مەزڵووم کۆبانێ: ئێمە لە سێمالکا دەمێنینەوە و تەسلیمی هیچ لایەنێکی ناکەین

دەقی گوتارەکەی مەزڵووم کۆبانێ
سەرەتا بەخێرهاتنی گشت لایەکتان دەکەم.
ئەمڕۆ هەواڵێکی ناخۆشمان پێگەیشت، کە مامۆستا حەمید حاجی دەروێش وڵاتپارێزی گەورەی کورد و سکرتێری پارتی پێشڤەڕۆ کۆچی دوایی کرد، بەوبۆنەوەیە سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی و پارتەکەی و تەواوی گەلی کورد دەکەین، لەو باوەڕەین هەڤاڵەکانی لەسەر رێبازەکەی ئەو بەردەوام دەبن.

دوێنێ ئێوارە پێش کۆچی دوایی پەیامێکی مامۆستا حەمید حاجی دەروێشم پێگەیشت، کە تیایدا ئامۆژگاری و بۆچوونەکانی خۆی خستبوونەڕوو. پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانتان (رۆژنامەڤانان) بدەمەوە، دەمەوێت بڵێم چەندی لەدەستمان بێت سەرەنج و بۆچوونەکانی مامۆستا حەمید حاجی دەروێش جێبەجێ دەکەین. بەبۆنەی کۆچی دواییەوە سەرەخۆشی لەتەواوی گەلی کورد دەکەین.

رێککەوتنێک لەنیوان تورکیا- ئەمریکا

وەک دەزانن هێزە ئەمریکییەکان لە خاڵەکانی سەر سنوور کشانەوە و ئاسمان بەڕووی تورکیادا کرایەوە، لە 9ی ئۆکتۆبەری 2019 ەوە هێرشێکی بەرفراوان دەستیپێکرد و هێرشەکان هێشتا نەوەستاوە. راستە ئاگربەست هەیە و ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام دیسان هێرشەکان بەردەوامن. لەو شوێنەش کە ئێمە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی تێیدا ئەنجام دەدەین هێرشەکان هێشتا بەردەوامن.

ئەوەی روویدا هێرشێکی گەورەبوو، دەوڵەتی تورکیا بەتەواوی تواناوە ئەو هێرشەی دەستپێکرد، لەگەڵ هێرشەکەی تورکیا بەدەیان هەزار کەسانی جیهادی هەبوون یان ئەوانەی هەندێکیان تاک تاکە دەیانناسین فەرمانداری گرووپەکانن، ئەوانە کەسانی جیهادین و ئەوانەن پێشتر جەبهەتولنوسرە بوون و پاشان بوونە داعش، ئەوان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکاندا بەشداربوون.

هێرشێكی گەورەیان ئەنجامدا و لە وەڵامدا بەرخۆدانێکی گەورەش کرا، هێزەکانمان و گەلەکەمان بەرخۆدان و قارەمانییەتێکی گەورەیان لەبەرامبەر ئەو هێرشانە ئەنجامدا، لە هەموو ناوچەیەک شەڕی گەورە کرا لەگەڵ سوپای تورکیا، کە دووەم هێزی ئەندامی ناتۆیە و جیاوازیەکی زۆر هەیە لە رووی کەرستەی سەربازی و توانای سەربازییەوە. دەتوانین بڵێین لە هەموو بەرەکانی شەڕ بەرخۆدانی گەورە ئەنجامدراون و دەوڵەتی تورکیا ناچار بوو ئاگربەست قبووڵ بکات.

ئێستا ئێمە ئاگربەستمان قبووڵکردووە نەک رێککەوتنەکە، کە لەنێو رای گشتی بەشێوەیەکی جیاواز پێناسە دەکرێت. ئێمە هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکیادا قبووڵ نەکردووە، رێککەوتنی ئەمریکا- تورکیا ئەویشمان قبووڵ نەکردووە. ئەو شتەی قبووڵمان کردووە ئاگربەست بووە. لەهەندێک ناوچەی سەرێكانی و گرێسپی هێزەکانمان بکشێنینەوە و تورکیاش ئەوەی قبووڵکردووە ئاگربەستێکی مەودا درێژ قبووڵ بکات. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە هێزەکانمان لە هەندێک شوێن کشاندەوە. پێویستە دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەردا ئاگربەستێکی ماوەدرێژ دەستپێبکات. تاوەکو ئێستاش ئەو ئاگربەستە رووینەداوە، راستە هێرشەکان وەکو رۆژانی پێشوو چڕ نین، بەڵام هێشتا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت سنووری خۆی فراوان بکات و بۆ ئەو مەبەستەش هێرشەکانیشیان بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەی هەفتەیەک بەسەر ئاگربەستدا تێپەڕ بووە، بەڵام هێشتا هێرشەکان بەردەوامن. لەوەش ئەمریکا و سەرۆک ترمپ لەوبارەوە بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ، کە ئەو ئاگربەستەیان دەستپێکرد، ئەوانە بەرپرسن لەوەی ئاگربەستەکە ماوە درێژ و بەردەوام ببێت.

ئەمەریکا بڕیارینەدا بەشێوەی سەربازی لەبەرامبەر دەوڵەتی تورکیا بووەستێتەوە. هەوڵیاندا لەڕووی فشاری ئابوورییەوە رووبەڕووی هێرشەکە ببێتەوە، ئەوەش بووە هۆکاری بەردەوامبوونی هێرشەکان و هۆڤایەتی (وەحشیگەری) رووبدات و بەهۆی هێرشەکانەوە نزیکەی 400 هەزار کەس ئاوارە و کۆچبەربوون. ئێمە و ئەمریکا و هاوپەیمانان، نزیکەی پێنج ساڵە پێکەوە شەڕی داعش دەکەین، ئەوەی روویدا (لەکشانەوەیان) کەموکورتییەکی گەورەبوو، بڕیارێکی هەڵەش بوو. ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی ئاڵۆزی زۆر رووبدات و خەڵکەکەمان کۆچبەر بێت و کۆمەڵکوژی رووبدات و رێگا لەبەردەم قڕکردنی نەتەوەی کورد بکرێتەوە. ئەوەش کاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش کرد و بووە هۆکاری زۆر ئاڵۆزی. هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەوەش لەسەر ئەمریکایە.

ئەمریکا لەلایەن خۆیەوە بۆ رای گشتی جیهان ئەوەی نیشاندا دەیەوێت لە رێگای ئابووری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانەوە هێرشەکانی تورکیا بووەستێنێت. لە کۆتاییدا ئەو هەوڵانەی ئەمریکا ئەنجامگیربوون، بووە هۆکاری ئەوەی تورکیا لەژێر گوشاری بەرخۆدانی گەل و هێزەکانمان و دووەم گوشاری سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر تورکیا بوونە هۆکاری ئەوەی دەوڵەتی تورکیا ئەو ئۆپەراسیۆنە بەشێوازێکی فەرمی بووەستێنێت. لەوبارەوەش لەگەڵ سەرۆک ترەمپ سوپاسی هەوڵدانەکانی ئەوانمان کرد، بەهۆی ئەوەی هەوڵەکانی ئەوان لە کۆتایی ئەنجامی بەدەستهێنا بۆ ئەوەی هێرشەکان بەشێوەی فەرمی بووەستن. ترەمپ دیسان باسیشی لەوەکرد هاوکارییەکانی بۆ گەلەکەی ئێمە بەردەوام دەبێت. لەو چوارچێوەیە ئێمە جارێكی دیکە ئەوە دووبارە دەکەینەوە چەندە درەنگ بێت و لەکاتی خۆیدا نەبێت، ئەو فشارانەی کراون و بەرخۆدانی گەلەکەمان و فشارەکانی سەر تورکیا ئەو ئاگربەستەی لێ کەوتەوە، بەڵام ئێمە ئێستا دەمانەوێت ئەوانەی بوونەتە گەرەنتیکردنی ئەو ئاگربەستە خۆیان بە ئەرکەکانیان هەڵسن. چونکە ئێستا دەوڵەتی تورکیا ئاگربەستەکە پێشێڵ دەکات و لە هێرشەکانی بەردەوامە. بۆیە پێویستە لایەنە بەرپرسیارەکانی دەوڵەتی تورکیا لەوشوێنەی لێیەتی بووەستێنن و رێگە بە پێشڕەویکردنی دیکەی نەدەن.

لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندیەکانمان بەردەوامە و کارە هاوبەشەکانیشمان لەدژی داعش بەردەوامیان هەیە. بەشێوەیەکی فەرمی نە ئێمە کارەکانمان وەستاندووە و نە ئەمریکا، کۆبوونەوەکانیشمان بەردەوامییان هەیە. بوونی ئەمریکییەکان لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی سووریادا بەردەوام دەبێت. لەو چوارچێوەیە کارەکانمان بەردەوامییان دەبێت و پێشیان دەڵێینەوە ئەو کەموکورتییانەی لەلای ئەوانەوە روویداوە دووبارە نەبێتەوە و ئەو ئەرکەی پێیهەڵنەستاون جارێکی دیکە بە ئەرکەکانیان هەڵسن. وەکو رەخنەکردنێک پێیان دەڵێین ئەو کەموکورتییانەی روویداوە تێیپەڕێنن و رێگە بە روودانەوەی مەدەن. ئێمەش لەلای خۆمانەوە بۆ مرۆڤایەتی شەڕی دژی داعشمان دەستپێکردبوو. ئەو شەڕەی دژی داعش وەکو پێشوو درێژە پێ دەدەین.

رێککەوتنی تورکیا- رووسیا

وەکو دەزانن لەم دواییە رێککەوتنێک لەنێوان تورکیا- رووسیا دا کرا، پێش سێ کاژێر لەو رێککەوتنە بەشێوەیەکی فەرمی وەڵامی رووسیامان دایەوە. دوێنێ ئێوارەش(23-10-2019) کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی رووسیا و وەزیری بەرگری رووسیا هەبوو، لەوێش بۆچوونی خۆمان خستەڕوو لەبارەی ئەو شتانەی قبووڵیان دەکەین و ئەوانەشی، کە قبووڵیان ناکەین. وەکو گوتم: سێ کاژێر پێش رێککەوتنی رووسیا- تورکیا بۆچوونی خۆمان بەشێوازێکی فەرمی بە رووسیا راگەیاند.

سوپاسی هەوڵی سەرۆک پووتین و رووسیا بۆ وەستاندنی شەڕەکە دەکەین، ئەوانە هەنگاوی باش و ئەرێنین و پشتگیریان لێ دەکەین. دیسان بۆ ئەوەی خاکی سووریا بپارێزرێت و پارچە نەبێت و داگیر نەکرێت ئەوانەش جێگای دڵخۆشی و سوپاسە. وەکو پێشتریش گوتمان سوپاسی سەرۆک پووتین و دەوڵەتی رووسیا دەکەین، بەڵام ئەو هەموو خاڵانەی رێککەوتنەکەی رووسیا- تورکیا، کە لەسەری رێککەوتوون ئەوانە زۆربەیان لەبەرژەوەندی گەلەکەماندا نییە. پێشتر لەوبارەوە بۆچوونی ئێمە وەرنەگیرابوو، ئێمە بەشێکی ریککەوتنەکە نەبووین هەربۆیە لەسەر هەندێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی لەسەر کراوە تێبینی خۆمان بۆیان خستووەتەڕوو. گوتمان ئەو خاڵانە پێویستە گفتوگۆی لەبارەوە بکەین. بەگشتی هەنگاوەکانی رووسیا ئەرێنی دەبینین، بەڵام دەربارەی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەی رووسیا- تورکیا ئێمەش بۆچوونی خۆمان هەیە. لە رۆژانی داهاتوو دیدارەکانمان لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی رووسیا بەردەوامییان دەبێت. بۆچوونەکانی خۆشمان دەخەینەڕوو، لەبارەی ئەو شتانەی پێویستە گۆڕانکارییان بەسەردابێت و ئەو هەنگاوە پراکتیکییانەی قبووڵی دەکەین و ئەوەشی قبووڵی ناکەین.

هەندێك بابەت هەن لەپراکتیکدا بەیەکەوە کاردەکەین وەک ئەو دەورە هاوبەشەی لە کۆبانێ دیتان، لە منبج کاری هاوبەشمان هەیە و و ئەمڕۆ(24-10-2019)ش لە رۆژئاوای قامشلۆ دەورەیەکی هاوبەش هەبوو. لە هەندێك هەنگاوی پراکتیکیدا کارەکان بەیەکەوە ئەنجام دەدەین، بەڵام هەندێک بابەت چارەنووسی گەڵەکەمان دیاری دەکات، چارەنووسی هێزەکانمان دیاری دەکات و دواڕۆژی ئێمە و دواڕۆژی سیاسیمان دیاری دەکەن، ئەوانە پێویستی بە کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانە. ئەوانە لە رۆژانی داهاتوودا کاریان لەسەر دەکرێت.

تورکیا پابەندی ئاگربەست نییە

ئێستا وەکو ئەوەی دەزانن ئاگربەستێکی فەرمی راگەیێندراوە، بەڵام تورکیا پابەندی ئەو ئاگربەستە نییە. ئێمەش هیچ جارێک باوەڕیمان بە دەوڵەتی تورکیا نییە و باوەڕیشمان بە سۆز و پەیمانەکانیشیان نییە. چونکە ئەوانە دەرفەتیان بۆ رێککەوێ هێرشەکانیان بەردەوام دەکەن. بۆیە داوا لە گەلەکەمان و هێزەکانمان و هەموو کەس و لایەنێک دەکەین لەبارەی ئەو شەڕەوە هەوڵەکانیان بەردەوامی پێ بدەن و کارەکان و ئامادەکارییەکانیان تەواو بکەن، هیچ جارێك باوەڕیان بە دەوڵەتی تورکیا نەبێت و تاوەکو ئەو دۆخە زەحمەتەی گەلەکەمان پێی تێدەپەڕێت تاوەکو ئەو دۆخە کۆتایی نەیەت. کارێکی گەورە بکەن هەرکەس لەراست خۆیەوە لەسەر کاری کردنی خۆی لەوبارەوە بەردەوام بێت.

سەرەتا هێزەکانمان لە بەرەکانی شەڕ هۆشیاربن، ئامادەکاری خۆیان بکەن و لەدژی ئەو داگیرکاریە بوەستن، لە گۆڕەپانەکاندا لەدژی ئەو داگیرکاریە بوەستن و دۆستەکانمان کە پشتیوانیمان دەکەن و تەنانەت هەڤالانی راگەیاندن، کە لەبەرامبەر ئەو داگیرکاریە لەپاڵ ئێمە بوون و هەمووکەسێک داواتان لێ دەکەین هۆشیاربن و کارەکانتان بەوپەڕی هۆشیاریەوە بەردەوامی پێبدەن و وریابن تاوەکو سەرکەوتنەکە دەبێتە هی ئێمە.

مەترسیەکان نەڕەوینەتەوە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە؛ ئەو دۆستانەمان لەتەواوی دونیا، کە پشتیوانمان بوون و ئێمەیان بەتەنیا جێنەهێشت و دەنگی خۆیان بەرزکردنەوە و لەدژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا وەستانەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا بکشێتەوە، سوپاسیان دەکەین. لە تەواوی جیهان، بەتایبەت ئەوانەی لەئەمریکا، ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا و سیناتۆرانی ئەمریکا هاوڕێیە ئەمریکییەکانمان کە هاوڕێیەتیەکی کۆنمان هەیە و هەموو ئەوکەسانەی پشتیوانی گەلەکەمانیان کردووە سوپاسی هەر هەموویان دەکەین. گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، لە باشووری کوردستان، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە باکووری کوردستان پشتیوانییەکی گەورەی ئێمەیان کرد، و هەموو ئەو هێزە سیاسیانەشی پشتیوان بوو سوپاسیان دەکەین. دەمەوێت ئەوەش بڵێم؛ دیسان مەترسیەکان نەڕەوینەتەوە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامەو دواڕۆژی گەلەکەمان هێشتا لە مەترسی دایەو هێشتا ئەنجامێکمان بەدەست نەوکەوتووە. بۆیە پێویستە هەوڵە هاوبەشەکانمان بەردەوام بێت تاوەکو دەگەینە ئەنجامێک.

پەیام بۆ گەلەکەم؛ وریابن و ئێستا دەرفەتەکانی سەرکەوتنمان لە جاران زۆرترن

لە کۆتایی دا دەمەوێت پەیامێک بۆ گەلەکەمان بدەم. گەلەکەمان بە هەموو هێزی خۆیەوە پشتیوانی ئێمەیان کرد، چ گەلی کورد بێت یان عەرەب یان پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، بەرخۆدانی ئەوان جێگای رێزە و سوپاسیان دەکەین، ئێمە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێن و ئەو هێرشانەی روویداوە چاوەڕوانکراو بوون. بۆیە داواکارین لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن و پشتیوانمان بن بەیەکەوە ئەو قۆناخە تێدەپەڕێنین. بەتایبەت هێزە سیاسییەکانی کورد ئەرکێکی مێژووییان دەکەوێتە ئەستۆ، داوا لەتەواوی هێزە سیاسییە کوردییەکان و بەتایبەت هێزە سیاسییە کوردییەکانی رۆژئاوا دەکەین ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە و ئێستا کاتی ناکۆکی نییە. لەدەوری هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆببنەوە و پشتیوانی بکەن، ئێمە بەیەکەوە ئەو قۆناخە هەستیارو مێژووییە لە مێژووی رۆژئاوای کوردستاندا تێپەڕێنین و بگەینە سەرکەوتن. ئێستا دەرفەتەکانی سەرکەوتنمان لە جاران زۆرترن. پشتگیرییەکان بۆ ئێمە لەجاران زیاترن و گەلەکەشمان لەسەرپێیە و ئەو توانای سەرکەوتنیشمان لە جاران زیاترە. بۆیە پێویستە بەیەکەوە کاربکەین و ئەو بەرخۆدانە درێژە پێ بدەین و سەرکەوین.