ساڵمەرگی خومەینی . هاشم كه‌ریمی

٢٩ سال پێش ئێستا یەکێک لە دڵڕەقترین و بێ بەزەییترین حاکمانی ئێران، روحووڵا خومه‌ینی مرد. ” تۆماس مان “، نووسەری گەورەی ئەڵمان، کاتی خۆی لەسەر “هیتلێر” گوتویەتی:’ نیەت خراپیی بێ ئەندازەی، تێرنەخواردن لە خوێنخۆری، دڵڕەقیی بێ پایانی، هەراوهوریای ئاژاوەگێڕانەی، دەمارگرژیی ئەحمەقانەی، خۆبە پیاوچاک پیشاندانی فریودەرانەی، لەم کەسە کە دوورە لە ئینسانیەت، نزمترین ئافەرێنراوی چێ کردووە کە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا وێنەی نەبووە’.
بەراستی ئەو وتەی “تۆماس مان” راست خومەینیش دەگرێتەوە. با لە دڵڕەقییەوە دەست پێبکەین. کاتێک کە کۆماری ئیسلامی فتوای دا کە هەر کەس کەسێکی دژی رژیم بە دەزگاکانی ئەمنیەتی بناسێنێ، ئەگەرچی ئەو کەسە نزیکترین کەسی بێ، خێری ئاخیرەتی بە نسیب دەبێ، دایکێکی بێ بەزەیی و دەمارگرژ کوڕەکەی خۆی ناساند، کە ئیعدام کرا. خومەینی لەسەر ئەو کێشە ئاوا دەڵێ: خەڵک دەبێ سەرمەشقیان ئەو دایکە بێ کە کوڕەکەی خۆی هینا و دایە دەست مەحکەمە و ئیعدام کرا، کە ئەمە یەکێکە لە نموونەکانی ئیسلام.’ کاتێک ئەو دایکە بێڕەحمەیان هێنایە حوزووری خومەینی، رووی تێکرد وگوتی: ئەی ژن، ئەم کارەی کە تۆ کردت، کە کوڕەکەی خۆت ناساند بۆ بەسزاگەیاندنی، بووە سەمبولێک لە ئیسلامدا، هەموو دەبێ ئەم کارە بکەن. ناوی ئەو کوڕە کە ئیعدام کرا “محمود طریق الاسلام ” بوو.
دیارە”مەلا حەسەنی”، ئیمام جومعەی ورمێ ، وهەڵگیرسێنەری شەڕی نەغەدە ، وفەرماندەری کوشتاری خەڵكی چەند گوندی کوردستان، له‌ گه‌ڵ ئاخوند ‘محەمەد گیلانی’، قازی شەرعی دادگاکانی ئینقیلابی تاران، کە سەدان کەسی مەحکووم بە ئیعدام کردبوو، هه‌ر دووك کوڕەکانی خۆیان کە چریکی فیدایی بوون، تەسلیمی بێداگاکانی رژیم کرد و ئیعدام کران.
نموونەیەکی دیکەی دڵڕەقیی خومێنی ئەوە بوو، لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی (١٩٨٨ی زاینی) دا بە هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسی لەگەڵ ئەوەی زۆربەیان بە حەپسی درێژخایەن و کورتخایەن حوکم درابوون، و تەنانەت هەندێکیان چاوەڕوانی ئازاد بوون دەکران، بەڵام خومەینی بە هۆی دۆڕانی شەڕی عێراق و هێرشی موجاهیدینی خەڵک، لێیان پەژیوان بۆوە و فەرمانی قەتڵوعامی دان. کە ئەمە به‌ یەکێکە لە بێ بەزەیترین تراژیدیەکانی مێژووی ئیران به‌ ئه‌ژمار دێت. دوای ئەو کوشتارە، “ئایەتوڵا مونتەزیری” کە خۆی لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی و لەو کاتەدا جێگری خومەینی بوو، نامەیەکی توندی بۆ خومەینی نووسی؛ کە دوابەدوای ئەو نامە، پایەی جێگریی لێ ئەستاندرایەوە و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.
لە بارەی حەز بە خوێنڕشتن، کاتێک دوای کوژران و برینداربوونی سەدان هەزارکەس لە هەردوو لایەنی شەڕکەری ئێران و عێراق، هێزکانی کۆماری ئیسلامی توانیان لە “خوڕەمشەهر (محمەرە)”هێزەکانی سەدام تێک بشکێنن، له‌وكاته‌دا “سەدام” ئاماده‌ی كۆتایی هاتنی شه‌ڕ بوو و هه‌ر وه‌ها وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداوی فارس (بەتایبەت عەرەبستانی سعوودی) بەڵێنیی خەسارەتی شەڕیان بە ئێران دا ، کە مەزەندە دەکرا نزیک بە ١٠٠ میلیارد دولار بێت، به‌ڵام خومەینی کە حەزی بە خوین ڕشتنی زیاتر دەکرد و دەیەویست کەربەلا و قودس بگرێ، دەستی ئاشتیی رەد کردەوە و شەڕ چەند ساڵی تربەردەوام بوو و سەدان هەزارکەسی دیکە لە رۆڵەکانی ئەو دوو وڵاتە بوونە فیدای ئارەزووی خومەینی و سەدام. ئەمجارە هەم وڵاتانی سەرمایەداریی رۆژئاوا و هەم وڵاتانی عەرەبی پتر یارمەتیی عێراقیان دا و خومەینی بە ناچاری بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتە یەکگرتوەکانی (پاش تێپەڕ بوونی زیاتر لە ساڵێک لە دەرچوونی) قەبووڵ کرد و وەک خۆی ڕایگەیاند: “جامی ژەهری شکستی خواردەوە.”
سەیر ئەوەیە کە لە ” دایرەتولمەعاریف” ی ئیسلامی دا خومەینی لە ریزی سۆفی وعارفانی ئێرانی دا ناوی هاتووە. من هەرچەند لەگەڵ زۆر لە بیروهزری عارفان کە خەڵکانیان بۆ گۆشەگیری و دەست لەدنیابەردان هان دەدا هاو ڕا نیم، لە گەڵ ئەوەش ناشاردرێتەوە کە عارفەکان قەت بۆ دەسەڵات تێنەدەکۆشان و تەنانەت هەندێک لە عارفەکان لە گەڵ دەسەڵاتدارانی سەردەمی خۆیان بەربەرەکانیان کردووە و لەورییەدا سەریان تیدا چووە کە جێی رێزن. بۆ نموونه‌، “ حسەین بن مەنسوور حەلاج ” بە دەستووری ” ئەبولفەزل جەعفەر موقتەدیر” خەلیفەی عەباسی ئیعدام کراوە. ” عینەلقوزاتی هەمەدانی ” بە فەرمانی “ئەبولقاسمی دەرگەزێنی” وەزیری “مەحموودی سەلجووقی” لە سێدارەدراوە. “شەهابەدین سوهرەوەردی (سورەبەردی)” کە بە رەگەز کورد بووە هەم وەک عارف و هەم وەک فەیلەسووف ناسراوە، بە داخەوە بە فەرمانی “سەلاحەدین ئەیووبی” کوژراوە. ” محەمەد بوخارایی” کە لای سۆفیەکان بە “شای نەقشبەند” دەناسرێ لە دەورەی تەیموری لەنگی خوینڕێژدا ژیاوە وتەیموور چەند جارئارەزووی کردووە بیبینێ، بەڵام محەمەد بوخارایی سەری بۆدانەنواندووە و تەیموور ئەو ئاواتەی بردۆتە ژێر گڵ، لە حاڵێکدا خومەینی گشت هەوڵ و تێکۆشانی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بووە کە پێی گەیشتووە. جیا لەوەش خوو و خسڵەتی خوێنڕانەی هیچ تەباییەکی لەگەڵ عیرفان و عارف دا نییە.
خومەینی کە ئیدیعای دەکرد حکوومەتی عەدڵی ئیلاهی لە ئێران دا پیادە دەکا، وڵاتێکی دوای خۆی بەجی هێشت کە زۆر لە دەوەرەی دیکتاتۆڕەکەی پێشوو واتە حەمە رەزا شا گەندەڵتربوو. سەرمایەداری دواکەوتوو سیستمی حاکمە و جیاوازیی چینایەتی لە دەورەی شا کەمتر نەبووە، ئەگەر لەدەورەی شادا زۆربەی سەروەتی وڵات لەدەستی ئەشڕافی هەزارفامیلدا بوو، لە دەورەی کۆماری ئئیسلامیدا کەوتە دەست تویژێکی سەرەوەی ئاخوندەکان و فەرماندەرانی سوپای پاسداران. ٦٠٪ خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. بەرتیل خوارن بۆتە شتێکی ئاسایی. دزی تەنانەت دزیی چەکدارانە ئێجگار زۆرە. لەگەڵ بوونی قانوونی سفت و سەخت بۆ ئەو کێشە، دەستدرێژی بۆ سەرژنان و مێرمنداڵان تیتری رۆژانەی رۆژنامەکانە. ئەمانە هەموو، ئەوە دەیسەلمێنێن کە پەسەند کردنی قانوون بۆ ئەو کارە چارەساز نیە، بەڵکوو دەبێ پەروەدەی دروست هەبێ. بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان زۆر زیادی کردووە و سەر لە چەند میلیۆن کەس تووشبوو بە مادەی هۆشبەر دەدا. ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان قەدەغەکراون و حیزبی راستەقینە وجوودی نیە. مانگرتن و خۆپیشاندانەکان بە توندی سەرکوت دەکرێن، گرتن و ئەشکەنجە و ئیعدامی رۆڵە تێکۆشەرەکانی گەڵ بە تایبەت لە کوردستان نەوەستاوە. بەشێکی زۆری بووجەی وڵات خەرجی شەڕ لە سووریە و یەمەن و یارمەتی بە بەشێک لە شێعەکانی عێراق و حیزبوڵای لوبنان و دەستە وتاقمە نهێنیە تیروریستیەکان دەکرێ. هەر بۆیە ئابووری وڵات تووشی قەیران بووە و بایەخی تمەنی ئێران لەبەرامبەر پووڵی وڵاتانی دیکەدا بەتەواوی هەرەسی هێناوە.
جیا لە هەموو ئەو گرفتە ئابووری سیاسی و کۆمەلایەتیانە، بەهۆی بێ پرەنسیپی و بێ ئەخلاقیی دەسەڵاتدارانی ئێران، زۆر بەداخەوە شێرازەی ئەخلاقی کۆمەلایەتی لە ئێران زیانێکی زۆری پێ گەیشتوە، بەشێوەیەک دەتوانرێ ئیدیعا بکرێت کە بێ پرەنسیپی، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێرەوانی خومەینیدا بوەتە پرەنسیپ، کە وەک ئیشارەی پێکرا پەرەسەندنی ئیعتیاد، لەشفرۆشی، کڵاولەسەرنان، دزیی و … گەورەترین گرفتەکانی کۆمەڵگەی ئیمڕۆی ئێرانن و تەنیا بە رووخانی ئەم دەسەلاتە و هاتنە سەرکاری حکوومەتێکی هەڵبژێردراوی کۆمەڵانی خەڵک، کۆمەڵگە دەتوانێ بگەڕێتەوە سەر رێگای خۆی.
ئەگەر میللەتانی مافخوراو و چین و توێژە چەوساوەکانی ئێران تەکانێک بە خۆیان بدەن و تێکۆشانیان زیاتر بکەن، گۆڕان لە ئێراندا بە دوور نازانم.