تەزویر بۆچی .؟. حەمید عەزیز

تەزویر واتای فڕوفێڵ و تەڵەکەو درۆ بەمەرامی بەرژەوەندی خۆت و زەرەری بەرامبەر بۆیە لەکۆتاییدا بەسەر خۆتدا دەشکێتەوە چونکو کارێکی نایاسایی و قێزەون و بەدە بۆیە گاڵتەکردنە بەهەستی بەرامبەرو خۆ بەزیرەک زان و بەرامبەر بەگێل و نەفام و نەزان لەقەڵەم دەدرێت بۆیە لەڕاستیدا خۆت گێل و لاوازیت لەدواییشدا ئەنجامی ڕەشی ئەو کارە بەسەر خۆتدا دەشکێتەوە بێجگە لەوەش مێژوو شارستانیەت و چیرۆکێکی ڕەش بۆ خۆت بەجێدەهێڵیت کەکەس شانازی پێوە ناکات .

تەزویر جۆری زۆرەو لەناو زۆربەی بوارەکانی ژیاندا بواری هەیەو تەنانەت لەبڕوانامەکانی زۆربەی لێپرسراوانی دونیادا تەزویری تێدایەو بەئارەزوی خۆیان ماجستێرو دکتۆرا دەکڕن و .. هتد . ئێمە لێرەدا تەنها باسی یەک جۆر تەزویر دەکەین ئەویش تەزویری دەسەڵات بەرامبەر هاوڵاتی لەهەڵبژاردندا .
هەر دەسەڵاتێکی تاک ڕەوو ناڕەواو شێوە خێڵەکی و بنەماڵە دڵنیایە لەوەی خەڵکیی دەنگی پێ نادات بۆیە پەنا بۆ تەزویر دەبات بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بەمانەوەی خۆی و خۆڵ کردنە چاوی هەندێک لەگێل و نەفامی دواکەوتوو یان کۆیلەو سوچەرو نزیکەکانیان کەهەردەم خزمەتکارو حیمایەو نۆکەریانن .

تەزویریش تەنها لەپێناوی مانەوە لەدەسەڵاتدا نی یە بەڵکو پارێزگاری کردنیشە لەو سەروەت و سامانەی کەلەڕێگای کاری سیاسی یەوە بردویانەو لەهەموو بوارەکانی ئابوری وڵات دەستیان هەیەو بەئاشکراو نهێنی تاڵان کردنی بەروبومی وڵات و دەست بەسەراگرتنی هەموو بازرگانی یە گەورەکان و .. هتد .
تەزویر گۆڕینی تۆیە بەخۆیان کەواتە گۆڕینی باشە بەخراپ بەواتایەکیتر بێ ئەوەی ئاگات لێی بێت تۆش دزو درۆزنیت تۆش نیشتمان فرۆش و نەتەوە فرۆشیت تۆش وەکو ئەوان بێ ئاگایت لەمرۆڤایەتی و ژیان و بەخشندەیی ئەگەر فریا نەکەویت لەکۆتاییدا تۆش فرۆشراویت .
تەزویر کاری درۆو خەڵەتاندن و فڕوفێل لەبەرژەوەندی خودو کوشتنی هەستی مرۆڤێکی نەیارو بردنی دەنگ و ژیانی خەڵکانیتر بۆ خۆت کەمافی کەسیانیتر نی یە ئەو کارە بکات ، بۆیە ئەو دەسەڵات و حوکمەتەی تەزویر دەکات بەزەبری چەک دەڕوات مەحاڵە شۆڕشی مەدەنی و مەعریفی لایبببات بۆیە زۆربەی دەسەڵاتە خراپەکانی دونیا بەخوێن هاتوون بەهەمان چەشن دەڕۆن .

تەزویر کارێکی زۆر بەدە بێجگە لەوەی یاسایی نی یە دورە لەڕەوشت و ڕەفتاری مرۆڤی سیاسی نیشتمان پەروەر ئەمەو بێجگە لەوەی قەشمەری کردنە بەهەست و مافی هاوڵاتییان باوەڕ نەبونیشە بەڕاوو بۆچونی جیاوازو دیموکراسیەت و مافی تاک بۆیە تەزویر خۆ فەرزکردنە لەپێناو مانەوەو پاراستنی ئەو سامانەی کەلەڕێگەی سیاسەت و دەسەڵاتەوە دزراوەو کۆکراوەتەوە بۆیە دەزانن ئەگەر لەدەسەڵات نەبن دەدرێنە دادگاو ئەم ڕەفتارە ناسیاسی و نابەرپرسانەیە لەزۆربەی زۆری وڵاتانی جیهانی سێ و وڵاتانی ئاسیاو عەرەبی و ئیسلامیەکاندا بوونی هەیە … !!! .

پێناسەیەکی کورتی تەزویر لێرەداو لەم کاتەدا جێگەی باس و سەرنج و تێڕامانە لەهەمان کاتیشدا پێویستە بۆیە دەمێک ساڵە میللەتی کورد دەناڵێت بەدەست ژێردەستی و بێ مافی و داگیرکاری و کوشتن و بڕینەوە لەلایەن دوژمنانەوە تەزویرو برسێتی و نان بڕین و نادادیی و مرۆڤ کوشتن و .. هتد لەلایەن دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردیەوە کەبەداخەوە تەزویریش کوشتنی ماف و دزینی دەنگ و دژی دیموکراسیەتە ئەویشیان هێناوەتە ناو کایە سیاسیەکە کەخراپترین جۆری ستەم و دیکتاتۆریەتە … !!! . بەکوردی و کورتیی ئەم وشە تاریک و قێزەونەی تەزویر زیاتر لە ٢٦ ساڵ تەمەنی هەیەو ( ١٩٩٢ / ٢٠١٨ ) گەردنی کوردی باشوری گرتوەو دەست لەیەخەی ئەم گەلە غەدرلێکراوە هەڵناگرێت ، هەڵبەتە بەدڵنیایی یەوە تەنها کاری ناوخۆیی نی یەو بەڵکو دەوڵەتی دراوسێ و ئیقلیمی و بەتایبەت تورکیاو ئێران دەستێکی باڵایان هەیە لەپەرت و بڵاوبونی گەلی هەرچوار پارچەی کوردستان .

تەزویر واتای فڕوفێڵ و هەڵخەڵەناندن و گاڵتە پێکردنی هەستی خەڵکە لەبەرژەوەندی خۆت بۆیە کارێکی ئێجگار قێزەونەو تەنها دەسەڵاتە نادیموکراتەکان و دیکتاتۆرەکانی وەکو صەدام حسێن و حافض ئەسەدو زۆربەی سەرانی تورک و فارس و .. هتد خەریکی ئەم کارە خراپەن کەدژ بە مرۆڤ و ماف و پێشکەوتنە دەکرێت . تەزویر پێمان دەڵێت ئێمەی دەسەڵات خاوەن وڵات و سەرخاک و ژێر خاکین کەسیتر خاوەنی ئەم وڵاتە نی یە بێجگە لەخۆمان بۆیە بەخوێن هاتوین و وەکو موعەمەر قەزافیش دەڕۆین .

بەدڵنیایی یەوە هەر دەسەڵاتێک دڵنیا نەبێت لەخەڵکی خۆیی و دەنگ دەرانی پەنا بۆ تەزویر دەبات لەهەڵبژاردنەکاندا بۆیە بەدڵنیایی یەوە تەزویرو هەڵخەڵەتاندن دوو وشەی نزیکن لەیەکەوەو لەکۆتاییدا سەری دەسەڵات خۆی دەخوات بۆیە هەرکەس و دەسەڵات و میریەک خەریکی تەزویرو گەمژاندنی خەڵکی خۆی بێت مردن و کۆتایی لەسەر تەمەنی خۆی بەدەستی خۆی دەدات .

تەزویرچی بڕوای بەهەڵبژاردن و دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ نی یە بۆیە ماوەیەک خۆسەپێنیی بۆ دەچێتە سەر بەڵام لەکۆتاییدا وەکو مۆسۆلۆنی و شاوشیسکۆو هیتلەرو ستالین و ئەوانیتر مەرگی خۆیان ئیعلان دەکەن .

تەزویر پڕۆسەیەکی ڕەش و نائومێد بەخشە کەڕاستەوخۆ دەتکوژێت و دەتگۆڕێت و لەمێژویەکی ڕەشی تاریک و بەددا تۆش بەشدار دەکات بێ ئەوەی ئاگات لەهیچ هەبێت بۆیە پرۆسەی هەڵبژاردن و تەزویر بەگەمژە کردن و خەڵەتاندن و بێ هیوا کردنی مرۆڤەکانە لەپێناوی ئەوەی بڕواو متمانەیان نەمێنێت و جارێکیتر دەنگ نەدەن بەهەڵبژاردن و دیموکراسیەت ئەمەش لەبەرژەوەندی دەسەڵاتەو لەزەرەری مێژوو شارستانیەتی ئەو گەلەیە .

تەزویر واتای بەخوێن هاتنی دەسەڵات و شێوە ڕەفتارکردنی مۆسۆلۆنی و شاوشیسکۆو سەدام و سارتر وە ڕۆیشتنیشی وەکو موعەمەر قەزافی دەبێت .
حەمید عەزیز