بە سەر هاتی گوڵێ. نووسینی شلێر حەسەن‌پوور

بەرەبەیانی زوو بە دەنگی کاڵێ وەخەبەر هاتم، ھاتبۆ لای دایکم و وەک ھەمیشە زووخاوی دڵی خۆی بۆ ھەڵدەڕشت.
ئەو لێک لێک قسەی دەکردوو دەیگوت: ئەی ئەمن چەند بەدبەختم دوای مردنی دایک و بابم قەت نەحەسامەوە.
ئەو زۆری دەگوت و کەمی گوێ دەگرت، بۆیە زۆرم نێوان لەگەڵی نەبوو، ھەر بۆیە لێفەکەم بەسەری خۆم دادا و گوێم لە سەر سەرینێ کپ کردن بەڵام دەنگی بۆڵەبۆڵەکەی ھەر دەھات.
ھەرچی کردم لەبەر دەنگە دەنگێ خەوم لێنەکەوتەوە ، بۆیە بەتووڕەیی ھەستامە سەرپێ تا پەنجەرەی ژوورەکەم داخەم، کە ڕووانیمە حەسارێ، دیتم کاڵێ قوونی وەسەر لەتکە تەلیسە کۆنێکی دابوو و لەبەر سێبەری دارێ مێوی حەوشەی ئەوەی دەیگوت نەیدەگوتەوە، جار جارەش تووک و دوعای لە مام و ئامۆژنی دەکردن و دەیگوت ڕەبی نەحەسێنەوە لەو خانووبەرە دا، ھەرچی خۆڵ و تەپ و تۆزە دێتە ماڵی من و سەر سەری من.
دەی پرتاند و دەگریا و بە لەچکەی سەری چڵم و فرمێسکەکانی دەسڕینەوە و دەیگوت کچێ پوورێ گیان خێرت دەگاتێ بەھاوارمەوە وەرە، ئەمن سەد کونی دیکەم لە جەرگی دایە خەفەتی گوڵێ‌شی ھاتۆتەسەر.
دایکم کە ھەمیشە پڕکار بوو ، پانتۆڵە خەتخەتە قاوەیە کۆنەکەی جۆشکاری کاکمی ھەڵکێشابوو و لەچکە ڕەشەکەی ملی تووند لە نێوچاوانی گرێ دابوو، لەسەر حەوزی ماڵێ قاپ و کەوچکی دەشتن و سیمی لێدەدان و ئاوکێشی دەکردن، بەجۆرێک کە کڕەی لە پیاڵەو پەرداخ و ئستیکانەكان دێنا و تاو تاوە سەری ھەڵدەبڕی، چاوێکی لە کاڵێ دەکردو لەسەرخۆ دەیپرسی و دەیگوت ئەدەی گوڵێ دەڵێ چی؟!!
كاڵێ کە یەک بین قسەی دەکردن و نۆبەی دایکمی نەدەدا، گوتی: سەری لە قوڕێ نێ، ئەوە لە ماڵی ئێمەیە باپیرم وەدەرێی ناوە، گوتوویە: با نەسرین نەزانێ دیسان شەڕیانە.
دەنا ئەویش منداڵان بەجێدێڵێ، ئەو لەگەڵ ئەحمەدی چ بەزمیان نین و دەگەڵ ماڵ و منداڵی خۆی سەری پێکەوەناوە و با بەزم و ھەرایان بۆ نەنێتەوە.
سەربەقوڕەش ھاتووە لە ماڵێ من دانیشتووە. پوورێ گیان ھەمووی مانگێک نییە ئاشتیان کردوونەوە و چۆتەوە ، کەچی دیسان ئەوە رۆیشتووە دەڵێ پێوەی دانانیشم.
كچێ پوورێ دوێنێ مێردەکەی لە ماڵێ ئێمە وەبەر گۆچانانی دا، بەحاڵی سەگیم لەبەر دەستانی ھێنایەدەر یەک دوو گوچانیشیم وەسەرو گێلاکان کەوت.
كاڵێ کە تا ئێستا بەدەنگی بەرز قسەی دەکردن، دەنگی کز کردوو بەسرتە کوتی کچێ پوورێ قسەی خۆمان بێ تۆخوا با کەس نەزانێ، مێردەکەی دەڵێ گوڵێ دەستی لەگەڵ کوڕە گەورەکەی تێکەڵ کردوە ھەر بۆیەش دوێنێ ئاوا وەبەر گۆچانانی دابوو.
دایکم گوتی: ئەستەغفیڕەڵا!
چۆن شتی وادەبێ کچێ؟
كاڵێ: بەقەبری بابم، مێردەکەی دەیگوت بۆخۆم بەسەریان دا چووم.
دایکم: ئەی قەتکەسم!!
كاڵێ: پوورێ بەو قورعانەی پێم وایە مێردەکەی درۆ ناکا.
کچەتیوە دەیگوت: ئەگەر ھەر ژن بەژنەیان پێدەکردم دەبوو بمدەنە یەک لە کۆڕەکان، ئەو سەپیرە کوا بۆ مێرد دەبێ.
دایکم: جا ڕۆڵە مادام ئاوایە ئەمن بێم چی پێ بڵێم؟
كاڵێ: بەخودای بزانم ئەو قسە راستە وەدەری دەنێم، ئابڕوومان دەچێ.
دایکم: بەزیادم نەکرد ژیانی ژن بەژنەی ھەر وایە. لەسەر ئایشێ ڕا نەدەبوو ژن بەژنەی بە گوڵێ بکەنەوە.
ئەو کچۆڵە جوانەی ئایشێ، ئەوە بازەڵەو مەچەکی بوون، سپی سپی دەتگوت بەفری سپین. بەدەستی خۆیان کوشتیان.
چ خودا ھەڵدەگرێ!
ئاخر منداڵی بەستەزمان بڵێ چی!
لاڵ بم دایکم و پوورە گەوەر،یش (گەوھەر) ئاوایان لە ئامینێ خۆشکم کرد، خۆ ئامینێ خوشکم ژنبەژنەی پێنەکرا بوو دایکم لە داخی دشێ، لەداخی پوورە گەوەرێ ھەر کە منداڵەکەی بوو نەیھێشت مەمکی لە سەر زاری دانێ.
کە منداڵەکەی بوو لە پەڕۆیێکی‌یەوە پێچا و بۆی ناردنەوە ماڵێ، دوای چەند رۆژان کچە مرد.
كاڵێ : پوورێ بۆخۆت نازانی ئەحمەدی دەبەر باپیرمی ھەڵپێچابوو بۆ ژنێ.
فەقێرە باپیرم چ ماڵ و مڵکی نەبوو بۆی بدا بەژن گوڵێ،ش تەڵاق درابوو ھاتبۆوە سەرماڵێ، باپیرم گووتی بۆخۆم لە پەلان کەوتووم و تازە چم پێنەماوە ئەگەر بۆ ئەحمەدی بەژن بدەم.
بەڵام پوورێ قسەی خۆمان بێ گوڵێ،ش ناحەقی نییە، مێردەکەی عەمری لە عەمری باپیرم دایە.
لەنەکاو دەنگی دەرگای حەسارێ ھات، بۆیە کاڵێ بێدەنگ بوو.
دەنگی حاجی ژنێ جیرانمان ھات، ئەو بەپەلە سڵاوێکی کرد و گوتی: خات فاتم ئەرێ بۆ حاجەتێک ھاتووم نازانم لات دەست دەکەوێ یا نا؟
دایکم: حاجەت؟ وەک چی خوشکێ؟
حاجیژن: وەڵا قابڵەمەیەک و چەند دەنکم لیمۆ عەمانی‌م دەوێن.
دایکم : بەسەرچاوان.
دایکم ھاتە ژوورێ و قابڵەمەکەی لەبن ھەنگڵی گرت و دەرگای کومێدی گازی کردوە و دەستی دە سەتڵان دەگێرا، ھەر لەبەر خۆشیەوە دەیگوت دەبێ لە کوێم ھاویشتبن؟!
تاوێک بێدەنگ بوو، وا دیار بوو ئەوەی دەیویست لە سەتڵەکاندا دیتبویەوە.
دایکم لیمۆی ویشک و قابڵەمەی بۆ حاجیژنێ دەبردن کە بابم وەژوورکەوتەوە گوێم لێبوو گوتی فاتم دەزانم ماستمان ھەیە بەڵام ئەوە ماستی پوور ئامینێیە بۆسۆی لێدێ.
ئەتۆ لێی بخۆ!
ماستی مەڕانە!
لەولاوە براژنم سەری لە پەنجەرێ وەدەرنا و گوتی: خاڵە دا با تونگە ماستکە ببینم ئەگەر سەرشیرەی سەر تونگەکەی خاوێن بێ ئەمن تونگێکم دەوێ.
بابم: زەمانەتی سەرشیری ناکەم بەڵام ماستەکەی تا بڵێی خۆشە ماوەیەکە لە ئامینێ ماستی دەکرم چ عەیبی نییە. ئەگەر ئەتۆش لێی لە بەھانە بی قسەم نییە.
دایکم تونگە ماستەکانی بەتاڵ کردن و ئاوی تێوەردان و بابمی بەڕێ کرد.
ئەوجار ڕووی لە کاڵێ کرد و گوتی دەرنایمە ماڵێ، ئەتۆ بچۆ گوڵێ لەگەڵ خۆت بێنە ئێرە.
ھەر کە دایکم ئەوەی گوت، کاڵێ ھەلینگی دا و ڕۆیی.
زۆری پێنەچوو کاڵێ و گوڵێ بەجووت وەژوور کەوتنەوە.
دایکم کە لە قاپ شتنێ ببۆوە وەپێشیان کەوت و بە پلیکاناندا وەسەر کەوتنە سەرێ.
ئەمن کە سەرەتای قسەکانم گوێ لێ ببوو زۆر تامەزرۆ بووم ھەموو بەسەرھاتەکە ببیسم. بۆیە بەپەلە بەدوای ئەواندا چوومە سەرێ.
دوای من خۆش و تۆ خۆشێکی زۆر دایکم و گوڵێ دەستیان کرد بەقسە کردن.
دایکم: گوڵێ رۆڵە ئەوە بۆ دیسان لەگەڵ مام ….. تێک چوون؟
گوڵێ بەشەرمەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: پوور فاتم ئەمنیان بەدبەخت کردوە لەگەڵ ئەو پیرەسەیە.
بەھوێ قورئانێ مام عەلی لەسەر ڕانی ڕاستی داناوە ، ھەموو ئیشی ماڵێم لەسەر شانە، مانگا و گۆل و تەویلە و بەرو ھەیوان ھەر بۆخۆم خاوێنی دەکەمەوە، چێشت و نانێش ھەر بۆ خۆ دەکەم، کەچی ئەھوێ سەپیرێ ھەر وەبەرشەق و گۆچانانم دەدا.
دایکم: دەک دەستی شکێ جا بۆ لێتدەدا؟
گوڵێ: جا چزوانم پوور فاتم.
گوێم لە لوشمە لوشمی بوو، دیار بوو دەگریا و دایکم دڵخۆشی دەدایەوە.
دایکم: باشە گوڵێ مام…. گوتوویە نێوانت لە گەڵ کوڕەکەی ھەیە؟ ڕاست دەکا؟
گوتوویە لە تەویلەی دا بەیەکەوەی گرتوون؟
ڕاستە؟
گوڵێ: ئەرێوەڵا
دایکم: خوایە تۆبە چۆن شتی وات کردوە؟
ڕۆڵە تۆ منداڵت لەو پیاوە ھەیە.
گوڵێ: وەڵا منداڵ، منداڵی ئەھوێ پیرەسەیەی نییە.
دایکم: ئەی منداڵی کێیە؟
گوڵێ: پوور فاتم ئەو پیرە سەیە چی پێ ناکرێ وەڵا منداڵی مارفی کوڕیەتی؟
ئەوەندێ لەگەڵ مارف بووم ئەوندە لەگەڵ مام…… نەبووم.
دایکم: ئەستەغفیرەڵا، خوایە تۆبە.
چۆن کاری وات کردوە؟
گوڵێ: مارف ھێندەم بۆ چاکە، ھێندەم بۆ چاکە ھەر جارێ دەێتە شاری کراسم بۆ دەکڕێ و دیاریم بۆ دێنێ.
دەبوو لەجیاتی بمدەنە ئەو سەپیرە بیاندامایە مارفی.
دایکم: کچەتیوە گوڵێ ئەوت لەلای من درکاندوە لای کەسی دیکە باسی نەکەی و بڵێی منداڵەکەم ئی مارفی‌یە.
ڕۆڵە مام رەسووی بابت گوناحە تووشی خەفەتانی مەکە.
گوڵێ: گووی بەڕیشێ و گەرنێ ئازا نەبێ.
بەخودای گەردنی ھیچان ئازاد ناکەم نە ئی ئەحمەدی برام و نە ئی بابم ئەمنیان لە مل ئەو پیرەپیاوەی پەستاوت.
ئەحمەد چ دەروەست بە منە لەگەڵ سەربەقوڕێ کچی سەپیرێ مێردم گەلێگ ژیانی خۆشە.
ئەوە ئەمنم ماڵویران و قوڕم وەسەری بووە.
دووبارە دەستی کردەوە بە گریان، دایکم بەنەرمی قسەی لەگەڵ دەکرد و دڵنەوای گوڵێی دەدایەوە.
ئەو ڕۆژە گوڵێ و کاڵی میوانی دایکم بوون و تا ئێوارە کاتی رۆیشتنیان ھەر قسەیان کردن. دایکم کاڵێی ڕازی کرد کە گوڵێ لە ماڵێ ئەوان بمێنێتەوە بەڵکوو پیرەمێرد بێ بەدوایدا و بیباتەوە سەرماڵێ.

ئەوەی خوێندتانەوە چیرۆک نەبوو ئەوە راستی ژیانی کچێک بوو کە سێ جار بۆ برا گەورەکەی بەژندرابوو.
بۆ پاراستنی ناوی کەسەکان کەڵکم لە ناوی خۆازراو وەرگرتوە.
وێنە: دایکم و بابە عەلی
شلێر حەسەنپوور
٢٣-٠٧-٢٠١٩