییە لە دەستی پیاوان هەڵپەڕی، بەڵام ناوبراو بە خوشکمی گوتبو، کە ئەمن مێردم بە تۆ نەکردوە و مستەفا پیاوێکی دێموکڕات و کراوەیە. دایکم دەیگوت، کە دەزگیرانەکەم زێڕەکانی ماوە بە ماوە دەگۆڕێت و لە سەردەشت زۆربەی زێڕینگەرەکان دەناسێ. ئەمن چاوەڕوانیم لە دەزگیرانەکەم زۆر بوون و لە ئانکارا پێکەوە لەو پێوەندییەدا وەعد و بەڵێنمان لە یەکتر وەرگرت. لە داخی ئەو تەلەفوون و شکایەت و قسەڵۆکانە کۆتاییم بە کارەکە هێناو و لە یەکتر جیابووینەوە و زەرەرێکی چاکم کرد. لە بەر ئەوەی خزم بوون، بە دڵیکی پاک جیابوومەوە و حەقە مارەییەکەم بۆ رەوانە کردەوە. مام کەریم، پیاو ژن بۆ ژیان دێنێ و ناکرێ بە هەزاران کیلۆمیتر پیاو شەو و ڕۆژە گیرۆدەی دەزگیرانەکەی بێت، کە چۆن قۆماشی دەکڕێت و لە کام شایی هەڵدەپەڕێ. بە سەری ئێوە، ژیان زۆر زەحمەتە و ئێمە لێرە لەو ژیانە ناخۆشەدایین و ناکرێ هاوژینەکانمان بەڵێنەکانیان بشکێنن. پورە زارا رێنوێنی وەستا مستەفا دەکات و داوا دەکات، کە لە ژنهێناندا مرۆڤ دەبێ دڵی گەورە و سەبری زۆربێت. کاکە بە قسەی خەڵک و خزمانت نەکردبایە و لە ژنهێناندا خوای گەورە پشتیوانە. بارباڕا شەکەت و ماندوو شەو باش لە خەسوو و خەزوور و میوانەکان دەکات. کوردەکان تازە بازاڕی قسە و چیرۆکەکان گەرم دەکەن. پورە زارا بۆ سازکردنی بابەتێکی تازە دەپرسێت، کە بابی باڵباڵا لە سەرچی توڕە بو؟ کەماڵ چیرۆکەکەی بۆ دەگێڕێتەوە و ئاماژەدەکات، کە لەو وڵاتەدا ناکرێ بە شێوازی خۆمان شەڕە دار و عەشیرەت سازکەیی و هەرەشە لە خەڵک بکەی. ئەو گێڕانەوانەی بێستون بۆ کوردان خۆشە، بەڵام پیرە پیاو و ژنەکانی سوئێد و وڵاتانی رۆژئاوایی بە چاوێکی دیکە لە رووداوەکان دەڕوانن. ئەوان بە گوێرەی تێگەیشتنی خۆیان هەڵسەنگاندن بۆ مەسەلەکان دەکەن و لە سەر کوردەکان هەڵوێستیان باشە، بەڵام ناکرێ ئێمەش راست و چەپ لێڕاکێشێن و روخسارێکی مرۆڤکوژ لە خۆمان پێشانی سوئێدییەکان بدەین. ئەگەر بە نەرێنی لەسەر خۆمان قسە بکەین، رۆژئاواییەکان لاگیری فارس، تورک و عەڕەبەکان دەکەن و ئێمە بە خەڵکێکی دواکەوتوو و دوور لە شارستانییەت دەناسێنن. وەستا مستەفا داوەتی مام کەریم و پورە زارا دەکات، کە لە دەرفەتێکدا میوان بن. ئەو پێشنیاریان پێدەکات، کە ئەگەر کەماڵ لە بەر دۆخی هاوسەرەکەی نەتوانێ لە گەڵتان بێت، بە ئوتۆمبیلی خۆم دێم و هەڵتاندەگرم. مام کەریم و پورە زارا سپاسی وەستا مستەفا دەکەن و بەڵێن دەدەن، کە ئەگەر نەوەکەیان چاوی بە دونیا هەڵێنا، رۆژێک بە سەردان دێن و شەو میوان دەبن. ئەمیر کرماشانی داوایان لێدەکات، کە لەو ماوەیەدا میوانی بن و ئەگەر حەزدەکەن، لە بازاڕ و لە خواردنگەی رۆژهەڵاتی بە کەباب میوانیان دەکات. ناوبراو زۆر بە خواردنەکانی خۆی هەڵدەڵێت، کە تام و چێژی خۆشیان هەیە، بەڵام پورە زارا بە راشکاوەی رادەگەیەنێ، کە خواردنی دەستی پیاوان خۆش نییە.

رۆژانی سەرەتای ستۆکهۆڵم بۆ مام کەریم و پورە زارا زۆر بە هێواشی تێدەپەڕن. باڕباڕا ئەو ماوەیە بەردەوام بە پێنووسەکەی خەریکی نووسینی وشەی کوردییە و بە کۆرسی زمانی ناوی دەبات. رۆژانی چاوەڕوانی منداڵ لە کۆتایی نیزیک دەبنەوە. کەماڵ ئەو ماوەیە پشووی وەرگرتوە و کاتەکان لە ماڵەوە بەسەر دەبات. ئەگەر رۆژەکان هەتاوی بن لە گەڵ دایک و بابی بەرەو سەنتەری شار دەچن و دوای گەڕان و پیاسەیەک دەگەڕینەوە ماڵ. پورە زارا و لایڵای دایکی باڕباڕا لە سەر چۆنیەتی بەخێوکردنی منداڵ جیاواز بیردەکەنەوە. زارا داوا لە باڕاباڕ و کەماڵ دەکات، ئەگەر مامانێکی خۆماڵی گیردەکەوێ با منداڵەکە لە ماڵێ ببێت و خوا دەزانێت، لە نەخۆشخانەی منداڵان کۆرپە چ چارەنووسیکی دەبێت. بە خودای لەبیرمە ساڵێک منداڵێکیان بۆ چاککردنەوە بردە نەخۆشخانەی تەورێزێ و دوای سێ ڕۆژان منداڵەکە دزراو و کەس نەیزانی منداڵەکە چی بەسەر هات. لێرەش خوانەناس و چاوپیس و هەروەها چاوچنۆک زۆرن و رەنگە ئەو خەڵکە رق و کینەیان لە موسڵمان و کوردەکان هەبێ و منداڵەکانیان لێبگۆڕن. کەماڵ دایکی ئارام دەکاتەوە و داوای لێدەکات، کە چاوکراوە بێت، چوونکە ئێران و سوئێد دوو وڵاتی جیاوازن و لێرە قانوون قسەی ئەوەڵ و ئاخیر دەکات. پاشان ئەمن لە گەڵ باڕباڕا لە ژووری منداڵبوون دەبم و ئاگاداری تەواوی رووداوەکانم. لە گەڵ وڵاتی خۆمان فەرقی هەیە و ئەمن لە بیرمە، کە لە گەڕەکی خۆمان ژنێک منداڵی دەبو، چەند ژنێک و مامانێک لە دەوری کۆدەبوونەوە و هیچ خزمەتگوزارییەک نەبو. پیاو ئاگاداری منداڵبوون نەبو و کارەکە بە تەواوەتی بە ژنەکان دەسپێردرا. پورە زارا سەردەمی منداڵبوونی خۆی دێتەوەبیر، کە تەنیا مامان و خوشکەکەی لە دەوری دەهاتن و دەچوون و مێردەکەشی لە ژوورەکەی دیکە سینگی بە سەماوەریەوە دەنا. ئێمە ژنانی ئەو سەردەمە فەقیر و زوڵملێکراو بووین و تەنیا خوامان هەبو. رۆڵە، راستە لێرە ژیان ئاسانە و یارمەتی هەموو کەس دەکرێ، بەڵام بە سەری هەموو شێخ و موشایەخی دونیایە، ژیان لە وڵاتی خۆت خۆشترە. ئێرە وەک بەندیخانەیە و منداڵ و گەورە لێرە دەست و لاقیان بەستراوە و ژیانی تامی نییە. رۆڵە میوەی ئێرە و کوردستان چەندە جیاوازە، ژیانی ئێمە و سوئێدیەکانیش ئەوەندە فەرقی هەیە. کەماڵ ئەو ماوەیە پێوەندی تەلەفوونی زیاتری لە گەڵ خزمان هەیە و داواکاری جیاوازی بۆ رەوانە دەکرێ. پورزایەکی داوا دەکات، کە بۆ کڕینی ئوتۆمبیل حەوت ملوێن تمەنی بۆ رەوانە بکات. بنە ئامۆزایەکی بەنیازی ژنهێنانە و بە کەماڵ دەڵێت، کە لە سەر حیسابی تۆ ئەو کارە دەکەم و هیچ دەرگایەکی دیکە شک نابەم و بابم بە قڕان یارمەتیم ناکات. کوڕە خاڵێکی داوا لە کەماڵ دەکات، کە دوکانێکی گونجاو لە خوار سینەمای شار دەفرۆشرێ و پارەی بۆ رەوانە بکات، کە ئەو دوکانە لە دەست نەچێ. کەماڵ لە ئاکامی ئەو داواکارییانە سەرگێژەی دەگاتێ و نازانێ چۆن دڵی ئەو خزمانە رازی بکات. یەکێک لە دۆستەکانی داوای لێدەکات، کە بەنیازە بێتە تورکییە و داوای پەنابەری بکات و پێویستی بە پێنج هەزار دۆڵاری ئەمریکی هەیە. باڕباڕا بەو تەلەفوون و داواکارییانە تای جەستەی دەچێتەسەر و داوادەکات، کە ژمارە تەلەفوونەکان بگۆڕن و ئەو کێشانە بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیش چارەسەر نابن. پورە زارا داوادەکات، کە جار و بار یارمەتی شیرین و لەیلا بکەن و کاریان بە خەڵکی دیکە نەبێ. ئەو خەڵکە خەریکی زەوی کڕین و خانوو هەڵچنینن و ئەگەر لەو شارە لە برسان بمریت، کەس ئامادە نییە نان و ئاویکت بداتێ. زەمانە گۆڕاوە و بازاری قاچاخی مەشرووب و ماددە سڕکەرەکان ژیانی خەڵکی شێواندوە. لەو ماوەیەدا ژنێکی ناسیاوی پورە زارا لە سەردەشت کۆچی دوایی کردوە و پورە زارا بە تەلەفوون سەرەخۆشیان لێدەکات. ناوبراو لە گەڵ دوو ژنی خزمی ئەو کۆچکردوە قسە دەکات و یەکێک لەوان داوا لە زارا دەکات، کە گەڕایەوە دەرمانی ددان و پێست سپیکردنەوە بۆ کچەکانی بێنێتەوە و پارەکەی دەداتەوە.

باڕباڕا لە جەرگەی ئەو ژانەسەرە سازکراوانەدا داوادەکات بەرەو نەخۆشخانە بڕۆن. کەماڵ دایک و بابی لە ماڵەوە جێدێڵێ و لە گەڵ باڕباڕا بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوون دەچن. یەکێک لە مامانەکان چاوێک لە باڕباڕا دەکات و هانی دەدات بگەڕێتەوە ماڵ و ئەگەر ژانەکان خەستتر و بەردەوام هاتن دووبارە سەردانی نەخۆشخانە بکاتەوە. باڕباڕا لە منداڵبوون ترسی یەکجار زۆری هەیە و گوێ لە مامان و دوکتۆرەکان ناگرێت. ناوبراو بڕیاری داوە هەتا منداڵەکەی نەبێت، نەگەڕێتەوە ماڵ و بۆیە داوا دەکات لە ژوورێکی نەخۆشخانە لە گەڵ مێردەکەی چاوەڕوان بکەن. ئەوان هەتا بەیانی لە نەخۆشخانەن، بەڵام پڕۆسەی لە دایکبوونی منداڵ هێشتا وەگەڕنەکەوتوە. دوکتۆری بەشی نەخۆشخانەی منداڵان بە شێوازێکی خێرا چاوێک لە باڕباڕا دەکات، بەڵام بە چاوی دوکتۆرەکە هێشتا دۆخەکە ئاساییە. ئێوارە ژانەکان دەست پێدەکەن و سەرئەنجام کاتژمێری یەکی شەو کۆرپەکە لە دایک دەبێ. ئارنۆڵد و لایڵا ئەو شەوە لە بەشی چاوەڕوانی نەخۆشخانە کاتژمێرەکان تێپەڕدەکەن و کاتیک دەبیستن، کە بوونە نەنک و باپیر لە شوێنی خۆیان بەرز دەبنەوە. ئەوان هەتا دوو کاتژمێری دیکە چاوەڕوان دەکەن و کاتێک باڕباڕا و کۆرپەکە دەگوازنەوە ژووری تایبەت، ئەوانیش سەردانی کچەکەیان و نەوەکەیان دەکەن. چەند وێنەیە لە گەڵ کەماڵ، باڕباڕا و کۆرپەکە دەگرن و ماوەیەک لە تەنیشت تەختی باڕباڕا دادەنیشن. کۆرپەکە کوڕە و ئاڕنۆڵد بەو نەوەیە شادە و چەند جارێک بە قۆنداغکراوی لە ئامێزی دەکات. کەماڵ چەند وێنەیەک لە کۆرپەکە هەڵدەگرێ و چەند کاتژمێرێک دواتر دەگەڕێتەوە ماڵێ. پورە زارا و مام کەریم ئەو ماوەیە لە ماڵەوە بەردەوام خەریکی شەڕ یان نوێژکردن بوون. ئەوان لە سەر زۆر بابەتی چووک کێشە ساز دەکەن و یەکتر تۆمەتباردەکەن. کەماڵ موژدەی لە دایکبوونی کورپەکەیان دەداتێ و ئاشکرای دەکات، کە خوا کوڕێکی پێداون. مام کەریم و زارای هاوسەری زۆر شادن، چوونکە نەوەکانی دیکەیان لە کچەکان بوون و بە تێگەیشتنی مام کەریم منداڵی کوڕەکان خۆشەویسترن. کەماڵ داوا لە دایک و بابی دەکات، کە نیوەڕۆ خۆیان ئامادە بکەن و پێکەوە دەچین نەخۆشخانە. کەماڵ تەلەفوون بۆ شیرین و لەیلا دەکات و هەواڵی لە دایکبوونی کۆرپەکەیان پێڕادەگەیەنێ و ئەوان ماوەیەک لە گەڵ دایک و بابیان قسەدەکەن. نیوەڕۆیە کەماڵ دایک و بابی دەباتە نەخۆشخانە و گۆڵێکی گەورە بۆ بارباڕا دەبەن. زارای دایکی لە دوورەوە بانگی باڕباڕا دەکات و دەڵێ، بوکە باڵباڵا یاخوا پیرۆزە و ئینشاڵڵا برا و خوشکی دیکەی بەدوادادێن. مام کەریم و پورە زارا کۆرپەکە لە ئامێز دەگرن و وێنەی لە گەڵ دەگرن. دایک و بابی باڕباڕا بەسەردا دێن و گوڵ و کارتی پیرۆزبایی بۆ کچەکەیان دێنن. ئەوان ماوەیەکی زۆر لە گەڵ یەکتر بەسەردەبن و خەو و گریانەکانی کۆرپەی ساوا سەرنجی هەموو لایەک بۆ لای خۆی رادەکێشێ.

سێ ڕۆژ تێپەڕ دەبن و باڕباڕا و کۆرپەکەی دەگەڕێنەوە ماڵ. ئەو چەند رۆژە، کە بێدەنگی باڵی بەسەر ماڵی کەماڵ و باڕباڕادا کێشاوە و مام کەریم و هاوسەرەکەی گوێیان لە شەڕ و جنێودانی کوردەکانە. ئەوانە جاروبار ٢ کاتژمێر خۆیان بێدەنگ دەکەن و چاوەڕوانن لە هاتوهاواری ژن و پیاوە کوردەکە بگەن، کە شەوان پۆلیس بانگ دەکەن. مام کەریم بە گوێرەی کولتوری کوردەواری تامەزرۆی چوونەدەر و نێوبژیوانییە، بەڵام کەماڵ ئاگاداری کردۆتەوە، کە لەو وڵاتە ئەو کارانە قبوڵکراو نین. کە باڕباڕا و کەماڵ گەڕانەوە، پورە زارا لە سەر ئەو شەڕ و هەرایەی جیرانەکەیان پرسیار دەکات. کەماڵ بە گاڵتە بە دایکی دەڵێت، کە ئەوانیش رەنگە گوێیان لە دەنگی شەڕ و هەرای تۆ و بابم ببێت. مام کەریم جەمەدانە و کوڵاوەکەی لە سەر ئەژنۆی داناوە و بە قامکەکانی دەستی سەری دەخورێنێ. ئەویش بۆ دڵنیابوون لە هەرای جیرانەکە ئاماژەدەکات، کە ئەو رۆژانە لە بەر شەڕی ئەو جیرانە ئەمن و زارا شەڕەکانمان کۆتایی هێناوە. کەماڵ دەڵێت، بابە ئەو جیرانە ماڵی باشن و ساڵانە جاروبار لە سەر زێڕ و سەفەر کێشەیان بۆ سازدەبێ. ئەوانە خەڵکی ناوچەی دەهۆکن و ساڵانێکی زۆرە لە سوئێد دەژین. کەسابەت و کاری چاکیان هەیە، بەڵام کە سەفەری کوردستان دەکەن لە بەر زێڕکڕین و هەروەها کۆبوونەوەی خزمان ئاور لە خەرمانی ئاشتی ماڵیان بەردەبێ. ژنەکە تامەزرۆی زێڕکڕینە و لە چەند جێژنان لە گەڵ باڕباڕا دیتوومانە، کە سەرتاپا خۆی بە زێڕ نەخشاندوە. مێردەکەی سەر بە پارتی دێموکڕاتی کوردستانی عێڕاقە و لە کۆبوونەوەی کوردەکانی هەر چوارپارچەدا بەشداری دەکات. زۆر جار بە گوێمدا دەچرپێنێ و پەشیمانی خۆی لە هێنانی ژنی کورد دەردەبڕێ. رۆژێک دەیگوت، کەماڵ ئەگەر تۆ لە گەڵ هاوسەرەکەت شەڕیش کەی زمانی سوئێدی بەکاردێنیت و وشەی زیاتر فێردەبی، بەڵام ئەمن ساڵ بە ساڵ زمانی سوئێدیەکەم وێرانتر دەبێ. کاکە ئەو ژنە بە مانگ نامدوینێ و هەتا بەڵێنی کڕینی زێڕی زۆرم لێوەرنەگرێ، ئارام نابێتەوە. ئەگەر هاوسەرەکەم خزم نەبایە، زۆر لە مێژە جیادەبوومەوە و سەرقاڵی ژیانی خۆم دەبووم. بابە، ژیان لێرە کێشەی زۆرە و هەر کەسەو بە دەردێک گرفتارە. پەروەردەکردنی منداڵ ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە کار و خۆماندوو کردنە. ئەمن لە بیرمە کە منداڵەکانی ئێمە هەموو لە لانکەیەکدا گەورە کراون و کە گەورە دەبوون لە حەوشەی ماڵ و کۆڵانەکانی دەوروبەردا ئازاد بوون. لە گەڕەکی خۆمان تۆپێکی لاستیکمان هەبو و هیچ بابێک ئاگاداری منداڵەکەی نەدەکرد. لێرە دەبێت چیرۆکی شەویان بۆ بخوێنیەوە و دایک یان باب منداڵەکانیان بۆ یاریکردن بەرن و هەتا کۆتایی ئامادەبن. جێژنی لە دایکبوونی بۆ بگریت. ئەمن لە ماڵی خۆمان وەبیرم نایەت، کە جێژنی لە دایکبوونمان بۆ کەس گرتبێ. ئەوکات سوننەت و عادەتی جێژن گرتن دانەکەوتبو. لێرە دەوڵەت و شارەوانەییەکانیش بۆ منداڵەکان باشن و پارک و باغچەی منداڵان و شاری یاری دادەنێن. لە تەلەویزیۆن و رادیۆ باس لە پەرەوەردەی منداڵ دەکرێت و زۆر نووسین لەو پێوەندییەدا گیردەکەوێ. لە کوردستان و ئێران خەڵکی بە دوای نان و ئاودا رادەکەن و منداڵەکانیش زۆرن. ئێمە لە چاو خەڵکی ژمارەمان زۆر نەبو، بەڵام زۆربەی ماڵەکانی ئەوکات ژمارەیان لە دەوروبەری هەشت بۆ یازدە کەسدا بوون. کەس کاری بە تەندروستی منداڵ و سەلامەتی ددانەکانیان نەبو. ددان هەتا ژانی نەکردبایە و کلۆر نەبووبایە، سەردانی دوکتۆری ددان نەدەکرا. نەخۆشەکان دەرمان و دەرزی یەکتریان بەکار دێنا و خزمەتگوزاری دەوڵەت و شارەوانییەکان زۆر کەم بوون. ئەو شەڕانەش ماڵوێرانیەکی زۆری بۆ خەڵکی وڵات داتاشی. ئێمە زەبری گەورەمان خوارد و تۆ دە ساڵێک لە عێڕاق بەدیلی مایەوە و کوڕێکمان لە سەر چەقەنەی سیاسی دۆڕاند.

پورە زارا و مام کەریم دڵخۆشن بە نەوەکەیان و وردە وردە یادی وڵات دەکەن. ئەوان سەردانێکی کورتی وەستا مستەفا دەکەن و رۆژێک لە گەڵ ئەمیر کرماشانی دادەنیشن. بۆ دیتنی حامید، زورار و هەروەها بێستۆن سەردانی ئاڕڤیکا دەکەن و دوو شەوێک دەمێننەوە. زوراریش لە گەڵ ژنە سوئێدییەکە ماوە، بەڵام منداڵیان نییە. زورار لە گەڵ خەلیل پێوەندییەکانی تازە کردۆتەوە و چیرۆکی خۆشێت کردنەکەی بۆ گێڕاوەتەوە. ناوبراو ماوەیەکی زۆر لە دانمارک بۆ هێنانی دۆستە کۆنەکەی خۆی شێت دەکات و سەری کارمەند و دوکتۆرەکان تێکدەدات. بە وتەی زورار ئەو داستانە دوو ساڵ دەخایەنێت. خەلیل دایک و بابی باساکی بۆ رازی نابن و سەرئەنجام باساک لە خەفەتی دایکی مێرد بە پیاوێکی بەتەمەن و پوڵدار دەکات. خەلیل بە بیستنی ئەو هەواڵە ماوەیەکی زۆر خەم و خەفت دایدەگرێت، بەڵام رۆژێک لە کاتی چوونە بازاڕدا کوێرێک دەبینێت، کە بە یارمەتی سەگێک لە شەقامەکاندا دەگەڕێ. خەلیل ماوەیەک سەرقاڵی چاولێکردن لە سەگ و خاوەنە کوێرەکەی دەبێت، کە بە سەر شەقامەکاندا دەپەڕنەوە و پێویستیان بە مرۆڤی دەستکێش و رێنوێنیکەر نییە. ئەو رووداوە خەلیل لە زیندەخەون رادەپەڕێنێ و بڕیاردەدات، کە ژیانی ئاسایی دەست پێبکات و لەو جیهانە ماڵئاوایی بکات، کە لە سەر بناخەی شانۆ و درۆ رۆنراوە. ئەو دەگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی و خویندنی زمان وەک هەنگاوی یەکەمی جێگیربوون دەست پێدەکات. کارمەندانی سۆسیال و لەشساغی لەو پێوەندییەدا یارمەتی زۆری خەلیل دەکەن و ئەوان نازانن، کە خەلیل مرۆڤی ساغ و سڵامەت بووە و تەنیا بۆ باساک ئەو هەموو چیرۆک و شانۆیانەی هۆنیوەتەوە. خەلیل لە گەڵ کچێکی کورد ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و ئێستا لە گەڵ ماڵی خەزووری لە شاری کۆپێنهاگ سەرقاڵی کاری فرۆشتنی کەلوپەلی رۆژهەڵاتییە.

زارا و مام کەریم چاوەڕوانی ناولینانی نەوەکەیان دەکەن و پاش چەند رۆژێکی دیکە کۆتایی بە سەفەری بەهەشتی پەنابەران دێنن. پورە زارا داوا دەکات، کە بە ناوی کاوەی بکەنەوە. باڕباڕا لە سەر ناونان لە منداڵەکەیان بیر لە زۆر شت دەکاتەوە و پرسیار دەکات، کە کاوە مانای چییە. کەماڵ چیرۆکی کاوەی ئاسنگەری بۆ باس دەکات، کە وەک رەمزی راپەڕین دژی زۆرداری ناسراوە. لە پێناوی رازیکردنی دڵی هەموو لایەک ناوی کاوە و کنوت بە کۆرپەکەیان دەبەخشن. کنوت لە وڵاتانی باکوری ئورووپادا بەکاردێت و بە مانای ئازا، هەڵسوریی و شانازی دێت. پورە زارا شاد و دڵخۆشە و نێوچاوانی بوکەکەی ماچ دەکات و دەڵێ” بوکە باڵباڵا ئەوڕۆ زۆر شادم و هەست دەکەم تازە کاوەی کوڕم لە دایکبوە. ئەمڕۆ ئەگەر بمرم خەمم نییە، چوونکە بە ئاوات گەیشتم و خوا نەوەیەکی بە ناوی کاوە بە ئێمە بەخشیوە. ئێمە هەموو رۆژێ لە سەر بەرماڵێ بۆ ئێوە دوعا دەکەین و ئینشاڵڵا رۆڵەگیان ئەسپاردەی خوا دەبن”. چەند وینەیەکی جوان بۆ یادگاری دەگرن و مام کەریم و پورە زارا بە فڕۆکە بەرەو تاران دەگەڕێنەوە. سام و ترسی فڕۆکە دڵ و مێشکی داگیر کردوون، بەڵام لە گەڵ ناچاری هیچ ناکرێ. ئەوان دوای دوو رۆژان دەگەنەوە سەردەشت و لە گەڵ کچ و زاواکانیان و هەروەها جیران و خزمەکانیان دیدار تازە دەکەنەوە. پورە زارا و مام کەریم بە شێوازی حاجییەکان سەفەر و دیداری خۆیان بۆ میوانەکان دەگێڕنەوە و رووداو و دیتنەکانیان بۆ خەڵک دەگێڕنەوە. ئەوان هەر کامەیان ئاڵبۆمێکیان لە تەنیشت خۆیان داناوە و کە چیرۆکەکان دەگێڕنەوە وێنەکان بە میوانەکان نیشان دەدەن و تام و چێژێکی تایبەت بە گێڕانەوەکان دەبەخشن.

خەباتی کوردان بەردەوامە و رەوتی هاتنی کۆچبەران درێژەی هەیە. ژمارەی ساڵەکان سنووری سەدەی بیستەمی تێپەڕاندوە و لە سەرەتای سەدەیەکی تازەدا گوۆڤەند دەگێڕن. یەکێتی ئورووپا بەرەو سەردەمێکی تازە هەنگاوی هەڵگرتوە و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەندام پارەی هاوبەشیان بۆ خۆیان هەڵبژاردوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە بازاڕەکاندا کاری کڕین و فرۆشتنی پێبکرێ. تیرۆریزمی دەوڵەتی و نادەوڵەتی لە چڵەپۆپەدایە و خەباتی کوردان لە پشت دەرگا گاڵدراوەکاندا پەراوێزخراوە. لە باشووری کوردستاندا دەرفەتی جوڵان زیاترە، بەڵام شەڕی سارد و کۆنی نێوان پارتی بارزانی و تاڵەبانی بڕستی لە خەڵک بڕیوە. بورجە ئابورییەکانی ئەمریکا دەکەونە بەر هێرشی تیرۆریستی و لاپەڕەیەکی تازە لە ئەمنییەت و ئاسایشی گەلان و دەوڵەتەکانی جیهان هەڵدەدرێتەوە. تالیبان لە ئەفغانستان دەدرێنە بەر پەلامار و لەو وڵاتە دەردەکرێن و ئوسامەی کوڕی لادەن بەرەو پاکستان دەڕوات. پارلەمانی کوردانی باشوور بە کلی پارتی و یەکێتی چاوەکانی دەڕێژرێن و لە پێناوی دابەشکردنی بەرژەوەندییەکان تاڵەبانی و بارزانی زیاتر لە رابردوو لە گەڵ یەکتر گونجاون. ئەوان بۆنی پارە، نەوت و دەسەڵات سەرمەستی کردوون و لێدان لە عێڕاق زیاتر لە یەکتریان نیزیک دەکاتەوە. هێزەکانی بەعسی عێڕاقی لە بەرامبەر هێزە رۆژئاواییەکان گەمەکە بە پیسی دەدۆڕینن و سەردەمێکی تازە لە ژیانی سیاسی لە عێڕاقدا دەست پێدەکات. ژمارەیەک سیاسەتکاری باشوور و لە نێو ئەواندا کۆنەکارەکانی وەک جەلال تاڵەبانی، مەحمود عوسمان، مەسعود بارزانی و هتد بەرەو بەغدا دەڕۆن و لە سەر دابەشکردنی کێکی دەسەڵات و پارە دەسازێن. پرسی کورد لە بن لاقەکانی کورسی دەسەڵات لە بەغدا و هەولێر دەتلیسێتەوە و دەرفەتیک بۆ هێنانەگۆڕی ئەو باسە ناخوڵقێ. تاڵەبانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پێناوی کورسی سەرکۆماریدا پەراوێز دەخات و باشوور قۆرخی مەسعود بارزانی و پارتەکەی دەکەن. رەوتی رووداوەکان وەک رابردوو بەرەو پێش دەڕوات و کوردەکان هاوشێوەی رابردوو سواری باڵی کفوکوڵ بوون و لۆژیک و مەنتقی سیاسیان لەبیر کردوە. بازرگانی بە تەوژم و گوڕێکی بەهێزەوە کوردایەتی و سیاسەتی خستۆتە بن باڵ و سیاسەتکارەکان بە گەڵا، دەفتەر و بلۆک سیاسەت دەکەن و پەیامەکانیان دەگەیەنن.

باڕباڕا، کەماڵ و کوڕەکەیان لەو جیهانەدا ساڵەکانی تەمەنەیان دەتوێننەوە و چاوەڕوانی سبەینێیەکی باشتر و بەختەوەرتر دەکەن. تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی لە بەرچاوی مرۆڤەکان گەش و پربایەخ دەنوێنن. کەماڵ و باڕباڕا بە تێڕوانینێکی راستەقینە شەنوکەوی ماناکانی ژیان دەکەن و رێگانادەن لە خەونە گەورەکانی گوندە بچوکەکەی جیهانی سەردەمدا بزربن. ئەوان لە پەنجەرەی هۆدەی دانیشتنەکەیانەوە دەڕواننە تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی و وتە بەناو بانگەکەی مارتین لوتر کینگ بە ناوی “ئەمن خەونێکم هەیە” دەڵێنەوە. باڕباڕا هەڵبەستەکە دەگۆڕێ و بە دەنگەوە هەستەکانی بەمجۆرە دەردەبڕێ” ئەمن خەونێکم هەیە، خەونێکی پاراو و پڕاوپڕ لە شا خەونەکانی رۆژگار، ئەمن خەون بە دواڕۆژێکەوە دەبینم، کە کنوت و کاوە لە ستۆکهۆڵم بێ یان لە تاران، ئازاد و بەختەوەر بانگی کوردبوون بڵێتەوە، خەون بەو رۆژانەوە دەبینم، کە لە گەڵ کۆرپەکەم لە دەرەوەی خەونەکان بە زمانی سوئێدی و کوردی، گۆرانی بۆ خوڕەی چۆمی کەڵوێ بچرین، خەونی ئێمە لە سەرەوەی تەراویلکەی خەبات، نان و ئازادییە، ئەو خەونە هاواری راچەنەین و خەبەربوونەوەی مرۆڤەکان دەکات، دەزانم ئەمڕۆ لە ئاپارتمانی یەکێک لە شارە جوانەکانی سکاندیناڤیا خاوەنی خەونێکی تەڕاویلکەییم، خەونێک کە بۆ مرۆڤەکان بەهادار و بەنرخە، بەڵام رێگاکە پڕە لە گاشەبەرد، ئێمە خەونەکانمان بە گوێی بادا دەچرپێنین و بە زمانی شەپۆلەکانی ئاوی دەسپێرین، ئێمە خەونەکانمان بە قاز و قوڵینگە کۆچەرەکان دەسپێرین، تاکو لە سەر تەختەی شین و هەورین ئاسامان بە باڵەکانیان تێکستێکی جوان لە خەون بنووسن و بە دەنگە سیحراویەکانیان عەڕشی خودا لە شکانی شکۆی مرۆڤی کوردی ژێردەستە و چەوساوە بلەرزێنن”.