سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥، بەشی هەشتەم

دوای نیوەڕۆ میوانێکی گەلێک ژیرم هەبوو، حەکیمێک لە تەورێزەوە، کە بۆ ئەرکی تەندروستی دوای بڵاو بوونەوەی وەبا نێردرابوو،

فارسێکی زمانلوس و خۆبینی چینی باڵادەست. ئەو باسی سیاسەتی کرد و بە دوورودرێژی باسی ئەگەری بەدەستەو گرتنی دەسەڵاتی ئاسیا لە لایەن ڕوسیا و ئینگلستانی کرد. بە بۆچوونی ئەو، ئینگلیس، هەڵەیەکی مەزنی کرد کە ئەفغانستانی داگیر نەکرد، و گوتی گشت خوێندەوارانی پارس هەمان بۆچوونیان هەیە. ئەو گوتی ” ئێوە نەتەوەیەکی بەهێزن، بەڵام زۆر بەکاوەخۆن، خەڵکێکی کە هیچ نازانن، دەسەڵاتی زۆریان لە دەوڵەتی ئیوەدا هەیە. بۆ بەڕێوەبردنی ئاسیا، ئیوە یەکێک لە مەزنترین دەسەڵاتەکانی ئاسیان، مرۆڤ نابێ تیۆرییەکانی ڕۆژئاوا بۆ دەوڵەتداریی بەکار بێنێ. ئێوە دەبێ ستەمکار و خێرا بن، و سیاسەتەکەتان نابێ لەرزۆک بێ. بڕوانە ئێرە، پاشا دەمرێ، زەلـلەسسوڵتان (ظل‌السلطان کوڕی ناسرەددین شا و حاکمی ئیسفەهان بوو. و.) لەگەڵ وەلیعەهد لەسەر جێگرتنەوەی ناکۆکن، و چەند ڕۆژیتر ڕوسیا بە ٢٠٠٠٠٠ کەس، ئازەربایجان داگیر دەکا، تاران دەگرێ، و بەرەو ئیسفەهان دەڕوا.

لەهەمان کاتدا دەوڵەتمەدارانی ئێوە چەند حەوتوو لە پارلمان خەریکی قسانن، و کاتێک کە ڕوسیا پرەستیژی خۆی سەپاند و پارسی ڕێکخست، ئەوکات هێزی دەریایی ئێوە بە سوپایەکی بچووک لە هیندوستانەوە وەڕیدەکەوێ! بــە! هیچ وڵاتێک کە فەرمانڕەواکەی ژن بێ ناتوانێ لە ئاسیا فەرمانڕەوایی بکا.”
ئێوارێ کوێخا و دوو کورد کە بە فارسی قسەیان دەکرد هاتن و هێندە لە دەورەی خێوەتەکەم هەڵسوڕان کە من بانگهێشتی بەر هەیوانەکەمم کردن، و ماوەیەکی دوورودرێژ گفتوگۆیەکی خۆشم لەگەڵیان هەبوو. بۆم دەرکەوت کە ئەوان زۆر ڕووڕاست بوون، زۆر بیرۆکەی سیاسییان هەبوون. ئەوان بە توندی سکاڵایان لە باجی پشتشکێن دەکرد، کە بە گوێرەی ئەوان، ” مرۆڤ لە تەواوی ژیانیاندا بە هەژاریی دەهێڵێتەوە.” ئەوان گوتیان ” هەژارترین مرۆڤەکان دەبێ ساڵی سێ تمەن پارە بدەن، جگە لە شتیتر، و ئەگەر ئەوان نەتوانن پارە بدەن باجگیرەکان مەڕوماڵەتەکانیان لێدەستێنن، نرخێکی زۆر کەمی لەسەر دادەنێن، بە نرخی ڕاستەقینەی دەیفرۆشنەوە و تەفاوەتەکەی بۆخۆیان دەبەن.” ئەوان بە خەتای پاشای نازانن. ” ئەو ئاگای لە هیچ نییە.” ئەوان بێزاریی خۆیان لە حاکمەکان و کاربەدەستانی ناوچەکە دەربڕی. ٧٤ ئەوان گوتیان ئەگەر بیانهەوێ پەلەوەر ڕاگرن، دەبێ لە ژێر زەوی بیانشارنەوە دەنا لێیان دەستێنن.
ئەوان گوتیان، دوای مردنی پاشا، پارس لە نێوان ڕوسیا و ئینگلیسدا دابەش دەبێ. ئەوەشیان زیاد کرد ” ئەوکات ئێمە دەگەینە دادپەروەریی.” من پێم گوتن کە کوردەکان و ئینگلیسییەکان یەکتریان خۆش دەوێ. ئەوانیش گوتیان ” کەوابوو بۆ ئینگلیس هێندە لەگەڵ تورکیە و پارس دۆستە، کە ئێمە سەرکوت دەکەن، و بۆچی مسافیری وەک تۆ لەگەڵ سوڵتان و پاشا قسە ناکەن شتەکان بگۆڕن.” ئەوان گوتیان سەردەمێک چاوەڕوان بوون دوای مردنی پاشا، بکەونە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیس، بەڵام ئێستا پێیان گوتووین کە دەکەوینە ژێر دەسەڵاتی ڕوسیا.”
پاش گفتوگۆیەکی دوورودرێژ لەبارەی کاروباری ناوچە باسەکەمان بۆ شتی سووکتر گۆڕی. ئەوان زۆر خۆشیان لە مێزەکە کە دەنوشتێتەوە، تەختی خەو و کورسییەکەم هات، بەڵام گوتیان ئەگەر ئەوان کەڵک لەم شتانە وەرگرن، تێچووی ژیانیان گەلێک زیاد دەبێ، ” چونکە ئەوکات ئێمە وەک موسوڵمانان، قەت ناگەڕێینەوە سەر خواردن و نوستن لە ناو جۆڵاتەنان.” ئەوان گوتیان لە بارەی ئوروپاییان شتیان بیستووە کە بۆ دیتنی کانگایان، بۆ گەڕان بەدوای خەزنە وێرانەکان هەڵدەکۆڵن، و بۆ کۆ کردنەوەی گیای پزیشکی، هاتوونە پارس بەڵام تێناگەن بۆچی من سەفەر دەکەم. من وەڵامم دانەوە کە من بۆیە سەفەر دەکەم تا لەبارەی بارودۆخی خەڵک شت فێر بم و لەهەمان کاتدا پێمخۆشە لە بارەی ئایینی ئەوان و ئەگەری بوونیان بە کریستیان بزانم. لە وەڵامدا گوتیان ” زۆر باشە، ئەوە شتێکی باشە. ئیسلام قەت پاشەکشە ناکا و ئایینی کریستیانیش قەت بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە نابینێ.”
بەیانی ڕۆژی دواتر سەرتیپ بۆ ڕێز گرتن لە من، گشت پاسەوانەکانی ڕێگا لە ساین‌قەڵا کە ڕێژەیان دەگەیشتە دوازدە کەس نارد تا من بەرەوە قەڵای محەممەد جیغ، گوندێکی مەزن، ماڵ و مڵکی نایب سەرتیپ، ئیسکۆرت بکەن. ئەمە شێتانە ترین ئیسکۆرت بوو کە من تا ئەو کاتی بینیبووم. ئەم پیاوانە جلوبەرگی ڕازاوەی کوردییان لەبەر کردبوو، و جگە لە تفەنگ کە بە زێو و عاجی فیل ڕازابوونەوە، و شمشێر و قاوغی شمشێری گەلێک ڕازاوە، خەنجەریان پێبوو لە ناو کێلان کە دەسکەکەیان بە یاقوتی شین ڕازابوونەوە. ئەوان بە ڕێژەی نەریتیی خۆیان دەڕۆیشتن و شتێکیتریان زیاد دەکرد کە پێکهاتبوو لە هەڵسووڕاندنی کوتکێک بە شێوەیەکی تایبەتی و فڕێدانی بەرەوپێشەوە تا ئەو جێیەی کە لە توانایان دابوو و چوارناڵ غاریان دەدا و هەر کەس هەڵیگرتباوە بێ ئەوەی کە بەربێتەوە، بۆی هەبوو جاری دواتر کوتکەکە فڕێدا. زۆر کەم دەیانتوانی بە شێوەیەکی رێکوپێک ئەم کارە بکەن وکێشمەکێشەکە بۆ ئەم مەبەستە زۆر جار دەبوو بە ململانێکی ڕاستەقینە. ئەوان خۆیان دەگەیاندە ترۆپکی شۆروشەوقێکی شێتانە،هەرا و هوریایان دەکرد، ئەسپەکانیان بە کەف و کوڵ و ئارەقە دادەپۆشرا، یەکتریان تا سنووری کەوتنەخوارەوە دەبرد و ئەسپەکان بە ددانە تیژەکانیان هێندە قەمپاڵتەیان لەیەکتر دەگرت کە لمبۆزی هەر کام لە ئەسپەکان خوێنی لێ دەچۆڕا.
دوای ئەوەی کە بەخششیان پێدرا، منیان دوو مایلی تر بەڕێکرد ” بۆ رێز گرتن لە خانم”، تفەنگەکانیان بەرەو ئاسمان تەقاند، بەهەستەوە سڵاویان کرد و بە هەراوهوریا و چواناڵیی منیان جێهێشت.
گوندی محەممەد جیغ بازاڕێکی پڕ لە کاڵای هەیە و تێکەڵاوێکە لە دەوڵەمەندیی و وێرانە. قەڵایەکی مەزن لە دوورەوە، لەسەر تەپۆلکەیەک، قەڵایەکی چوارگۆشەی خاوەن بورج کە لە هەرلا بەرز بوونەوە و بە باشی بەسەر دەشتی مەیلەو سپی جەغەتوو دا دەڕوانن، کە بە گوند و مەزرایان ڕازاوەتەوە.
لێرە، وەک شتێکی نامۆ، خان ژیانێکی شکۆمەند لە ناو ئەو کەسانەی کە بەکردوە کۆیلەی ئەون وەک سەردەمی سەدەکانی نێوەڕاست دەباتە سەر. هۆدەی مەزن کە بە دیوار دەورەیان گیراوە و خزمەتکاران تیایاندا دەژین. تەویلە ڕیز کراون کە ئەسپی نایاب و زۆر باش پێڕاگەیشتوو بۆ پاراستن لە هەتاو لێیان ڕاگیراون. گامێش لە کێڵگەکان دەگەڕانەوە، باشترین ئامرازی وەرزێڕیی لە پارس، مریشک، مراوی، قەلەموونە، بزنی تووکن و ژن و پیاوی قولەڕەش کە بۆ بیگانان زەردەخەنە دەکەن، سواری پۆشتە نامە دێنن و دەبەن، ڕاوێژکار بە مێزەری سپی و عەبای ڕەش ڕاوەستاون، گشت ئامرازی دەسەڵات و سامانداریی.
نزیکەی کاتژمێر ٩ بوو، و پیاوە مەزنەکە لەخەو هەڵنەستابوو، بەڵام ئەو ژەمی بەیانی پێکهاتوو لە چا، کەباب، ساوەر، پەنیری تەڕ، شەربەت و ترێی بۆ ناردم. بۆ چوونە ژووری حەوشەکە بە دەروازەیەکی گەلێک جواندا دەڕۆی و قەڵاکە بە شێوەی چوارگۆشەیەک دروستکراوە. ئەندەروونەکە (ژووری ژنەکان) بە مونەببەتکاریەکانی لە لایەک هەڵکەوتووە و لە لایەکەی دیکە شوێنێکە کە دەکرێ بڵێین هۆڵی کۆبوونەوەی گشتیی کە لەوێ سەرتیپ گوێ لە گوندییەکان دەگرێ و لەوێڕا بڕیار لە سەر بابەتەکان دەدا.
ئەو پێشنیاری کرد چەند ڕۆژێک میواندارییم بکا، بەخێرهاتنی نەریتیی کردم، گوتی لێرە ڕا تا ساوجبلاغ پێویست بە ئیسکۆرت ناکا، “ئەگەر ڕێگاکان ناسەقامگیر بوون” نامەی حاکم مافی دابین کردنی ئیسکۆرتم پێدەدا، هیوای خواست کە دژوارییەکانی سەفەر ئازارم نەدەن و پێشنیاری کەژاوە و ئێستری بۆ ڕێپێوانەکانیتر پێکردم.
جادەیەکی ساف بەناو هەمان دەشتە مەیلەو سپییە دەوڵەمەندەدا دەتبا بۆ کەشاوا، گوندێکی ١٠٠ ماڵی لە باوەشی دارمیواندا و توتن و لۆکە دەورەیان داوە. قەڵایەکی کۆنی هەیە، سەرچاوەیەکی گەلێک جوان، کاڵەک و چایان لەسەر کەشەفی زێو بۆ ناردم، ئەسپەکەیان لە تەویلە کرد، و چونکە شوێنی کەمپەکە لەبەر چاوی چەتان بوو پاسەوانێکی بەهێزیان پێدام. ئەم شێوە پێڕاگەیشتنە، ئەگەرچی خۆشە، بەڵام زۆر گرانە، چونکە هەرچی ئاغاکە مەزنتر بێ، چاوەڕوانی لە خزمەتکارەکانیش زۆرتر دەبێ، و نرخی دیاریی وەک کاڵەک دەبێ بەخشیشەکەی لانیکەم چوار قات بێ.