ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٩)

چەسپاندنی یەکێتیی فکری و سیاسی
نەبوونی “یەکێتی فکری و سیاسی” لە بزووتنەوەکانی کورددا بە یەکێک لە هۆکارە هەرە بەرچاوەکانی تێکشکان و سەرنەکەوتنەکانی بزووتنەوە دێتە ئەژمار. هەرچەند حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مێژووی نەتەوەی کورددا بۆ یەکەم جار وەک حیزبێکی پێشکەوتوو و خاوەن بەرنامەی سیاسی پێک هاتبوو، بەڵام خەڵتەیەک لەم خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و کلتوورە مێژووییەی هەر تێدا بەدی دەکرا و زۆری کێشا تا لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتدا لە سەر ئەساسی ئەو باوەڕە نەتەوەیی و دێموکراتیکەی کە بۆی دامەزرابوو، ئەم کەمایەسییە چارەسەر بکرێ و وەک رێکخراوێکی بتەو و ساغبوەوە، “یەکێتیی فکری و سیاسی”ی خۆی بچەسپێنێ.
دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، لە سەردەمی سکرتێریی خۆی لە حیزبی دێموکرات و تەنانەت پێشتریشدا لەوانەیە یەکەم کەس بووبێت کە هەستی بەم کەمایەسییە فکری و تەشکیلاتییە لە حیزبدا کردبێ. بۆیە بە نووسینەوەی بەرنامە بۆ حیزب لە سەرەتاکانی دەیەی پەنجای هەتاوی و، دژایەتێکردنی لە گەڵ پرش و بڵاویی فکری لە رێزەکانی حیزبدا، هەموو هەوڵێکی داوە کە “یەکێتی فکری و سیاسی” لە حیزب دا دەستەبەر بێت و چەسپاو بێت.
بۆ یەکەمجار کە بۆ کۆنگرەی سێهەمی حیزب لە رەزبەری ١٣٥٢ی هەتاویدا، “بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستان(ئێران) دەنووسێتەوە و لە کۆنگرەدا پەسەند دەکرێ، دوکتور قاسملوو بە نووسینەوەی ڕێبازێکی فکری و تەشکیلاتیی ڕوون، کار لە سەر هەوڵدان بۆ چەسپاندنی “یەکێتیی فکری و سیاسی” لە حیزبدا دەکات. هەر لەم پێوەندییەدا لە بەشی “پێڕەوەی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەسەندکراوی کۆنگرەی سێهەم” بە ڕوونی لە یەکێک لە خاڵەکانی بەندی سێهەم کە تایبەتە بە ئەرکەکانی ئەندامی حیزبدا هاتووە؛ ” ئەندامی حیزب بە هەموو هێز و توانایەوە “یەکێتیی تەشکیلاتی و فکری”ی حیزب بپارێزی”.
ئەم ئەسڵە لە کاری حیزبی و رێکخراوەیی کە نەبوونی دەتوانێ خاڵێکی هەر لاوازی بزووتنەوە بێت، بۆ حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو گرینگییەکی تایبەتی پەیدا دەکات. بۆیە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی حیزبدا بێ‌پسانەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی دەدرێ. لەم پێوەندییەدا دوکتور قاسملوو، بە هیچ شێوەیەک سازشی لە گەڵ ناکرێ و لە چسپاندنی ئەم ئەسڵە(یەکێتی فکری و تەشکیلاتی)دا سەرسەختانە پێداگری دەکات و ئامادەیە هەموو تێچوویەکی تەشکیلاتیش قبووڵ بکات. بۆیە لە نووسینەوەی مێژووی حیزبی دێموکرات(چل ساڵ خەبات)دا ڕاشکاوانە دەڵێ: ” نوقتە زەعفێکی گەورەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەتایبەت بەرێوەبەرییەکەی ئەوە بووە کە یەکێتیی فکری و سیاسیی تێدا نەچەسپابوو.”
هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی “یەکێتی فکری و سیاسی” لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا، قۆناغی جۆراوجۆری بڕیوە. هەر بەم بۆنەوە حیزبی دێموکرات لە چەند بڕگەیەکی مێژووییدا تووشی لێکدابڕان و کێشەی نێوخۆیی بووە. دوکتور قاسملوو کە بۆ ماوەی نزیک بە هەژدە ساڵ کەسی یەکەمی ئەم حیزبە بووە، زۆرترین ڕۆڵ و بەرکەوتنی لەم نێوەدا هەبووە. ناوبراو هەر لە ڕاوەستان بەرانبەر بە بیر و باوەڕی “ناسیونالیستی بەرچاوتەنگ” و “سنووربەندیی نێوان جۆڕەکانی خوێندنەوە بۆ ئامانجی دواڕۆژی حیزب، بە نووسینەوەی “کورتەباسێک لە سەر سۆسیالێزم” و چەسپاندنی “سۆسیالیزمی دێموکراتیک”، هەموو هەوڵێکی خۆی دا کە لە حیزبدا “یەکێتی فکری و سیاسی” بچەسپێنێ.
“یەکیتیی فکری و سیاسی” لە حیزبی دێموکراتدا بە هیچ شێوەیە بە مانای “یەکدەستکردن”ی ڕێزەکانی حیزب نیە. بە واتایەکی روون و سادەتر؛ بوونی یەکێتیی فکری و سیاسی لە حیزب دێموکراتدا بەو مانایە نیە کە هەموو ئەندامانی حیزب وەک یەک لە سەر پرسە سیاسییەکان بیر بکەنەوە و تەبەعییەت لە خوێندنەوەیەکی تایبەتی سیاسی بکەن. چونکی ئەوە نەتەنیا بۆ هیچ ڕێکخراوێکی سیاسیی دێموکرات دەست نادات، بەڵکوو لە بنەڕەتڕا نادرووستە و ئەگەر وابوو، ئەوە جیا لە دیکتاتۆری و ملڕاکێشان بۆ دیکتاتۆری ناتوانێ شتێکی دیکە بێت. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو بە ڕوونی دەڵێ: ”
“بتەوکردنی “یەکێتی سیاسی و فکری”، ئەرکێکی بنەڕەتییە کە دەکەوێتە سەرشانی هەموو ڕێکخراوە حیزبییەکان. دیارە هەموو ئەندامانی حیزب لە بارەی مەسەلە سیاسییەکان وەک یەک بیر ناکەنەوە. ئامانجیش ئەوە نیە کە وەک یەک بیر بکەنەوە. چونکی ئەوە نە مومکینە و نە بە قازانجی تێکۆشانی حیزبیشە. مەبەست لەو یەکێتییە، ئەستاندنەوەی داهێنانی فکری لە ئەندامانی حیزبی نیە. بیر و باوەڕی جیاوازی دێموکراتیکی ئەوان، کلیلی چارەسەریی درووستی گیروگرفتەکانی حیزب بۆ بەرەوپێشچوونیەتی. بەڵام ناکرێ ئەندامی حیزبی دێموکرات بین و پێڕەوی لە زەمینەی فکریی حیزب و سازمانێکی دیکە بکەین”.

سمایل شەرەفی