ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (١٨)

واقعبینیی سیاسی
یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی کە حیزبی دێموکرات لە هەموو بزووتنەوە سیاسییەکانی پێش خۆی لە کوردستان جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەم حیزبە لە ڕوانگەیەکی “واقعبینانە”وە ڕوانیویەتە “سیاسەت”. بە مانایەکی زۆر سادە هەر وەک لە قسەی رێبەرانی ئەم حیزبەدا هاتووە، “شوعاری خۆڕایی” نەداوە و “بەرپرسیارانە” هەڵوێستی گرتووە. کە دەگوترێ شۆعاری خۆڕایی نەداوە، ڕاست بەو مانایە دێت کە هەموو شتێک بە حیساب و وردبینییەوە بیری لێ کراوەتەوە و، کە دەڵێن “بەرپرسیارانە” هەڵوێستی گرتووە ڕاست بە مانای گرینگیدان بە خەڵک دێت.
کاتێک کە “کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان” دەگۆڕدرێ بە “حیزبی دێموکراتی کوردستان”، رێبەریی حیزب بە تایبەت پێشەوا قازی محەممەد ڕوانگە و تێفکرینێکی واقعبینانەتر پێڕەو دەکەن و بە سەرنجدان بە دۆخی سیاسیی ئەو کاتی ئێران، ناوچەکە و زەرفییەتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستان هەنگاو دەنێن.
هەرچەند دوورە دیمەنی ڕوانین و تێفکرینە نەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە سەر ئەساسی باوەڕمەندبوون بە “مافی دیاریکردنی چارەنووس” و سەروەریی نەتەوەیی و نیشتمانیی “کورد و کوردستان” هەروا لە جێی خۆی دایە، بەڵام سیاسەت وەک “بگۆڕ”ێکی ڕۆژانە لە کردەوەیەکی بەرفراوانی عیلمیدا پێناسەی “هونەری مومیکین”ی بۆ کراوە.
لە قۆناغەکانی دواتری خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کە چەند جارێک “لارێ”بوونی تێدا ڕووی داوە، گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی درووستی خۆی لە جۆری سیاسەتکردن و تێفکرین لە چۆنیەتی هەنگاونان بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکان، هەمیشە وەک زەروورەتێکی سیاسی سەیر کراوە. بۆ ئەم مەبەسەتە هەوڵ دراوە بە ڕوانین و خوێندنەوەیەکی “بوێرانە” لە سەر مێژووی بزووتنەوەکانی کورد و جۆری سیاسەتکردن و لێکدانەوەی ئاکامەکان، بەردەوام وەبیر بهێنرێتەوە کە سیاسەت عیلم و زانستە.
لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو روو بە قوتابیانی لە زانکۆی حیزبی دێموکراتدا دەڵێ: “با ئێعتراف بکەین کە لە تاریخی میللەتەکەماندا کورد سیاسەتەکەی ئەوە بووە، یا هەموو شتێک یا هیچ شتێک، نەتیجەکەی بۆتە چی؟! بۆتە “هیچ”. لە سیاسەتدا زۆر جار هەیە دوو هەنگاو دەچیە پێش، شتێک وەردەگری، لە پاشان دیسان خەبات دەکەی بۆ شتێکی دیکە، ئەوە سیاسەتە. ناویان ناوە هونەری مومکین. سیاسەت هونەری مومکنە. لە سیاسەت دا رەش و سپی نیە!، هەموو شتێک و هیچ شتێک، هەرکەس ئاوا سیاسەت بکا سەرناکەوێ!”.
لە حیزبی دێموکراتدا، سیاسەت پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە مەفهوومی “بەرپرسیارێتی”یەوە هەیە، بەرپرسیاربوون بەرانبەر بە چارەنووسی نەتەوەیی و نیشتمانیی میللەتێک. کەوابوو تێگەیشتن لەم بەرپرسیاریتییەیە کە رێبەریی حیزبی دێموکراتی ناچار بەوە کردوە کە درووست سیاسەت بکات و خۆی دوور بگرێت لەوەی کە پێ دەگوترێ “خەیاڵ و ئارەزوو”. بۆیە کاتێک لە شەهید دوکتور قاسملوو دەپرسن، چۆنە حیزبی دێموکرات کە درووشمی ڕووخانی رێژیمی خومەینی دەدات، باس لە وتوێژ دەکات؟! لە وڵامدا دەڵێ: ئێمە وەک حیزبی دێموکرات خۆمان بەرانبەر بە گەلەکەمان بە مەسئول دەزانین. سیاسەتی ئێمە سیاسەتێکی درووست و واقعبینانەیە و ئێمە شۆعاری خۆڕاییمان نەداوە و شۆعارێکمان نەداوە کە بۆمان جێبەجێ نەکرێت. ئێمە مەسئولانە چووینەتە پێش. وەخستی ئاشتی ویستوومان وتوێژ بکەین و وەختی شەڕ شەڕمان کردوە”.
“واقعبینیی سیاسی” لە حیزبی دێموکراتی کورستاندا بەرهەمی دوو ئەسڵی “لێهاتوویی لە تەحلیل” و “ئازایەتی لە بڕیاردان”ە. رێبەریی ئەم حیزبە بە پێڕەویکردن لە “ئەقڵی بە کۆمەڵ” و خۆ بە بەرپرس زانین بەرانبەر بە چارەنووسی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان، لێهاتووانە هەوڵی تێگەیشتن لە رووداو و گۆڕانکارییە دوور و نزیکەکان و، کاریگەرییان لە سەر بزووتنەوەی کورد داوە. لە مەرحەلەیەکی دیکە لە خۆ بە بەرپرس زانین بەرانبەر بە خەڵک و بزووتنەوە و گرتنە پێشی سیاسەتێکی درووستی واقعبینانە، ئازایانە بڕیاریان داوە و ئەوەی بە درووست و قازانجی خەڵکیان زانیوە، ڕایانگەیاندوە. لەوانەیە زۆر جار بڕیار و هەڵوێستێکیش بە دڵی خەڵک نەبووبێ، بەڵام حیزبی دێموکرات کە خۆی بەرانبەر بە پرسێکی گشتی نەتەوەیی وەک بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بە “بەرپرسیار” زانیوە، بە پێی لێکدانەوەی کە پێی وابووە درووستە ئازایانە بۆچوونی خۆی دەربڕیوە و بەرپرسیارێتیی سیاسیشی گرتۆتە ئەستۆ.
سمایل شەرەفی