مستەفا مەولوودی: تاوانە پشتی ڕۆژاوا چۆل بکرێ

دیمانە: شەونم هەمزەیی
مستەفا مەولوودی: کورد لە ڕۆژئاوا لە پێناو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و ئەمنیەتی جیهانیدا شەڕی کردوە، ئەویش لەدژی تاریکترین بیری سەردەم؛ بۆیە تاوانە پشتیان چۆڵ بکرێ ڕووداوەکانی ڕۆژاوای کوردستان لەم رۆژانەدا چەقی سەرنج و لێکدانەوەکان لە ناوچە و جیهانیشە. ئەم ڕووداوانەی کاریگەریی زۆری لەسەر ڕیزبەندیی سیاسی و هەڵوێست و هەروەها کاردانەوە جیاوازەکان لە زۆربەی شوێنەکان بەتایبەت لە کوردستان بووە. ڕۆژاوا بۆ گەیشتە ئەمرۆ؟ مەترسییەکان بۆسەر داهاتوو کورد چەندەن؟ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکوێی ئەم هاوکێشەیە دایە؟ بۆ تاوتوێی ئەم باسانە و وەستان لەسەر چەند تەوەرێکی دی، “کوردستان” دیمانەیەکی لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێناوە.

کاک مستەفا با بەو پرسیارە دەست پێبکەین کە لە ڕۆژاوای کوردستان چ دەگوزەرێ و ڕۆژاوا بۆ گەیشتە ئەم دۆخە؟
ئەوەی ئێستا لە ڕۆژاوا ڕادەبرێ، تڕامپ چەخماغەکەی لێدا. لەدوای پێوەندیی تەلەفوونیی ترامپ بە ئەردۆغان و کشانەوەی هەڵنەسەنگێندراو و بە پەلەپڕووزەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان، هێرشی بەربڵاوی هێزەکانی تورکیە بە هاوکاریی سپای ئازادی سووریە _کە وەک باس دەکەن تێکەڵییەکی سەیر و زۆر نامۆن_ بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان دەستی پێکرد. هەرچەندە شەڕڤان و کچ و کوڕە خەباتکارانی ئەو دەڤەرە بەرگرییەکی کەموێنەیان کردوە، بەڵام لە شار و گوندەکانی ئەو دەڤەرە کە هێرشیان کراوەتە سەر، کارەساتی مرۆڤی ڕوو دەدا و خەڵكی سڤیل دەکوژرێ و شار و گوند و ماڵ و حاڵی دانیشتووانی وێران دەکرێ و خەڵك ئاوارە و پەڕیوەی هەندەران دەبن. بەپێی ئاماری نافەرمی تا ئێستا زیاتر لە سێسەد هەزار کەس ئاوارە بوون، بە سەدان کەس کوژراو و بریندار هەیە. ڕاپۆرتە نافەرمییەکانیش بە نیشاندانی بریندارەکان گوزارشت لەوە دەدەن کە تەنانەت چەکی قەدەغەکراویش لەسەر خەڵكی سڤیل بەکار هێنراوە، دیارە وەک ڕاپۆرتەکان باس دەکەن بە دەیان سەربازی تورک و بەسەدان چەکداری سپای بەناو ئازادی سوورییە لەو شەڕەدا کوژراون و بەداخەوە دەیان شەڕڤانیش شەهید و سەدانیش بریندار بوون.
ئەوەی لە ڕۆژاوا ڕوو دەدا بەشی زۆری بۆ سازان و رێککەوتنی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەند لە سووریە دەگەڕێتەوە کە بەداخەوە لەسەر حسێب و لەسەر خاک و بەرژەوەندییەکانی کورد دەکرێ، هەر ئەو کوردەی دەوری گرینگ و چارەنووسسازی لە شکستدانی داعش، وەک هەڕەشەیەک بۆسەر ئەمنیەتی جیهان و ناوچە هەبوو.

کەم نین ئەوانەی دەڵێن ئەوەی لە ڕۆژاوای کوردستان ڕوو دەدا دەرەنجامی کردەوەکانی کورد خۆیەتی، ئایا هەموو مەسەلەکە ئەوەیە؟
من پێم وانییە، بۆ؟ یەکەم، دانیشتووانی ڕۆژاوای کوردستان بەپێی هەلومەرجی سیاسی_جوغرافیایی ناوچەکە لە دەرفەتێک کە لەو دەڤەرە هاتۆتە پێش، کەلكیان وەرگرتوە، ڕێکخستنی سیاسی و مەدەنییان دروست کردوە، هێزێکی باشی بەرگرییان لە کچان و کوڕانی ئەو بەشە لە کوردستان لە هەموو پێکهاتەکان پێک هێناوە، ئیدارە و خۆبەڕێوەبەریی خەڵكییان لە ناوچەکەیان دامەزراندوە، چەند ساڵێکە لە بۆشایی دەستەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بەباشی ئەو بۆشاییەیان لە بەرژەوەندیی خەڵکی خۆیان پڕ کردۆتەوە و لە سۆنگەی هەموو ئەوانەوە، بەنیسبەت بەشەکانی دیکەی سووریە خەڵك زۆر کەمتر تووشی ئاوارەیی و شارەکان کەمتر تووشی وێرانی بوون. ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانانی دژبە داعش مەترسییەکی گەورەیان لەکۆڵ مرۆڤایەتی کردەوە. لەڕاستیدا تێکشاندنی ئیرادەی مرۆڤکوژی و وێرانکاریی داعش لەسەر زەوی، لەسەر دەستی هێزی شەڕڤان لە سووریە و هێزی پێشمەرگە لە عێراق بوو کە بە هەیبەت و ئازایەتی و خۆین و قوربانیدان و گیانبەختکردنی زیاتر لە یازدە هەزار شەهید وەدی هاتوە. کورد لە ڕۆژئاوا سیاسەتیان بە نیسبەت دەوڵەتی ناوەندیش، مەدارا و دوورکەوتنەوە لە شەڕ و لێکدان بووە.
ڕاستە دەکری بەنیسبەت جۆری سیاسەت کردن و هەڵسوکەوتی «پەیەدە» لە ڕۆژاوای کوردستان سەرنج و تێبینیش هەبن، وەک ئەوەی پەیەدە مەیدانی ئەوەی نەدا کە هەموو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژاوا دەوری خۆیان هەبێ و هەر بۆیە نەکراوە لە وزە و توانایی هەموو لایەنەکان وەک پێویست کەلک وەربگیردرێ. یان لەبارەی ئیلهام وەرگرتنی پەیەدە لە پ ک ک و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە کە تێبینیی جیددیمان بووە و لە دانیشتمان لەگەڵ هەڤاڵانمان لە پەیەدە، ڕوانگەی خۆمان و شوێنەواری ناموناسبی ئەو سیاسەتەشمان وەبیر هێناونەوە، هەر ئەو شتەی کە ئێستا بۆتە بیانووی تورکیە بۆ هێرش بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان و سووریە؛ بەڵام ئەوانە هیجی پاساوی ئەم هێرش و دەستدرێژییەی تورکیە نین. بەسەرنجدان بە ئەزموونی ئیداری و خۆبەڕێوەبەریی پەیەدە و ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان لە پێنج _ شەش ساڵی ڕابردووشدا دەبینین کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی کورد لەو ناوچەیەدا هیچ کێشەیەکی ئەمنیەتی بۆ تورکیە دروست نەکردوە، لەو هەرێمەوە هێرش نەکراوەتە سەر ئەم وڵاتە و کەسێکی ئەو وڵاتەش زیانی پێ نەگەیشتوە، تەنانەت یەک فیشەکیش لە سنووری وڵاتی سووریە کە پەیەدە دەستەڵاتی بەسەریدا بووە بە خاكی تورکیەدا نەتەقیوە. سنووری تورکیە لەو دەڤەرە سنوورێکی تەواو ئارام بووە، تەنانەت ئاوارەکانی کە ئێستا لە تورکیەن زۆر کەمیان هیی ئەو سنوورەن. بۆیە ئەوانەی وا دەڵێن یان زانیارییان نییە یان هەر پاساوێکی بێ‌بنەمایە کە تورکیە کەلکی خراپی لێ وەردەگرێ.
لایەکی دیکەی ئەم بابەتە ڕاست بۆ سیاسەتەکانی ئێستای ئەمریکا و مەزنیخوازیی تورکیە و چەند فاکتۆرێکی دەرەکیی دی دەگەڕێتەوە کە لە ئیختیار و دەسەڵاتی کورد بەدوورن و سەرنجەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێشهاتە دەبێ لەسەر ئەوانە بن.

بەرەنگارییەکی کەموێنە لە ڕۆژاوا دەکرێ. پێتان وایە مقاومەت و بەردەوامیی خۆڕاگریی کورد بتوانێ گۆڕان لە هاوکێشەکاندا دروست بکا؟ کورد چیی بەدەستەوەیە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکە لە بەرژەوەندیی خۆیدا؟
هەر چەندە بەداخەوە هێزی دوو لایەنی شەڕەکە زۆر نابەرامبەرە. دەوڵەتی هێرشکەر سپاکەی بە هەموو کەرەسەیەکی نیزامی تەیارە و، ئەرتەشی بەناو ئازادی سووریەش کە بۆ تورکیە شەڕ دەکەن لەلایەن تورکیەوە تەیار و پڕچەک کراون؛ بەڵام ئەو هێزەی دیفاع لە خاک و خەڵكەکەی خۆی دەکا و ئازایانە لە بەرامبەر ئەو هێرشە زاڵمانەدا ڕاوەستاوە، چەکی دەستیان تەنیا دەستکەوتەکانی شەڕی داعشە، بەڵام بە ئیرادەیەکی قایم و پۆڵایین خۆیان ڕاگرتوە و دیفاع دەکەن. تا ئێستا ئەو خۆڕاگرییەی کە بۆ پاراستنی خاک و خەڵك لە خۆیانی نیشان دەدن ئۆگرییەکی زۆری لە شەقام و لەنێو خەڵك و کەسایەتی و تەنانەت دەوڵەتانیش بۆ ڕاکێشاون.
ئەمن پێم وایە ئەگەر تا چەند ڕۆژێکی دیکە هەر ئاوا ئازایانە خۆ ڕابگرن، ئیمکانی هەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار بێ هەنگاوێکی پێشگیرانە هەڵبێنێ، دەنا کارەساتی گەورەی مرۆیی زیاتر ڕوو دەدا. زیانەکانیش دیارە کە چین . ژمارەیەکی زۆرتر لە باشترین شەڕڤانەکان کە لەسەر زەوی داعشی تێک شکاندوە لەدەست دەچن، سنووری یاسایی وڵاتێک پێشێل دەکرێ و بەشێکی ئەو وڵاتە داگیر دەکرێ، بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی پلەبەرزی تورکیە خەڵكی شوێنی دیکە لەو ناوچانە نیشتەجێ دەکرێن و دێموگرافیی ئەو ناوچەیە بە تەواوی دەگۆڕدرێ، کە ئەوە دەبێتە هۆی دروستکردن و سەرهەڵدانی کێشەی زیاتری دیکە لەو ناوچە هەستیارە کە دەتوانێ لە کۆتاییدا شەڕ و ماڵوێرانیی زیاتری بەدوودا بێ. بۆیە پێم وایە مقاومەت دەتوانێ حەقانییەت و ڕەسەنایەتیی ئەو خەڵكە لەو دەڤەرە بۆ چەندەمین جار بسەلمێنێتەوە و ویژدانی مرۆڤایەتیش بەخەبەر بێنێ و، کارێکی کردەیی بکرێ بۆ بەربەست دانان لەبەردەم ئەو هێرشە ناڕەوایە و پێشگیری لە کارەساتی مرۆیی زیاتر.

کاک مستەفا ئەو ڕۆژانە زۆر قسە لەوە دەکرێ کە کورد جارێکی دیکەش خیانەتی لێ کرا، مەبەست ئەمریکاشە. ئێوە چۆن چاو لە چەمکی بەرژەوەندی و هەروەها ئەمەگ و خیانەت لە سیاسەتدا و لە نێوان پێوەندییەکانی چەند لایەندا دەکەن؟
بە خوێندنەوە و تەفسیرێک، بەڵێ ئەوە ڕاستە کە وڵاتان لەگەڵ یەکتر یان لایەنێک هاوپەیمانی پێک دێنن، ئەگەر خۆیان بە ئامانجی تایبەتیی خۆیان گەیشتن پشت لە هاوپەیمانەکانیان دەکەن، کە ئاکامی ئەو پشت تێکردنە شەڕ و ئاوارەیی خەڵكە و کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە. وەک ئەوەی ئێستا لە ڕۆژاوا لە ئارادایە. بەڵام لە سیاسەتدا دەڵێین نە دۆست و نە دوژمن هەتا سەر نییە، بەڵکوو بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە. دەکرێ ئەوە بە زەمان و مەکان و ئامانجیش گۆڕانی بەسەردا بێ، بەڵام ئەوە لەسەر ڕۆژاوا و لە پێوەندی لەگەڵ دۆزی کورددا بە هیچ جۆرێک دروست نییە. بۆ؟ لەبەر ئەوە ئەوانە خەباتکاری نەتەوەیەکن کە بۆ مافی نەتەوەیی گەلێکی بندەست خەبات دەکەن و چاویان لە ماف و خاک و بەربەست کردنی ئازادیی هیچ گەل و نەتەوەیەک تەنانەت کەمایەتییەک نییە. هەر بەپێی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامانجی ئەوان تەبایە لەگەڵ ئامانجی مرۆڤدۆستانە و مافویستانە بەبێ پێشێلکردنی مافی کەسانی دیکە. جیا لەوەش کوردەکان ئەندام و بەشدار بوون لە هاوپەیمانیی دژی داعش، یانی شەڕیان بۆ پاراستنی بەشەرییەت و کەرامەتی ئینسانی کردوە لەگەڵ تاریکترین بیر و ئەندێشەی سەردەم. بە واتایەکی دی یانی شەڕی ئەوان بۆ گرووپێکی ئەتنیکی و تایفی نەبووە، بۆ مرۆڤایەتی و ئاسوودەیی ئینسان بووە. بۆیە ئەوانە خەباتکاری مەیدانی شوناسخوازی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی بوون. ڕوونە هەر هێز و لایەنێک لە تەنگانەدا ئەوانە بە تەنیا بەجێ بهێڵێ و بە شێوەیەک لە شێوەکان بە گورگان خواردوویان بدا، ئەوە جیا خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتی و دەروەستی ناکرێ ناوی دیکەی جگە لە خیانەت لەسەر دابندرێ. بۆیە لەو شێوە لە سیاسەت کردنە کە بەرژەوەندیی هەموو لایەک نەپارێزرا و خەیانەت و پشت تێکردن ڕووی دا، ئەمە لێکەوتەیەکی خراپی دەبێ. بۆیە لە سیاسەتیشدا دەبێ حیساب بۆ ئەخلاق و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی بکرێ.

پێتان وا نییە ئەو مەترسییە هەر لەسەر ڕۆژاوا نییە، بەڵکوو باشووری کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەگرێتەوە؟
هەر چەندە لە لێدوانی هێندێک لە بەرپرسانی تورکیەدا وا دەخوێندرێتەوە کە ئەگەر پیلانەکەیان لە ڕۆژئاوا سەر بگرێ، مەترسی دەکەوێتە سەر باشووری کوردستانیش، بەڵام من وا بیر ناکەمەوە، لەبەر ئەوەی جیاوازیی ئەو دوو بەشەی کوردستان بەیەکەوە زۆرە. یەکەم هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سیاسی و ئیدارییە کە دەستووری عێراق دانی پێداناوە و وڵاتانی دەرەوەش تەنانەت حکوومەتی تورکیەش بەشێوەی دیفاکتۆ ئیعترافی پێ کردوە. هاوکات هەر ئێستا پێوەندییەکی قووڵی سیاسی و بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی تورکیەدا هەیە. پاشان بەدوای ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٧ کە لەگەڵ ئەوەدا تورکیە زۆر دژایەتیی ئەم بڕیارەی باشووری دەکرد و کۆمەڵیك فشار و تەحریمیشی خستە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ ئەوە نەچوو کە ئەو هەرێمە داگیر بکا. جیا لەوەش جۆری پێوەندیی دەستەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیە لەگەڵ ڕۆژاوای کوردستان زۆر جیاوازە، لەو سۆنگەیەوە ئەمن پێموانییە حاڵەتێکی وا ڕوو بدا.

ئێران لە کوێی هاوکێشەکە دایە؟ ئایا ئەوەی لە ڕۆژاوا ڕادەبرێ لە بەرژەوەندیی ئێراندایە؟
هەر چەندە خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوا هیچ بەرژەوەندییەکی حکوومەتی ئێرانی لە ناوچەدا وەمەترسی نەخستوە و، ئێرانیش بەڕواڵەت وانیشان نادا کە لەدژی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا بێ، بەڵام هەر ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکشێنەوە و دەستئاوەڵایی زیاتر بۆ ئێران دروست دەبێ، ئەمە خۆی بە قازانجی حکوومەتی ئێرانە. سروشتییە کە هەر شکان و نسکۆیەکی بزووتنەوەی کورد لەهەر بەشێکی کوردستان بەدڵی رێژیمی ئێرانە. جیا لەوەش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا یارمەتی بە جێبەجێ کردنی پیلانی تورکیە کردوە کە بەگشتی دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەستەڵاتی کوردەکان لەو سنوورە و گەڕانەوەی هێزەکانی حکوومەتی سووریە کە هاوپەیمانی حکومەتی ئێرانە و جێبەجێ کردنی سیاسەت و ستراتێژیی ڕووسیە کە هەموویان لە ڕاستای سیاسەتی ئێران و لە بەرژەوەندیی سیاسیی حکوومەتی ئێراندایە.

ئێران بەڕەسمی هێرش و پەلامارەکەی تورکیەی مەحکووم کردوە، بەڵام لە زۆر شوێن ڕێگەی لە خۆپیشاندانی خەڵک گرتوە و نیزیک بە 100 کەس لە چالاکانی مەدەنیی کوردستانی بەهۆی بەشدارییان لە مەحکوومکردنی دەستدرێژییەکەی دەوڵەتی تورکیە دەسبەسەر کردوە. ئەم سیاسەتە دوو فاقەیە بۆ کام مەبەستە و لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟
ئەمن پێم وایە مەحکووم کردنی هێرشەکەی حکوومەتی تورکیە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە سێناریۆیەک زیاتر نییە. بۆیە تا ئێستا حکوومەتی ئێران و خەڵكی ئێران هیچ هەڵوێستێکی جیدی و کاردانەوەیەکی بەرچاویان نەبووە. خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەستێکی نەتەوایەتیی بەهێزیان هەیە، کە دەزانن بەشێک لە نەتەوەی کورد ئاوا زاڵمانە هێرشی دەکرێتە سەر و قەڵاچۆ دەکرێ، ناتوانێ بێ‌تەفاوەت بێ؛ بۆیە وا بێباکانە دێتە سەرشەقام و هێرشی حکوومەتی تورکیە مەحکووم دەکا و هاوسۆزی بۆ خەڵكی ڕۆژاوا دەردەبڕێ، کە بەگشتی دەبێتە هەوێنی هاوپێوەندیی نەتەوەیی و دروستکردنی فەزای سیاسیی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حکوومەتی ئێران چاوی دیتنی ئەو خرۆشانەی نییە. لەبەر ئەوە دەیهەوێ بە فشار و تۆقاندن و قۆڵبەست کردن خەڵكی ڕۆژهەڵات چاوترسێن بکا، غافڵ لەوەی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدایم لەسەر ڕووداوەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان لەسەر هەست و خاوەن هەڵوێست بوون و؛ بێباکانە و بێترس فشاری حکوومەتیان تەحەمول کردوە. خەڵکی ئێمە لەمێژە تێچووی ئەم جۆرە هەڵوێستە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەکانیان دەدەن.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕووداوی گرینگ و چارەنووسساز ڕووی داوە لە ناوچە و لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورددا، وەک ڕووداوەکانی دوای ڕێفڕاندۆم و لە دەستدانی کەرکووک و کۆمەڵێک ناوچەی زۆری دیکەی کوردستانی، وەک ئەوەی ئێستا لە ڕۆژاوا ڕوو دەدا. بەڵام وێناچێ ئەوانە کاریگەریی بنەڕەتییان کردبێتە سەر بەخۆداچوونەوەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ؟
وانییە کە بڵێی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنەوە بۆ ئەو ڕووداوانە نەکەن و لەبەرچاویان نەگرن. بێگومان ئەو بابەتانە هەمیشە بە گرینگی و هەستیارییەوە سەیر دەکرێن. بۆیە ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەو مەسەلانەمان زۆر تاوتوێ کردوە، تەنانەت لەگەڵ هێزەکانی دیکەش لەسەر ئەو ڕووداوانە قسە دەکەین و بۆخۆشمان وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان خوێندنەوەیان بۆ دەکەین و، لە هەر بارێکەوە تاوتوێیان دەکەین. زۆر بەوردی باس لە خاڵە نێگەتیڤ و پۆزیتیڤەکانیشیان دەکەین، بە مەبەستی ئەزموون لێوەرگرتن. بەڵام ئەوەی ڕاست بێ هەموو ئەو ڕووداوە تراژێدییانە کە ڕوویان داوە و لە خوێندنەوە و تاوتوێ کردنی ڕووداوەکان باس لە دەرس و ئەزموونەکانیان ئێمەیان وەک هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەهێناوەتە سەر ئەو بڕوایە، کە ئەوە دەکرێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕوو بدا و ئێمە تووشی کارەساتی چاوەڕواننەکراو بکا. بۆیە ڕاستە و دەبێ و پێویستە لەسەر پلان و ستراتێژییەکی هاوبەش و ڕوون ساغ ببینەوە و کاری بۆ بکەین.

وەک دواپرسیار، ئەو هەڕەشە و مەترسییانە کورد چۆن دەتوانێ لەسەر خۆیانی لابدا و بیکا بە دەرفەت؟ مەبەستم کورد بە گشتییە لە هەر بەشێکی کوردستان.
لە ڕاستیدا ئەو هەڕەشە و مەترسییانە دەبێ بۆ ئێمە جێگای ئەزموون و دەرس لێوەرگرتنی زیاتر بێ، لە سیاسەت کردن، لە بەستنی هاوپەیمانی و چەند و چۆنیی داواکان، وەک داوای سیاسی و نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەوەدا پێویستە لە خەبات و تێکۆشان شێلگیرترمان بکا؛ بەڵام دەبێ لە هەموو دەرفەتەکان بەباشی کەلک وەربگیرێ، لە هەموو شێوەکانی خەبات باشتر سوود وەربگرین. لەگەڵ ئەوەدا نەتەوەی کورد مافی سیاسی و ئینسانیی خۆیەتی خاوەن دەوڵەت و کیانی سیاسیی خۆی بێ. بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییەش قەبووڵ بکەین سەردەمەکە لە ئێستادا هەر ئەوە دەخوازێ کە کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان لەگەڵ گەلانی ئەو وڵاتانە و لە چوارچێوەی ئەو واحیدی جوغرافیاییە دانپێدانراوەدا کار بکا و خەبات بکا بۆ دابینکردنی دێموکراسی لەو وڵاتە و، جێگیرکردنی حقووق و مافی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵكی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی لە چوارچێوەی وڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا.

سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا
سپاس بۆ ئێوەش