تێکەڵچوونی هێزەکانی رێژیم و پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان دەستەیەک لە پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەکرێگیراوانی رێژیم جێگیر لە مۆڵگەیەکی ئەم هێزانە لە گیاڕەنگ (دیواڵان ـ سەردەشت) هاتە ئاراوە. دوای چەند دەقە لە تەقە و تێکەڵچوونی نێوان پارێزەران و هێزە بەکرێگیراوەکان، رێژیم بە مەبەستی زەربەلێدان لە پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ناوچەکەی تۆپباران کرد و زەرەروزیانێکی زۆری بە موچەو مەزرای خەڵکی ناوچەکە گەیاند.
لە ئاكامی ئەم تێکەڵچوونەدا وێڕای وێکەوتنی زەرەر و زیانێکی زۆری مادەی بەم بنکەیەی رێژیم، سێ کەس لە بەکرێگیراونیش کە دوانیان پلەدار بوون، لە لایەن پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە توندی بریندار کران کە هەر ئەو شەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ گواسترانەوە و رۆلەکانی پارێزەری نیشتمانیش بە سڵامەتی شوێنی چالاکییەکەیان بە جێ هێشت.
جێگای ئاماژەیە ئەو مۆڵگەیە سێ ساڵ لەمەوبەر لە سەر لووتكەی گیاڕەنگ دانەراوە بۆ مەبەستی خستنە ژێر چاوەدێری ھەموو جموجۆڵێك و تەنانەت فشارێكی یەكجار زۆری بۆ دانیشتوانی دیواڵان و دەورووبەری ھێناوە.
جێی ئاماژە پێکردنە کە چەند رۆژ پیش ئێستا دەستەیەکی دیکە لە پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی ئەرکێکی نیشتمانی خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بوو، کەمینێکی هێزە بەکرێگیراوەکانی رێژیمیان لە “کانی‌خاتوون” هەڵکەوتوو لە ناوچەی باژاری سەر بەشاری سەردەشت تێک شکاند.