سەفەرەکانی پارس و کوردستان نامەی ژمارە ٢٧

سەفەرەکانی پارس و کوردستان نامەی ژمارە ٢٧
بەشی یەکەم، وەرگێرانی : کەماڵ حەسەن‌پوور
ورمێ، ١٤ی ئۆکتۆبر

ڕێژەیەکی کەم لە مسافیرانی ئوروپایی سەردانی ورمێ و دەشتە فرە نایابەکەی دەکەن، “بەهەشتی پارس”، ئەگەرچی ئەو تەنیا ١١٢ مایل لە تەورێز دوورە. باغەکان تا دیوارەکانی شار دێن، نزیکەی پەنجا مایل درێژ و هەژدە مایل پانە، هەمووی چیندراوە، بە دراستانی چغور، حەشیمەتێکی زۆر، و لە لای ڕۆژهەڵات سنوورەکەی بیابان نییە کە وشک و بێبەر بێ، بەڵکو ئاوی شینی گۆلی ورمێیە، و لە ڕۆژئاوا دەگاتە چیا سەرکێشەکانی کوردستان. شارەکە چەند مایل ئەولاتری گۆلەکە هەڵکەوتووە.
ورمێ بە گشتیی زۆر جوان و لە دۆخێکی باش دایە. گەڕەکی کریستیانەکان تەقریبەن جوان، باش دروستکراو و مەزن، و دیوی دەرەوەی خانووەکان بە گشتیی لە خشتەی سوورە. بازاڕەکان مەزنن و پڕن لە شتومەک، و بازرگانیی تیایاندا گەرمە. دیوارەکان و شەقامەکان لە دۆخێکی باش دان، و هەروەها قووڵکە مەزنەکە کە دەتوانێ پڕ کرێ لە ئاو، کە دەورەی داون. سەرجەم دەروازەکان شەقامێکیان بۆ کێشراوە کە ئەمبەرئەوبەرەی دارسنجو و دار میوەی دیکەن. باغەکانی دیوی ژوورەوەی دیوارەکانی شار گەلێک جوانن، و باغی میوە و ڕەزەکان، دەشتەکان و سنەوبەرەکان شاهیدی فرە بوونی ئاو و شێوەی فرەباشی بڵاو کردنەوەنی. دەڵێن بەرزاییەکەی ١٣٤١ میتر لەسەرووی ئاستی دەریایە. ڕێژەی حەشیمەتەکەی نێوان ١٢٠٠٠ تا ٢٠٠٠٠ کەسە.
ئەگەرچی ١٤ ڕووبار دەڕژێنە ناو گۆلی ورمێ، کە هەندێکیان بچووکیش نین، و هیچ ئاوێک لەوێوە ناچێتەدەر، ئەو بەردەوام کەم دەکا و زەوییەکی ڕووتی خاون سامانی بەرچاو لەپاش خۆی جێدەهێڵێ و بە هێکتار خوێی درەوشاوە. ڕێژەیەکی کەم بەلەم لەوێن، و هیچکامیان بۆ گواستنەوەی مسافیران نابن. ئاوەکەی هێندە سوێرە کە ماسی تیایدا ناژی.
شوێنە کەوناراکانی سەرنجڕاکێش لە ورمێ لە کلیسای سریانی مارت-مەریەمە کە نێوەی لە ژێر ئەرد دایە و دەڵێن لە لایەن ماگی (سێ پیاوەکە کە دیارییان بۆ عیسای مەسیح بردبوو کە تازە لە دایک ببوو. و.) دوای گەڕانەوەیان لە بەیت ئەللـەحم دروست کراوە! بورجێک و مزگەوتێک بە میعماریی عەڕەبیی کە حەوت سەدە کۆنن، و هەندێک گردی دەرەوەی دیوارەکان کە نزیکەی بیست تا سی و سێ میتر بەرزن، کە لە خۆڵەمێش پێکهاتوون، شوێنی میحرابی بەجێگەیاندنی ڕێوڕەسمەکانی یەکێک لە پاکترین ئایینە کۆنەکان. وەک شوێنی لەدایکبوونی زەردەشت، و بۆ ماوەی چەند سەردەمی بەدوای یەکدا شاری پیرۆزی ئاگر پەرستەکان و شوێنی نۆژەنکردنەوەی ڕیوڕەسمە میتراییەکان، ورمێ دەبێ هەمیشە سەرنجڕاکێش بێ.
ڕێژەی دانیشتووانی کریستیان لە شارەکە زۆر نییە، بەڵام گریمانە دەکرێ کە ٢٠٠٠٠ کریستیانی سریانی لە گوندەکانی دەشتەکەدا دەژین. سریانییەکانی کە لە شار دەژین زۆربەیان وەزعیان باشە، کە بۆ بازرگانیکردن هاتوونە ورمێ. باشترین فەڕشەکان، هەروەها باشترین وێنەگرەکان و بەرگ درووکان، سریانین، و ئەگەرچی لە ڕابردوودا موسڵمانان خۆیان لە کڕینی شت لە کریستیانەکان دەبوارد، بە هۆی ئەوەی کە پێیان وابوو ئەو شتانەی ئەوان دروستی دەکەن ناخاوێنن، پێشداوەرییەکان بەرەو نەمانن.
جێگر حاکمێکی لێیە کە پێی دەڵێن سەرپەرست، کە ئەرکی هەلسوکەوت لەگەڵ کریستیانەکانی لە ئەستۆیە. ئیدارەکە وێدەچێ بۆ پارێزگاریی لەوان بێ و لە سەر داوای دەوڵەتی ئینگلیس دروست بووە، بەڵام ئوروپاییەکان ئەوی وەک ئامرازێکی سەرکوت و پارە بەزۆر لێ ئەستاندن سەیر دەکەن، و خوازیاری نەهێشتنی ئەون. کانۆن مەکلین تا ئەو جێیە دەرووا کە دەڵێ: چەندقات بوونی دادوەرەکان لە پارس بە مانای چەندقات بوونی نادادپەروەرییە، و چەند قات بوونی ئەو کەسانەی کە دەتوانن بە زۆر پارە لە خەڵکی چارەڕەش بستێنن.” بژیوی سەرپەرست و تاقمی خزمەتکارەکانی تا ڕاددەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بەو جەریمەکردن و بەرتیلانەی ئەو لە کریستیانەکانی دەستێنێ، لە ئاکامدا ئەو کێشە ساز دەکا و لە هەموو شوێنێک خەڵکەکەی هاندەدا سکاڵای بێهۆ بکەن، بە هەموو پێوانەیەک سریانییەکان یەکێک لە بە سکاڵاترین خەڵکن.
من لە بارەی کریستیانەکانی ورمێ و دەشتەکەی بە ناوی سریانی دەنووسم چونکە ئەوان بەم ناوە خۆیان دەناسێنن. ئێمە لە ئینگلیس ئەوان بە ناوی نەسرانی دەناسین، بەڵام ئەمە نازناوێکە کە خەڵکی بیانیی پێیان داون، و من هیچ هۆیەک نابینم بۆچی ناوێک بۆ نەتەوەیەک بکار بێنین کە هاومانای بەدناویی “بێ ئایینێکی” کەونارایە. ئەوان هەندێک جار بەناوی کلدانی بانگ دەکرێن و ئوسقوفی مەزنی کانتێربوری ناوی “ئاسۆڕی” زیندوو کردۆتەوە، کە هەرگیز بۆخۆیان کەڵکی لێوەرناگرن و هیچ ڕۆژهەڵارییەکیش کە باسی ئەوان دەکا کەڵک لەم ناوە وەر ناگرێ. موسڵمانەکان کەڵک لە ناوی نەسارا (خەڵکی ناسرە) تەنیا بۆ کریستیانەکانی سریانی وەر دەگرن. ئەوان ئیددیعا دەکەن کە ئایینی کریستیان لە لایەن ماگی لە دوای گەڕانەوەیان لە بەیتەلـلەحم لە ناویاندا بڵاو کراوەتەوە. گریمانەی بەرزترین ڕێژەی ئەوان ١٢٠٠٠٠ کەسە کە زیاتر لە ٨٠٠٠٠ کەسیان لە تورکیە دەژین. سریانییەکانی پارس لە دەشتەکان دەژین، بە شێوەی سەرەکیی لە دەشتی ورمێ و سەلماس، شوێنێک زەوی بەپیت بە شێوەیەکی زۆر هەستیارانە لەلایەن ئەوانەوە دەچینرێ.
من لە دوایین نامەکەمدا ئاماژەم بە دەوڵەمەندیی و شێوەی باغ بوونی دەشتی ورمێ کرد. ئەو ٢٠٠٠٠ سریانییەی لێرە دەژین لە گوندی جیا لە کورد، فارس و ئەرمەنی دەژین و لە گشت لایەکەوە لە لایەن موسڵمانی شیعەوە گەمارۆ دراون. خاوەن زەوی یا ئاغاکانی گوندەکانیان بە گشتی موسڵمانن، کە کرێگرتەکانیان بە شیوازی فیۆداڵی بەڕیوەدەبەن. زەوی سەرمایەگوزارییەکی جێی پەسندە لە پارس و بە هۆی لێهاتوویی پێشەیی سریانییەکان، “ئاغایەتی” گوندەکانیان نرخێکی بەرزی هەیە. ئاغاکان زۆر جار وەرزێڕەکان سەرکوت دەکەن، بەڵام گرێبەستی (گرێبەستی وەرزێڕ لەگەڵ ئاغا) ماڵەکان تا ڕاددەیەکی زۆر پارێزراوە، و بە گوێرەی کانۆن مەکلین، کە من بۆ ئەم زانیارییە منەتباری ئەوم، سیستەمێکی وەک سیستەمی فیودالی سکۆتلەند (بەڵام بێ بەڵگەنامەی نووسراو) کاری پێدەکرێ. ئەگەر کەسێک بیهەوێ خانوێک دروست بکا، چەند کەلـلە قەند و چند قڕان وەک دیاریی دەبا بۆ ئاغا و داوای شوێنێکی لێدەکا. دوای ئەوەی کە ڕێگای پێدرا ٤ شیلینگ و ٩ پێنی وەک کرێی بنەڕەتیی ساڵانە دەبێ بدا بە ئاغا، بەڵام ئەو دەتوانێ خانووەکەی بە مەیلی خۆی دروست بکا و تا ئەو کاتەی کرێی بنەڕەتییەکەی دەدا ناتوانن خانووەکەی لێ بستێنن. جگە لەوە، ئەو دەتوانێ خانووەکە بفرۆشی و بەڵگەی یاسایی بدا بە کڕیارەکە، تەنیا بە یەک مەرج ئەویش ئەوەیە کە خاوەنی نوێ دەبێ ببێتە رەعیەتی ئاغا.
جگە لە کرێی بنەڕەتی، کریگرتەکە دەبێ ٢ شیلینگ باجی ساڵانە بۆ هەر گامێشێک، بۆ هەر مانگایەک ١ شیلینگ و بۆ هەر سەرە بزنی مێ ٦ پێنی بدا، دوای ئەوەی کە دەست بە زاوزێی دەکەن. جگە لەمە ئاغا لە هەر بنەماڵەیەک ساڵانە ٢ پەلەوەر، بارێک دەوە و هەندێک هێلکە، ٣ ڕۆژ کاری سۆغرە یا بەرامبەری نرخەکەی، و پارەیەک بۆ هەر زەماوەندێک دەستێنێ. هەروەها گشت بنەماڵەیەک ساڵانە ٨ پێنی باج و بارەدارێک دەدا بە سەرپەرستی ورمێ، فەرمانداری موسڵمانی کریستیانەکان. لە بەرامبەردا ئاغا یەک لەسەر سێ یا نیوەی کۆی باجەکە دەدا بە پاشا.
خانوێکی گوندی ئەگەر لە خشتیش دروست بکرێ زۆر بە دەگمەن زیاتر لە ٣٥ پاوندی تێدەچێ و زۆر جار نیوەی ئەوەشی ناوێ. تایبەتمەندییەکی مەزنی شوێنی ژیانی سریانییەک ئەوەیە کە بە پێداگرییەوە پێی دەگوترێ “ماڵەکە”، ژووری دانیشتن، خەو، جگەرەکێشان، چێشتخانە، نانەواخانە و ژووری کار، گشتی یەکە و شوێنی ژیانی یەک یا چەند بنەماڵەیە. ئەم ژوورە ناکرێ باڵەخانەی لەسەر دروستکرێ، چونکە سەربانەکەی کڵاوڕۆژنەی هەن. تەویلەیەک، ئەمبار و ژووری دانەوێلە بەوێوە نووساوە.
سریانییەکانی دەشتی ورمێ تا ڕاددەیەکی زۆر پشتیان بە ڕەزی ترێ بەستووە، جا بەرهەمەکانیان ترێ، مێوژ یا شەڕاب بێ، هەمیشە فرۆشی باشیان هەیە. ئەوان وەک ماڵەکان لەسەر یەک گرێبەستن و تا ئەو کاتەی مێوەکان لەئەردی دان، و کرێی بنەڕەتیی، کە ساڵی ٧ شیلینگ بۆ یەک تەناپە (تەناپ = زەوییەکی ٢٣٤ میتری چوارگۆشە) بدرێ، کرێگرتەکە ناکرێ دەرکرێ. لەو شوێنانەی کە باغی ڕەز بەکرێ دەدرێنەوە، کرێیەکە بۆ هەر تەناپ لە ١٠ تا ١٢ شیلینگە. ئەگەر کرێگرتەیەک مڵکێک لە ئاغا بکڕێتەوە، باجی ساڵانە بۆ هەر تەناپ ٥ شیلینگە، لێڕەوار و باغی میوە وەک ڕەزەکان لەسەر یەک گرێبەست و یەک کرێن. مەسەلەی کێڵگەکان جیاوازە. ئەگەر کرێگرتە تۆو و شتی دیکە دابین بکا، یەک لەسەر سێی بەرهەمەکە دەداتە ئاغا، و ئەگەر ئاغا دابینکەری تۆو بێ کرێگرتەکە دوو لەسەر سێی بەرهەمەکە بۆ ئاغا دەگەڕێنێتەوە. کرێگرتەی کێڵگەکان دەتوانێ ساڵ لەگەڵ ساڵ بگۆڕدرێ.