ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٢١)

کەڵک وەرگرتن لە ڕەهەند و شێوازەکانی خەبات ٢
ئەگەر بمانهەوێ بنەمایەک بۆ ئەم ڕوانگە و تێفکرینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبەرچاو

بگرین، جیا لە “هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان”، ناتوانێ هیچ شتێکی دیکە بێت. تەوەری هەموو ئەم ڕێبازە لە تێفکرینی حیزبی دێموکرات، “داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان”ە. بۆیە شەهید دوکتور قاسملوو لە پێوەندی لە گەڵ وتوێژ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران – وەک شێوازێک لە خەبات – زۆر ڕاشکاوانە دەڵێ: “ئەگەر ڕێژیم داوای موزاکرەمان لێ بکات، ئێمە ناتوانین ڕەتی بکەینەوە، وەک تا ئێستا چەند جارێکمان پێ وتوون، ئەوان دەزانن ئێمە داواکارییەکانی گەلی کوردیان لە گەڵ باس دەکەین، جا ئەگەر وتیان لەسەر ئەوە قسە ناکەن، ئەو کات ئێمە ئەوە بە موزاکرە نازانین”.
لە قۆناغەکانی دواتری خەباتی حیزبی دێموکراتدا کە شێوازەکانی حزووری ڕاستەوخۆی پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگانە کەم ڕەنگ دەبێتەوە و لە نێوخۆی وڵات کۆمەڵێک جموجۆڵی مەدەنی لە لایەن چالاکانی نێوخۆی وڵاتەوە سەرهەڵدەدەن، ئەم حیزبە بە گرتنە پێشی گوتار و ڕوانێنێکی نوێ لە خەبات و زەرفییەتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، پشتیوانیی خۆی لەم جموجۆڵانە ڕادەگەیەنێ و بە بەشێک لە خەباتی نەتەوایەتییان پێناسە دەکات. کاکڵ و تەوەری سەرەکیی ئەم تێڕوانین و گوتارە نوێیەی حیزبی دێموکرات، هەمدیسان “هێنانە بەر باسی ویست وداخوازییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان”ە، بەو جیاوازییەوە کە لەم قۆناغەدا حیزب بە پێی شەرایەتی خەبات دەیهەوێ قورسایی رووبەروونەوە لە گەڵ ڕێژیمی تاران، نێوخۆی وڵات بێت.
تێفکرینی حیزبی دێموکرات بۆ شێوازەکانی خەبات لە چوارچێوەی فرەڕەهەندبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستاندا، لە ڕوویەکی دیکەوە شیاوی سەرنج پێدان و قسە لە سەر کردنە. دەسەڵاتەکانی ناوەندگەرای ئێرانی لە تاران هەمیشە هەوڵیانداوە لە ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە بەرخورد بە پرسی کورد بکەن. بۆیە هەمیشە هەوڵیانداوە پرسەکە تەنیا لە چوارچێوەی حیزبەکان و هێزی پێشمەرگە و بەدەر لە خەڵک پێناسە بکەن. بۆیە ئەم تێفکرین و ڕوانگەیەی حیزب کە خەڵکێکی زیاتر لە کۆمەڵگەی کوردستان ڕۆژانە ڕوویان لە دەسەڵات بێت، وڵامێکی مەنتقی و زەروورییە بەم ڕوانگەیەی ڕێژیم.
لە قۆناغی ئێستادا کە بە خۆشیەوە پانتایی خەبات زۆر بەربەرنتر لە ڕابردوویە و قورساییەکەی لە نێوخۆی وڵاتە، حیزبی دێموکرات لە سەر ئەساسی باوەڕمەندبوون بە خەباتی فرەڕەهەند، هەموو ئەو جموجۆڵانەی نێوخۆی وڵات بە بەشێکی دانەبڕاو لە پرسە گەورە نەتەوەییەکە دەزانێ و وەک رێبەری بزووتنەوەی شوناسخوازانەی کورد لە ڕٶژهەڵاتی کوردستان، خۆی بە پشتیوانی خەباتی مەدەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی ئەم بوارە دەزانێ.
پشتیوانیی حیزبی دێموکرات لە تێکۆشانی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات لە قۆناغی ئێستادا لە رووی ڕوانگە و تێفکرینەوە پاشخانێکی دەوڵەمەندی بە ئەندێشەکانی شەهید دوکتور قاسملووەوە هەیە. زیاتر لە ٣٠ ساڵ پێش ئێستا کە شێوازی “خەباتی مەدەنی” نە بەو ناوە و نە بەو پانتایەی ئێستا لە کوردستان لە ئارادا بوو، شەهید قاسملوو بە “هێنمانە” و “مەنفی” نێوهێنای ئەم شێوازە لە خەبات دەڵێ:
“حیزبی ئێمە دەبێ لە نێوان خەباتی پێشمەرگانە و “خەباتی هێمنانە”ی نێو شارەکاندا هەماهەنگی پێک بێنێ. ئەوانەی مخالفی ڕێژیمن و بەهەر شێوازێک لە پێناو داخوازییەکانی خەڵکدا خەبات دەکەن، تەنانەت بە شێوازی “خەباتی مەنفی”، وەک ئەوە گاندی خەباتی پێ دەکرد، لای ئێمە قابیلی قبووڵ و جێی ئێحترامن. ئێمە وا بیر ناکەینەوە کە هەرکەس مخالفی ڕێژیم بوو دەبێ حەتمەن چەک هەڵبگرێت. ئێمە لە هەر شێوە خەباتێک؛ لە خەباتی چەکدارییەوە بگرە تا خەباتی فەرهەنگی پێشوازی دەکەین”.
ئەم بۆچوونەی حیزبی دێموکرات بە نیسبەت شێوازەکانی خەبات، رەگی لە جۆری تێفکرینی حیزب بۆ هونەری سیاسەت و عیلمی سیاسەتەوە هەیە. لە روانگەی شەهید قاسملوو و حیزبی دێموکراتەوە؛ سیاسەت بە ئەقڵیەتی پێڕەوی کردن لە لۆژیکی “سفر و سەت” و “ڕەش و سپی”، ناتوانێ موفهوومێکی کراوە و زیندوو بێ، بەڵکوو تێگەیشتن لە تەواوی رەقەمەکانی دیکە و ڕەنگە جیاوازەکانە بە مەرجێک بتوانرێ لە سەر ئەساسی بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی خەڵک دا کاریان لە سەر بکرێ. بە گشتی لە حیزبی دێموکراتدا مەزهەبیانە تەعبیر لە سیاسەت ناکرێ و بە بەرینایی هونەر، بیر لە رێگا مومکینەکان دەکرێتەوە و مادام ئەساسی هەموو ئەم تێفکرینانە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانە، گومان لە ڕەوایی ئەم ڕیبازە ناکرێ.