بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ هاتنەوەی 10ی خاکەلێوەدا

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران: خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆی هەروا بەردەوامە

خەڵکی خەباتگێرێ کوردستان!

١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی لە سێدارەدانی “پێشەوا قازی محەممەد”، سەرۆککۆماری کوردستان و “سەدری قازی” و “حەمەحوسێـن خانی سەیفی قازی”یە. ٧١ ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاویدا، پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرکۆماری دەوڵەتی جمهوریی کوردستان، لە چوارچرای شاری مەهاباد، ڕاست لەو جیگەیەی پێشەوا قازی، پێشەوای حیزبی دێموکراتی کوردستان، جمهوریی کوردستانی لێ ڕاگەیاندبوو، بە فەرمانی محەممەدڕەزاشای پەهلەوی، لەسێدارە دران و گیانی پاكیان بەختی ئازادی و ڕزگاریی گەل و نیشتیمانەکەیان کرد. چەند ڕۆژ دواتریش ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی سوپای میللیی کوردستان و کاربەدەستانی دیکەی حکومەتی کۆماری کوردستان لە ناوچەکانی سەقز و بۆکان لەدار دران.

بەوجۆرە رێژیمی حەمەڕەزاشا، دوای ئەوەی کە لەئاکامی گەلەکۆمەکیەکی نێونەتەوەییدا، توانیبووی کۆماری کوردستان لەنێو ببا، بەمەبەستی سەرکوتکردنی جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، شەپۆلێکی بەرینی ئیعدام و کوشتن و گرتن و ڕاونان و زەبروزەنگی لە کوردستاندا دەست پێکرد. کاربەدەستانی دەوڵەتی تاران پێیان وابوو بەو کارە دەتوانن بیری ئازدیخوازی لەنێو خەڵکی کوردستاندا بۆ هەمیشە لەنێو بەرن، بەڵام هەروەک پێشەوا لەکاتی لە سێدارەدانیدا ڕوو بە داگیرکەران ڕایگەیاند: “بەکوشتنی من بیری کوردایەتی و ئازادیخوازی لە کوردستاندا نەک هەر لە بەین ناچێ، بەڵکوو لە داهاتوودا بەهێزتریش دەبێ”، ڕووداوەکانی دواتر ڕەوایی ئەو وتە حەکیمانەیەی پێشەوایان سەلماند کە گەلی کورد نەک هەر دەستی لە خەبات و بەرخۆدان و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان هەڵنەگرت، بەڵکو ئامانجەکانی کۆماری کوردستان بوون بە ئیلهامبەخشی خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەی کورد لە سەرتاسەی ناوچەکەدا. تەنانەت ئەو هەموو سەرکوت و زەبروزەنگەش کە کۆماری ئیسلامی وەک میراتگری بە حەقی ڕێژیمی شا، لەماوەی دەسەڵاتی ڕەشی خۆیدا بە دژی گەلی کورد بەکاری هێناوە، بە خەباتی یەکگرتوانەی سیاسی و مەدەنی خەڵکی کوردستان وڵامی توندی پی دراوەتەوە. ئەوەتا ئەمڕۆ لە هەر چوار پارچەی کوردستان خەبات بۆ ڕزگاری بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە.

هەر بۆیە ڕۆژی ١٠ی خاکە لێوە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا، ئەگەر لەلایەک وەک ڕۆژێکی تاڵ و ناخۆش دەناسرێ، لە لایەکی دیکەشەوە بە ڕۆژی پەیمان نوێکردنەوە و نیشاندانی یەکگرتوویی بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان دادەنرێ.

ئێستا پاش تێپەرینی حەوت دەیە بەسەر لە سێدارەدانی پێشەوا و هەڤاڵەکانیدا، دەبینین بزووتنەوەی کورد بۆتە فاکتۆرێکی بە هێزی خەبات و تێكۆشان بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێران و ناوچەکەدا. بیری نەتەوایەتی و ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری کوردستاندا بە باشترین و بەرزترین شێوە خۆی نیشان دەدا. ئەوڕۆ کۆمەڵگەی کوردستان گۆڕاوە و بۆتە کۆمەلگەیەکی فرە چەشن و پێشکەوتوو و پلۆڕاڵ و فرەحیزب؛ بەڵام هەموو حیزب و ڕێکخراوە نیشتیمانی و دێموکراتیک و ئازادیخوازەکانی کوردستان سەرەڕای جیاوازیی سیاسیی نێوانیان ڕێز لە کۆماری کوردستان و ئامانجەکانی دەگرن. ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە پێشەوا و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، نەک هەر موڵکی حیزبێکی دیاریکراو نین، بەڵک هێمای هاوبەشی کوولتوری سیاسیی و ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان و حیزبە خەباتگێرەکانی سەرگۆڕەپانی خەباتن لە کوردستاندا.

پێشەوا قازی چ لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا و چ لەوەسیەتنامەکەیدا وەک ڕێبەرێکی میللی و دڵسۆز و شارەزا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە خەباتکارانی گەلی کورد پێویستە لە بەرامبەر دوژمنانی کوردستاندا پتە و یەکگرتوو و هاودەنگ بن و لە نێوخۆشیاندا و لە بەرامبەر یەکتردا لەسەریانە نەرم و دووربین وسینگ فراوان و بە تەحەممول بن.

هەر بۆیە ئێمە ئەو حیزب و رێکخراوانەی لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئیراندا لە دەوری یەک کۆبوینەتەوە، ئەمساڵ لە ساڵڕۆژی ١٠ی خاکە لێوەدا، سەرەرای هەموو جیاوازییە حیزبی و سیاسییەکانمان، بۆ جارێکی دیکەش، لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستاندا، پێکەوە پێ لەسەر هاوکاری و هاودەنگی و هاوخەباتی لە گەڵ یەکتر دادەگرینەوە و پەیمان لەگەڵ گیانی پێشەوا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی خەڵکی کوردستان نوێ دەکەینەوە کە ئاڵای خەباتی ئەوان تا سەرکەوتن بەرز و شەکاوە ڕادەگرین.

لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرین و داوا لە خەلكی کوردستان دەکەین هەرچی زیاتر لەدەوری ئامانجەکانی بزووتنەوەی کوردستان کۆببنەوە و خۆیان رێک بخەن و ڕیزەکانی تێکۆشان و سەنگەرەکانی بەربەرەکانی بەهیزتر بکەن. ئەو ڕووحیە خەباتگێرانەیەی ئێوە لە بۆنە جۆراوجۆرەکانی ئەو ساڵدا، وەک ڕووداوی بوومەلەرزەکەی کرماشان و پشتیوانی لە کۆڵبەران و یادکردنەوەی نەورۆزدا لەخۆتان نیشانتان دا، بۆ ئێمەش لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی خۆتاندا بۆتە هەوێنی یەکگرتوویی و هاوخەباتیی زیاتر و مایەی دەرس لێوەرگرتن. ئێمە بە هیواو ئومێدێکی زۆر و ورەیەکی بەرزی خەباتگێرانەوە بەرەو ساڵێکی دیکە لە خەبات و بەربەرەکانی دەرۆین. لێرەشەوە بەو پەڕی بەرپرسایەتییەوە ڕادەگەیەنین کە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و حیزب و ڕێکخراوە خەباتگێرەکانی ئامادەیی و توانا و زەرفییەتی ئەوە لە خۆیاندا دەبینن کە لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران و ناوچەدا، وەک پارامیترێکی گەورە و کاریگەر و دێموکرات دەوری خۆیان بگێرن و ئەزموونی سیاسیی کۆماری کوردستان و بزووتنەوەی نوێی ئەو چوار دەیەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو پێشەوە بەرن.

سڵاو لە گیانی پاکی پێشەوا قازی و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و ڕزگاری!

سلاو لە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان !

سڵاو لە خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان !

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی

***

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێکهاتووه‌ لە:

حیزبی دێموکراتی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران