نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ بەڕیزان: هەردووبەشی حیزبی دێموکرات

سڵاوی برایەتی و یەکبوون و یەکڕیزی!
بەڕێزان هەروەک ئاگادارن، دوای لێکترازانی ریزەکانی حیزب، ئێمە و هەموو خەمخۆرانی حیزبەکەمان هەوڵی وەسەریەکخستنەوەی دوولایەنی دێموکڕاتمان داوە و لە ریگەی جۆراوجۆرەوە داواکاریی و رەخنە و ناڕەزایەتی خۆمان بە بەرێزتان گەیاندووە. هەوڵی ئێمە بۆ یەکڕیزی، ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی یە و لەو رێگەیەدا هەر بەردەوام دەبین.

لەم چەند ساڵەی دواییدا، دوو هەیئەت لە هەر دوولایەن بۆ وەسەریەکخستنەوەی ریزەکانی حیزب دیاری کران و بە دەیان کۆبوونەوە و سەردانی جۆراوجۆر لەوبارەوە کراوە کە بە داخەوە تا ئێستا ئاکامەکەی نادیارە. لەو هەلومەرجە ناسکەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەیرانە کەڵەکەبووکانی کۆماری ئیسلامی و درێژەی خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران، جارێکیتر ئێمەی هێنایە سەر ئەم بڕوایە کە داواکەمان چەند پاتە بکەینەوە.

تکاتان لێدەکەین کە بۆ ئەندام و لایەنگر و دۆستان و خەمخۆرانی دێموکڕاتی ڕوون بکەنەوە کە بەربەست و هۆیەکانی یەکنەگرتنەوەی دوولایەنی دێموکڕات چین؟ لە حاڵێکدا کە زۆربەی بەدەنەی هەردوولا داوای یەکگرتنەوەتان لێدەکەن و خوازیاری یەکگرتنەوەن،چ کێشەیەک لە بەردەم رێبەرایەتی هەردوولادا هەیە کە بۆتە بەربەست؟ بۆ وەڵامی ویستی زۆربەی ئەندامانی حیزب نادرێتەوە؟

داواکارین بە شەفافییەتی هەرچی زیاترەوە بۆ خەڵک روون بکەنەوە کە هۆ یا هۆیەکانی یەکنەگرتنەوە چین.

لەو هەل و مەرجەدا کە ئێران لە حاڵی گۆڕاندایە، ئێمە وخەمخۆرانی دێموکڕات و خەڵکی کوردستان چاوەروانی یەکڕیزی و کۆدەنگی هەموو لایەنەکانین. تکایە لەوە زیاتر لە ئاست داواکاریی خەڵک و ئەندامانی حیزب بێدەنگ و کەمترخەم مەبن. ئەگەر بۆ چارەسەری کێشەکان بە بنبەست گەیشتوون، داوا بکەن با لایەنی سێهەم ببێتە هاوکار و یاریدەدەرتان.

گومانتان نەبێ هەردوولاتان لەبەرانبەر یەکنەگرتنەوەدا بەرپرسایەتی مەزنتان لە سەر شانە و مێژوو لێتان نابووری.

چاوەڕوانی وەڵامی بەڕێزتانین

کومیتەی یەکبوونی حیزبی دێموکرات