شەهید سولەیمان ڕەسوڵزادە، کادرێکی سادە و خۆش فکری سیاسی بوو!

محەممەد سلێمانی: شەهیدان لە ڕێباز و خەباتی سیاسی و نەتەوەیدا هەردەم یاد و ناو و بیرەوەریەکانیان بە بەرزی و درەوشاوەیی لە لاپەڕە  زێڕینەکانی مێژووی بەرخۆدانی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە و جێگای ڕێزو وەفای گەورەن و پلەو پایەیی مەزنیان لە بەرۆکی مێژوودا بۆخۆیان گرتووە. پیرانشاریش وەك شارو ناوچەکانی تری کوردستان، بە مەڵبەندی دەیان و بگڕە هەزاران تێکۆشەر و سوارچاکی مەیدانی خۆڕاگری و کوردایەتی ناسراوە و گە لێك ڕۆڵەی بەرچاو و دیاری لە پێناوی ڕزگاری و دابینکردنی مافی سیاسی و نەتەوایەتیدا، گیانی بەنرخیان فیدای سەربەستی کوردستان کردوە. ئەو ڕۆڵە تێکۆشەر و سیاسی و تەشکیلاتیەش کە مەبەستمانە بە چەند دێرێك یاد و خەباتی بەبەرزی و زیندووی ڕابگرین شە‌هید ” سولەیمان ڕەسوڵزادە” یە ، کادری هەڵسوڕ و ناسراوی کۆمیتەی شارستانی پیرانشارە. سولەیمان بە مرۆڤێکی سادە و ڕەوشت بەرز و لێهاتوو و خۆش فکری سیاسی و تەشکیلاتی کومیتەی شارستانی پیرانشاربوو کە هەتا دوا دڵۆپی خوێن بۆ ئازادی و ئاسوودەی گەلەکەی خەباتیکرد و ڕۆژێك لە ڕۆژان لە تێکۆشانی بەکردەوە دانەبڕاو و لە گەڵ خەڵكدا لە پەیوەندی پتەو توندووتۆڵ دەبا. وەك کەسایەتیەکی گرینگی مەڵبەندی سپی سەنگ و کادرێکی بەوەج و لێهاتووی حیزب بەوپەڕی سەداقەت و بوێری، بەشداری قۆناخەسەختەکانی شۆڕشی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کرد و لە هیچ تەنگوچەڵەمەیەك نەدەسڵمیەوە و باوەڕ و متمانەی بەجۆرێكبوو کە ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژدا، زیاتر بە خەبات و تێکۆشانی دڵ گەرم و لێبڕاوتردەبوو. زۆر بەداخەوە مەرگ دەرفەتی زیاتری پێنەدا و لە ڕیکەوتی06.07.1990 لە گوندی کێلێی سەربەناوچەی لاجان لە گەڵ هاوڕێکانیدا لە لایەن هیزێکی زۆرو رێکخراوی حکوومەتی ئاخوندی ئێران، گەمارۆدەدرێن و هەتا دوا هەناسەی ژیان بەرگری دەکەن و دواجار سولەیمان و رەحیم بەرشان شەهید دەکرێن و یوسف مارفزادەش بە برینداری بەدیل دەگێرێت.( بۆ زانیاری و بەرچاو روونی هەموو لایەك پیلان گێڕی ناسراوی لە داوخستنی ئەو تیمە تەشکیلاتیە، عەزیز فیرۆزمەند، کوری حاجی ڕەحمانە سووری کە دەکاتە برای شەهید حەمەی فیرۆزمەند. بەدوایانەوە دەبێ و شەهید سولەیمانیش باوەڕی زۆری بە عەزیز دەبێ و هەتا گوێ بۆ داواکاری بەرپرسی ئەوکاتی کومیتەی پیرانشار محەممەد ڕەسوڵی یش ناگرێت کە پێی دەڵێت خۆی لە عەزیز بە دوور بگرە. عەزیز هەموو زانیاریە هەواڵگریەکان بە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەدا و کارئاسانی بۆ هێزەکانی دوژمن دەکات کە ئەو پۆلەکادرە بخرێنە داو شەهید بکرێن) . بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە مەڵبەندی سپی سەنگ و هێزی قەندیلدا، خەبەرێکی ناخۆش و دڵ تەزێنبوو، بەداخەوە قەدەری زۆربەی سوارچاکانی مەیدانی کوردایەتی و خۆڕاگری سیاسی و نیشتیمانی گەلی کورد، هەر بەوجۆرە کۆتایی هاتووە. سولەیمان لە داوێنی بنەماڵەی گەورەی دێمۆکراتدا گەشە دەکا و هەرلەوکاتەشدا نموونەی کادرێکی بەئەزموون و خەباتگێڕ و بەئەخلاق و داوێن پاك و سادە و ئارام و خۆش فکر و هەڵسوڕبوو. زۆربەمان شانازیمان بە ناو و سیمای ئەو نەمرە دەکرد و سولەیمان سەرێكبوو لە نێوسەراندا بەرز و دیاربوو، بە مرۆڤێکی پاك و خۆشناوی مەڵبەندی خۆڕاگری پیرانشار ناوبانگی دەرکردبوو، هەرگیز لە خوێندنەوە و بەدواداچوون ماندوو نەدەبوو. بەردەوام لە هەوڵی خۆ پێگەیاندندن و بابەتی فێربوونی، وەك کارێکی سەخت و لاوەکی سەیر نەدەکرد، بگرە بە پێویستیەکی گەورەی دەزانێ و پێێوابوو، بەوشیاری سیاسیەوە خزمەتەکان کارگەریان زۆرتر دەبێت لە سەر خۆمان و شۆڕشەکەمان. شەهید سولەیمان زۆر دڵخۆش و ئارامبوو کاتێك وێرایی هاوڕێکانی خەمی ژیانێکی ئازاد و دادپەروەری بۆ نەتەوەکەی خستبوو سەرشانی و هەتا دوادڵۆپی خوێن وەفادار بە رێبازی قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی مایەوە. وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بە بنەمای کاری دروستی تەشکیلاتی دەزانی و پێیوابوو، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب هەتا ئاستی زانیاری و سیاسیان بەرزبکەنەوە، بەرچاوروونتر و کاریگەرتر دەتوانن خزمەت بە جووڵانەوەی ئازادیخوازی کورد بکەن. باوەرێکی قووڵی بە ئامانجە نەتەوایەتیەکانی حیزب و مافەڕەواکانی گەلی کورد هەبوو و لە فێربوون و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریخۆیدا، ماندوو بوون و هیلاکی نەدەزانی و پەرتووكخانەی وەك ویستگەی گرینگی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەیر دەکرد و هەر بەو جۆرەش هانی هاوڕێیانی دەدا. کۆمەڵێك خاسیەت و کرداری جوان و سەرنج ڕاکێشی نایابی خۆی لە رەوتی کارو هەڵسوڕانی ڕۆژانەیدا، تێکەڵاوی رەوتی خەبات و بەرخۆدان کردبوو، دژی تەمبەڵی و خۆبواردن لە خوێندنەوە و پێڕاگەیشتنی هەرتاکێك بوو کە بایخی بە ژیانی سیاسی و تەشکیلاتی نەدەدا و دوونیای بەسادەی گرتبوو و دێ و دوژمنی کتێب خوێندنەوەبوو. ئاشنایەتیم لە گەڵ ئەو مرۆڤە دێمۆکرات و کراوەیەدا، سەرەتایی دەست پێکی قۆناخێکی تازە و جەوهەری بوو لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتیمدا، بە هۆی کردەوە جوان و نەجیبەکانیەوە، زۆر بە دۆستایەتی و هەوخەباتی دڵمخۆشبوو. زۆر جار بە روونی و دیاریکراوی ئامۆژگاری دەکردین کە کورد و بزووتنەوەکەی وەختێك گەشە دەکا و پێشدەکەوێت، کە فێربوونی سیاسەت و سەردەرکردن لە رووداوە و گۆڕانکاریەکان، دەرفەتی باش بۆ ڕێبەری سیاسی جووڵانەوەی کورد دەرەخسێنێت، هەتا چاکتر و کاریگەرانە ترخۆی لە گەڵ ئاستی پێشکەوتنەکاندا بباتە پێش و جەوهەریانە باس و خواسی نەتەوەی بگەیەنینە کۆڕوکۆمەلی نێونەتەوەیی و گرێدانی هەموو شێوەکانی خەبات بەو ڕیرەوەدا، دەتوانێت وێكچوونێکی گەورەی نیشتیمانی و هاوکاری دەرەکی لە خەباتی خەڵکی کوردستان دروست بکات. حیزبی دێمۆکرات وەك زانکۆی بەرزی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی نەتەوەیی، گەلێك کادر و فەرمەندەی دیار و بەرچاو و ناسراوی لە داوێندا، پێگەیشتن، کە هەریەکەیان بە دیار نەمانیان کەلێنێکی گەورەیان لەسەر رەوتی خەبات و تێکۆشاندا بە جێهێشت. شەهید سولەیمان رەسوڵزادە جێگای ڕێز و خۆشەویستی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە مەڵبەندی سپی سەنگ و هێزی قەندیل بوو. بە دەگمەن کەسێك پەیدا دەبوو، دڵی بە سولەیمان خۆش نەبێ و شانازی بە هاوڕێیەتی نەکات. جیا لە خۆش فکری و وشیاری سیاسی، ڕەوشت بەرز و دەست پاکیشبوو، تایبەت مەندیەکانی کادرێکی باشی حیزبی و سیمای دێمۆکرات، بەتەواوی ئاوێتەی ژیان و ئاکاری سیاسی و شٶڕشگێڕانەی ببوو. قەت جارێك لە جاران لە کەسێکم نەبیست باسی خاڵێكی لاوازی شەهید سولەیمان بکا و پشت ملە شتێكی لەسەر بڵێت. چوونکی هەڵسوکەوتی ئەوەندە جوان و ڕێکخراوە و وشیارانەبوو، هەمووی لەسەر بنەمای ئەخلاقی سیاسی و نەتەوەیی و باوەڕ بە ڕێبازی حیزب بناخەی بۆ دانابوو. دژی خۆ بەزلزانی و فەرد پەرستی بوو، زۆری باوەڕ بە چەمکە سیاسی و فیکریەکانی ڕێبەرانی شەهید هەبوو و زۆر جار بەڕاشکاوی باسی دێمۆکرات بوون و شۆڕشگێڕبوونی ڕێبەرانی حیزبی دێمۆکراتی لە مەیدانی تێکۆشانی سیاسیدا دەکرد. بە شەهیدبوونی کومیتەی شارستانی پیرانشار کادرێکی لێهاتوو و بەرجەستەی لەدەستدا و کە بێگوومان پڕکردنەوەی کەلێنەکەی ماوەیەکی زۆری برد و ئەگەر بڵێم هەتا ئێستایش جێگای شەهیدەکان پڕنەکرایەوە. ئەوان کێوێك لە ئیرادە و خەباتی سیاسی و نەتەوەیی بوون و ئەگەر لە ژیاندابان دەرفەتی ئەوەیاندەبوو زۆر زیاتر خزمەت بە حیزب و جووڵانەوەی کورد بکەن. روحی شەهید سولەیمان و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان ئارام و ئاسوودەبێت.
محمد سلیمانی