سپای پاسداران لە مافیای دارستانەوە بۆ چاندنی تریاک

کەریم فەرخەپوور. گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان، یەکێک لەو نەهامەتییانەیە کە کۆمەڵگەی جیهانی داگرتوە و لە هەر شوێنێک بەجۆرێک هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دیاردە دەکرێ و لە ئێرانیش بە شێوازی خۆی. ئەوە کە لە ئێران مادەی هۆشبەر چۆن لە ماوەیەکی کەمدا پەرەی سەند و هەموو کۆمەڵگەی ئێرانی بە شار و دێهاتەوە تەنی، جێی لێوردبوونەوە و بەدواداچوونە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ‌هێزەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر دەمێکە باس لە نەخش و دەستهەبوونی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئەو ڕێژیمە لە بڵاوکردنەوە و قاچاغی مادەی هۆشبەر و پەرەپێدانی دەکەن. کاربەدەستانی ڕێژیم لە سەرەتادا بەشێوەیەکی زۆر نهێنی لە ڕێگەی دەست و پێوەندەکانیانەوە مادە هۆشبەرەکانیان لەنێو لاوانی ئێران و بە تایبەتی کوردستاندا بڵاو دەکردەوە، بۆ ئەوەی کە لاوانی ئێران و کوردستان گیرۆدەی ئەو مادە هۆشبەرانە بن و دوور کەونەوە لە سیاسەت و خەبات و وەدوای پرسی شوناسخوازییان نەکەون. بەداخەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەشێک لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو بوو و زۆر لە لاوانی ئێران گیرۆدەی مادە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکان بوون و ژیان و چارەنووسیان بەرەو هەڵدێر چوو و زۆر بنەماڵە لەو ڕێگەیەدا ئازیزانیان لەدەست دا.

ماوەی چەند ساڵێکە سپای پاسداران دوای ئەوەی کە نەوت و گاز و کانگەی ژێرزەویی ئێران چاوی تەماحی ئەو ناوەندە مافیاییەی تێر نەکرد، ڕووی کردە فرۆشتنی ئاو و خاک و لێڕەوارەکانی ئێران و زیانێکی گەورەی بە ژینگەی وڵات گەیاند. مافیای دارستان ئەو ناوەیە کە بۆ سپای پاسداران بەکار دەبرێ و ئەو ناوەندە زۆربەی دارستانەکانی وڵاتی لەنێو بردوە.

لەنێوبردنی لێڕەوارەکانی کوردستان لە سەرەتای فتوای خومەینییەوە و هێرشی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان دەستی پێکردوە و ڕێژیم لە سەرەتادا بۆ پاراستنی هێزە چەکدارەکانی و دانانی هەزاران ناوەند و مۆڵگەی سەربازی و شەڕ لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە لایەک و، شەڕ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی لێڕەوارەکانی کوردستانی قەڵتوبڕ کرد و سووتاندی و بەو کردەوەیە زیانێکی گەورەی بە ژینگەی کوردستان گەیاند. واتە چەند ناوەند و لایەنێکی سەر بە سپای پاسداران دەستیان دابووە ئەو کارە و نەک هەر لێڕەوارەکانی کوردستانیان بەتاڵان دەبرد، بەڵکوو زیانێکی زۆریشیان بە ژینگەی کوردستان دەگەیاند و لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵێک مافیا سامانێکی خەیاڵیان دەست دەکەوت. بەڵام مافیای سپای پاسداران بە بڕینی لێڕەوارەکانی زاگرۆس دڵی دانەمرکا و گیرفانەکانیان پڕ نەبوو، ئەمجارەیان بەپێی کۆمەڵێک بەڵگە و بە قسەی کاربەدەستانی پلە بەرزی ڕێژیمیش دەرکەوتوە کە سپای پاسداران لەگەڵ ئەوەی کە دارستانەکان دەبڕێ بە تایبەتی داری بەڕوو، لە شوێنی دارەکان تریاک دەچێنن.

«لەلایەکی دیکەوە پەرویز کەردەوانی» کارناسی ژینگە دەڵێ: «کەسانێک بە کەلکوەرگرتن لە گازۆڵ و «پودر اورە» داربەڕووەکانی لێڕەوارەکانی زاگرۆس ویشک دەکەن و بەجێی دارەکان تریاکی لێدەچێنن». ناوبراو هەروەها ئاماژە بەوە دەکا کە ئەو کەسانەی کە داربەڕووەکان ویشک دەکەن، دوای ماوەیەک هەواڵ دەدەنە کاربەدەستانی پێوەندیدار کە ئەو دارانە ویشک بوون و ئەوانیش کە وێدەچێ ئاگاداری ئەو کارە بن، دەچن دارەکان دەبڕن و لە جێی دارەکان تریاک دەچێنن. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە کەسانی سەر بەو ئیدارات و دامودەزگا دەوڵەتییانە، دەبێ کەسانی خودی و باوەڕ پێکراو بن و کەسانی دیکە بۆ وەستۆگرتنی ئەو ئەرکە قبووڵ ناکەن و دایاننامەزرێنن. لە لایەکی ترەوە ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵ و ئاو و سەرچاوە سروشتییەکان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو کارەی وەرزێرەکان، لە پەرچەکردارێکی سەرسووڕهێنەردا، دەڵێ: «پێویست ناکا دارەکان ببڕن، بەڵکوو هەر لە پەنای داربەڕووەکان دەتوانن تریاکەکە بچێنن».

هەر لەو پێوەندییەدا «عەلی ئەکبەری» نوێنەری شیراز لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی، چاندنی خەشخاشی لە بەشێک لە لێڕەوارەکانی پارێزگای فارس پشتڕاست کردۆتەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕیگای ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان بە بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان خەڵکێکی زۆری گیرۆدە کردوە و هەر بەپێی قسەی کاربەدەستانی ڕێژیم، زیاتر لە سەتا ٧٠ی مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا دەستیان بەسەردا دەگیرێ کە بێجگە لە مافیای سپای پاسداران کەس نازانێ بەرەو کوێ دەچێ و، چی بەسەر دێ و بێگومان هەر لە ڕێگای باندەکانی قاچاخچییەتیی سپاوە بۆ مەبەستە تایبەتییەکانی ڕێژیم بەکار دێ. لە پێوەندی لەگەڵ ڕێککەوتننامەی بەرجامدا و نەسازانی ئورووپاییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ڕیژیم ئەوەیە کە ڕیگەی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان بەرەو ئورووپا ئاواڵە دەکەن کە بێگومان کاربەدەستانی ڕێژیم خۆیان ئەندامی باندەکانی قاچاخچیەتیی ئەو مادە هۆشبەرانەن کە بەرەو وڵاتانی ئورووپایی بەڕێ دەکرێن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ساڵانە بەهۆی قاچاخی مادە هۆشبەرەکانەوە خەڵکێکی زۆر ڕەوانەی بەندیخانەکان دەکا و دەیان کەس لەو پێوەندییەدا لە سێدارە دەدرێن، ئێستا بە قسەی خودی کاربەدەستانی ڕێژیم باند و دەستە و تاقمەکانی سەر بەسپای پاسداران خەریکی چاندنی مادە هۆشبەرەکانن. ڕێژیم بە چاندنی تریاک چەند مەبەستێک دەپێکێ، یەکەمیان لەنێو بردنی دارستانەکانی کوردستان و تێکدانی ژینگە، دووهەم کۆکردنەوەی سەروەت و سامانێکی زۆر و سێهەم فێرکردن و تەبلیغ بۆ پەرەپێدانی ئەو کارە لە نێو خەڵکی کوردستاندا و بە تێوەگلان لەو کارە و لە لایەکی ترەوە بەهۆی سانایی دەستخستنی مادەی هۆشبەر، بێگومان لاوانی کوردستان زیاتر گیرۆدە دەکا. ئەگەر سەردەمێک بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە حاڵەتەوە بوو بە دیاردە، ئەوە ئێستا بۆ خەڵک دەبێتە پیشە و بەو کارەش شیرازەی کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشان و لەنێوچوون دەچێ.