پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەرێز کاک خالید عەزیزی بۆ ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست

بۆ هاوکارە بەڕێزەکانم، حیزبە ئەندامەکانی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست!

ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران، کە خوڵقاندنی قەیران لە دەوروبەری خۆی و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکە لە سروشتیدا داڕێژراوە، لە کاتی پەتای کۆرۆنادا جارێکی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ پارێزگاریی لە خەڵکی ئێران، نیشانی دایەوە کە نابەرپرسیار و ناکارامەیە. ئەو ڕێژیمە زۆربەی سامانی ئێرانی خەرجی سیاسەتی دەستێوەردان و قەیرانخۆڵقێنی لە ڕێگەی دابینکردنی دارایی بۆ ئەو تاقمە تێرۆریستییانە کە لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە پاشکۆی خودی ڕێژیمن، کردوە.

شاردنەوەی ڕاستییەکان و پێشگرتن بە هەواڵی ڕاستەقینە لە بارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گشت ناوچە و شارەکانی ئێران، لە نووسینگەی خودی ڕیبەر، خامنەییەوە، بڕیاری لەسەر دراوە. کەمتەرخەمیی دەوڵەت لە مەڕ پارێزگاریی لە خەڵک بەرامبەر بەو پەتایە بووە هۆی گیرۆدەبوونی دەیان هەزار کەس و هەزاران کەسیش مردن.

ڕێژیم لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا، کاتێک گیانی خەڵک لە مەترسیدایە و بژیویان لەبەر یەک هەڵتەکاوە و وڵات بە گشتی بە دۆخێکی ناخهەژێندا تێپەڕ دەبێ، جارێکی دیکە ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی دەرخستوە. نەتەنیا لە دابینکردنی ناوەندە تەندروستییەکاندا و دابینکردنی ئامێری پزیشکی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا شکستی هێناوە، بەڵکو لەجیاتان کەشوهەوایەکی ئەمنییەتیی توندی بەسەر کوردستاندا زاڵ کردوە.

دژی ئەو هەموو خەمساردییە، وەئەستۆ نەگرتنی بەرپرسیاری و خولیای ناسیاوی ڕێژیم بۆ نیشاندانی دوژمنکاری، خەڵکی کوردستان پشتیان بە هاوپشتیی و هەستی مرۆڤدۆستیی خۆیان بەستوە. بە یارمەتیی تاکی دەستڕۆیشتوو لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا و هەروەها هەستێکی بەهێزی هۆشیاریی و بەرپرسیاری، گەلی کورد ئاگایان لە یەکتر بووە و نموونەیەکی سەرکەوتوویان لە خۆبەڕێوەبەری نیشان داوە.

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کورد لە ڕێکخستنی ئەو هەنگاوە نەتەوەییەدا، بە وەڕێخستنی کەمپەینی جۆراجۆر، کۆکردنەوەی یارمەتی لەنێو خەڵکی ئاسایی و دانی یارمەتییەکان بە جەماوەری بێدەرەتان، دەورێکی یەکلاکەرەوەیان هەبووە. ئەوان جارێکی دیکە گرینگیی خۆیان نیشان داوە و هەمدیس کارێکی گرینگیان لە کاتێکدا کە دەوڵەت شکستی هێناوە، بەڕێوە بردوە.

جگە لەوە، تاکی خاوەن هەست سامانی تاکەکەسیی خۆیان بۆ دروستکردنی ناوەندی تەندروستی بۆ پێڕاگەیشتن بە خەڵکی گیرۆدەبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها کەمکردنەوەی تەشەنەی ڤایرۆسەکە تەرخان کرد. ئەو کەسانە بەڕاستی ئەرکی خێرخوازانەی خۆیان بەڕێوە بردوە و پێداویستییەکانی جەماوەریان پێش هی خۆیان خستوە. گرینگترین قارەمانان، پزیشکان و پەرستاران کە ئاگایان لە نەخۆشان بووە پاریزگارییان لە ساخڵەمیی جەماوەر بە لە مەترسی‌هاویشتنی گیانی خۆیان بەڕیوە بردوە و ئەوەی لە توانایان دابووە بۆ پاراستنی تەندروستی کوردستان و گەلی کورد کردوویانە.

لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان خەریکی ئەو کارە شەڕافەتمەندانە بوون، ڕێژیمی ئیسلامیی هەر وەک جاران هەزاران هێزی ئەمنییەتی بۆ ناوچە کوردییەکان گواستۆتەوە. ئەو کارە نالۆژیکییە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە خەڵک بەنێو دۆخێکی ناخۆشدا تێپەڕ دەبن و پێویستیان بە هێمنی و هەست بە ئاسایش و ئەمنییەت هەیە. لەو ماوە کورتەدا، جگە لە لەسێدارەدانی ترسناک و نامرۆڤانە، دەیان چالاکی مەدەنییان لە کوردستان بە بیانووی بێ بنەما دەستبەسەر کردوە.

ئێمە ئەو کەمپەینەی خۆبەڕێوەبەرییە و ئەو هاوئاهەنگییە کاریگەرە بۆ ڕێکخستن لە کاتی پەتایەکە وەک نیشانەی ئاستی بەرزی هەستی سیاسی و نیشتمانپەروەریی لەنێو خەڵکی یەکگرتووی کوردستانی ئێران دەنرخێنین. ئێمە ڕاستگۆیانە هیوادارین کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، بە تایبەتی دۆستانمان لە ئینترناسیۆنال سۆسیالیست سەرنج بدەنە ڕێژیم کە چەندە نابەرپرسیارانە لە پێش و لە ماوەی پەتایەکە هەڵسوکەوتی کردوە.

لە کۆتاییدا، ئێمە هیوادارین کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، بە ئەندامانی سەرەکیی ئینترناسیۆنال سۆسیالیستەوە زەختی پێویست بخاتە سەر ڕێژیم، تا کەڵک لە قەیرانی هەنووکەیی کۆرۆنا وەک حەشاردەری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی خەڵکی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی وەرنەگرێ.

بۆیە، ئێمە داوا لە دۆستانمان لەنێو ئینترناسیۆنال سۆسیالیست دەکەین چاودێریی هەڵسوکەوت و سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر کوردان لە ئێران بکەن، نەک هەر لە کاتی پەتای کۆرۆنادا، بەڵکوو دوای ئەویش.

بە ڕێزەوە

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٢٠ی مای ٢٠٢٠