ڕۆژئاوای کوردستان هێمایەک بۆ بەهای گەردوونی، ئاکتەرە تێکدەرەکان و سێناریۆی داهاتوو

د. خالید خەیاتی
سەرەتا
دوایین پێشهاتەکان (لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا)

ئاماژە بە کشانەوەی شەڕڤانانی یەپەگە لە ناوچەکانی شەڕ دەکەن. ئەم پاشەکشەیە ئاکامی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنێکە کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ لە نێوان مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تۆرکیە هاتە ئاراوە. بەپێی هەر هەمان ڕێککەوتن بڕیار دراوە کە تورکیە لە سەرەتاوە هێرشە سەربازییەکەی خۆی بۆ ماوەی ١٢٠ کاتژمێر ڕابگرێ و هەروەها شەڕڤانانی یەپەگە بە قووڵایی ٣٢ کیلۆمیتر لە سنوورەکانی تورکیە بکشێنەوە.
ئامانجی ئەم نووسینە بریتییە لە (یەکەم) بەرجەستە کردنەوەی هێندێک لایەنی ئەخلاقی و بەهاخوڵقێنەرانەی خۆراگری و گیانفیدایی کورد لە ڕۆژائاوا، (دووهەم) لێکدانەوەی حیساباتی ئەکتەرانی پێکهێنەری ئەم دۆخە قەیراناوییە و (سێهەم) ڕاوەستەکردن لەسەر ئەم سێناریۆیانەی کە گریمانەی لە ئارادا دەبێ.

ئەخلاق و بەهای گەردوونی
ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە ڕۆژانی ڕابڕدوودا خاڵی سەرەکیی ڕۆژەڤی سیاسەتی نێونەتەوەیی بووە، پێش ئەوەی شارەزایان وەکوو دیاردەیەکی سیاسی، شرۆڤە و ئانالیزی بۆ بکەن، پێویستە وەکوو سەرچاوەیەکی گەردوونی بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی و بە هەمان شێوەش دەرهاویشتە پڕئازارەکانی وەکوو نیشانەی کارەساتێک بۆ کۆی مرۆڤایەتی هەژمار بکرێ. ئاخر ئەوە لەژێر کارتێکەریی سێ کوچکەی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، پشتگیریی نیشتیمانیی کورد و هەروەها دەرکەوتنی دیاسپۆڕای کورد (ڕەهەندی کوردی) لە فەزا گشتییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بوو، کە بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی سیاسەتمەداران و خرۆشانی ڕای گشتیی جیهانی لێکەوتەوە. لەم ڕاستایەدا، ویژدانی گەردوونی بۆی دەرکەوت کە سیستمە سیاسییەکەی خۆی چەندە بێویژدانە کە لە بەرامبەر وێرانکردنی ژینگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریی نەتەوەیەکی بەهاخوڵقێن بە دەستی تورکەکان و هاودەستانیان، ئاوا دەستەوەستان ماوەتەوە و هیچ یارمەتییەکی جیدی ناگەیەنێ. بە شێوازێک دەکرێ هاواری بێهیوای ئەم ویژدانە گەردوونییە بەم دێڕە شێعرەی شاعیری کورد مامۆستا ناسری حیسامی بەراورد بکەین کە دەڵێ: «گەر دەتەوێ بزانی حاڵی کورد چۆنە، تەماشای جەستەی ئەم کوڕە بکەن». مەبەستی شاعیر لەم کوڕە منداڵێکی تەمەن ١٢_١٣ ساڵانە بەهۆی سووتانی جەستەی بە گازی فۆسفۆڕی هێزەکانی سەر بە تورکیە، هاواری دەگاتە ئاسمان، بەبێ ئەوەی ئەم هاوارە بتوانێ حەقیقەتی تاڵی ژیانی بگۆڕێ. بە هەرحاڵ، لە پێکهاتەی ئەم ویژدانە گەردوونییە، چەمکی کورد بە شێوەیەکی ئابستراکت سەری بەرز بوو و بەرەو ئاسمان ‌هەڵکشا، لە حاڵێکدا کە وشەی تورک بە حوکمی ئەم سروشتە نامرۆیی و ڕاسیستییانەی کە هەڵگریەتی و هەروەها بەهۆی سەرکێشی و پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ و بێنرخکردنی یاسای نێودەوڵەتی، سەری نەوی بوو و وەکوو ناخۆشەویستترین و مەنفوورترین دیاردە لە هزر و ئیتیکی کۆلێکتیڤی خەڵکی جیهان، جێگای گرت. شایانی باسە کە ئەم مەنفووربوونە تەنیا شەخسی ئەردۆغان و پارتی ئاک‌پ ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو ڕێکخراوە و حەوزە گشتییەکانی ژیانی کۆمەڵگەی تورکیە وەکوو ئەرتەش، ئاسایش، وەرزش، گەشتیاری، پەروەردە، کۆچ و پەنابەری و دەیان بواری کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەی دیکەی پێوەندیدار بەم نەتەوەیە دەکەونە نێو لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوو.

تورکیە وەکوو هێزی ڕەشی مێژوو
لە ئاستی لێکدانەوەی سیاسی هەتا ئەو جێگایەی پێوەندی بە تورکیەوە هەیە، ئەم وڵاتە ئەگەر نەتوانێ لە ئاکامی هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، خەونە سەد ساڵەکەی خۆی کە بریتییە لە زیندووکردنەوەی ئەوەی ئەوان پێی دەڵێن «میساقی میللی» واتە دەستداگرتن بەسەر ئەیالەتی مووسڵ کە کەرکووک و هەولێریش لەخۆ دەگرێ، وەدی بێنێ. لە هەمان حاڵدا تورکیە پێی وایە کە ئەگەر نەتوانێ لەم قۆناغەدا میساقی میللی زیندوو بکاتەوە، ئەوە دەتوانێ بە ڕێگای یاریکردن و هاوپەیمانی لەگەڵ هێندێک زلهێز و ژمارەیەک هێزی ناوچەیی ئیخوانی، دەتوانێ خەونی ژمارە دووی خۆی کە بریتییە لە لاوازکردن و بگرە لەنێو بردنی دەستەڵاتی سیاسی و ئیداریی کورد لە ڕۆژئاوا (تەنانەت لە باشووری کوردستانیش)، داگیرکاریی فیزیکیی بەشێکی بەرچاو لە خاکی کورد، دروستکردنی دەستەڵاتێکی ئیخوانیی دژە کورد لەسەر خاکی داگیرکراو، نیشتەجێ کردنی ژمارەیەکی زۆر لە عەڕەبی سوننە و لە ئاکامدا تێکدانی یەکجارەکی دێمۆگرافی کوردی، دەستەبەر بکا.

ڕووسیە وەکوو زلهێزی داهاتووی ڕۆژهەلاتی نێوەراست؟
ڕووسیە کە لە حاڵی حازردا، بە ڕێگای کەلکوەرگرتن لە هێندێک بۆشایی سیاسی و سەربازی کە لە سەرەتادا بەهۆی سیاسەتی هێزی نەرمی ئۆباما (Soft Power) و ئێستاکەش بەهۆی سیاسەتی ناسەقامگیریی (Volatile Policy) ئیدارەی ترامپ پەیدا بووە، خەیاڵی ئەوەی هەیە ببێتە یەکەم زلهێز لە ڕۆژهەلاتی نێوەراست، لەم قۆناغەدا نەتەنیا دژایەتیی هێرشی تورکیە بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوا ناکا، بەڵکوو ئەم هێرشە بە قازانجی بەرنامە درێژخایەنەکانی خۆی دەبێنێ. هەر چەند ئەم زلهێزە لە ئاستی ڕێتۆریکی سیاسیدا جاروبار چەند قسەیەکیش بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی تورکیە دەکا، بەڵام وەکوو یەک لە هاندەرانی تورکیەیە بۆ ئەم هێرشە، پێی وایە کە بەم ڕێگایە ئەم وڵاتە هێدی هێدی لە پەیمانی ناتۆ دوور دەکەوێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە ڕووسیە بەبێ هیچ مەسرەفێک ڕاستەوخۆ لە وزە و هێزی تورکیە کەلک وەردەگرێ هەتا کێشە نێوخۆییەکانی سووریەی پێ یەکلایی بکاتەوە، کوردی پێ لاواز بکا، هەتا لە ئاکامدا کوردان هیچ ڕێگایەکیان جگە لە پەنابردن بۆ ڕووسیە و دەستەڵاتی بەشار ئەسەد بۆ نەمێنێتەوە. حیساباتێکی ئەقڵانی ((Rational Choice کە بەگوێرەی ڕووسیە، نەتەنیا پرسی کورد لە پرسێکی جیهانییەوە دەکاتە پرسێکی نێوخۆیی سووریە بەڵکوو لە ئاکامدا، ئەم ڕەوتە دەتوانێ گەڕانەوەی تەواوەتی سەروەریی بنەماڵەی ئەسەدی بەسەر هەموو سووریەدا لێ بکەوێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕووسەکان پێیان وایە کە لە دەستووری داهاتووی سووریەدا، کوردەکان دەتوانن خاوەنی ژمارەیەک ماف بن، هەڵبەتە بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی ئەم مۆدێلە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەنەوە.

ئێران و سیاسەتی “دووسەر براوە”
ئێران لەم قۆناغەدا، داگیرکاریی تورک وەکوو یارییەکی «دووسەر براوە» بۆ خۆی دەبینێ. چونکە پێی وایە گوشاری تورکەکان دەتوانێ ببێتە هۆکاری ئەوەی کوردەکانی ڕۆژئاوا لە ناچاری پەنا بۆ ڕێژیمی ئەسەد بەرن، پڕۆسەیەک کە بەپێی حیساباتی ئەقڵانیی ئێران کۆتایی پڕۆژەی سیاسیی کورد و لە ئاکامدا گەڕانەوەی سەروەریی ئەسەدی لە سەرانسەری سووریە لێ دەکەوێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئێران پێی وایە کە پڕۆژەی ئیسلامی ئیخوانی کە ئەمڕۆ تورکیە سەرۆکایەتیی دەکا، جێگا بە پڕۆژەی ئیسلامی سوننەی ژمارە دوو کە بە عەڕەبستان و بگرە ئیسرائیلەوە بەستراوەتەوە، لێژ دەکا. لە هەمان کاتدا ئێران کە پڕۆژەی هیلالی شیعەکەی بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا، ڕاپەڕینەکانی عێراق و لوبنان، خەرجی زۆری سەربازی و زۆر هۆکاری دیکە کەلێنی گەورەی تێکەوتووە بە نیگەرانییەوە تەماشای پڕۆژەی نوێی ‌عوسمانیزمی ئەردۆغانی دەکا و تا ڕادەیەک لە ئەگەری سەرکەوتنی نیگەرانە. هەر بۆیەش میدیای ئێرانی و لێدوانەکانی کاربەدەستانی ئەم وڵاتە بە دوو گوتاری جیاواز و ناکۆک لەگەڵ یەکدی خۆیان وێنا دەکەن. لە لایەک پێیان وایە تورک مافی خۆیەتی کە نیگەرانی کێشەکانی ئەولای سنووری خۆی بێ، لە لایەکی دیکەشەوە جاروبار وەکوو داگیرکەری خاکی سووریە پێناسەی دەکەن.

ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا
ئەمریکا کە لە ساڵانی ڕابردوودا پشتیوانی سەرەکیی کوردەکانی ڕۆژئاوا بووە (بەتایبەت لە شەڕی دژی داعشدا) بە ڕاگەیاندنی لە ناکاوی کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریە و دواتر ڕێککەوتنی ١٦ی ئۆکتۆبری ئەو وڵاتە لەگەڵ تورکیە، زەمینەی هێرشەکانی ئێستای ئەرتەشی تورکیە و هاوپەیمانانی ئیخوانیی ئەم وڵاتەی لەبارتر کرد، هەتا ڕادەیەک کە لە ئەم وڵاتە لە لایان بەشێکی بەرچاوی ڕای گشتیی جیهانی و کوردی، لە بەرامبەر کوردان بە خەیانەتکار لە قەڵەم دەدرێ. بە بۆچوونی من ئەوی کە زیاتر لە هەموو شتێک بوو بە هاندەری ئەمریکا کە ساحەی سیاسیی سووریە بەجێ بهێڵێ تاق کەوتنی ئەم وڵاتە بوو لە نێوان کۆمەڵێک ڕەقیبی دژبەر وەکوو ڕووسیە، تورکیە، حکوومەتی سووریە و ئێران کە مەیدانی مانۆڤڕی ئەم وڵاتەی بەرتەسک دەکردەوە. دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە دەیان جار دەنگی هەڵبڕی و هاواری هاوپەیمانانی ئورووپایی خۆی کرد کە ئەگەر یارمەتیشم نادەەن، لانیکەم وەرن و داعشەکانی خۆتان بەرنەوە، هاوارێک کە بێوڵام مایەوە. ئێستا ڕەوش تا ڕادەیەک گۆڕاوە، یەکیەتیی ئورووپا کە پشتەستوورە بە ڕای گشتیی خۆی هاتۆتە سەر خەت و بەرنامەی گەمارۆدانی تورکیەی لانیکەم لە پەیوەندی لەگەڵ چەک و چۆڵدا ڕاگەیاندوە. لە ڕوانگەی منەوە ئەم هاتنە سەر خەتەی وڵاتانی ئورووپایی کاریگەریی خۆی هەیە و لەوانەیە بتوانێ ئەمریکا مولزەم بکات کە پێداچوونەیەک بە ئاجێندای خۆی لە سووریەدا بکاتەوە.

گریمانەی ئاجێندای نوێ و قسەی کۆتایی
هەر ئێستاکە سێناتۆری ئەمریکایی لێندزی گڕاهام کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سیستماتیک پشتیوانی لە کوردان کردوە، خەریکی ڕازیکردنی سەرکۆماری ئەمریکایە بۆ ئەوەی کە وڵاتەکەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا، بتوانێ بە پلانێکی تازەوە بگەڕێتەوە نێو ساحەی سیاسیی سووریە. ئامانجی ئەم پلانە (لە ئەگەری سەرکەوتنی خۆیدا لە بەرامبەر ڕووسیە، تورکیە، ئێران و سووریە)، ئەوەیە کە لە سەرەتادا ناوچەیەکی ئەمن بە درێژایی سنوور بۆ تورکەکان دروست بکا، لە هەمان کاتدا لە ڕێگای دروستکردنی زۆنێکی دژەفڕینەوە کوردەکان لە ئەگەری هێرشەکانی داهاتوو بپارێزێ. هەروەها گریمانەی ئەوە هەیە کە لە ئاجێندای باسکراودا بڕیارە کە کوردەکان لە داهاتووشدا کۆنتڕۆڵی کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژئاوایان لەدەستدا بمێنێ. بە بۆچوونی من، لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم ئاجێندایەدا، کوردی ڕۆژئاوا و بگرە کوردی باشووریش دەکەونە هەل و مەرجێکی ژێئۆپۆلیتیکیی تازەوە، هەل و مەرجێک کە ڕاستەوخۆ داخوازی پێداچوونەوەی جیدی بە ڕێباز و ئیدیۆلۆژیی سیاسی لە هەر دوو لا دەکا. لێرەدا، نیزیک بوونەوەی ڕۆژئاوا و باشوور، نە تەنیا داهاتووی کورد گەشتر دەکا، بەڵکوو متمانەی هاوپەیمانانی ئەو نەتەوەیە، بەتایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەو نەتەوەیە لە شکڵی کاتی و تەک جەمسەریی خۆی دەهێنێتە دەرێ و دەیکاتە هاوپەیمانێکی ستراتێژیک و درێژخایەن، هاوپەیمانییەک کە نەیارانی نەریتیی وەکوو ئێران و تورکیە نەوێرن وەک جاران بە مەبەستی تێکدەرانە لێی نیزیک ببنەوە.
لەبیرمان نەچێ کە سێ کوچکەی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، پشتگیریی نیشتیمان لە باشوور و ڕۆژهەڵات و هەروەها دەرکەوتنی دیاسپۆڕای کورد (ڕەوەندی کوردی) لە فەزا گشتییەکاندا، نە تەنیا ئاماژەیەکی گرینگە بەوەی کە کورد مەشرووعییەتێکی گەردوونیی هەیە، بەڵکوو ئەوە حەقیقەتێکە کە دەتوانێ بە شێوازی بەردەوام کۆمەڵگەی جیهانی لە پێناو سەرنجدان و یارمەتی گەیاندن بەم حەقیقەتە لەسەر خەت بهێڵێتەوە. لە کۆتاییدا، بەو پەڕی باوەڕەوە دەبێ ئەوە بڵێم کە ئەزموونی ڕۆژئاوا دەرسێکی گەورەیە کە پێمان دەڵێ بۆ ئەوەی کورد بەردەوام تووشی کارەساتی هاوشێوە نەبێ، کورد دەبێ بە هەر قیمەتێک نە تەنیا لەسەر خاکی خۆی بمێنێتەوە، بەڵکوو بۆ مسۆگەرکردنی ئەو مانەوەیەش، تەنیا ڕێگا ئەوەیە کە کورد و خاکەکەی ببنە بەشێک لە سیستمی حقووقی نێودەوڵەتی. ئێوە دەتوانن وەکوو گەیشتن بە سەروەریی سیاسی و دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لێکی بدەنەوە.