گێڕانەوەی چەند بەسەرهاتێکی خۆشی ژیانی پێشمەرگایەتی! بەشی دووهەم : محەممەد سلێمانی

ساڵی ١٣٧١ ی هەتاوی بوو و بنکەو بارەگاکانمان لە لێوژێی بناری قەندیل بوون و هێشتا بەرەو قووڵایی خاكی کوردستانی باشوور لە ژێر فشاری هێزە باڵا دەسەتکان دا نەگواستبوونەوە و ناوچە سەرسنووریەکانمان چۆل نەکردبوون. لە سازمەندەهی ئەو ساڵەدا وەك کادری سیاسی لکی یەك دیاری کرام و رەحیم مەنگوڕی وەك سەرلك و مینە بازدیش جێگری ئەو لکە بوون. هەر لەو ساڵەدا محەممە میقدادی( ڕەشە) بە سەرپەرستی هێزی قەندیل لەلایەن دەفتەری سیاسیەوە ناسێندرا، کە زۆرمان پێ خۆش بوو، لەبەر ئەوەی ه ڕەشە خەڵکی ناوچەی پیرانانی پیرانشار بوو کە بەدوای نەقڵکرانی کاك سەید رەسوڵ سەید ئەحمەدی و پێشتریش کاك هەمزە بێهنام بۆ هێزی ئاگری. لەو کاتەدا یەکەمجار بوو کەسێکی خۆجێی وەك کەسی یەکەمی هێز دیاری بکرێتەوە. بەگشتی کادر و پێشمەرگەکان زۆر کەیف خۆش بووین و ڕەشەش کە لە نزیکەوە هەموو هاوڕێکانی دەناسی و پەیوەندی پتەو و بە هێز لە نێوان هێز و لکەکاندا دامەزراند. سەرپەلەکانی لکی یەك شەهیدان عەبدوڵا تەبەرزە و مراد رەحیمزادە بوون و جێگر پەلەکانیش ئاوارە ئاف و ناوی جێگر پەلەکەی‌ترم نەهاتەوە یاد کە بەیەکەوە هەموومان هاوکاریی بووین و زۆریش پێکەوە دەگونجاین و پێشمەرگەکانیش زۆر بەچاکی یارمەتی و هاوکاری سەرخستنی ئەرکە حیزبیەکانمان بوون.( شەهید مینە بە هۆی کردەوەی تیرۆریستی لە گەڵی عەلی بەگ لە گەڵ محەممەد درەخشانی کادری کومیتەی شارستانی پیرانشار کە ئەو کات شوفیر بوو، تیرۆرکران) ئەو ساڵە سەرەتایی ڕۆژێکی گەرمی هاوینی بوو. لە چیاکانی پشتی ماسوێ مابووینەوە، بۆ ئەوەی دڕێژە بە کار و چالاکیە سیاسی و تەشکیلاتی و نیزامیەکان بدەین لە دەڤەری نە‌غەدەی. پێشمەرگەکان هەموو شاد و کەیف خۆشبوون و دەستە دەستە لەژێر سێبەری تەپڵە گوێنی و بنجی تیروێ و تاشەبەردەکاندا لە دەوری یەکدا کۆببوونەوە و هەر یەکە و بە شتێکەوە سەرقاڵبوو. هێندێکیان بە پێکەنیەوە باسی سەربردە و قسەی خۆشیان بۆ یەکتری دەگێڕایەوەو و هێندێکیشیان بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ڕێژیمان تاوتوێ دەکرد و بە ئومێدەوە بەرەو ئاسۆی سیاسی و خەباتی حیزبیان دەڕوانی. ئەو کات وا باو بوو پێشمەرگەکان بەدڵخوازی خۆیان هاومزڵیان هەڵدەبژارد بۆ نان و پێخۆر هەڵگرتن بۆ ڕۆژانی دوایی و هاونشین لە کاتی پشوو و مانەوەدا. تیمی پچووکی ئێمە لە مینە بازیدی و محەممەد سلێمانی و حوسێن دەمە و جەعفەر ڕێواس و مراد رەحیمزادە پێك هاتبوو. ( مراد رەحیمزادە بەداخەوە پاشان لە گوندی قەڵاتی زێدی خۆم لە گەڵ هاوڕێی عەبدوڵا تەبەرزە شەهیدکران کە ئەو دوو فەرمەندەیەش یەکێکیتر بوون لە ئازاترین پێشمەرگەکانی هێزی قەندیڵ) حوسێن دەمە کە بەداخەوە ( ئەویش بە پیلانێکی تیرۆریستی لە گەڵ مستەفا محەممەدزادە لە سەر دەروازەی نێوان قەندیلی گەورە و پچووکدا شەهید دەکرێن لە لایەن چەند پیاو کوژێکی باشووری کوردستان) کورێکی ئازا و بە هێز و قسەخۆش و پیتۆڵ بوو. لە کاتی مانەوە پشوومان دەدا، حوسێن لەسەر چیا و تەپلۆکە و بن دار و دەون بوایە، بۆ حەسانەوە و پشوودان بە سەرنێزەکەی پاش خۆماندووکردنێکی زۆر جێگای خۆی تەخت و رێکدەخست و وەك ئەوە دەچوو کە لە هەر شوێنێكدا کۆشکی پشوودانی سازدەکرد. پێشمەرگەکان بەگشتی زۆریان هەوڵدەدا لە گەڵ حوسێن هاومزڵبن. لە گەڵ ئەوەشدا حوسێن دڵناسك بوو، زوو زوو لێمان زوێر دەبوو و من و شەهید مینە زۆرمان دڵ ڕادەگرت و بەهەق حوسێن ڕێزی زۆری لە مینە بازیدی دەگرت و بەگوێی ئەوی دەکرد . ئەو ڕۆژە لە سەر چا لێنان کە سەڕەی خۆی دەبێت هەڵدەچێ و داوایی جیابوونەوەی کرد بوو. کاتێك مراد رەحیمزادە بانگی کرد و گوتی محەممەد حوسێن دیسان بەرگە و بنەی پێچاوەتەوە و دەڵێت چیتر لە گەڵ ئێمەدا نابێت. منیش زۆر بە پێکەنینەوە گووتم، مراد بینێرە بۆ” کۆمیسۆنی سیاسی نیزامی” بۆ ئەوەی پاکانە حیسابی لە گەڵ دا بکەین. مراد ڕەوانەی ئێرەی ( لای منی) بکە و و با کۆڵەپشتیەکەشی لە گەڵ خۆیدا بێنێت. حوسێن کە زۆرمان لێ دوور نەبوو گوێی لە قسەکانی ئێمە بوو خێراهات و گوتی: ها ئەوە نان و پێخۆرەکەیە و بۆچیتە؟ منیش پاش دابەشکردنی بەدوو بەش، بەشی خۆم پێداو و گوتم بەخێر چیت برالە، ئەوە پاکانە حسابەکەمان کرد و هیچمان پێکەوە نەماوە، هەرکەسێكت پێ خۆشە بڕۆلای!!. ئەویش بەتوڕییەوە لێم دوور کەوتەوە و گووتی تازە هەر بەنزیکتاندا تێناپەڕم باشە، تازە ناگەڕیمەوە بۆ لاتان!!. بەڵام ئێمە دەمانزانی نە حوسێن بێ ئێمە هەڵدەکا و نە ئێمەش رازین ئەو لێمان جیابێتەوە و لە کۆتایدا بۆ جارێکترتر یەکمان گرتەوە. شەوێکی هاوینی ١٣٦٩ی هەتاوی بوو بۆ پشوودان و حەسانەوە بڕیاردرابوو بۆ چەند ڕٶژێك لە شیو و دٶڵ و ئەشکەوتەکانی “دٶڵەڕەش’ دا بمێنینەوە. شەوێ بەر لە وەڕێ کەوتن کاك محەممەدە ڕەشە، بە کاك محەممەد قەرەخدری دەڵێت تیمێك بنێرە بابڕۆن ئەو کەلوپەلە نیزامیانە لە فڵان گوندەی بێنن. مینە بازیدیش کە خەڵکی ناوچەی بەریمێرگان بوو و هەرلەوکاتەشدا شارەزای بواری ئەمنی و جوگرافیایی ئەوێبوو، وێڕای پۆلێك پێشمەرگە، مەئمووریەتی پیدەرێت. هێز لە شوێنەکە زۆرر دوور نەکەوتبوویەوە. کاتێك کاك مینە و هاوڕێیانی دەگەنە جێگای دیاریکراو تەنیا کەرێكیان دەست دەکەوێت بۆ گواستنەوەی موهیماتەکە. خۆشتان دەزانن گوێدرێژ هێزی ئەسپ و هیستری نیە و توانای ئەوەی نیە بەڕێژەیەکی زۆر بەرهەڵگرێت. پێشمەرگەکان دەزانن بەو کەرە نەخۆش و بێ هێزە هەموو ئەو شتانەیان بۆ ناگوازرێتەوە کە هێز داوایکردبوو. ئەو کات ئێمەش بۆ پشوویەکی کورت لە پشتی هەنگەوی، واتە مەلامەحموودی هەرکەسە پاڵی بەکۆڵەپشتیەکەی دابوو لە گەڵ هاوڕێکانیدا گفتووگۆی دەکرد. دەنگە دەنگی سرت و خورت و پێکەنینی پێشمەرگەکان دەبیسرا و ئەو کات هەمیشە دڵمان خۆش و خۆمان بە پادشای وڵات دەزانی و هەرگیز هەستمان بە شەکەتی و بێهیزی نەدەکرد. هێندێك جاریش جێگرپەلەکان بەسەر پێشمەرگەکاندا دەگەڕان و داوادەکرا، بە سەبری قسە بکەین و نەکا لە دەورووبەرمان شتی نامۆ هەبێ یان شوان و کەسی تر گوێی لە دەنگە دەنگی ئێمە بی و ڕۆژی دوای بڕۆن ڕاپۆرتمان لە لای دوژمن لێبدەن و پشووەکەمان لێ تێکبدەن و توشی شەربین. لەلای هێز دەنگە دەنگ پەیدابوو و ئێمەیش زۆر خێرا خەیاڵمان بۆ ئەو پۆلە پێشمەرگەیە چوو کە بۆ مەئمووریەتی کورت لێمان دوورکەوتبوونەوە و وامانزانی لە کەمینی دوژمن کەوتوون. هەرچۆنێك بوو خۆمان نزیك کردەوە و زانیمان مەسەلەکە کەلوپەلی نیزامیە. بە حووکمی ئەوەی ئەو شەوە لە گەڵ تیمی پێشڕەودابووم، بۆم هەبوو لە هەرکوێیەك بوەستم. محەممەدە ڕەشە پەیوەندی بە مینە بازیدییەوەکرد و لێیپرسین زۆرتان ماوە بەرەو لای ئێمە بگەڕێنەوە یان جارێ هەرلەوێن! کاك مینە بازیدی دیاربوو باسی دژواری کارەکەی دەکرد و ئەو وڵاغانەی دەست نەکەوتبوون هەتا بری زۆری چەك و تەقەمنی لە گەڵ خۆیاندا بێنن و لەو کاتەدا تەنیا کەرێکیان دەست دەکەوێت. کاك ئەحمەد نستانی روودیکردە رەشە و قەرەخدری و فەرمەندەکانی تر و پرسی چیان کردوە، بەرێکەوتوون یان هەر لەوێن! ئەوانیش وڵامیان دایەوە و گووتیان کاك ئەحمەد مینە دەڵێت ئەو هەموو شتەمان پێنایەت. نستانی تورەبوو گوتی بۆچی پێیان نایەت خۆ بەکۆڵ نایهێنن، یانی لەو گوندەیدا کەسێك وڵاغی نیە بڕۆن لێی وەربگرن و شتەکانی لێ بار بکەن! کاك ئەحمەد بە بێسیم قسەی لە گەل کاك مینەی کرد، کە ئەوکات ناوی نهێنی شەڕگە بوو، کاك ئەحمەد پرسی ئێ شەڕگە پێمبڵی بۆچی ئەو شتانەتان بۆنایەت و خۆ بە کۆڵی هەڵناگرن! هەرچی مینەبوو دەیگووت ولاغەکە ئەو هێزەی نیە هەموو کەلوپەلە هەڵگڕێ و هیترمان دەست نەکەتووە. نستانی سووربوو کە دەبێت هەرچۆنێك بێ ئەوەی پێتان گوتراوە بیهێنن! مینەش لەوکاتەدا زۆر تورەبوو و لە وڵامدا گووتی: (مەریوان، ناوی نهێنی بێسیمی کاك ئەحمەد بوو) مەریوان گیان! هەر لە خۆت دەپرسم، شەغرە بەکەڵەبابیەوە دەدرێت! مەبەستی مینەی ئەوەبوو کە بە گوێ درێژ هەموو ئەو شتانەی داواکراون بۆمان نایەت. هەموو لێگڕا دەستیان بە پێکەنین کرد و نستانی گوتی بەخوا برام ئەو کابرایە زۆر سەیرە و هەر بەقسەی خۆی دەکات.( شەغرە کۆمەڵێك باقەی گیایە) دیار بوو نستانی بەتەواوی لە بەمەستی مینەی نە گەیشتبوو و ئەگەر هەڵەم نەکردبێت محەممەد قەرەخدری مەبەستی مینەی بۆ نستانی روونکردەوە. ژیان هەرچەندە سەخت و دژواربوو، بەڵام ئیرادە و ئیمان بەڕێبازی سیاسی حیزب و، خەباتی نەتەوایەتی هەموو خەمو خەفەتێکی زەمانەی لەبیربردبووینەوە و لەو ڕۆژگارەداتەنیا بیرمان بە تەنیا لە سەر کارو چالاکیەکانمان بوو. دیسان گەڕاینەوە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، ئێوارەیەکی زوو خۆمان گەیاندە گوندی کانیەکلی، کە گوندێکی دڵگێر و مێژوویی بوو لانی کەم بۆ پێشمەرگە دێرینەکان. چوونکی وەختی خۆی کە ڕێژیم نەتوانیبوو بە هۆی بەرگری شێرانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە مەڵبەندی خۆڕاگری پیرانشار، قارەمانانی هێزی ئاوارە کە پاشان ناوی گۆڕا بۆ هێزی قەندیل هەموو شار و دەڤەرەکان داگیربکات و کۆنتڕۆڵی بکاتەوە. لەو وەختەدا پەلێك لە پێشمەرگەکانی لکی ٢ی هێزی قەندیل مەقەڕیان لەوێ دەبێت. یەکێك لەو هاوڕێ و دۆستانەیش کە وەختی خۆی لەوێدا ژیابوو و عەلی دیواری بوو. عەلی کوڕێکی شەرکەر و ئازا و فەرمەندەیەکی چاونەترسبوو، بەڵام زوو زوو لێمان تووڕە دەبوو. ئەو شەوە بەرێکەوت من و عەلی لە گەڵ چەند پێشمەرگەی تردا چووینە ماڵی حاجی عەلی( حاجی یەکان سێ برابوون و زۆر کوردپەروەر و بەرێزبوون و خۆدا پێدراو و دەوڵەمەندی ناوچەی گەدەی بوون) و وەك سوننەتی پێشمەرگایەتی دەستم کرد بەناساندنی ناوێ هاوڕێکانم. پاش ناساندنی ناوی یەکە بەیەکەیان بەمام حاجی عەلیم گوت، مام حاجی ئەوەش کاك عەلی دیواریە و کادرێکی تێکۆشەر و بەئەزموونی حیزبە و خەڵکی گوندی قوبادبەگیانە و کوری رەسوڵی خدری شێخەیە. دیارە منیش بەهەڵە ناوی باوکم گووت و ناوی باوکی عەلی لە ڕاستیدا مام ” خدر” ە نەوەکی رەسوڵ. هەستم بەو هەڵەیەنەکرد و عەلیش لەوێ هیچی نەگووت و یان ئەوەتا لە بیری نەبوو یان شەرمی کرد لەوێ هیچم پێ بڵێت و لە زەوقم بدات. بۆمانەوەی ڕۆژی دوایی بەرەو چیای سپی سەنگ هەڵدەگەڕاین کە شەوێکی تاریك و ئەنگووستە چاو بوو و رێگامان بە نێو گوێنی و کیفاری بەدڕکی ئەو ناوەدا دەبڕی. لە پڕ عەلی کە لە سەفەکەدا زۆرمان فاسیلە نەبوو، بەتوڕەیەوە بانگی کرد و پرسی محەممەد!! کاکە گیان ئەتو ئەگەر ناوی باوکم نازانی و لە بیرت نەماوە، بۆ لەوێ منت بە هەڵە بەمام حاجی ناساند! خۆ مام حاجی عەلی منی دەناسی و پێویستی بە فەلسەفەبافی تۆ نەبوو! پاشان هەر لە خۆت دەپرسم، ناوی باوكم مەردی حیسابی خدرە یان ڕەسوڵ؟ منیش بە هێواشی زانیم عەلی زۆر توڕەبووە و هەقی بەدەستە و هەڵەکە لەمن بووە. گووتم عەلی گیان جا ئەو توورە بوونەی دەوێت برالە! بەخوا قسەی بەینی خۆمان بیت، من ناوی رەسوڵم لە هی خدری زۆر زۆر پێخۆشترە!.. عەلی زۆر توڕە و بێزار بوو لە وڵامدانەوەکەم و بێدەنگەی لێکرد و گەڕایەوە جێگای خۆی لە نێو سەفەکەدا . بەردەوام بووین لە ڕێگا ڕۆیشتن بۆ شوینی مانەوە. ماندوویەتی و شەکەتی ڕێگا لێك زویربوونەکەی لە بیر من و عەلی بردەوە و هەر وەك هەمیشە هاوڕێ و دۆستی نزیكبووین.
محەممەد سلێمانی