نا بۆ درێژەدان بە دوو دیموکڕاتی و بەڵی بۆ یەکگرتنەوەی دێموکڕاتەکان
بانگەواز
نا بۆ درێژەدان بە دوو دیموکڕاتی و بەڵی بۆ یەکگرتنەوەی دێموکڕاتەکان
وەک ئاگادارن لە داهاتوویەکی نزیکدا کونگرەی ١٦هەمی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بەرێوە دەچێ.
پێشاپێش داوای سەرکەوتن بۆ کونگرە دەکەین و هیوادارین کونگرەیەکی پڕبەرهەم بێ.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە ئەوەیە کە لەو هەلومەرجە هەستیارە کە باڵی بەسەر ناوچەکە و ئێراندا کێشاوە،بۆ جارێکیتر داوا لەیەکبوونخوازانی حیزبی دیموکرات بکەین دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگمان و داوایەکی جیدی لە بەشدارانی کونگرەی ١٦هەم بکەین لەم کونگرەدا لەلایەن خۆیانەوە کۆتایی بە دوو دیموکراتی بێنن و بریارێکی بوێرانە و راشکاوانە لە راستای سەریەکخستنەوەی دووبارەی دوو بەشی لێکدابڕاوی حیزبی دیموکرات بدەن.
بێگومان ئەوەی کە دوای ١١ ساڵ دووری سەرەرای بوونی کەشوهەوایەکی سالم و دۆستانە لە نێوان ئەو دووبەشە، بەتایبەت لەم چەند ساڵی دواییدا، هەنگاوەکان بۆ یەکگرتنەوە، سەرەرای هەوڵی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و رێبەریی هەردوولا هێشتا ئاکامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتوەتەوە کە جیگای رەزامەندی خەڵکی تامەزرۆی یەکبوونەوەی دووبارەی حیزب بێ. دیارە ئەوە نیشانەی کۆسپ و بەربەستگەلێکە کە لەورێگایەداهەیە یان لە لایەن دژبەرانی یەکگرتنەوە دەخرێتە بەردەم رەوتەکە و نەبوونی ئیرادەیەکی جیدی بۆ لە سەر رێ لابردنی ئەو کۆسپانە.
کەمپینی یەکبوونی حیزبی دیموکرات بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکەی کە حیزبی دیموکراتێکی یەکپارچە و یەکدەستە، سەرەرای هەموو کەندو کۆسپەکانی بەردەمی چی لەدەستهاتبێ کردوویەتی. با هەموو یەکگرتووخوازان دەنگی خۆمان بخەێنە پاڵ دەنگی ئەو ئەندامانەی کونگرە کە خوازیارن بەربەستەکانی بەردەم یەکبوونەوەی دووبارەی حیزب هەڵبگرن و بتوانن بڕیارێکی راشکاوانە و بوێرانە لە راستای یەکگرتنەوەی دووبارەی حیزب لە فەترەزەمەنێکی گونجاودا بدەن و رێبەرایەتی داهاتووی حیزب بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیار و ئەرکدار بکەن.
چاوەڕوانی پشتگیریتانین
کەمپینی یەکبوونەوەی حیزبی دیموکرات
١٤/٠٢/٢٠١٨