ڕۆژهەڵات، پێشەنگ یان پاشکۆ؟ سیاوەش خزری

بە درێژایی تەمەنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو کات چەق و ناوەندی شۆڕشی ئازادیخوازی بە دژی ڕژیمی دیکتاتۆری ئێران بووە و هەیە.

هەر لە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، ڕێبەرانی کورد هەر زوو دەستی بەرپرسانی ڕژیمی ئاخوندیان خوێندەوەو لە یەکەمین هەڵوێستی بوێرانەشدا گەلی کوردستان “نا”ی بە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی گووت و ئەوەش وەک مێژوویەکی زێڕین بۆ کورد و وردبینی ڕێبەرانی، یەک لەوان شەخسی دوکتۆر قاسملوو دێتە ئەژمار.
لە دوای فتوای خومەینی و هێرشی هێزە سەرکوتکار و جنایەتکارەکانی ڕژیمی تاران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان قۆڵی خەبات و بەرخۆدانی هەڵماڵی و ئەگەرچی دواجار داگیر کرایەوە بەڵام دۆست و دوژمن شاهیدی گیانفیدایی و ئازایەتی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەن و شۆڕش و تەسلیم نەبوونی ئەو قۆناغە بوو کە تا ئێستاش کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی ئێرانیش حیسابێکی تایبەت بۆ دەنگ و پێگەی کورد دەکەن و دایم ترس لە دڵیاندا پەنگ دەخواتەوە!
لە ساڵانی ڕابردووشدا و بە دەسپێشخەری شاری ڕەبەت ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ڕۆژهەڵات ژیایەوە و پاشان وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی پەرەی ستاند، ساڵی ڕابردوو و نەورۆزی جامانەکان هێمای شۆڕشێکی جەماوەری و دنیایەک پشکۆی ژێر خۆڵەمێشی پیشان داین!
خۆپێشاندان و مانگرتنی چالاکانی کورد دژی کووشتنی کۆڵبەرانیش یەک لە هەڵوێستە بوێرەکانی چالاکانی مەدەنی و سیاسی نێوخۆی ڕۆژهەڵات بوو.
لە هەموو ئەو قۆناغانەدا شارەکانی ناوەندی ئێران خاوەن کەمترین جموجۆڵ و ناڕەزایەتی بوون و بە جۆرێک زۆر جاران چالاکانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران لە جێی پشتگیری، دژایەتی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانیان دەکرد و دەیکەن!
ناڕەزایەتییەکانی ئەم ڕۆژانەی ئێران دەرخەری کۆتایی تەمەنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. باری ئەو ناڕەزایەتییە بە هەر لایەکدا بکەوێ دیسان ڕێژیم ناتوانێ وەکوو پێشووی لێ بێتەوە. قوڵایی ترسەکە لە دڵی ڕژیمدا لە هێنانە سەر شەقامی لایەنگرانی دەوڵەتەوە بە ڕوونی خۆی دەردەخات و هەر ئەوەش دەکرێ وەک یەکەمین هێمای کۆتایی ژیانی سیاسی سیستمی کۆماری ئیسلامی سەیر بکرێت! ڕەنگە ڕژیم بۆ ماوەیەک بتوانێ دەنگی ناڕازیان کپ بکات، بەڵام ئەوە یاسای هەموو زاڵم و مەزڵوومێکە! مەزڵوومان لە قۆناغی شکانی ترسەکانیان بە بلوغی هزری دەگەن و مۆتەکە و هەیمەنەی سامناکی زاڵمیان لە سەر دەڕەوێتەوە، هەر ئەوەش وا دەکات دەست و دەمیان بکرێتەوە و یان کۆی ماف و ئازادییەکانیان دەستێنن کە کۆماری ئیسلامی نایدات! یان ڕژیمەکە دەڕوخێنن کە ئەوەیان لە ئێراندا ئەگەری زۆرترە!
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی نزیکی چوار دەیە پێشەنگی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ئێران بووە و ئێستاش خەڵک و چالاکان و حیزبەکانیش زۆر بە وشیاری و ژیرانەوە توانیویانە دەست ڕابگرن و چاوەدێری وردی دۆخەکە بکەن. هەموومان باش دەزانین کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی بۆ کووشتنی ڕۆڵەکانی کوردستان ئاواڵەترە و هاوکاتیش کێشەی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە پلەی یەکەم کێشەی نەتەوەیی و نیشتیمانییە نەک ئابوری و خزمەتگوزاری! هەر بۆیە بە هاتنە سەر شەقام، خەڵکی کوردستان باس لە ماف و خواستە نەتەوەییەکانی خۆیان و یەک لەوانەش دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و بەوەش بەشی زۆری فارسە شۆڤینیستەکان کە ڕەنگە لە ڕیزی خۆپێشاندانیش دا بن، بە بیانووی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران و بە تۆمەتی جوداییخوازی خەڵکی کورد دژایەتیمان دەکەن و ڕەنگیشە خۆپێشاندانەکان سارد ببنەوە! بە پێی سەرچاوەکان کوردانی دانیشتووی شارەکانی ئێران ڕۆڵێکی گرینگ و بەرچاویان لە گەشە و پەرەستاندنی ئەو ناڕەزایەتیانەدا هەیە و بە جۆرێک خەریکە بیری ئەوەیکە با لە ناوەندەوە شەڕی مافەکانی کوردستان بکەین، جێ دەگرێت و چالاکان بە وریایی و ژیریەوە تا ئێستا خۆیان لە ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان بواردوە و هیواشمە جارێ دەست ڕابگرن!
مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە هەموو کات پێشەنگ و پێشڕە و بووین و پاشکۆیەتی لە گەڵ بیر و هزری ڕۆڵەکانی ئێمە ناتەبا و نالێکە!