بەشداریی ئەندامانی حدک لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە هێرشی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوا

بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە هێرشی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوا

دوابەدوای هێرشی بەربڵاوی هیزی داگیرکەری ڕێژیمی تورکیە بۆ سەر شار و گوندەکانی خۆراوای کوردستان و بەرگری قارەمانانەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە وڵاتانی دەرەوە بۆ پشتگیری و هاودەنگی لەگەڵ کوردانی خۆراوا و ڕیسوا کردنی ئەو هێرشە ڕژانە سەر شەقام و بە خۆپیشاندان و ڕێکخستنی میتینگی هەزاران کەسی ڕق وبیزاری خۆیان لە دەستدرێژی سوپای داگیرکەری تورک دەربڕی.

لە سەر داوای ڕێبەریی حیزب و دوابەدوای پەیامی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڕێز مستەفا مەولوودی، ئەندام، دۆست و لایانگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوخۆی وڵات و لە گشت وڵاتانی دەرەوە تێکەڵ بە شەپۆلی لە بن نەهاتووی خۆپیشاندەرانی کورد بوون و بە درێژایی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شەقام و گۆڕەپانی وڵاتانی دەرەوە، بۆ جارێکی دیکە نیشانیاندا کە گەلی کورد گەلێکی لێک دانەبڕاوە و ئازار و ناخۆشیی هەر بەشێکی خاکی داگیرکراومان ئازاری بەشەکانی دیکەشییەتی.

هاوڕێیانی حیزبی لە ژێر ڕێنوێنی تەشکیلاتی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کومیتەکانی حیزب لە وڵاتانی ئەمریکا، ئوسترالیا، کانادا، فەڕانسە، بریتانیا، سویس، ئوتریش، ئاڵمان، هولەند، دانمارک، سوید، نۆروێژ و فینلاند و چەند وڵاتێکی تر، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە بەرزکردنی ئاڵای کوردستان بوونە بەشێک لە دەنگی نارەزایەتی گەلی کورد دژ بە هێرشی حکوومەتی تورکیە و ئەو پیلانە نێودەوڵەتییەی کە دژ بە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان هاتە ئاراوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە هەر لە یەکەم ڕۆژی هێرشی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کوردانی هەموو جیهان و بە تایبەت شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەرای پێشگیری و گرفتی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە خۆپیشاندان و نارەزایەتی، ئەو هێرشەیان ڕیسوا و مەحکووم کرد.