ڕێژیمی تاران لە گێژاوی گەوەری قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆیدا دەژیت!

محەممەد سلێمانی
حکوومەتی ئاخوندی لە گێژاوی گەورەی قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و خۆیدا دەژیت و لە مێژووی ستەمکارانەی ئەو ڕێژیمە زۆردار و دژی گەلیەدا، هەرگیز بە وێنەی ئەمرۆ لە گەڵ بارگرژی و ئاڵۆزییە نێوخۆی و نێونەتەوەیەکان بەرەوڕوو نەبۆتەوە و، نەکەوتۆتە ژێرکاریگەری گەمارۆ سیاسی و ئابووریەکانەوە. خۆپێشاندان و هاتنەمەیدان شارە گەورە و گرینگ و ستڕاتیژیەکانی وڵات، نموونەی زیندووی بێزاری و دەنگی ناڕەزایەتی گەلانی وڵات لە سەر شێوەی ئەدای حکوومەتی ئێران دەگەیەنێت و شوعار و داخوازیەکانیان بەتەواوی سیاسی و نەتەوین و بەدەنگێکی بەرز و زووڵال داوای ڕوخاندنی ئەو رێژیمە دەکرێ. ئەو ئاماژانەش کە خەڵك وەك سیگناڵی گۆڕانخوازی و ئاڵوگۆڕی سیاسی لە ئێراندا دەریدەبڕن، دڵی کاربەدەستانی وڵاتی شکاندوە و دووچاری نائومێدی و سەخڵەتی زۆری کردوون و کەوتوونەتە بەردەم هەڵبژاردەی گەلێك دژوار و قوورسەوە. هەرچەندە سەرکۆماری ڕێژیمی ئاخوندی بە هێنانەوەی پاساوی بێ بنەما و لابەلا، دەیهەوێت خەڵکی وڵات لە ئاستی کۆی قەرانەکاندا ڕازیبکا و دڵیان بداتەوە کە ئەو بارودۆخە کورت خایەنە و دەوڵەت بەسەریدا زاڵدەبێت و ژیانی هاو وڵاتیان ئاسی دەبێتەوە. بەڵام ئەوە لە قسەکردن بەو لاوە شتێکی ترنیە و هەلومەرجی نالەباریش لە دەستی کاربەدەستان دەرچووە و ەبێت فیکر بۆ داهاتوویان بکەنەوە کە چ ڕٶژگار گەلێکی ڕەش چاوەڕێیان دەکات. سیاسەتی خۆپەرستی و ناژیرانەی سەرانی وڵات بە تەواوی لە خراپتر بوونی ژیان و گوزەرانی گەلانی ئێران بەرپرسیارن و، وڵاتێکی بەپیت و دەوڵەمەندی وەك ئێران چۆن دەکرێ، لە ئێستادا خەڵکەکەی کە ژمارەیان پێوانەی بەرچاوی تۆمارکردوە، بەداخەوە کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و نەداریەوە و زۆر بەئەستم دەتوانن خۆیان بژیەنن و ڕۆژانەیەکی زۆر کەم بەدەست بێنن لە مەیدانی کارکردندا. جارێ هێشتا پڕۆسەی گەورەی گەمارۆکان بەدژی حکوومەتی تاران نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەگەر ئەو قۆناخە دەست پێبکات، ئەوەندی تر بارگرانی لەسەرشانی خەڵک دروست دەکا، کە ئەو وڵاتە لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە ژێرخانی بەرەو دارمان دەڕوا و، بێگوومان بەرنامە و پیلانی ئەو تۆش لە بەردەستی دەسەڵاتداراندا نیە کە چارەسەری سەرجەمی ناکۆکیەکانی لە گەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەیدا پێبکەن. حکوومەتی ئاخوندی ئەقڵیەتێکی نەفام و نەزان ئیدارەی دەکا و هەرچی کردوویانە کە خۆیان ودەسەڵاتەکەیان لە فەوتان ڕزگاربکەن، ئەویش بەڕێگای بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی و نیشتیمانەوەیەوە ئەنجامیانداوە و، بەڵام دەرکەوت کە ئەوجار کاردانەوە و هەڵوێستی گێتی لە هەمبەر ئێراندا کۆمەڵێك ئاڵۆگۆڕی بنەڕەتی بەرهەم هیناون کە پێدەچێت، لە داهاتوودا خێری بۆ کۆی پرۆسەی سیاسی وڵات هەبێ. ڕێژێمێك کە بنەمای فیکری لە سەر ئەساسی سڕێنەوەی سیاسی و نەتەوایەتی و تیرۆری سیاسی دامەزرابێت، گەلانی وڵات و یەك لەو نەتەوانەش گەلی کورد دەبێت چ جۆرە چاواڕوانیەکیان لەو ڕێژێمە دڕندە و کۆنەپەرستە هەبێ کە هەوڵی چارەسەرکردنی پرسە سیاسی و نیشتیمانیەکان بدات بە رێگای دیالۆگ و لێك تێگەیشتندا!! بارودۆخی ناوچەی و نێونەتەوەیی لانیکەم لە ئێستادا هیچ دەرفەتێکی بۆ حکوومەتی ئاخوندی نەهێشتۆتەوە، جگە لە ڕازیبوونی ئاخوندەکان بە قەدەری لە دەستدانی دەسەڵاتیان لە وڵاتێکی گرینگ و مێژووی وەك ئێراندا، کە جگە لە نەتەوەیی فەرمانڕەوا پێنج نەتەوەی تریش بوونیان هەیە . ئێران زۆر کارت و شانسی شیاوی لەبەردەستدابوو کە دەیانتوانی لە بەرژەوەندی گەلانی وڵاتدا سوودی لێیان بینیبا، بەڵام بە هۆی گەمژەی و خۆبەزلزانینی ئاخوندەکان،بەشێکی زۆری کارتەکانیان لە نێولەپیدەستدا لێ سڕکران یان وەك دەیبینین کاریگەریان نەماوە بۆ درێژکردنەوەی مەودای نەرووخانی حکوومەتی ئاخوندەکان. لەوەها باروزرووفێکی سیاسی و ئابووریدا، حکوومەتی تاران لە خۆبەدەستەوەدان و سازش و گونجان لە گەڵ ئەمریکادا، هیچ بژاردە و ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە و ئەگەر دەسەڵاتی ئێران بەوجۆرە خەمساردیە بڕواتە بەرەوە، لە بەرامبەر چارەسەرکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و ئاستەمتر بوونی بژیوی ژیانی ڕۆژانەی خەڵكدا، ئیدی ئەو جار گەلانی ئیران جگە لە لادان و رووخاندنی ئەو ڕێژیمە، ڕێگایەك لە پێشخۆیاندا نابینینەوە. گەلانی وڵات کە سەبریان گرتووە و جارێ بە ئامانجی ڕوخاندی ڕێژیمی تاران بەتەواوی خۆیان ڕێکنەخستووە و نەهاتوونەتەمەیدان، چاوەڕێی دەرفەتی باشتر و لە بارتر دەکەن و زۆربەی خەڵك دەیان هەوێت ئەو حكوومەتە بەجۆڕێك لە سەر ڕێگایان لابدەن، کە وڵات لە کاولبوون و شەڕی نێوخۆی بپارێزن. لە کوردستانی ڕۆژهەڵایشتدا هەلومەرجێکی بەتەواوی ئامادە هەیە بەمەبەستی ڕاماڵینی داموودەزگە داپلۆسینەرەکانی ڕێژیم و چالاکی و تێکۆشانی حیزبەکان ئومێد و ورەی بەخەڵك بەخشێوە و کاتێك لە شارێك یان لە هەر دەڤەرێكدا خەڵک بە بۆنەی جۆر بەجۆرە لە دەوری یەکدی کۆدەبنەوە، مرۆڤ بە تەواوی هەست بە کەش و هەوای زەمینەی سیاسی و تەشکیلاتی دەکا. ئەگەر لە ئێستادا هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گوێڕەی چاوەڕوانی خەڵك لە گەڵ یەكدا کۆك و یەکگرتوونین، بەڵام خەڵك لە نێو خۆی کوردستاندا، سەرەڕای جیاوازی تێڕامان و خوێندنەوەیان، هەموویان پێکەوەن و یەکگرتوون بەدژی حکوومەتی ئاخوندی. کاتێك لە مەریوان “شەهیدان” ی ژینگە پارێزی کوردستان لە ڕێپێوانێکی گەورە و بەربڵاودا بە خاك دەسپێردرێن و سروود و شوعاری خەڵك دەبیسین، دەبینین کە هەستی نەتەوایەتی و یەکگرتووی سیاسی بە کردار و بەرخۆدانەکنیانەوە دیارە و ئەوجۆرە لە داکۆکیکردن و پێکەوە کارکردنەش بێگوومان ژینگەیەکی سالم و تەندروستی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرهەم دێنێت لە داهاتووی سیاسی کوردستاندا.
محمد سلێمانی
28.08.2018