ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (١٦)

باوەڕمەند بە مەلەسەی ژنان
بۆ یەکەم‌ جار لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتی گەلی کورد و لە کۆماری کوردستاندا، ژنی کورد بە شێوەی ڕەسمی و لە چوارچێوەی رێکخراوێکی تایبەتدا ئێعتراف بە ماف و ئازادییەکانی کرا. پێشەوای حیزبی دێموکرات و سەرۆکۆماری کوردستان، شەهید قازی محەممەد لە پێوەندی لەگەڵ گرینگیدان بە حزووری ژنان لە کاروباری کۆمار و هاندانیان بە مەبەستی چالاکبوون و دەرخستنی تواناکانیان ڕۆڵی بنەڕەتی و سەرەکی گێڕاوە. “بۆ ڕاکێشانی سەرنجی زیاتری ژنان پێشەوا قازی ژن و کچی خۆی هان دەدان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەشداری بکەن و ببن بە نموونە بۆ ژنانی دیکە”.
گرینگیدان بە ژنان لە روانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە پێشکەوتن و گەشەی ئازادییە کۆمەڵاتییەکانەوە هەیە. هەوڵدان بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵ و دەستەبەرکردنی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان کە بەشێک لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتە، بە بێ ئاوڕدانەوە لە مەسەلەی ژنان و پیادەکردنی مافەکان دەکرا تەنیا ئیدیعایەک بێت و هیچی دیکە، بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە کردەوەش دژی تەواوی ئەو داب و نەریتە کۆنەپەرەستانەی کە زیان بە ماف و ئازادییەکانی ژنان دەگەیەنن وەستاوەتەوە و هەوڵی لەنێوبردنی داون.
حیزبی دێموکرات وێڕای ڕێزگرتن لە بیروباوەڕ و کلتووری کۆمەڵگەی کوردستان، بەرانبەر بە دیاردە باوە دواکەوتووەکانی دژە ژنی وەک: “ژن بە ژنە”، “گەورە بە چووکە”، “بایەخوێن” و “بەزۆر بە شوودان” هەڵوێستی ڕوونی هەبووە و هەوڵی داوە ژنی کورد بە بیانووی جۆراوجۆری بێ‌بنەما مافی زەوت نەکرێ. لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکرات تەنانەت زۆر پێش لە دانانی یاسا پێشکەوتووەکانی وڵاتانی ئورووپایی، بە کردوە و بە دەرکردنی یاسا و بڕیار، مافی وەک یەکی لە گەڵ پیاوان بۆ ژنان پەسەند کردوە کە دەکرێ ئاماژە بە مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێران بکەین. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەردەمێکدا بە ڕەسمی لە ئامانجە گشتییەکانی خۆیدا باوەڕ بەوە دەهێنێ کە، “ژن و پیاو لە هەڵبژاردن و هەڵبژێردراندا مافیان وەک یەکە” کە، لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئورووپایی، ژنان مافی دەنگدانیان پێ ڕەوا نەزانراوە.
حیزبی دێموکرات دژ بە تێفکرینی ئەبزاری بۆ ژنان، لە سۆنگەی پرسی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستان و ئازادییە دێموکراتیکە کۆمەڵایەتییەکانەوە، تێفکرینێکی دادپەروەرانەی بۆ ماف و ئازادییەکانی ژنان هەیە. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ:
“لە تێکۆشانی حیزبی و سیاسیی ئێمەدا، دەبێ جێگایەکی تایبەتی بدرێ بە ژنان. وەک دەزانن حیزبی ئێمە مافی بەرابەریی تەاو لە گەڵ پیاوان بۆ ژنان دادەنێ. بەڵام دانانی ماف لە گەڵ پیادەکردنی ئەو مافە لە کۆمەڵدا مەودایەکی زۆریان لە بەیندا هەیە. دەبێ ئەو مەودایە بەرەبەرە لەبەین بچێ. بە بیروڕای حیزبی ئێمە هەرچی ژنان لە کارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشدار بن، کۆمەڵ پێشکەوترە و بزووتنەوەکە پێشکەوترە و شانسی سەرکەوتن نزیکترە”.هەروەها شەهید دوکتور قاسملوو لەم بارەوە دەڵێ؛ “هەرچی ژنان لە بزووتنەوەی کوردستاندا زیاتر و چالاکتر بەشداربن، ئەوەندە بزووتنەوەی کوردستان سەرکەوتووترە”.
“بەستنەوەی “بەشداریی ژنان” لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە گەڵ “سەرکەوتنی بزووتنەوە” لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەم حیزبە باوەڕێکی قوڵی بە پێشکەوتنی ژنان لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هەیە.
ئێستا کە بەخۆشییەوە ژنان چ لە نێو کۆمەڵ و چ لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا لە ئاستێکی دیکە لە حزوور و تێکۆشان و بەشداری لە بوارەجۆراوجۆرەکەدا هەن و تواناکانی خۆیان زیاتر لە ڕابردوو سەلماندوە و خەباتی ژنی کورد بە گشتی لە ئاستێکی بەرزی هوشیاری دایە، حیزبی دێموکرات بۆ زیاتر گرینگیپێدان بە ژنان و هێنانەپێشەوی زیاتریان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، هەنگاوی دیکەی هەڵێناونەو. لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەسەندکراوی کۆنگرەی شازدەهەمدا هاتووە کە:
“حکوومه‌تی کۆماری کوردستان به ‌له‌به‌ر‌چاوگرتنی به‌نده‌کانی په‌یمانی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره هه‌ڵاواردنێک به‌دژی ژنان، دابینکردنی یه‌کسانیی نێوان ژن‌و پیاو له‌‌نێو خێزان‌و له کۆمه‌ڵ‌دا و، له‌ مه‌یدانی کار‌و ده‌سه‌ڵات‌و به‌گشتی له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی‌و ئابووری‌دا، به‌ ئه‌رکێکی گرینگی خۆی داده‌نێ‌و به‌رنامه‌ی چڕ‌وپڕ له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا داده‌ڕێژێ‌و به‌ڕێوه‌ی ده‌با. که‌ڵک وه‌رگرتن له مێکانیزمه‌کانی ته‌بعیزی موسبه‌ت وه‌ک سیستمی کۆتا له هه‌ڵبژاردنی پارلمان‌دا‌و دیاریکردنی رێژه‌یه‌کی گونجاو له پۆسته‌ به‌ڕێوه‌به‌رییه‌کاندا بۆ ژنان یه‌کێک له رێگاکانی گه‌یشتن به‌و ئامانجه ده‌بێ”.

سمایل شەرەفی