وەفایەک بۆ کچان، ژنان و دایکانی نێو شۆڕش و بە تایبەتی لە نێو حدک دا

خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ رزگاری قۆناخی جۆراوجۆری بە خۆیەوە دیتووە و لە هەموو ئەو قۆناخانەشدا شۆرشگێران بە پێێ توانای خۆیان لە مەیدانی نەبەرد و بەربەرەکانی دا بەشداریان کردووە و بەشێک لەوان بە سەخاوەتەوە گیانی پیرۆزیان پێشکەش بە نیشتمان کردووە و بوونە ئەستێرە و لەگەڵ ئەستێرەکانی ئاسمان بە سەر سەرمانەوە دەدرەوشێنەوە.

لە دێر زەمانەوە باسی خەبات و شۆڕش و پێشمەرگایەتی تەنیا لە توێژی پیاو دا پێناسە کراوە و لەو پەیوەندی‌یەدا غەدرێکی دیار و گەورە لە توێژی ژنان کراوە، هەموو ئەو شۆڕشانەی پێش کۆماری کوردستان، کەم و زۆر ئەو غەدرەیان پێوە دیار بووە و کەمتر و بە دەگمەن ناوی ژنان لە بەڵگەنامە مێژووی‌یەکان دا دەبیندرێ. دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دواتریش دامەزرانی کۆماری کوردستان، ژنان تا رادەیەک دێنە گۆڕەپانی خەبات و بە دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، ژنان راستەوخۆ دەبنە بەشێک لە خەباتگێرانی گەلی کورد و ئەوەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ خەباتی نوێی ژنان. لەو کاتەوە تا ڕووخانی رژێمی پەهلەوی کەم و زۆر ژنان لە خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانی و نەهێنی دا بەشداریان کردووە.

دوای رووخانی رژێمی شا و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە دانانی بنکە و بارەگای تایبەت بە حیزب توێژی لاوان بریتی‌لە کچ و کوڕ ، توێژی ژنان و توێژی پیاوان لە هەموو جۆرە تەمەنێک دا بەشداریان کرد و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوە کە ڕەنگاوڕەنگی بە قەوارەی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دیار بێ.

سازماندەیی و ڕێکخستنی نوێی حیزب و درووستکردنەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان کە یادگاری کۆماری کوردستان بوون، مزگێنی‌دەری خۆشی بوون بۆ توێژەکانی لاوان و ژنان. بە دامەزراندنی بنکەی تایبەت بە ژنان و لاوان لە ژێر چەتر و سێبەری حیزبی دێموکرات دا لاوان و ژنان پۆل پۆل بەم دوو ڕێکخراوەیە و بە حیزبی دێموکراتەوە لکان و بە بوونیان وەک ئەندام لەم ڕێکخراوانە دا ڕەنگ و بۆن و بەرامێکی دیکەیان بە شۆڕشی نوێ بەخشی و ئەوەش نیشانەی گرینگی دان بوو بە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا.

ژنان لە یەکەم چرکەساتەکانی دەستپێکی شەری سێ مانگەدا سەلماندیان کە دەتوانن شان بە شانی براکانیان لە ریزی پێشمەرگەکان دا خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن و بوونە سیمبولی بە یەکەوە خەبات کردن. ژنان وەک تەواری بەرزەفڕی کوێستان لە شەقەی باڵیان دا و بەفڕینیان سەلماندیان کە دەتوانن لە ئاسمانی ساماڵی وڵات دا وەک هەڵۆکانی دیکە بفڕن و ببنە مەلی بەرزەفڕی وڵات و شادی و ئاشتی بە دیاری بۆ گەل بێنن، بە خۆشیەوە ئێستا ژنان بە گشتی دەستیان بە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی کوردەوە دیارە.

لەگەڵ چڕ بوونەوە و درێژ بوونەوەی شۆڕش، ژنانیش قۆناخەکانی شەری جبهەیی، پارتیزانی و مەیدانی و شۆڕاییدا تاقی کردەوە و لە هەموو ئەو قۆناخانەشدا زۆر سەربەرزانە و سەرکەوتووانە ئەرکە پێسپێردراوەکانی خۆیان بە جێگەیاند. ژنانی پێشمەرگە وەک برا پێشمەرگەکان، لە پەل و دەستە و لک و هێزەکان دا سازماندەیی کران، زۆرێک لە ژنان کاری قورسی دیکەیان وێرای ئەرکی پێشمەرگایەتی خۆیان وەئەستۆ گرت، بەشێکیان زۆر بە سەخاوەتەوە تەمەنی لاوەتی خۆیان قوربانی بووکی سووری ئازادی کرد و بوونە چرای شەوچرای نێو شۆڕش و ناویان بۆ هەمیشە لە مێژووی پڕ سەروەری خەباتی نەتەوایەتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان دا دەدرەوشێتەوە.

خەبات بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی بە بێ دانی قوربانی هیچ کات ناتوانێ سەر بکەوێ و ئەو خەباتەش بە بێ بەشداری ژنان ناتەواوە و ناگاتە لووتکەی سەرکەوتن. بە هەست کردن بەو راستی‌یە و بوونی ژنان لە سەفی شۆڕش و پێشمەرگایەتی دا دەتوانین بڵێین هەم خەبات ڕەنگین‌تر دەبێ و هەمیش ژنان هەست بە کەمی لە کۆمەڵگا دا ناکەن.

ژنانی نێو شۆڕش جیا لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی، زۆرجاریش لە نێو ریزەکانی پێشمەرگە و حیزبیش دا دەبوو خەبات لەگەڵ هەندێک کەمایەسی جۆراوجۆری وەک نەخوێندنەوەیان لە رادەی ڕێبەری و دابەش کردنی بەرپرسایەتی و پێ‌نە‌سپاردنی پلەی گەورەی نیزامی و متمانە پێ‌نەکردن بۆ بەرێوەبەری جۆراوجۆر دا بکەن. ژنان لە هەندێک بواردا توانیان بە بەردەوامی و پێداگری خۆیان بە برا پێشمەرگەکانیان بسەلمێنن کە دەتوانن و بگرە لەوانیش زیاتر ئەو پۆست و بەرپرسایەتی و بەرێوەبەریانە بەرێوەبەرن، بە خۆشیەوە تا رادەیەکی بەرچاو ژنان لە هەموو بوارەکاندا درەوشانەوە و بە گەورەیی خۆیان نیشانیان دا کە دەتوانن لووتکە و بەرزایی بکەنە شوێنی خەباتی خۆیان.

b_300_220_16777215_00_images_ZHINAN_zhnan26sermawez2017.jpgلە کاتی خەباتی چەکداری و ڕۆژە سەختەکان دا ژنان و کچانی پێشمەرگە، لە شەڕەکان دا زۆر بوێرانە هەڵیان دەکوتایە سەر هێزی ڕەش و ئەهریمەنی سوپای پاسداران و بە چریکەو هاواری بەرزیان و بە بژی حیزبی دێموکرات، نەترە و زەندەقیان دەخستە دڵ و جەستەی لەرزۆکی جاش و بەسیج و پاسدار و هێرشکەران، کەمیش نین ئەو ژن و کچانەی کە لە کاتی هێرش و حەماسە دا سینگ و دڵی پڕ لە هیوایان بە گوللەی دوژمن پێکراوە و بە خوێنی ئاڵیان پرچ و سینگیان سوور بووە و بە کۆڵی هاورێی پێشمەرگەوە ، شلک وەک ریحانەی بە بۆنی هەڵکەندراو دەگەیندرایە پشتی شەڕگە و لە نێو ئاخ و حەسرەت و ناڵەی دەستە خوشکەکانی پێشمەرگە و کوڕەکان دا بە خاکی نیشتمان دەسپێردرا، کەم نین ئەو کچ و ژنانەی کە بە گوللەی دوژمن بەشێک لە جەستەیان لە کار کەوتووە و کەم ئەندام بوون و ئێستاش بە دەم ئێش و ئازارەوە دەتلێنەوە، گۆرستانی شەهیدانی حیزب لە زۆربەی شوێنەکان، دایکانی ڕووسوور و سەربەرزی پێشمەرگەی لە ئامیزی خۆی گرتووە و گۆرستانەکان شاهیدی بۆ بەشداری بەرچاوی کچ و ژنان و دایکانی شۆرش دەدەن.

زۆرجار لە کاتی جەولە و لە کاتی هەڵسووران دا کچان و ژنانی پێشمەرگە وێرای هەندێک کێشەی تایبەت بە خۆیان و بە جەستەیان بەداخەوە دەکەوتنە بەر بێ لوتفی هەندێک پێشمەرگە و فەرماندەی نابەرپرس و لە کاتی بەجێمان و یا ناسازی‌یەکانیان تەوس و پلاریان تێدەگیرا و ئەوانیش بە شەرم و ئەدەبەوە وەڵامی خۆیان دەدایەوە. چەندجار شاهید ئەوە بووم کە لە گوندەکان خەڵکی ئاوایی بە زمانی خۆماڵیانە بە کچ و ژنانی پێشمەرگەیان گوتوە کە ئێوە بۆ پێشمەرگە نابن و برۆن وەدوای ژیانی خۆتان بکەون و ماڵ و حاڵێک بۆ خۆتان پێکەوە بنێن، بەڵام تەوارەکانی کوردستان بە هەست و سۆز و ئەوینی ئازادی و یەکسانیخوازی بۆیان باسی ناعەداڵەتی لە کۆمەڵگا دا دەکرد و تێیان دەگەیاندن کە هەوڵ دان بۆ ئازادی ژن و پیاو ناناسێ و هەستی نەتەوایەتی خۆیان بۆ باس دەکردن. لە کاتی پشوو و لیباس شۆردن و مەلە کردن دا بەداخەوە کچ و ژنەکان دەبوو بە دوور لە چاوی کوڕە پێشمەرگەکان ئەرکی پاک و خاوێنی خۆیان بەرێوەبەرن و دوای ماوەیەک وەک دەستە گوڵی ڕازاوە و بە ڕەخت و تفەنگ و جل و بەرگی خاکی پێشمەرگانەوە سەفی پێشمەرگەکانیان سەد هێندە جوانتر و گەشاوەتر دەکرد و خۆیان بۆ ڕۆژێکی نوێی دیکە بۆ خەبات بۆ یەکسانی و ئازادی ئامادە دەکردەوە.

پێشمەرگایەتی ئەگەر میداڵی سەرفەرازی‌یە بۆ گەردنی ئەوانەی پێشمەرگایەتی دەکەن، لە هەمان کاتیش دا کارێکی گەلێک قورس و ئەستەمە و تاقەت و توانای زۆر و تەحەموول و سەبری ئەیوبی گەرەکە. کچان و ژنان و دایکانی نێو شۆڕش زۆر لە پیاوان بە تەحەموول‌تر و بە سەبرتر و بە بڕشتر بوون، ئەو کچ و ژنانەی کە وەک پێشمەرگە خەباتیان دەکرد، جیا لەوە کە لە دەستە و لک و هێزەکان و ڕێبەری حیزب دا خەباتیان دەکرد ، بەشێکیان بە سەخاوەت و دڵفراوانی‌یەوە لە بنکە جۆراوجۆرەکانی وەک: ڕادیۆ، چاپەمەنی، بێسیم، کوردکاناڵ، نەخۆشخانە، فێرگە، کتێبخانە، پەزیرش، ئەمنییەت، کۆمسییۆنە جۆراوجۆرەکان، تەلەفوونخانەی گشتی، پرسگە، ئاسایشگا، ساڵۆنی گشتی، قوتابخانە، حیسابداری ، کۆڕی هونەری، ڕێکخراوەکانی ژنان ، لاوان ، منداڵان و خوێندکاران و بنکە و بارەگا جۆراوجۆرەکان و دەورەی پێشمەرگایەتی و کادری دەرمانی، سیاسی، فیلمهەڵگری، وێژەرەی، نووسین و وەرگێران دا خزمەتێکی یەکجار گەورە و درەوشاوەیان بە شۆڕش و بە هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان کردووە.

کەم نین ئەو ژنانەی کە هەموو تەمەنی لاوەتی خۆیان لە ریزی پێشمەرگایەتی دا تێپەر کردووە و ژیان و خۆشی و کامەرانی خۆیان تەرخانی خزمەت بە گەل و نیشتمان کردووە.

ئەو دایکانەی بە هۆی مێردەکانیان کە پێشمەرگە بوون، بە چەند منداڵی ورد و درشتەوە ڕێگای پڕ لە کەندولەندی پێشمەرگایەتیان هەڵبژارد و بوونە پاسەوانی پاراستنی کەیانی بنەماڵە و سەروەری مێردی پێشمەرگەیان و بۆ خۆیان وەک مۆمێک بۆ پەروەردەی منداڵەکانیان سووتان و بە کەمترین ئیمکاناتی ژیان جیا لە ئەرکی دایکایەتی، ئەرکی باوکایەتیشیان بۆ منداڵەکان لە سەر شان بووە، لە نەبوونی مێردەکانیان دا و لە کاتی تەنیایی دا هەموو ئەرکێکیان بە دڵ و بە گیان وەئەستۆ گرتووە و لە کاتی بۆمبارانی فرۆکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکان، جیا لەوە کە دەبوو منداڵەکانیان بپارێزێن بەشێکیان زۆر بوێرانە لە سەنگەرەکان دا سەنگەریان دەگرت و دەبوونە هێزی بەرگری بۆ تێکشکاندنی هەر هێزێک کە بیهەوێ هێرش بکاتە سەر بنکە و بارەگا و ماڵەکانی پێشمەرگە.

زۆرێک لەو دایکانە لە چاوەروانی هاتنەوەی کوڕ و کچ و مێردی پێشمەرگەیان دا بە دڵەڕاوکەوەیەکی زۆرەوە بە دەم لایەلایە بۆ منداڵەکانیان شەو و ڕۆژیان کردۆتەوە و دواتریش هەرگیز چاویان بە خۆشەویستەکانیان و یا مێردی شەهیدیان، کە لە شەڕی قارەمانانەدا گیانیان بە نیشتمان بەخشیوە نەکەوتۆتەوە و لە دوای شەهید بوونی مێردەکانیان باری قورسی ژیان و پێشمەرگایەتیان بە عیزەتی نەفسی خۆیان تەحەموول کردووە و منداڵەکانیان بەوپەری دڵسۆزی‌یەوە گەورە کردووە و هەنووکەش لە نێو ریزەکانی پێشمەرگەدا بە کەمترین ئیمکاناتی ژیانەوە ، بەڵام بە سەربڵیندی و عیزەتەوە درێژە بە پێشمەرگایەتی خۆیان دەدەن.

هەر کات ڕێم دەکەوێتە نیو گۆڤەندگێرانی دێموکرات لە قەڵای دێموکرات یا شوێنی ژیانیان لە کۆیە و شوێنەکانی‌تر، لە ئاست خۆڕاگری هەموو پێشمەرگەکان دا و زۆر تایبەتی لە ئاست ئەو کچ و ژن و دایکانەی کە ساڵانێکی دوور و درێژە بە پشوو درێژی‌یەوە بە پەرچی سپی وەک بەفری تازە باریوی چیا، هەروا بە دڵگەرمی و بە بێ ئیمکاناتی درێژە بە خەبات دەدەن بە ڕێزەوە سەریان لە بەر نەوی دەکەم و دەستیان ماچ دەکەم و خۆمیان هەزارجار دەبەرم دەمرێنم و دەڵێم لێم بمبوورن کە وەک ئێوە نەمتوانی تا سەر لە خزمەت گەل و نیشتمان دابم و لەو پەیوەندی‌یەدا خۆم بە قەرزداری ئەو هەموو گەورەیەی ئەو هەلۆ و تەوارە بەرزەفرانە دەزانم.

جیا لە ژنانی شۆڕش هەر لەم کورتە نووسینەدا سوپاسێکی گەرمی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت کچ و ژنان و دایکان و پیرە دایەکان دەکەم ، کە لە هەموو کاتە سەخت و ناخۆشەکان دا یار و پشتیوانی کوڕ و کچە پێشمەرگەکانیان بوون و ئامێزی خوشکانە و دایکانەیان بۆ هەموو لایەکمان گرتبۆوە و ئێستاش هەروا بە حەسرەتی گەرانەوەی پێشمەرگەکانی کوردستانن.

ژنە پێشمەرگە

هۆ پێشمەرگە جوانکیلەکە، حەزم دەکرد
کڵاشینکۆفی دەستت بم …
لە سەنگەرا هاودەمت بم،
کە دەبیتە بووکی ژیان
وەکو شێعرێ،
گوڵێکی سەر پەرچەمت بم!
کە کوردستان خەمی تۆ بێ …
قوربانی خۆت و خەمت بم!
کە هەژاری ژەمی تۆ بێ،
تا ئازادی هاوژەمت بم!
……………….
ڕۆژی ٢٦ ی سەرماوەز لە هەموو لایەک بە گشتی و بە تایبەتی لە کچ و ژنان و دایکانی نێو شۆڕش و دایکانی شەهید پیرۆز بێ و سەری ڕێز بۆ مندالی هەموو شەهیدانی کوردستان نەوی دەکەم.
حەمەڕەسووڵ کەریمی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت