کوردستانی باشور و هاوپیمانی . هاشم کەریمی

کوردستانی باشوور بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی تووشی شکستی سیاسی و تا رادەیەک نیزامی بوو. دیارە زۆر لە گەلان لە میژووی خۆیاندا بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و

دیموکڕاسی سەرکەوتن و تێشکانیان بینیوە، بەڵام سەرنجام سەرکەوتوون و بە ئاواتی خۆیان گەیشتوون، بێگومان گەلی کوردیش لەو ڕێسایە بەدەر نیە و ئەو شکستە کاتییە.
کوردستانی باشوور لە ماوەی ئەو سەد ساڵە دا کە بە هۆی پەیمانی ” سایس-پیکۆ ” لە ساڵی ١٩١٦ی زاینیدا و خەیانەتی ئیستیعماری (کولونیالیزم ) بریتانیای گەورە و فەڕانسە، بە تایبەت بریتانیا، کەوتۆتە ژیر چنگوڕکی لە پێشدا شوینیزمی سونەی عەڕەب و لەم دوایەدا شوێنیزمی شێعەی عەڕەبەوە، ئەمە چەندمین جارە کە تووشی شکست دەبێ.
چەند هۆ( فاکتەر) ئەو شکستە نویەی پێک هێنا:
یەکەم لە تەواوی ماوەی دەسەڵاتداریی حیزبە کوردستانیەکاندا، سەرانی حکوومەتی هەرێم ئەوەندەی لە فیکری ژیانی خۆیان و دەوروبەریان دا بوون ئەوەندە لە فیکری ژیانی خەڵکدا نەبوون ، کشتوکاڵی کوردستان کە لە سەردەمی بەعسدا پەکی کەوتبوو و سەدام زۆربەی گوندەکانی وێران کردبوو. بەڵام دوای بەعس زیاتر پەکی کەوت و گرنگی پێنەدرا، لە حاڵێکدا زەوی کوردستانی باشوور باشترین زەوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ کشتوکاڵ. ئەوەندەی لە ئیمکانی هەرێمدا بوو گوێ نەدرا بە سەنعەتی کردنی بەشێک لە ئابووری وڵات. داعەشی دڕندە لە ماوەی حکوومەتی خۆیدا لەو ناوچانەی داگیری کردبوو، کارخانەی چەک و فیشەک سازی پێک هێنابوو و فرۆکەی سیخوڕیی دروست دەکرد، بەڵام پێشمەرگە لە بەرەی کەرکووک دەیگووت گولەم پێ نەبووە شەڕی پێبکەم. هەموو هەوڵیان تەرخان کرد بۆ تیجاڕەت و بازرگانی، کە لە سایەی ئەوەوە چەندان میلۆنێری مشەخۆر لە کوردستان پەیدا بوون و خەڵکە هەژارەکە هەژارتر بوون و جیاوازیی چینایەتی لە جاران قووڵتر و زیاتر بوو.
لەباری بازرگانی‌دا، کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیە لە بازرگانانی کوردستانی باشوور قازانجی زیاتریان دەست دەکەوت. ژنکوشتن پڕستیژی هەرێمی دابەزاند، هۆیەکەشی باوکسالاری و لە نێونەچوونی سیستمی عەشیرەتگەری بوو، لە رێبەریی حیزبەکاندا ژن کەمتر بەرچاو دەکەوتن. بەشی دادوەری کە دەبێ لە دەسەڵاتێکی دیموکڕاتیکدا سەربەخۆ بێ زۆرکز بوو، هۆی ئەو کزییەش دەستتێوەردانی بەشی جێبەجێکردن و بەرپرسانی حیزبەکان بوون و هەروەها پێکهێنانانی “دەزگای مەسڵەحەتی عەشایری!”.
سێ سەد تا چوارسەد کوردی خەباتگێڕی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەرێم، بە تایبەت لە ناوچەی سەوز، لە لایەن مرۆڤکوژە خۆفرۆشەکانی کۆماری ئیسلامی کە بریتی بوون لە کوردی رۆژهەڵات و بەتایبەت کوردی باشوور تێرۆر کران. لە ئەنجامدا تەنانەت بکوژێک نەگیرا و بەسەزا نەگەیشت کە دیارە سوچەکە لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێم بوو، کە رێگەی سنووری بۆ تیرۆریستان ئاواڵە کردبوو.
سەرە ڕای ئەمانەش ململانێی ناحەز لە نێوان حیزبەکاندا تەنانەت شەڕی براکوژیشی لێکەوتەوە. لە بەر خۆمانە خۆمانە نەیانتوانی دڵی عەڕەبەکان و تورکەمەنەکان و مەسیحییەکانی دانیشتووی کوردستان بەدەست بێنن و لانیکەم چەندین پۆستی ئیداریان بدەنێ و بیرو ڕای ئەوان بۆ لای سەربەخۆیی کوردستان را کێشن، بە داخەوە لە ریفڕاندومدا بەشێکی زۆریان دەنگی نەخێریان دا.
لە کاتی ریفراندومدا لە کۆبوونەوەی بنکەی کوردستانی رۆژهەڵات لە لەندەن لە حاڵێکدا کە ئەمریکا داوای دەکرد ریفراندوم نەکرێ، یەک دوو هاوڕیی شارەزا لە سیاسەت و ئابووریدا پیان وابوو کاک مەسعوود بارزانی بە نهێنی بۆچوونی ئەرینیی (موسبەت) ئەمریکای بە دەست هیناوە؛ بۆیە ئەو ریسکە دەکا. بێجگە لە خەیانەتی نێوخۆیی کە ئاکامی ئەو خراپ بەڕێوەبردنەی ئەو چەند ساڵە و ئەو ململانێ ناپەسەندە بوو، کەسانی نابەرپرس بە بێ ئاگاداری ریبەرایەتیی یەکێتی و بە دەڵالی کردنی قاسم سلێمانی بە نهینی لە گەڵ رژیمی عێراق سازابوون وئەوە بووە هۆی پاشەکشەی پێشمەرگە لە کەرکووک و ئەو زەرەر و زیانە گیانی و ماڵیە کە لێی کەوتەوە، و ئاوارەبوونی نزیکەی دووسەد هەزار کەس خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکان.
هۆیەکی دیکە ئەوە بوو کە ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان لە نێوان دا دابەش بووە، واتە عێراق و ئێران و تورکیە لە گەڵ هەموو ناکۆکیەک کە لە نێوانیاندا بوو، بە دژی کوردستان پاڵیان پێکەوە دا و گەلە کۆمەكێ یان لە کورد کرد. تەنانەت عەرەبستانی سعودی کە دەیزانی عێراق کەوتۆتە ژێر هیژموونیی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە و لە گەڵ ئەو دوژمنایەتییەی لە گەڵ ئێران هەیەتی، بە بیانووی پاراستنی خاکی “عروبە ” پشتی عێراقی گرت. سوریەش کە خۆی لەوپەڕی شەق وشڕیدایە، لە سەر عێراق هاتە جواب.
لە راستیدا لەو وڵاتە دیکتاتۆڕ و کۆنەپەرستانەی کە ناو بران هەر ئەوە چاوەروان دەکرا، بەڵام با بزانین هەڵوێستی وڵاتانی بە ناو دیموکڕات و بە رواڵەت دۆستی کورد بەرامبەر بەو کێشە چۆن بوو؟ فەڕانسە کە لە پەیمانی ” سایس- پیکۆ” و دوایی لە پەیمانی” لۆزان ” لە ١٩٢٣ی زاینی دا خەیانەتی بە کورد کرد، ئەمجارە سیاسەتێکی مامناوەندیی گرتە پێش و لە گەڵ ئەوەی پشتیوانی لە عێراقێکی یەکگرتوودەکرد، داوایکرد کە بە شەڕکێشەکان چارە سەر نەکرێن و هەر دوولا وتووێژ بکەن.
بریتانیای گەورە چەند جار خەیانەتی بە کورد کردووە. لە پەیمانی” سایس-پیکۆ” و ” لۆزان” ەوە بگرە تا ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی( ١٩٤٧ی زاینی) کە هاوکار لە گەڵ ئەمریکا یارمەتیی بێدرێغیان پێشکەشی حەمەڕەزا شا کرد کە دووکۆماری کوردستان و ئازربایجان بروخێنێ. دیارە لاوازیی سیاسەتی دیکتاتۆڕی سۆڤیەت واتە” ئیستالین ” یش لەو روخاندنەدا کاریگەری هەبوو. بریتانیا لە١٣٣٢ی هەتاوی( ١٩٥٣ی زاینی )هاوکار لە گەڵ ئەمریکا حکوومەتی نیشتما نیی دکتوور “موسەدیق” یان رووخاند. راستە کە ئەو کێشە راستەوخۆ پێوەندی بە کوردەوە نەبوو، بەڵام کوردیش وەکوو هەموو گەلان و چین و توێژەکانی ئازدیخوازی ناو ئێران زەرەرمەند بوو. حیزبی دیموکراتی کوردستان کە تێکۆشانی نیوە ئاشکرای هەبوو، بە تەواوەتی قەدەغەن کرا و زۆر لە تێکۆشەرانی کورد زیندانی و ئاوارەی هەندەران بوون.
ئەمجارەش دوای هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە پشتیوانیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر کوردستان، لە کۆبوونەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا لە سەرپێشنیاری وێستانی شەڕ، کاتێ باسی پاراستنی مافی کەمایەتیەکانی عێراق کرا و بریار وابوو کە ناوی کورد بە تایبەت ببرێ، تەنیا بریتانیا لەسەر ناوبردنی کورد دەنگی نەرێنیی( نیگەتیڤ) دا.
بەلام با بزانیین نەخشی ئەمریکا کە کوردی باشوور پشتی پێ بەستبوو چۆن بوو؟ ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە تەواوی ئەو ماوەی هاتۆتە دنیای سیاسەتی جیهانییەوە، نەک تەنیا پشتی گەلانی نەگرتووە، بەڵکوو لە هەرجێیەک دەنگی ئازدیخوازی بەرز بووبێتەوە، (ئەمریکا) ئەگەر بۆی کرابێ خنکاندویەتی. لە سەر کێشەی کورد لە رووخانی کۆماری کوردستان و حکوومەتی نیشتمانیی “موسەدیق” دا باسکرا. لە ١٩٧٤ی زاینیدا بە رواڵەت هاوکار لەگەڵ شای ئێران و ئیسڕائیل پشتیوانی بزووتنەوەی کورد (شۆڕشی ئەیلوول) بوون، بەڵام دوای رێککەوتنی شا و سەدام پشتی کوردی بەردا و گیانفیدایی ١٤ساڵەی پێشمەرگەی کوردستانی گورگانخواردووی بەعس کرد. لە ١٣٥٧ی هەتاوی ١٩٧٩ی زاینی کاتێک زانیان شا ئیکسپایر بووە، لە گەڵ چەند حکوومەتی سەرمایەداری لە ترسی ئەوەی نەوەکوو حکوومەتێکی “چەپ و ئازادیخواز” لە ئیران بێتە جێی شا، لە “گوادلۆپ” بڕیاریان دا خومەینی بێننە سەرکار و فیداکاری و خەباتی ٢٥ساڵەی گەلانی بندەستە و چین و توێژە تێکۆشەرەکانی خەڵکی ئێرانیان بە دەستی ئاخوندەکان شەڵاڵی خوێن کرد.
کارنامەی دەست تێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری گەلان و وڵاتاندا کارنامەیەکی خوێناویە. لە شەڕی کورە (١٩٥٠ – ١٩٥٣) بە قازنجی ریژیمی ” سینگمان رەی ” لە ١٩٥٠ی زاینی بۆماوەی سێ ساڵ شەڕ پترلە میلوێنێک کورەیی کوژران. لە ١٩٥٤ی زاینی جێ پێی کولونیالیزمی(ئیستیعمار) فەڕانسەی لە وێتنام گرتەوە و شەڕێکی ٢١ سآڵەی بەسەر ئەو گەلەدا داسەپاند کە پتر لە دوومیلیون وێتنامی کوژران و چەند بەرانبەری شەڕی دوومی جیهانی بۆمبی بەسەر ئەو خەڵکەدا دارژاند، لەگەڵ ئەوەيش لە ١٩٧٥ لەبەرامبەر خۆڕاگریی خەڵکی ویتنام دا شکستی خوارد. لە ١٩٦٠ بە یارمەتیدانی راکردووەکانی کوبایی هێرشی کردە سەر کوبا، بەڵام سەر نەکەوت. لە نیکاراگوا ساڵەها یارمەتیی”کونتڕا” دڕندەکانی بە دژی “ساندنیستەکان” دا کە پێی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ کڕینی ناڕاستەوخۆی چەکی ئەمریکایی کەوتە ئەو زەلکاوە. لە ١٩٦٧ بە یارمەتیی ژینڕاڵەکانی “بۆلێوی” لە دۆزینەوە و ئیعدامی “چ گوارا” ی شۆڕشگیر نەخشی سەرەکی هە بوو. لە شیلی بە یارمەتیی “پینووشە”ی فاشیست حکوومەتی قانوونیی “سەلوادور ئالندە”ی روخاند و هەزاران کەسی ئازدیخواز گیانیان لە دەست دا. لە گواتمالا حکوومەتی قانوویی “ئاربنز”ی بە کودەتا رووخاند. لە برزیل و ئارژانتین و پیڕۆ بە هۆی کودەتای نیزامی حکوومەتە قانوونیەکانی ئەو وڵاتانەی لە نێو برد. لە ١٩٨٠ی زاینی ” ئارنو لوزمیرۆ ” ئوسقوفی سالوادری کە دژی سیاسەتەکانی ئەمریکا بوو، تیرۆر کرد. لە ١٩٨٠ی زاینی کودەتای لە دورگەی “گرانادا” ئەنجام دا و “موریس بیشۆب” سەرۆکی قانوونی ئەو وڵاتە کوژرا. لە ئەندونزی یارمەتیی “سوهارتۆ” ی فاشیست و ژینڕاڵەکانی ئەو وڵاتە و هەروەها حیزبی ئیسلامیی دا کە پتر لە میلوینێک کمونیست و چینی و بنەماڵەیان قەتلووعام کران. لە ئەفغانستان بە هاوکاریی عەڕەبستانی سعوودی و پاکستان حكوومەتی تا ڕادەیەک دیموکڕاتی “دوکتور نەجیب اللە “ی روخاند و ئەرتەشی سوڤیەتی پێشووی لەو وڵاتە دەرپەڕاند ،کە دوو رێکخراوی تیروریستی ئەلقاعیدە و تاڵەبانی لێ کەوەتەوە. بە وتەکەی فارسی ئەوانە ” مشتێک بوون لە خەروارێک “.
جا کاتێک ئەو کارنامە رەشە دەبینین چۆن چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە ئەمریکا بەرژوەندیی خۆی لە بیست وڵاتی عەڕەبی و تورکیە دا بکاتە فیدای گەلێکی بێ کیان و بێ پشت وپەنا؟
لەسەرەوە باسی ئەوەمان کردکە ئەمریکا لە مێژووی خۆیدا چەند جار بە قازانجی خۆی زەبری لە بزووتنەوەی کورد داوە ، ئەمجارەش بۆ زەبر لێدان لە داعەش کە دروستکراوی دەستی خۆی و هاوپیمانەکانی، واتە تورکیە و عەڕەبستانی سعوودی و قەتەر بوو، بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ هیلالی شێعە، کوردی دڵسافی بە رواڵەت کردە هاوپیمانی خۆی، بەڵام ئەمجارەش خەیانەتی بە کورد کرد و هاوکار لە گەڵ عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئیران و تورکیە ئاواتەکانی گەلی کوردستانی باشووری فیدای بەرژەوەندی مادی و سیاسی کرد و ئیجازەی دا حەشدی شەعبی بە فەرماندەریی سوپای پاسدارانی ئێران بە تانگ و چەک و سیلاحی پێشکەشیی کارخانەکانی ئەمریکایی، پێشمەرگەی کوردستان شەڵالی خوێن بکەن و نزیکەی دووسەد هەزار کوردی ئەو ناوچانە ئاوارەببن وپتر لە نیوەی سەرزەوی کوردستان بخاتەوە ژێر چەپۆکی رژیمی کۆنەپەرستی عیبادی‌یەوە . ئافرین بۆ وڵاتانی دیموکڕات!
هەموو ئەو مێژووەی کە باسیکرا، ئەوەمان پێ دەسەلمێنی کە کورد بۆ گەیشتن بەمافەکانی پیش هەموو دەبێ پشت بە خۆی و یەکێەتیی ریزەکانی خۆی ببەسێ.
هاشم کەریمی