ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی كوردستان. نیعمەت باڵە

ژیانی ئەمڕۆی خەڵك لە ناوەخۆی رۆژهەڵات و ئێران زۆر لەوە ناخۆشترە كە رۆژانە دەگاتە میدیاكانی دەرەوە. باری ئابووری، كۆمەڵایەتی و سیاسیی خەڵك لەوپەڕی نالەباریدایە و هیوای ژیان لاوازە. لێرەدا هەوڵ دەدەم بەكورتی باسی بكەم كە خۆی لە نێزیكەوە تێیدا ژیاوم.

ئابووری

خەڵك دەستی بە كار ناگات و لە سەرجەم چین و توێژەكاندا كێشەی بێكاری هەیە، بازاڕێكی گران شانی خەڵكی قورس كردووە و زۆربەی هەرەزۆری خەڵك كێشەی دابینكردنی خۆراكی رۆژانەیان هەیە. بۆ نموونە كرێكارێك ئەگەریش كاری هەبی، مووچەی كارەكەی ناگاتە بایی خۆراكێكی شیاو بۆ خۆی و بنەماڵەكەی. بەرزبوونەوەی نرخی شتومەك وایكردووە خەڵك ژیانی وەستاندبی و هەر ئەوەندەیە زیندوون! چینێكی دەوڵەمەندی خەڵك كە ژمارەیان زۆر كەمە و زۆربەیان دەست و پێوەندی رێژیمن دەستیان بەسەر بازاڕدا گرتووە و ئەوانی تر وەك كرێكاری ژێردەستەیان كار دەكەن.

لەو نێوەندەدا رەچاوی هیچ جۆرە مافێكی مرۆڤ و مافی ژیانێكی سەربەست ناكرێ. ئەوانەی بەنیازی نانی رۆژانە پەنا بۆ كۆڵبەری دەبەن و گیانی خۆیان بەخەت دەكەن، باشترین نموونەی باری خراپی ئابووری و ژیانی خەڵكی كوردە لە ئێران.

سیاسی

خەڵك كپ و بێدەنگ كراوە و بچووكترین دەنگی ناڕەزایەتی بە گرتن و لێدان و زۆرجار سێدارە وەڵام دەدرێتەوە. خەڵك ترسی هەیە لە ناخی خۆیدا بیر لە ئازادی بكاتەوە و متمانەی كۆمەڵایەتی زۆر دابەزیوە، بەشێوەیەك كە زۆر ئەستەمە كەسێك بتوانێ متمانە بە كەسێكی تر بكا و هەوڵ بدا كارێكی سیاسی یان ئازادیخوازی لەگەڵدا بكا. ئەو سەدان زیندانییەی كورد لە ئێراندا هەن و بەهۆی كاری سیاسی گیراون، ئاماژەن بە نەبوونی ئازادی.

مافی ژنان

ژنان زیاتر لە هەر توێژێكی تر چەوساونەتەوە، ئەوان جگە لە زوڵمی رێژیمی ئێران، تووشی دەیان و سەدان داب و نەریتی كۆمەڵایەتی و ئایینی بوونەتەوە كە ژیانیان وەك مرۆڤ لێ زەوت كردووە. مافی خوێندنیان لە زانكۆكان زۆر كەمە و زۆر بە كەمی رێگەیان پێ دەدرێ بەشداریی چالاكییەكانی مەدەنی بن. بەتایبەت لە چەند ساڵی رابردوودا لە كوردستان ژنان زیاتر لە هەمیشە چەوساونەتەوە و رۆژانە هەواڵی خۆسووتاندن و خۆكوشتنی ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەبیستین، جگە لەوەی رێژیم خۆی سەرجەم ئەو ژنانە دەستگیر دەكات كە داوای مافەكانی خۆیان وەك ژن و میللەتەكەیان وەك كورد دەكەن، بۆ نموونە زارا محەمەدی كە بەتاوانی فێركردنی زمانی دایك بە منداڵانی كورد و یارمەتیی خەڵكی لێقەوماوی كورد لەگەڵ چەند كەسێكێكی تری زیاتر لە یەك مانگە دەستگیر كراون و بێ سەروشوێنن.

كورد لە ئێران چەوساوەیە و دەنگی بە دەرەوە ناگات، رووخانی كۆماری ئیسلامی پێویستییەكی گرینگە بۆ ئەوەی میللەتی كورد و میللەتانی تری وەك بەلووچ بتوانن بە مافە سەرەتاییەكانی خۆیان بۆ ژیان بگەن.