ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٢٠)

کەڵک وەرگرتن لە ڕەهەند و شێوازەکانی خەبات ١
بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد، یەکێک لە بێ‌دەرەتانترین جووڵانەوەکانی مێژووی هاوچەرخی جیهان بووە کە کۆمەڵە هۆکار و فەکتەرگەلێکی دەرەکی و نێوخۆیی لە ئافراندنی ئەم دۆخەدا ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبووە. لە ڕیزی هۆکارە نێوخۆییەکاندا، ئەقڵییەتی ڕیبەریی بزووتنەوەکان لە سەر جۆری سیاسەتکردن و هەڵبژاردنی رێکار و شێوازەکانی خەبات و شێوەی هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکان و ڕەفتار لە گەڵ “دوژمن”، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر ئەم “بێ‌دەرەتانیە” داناوە.
بە هاتنە مەیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خوێندنەوەی بۆ جۆری سیاسەت و تێکۆشان لە سەر بنەمای واقعبینیی سیاسی و تێگەێشتن لە هاوکێشە سیاسییەکان، بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد هەوڵ دەدات درگا مومکینەکانی سیاسەت لە خۆی بکاتەوە.
حیزبی دێموکرات نە تەنیا لە خۆیدا سیاسەتی سەرقاڵ و مژووڵ بە مەفهوومی “دوژمنکاری” نەکرد و تۆکڵێکی سەخت و سفتی داخراوی بەبەردا نەکرد، بەڵکوو زۆر واقعبینانە سیاسەتی لە پانتایی ماهییەتی جەوهەریی خۆیدا کە تێکۆشان و گەڕان بەدوای ماف و ئازادیەکانی گەلی کوردە، لە چوارچێوەیەکی بەرینتردا پێناسە کرد.
هەر دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوای حیزبی دێموکرات و سەرۆکۆماری کوردستان، قازی محەممەد، تێکۆشەرانی ئەم حیزبە هاوکات لە گەڵ هەوڵەکانیان بۆ بووژانەوەی حیزبی دێموکرات، بەشداری لە رێفراندۆمی ساڵی ١٣٣٢ بۆ هەڵوەشانەوەی پارلمانی ئێران و هەڵبژاردنەکانی خولی حەڤدەهەمی ئەم پارلمانە دەکەن کە بۆ ئەو سەردەمی ژیانی حیزبی دێموکرات دەرفەتێکی گونجا و باش بوو.
لە بڕگەیەکی دیکەی ژیانی حیزبی دێموکراتدا کە دوکتور قاسملوو ئەم حیزبە چ لە ڕووی سیاسی چ لە ڕووی تەشکیلاتییەوە دەبووژێنێتەوە، تێفکرینی کەڵکوەرتن لە شێواز و بەستێنە جۆراوجۆرەکانی خەبات، بە شێوەی ڕەسمی دێتە نێو ئەدەبیات و بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە. شەهید قاسملوو بە تێفکرین لە درێژخایەنبوونی هاتنە دیی ئامانجی گشتیی حیزب، پێی وایە پێڕەویکردن لە شێوازەکانی دیکەی خەبات بە مەرجێک کە ڕەوا بن، درووست و بەجێیە. لەم پێوەندییەدا و لە “بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستان(ئێران)”دا کە لە لایەن دوکتور قاسمووەوە نووسراوە لە رەزبەری ١٣٥٢ی هەتاوی لە کۆنگرەی سێهەمدا پەسەندکراوە، هاتووە:
“خەبات بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی خودموختار لە کوردستان کە داخوازێکی درێژخایەنە، دەگەڵ خەبات بۆ جێبەجێکردنی هێندێک داخواز لە چوارچێوەی ڕێژیمی ئێستای ئێراندا ناتەبایی نیە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو بڕوایە دایە کە بە خەباتی شێلگیر ئیمکانی هەیە ڕێژیم مەجبوور بکرێ پاشەکشە بکا. جا لەبەر ئەوە حیزبی ئێمە هەر ئێستاش بۆ هێنانەدی و بە ڕەسمی ناساندنی زمانی کورد و… خەبات دەکا و پێی وایە کە بە خەباتی ڕێک و پێک دەتوانێ ئەو داخوازانە بەسەر ڕێژیمدا بسەپێنێ”.
ئەم جۆرە لە تێفکرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کەڵک وەرگرتن لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەبات ، لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و تێکۆشانی دا، ڕابردوویەکی پڕ لە نموونەی هەیە.هەر لە ماوەی چواردەیە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا کە وڵامی داخوازییە نەتەوەیی و ئاشتیخوازانەکانی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات بە “فەرمانی جیهاد” درایەوە، حیزبی دێموکرات، شان بەشانی بەڕێوەبردنی خەباتێکی پڕ لە قارەمانێتی و ئازایانەی پێشمەرگانە، بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆری وەک وتوێژ لە گەڵ ڕێژیم، بەشداری لە هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکان لە شێوەی بایکۆت، بەشداری و هاندانی خەڵک، هەوڵی داوە لە هەموو بەستێنەکاندا بە قازانجی پرسە گەورە نەتەوەیەکە کەڵک وەربگرێت. تەنانەت لەم پێوەندییەدا هەوڵیداوە لە ناکۆکییەکانی نێو باڵەکانی ڕێژیمیش بە قازانجی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان کەڵک وەربگرێت. بۆ نموونە لە سەردەمی ناکۆکییەکانی نێوان یەکەم سەرکۆماری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بنی‌سەدر و خومەینی ڕێبەری ڕێژیم، شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ؛ حیزبی ئێمە لە گەڵ ئەوەدا تا ئێستا قسەی خۆشمان لە هیچ لایەیان نەبیستووە، بەڵام بە لێکدانەوەی خۆمان و بە لێکۆڵینەوەی حیزبەکامان هاتووینە سەر ئەو باوەڕە کە لەو ئیختلافەدا کە لە بەینی ئاغای بنی سەدر و هێندێ لەوانەی مورتەجعن درووست بووە، ئێمە ئامادەین ئەگەر داخوازەکانمان قبووڵ بکەن، پشتیوانی لە بنی‌سەدر بکەین.”

سمایل شەرەفی