لە پێوەندی لەگەڵ هێندێک هەوڵی پڕ لە هەڵە!

خەڵکی خۆشەویستی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
ماوەیەکە هێندێک کەس و لایەن خەریکی هەڵدانەوەی قەتماغەی کۆنەبرینی نێو بزووتنەوەی کوردستان و باسکردن لە کۆمەڵە ئەزموونێکی ماوەبەسەرچووی شەڕی خۆبەخۆی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانن. لەم هەوڵە پڕ لە هەڵەیەدا کە جیا لە دڵخۆشکردنی دوژمنان و شێواندنی بیروڕای گشتیی خەڵک بۆ ماوەیەکی کاتی، هیچ دەسکەوتێکی لێ دەستەبەر نابێ، بە مەبەستی جۆراوجۆر و بە ناڕەوا و بەلاڕێدابەرانە قسە لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرانی ئەم حیزبە دەکرێ کە لێرەدا نەک بە مەبەستی وڵامدانەوەیان، بەڵکوو تەنیا بۆ دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزب، کورتە ڕوونکردنەوەیەک بە پێویست دەزانین.
١_ حاشا لەوە ناکرێ کە لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەشدا هێندێک ئەزموونی تاڵ و پڕ ژان هەن کە پێویستە بۆ دووبارە نەکردنەوەیان دەرسیان لێ وەربگرین. بۆیە هێنانەوە بەر باسیان تەنیا بە مەبەستی کولاندنەوەی برینەکان و هێرشکردنە سەر لایەنەکان، نەک دروست نییە، بەڵکوو هەڵە و نابەرپرسیارانەیە.
٢_ لە هێنانەئارای ئەم باسانەدا زۆر جار بە ناڕەوا و بوختان‌ پێکردن، ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێبەرانی دێتە ئاراوە کە ئەمە شێوازێکە لە بێ‌پرنسیپی و، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر بنەمای باوەڕمەندبوون بە زەروورەتی یەکڕیزی و تەبایی نێوان حیزب و لایەنەکانی کوردستان، ورووژاندنی ئەم باسانە – ئەویش بۆ مەبەستێکی تایبەت کە بێگومان خزمەت بە قۆناغی ئێستای خەباتەکەمان ناکا – بەهەڵە و نابەجێ دەزانێ.
٣_ حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر وەک لە ڕابردوودا ڕایگەیاندوە، خۆی لەم قسە و باسانە بێبەری دەکا و هاوکات پەنابردن بۆ بڵاوکردنەوەی هەر بەڵگە و دیکۆمێنتێکی پێوەندیدار بە قۆناغە پڕ لە ژان و خەسارەکانی نێو بزووتنەوەی کوردستان _ بەمەبەستی بیرهێنانەوەی شەڕ و ئالۆزیی نێوخۆیی بە مەرامی ناکۆکی نانەوە_ مەحکووم دەکا.
یەکگرتوویی و یەکڕیزی ڕەمزی سەرکەوتنی خەباتمانە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٢٣ی بانەمەڕی ١٣٩٩