پرێس‌ کۆنفرانسی جێگری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان

ئاسۆ حەسەن زادە، جێگری سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان وێرای باس لە وردەکارییەکانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی سەرەکی حدک رای گەیاند، کە لە مووشەکبارانەکەی رژێمی کۆماری ئیسلامی ، ١٥ کەس شەهید بوون، کە شەش کەسیان ئەندامانی ڕێبەری حیزب بوون و نزیکەی ٤٠ کەسیش بریندار بوون. لە نێو قوربانییەکاندا ژن و منداڵیشی تێدا بووە.
جێگری سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای تاوانبار کردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاماژە بە داننانی سپای پاسداران لەو پێوەندییەدا گوتی مووشەکەکان، لە بنکەی سەربازی مەهدی، لە ورمێ ئاراستە کراون، بەڵام تائێستا وردەکاری تەواوی ئەو هێرشە دیاری نەکراوە“.
ئاسۆ حەسەن‌زادە ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەوان رۆژێک دوای هێرشەکەش فڕۆکەی ئێرانیان بە ئاسمانەوە دیتووە و هەتا ئەمڕۆکەش هەندێک هێزی فڕۆکەوانیان بینیوە، بەڵام دڵنیا نەبوون کە ئێرانین یان ئەمریکایی. دیارە بارەگاکانمان تاکە ئامانجی ئەو هێرشانە بوون، بەڵام هەندێک لە مووشەکەکان ئامانجی خۆیان نەپێکا.
ئاسۆ حەسەن زادە، جێگری سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان، لەو پرێس کۆنفرانسەشدا، جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەو هێرشە گەورەترین هێرش بوو، بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، کە لەدەرەوەی خاکی ئێرانن، پێشتر هێرشکراوەتەسەر رێکخراوی موجاهیدین، بەڵام بە چەکی بچووک بوو، نەک چەکی گەورە، دەشڵێت: ”بە بۆچوونی ئێمە هێرشی مووشەک بارانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانمان، تەنیا لەبەرئەوەیە پارتەکەی ئێمە خەبات دەکات، لەپیناو کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئێران، زۆرجار رووبەڕووی ئەو هێرشانە بووینەتەوە، ئێمە ئێستاش هێزەکانمان لەناو ئێران هەیە“.
جێگری سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوەش دا، کە ئەوان لەچوار ساڵی رابردوودا، چالاکییەکانیان زیاتر سیاسیی بووە، نەک نیزامی، چونکە بڕوامان بەوە کە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی نیزامی چارەسەر ناکرێ. جگە لەوەش لەوماوەیەدا چەندین چالاکی مەدەنی و سیاسی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دیموکرات و رێکخراوە سیاسییەکانی دیکە دەستگیر کراون.

شایانی باسە لەو پرێس‌کۆنفرانسەدا چەندین هەواڵدەری دەرەوە و کوردستانی بەشدار بوون کە درکرێ ئاماژە بە هەواڵدەرییەکانی ڕۆیتێرز، والستریت ژووڕناڵ، ئەلعڕەبییە، مۆنیتۆر، ئانادۆڵ، ڕادیۆ فەردا و زۆربەی هەرەزۆری تەلەویزێۆن و ناوەندە هەواڵدەرییەکانی کوردستانی بکەین.