شەهاب سەییادی، ئەو قارەمانەی نەسلی ئەمڕۆش پێویستە بیناسێ!
بەشی یەکەم ( وەرگیراو لە کتێبی “ڕۆژانی پێشمەرگایەتیم”، بیرەوەرییەکانی عەوڵا فەتاحی، بەرگی یەکەم)
ساڵی پێش واتا ساڵی ١٣٦٤ هێزه‌کانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له گوندی بێمزورتێ‌ڕا جاده‌یه‌کیان به گاده‌ری‌دا به‌ره‌و “ئاخێ چه‌کان”و “خرێنه”و “لۆڵان”ێ لێ‌دابوو. به‌ڵام له زستانی ئه‌و ساڵه‌دا ئارته‌شی عێراق هێرشی کردبوونه سه‌ر‌و ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌و ڕیگاکه‌ش‌دا گرتبوو. بۆیه ئێستا هێزەکانی ڕێژیم مه‌سیری جاده‌که‌یان گۆڕیبوو به‌ره‌و “نازداره‌داغ”ی‌و له‌وێشه‌وه بۆ “گەلیی خاکو‌رک”ێ‌و” گه‌لیی ڕه‌ش”. ڕێگاکه‌یان به قه‌دپاڵی چیای گرده‌سووری‌دا هێنابوو‌و گه‌یاندبوویانه ئه‌و جێگایه‌ی ئاوی گاده‌ری له‌گه‌ڵ ئاوی ئه‌و دۆڵه‌ی له لای نازداره‌داغی‌ڕا دێته خوارێ، تێکه‌ڵ دەبۆوه.
له چه‌ند شوێن پێگه‌ی بچووک‌و کاتییان بۆ پارێزگاری لە نەفەرات‌و ماشێن ئالاتەکانیان دانابوون. پێشمەرگەکان پێیان باش بوو زەبرێکی لێ بوەشێنن. ئەوە بوو دوانیوەڕۆیەکی چەند کەس لە بەرپرسانی نیزامی چوون بۆ شوناسایی‌و چاولێکردنی هەڵکەوتی شوێنەکە. کاتێک گەڕانەوە هەموویان پێیان وابوو ئیمکانی دەست بەسەرداگرتنی زۆرە. پێشیان باش بوو بەری بەیانی چالاکییەکە بەڕێوە بچێ باشترە لەوەی بە تاریکیی شەو پلانەکەیان جێبەجێ بکەن. چونکە لایان وابوو رەنگە بەری بەیان دوژمن هێندە ئامادە نەبێ. لایەنێکی باشی دیکەش ئەوە بوو، پێشمەرگەکان یەکتر دەبینن‌و بەهەڵە تەقەی لە یەکتری ناکەن. چه‌ند ڕۆژ پێشتر پێشمه‌رگه‌کان چووبوون‌و شوناساییان کردبوو.
**
چەند سەعات پێش وەڕێکەوتن بەرەو شوێنی عەمەلیاتەکە، شەهاب سەییادی هاتە لای من‌و بە پێکەنینەوە گوتی: دەزانی ئەوشۆ خەونێکی سەیرم دیت؟ لەخەونم‌دا بەچوار پێنج کەسان بە لابەلای قەدی شاخێکی‌دا منیان دەڕفاند، منیش هەرچی دەمکرد‌و دەمکراند پێم عەرزی نەدەگرت، هەردەستم بە شەهید حاتەمی دەگرت(هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێ‌کرد حاته‌م نادری چه‌ند ڕۆژێک بوو شه‌هید ببوو).
له‌و کاته‌دا که پێشمه‌رگه‌کان خۆیان ئاماده ده‌کرد به‌ره‌و شوێنی چالاکیه‌که بڕۆن، نازانم ئەمن چم گوت، دیسان شەهاب بە پێکەنینەوە گوتی: “ئەو برادەرە پێستی ورچی نەکوژراو دەفرۆشێ! ” ئەوە قسەی خۆم بوو شەهاب پێی دەگوتمەوە. چونکە هێندێک جارکە قسە لەسەر شتێک دەکرا کە هێشتا ئاکامەکەی دیار نەبوو، ئەمن وشەی “ورچی نەکوژراو، پێستەکەی مەفرۆشن”م بەکار دەبرد.
ئێمە لە پشتی شوێنی چالاکییەکەی بووین. سەعات چواری بەیانی هەستاین‌و چاوەڕوانی دەستپێکی چالاکییەکەمان دەکرد. کەماڵ شێخی بێسیمچیی بێ‌سیمی ڕاکاڵ بوو. بیسیمێکی یاشای پێ بوو، هەموومان لەدەوری بێسیمەکەی کۆ ببووینەوە بۆ ئەوەی ئاگاداری چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی چالاکییەکە بین. تەقە دەستی پێ‌کردبوو. لەڕیگای بێسێمەکانەوە گوێمان لە دەنگی هەموو لێپرسراوانی نیزامی دەبووکە پێکەوە پەیوەندییان دەگرت. هەر لەسەرەتای ده‌ستپێکی چالاکییه‌که‌وه دیار بوو هێزی دوژمن بەتەواوی غافڵگیر بووە‌و دەستی بۆ ناکرێتەوە. شەهاب سێ-چوار جار دەنگی هات‌و هاوڕێکانی ئاگادار دەکردەوە کە گەیشتوونە چ شوێنێک.
لە گه‌رمه‌ی ته‌قه‌که‌ی‌دا گوێمان له ده‌نگی شەهابی بوو، چەند جار بەدوای یەک‌دا هاواری کرد‌و گوتی کوڕە تەقەی مەکەن ئەوە ئێمەین گەیشتینە سەر لۆدێرەکەی! ته‌قه‌ی له ئێمه مه‌که‌ن! کاتێک ئەوەم گوێ لێ‌بوو له تاوی شه‌هابی ئاورم گرت، نه‌مده‌زانی چ بڵێم‌و چ بکه‌م. له‌تاوان دوو-سێ جار به‌دوای یه‌ک‌دا بە توندی بە کەماڵیم گوت ئەتو پەیوەندییان پێوە بکە پێیان بڵێ تەقەی لە شەهابی نەکەن. کەمال تووڕەبوو، له حەیفی ئه‌و قسه‌یه‌ی من گووشیی بێسیمەکەی بەعەرزی‌دا دا، گوتی ئەمن چبکەم، بۆ فشاری بۆمن دێنن؟
دوای چاره‌گه سه‌عاتێک ورده ورده تەقە کەم ببۆوە، دەنگی بێسیمەکانیش نێوه نێوه دەهات. مرادی ئه‌حمه‌دی لێکدا لێکدا، به بێ‌سیم بەحوسێن لاوەی دەگوت بڕۆ بۆ سەر ماشێنەکان‌و بیان سووتێنە. حوسێنیش دەیگوت باشە‌و نەش‌دەگەیشتە جێ. به‌دوای ئه‌و چه‌ند جار هه‌را کردنه‌ی شه‌هابی دا، نیو سەعات زیاتر بوو گوێم لە دەنگی نەدەبوو. ده‌نگی ئه‌وانی دیکه جار‌و بار هه‌ر ده‌بیسترا. دوای ماوه‌یه‌ک سەید خاڵند هاتە سەر خەت، دیاربوو کوڵی گریان گەرووی گرتبوو، قسەی باش بۆ نەدەکرا، بەدەنگێکی گریاناوییەوە گوتی: “ڕیحانە، ڕیحانە”(ڕیحانە، نهێنیی شەهید بوو).
هێشتا قسەکەی تەواو نەکردبوو ئەمن بە ئەژنۆی خۆم دادا‌و گوتم شەهاب شەهید بووە. لەوەی کە پێشتر شەهاب هاواری کرد‌و گوتی کوڕە تەقەی مەکەن ئەوە ئەمنم گەیشتمە سەر لۆدێرەکان‌و پاشان بێدەنگ بوونی بێ‌سیمی شەهابی‌و گوتنی سەید خاڵندی، ئیدی گومانم نەما کە شەهاب شەهید بووە. دەستم کرد بە گریانێ، ئیدی عەمەلیات مەمەلیات‌و هەموو شتێکم لە بیر چۆوە. ڕەحیم محەمەد‌زادە‌و خالید عەزیزی‌و زۆر لە کوڕەکانی دیکەش دەستیان کرد بە گریانێ.
پاش چەند سەعات لەشی بێ گیان‌و خوێناویی شەهاب سەییادی‌و سەدیق رۆستەم نژادیان هێنایەوە بۆ لای ئێمە. په‌یکه‌ری بێ گیانی ئه‌و هاوڕێ‌و هاوسه‌نگه‌ره خۆشه‌ویسته‌ی هه‌موومانیان، هه‌ر یه‌که‌ی له‌سه‌ر پشتی هێسترێکی دابه‌ستبوو. شەهاب گوللەیەکی وەلاجانگی سەری کەوتبوو، لە لاجانگی دیکەی وەدەرکەوتبوو. بەڵام سەددیق گوللەی وەزگ‌و سینگی کەوتبوو، دیار بوو خوێنڕێژیی داخڵیی کردبوو. نێوزگی پڕببوو لە خوێن. جەستەی بێ گیانی هاوڕێ شەهیدەکانمان لە تەنیشت یەک درێژ کردبوون‌و بە بانگ‌وسەڵا بۆیان دەگریاین. رەحیم محەمەدزادە هەر جارناجارێکی چاوێکی بە جەستەی سارد‌و بێ‌گیانی شەهاب‌و سەدیقی‌دا دەگێڕا‌و لە بانگێی دەداو دەیگوت ئاخر ئەو‌انە هەردووکیان دۆست‌و براو هاوڕێی زۆر خۆشەوێستی خۆم بوون.
جەنازەی شەهیدەکانمان (شەهید شەهاب سەییادی‌و شەهید سەدیق ڕۆستەم نژاد) له ئاوی چۆمی گاده‌ری شوشت، ئه‌وجار لەنێو شین‌و شەپۆڕی گریان‌دا‌و هەر بە لیباسیەکانی خۆیان لەسەر تەپۆ‌ڵکەیەکی قەراغ چۆمی گادەری بەخاکمان سپاردن. ئەمن زۆر جار‌و بۆ زۆربەی شەهیدەکان گریاوم. بەتایبەتی بۆ ئەو هاوڕێیانەی لەسەردەمی پێشمەرگایەتی‌دا پێکەوە بووین‌و لێک نزیک بووین. بەڵام ئەوەندەی بۆ شەهاب‌و سەدیقی گریام بۆ هیچ کام لە شەهیدەکانی دیکە نەگریاوم. له‌و شه‌ڕو پێکدادانه‌دا چه‌ند پێشمه‌رگه‌ش بریندار ببوون. به‌ڵام برینی که‌ریم محه‌مه‌دزاده(که‌ریم خولخوله) له ئی هه‌مووان سه‌ختر‌و زۆرتر بوو. که‌ریم به چه‌ند جێ بریندار ببوو. گولله‌ی وه‌لا ڕوومه‌تی که‌وتبوو، لایه‌کی گووپی هه‌ڵدڕابوو، چه‌ند ددانیشی شکابوون.
(لە بەشی دووهەمی ئەم نووسینەدا، کەسایەتیی شەهاب و رووداوە گرنگەکانی ژیانی ئەو لاوە خاوەن کەسایەتیی بەرزە باشتر دەناسن.)