ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٢٢)

یەکڕیزی و یەکگرتوویی
بۆ حیزبی دێموکرات کە ئامانج لە خەبات و تێکۆشانی، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان لە ئێرانێکی دێموکرات دایە، لە بەرنامەی خۆیدا پرسی یەکێتی و یەکگرتوویی لە دوو بەستێنی “کوردستانی” و “ئێرانی” دا دێنێتە بەر باس. لە کۆماری کورستاندا هەموو هەوڵی پێشەوا قازی محەممەد ئەوە بوو کە لە ئاستی کوردستانی‌دا و لەنێو دەزگای بەڕێوەبەریی کۆمار و کۆمەڵی ئەو کاتی کوردەواریدا کە پێکهاتەیەکی خێڵەکی و عەشیرەیی هەبوو، یەکگرتوویەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی درووست بکات. لە سەر ئاستی ئێرانیش توانرا لێکنزیکبوونەوەیەک لە نێوان شەش لایەنی سیاسیدا پێک بێت.
لە قۆناغەکانی دیکە خەباتی حیزبی دێموکرات دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم حیزبە “یەکێتی و خەباتی شێلگیرانەی پێکەوە”ی خەڵکی کوردستان و دواتر بزووتنەوەی کورد لە گەڵ گەلانی دیکەی ئێران لە بەرنامەی خۆیدا دەگونجێنێ و پێێ وایە تەنیا لە رێگای ئەم یەکگرتوویی و یەکێتیەوەیە کە دەتوانن بەسەر نیزامی دەسەڵاتداردا زاڵ بن.
لەم پێوەندییەدا لە بەرنامەی حیزبی دێموکرات پەسەندکراوی کۆنگرەی سێهەمدا هاتووە کە؛ حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرنامەی خۆی دەخاتە بەرچاوی گەلی کورد و گشت دانیشتوانی کوردستان، کرێکاران، جوتیاران، ڕووناکبیران، بازاڕییان و عەشیرەتە نیشتمانپەروەرەکان و لە هەموو ڕۆڵە بەشەرەفەکانی کوردستان دەگێڕێتەوە کە بۆ وەدیهێنانی ئەم بەرنامەیە تێبکۆشن. حیزبی دێموکرات دڵنیایە کە یەکێتی و خەباتی شێلگیرانەی گەلی کورد “پێکەوە” دەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران دەتوانێ و دەبێ ڕێژیمی سەر بە ئیمپریالیزمی شا بڕوخێنێ”.
چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ دواتر لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا حیزبی دێموکرات هەمیشە باوەڕی وا بووە کە “خاڵی بەهێزی ئەم ڕێژیمانە، نەبوونی یەکێتی و یەکگرتوویی نێوان هێز و لایەنەکانی دژبەری ئەم ڕێژیمانەیە”. بۆیە وێڕای قامکدانان لە سەر کەمایەسییەکان، ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە بۆ هاوکاری و کاری هاوبەش لە گەڵ هێزە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکان، ئامادەیە.
حیزبی دێموکرات کە یەکەم حیزب بوو لە ئاستی ئێراندا دەرکی بە نادێموکراتبوون و دژی‌گەلییبوونی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، هەر لە سەرەتای ساڵەکانی هاتنە سەرکاری ئەم ڕێژیمەوە بانگەوازی یەکگرتوویی و یەکێتیی لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ئێران دژ بەم ڕێژیمە دەرکرد. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی حیزب دا، شەهید دوکتور قاسملوو وێڕای ئاماژەدا بە دۆخی شپرزەی ئابووری و سیاسیی ئێران و بەرتەسکردنەوەی ئازادییە دێموکراتیکەکان لە لایەن ڕێژیمەوە، ڕوو لە تەواوی “هێزە شۆڕشگێڕەکان” دەکات و داوایان لێ دەکات؛ “ئەگەر دەمانهەوێ چارەسەر بۆ هەموو ئەم گیروگرفتانە بدۆزینەوە و ئەگەر دەمانهەوێ بە جیدیی لەدژ بەم ڕێژیمە موبارزە بکەین، یەک رێگا هەیە، ئەویش یەک گرتنی هەموو هێزەکانی دێموکرات و ئەسیل و شۆڕشگێڕە”.
لە پێوەندی لە گەڵ یەکێتی و یەکگرتوویی لە بەستێنی کوردستانی‌دا حیزبی دێموکرات لە سەر ئەساسی ڕێزگرتن لە بۆچوونە سیاسییە جیاوازەکان، هەر دوای دوای شۆڕشی ١٣٥٧ ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێکهاتنی دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد بۆ موزاکرە لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی گێڕا. لە قۆناغەکانی دواتری ژیانی خۆیدا حیزبی دێموکرات بۆ پێکهێنانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان هێزە کوردستانییەکانی کوردستان و کۆتایی هاتن بە گرژی و ناکۆکییەکان زیاتر لە هەموو لایەک مایەی لە خۆ داناوە. حیزب لەم پێوەندییەدا ڕەخنەی جیدی لە ڕابردووی ناکۆکییەکانی نێوان هێزە کوردستانییەکان گرتووە و وەک حیزبێکی بەرپرسیار، بەشی خۆی لەم کەمایەسیانە قبووڵ کردوە و بە تێگەیشتن لە زەرورەتی ئەم مەسەلە هەرە گرینگ و هەستیارە، لەم ساڵەنی دواییدا زیاتر لە هەمیشە خۆی بەم پرسەوە ماندوو کردوە کە بە خۆشییەوە بەرەوپێشچوونی بەرچاویش دەبیندرێ.
لەسەر ئاستی هێزە ئێرانییەکانیش، حیزبی دێموکرات نەتەنیا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە بەڵکوو زۆر جار ڕۆڵی تەوەر و کۆکەرەوەی لە نێو هێزە ئێرانیەکاندا گێڕاوە کە ئەمە پێوەندیی بە ڕۆڵ و پێگەی ئەم حیزبە لە کوردستان و لە هەمووی گرینگتر، لە مەیداندابوونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان دایە.
ئەساس و بنەرەتی ئەم ڕیبازەی حیزبی دێموکرات پێش هەموو شتێک لە سەر پاراستنی قازانج و بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بووە. بە واتایەکی ڕوونتر زۆری بۆ گرینگ بووە کە ئەو هێز و لایەنانەی کە دەیهەوێ یەکێتی و یەکگرتوویی لە گەڵیان پێک بێنێ، چۆن دەڕواننە پرسی کورد و لەم پێناوەدا بە چ شێوەیەک پێناسەی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان دەکەن. بۆیە ئەساسی‌ترین پێشمەرجی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەو لایەنانەی کە دەیهەوێ لەگەڵیان لە یەکگرتوویی و یەکڕیزی دا بێت، بەڕەسمی ناسینی ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانە. هەر بۆیە حیزبی دێموکرات هەمیشە وتوویەتی؛ “ئامادەیە لە گەڵ ئەو هێز و لایەنە دێموکرات و پێشکەوتنخوازانەی کە باوەڕیان بە مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد هەیە و سەربەخۆیی سیاسیی بۆ حیزبی دێموکرات بە ڕەسمی دەزانن، کاری هاوبەش بکات”.

سمایل شەرەفی