گەواهینامەی مێژوومان. مەهاباد قەرەداغی

( بۆ قاسملوو، سەرکردە و پێشمەرگەی کوردستان)
لە مێژووم پرسی
لەم سی ساڵەدا کێی وا دەناسی

پێشمەرگە بووبێ، سەرکردە بووبێ و عاشقی ڕاستی؟

کێی وا دەناسی؟

هەسارەی زەوی جێی نەهێڵابێ یادی پڕ شکۆی

خوێنی بووبێتە گەشترین تابڵۆی

چوار وەرزەی خەبات

بۆ هەرکوێ چووبێ

لە نێو هزریدا هەڵیگرتبێ چوارپارچەی وڵات

لەم سی ساڵەدا

کێی وا دەناسی؟

دڵی هەمیشە لێی دابێ بۆ ژیان، ئازادی و عەشق

گیانی هەمیشە مەشخەڵێ بووبێ لە مەیدانی مەشق

کێی وا دەناسی

دیرۆکی پیری کوردستانی من

ئەی پەڕاوەکەی پڕ داستانی من

کێی وا دەناسی؟

لەم سی ساڵەدا

خەندەی ئاوێتەی خۆرهەڵات بووبێ

بەردەوام گزنگ ماچی کردبێ بیروبۆچوونی

هەردەم وەک ئاسمان فراوان بووبێ ناخی دەروونی

کێی وا دەناسی؟

مەلی ئاواتی دڵی میللەتی

فێری فڕینی بێ وەستان کردبێ

کێی وا دەناسی مەرگ نەناسێت و

هەر کەسیش بیری لە مەرگی گیانی پیرۆزی کردبێ

دەستبەجێ مردبێ!

کێی وا دەناسی ئەی مێژووی دێرینم

لەم سی ساڵەدا شەیداترین بێ بۆ خۆشەویستی

هەوێنی هزری

بەبێ هەدادان هەنگاوی نابێ بەرەو سەربەستی؟!

***

مێژوو پێی گوتم: ڕاستیت پێ بێژم؟

لەم سی ساڵەدا رۆژ بە ڕۆژ زیاتر

شانازی و شکۆ

دەبێتە بەشی سەرکردەیەکی خاکیتر لە خاک

پاکژتر لە پاک

بەناوی قاسملۆ!

مێژوو پێی گووتم: ڕاستیت پێ بێژم؟

سەرسامم بەو ڕۆژەی کە ڕەنگێکی سوور

لە ڕۆحی ڕژا و

بوو بە مەرەکەب بۆ خامەی هەتاو

هەر لەو ڕۆژەوە پڕشنگ دەبارێ

هەر کاتێ ناوی ئەو بێتە سەر زار

جۆش و خرۆشی شۆڕش وەک ڕووبار

دەرژێتە شادەمار!

دیرۆک پێی گوتم:

ئەمە ڕاز نییە، ئاشکرایە خۆ

لاپەڕەیەکی گەشتر لەپەڕەی دیرۆکی ئەوم، نەدیوە بە خۆ!

سی ساڵە باڵای بەرزتر دەبێ بڕوا و ڕێبازی

تیژتر دەڕوانێ چاوی وەک بازی

زووتر دەگاتە جێ پەیامەکەی

پێشمەرگە لە نێو سەنگەری بەرگری

دەیخوێنێتەوە وشە بە وشەی بڕوانامەکەی!

مێژوو پێی گوتم: موژدەت دەدەمێ

دڵۆپەکانی خوێنی خۆرئاسای

قازی و قاسملۆ و

هەزاران پێشمەرگەی ئازای نێر و مێ

بوونەتە دەیان زێ

زێکانیش یەک دەگرن دەبنە زەریا

هێندەی نەماوە ببنە ئۆقیانووس

سوێند بێ بە مەزدای مەزنی تێکۆشان

سوێند بە چارەنووس

سوێند بە کوردستان

هێندەی نەماوە تیایدا بخنکێ ڕێژێمی مەرگ و تاریکپەرستی

هێندەی نەماوە کۆتایی پێ بێ شەوگاری پەستی

ئەوسا دەیبینن چەند بە شکۆوە

مەشخەڵی ڕزگاری دەبەنە سەر کێوان

پۆل پۆل پێشمەرگەی بەئاکاری کورد

نەورۆزێکی نوێ

دەکەنە شادێڕی مێژووی سەرکەوتن

بۆ بەهاری کورد!

ئەوسا دەیبینن چۆن جارێکی تر

قەت لەبار ناچێ و لە کوردستاندا

لە دایک دەبێ کۆمارێکی تر!