“با کەمێک زیاتر لە سەر شەهاب سەییادی بڕۆم” (بەشی دووهەم)

شەهاب لە بەندیخانە و لە ژێر ئەشکەنجە، پەلاماری دەیان کەسیی حیزبوڵلاییەکان بۆ سەر شەهاب لە تەورێز، بۆ چی شەهاب بورسیەی خوێندن و چوون بۆ دەرەوەی وڵاتی ڕەت کردەوە؟
وەرگیراو لە بەرگی یەکەمی کتێبی “ڕۆژانی پێشمەرگایەتیم” لە نووسینی عەوڵا فەتاحی:
**
“لەسەرەتای بەهاری ١٣٦٥ دەفتەری سیاسیی حیزب، کۆمیته‌ی شارستانی شنۆی ئاگادار کردبۆوە کەسێکیان لەنێو کادر‌و پێشمەرگەکان پێ بناسێنین بۆ ئه‌وه‌ی بۆ درێژەدانی خوێندن بینێرنە دەرەوە. مەرجیش ئەوە بوو ئەوکەسە دیپڵۆمی هەبێ‌و نێونجی نومرەکانی لەسەرێ بن. ئەو مەرجانە لەنێو کادرو پێشمەرگەکانی هێزو کۆمیتەی ئەو کاتی شنۆیە هەر شەهابی دەگرتەوە. دیارە کەسانی دیکەش هەبوون کە مەدڕەکی دیپڵۆمیان هەبوو، بەڵام نێونجی نومرەکانیان نەدەگەیشتە ئەو لانیکەمەی دیاری کرابوو. کۆمیتەی شارستانی شنۆ پێشنیاری بە شەهابی سەییادی کرد بۆ دڕێژەدانی خوێندن بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام سەد مخابن شەهاب قبووڵی نەکرد. نازانم هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی بوو یا ڕۆژی دواتر، لەسەربانی بنکەی عەمبارێ له ‌مامه‌خه‌تیبی له‌گه‌ڵ شه‌هابی پێکەوە قەدەممان لێ‌دەدا. گوتم شەهاب! بۆ ناچیەدەرێ‌ بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنەکەت بدەی؟ زۆر بە کورتی وڵامی دامەوە‌و گوتی ناچم، ئێرەم پێ‌خۆشترە.
شەهاب گەلێک جاران دادەنیشت‌و باسی چەندین جار گیرانی خۆی بەدەستی پاسدارانی ئەهریمەنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ دەگێڕاینەوە، کە چۆن‌و بەچ شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان کردوە. دەیگوت جاری وابوو ئەشکەنجە کردنەکەیان دەگەیشتە ڕادەیەک کە لە تاقەتی هیچ مرۆڤێک‌دا نەدەما خۆی لەبەر ڕاگرێ. بۆخۆی دەیگوت جاری وابوو وایان لێدەدام، توانای خۆڕاگریم لێدەبڕاو نەمدەتوانی ددان بە خۆم‌دا بگرم، لە تاو ئێش‌و ئازاری جەستەم وام هاوار دەکرد پێم وابوو لەتەواوی شاری، خەڵک گوێی لەدەنگم دەبێ. بەڵام هاوارەکەم لە چواردیواری زیندانەکان نەدەچووە دەرێ‌و دادم بە هیچ کوێ نەدەگەیشت.
هەموو جارێکیش کە ئەو بەسەر هاتە تاڵ‌و پرلەزەجر‌و مەینەتەی خۆی بۆ دەگێڕاینەوە، دەیگوت کوڕینە! با شتێکتان پێ‌بڵێم، هەرکاتێک لەشوێنێک کەوتنە گەمارۆی دوژمن‌و پێتان وابوو ناتوانن خۆتان دەرباز کەن، ئەوە تا دوا فیشەک‌و دواهەناسە بەربەرەکانی بکەن‌و با لەمەیدانی شەڕدا بکۆژرێن. چونکە مردن لە مەیدانی شەڕو بەربەرەکانی‌دا زۆر باشترە لەوەی بەدیلی بکەونەدەست دوژمن. کوڕە لە زیندانێ‌و لە ژێر شکەنجە‌دا هەزار جار مردن بەئاوات دەخوازن، بەڵام لەوێ مەرگ‌و مردنەکه‌ش بە هاسانی وەگیر هەموو کەس ناکەوێ. هەر چەند مەرگ‌و مردنەکەش هەر دێ، بەڵام هەتا نۆرەت دەگاتێ هەزار جارت دەمرێنن.
شەهید شەهاب، باسی سەفەرێکی خۆی بۆ دەگێڕاینەوە کە چۆتە تەورێزێ‌و چیان بەسەر هێناوە. دەیگوت لە شنۆیەڕا چوومە تەوڕێزێ بۆ وەرگرتنەوەی مەدڕەکی دیپڵۆمەکەم. لەنێو خیابانی تەورێزێ نازانم چۆن بوو، یەکێک لێی پرسیم خەڵکی کوێم. هەر ئەوەندە کە زانی خەڵکی شنۆیەم‌و کوردم، کابرا یەک بە خۆی هاواری کرد‌و گوتی وەرن ئەوە تا زیدی ئینقلاب. زیاتر لە چل- پەنجا کەسم لێ کۆ ببۆونەوە. بە هەرهەموویان لێیان دەدام، نەمدەزانی هاوار‌و پەنا بۆ کێ‌و بۆ چ لایەک بەرم، مەجالی هەڵاتنیشیان پێ‌نەدەدام. دەمزانی بەتەمان بە لیدان‌و کوتان بمکوژن. پاسەبانێکم لە تەنیشت خیابانی لەنزیک خۆم بەدی کرد، پەنام بۆ وی برد، بەڵکوو لەدەست ئەو خەڵکە دڕندانەم ڕزگار بکا. بەڵام ئەویش نەیتوانی لەدەستی حیزبوڵلاییەکان نەجاتم دا. کابرای پاسەبان لە بێدەسەڵاتییان دەستی کرد بەگریانێ. چارە نەبوو، ماشێنیک لەقەراغ خیابانێ ڕاگیرابوو، بەزۆرو زۆرداری خۆم لە بن ماشێنەکەی پەستاوت. لە بن ماشێنەکەش لە یەخەم نەدەبوونەوە، ئەوجار بە میلەئاسن‌و کوتەداران دەگیانیان دەکوتام. درەنگ دەست بەردارم بوون. نازانم چۆن خۆم گەیاندە تێرمیناڵێ‌و سواری ماشێنێ بووم، یەکسەر بۆ ورمێ. لەوێش گیر نەبووم، نەشم وێرا سواری ماشێنی شنۆیە بم، لەترسان سواری ماشێنی خەتی نەغەدەی بووم. لە “دزەی دۆڵێ” دابەزیم، ئەوجار نیوە بە‌پێیان‌و نیوە بەسواری تراکتۆرێ، بە دێهاتەکانی دۆڵێ‌دا بەرەو شنۆ گەڕامەوە.”
**