هەڵبژادنی پارڵمانی کانادا و دەرئەنجامەکانی

٤٣مین هەڵبژاردنی پارڵمانی فیدراڵی کانادا رۆژی دوو شەممەی رابردوو بەرێوە چوو. لە ململانەیەکی پرکێشە و دژواردا جەستن توردۆ بۆ جاری دووهەم وەکسەرۆک وەزیرانی کانادا هەڵبژێرداریەوە بەڵام نەیتوانی زۆرینەی کورسیەکانی پارڵمان بەدەست بێينيت و ناچارە حکومەتی کەمینە پێکبێنێت.

وەک لە خشتەی خوارە(١) دەبیندرێت حیزبی لیبراڵ بە رێبەری جەستن توردۆ ١٥٧ کورسی پارڵمان ، حیزبی کەنسرڤەتیڤ یا کۆنەپارێز بە رێبەری ئەندرو شێر ١٢١ کورسی ، بڵاک کەبێکوا ٣٢ کورسی، دێموکراتی نوێ ٢٤ کورسی، سەوز ٣ کورسی و یەک کەسیش وەک تاک و سەربەخۆ کورسی پارڵمانی بەدەست هێنا.

حیزبەکان هەڵبژاردنی ٢٠١٩ هەڵبژاردنی ٢٠١٥ کەم و زیادکردن
لێبراڵ ١٥٧ ١٨٦ ٢٩-
کەنسرڤەتیڤ ١٢١ ٩٨ ٢٣+
بڵاک کەبێکوا ٣٢ ١٠ ٢٢+
دێموکراتی نوێ ٢٤ ٤٢ ١٨-
سەوز ٣ ٢ ١+
خەڵک ٠ ١ ٠
سەربەخۆ ١ ١+

بە پێی یاسا، پارڵمانی کانادا لە ٣٣٨ کورسی پێک دێت وهەر ‌حیزبێک بۆ پێکهێنانی حکومت پێویستی بە ١٧٠ کورسی پارڵمان هەیە و کەمتر لەو رێژەیە حکومەتی کەمینە بە هاوپەیمانی یا هاوکاری یەک یا چەند حیزب پێکدێت. جەستن توردۆ دەتوانێت یا دەوڵەت بە هاوپەیمانی دەگەڵ حیزبەکانی دیکە پێکبێنێت یا دەوڵەت و کابینەی لیبراڵ دروست بکات و بۆ پەسەند کردنی هەر یاسایەک لە پارڵمان، حیزبەکانی دیکە رازی بکات کە ئەوە کاری سەرۆک وەزیرانی کانادا زۆر زەحمەتر لە پێشوو دەکات.

حیزبی کەنسرڤەتیڤ لەو هەڵبژاردنەدا رێژەی ئەندامانی لە پارڵمان زیاد کرد بەڵام هەر وەک حیزبی ئۆپۆزیسیۆن مایەوە. براوەی سەرەکی ئەو هەڵبژاردنە یەس فرەنسس بلەنچت رێبەری حیزبی سەربەخۆیی خوازی بڵاک کۆبێکوا بوو کە بە سێ بەرابەر کردنی ئەندامانی بە بزوتنەوەی سەربەخۆیی خوازی لە هەریمی کەبێک روحێکی نوێی بەخشی و دەتوانێت لە ٤٣ هەمین پارلمانی کانادا دەنگێکی بەهێز بێت. حیزبی دێموکراتی نوێ بە رێبەری جەگمیت سنگ بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی پارڵمانی لە بەروارد دەگەڵ هەڵبژاردنی ٢٠١٥ بە تایبەت لە هەریمی کەبێک لە دەست دان، بەڵام هەروەک حیزبی ئۆپۆزیسۆن مایە و دەتوانێت رۆڵی سەرکی و یەکلا کەرەوەی لە دەوڵەتی کەمینەی لیبراڵ و پەسەند کردنی یاساکان هەبێت. حیزبی سەوز بە رێبەری ئێلیزابێت مەی بە ٣ ئەندام بەشداری پارڵمان دەبێت و جوودی ویلسن وەزیری پێشووی دادی و ئەندامی پێشووی حیزبی لیبراڵ وەک ئەندامی سەربەخۆ دەچێتە پارڵمان.

جەستن توردۆ لە ماوەی چوار ساڵ دەسەڵاتداری دەگەڵ کۆمەڵيک کێشە و گرفتی گەورە و بەجێ نەگەیاندنی بەشێک لە بەڵێنەکان وهەڵە و تەنانەت شەرمەزاری رووبەرو بۆوە و بەوحاڵەش توانی بەشێکیان تارادەیەک چارەسەر بکات. ئەوەی حیزبی لیبراڵ و جەستن توردۆی خستە مەترسی گەورە، کیشە و دووبەرەکی نێوماڵی حیزبەکەی و کابینەکەی بوو کە لە سەرتای ساڵی ٢٠١٩ دەستی پيکرد. کيشەی سەرۆک وه‌زیر و وەزیری پێشووی دادی کانادا و لابردن لەسەرکاری وەزیر و دواتر دەستلە کار کێشانەوەی جوودی ویلسن و هەروەها ژنە پارڵمانتارێکی ناسراوی دیکە لە حیزبی لیبراڵ زەبرێکی کاریگەر و ویرانکەر بوو لە پەیکەری حیزبی لیبراڵ. حیزبی لیبراڵی کانادا ئەوە یەکەم جار نیە کێشەی نێوخۆیی حیزبی باڵ دەکێشێتە سەر ئەو حیزبە. ساڵی ٢٠٠٣ دوای ١٠ ساڵ دەسەڵاتداری حیزبی لیبراڵ و خۆشەویستی جەماوەری ژان کرتییەن سەرۆک وه‌زیری ئەوکاتی کانادا، پاوانخوازی و کێشەی وەزیری دارایی ئەو حیزبە دەگەڵ سەرۆک وەزیر بوو بە هۆی دەست لە کار کێشانەوەی ژان کرتییەن لە رێبەری حیزبی لیبراڵ و سەرۆک وەزیری کانادا. پۆڵ مارتینی تینووی دەسەڵات، بوو بە ریبەری حیزب و سەرۆک وەزیرانی کانادا. حیزبی لیبرال بە رێبەری پۆڵ مارتین لە یەکەم هەڵبژادنی پارڵمانی لە ساڵی٢٠٠٦، زۆرینەی ئەندامانی لە پارڵمان لەدەست دا و دواتر شکەست و دارمانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و تا ساڵی ٢٠١٥ دەسەڵات و حوکمرانی کانادای بۆ ماوی ٩ ساڵ بە حیزبی کانسرڤەتیڤ و ستیڤن هارپر سپارد.

پلان و پلاتفۆرمی هەڵبژاردنی دوو حیزبی سەرکی کانادا

پلاتفۆرمی هەردووک حیزبی لیبراڵی کانادا و کەنسرڤەتیڤ زیاتر لە ٢٠ بابەت و بەشی جیاواز لە خۆ دەگەرێت و لێرەدا تەنیا کورتەیەک لە بەشی پەنابەران و سیاسەتی دەروە و مێژووی پەیوەندی ئەو دوو حیزبە دەگەڵ کورد و رژیمی ئێران باس دەکرێت.

پەنابەران:

حیزبی لیبراڵ لە هەموو حیزبەکانی دیکەی کانادا سەبارەت بە هێنانی پەنابەر بۆ کانادا باشترە و باوەشی کراوەترە. لە ساڵی ٢٠١٨، ٣٢١ هەزار و ٤٥ کەس هاتۆتە کانادا کە ئەوە خۆی لە دوای شەری یەکەمی جیهانی زۆرترین رێژەی وەرگرتنی پەنابەرە لە کانادا. ئەو حیزبە دەیهەوێت تا ساڵی٢٠٢١ ئەو رێژەیە لە ساڵدا بگەینێتە ٣٥٠ هەزار کەس.

حیزبی کەنسرڤەتیڤ باسی رادە و رێژەی هێنانی پەنابەران ناکات و خوازیاری زیاد کردنی رێژەی پەنابەرانی کارناس و شارەزای بواری ئابوورین کە زیاتر وزە و قازانج دەگەینە بەشی کار و ئابووری کانادا. ئەو حیزبە رێگەی هێنانی پەنابەر بە کەرتی تایبەت زیاتر دەکات و بە توندی لە هاتنی پەنابەران لە رێگەی سنورەکان بە قاچاغ رێگری دەکات.

سیاسەتی دەرەوە:

لە پلاتفۆرمی هەردووک حیزبی لیبراڵ و کەنسرڤەتیڤ و تەنانەت حیزبەکانی دیکە، بە سیاسەتی دەرەوە کەمترین گرینگی و بایخ درا و هەروەها لە هیچکام لە دیبەیت و گفتگۆی بەرابەری رێبەران، باسی پلانی سیاسەتی دەرەوەی حیزبەکان نەکرا. ئەوەی کە جێگەی ئاماژەیە تەنیا حیزبی کەنسرڤەتیڤ لە پلاتفۆرمی حیزبەکەی باسی ئەوە دەکات کە ئەوان سپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پێناسە دەکەن. بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لە پارڵمانی پێشووی کانادا باس کراوە و لە لایان ئەندامانی هەردووک حیزبی لیبراڵ و کەنسرڤەتیڤ پەسەند کراوە.

پەیوەندی کانادا و رژیمی ئێران و پێگەی پرسی کورد لە کانادا

هەر لە سەرتای دامەزراندنی رژیمی مەلایان لە ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی نێوان کانادا وئێران کز و لاواز بووە. هەردوای هاتنە سەرکاری مەلاکان کانادا ٨٥٠ کارگەری خۆی لە ئێران هێنانە دەرەوە. ساڵی ١٩٨٠ دوای هێرش و بە بارمتەگرتنی باڵوێز و کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران، کانادا ٦ کارمەندی سەفارەتی ئەمریکای بە پاسپۆرتی کانادایی لە ئێران ناردنە دەرەوە و بۆ ماوەی ٨ ساڵ باڵوێزخانەی خۆی لە تاران داخست. یەکەم باڵوێزی کانادا ساڵی ١٩٩٦ هاتەوە ئێران و پەیوەندیەکان هەروا سارد و سڕ مانەوە. ساڵی ٢٠٠٣ رژیمی ئێران زارا کازمی رۆژنامەنوس و وێنەکێشی ئێرانی- کانادایی لە تاران دەسبەسەر کرد و دواتر لە ژێر ئەشکنجەدا کوشتی. بڵاو بوونەوەی هەواڵی کوشتنی زارا کازمی دەنگدانەوەی نێونەیەوەیی هەبوو و کانادا باڵويزی خۆی لە ئێران بانگ کردەوە. لەو کاتەوە کانادا هەموو ساڵێک گەلالەی پيشێلکاری ماڤی مرۆڤ لە ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە دەکات و پێشەنگی کۆمەڵگای نێونەتەوەیە بۆ مەحکومکردنی پێشێلکاری بەردەوامی مافی مرۆڤ لە ئێران. رۆژی ٦ی سێپتامبری ٢٠١٢ ، جان بێرد وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی دەوڵەتی کەنسرڤەتیڤ رایەگەیاند کە هەموو پەیوەندیە دیپڵۆماتیەکانی دەگەڵ ئێران رادەگرێ و باڵويزخانەی ئێران لە کانادا دادەخات و باڵوێز و کارمەندانی ئێرانی لە ئۆتاوا دەردەکات. لە چەندین قۆناغ دا کانادا گەمارۆیی ئابووری و کەل و پەلی سەربازی توندی خستۆتە سەر رژیمی ئێران و ئێستاش بەشیکیان هەرماون. لە ٧ ساڵی رابردوو، کانادا و ئێران پەیوەندیەکانیان هەروا کزە و دەرگای باڵوێزخانەکانیان داخراوە.

کانادا و کورد

دوابەداوی هێرشی تیرۆریستانی داعەش بۆ موسڵ و دواتر بۆ کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، دەوڵەتی کەنسرڤەتیڤ سەرباز و چەکی رەوانەی کوردستان کرد و سەربازانی کانادایی تا ساڵی ٢٠١٧ لە کوردستان خەریکی راهێنانی پێشمەرگەی کوردستان بوون. لە بەهاری ٢٠١٥ نوێنەرانی دەوڵەتی کانادا و دوو مانگ دواتر ستیڤن هارپر سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی کانادا سەردانی کوردستانیان کرد. دوای هاتنە سەرکاری دەوڵەتی لیبراڵ، هەرجیت ساجان وەزیری بەرگری کاناداش سەردانی کوردستانی کرد. پەیوەندی ئابووری کانادا دەگەڵ کوردستان درێژخایەنە و تاکوو ئێستا ٦ کۆمپانیای گەوەری کانادا لە باشوری کوردستان لە کەرتی نەوت کار دەکەن.

کانادا کونسولخانەی لە هولێر کردۆتەوە و بەداخەوە حکومەتی هەریم نوێنەرایەتی لە کانادا نیە. پەیوەندی کوردەکانی نیشتەجێی کانادا دەگەڵ دەسەڵاتداران و سیاسەتمەدارنی کانادا زۆر نوێیە و لە ئاستی پەیوەندی دۆستانە و تاکەکەسی دایە و بەو حاڵەش ئەو پەیوەندیانە لە ئاستێکی بەرزی دان و تەنانەت لە پارڵمانی پێشوو، گروپی پارڵمانتارانی دۆستی کورد پێکهاتبوو.

لە نوێترین هێرشی لەشکەری داگیرکەری تورک بۆ رۆژئاوای کوردستان، دەوڵەتی لیبراڵ وسەرجەم رێبەرانی حیزبە سیاسیەکانی کانادا ئەو هێرشە درەندەی ئەندامی ناتۆیان ئێدانە و مەحکوم کرد.

محەمەد خادمیانی

کانادا

٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩