شەهیدکرانی ئەندامێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئیلام لە ژێر ئەشکەنجەی دەزگا ئەمنیەتییەکاندا

هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تالب بەساتی‌وەند، لاوی نیشتمانپەروەری کوردی خەڵکی ئیلام و ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان، لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا شەهید کرد .

ڕۆژی یه‌کشه‌ممەی حەوتووی ڕابردوو، ‌٢٩ی ڕێبه‌ندان، “تالب به‌ساتی‌وه‌ند”، خوێندکاری پزشکی له‌ زانکۆی ئیلام له‌لایه‌ن هیزه‌ ئه‌منییه‌ته‌کانی ئه‌و شاره‌ له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیدا ده‌سبه‌سه‌ر کرا و بۆ شوێنێکی نادیاری ڕاگوێزرا، ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەممەش بنەماڵەکەیان ئاگادار کردەوە کە ناوبراو لە گرتووخانە خۆی کوشتوە و، تەرمەکەیان بەو مەرجە تەحویلی بنەماڵەکەی دایەوە تا لەژێر چاوەدێڕیی توندی ئەمنیەتیدا بە بێدەنگی، بە خاکی بسپێرن.

تالب به‌ساتی‌وه‌ند ، لە دایکبووی ١٣٦٧ی هەتاوی، کوری حه‌مدۆڵڵا خه‌ڵکی ئاوایی “باوڵگ”، خوێندکاری ئەرشەدی پزیشکی و هاوکات کارمەندی نەخۆشخانە لە شاری ئەرکوازی مەلەکشاهی بوو. تالب نزیک بە دوو ساڵ بوو لە ڕێگای تەشکیلاتی نهێنیی هەرێمی ئیلام_ کرماشانەوە، پێوەندیی بە حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەبوو. تالب لاوێکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز بوو کە لە ڕێگای تێکۆشان لە ڕیزی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا، بۆ بەرگری لە شوناسی نەتەوەکەی و مافەکانی نەتەوەی بندەستی کورد و ناساندنی بەرنامە و ئامانجەکانی حیزبەکەی خەباتی دەکرد.

تالب بەساتی‌وەند نەک هەر لە بەندیخانەدا خۆی نەکوشتوە بەڵکوو هەر لە جێدا تەحویلی هیچ بەندیخانەیەک نەدراوە. ناوبراو حەوتوویەکه‌ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بێسەروشوێن کراوە و، لە ژێر ئەشکەنجە دابووە و سەرئەنجام ئەویشیان وەک چەندین لاوی دیکەی کورد و ئێرانی لە ژێر ئەشکەنج دا کوشت، بەڵام دەیانەوێ بە ناوی خۆکوشتن بەرپرسیارەتیی گیان لێ ئەستاندنی لە خۆیان دوور بکەنەوە.

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، نوێترین تاوانی دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دژی ئەم لاوە دیموکرات و ئازادیخوازە بە توندی مەحکووم دەکا. هەر لەو کاتەدا سەرەخۆشی و هاودەردیی قووڵی خۆمان بە بنەماڵە و خەڵکی دڵسۆز و کۆڵنەدەری ئیلامی سەربەرز ڕادەگەیەنین.

ڕووحی لاوی شەهیدی دێموکرات تالب بەساتی‌وەند دڵنیا دەکەینەوە کە ڕێڕەوان و هۆگرانی ڕێباز و ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات لە ئیلام، خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئەو لە بیر ناکەن و دەیکەن بە هەوێنی خەباتێکی شێلگیرانەتر دژی رێژیمی دیکتاتۆر و جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی.

سڵاو لە گیانی تازەترین شەهیدی ڕیگای ئازادی و سەربەرزی کورد، شەهید تالب بەساتی‌وەند.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

٩ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی

٢٨ی فێورییەی ٢٠١٨ی زایینی