دوور کەوتنەوە لە بەغیلی سیاسی، کورد بەئامانجەکانی دەگەیەنێت! محەممەد سلێمانی
لە ئێستادا کورد بۆتە فاکتەرێکی کاریگەری ناوچەی و زۆریەك لە وڵاتە بەهێز و کاریگەرەکانی گێتی ئامادەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشدا یارمەتی بەکورد بکەن، ئەگەر بێت و پەیڕەوی لە سیاسەتێکی ژیرانە بکا و ستڕاتیژی نەتەوەی خۆی بەهێزبکات و کۆدەنگی سیاسی دروست بکرێت و لایەنە سیاسەکان دووربکەونەوە لە بەغیلی سیاسی و یەکتری شکاندن و رووبەرووبوونەوەی یەکدی. ئاسۆی بەئامانج گەیشتنی گەلی کورد لە ساڵانی رابردوو روونتر دەبینرێت و کەڵاوەکێشی ناوچەی زۆری بە قازانجی دۆزی سیاسی گەلی کوردە ئەگەر بتوانێت خۆی لە گەڵ ئەو گەمەسیاسیە نوێیەدا بگونجێنێت و دوور بکەوێتەوە لە پرشوبڵاوی سیاسی و هەنگاوە نەتەوەیەکانی بەیەکگرتووی بهاوێژێت. بەڵام خولانەوە بەدەووری میحوەری دژایەتی نێوخۆیدا، ئاستەمە کورد بە مافەکانی بگا و ئەگەر ئەو دەرفەتە نوێیەش لە کیس بدرێت، چەندساڵێکی تری دەوێت کە بارودۆخێكی هاوشێوە بۆ کورد بێتە ئاراوە. هەر بۆیە یەکڕیزی و یەك گۆتاری و هاوپشتی و یەك هەڵوێستی زەرەورەتێکی روحی و نەتەوەیە و هەر تاکێکی کورد دەبێت هەست بە بەرپرسیارەتی سیاسی و نیشتمانیەکانی لەو پەیوەندیەدا بکا. گەلی کورد لە ناوچەیەکدا دەژیت کە بۆتە مەیدانی ململانەی گەورە و مێژووی زلهێزە ناوچەی و جیهانیەکان و ئەگەر کێشەکان زیاتر پەرەبستێنن، بێگوومان مەترسی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی زۆرێك لە وڵاتەکان دروست دەکات و بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی کە زیاتر لە نەتەوەیەکیان تێدادژی و تەنیا نەتەوەیەك فەرمانڕەوایی بەسەر وڵاتدا دەکات. ئەو ناوچەیی کە کوردستانی تێدا هەڵکەوتووە، واتە خۆرهەڵاتی نێوەراست لە مێژووی نوێیدا بەبەراورد بە جۆر و شێوەی کیشەکانی ڕابردوو، بەرادەی ئەو چەند ساڵەی دوایی نەبۆتە مەیدانی ململانەی سیاسی و سەربازی زلهێزەکانی جیهان مەبەمەستی باڵادەستی و گۆڕینی هەوسەنگی و پەرەپێدان بەدەسەڵات و نفوزەکانیان لەسەر ئاستی ناوچەیدا. بەشێکی زۆری سەرچاوەی کێشەکان لە خۆدی ئەو وڵاتانەدایە کە مەسەلەی کوردیان وەك پرسێکی سیاسی و نیشتیمانی پشتگوێ خستووە و بە هێز خۆیان بەسەر هەلومەرجی وڵاتەکەیاندا سەپاندوە، هەر ئەو هۆکارەش بۆتە هەوێنی سەرهەڵدان و ناکۆکیە سیاسی و ناوچەیەکان و لە نەتیجەدا کراوەتەسەرچاوەی قەیران و ململانەی سیاسی و سەربازی گەورە و ئەو وڵاتانەیش کە وەك ناوچەی سووری قەیرانەکان دەرکەوتوون، وڵاتانێکی وەك ئێران و سووریە و تورکیە و عێراقی ئێستان کە لە مێژووی سیاسی و حوکمڕانیاندا، بەرادەی ئەمڕۆ مەترسی لە ئاسایشی نەتەوەیان دروست نەبووە و بگرە لەبەردەم هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی سنووری سیاسی وڵاتەکاندان و ئەگەر ئەوەش بکەوێتەبواری کرداریەوە، کورد دەتوانێت مافی سەربەخۆی وەربگرێ. ئەگەر بێت و بارودۆخەکە لەوەی زیاتر لە سنوور دەربچێت و ئاوێك بەئاگرەکەدا نەکرێت و بڵێسەی مەترسیەکان دانەمرکێتەوە، دەرفەتی ئەوەی نامێنێ بەرێگای دیالۆگدا کێشەکان بەلایەکدا بخرێن. جاران ئەگەر کێشەیەك بەرۆکی یەك یان چەند وڵاتێکی گربێتەوە، خێراتر قەیرانەکان چارەسەرکراون و بەرێگایەکدا ئارامی زاڵبۆتەوە بەسەر کەش و هەوایی ناوچەکەدا. دیارە ڕیشەی ئەو مەسەلەیەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پێك هاتەی نەتەوەیی وڵاتەکاندا هەیە و لە هەر وەڵاتێكدا کە ئێستابوونەتە میحوەری ناکۆکیە ناوچەیەکان و هەتا زلهێزەکانیشی هێناوەتە نێو کەڵاوەکێشیەکی زۆر مەترسیدار و خەریکە باروودۆخەکە بە هۆی قەیرانی سووریە و پاشان عێراق و تێوەگلانی تورکیە، بەهیچ لایەك کۆنتڕۆڵ نەکرێت، هۆکاری ئەساسی ناسەقامگیری ناوچەی بە پلەی یەك پاشتگوێ خستنی پرسی سیاسی و گەلی کوردە. ئەگەر سەیری پێك هاتەی ئێران بکرێ، جیا لە نەتەوەیی فەرمانڕەوایی فارس، کورد و ٥ نەتەوە و کەمەنەتەوەی تێدادەژین و هیچکامیان مافە سیاسی و نەتەوایەتیەکانیان دابین نەکراوە. بەدرێژایی مێژووی حوکمڕانی فارسەکان گەلانی وڵات ستەمیان لێکراوە و وەك مرۆڤی پلەدوو سەیرکراون و حکوومەتی ناوەندی بە ڕێژیمی ئاخوندیشەوە سیاسەتی سزادان و لە پاشکەتوویدا هێشتنەوەی بەرامبەر بە پێك هاتە سیاسی و نەتەوەیەکانی ئێران گرتۆتەبەر. لە عێراقدا پاش رووخاندنی حکوومەتی سەدام بارۆدۆخێکی باشتر بۆ کوردەکان هاتۆتە ئاراوە و تاڕادەیەك لە سەر بەشێکی نیشتیماندا بەئازادی دەژین و دەسەڵاتی کوردی لەوێدا بوونی هەیە. دیارە بەهۆی هەلومەرجی ناسەقامگیری ناوچەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە گەڵ کۆمەڵێك قەیرانی سیاسی و دارایی بەرەورووبۆتەوە. لەسووریەشدا جگە لە عەرەب، کورد و کەمینەی تر دەژین و لە مێژووی سیاسی ئەو وڵاتەدا ڕێز لە مافی نەتەوەیی کورد و کەمینەکان نەگیراوە و بگرە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە مافی ناسنامەی شارستانیش بێبەریکراون هەتا تێکچوونی وەزحی سیاسی ئەو وڵاتە و لاوازبونی دەسەڵاتی ئەسەد لەسەر بەشێکی گرنگی سوورەیەدا. کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەخێرایی لە بارودۆخی ناجێگیری سووریە کەڵکیان وەرگرت و بەشێکی زۆری خاکی رۆژئاوایان لە ژێر دەستی حکوومەتی دەمێشق ڕزگارکرد و حکوومەتی خۆجێیان تێدا راگەیاندوە. وڵاتانی داگیرکەری کوردستان سەرەرایی ناکۆکیە سیاسی و مەزهەبی و مێژوویەکانیان، ئەگەر لە هەر بەشێکی کوردستاندا سەرکەوتن بەدەست هاتبێ و گەلی کورد دەسکەوتی گەورەی لە رەوتی خەباتی خۆیدا بەدی هێنابێ، چوار وڵاتەکە یەکیان گرتووە بەدژی کوردەکان و زیانی گەورەیان بە شۆڕشەکەی گەیاندوە. رووداوەکانی کەرکوك و عەفرین دیارترینی ئەو گەلەکۆمەیەن بەدژی نەتەوەکەمان و لازمە بەپیلانی تاران و ئانکارا و دەمیشق و بەغدا بەدژی کورد لە مێژوودا بناسرێت. کوردەکانی باکووریش کە زۆرینەی ڕێژەی خەڵکی کوردستان پێک دێنن و، دووهەم گەورە پێك هاتەی تورکیەی ئێستان، بارودۆخیان لە خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستان باشترنیە و بەردەوام بەهۆی کورد بوونیان ستەمو زوڵمیان لەسەربووە و چەند جارێك لە مێژوودا هەوڵی لەناوبردن و قڕکردنیان دراوە لە سەردەستی حکوومەتە یەك بەدوایی یەکەکانی تورکیەدا. لە سەریەك وەك نموونە باسی ئەو چوار ولاتەی ناوچەکەمانکرد کە بەدیاریکراوی خاکی کوردستانیان بە بێ ڕەزامەندی کورد بەسەرخۆیاندا دابەشکردوە و ئەو سیاسەتە هەتا ئەمڕۆش درێژەی هەیە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکان لە گەڵ گەلی کورددا بەردەوام پەنایان بردۆتە بەر شەر و بژاردە سیاسیەکان کە خۆی لە دیالۆگ و گفتووگۆدا دەبینێتەوە، بەلاواوە نراون و دەیان هەوێت بە هێز کۆتایی بە نائارامیەکان بێت. لە حورفی سیاسی نێونەتەوەیشدا ئەو ڕاستیە سەلمێنراوە، کاتێك لە وڵاتێكی فرەنەتەوەدا سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی نیشتیمانی دێتەئاراوە کە هەموو پێك هاتەکان وەك یەك ماف و دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بە ڕێگای دەستووردا بۆ دابین کرابێ و سیستمێکی ئازاد و دێمۆکراتیك دابمەزرێت کە بتوانێت ڕێز لە ڕەنگاو ڕەنگی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینی وڵاتەکەی بگرێ. بەڵام ئەو چوار ولاتەی کە لێرەدا ئاماژەیان پێدراوە، هیچکام لە بنچینە سیاسی و نەتەوەیانەیان لە بەرچاو نەگرتووە و بە پێی دەستووری هەموو دەسەڵاتێکی بە نەتەوەی فەرمانڕەواداوە و بە پێێ یاسای وڵات کورد ماف و ئازادیەکانی پێشێلکراوە و رووبەرووی سیاسەتی ستەمکارانە و قڕکردن و جینۆساید بۆتەوە. ڕێژیمەکانی ئەو وڵاتانەیش دژایەتی هەرهەنگاوێکیانکردوە کە لە گەل بەرژەوەندی ئەوەندا نەگونجابێ و یان ئەوەتا دەرفەتی شیاوی خستبێتە بەردەم کورد بۆ ئەوەی بە مافە دیمۆکراتیکەکانی خۆی بگات.
محمد سلێمانی
28.02.2018