بۆچی قەڵا؟ بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان؟ وریا ڕەحمانی

یەکێک لە دەرھاویشتە نەخوازراوەکانی شێوازی خەباتی چەکداری ئەوەیە کە سیاسەت راکێشی خۆی دەکات. لەو جۆرە فەزایانەدا چەک لە خانەی سیاسەتدا نالوێ بەڵکوو ئەوە سیاسەتە کە بەگوێرەی ھێزی چەک پەل داوێژێ و ئیمکانی مانۆڕ وەردەگرێ. ئەوە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بووە کە بەدرێژایی مێژوو لەژێر باندۆڕی بیری چەپی شۆرشگێریدا سێبەری خەستی خۆی بەسەر فەزای سیاسیی وڵاتدا کێشاوە. ھەندێ جار لە ھەندێ قۆناغی مێژووییدا تەنانەت لە کوردایەتی و خەبات و سیاسەت رێک بەواتای خەباتی چەکداری تەعبیر کراوەتەوە و ھەر ھەوڵێکی دیکە لە دەرەوەی ئەو تێگەیشتنەدا بە چەشنێک لە لادان و دوور کەوتنەوە لە بایەخە پیرۆزەکان خەمڵێنراوە.
یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم روویکردە تاک رەھەندانەیە بۆ خەبات لەوەدا خۆی دەنوێنێ کە ھێزی جەماوەریی کۆمەڵانی خەڵک بە ھێند وەرناگرێ و خەبات تەنیا لە بازنەی ھێزی مەحدوودی تاقمێک بەناوی پێشمەرگە کە لە چواچێوەی ھێزی چەکداری ئەحزابدا رێکخراون پێناسە دەکات. بەشی زۆری ئەو حیزبانە خۆیان بە ئەحزابی رووخێنەر (برانداز)ی رێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان دەزانن. ئەوە لەحاڵێک دایە کە وەزنی کورد لە ھیچکام لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا فاکتۆڕی یەکلاکەرەوە نییە بەڵکوو لە باشترین حاڵەتی خۆیدا ئەگەر ھەموو فاکتۆڕەکانی دیکەش بەیەکەوە ئامادە بن دەتوانێ دەوری فاکتۆڕێکی یارمەتیدەر لەم پێوەندەدا بگێڕێ.
ئیمکانی رووخان یا بە نەتیجەگەیشتنی رێژەیی خەباتی کورد لە یەکێک لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا کاتێک مسۆگەر دەبێ کە سێ فاکتۆری ھاوتەریب ھاوکات حزووریان ھەبێ.
1- ناوەندی دەسەڵاتدارێتیی ئەم وڵاتە وەک رێژیمی حاکم لاواز بێ
2- پشگیریی دەرەکی و نێونەتەوەیی ھەبێ
3- خواست و ئیرادەی گشتی و جەماوەری لە نێوخۆی وڵات پێک ھاتبێ.
نموونەی رووخانی رێژیمەکانی پەھلەوی لە ئێران و بەعس لە عێراق وەھەروەھا کێشەکانی سووریە و ئەو بڕە دەسکەوتەی کورد لەوێ بوویەتی میسداقی روونی ئەم حەقیقەتەن.
ئەزموونی خەباتی دوور و درێژی کورد لە یەک سەدەی رابردوودا دەریدەخا کە کورد وەک خۆی و لەڕێی خەباتی چەکدارییەوە نە دەتوانێ ھیچکام لەو وڵاتانە بڕووخێنێ نە دەتوانێ بەرەو دەستەبەرکردنی لانیکەم بەشێک لە مافەکانیشی راکێشیان بکات.
لە خاڵە لاوازەکانی دیکەی روانگەی خەباتی چەکداری ئەوەیە کە وەک پڕۆژە سەیری خەبات دەکا و لە بەینی سەرکەوتن و سەرنەکەوتندا ھیچ مەجالێکی تری کرداری ناھێڵێتەوە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە لە دەرەوەی ئەو روانگە ئابستراکە سیفر و سەدییەدا خوێندنەوەیەکی فرە رەھەندانەتر ھەم بۆ خەبات و ھەم بۆ سیاسەت لە ئارا دایە و لە پرۆسەیەکی بەردەوامی سیاسیدا مەجالەکانی سەرکەوتن خوێندنەوەی رێژەییتری بۆ دەکرێ.
لەراستیدا ئەگەرچی شێوازی خەباتی چەکداری لە کۆندا لانیکەم پاساو ھەڵگر بووە کەچی لە دنیای ئەمرۆدا ئیتر ئەو پاساوەشی نەماوە.
….
حیزبی دێموکراتی کوردستان بە لەبەرچاو گرتنی حەقیقەتەکانی خەبات لە رۆژھەڵاتی کوردستان وەھەروەھا خەسارە جۆراوجۆرەکانی تاکرەھەندە بوونی خەباتی چەکداری، بەمەبەستی بەرفراوان کردن و شۆڕکردنەوەی خەبات لە بازنەی مەحدوودی حیزبییەوە بۆ بازنەیەکی بەرینتری جەماوەری، لەپاش کۆنگرەی چواردەوە روانگەی سیاسیی خۆی بەو ئاراستەیەدا گۆڕی. ئەم حیزبە ھەوڵی دا مەجالێکی بەرفراوانتر بە چەمکی خەبات لە کوردستانی ئێراندا ببەخشێ و کۆمەڵانی خەڵک لەگەڵ بنەما و ئێلێمێنتە سەرەکییە سیاسییەکانی سەرەتای دامەزرانی خۆی ئاشت کاتەوە. بەو مەنزوورە رەھەندێکی بەرینتری بە چەمکەکانی خەبات و سیاسەت لە رۆژھەڵاتی وڵاتدا بەخشی و خوازیاری بەشداری و لەمەیداندا بوونی زیاتری خەڵک بوو. ھەوڵی دا کە خەڵک خاوەندارێتیی پتر لە مافە رەواکانی خۆیان بکەن و بە بەشداریی زیاتری خۆیان لە مەیداندا ھەلە جۆراوجۆرەکان بقۆزنەوە و بەنیسبەت پرسە سیاسییە ناوچەیی و سەرتاسەرییەکان بێ تەفاوەت نەبن. خوازیاری پێکھاتن و گەشەی زێدەی جەریاناتی موازیی کوردی لە نێوخۆی وڵاتدا بوو و بەئاشکرا بەرگریی لە دروستبوونی رێکخراو و حیزبی یاسایی کوردی لە نێوخۆی وڵاتدا کرد. حدک گرینگییەکی زیاتری بە کۆمەڵگە و شەقامی کوردی لە نێوخۆی رۆژھەڵات بەخشی و ھەوڵی دا رووخسارێکی شارستانیانەتر لە خەباتی کورد پێشکەش بە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان و ئێران بکات. بەستێنی کوردایەتی و خەباتی لە بازنەیەکی تەنیای بەرتەسکی چەکدارییەوە بەرەو مەیدانێکی بەرینتری جەماوەری و کۆمەڵگەی مەدەنی گواستەوە. دروشم و سیاسەتی سەرەکیی ئەم حیزبە لە چوارچێوەیەکی ئینقلابی و شۆڕشگێڕانەوە بەرەو فرە رەھەند بوون و جومگە جۆراوجۆرەکانی زەرفییەتی جەماوەری گوازرایەوە و پەرەی ئەستاند.
رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی دەریخست کە ھەم خەڵکی کوردستان و ھەم کاربەدەستە باڵاکانی رێژیمی ئاخوندی پەیامی سیاسەتە نوێیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان وەرگرتوە. بەشی بەرچاوی خەڵک بەتایبەت ئێلیت و بژاردەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵات بەپیری بانگەواز و بانگەشە نوێیەکەی حدکەوە ھاتن و کەم و زۆر خۆیان تێدا دیتەوە. دەسەڵاتدارانی رێژیم بەتایبەت بەرپرسە نیزامییەکانیان کە ماوەی پتر لە دوو دەیە بوو پێیان وابوو ئاگری شۆڕشی کوردیان لە کوردستانی ئێراندا کوژاندۆتەوە، بە تینی ئەم خوێنە تازەیەی کە لەنێو شادەمارەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا دەگەڕا راچەنین. ھەر بۆیەش بە بیانووی حزوور و ناردنەوەی چەند جارەیەکی ھێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی وڵات ئەم مووشەکبارانە قورسەیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات ئەنجام دا کە بە خەیاڵی خۆیان سەری ھێرەمەکەی پێ لەناو بەرن. ئەوە لەحاڵێک دایە کە ئەگەر کێشەکە حزوور و دەرگیریی ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ ھێزەکانی رێژیم لە نێوخۆی وڵاتدا بوایە دەبا ئەم مووشەکانەیان ئاراستەی شوێنی دیکە کردبا. چون لانیکەم لەو چەند ساڵەی رابردوودا حدک دەرگیرییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ھێزەکانی رێژیم لە نێوخۆی وڵاتدا نەبووە. ھیچ گومانیش لەوەدا نییە کە رێژیم بە زانیاریی تەواوەوە ئەم ھێرشەی ئەنجام داوە و باش زانیویەتی کە لە کێ و لە کوێشی دەدات.
بە باوەڕی من ئامانجی ئەم مووشەکبارانە ئەوە بوو کە حدکیش وەک ھێزەکانی دیکە راکێشی شەڕی چەکداری بکەنەوە و واداری بکەن دەست لەم شێوە نوێیەی خەبات ھەڵگرێ.
رێژیمە دیکتاتۆڕەکان کە لەسەر حیسابی ھێزە چەکدار و ئەمنییەتییەکانیان دەژین وەک نێعمەتێک سەیری شەڕ دەکەن و بۆ سەرکوتە نێوخۆیی و ھێرش و ھەڕەشە دەرەکییەکانیان کەڵکی لێ وەردەگرن. بۆیە زۆر گرینگە کە رێبەریی حیزبی دێموکرات لەم قۆناغە ھەستیارەدا وشیارانە بجولێتەوە و نەکەوێتە داوی سپای پاسدارانی رێژیمەوە، بەڵکوو قایمتر لە پێشوو لەسەر سیاسەتە فرە رەھەندییەکەی سوورتر بێ و مەکۆی خەبات لە شاخە دوورەپەرێزەکانی کوردستانەوە بۆ نێوخۆی شار و شەقامەکانی وڵات بگوازێتەوە.
ھیچ سەرکەوتنێک لە شاخەکان دەستەبەر نابێ. سەرکەوتنی راستەقینە لە دڵی شارەکان دایە.

سەرچاوە فەیسبووکی: وریا ڕەحمانی